“بێ دەنگی یان کاردانەوە”
کۆماری ئیسلامی ئێران-ئیسرائیل؛ دوو دەوڵەتی ناکۆک و هاو دژ:-
ئێران و ئیسرائیل وەک دوو دەوڵەتی نەیار و دژ بەیەک لەسەر ئاستی ناوچەکە بەدی دەکرێن، بە تایبەت لە دوای ڕووخانی شا لە ساڵی ١٩٧٩ و هاتنی هێزە ئاینییە-مەزهەبییە توندئاژۆکان بۆ سەر دەسەڵات. ئەم هێزەش ناوی دەوڵەتیان و ئایدۆلۆژیا و دونیا بینیان بە بەراورد لەگەڵ سەردەمی شا بە تەواوی گۆڕی. لە ساڵی ١٩٧٩ کاتێک کۆماری ئیسلامی ئێران دامەزرا، یەکێک لە بنەماکانی ئەم دەوڵەتە ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو هێز و دەوڵەتانەن کە هاوپەیمان و نزیکی ڕۆژائاوا، بە تایبەتی ئەمریکان. لەم چوارچێوەیەشدا ئیسرائیل یەکەمین دەوڵەت بوو کە بکەوێتە ئەو میحوەرەی کۆماری ئیسلامی ئێران کە زۆر دژ و ناکۆک بوو، لەبەر ئەوەی تاران پێی وابووە هاوپەیمانەکانی ڕۆژئاوا لە ناوچەکە گەورەترین مەترسین لەسەر بەرژەوەندی و وجودی کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆیە سەرکردەکانی ئێران بە تایبەت تووندڕەوەکان هەڕەشەی وجودیان لە ئیسرائیل کردووە لە ڕێگە لێدوان و گوتارەکانیاندا.
لەم ڕووەوە بەرچاوترین نموونە، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران “مەحمود ئەحمەدی نەژاد”ە، کە لە چەندین بۆنە و شوێن و کاتی جیاواز هەڕەشەی سڕینەوەی ئیسرائیلی دەکرد، ئەمە جگە لە هەڕەشە بەردەوامەکانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران عەلی خامەنەیی. بەڵام ئەم هەڕەشانە تەنها لە چوارچێوەی گوتار و لێدوان قەتیس بوونە، بە بێ ئەوەی لە بواری کردارییدا جێگەیان خۆیان بگرن. ئەم هەڕەشانە ئەگەرچی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێران بەپێی شیکردنەوەی گوتارەکان بێت ناچنە قاڵبی جددییەتەوە، بەڵام لەلایەن ئیسرائیل جا لەسەر ئاستی دەوڵەت و دامەزراوە بێت یان لەسەر ئاستی بوخبەی سیاسی دەسەڵاتدارەوە بێت بە هەند وەرگیراوە، بەردەوام وەک فاکتەرێکی گرنگ جێگەی بۆ کراوەتەوە لە کاتی لۆبیکردن لە ئەمریکا و ئەوروپادا. بە گوزارشتێکی دیکە، هەڕەشەکانی تاران بۆ سەر تەلئەبیب لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا گەورەترین پاڵنەری سەرەکی بوونە بۆ ئەوەی ئیسرائیل بتوانێت قەناعەتی حەتمی بە ئیدارە جۆراجۆرەکانی ئەمریکا بکات کە ئیدی ئاسایش و بەرەژوەندی ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام لە ژێر هەڕەشەی وجودی دایە، بۆ ئەوەی زۆرترین پاڵپشتی بە دەست بێنێت.
“ڕووداوی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ چیڕۆکی نێوان تاران و ئەلئەبینی پێچەوانە کردەوە”
ئەمەی لەسەرەوە خرایەڕوو، ئەگەر چیڕۆکی دوور و درێژی چل و پێنج ساڵی رابردووی نێوان تاران و تەلئەبیب بێت، ئەوا ئەم چیڕۆکە لە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ناوچەیەکی گەشتیاری لە ئیسرائیل لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، بە جۆرێکی دیکە خۆی وێنا دەکات، وێنا کردنێک کە ئیدی ئەوەی ئیسرائیل لە ماوەی چل و پێنج ساڵی ڕابردوو ترسی لێی هەبوو، ئێستا ئەو ترسە بۆ ئیسرائیل وەرچەرخاوە بۆ دەرفەت، ئیدی دەرفەتێک کە جارێ ئەو سەری تونێڵەکە ڕوون نییە. لەم تونێڵە ناڕوونەشدا ئیسرائیل ئەوەی مەبەستی بێت بێ ترس و کاردانەوەی تووند ئەنجام دەدات. لە بەرامبەردا تاران هەموو هەڕەشە و لێدوانە ئاگرینانەی ماوەی ساڵانی ڕابردووی کۆکردۆتەوە لە هێرشی درۆنی زۆر سنووردار بۆ سەر ئیسرائیل. لێرەدا ئەو ترسەی تاران پێشتر دروستی کردبوو بۆ هەڕەشە کردن لە ناوچەکە لە دوای ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە ئێکسپایەر بوو، بە جۆرێک سەرجەم دامەزراوەکان، هێز و تواناکانی دەزگا ئەمنی و سەربازیی و هەواڵگرییەکانی دەستەوەستان و شوک داماون لە بەرامبەر ئیسرائیل.
هەروەها لەم ڕوانگەیەوە هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل ئەگەرچی بۆ شکاندنی هەیبەت و توانای دەزگا هەواڵگری و سەربازییەکانی ئیسرائیل بوو کە سەرەتا تاران دڵخۆش بوو پێیەوه، بەڵام دۆخەکە پێچەوانە بوویەوە، ئیسرائیل دۆخەی لە ڕوانگەی خۆیەوە گۆڕی بۆ دەرفەت و ئەوەی چەندان ساڵە بڕیاری لێ دابوو دوای ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو دەستی بە جێبەجێ کردن کرد. لە بەرامبەر بۆ تاران چیڕۆکەکە شتێکی دیکە بوو، ڕژێمی کۆماری ئیسلامی خۆشی بەو جۆرە پێشبینی نەکردبوو کە ئیسرائیل وا بە خێرایی کاردانەوە ئەنجام بدات.
“ڕووداوە شۆک هێنەرەکانی شەش مانگی ڕابردوو بۆ تاران”
لە ماوەی تەنها شەش مانگی ڕابردوودا ئێران لەسەر ئاستی ناوچەکە بەرەو رووی کۆمەڵێک ڕووداو بۆتەوە، کە لە مێژووی چل و پێنج ساڵی رابردووی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا ئاسایی نەبوونە، بەو مانایەی وا پیشبینی دەکرا کە تاران بە هیچ جۆرێک نابێت دەستە وەستان و بێ وەڵام بێت لە ئاست ئەم رووداوانە، دوو نییە ئەم زنجیرە ڕووداوانە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەسەڵاتدارەکانی خودی ڕژێمی تاران نەکرێنە ئامانج، کە مەبەست دەسەڵاتدارە سیاسییەکانە، چونکە دەسەڵاتدارە ئەمنی و هەواڵگرییەکان لە دەرەوەی خاکی ئێران لە ماوەی رابردوودا کراونەتە ئامانج، لەسەرووی هەمووشیانەوە قاسم سلێمانی لە بەغداوە بە ئامانج گیرا. گرنگترین ڕووداوە جەرگ بڕەکانی ماوەی شەش مانگی ڕابردووی ئەمساڵ بۆ تاران ئەمانەن:-
یەکەم:- هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق لە مانگی نیسانی ئەمساڵ.
دووەم:- کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەی سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران لە مانگی مایسی ئەمساڵ، ئەگەرچی هۆکارەکەی تەکنیکی بوو بەپێی ئەوەی ڕاگەیاندرا، بەڵام ئەم ڕووداوە کۆمەڵێک ئاماژەی لێل و ناڕوونی تێدا بوو کە کاریگەرییان هەبوو لەسەر سیستەمی ئاسمانی و تەکنەلۆژیای فڕۆکەوانی.
سێیەم:- ڕووداوی بە ئامانج گرتنی ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی بزوتنەوەی حەماس لەناو جەرگەی تاران لە خەودا، لە مانگی تەمموزی ڕابردوو، دەیان پرسیاری بێ وەڵامی لە دوای خۆیدا بەجێ هێشت.
چوارەم:- بە ئامانج گرتنی فواد شوکر کەسی دووەمی حیزبوڵلای لوبنانی لە کۆتایی مانگی تەموزی ئەمساڵ، زەمینە سازی بوو بۆ ئەوەی رووداوی دیکە بە دوای خۆیدا نهێنێت.
پێنجەم:- هێرشە چڕ و تووندەکانی ئیسرائیل لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوو کە تەواوی ناوەندە جیهانییەکانی تووشی کرد کاتێک ئەو ئامێرانەی دەستی چەکدارانی حیزبوڵلای تەقاندەوە، ئەمەش ڕێگای بەردەم ئیسرائیلی ڕوونتر کردەوە کە کردەوەی دکە ئەنجام بدات.
شەشەم:- دواین ڕووداو ماوەی شەش مانگی ڕابردوو بریتی بوو لە بە ئامانج گرتنی ئەمینداری گشتی حیزبوڵلای لوبنانی حەسەن نەسروڵا لە ٢٨ی ئەیلوولدا.
ئەمانە زنجیرەیەک رووداون کە لە دەرئەنجامی کاریگەرییەکانی هێرشی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە هەڵقولاون. بەڵام ئەوەی زیاتر لە خودی ئەوانەی بە ئامانج گیراون کاریگەری لەسەر دروست کردوو کۆماری ئیسلامی ئێرانە، لەبەر ئەوەی هەموو ئەم ڕوواداوانە ڵیدانی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بوونە لە ڕژێمێک لە چل و پێنج ساڵە لەسەر ئاستی ناوچەکە خاوەن و ڕابەرایەتی بەرەیەک دەکات کە بە بەرەی مقاوەمە ناسراوە.
“بەرەی مقاوەمە بەڵام بێ کاردانەوە”
تاران خۆی وەک بەرەی مقاوەمە ناساندووە، بەڵام چ جۆرە مقاوەمەیەک، ئایا مقاوەمە بە بێ دەنگی دەکرێت؟ یان ئەگەر تاران مەبەستی ئەوە بێت کە لە ڕێگەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە هەوڵی ڕاگرتنی ئیسرائیل بدات، بەڵام ناچێتە خانەی مقاوەمە، هەر چەندە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەوە ڕاگەیاندراوە کە ناتوانن ڕێگری لە هێرشەکانی ئیسرائیل بکەن بەتایبەتی ئەمریکا و ئەوروپا. ڕوسیاش بەهۆی ئەوە هاوکێشەی ئاڵوزەی لە جەنگی لەگەڵ ئۆکراینا تێیدایە، ئامادەگی تەواوی نییە زۆر بپرژێتە سەر بابەتی ڕێگری کردن لە ئیسرائیل یان وەستانی هێرشەکانی بۆ سەر تاران و دەست و پێوەندەکانی. خۆی لە خۆیدا ئەمە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان کە تاران خۆی بە دوور دەگرێت لە وەڵامدانەوەی توند و کاریگەر. لە بەرامبەردا ئیسرائیل ئەمە وەک دەرفەت دەقۆزێتەوە و پێی وایە دەبێت ئیدی ئەو سام و تابوتەی تاران دروستی کردبوو لەسەر ئاستی ناوچەکە، بە تەواوی تێک بشکێندرێت و کۆتایی بەو ترسە بێت کە نەک ئیسرائیل بەڵکو دەوڵەتانی دیکەش هەیان بووە لەبەرامبەر تاران.
تاران، بە هەموو شێوەیەک خۆی دەپارێزێت لەوەی کە نە خزێندرێتە نێو جەنگێکی فراوان لەسەر ئاستی ناوچەکە، بەڵکو سوورە لەسەر ئەوەی ئەو جەنگە لەلایەن پڕۆکسییەکانی خۆیەوە بەردەوام پێ بدات، جا لە فەلەستین، لوبنان، سووریا، یەمەن یانیش ئێراق بێت. فراوان بوونی جەنگ لەلایەن ئێران بە شێوەی ڕاستەوخۆ بە مانای خەپاندنی ئەو تەڵەیە دێت کە ئەمریکا و ئەوروپا بۆ ئێران دایان ناوەتەوە. تاران باش دەزانێت بەرفراوان بوونی جەنگ بە واتای گەڕانەوە بۆ شیگۆشەی سفر لە بەرامبەر ڕۆژائاوا بە تایبەت لە مەلەفی ئەتۆمی و سەپاندنی زیاتری سزاکان. بۆیە لە ڕوانگەی مەنتقگەراکان لە ئێران نابێت هەوڵ و کۆششی چەندین دەیەی ڕابردوو لەبەرامبەر ڕۆژئاوا بکرێتە قوربانی بۆ ئەو گرووپانەی کە خۆیان بە هاوبەشی سەرەکی و ستراتیژی تاران دادەنێن.
“بژاردەکانی بەردەم تاران”
ڕووداوەکان لەسەر ئاستی ناوچەکەدا زۆر خێران، بە جۆرێک کە ئەوەی پێشبینی نەدەکرا لە ماوەی ڕابردوودا، بەڵام ئێستادا بە ڕوونی ڕۆژانە ڕوو دەدەن. ئێران بە هۆی ئەوەی لایەنێکی سەرەکی ڕووداوەکانە، جا ڕاستەوخۆ بێت یان نا ڕاستەوخۆم بۆیە پێویستە یان خۆی لەگەڵ ڕووداوەکان بگونجێنێت یانیش ڕووداوەکان لەگەڵ خۆی بگونجێنێت. بۆ چۆنیەتی ڕەفتار کردن لەگەڵ دۆخەکە، تاران لێرەدا دووبژاردەی لەبەر دەستدایە لە ڕوانگەی ڕوانگەی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئیرانەوە لە بەرامبەر ئەوە دۆخەی ناوچەکە، بە تایبەتی بەرەی مقاوەمە پێیدا تێپەڕ دەبێت.
بژاردەی یەکەم:- خۆ پاراستی تاران لە کاردانەوەی توند بەرامبەر ئیسرائیل، ئەمە بژاردەیە تا ئێستا بژاردەی بەردەم ئێرانە، سەرەڕای ئەوەی هەندێک جار لە ڕێگەی درۆنەوە هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل بەڵام زۆر کاریگەرییەکانی ئەم هێرشانە زۆر بەرتەسک و سنووردارن.
بژاردەی دووەم:- کاردانەوەی تووند و وەلامدانەوەی جەرگ بڕ لەلایەن تارانەوە، ئەگەرچی تا ئێستا تاران بە تەواوی خۆی لەم بژاردەیە بە دوور گرتووە، چونکە باش لەوە تێگەیشتووە بەرفراوان بوونی جەنگی لێ دەکەوێتەوە، ئەمەش ئامانجی سەرەکی ئیسرائیلە بۆ ئەوەی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تەواوی بخزێنێتە نێو جەنگێک کە دەرەنجامەکەی زۆر خراپ بشکێتەوە، کە دوو نییە سەری ڕژێمی ئیسلامی بخوات.
“دەرەنجام و کۆتایی”
لە ئەگەری هەردوو بژاردەکەدا؛ دەرەنجامەکان بۆ تاران باش نابن، لەبەر ئەوەی ئەگەر هاتوو بەو جۆرە بێ دەنگ و بێ کاردانەوەی تووند و جەرگ بڕ بێت، ئەوا ئەگەرێکی کراوە لە بەرامبەر دەوڵەتی ئیسرائیل بە تایبەتی خودی نەتەنیاهۆ دەبێت کە بازنەی ئامانجەکانی زیاتر فراوان بکات، بە جۆرێک گرووپە وەڵائییە مەزهەبییەکانی دیکە جگە لە لوبنان بکاتە ئامانج، لەوانە حوسییەکان لە یەمەن، حەشدی شەعبی لە ئێراق و دواجار خودی فیگەرە سەرەکییەکانی ڕژێمیش بێ بەش نابن لەم هەڵمەتەدا. هەروەها لە ئەگەری سیناریۆی دووەم کە کاردانەوەی توندی تارانە بەرامبەر ئیسرائیل ئەوە ئاقیبەتەکەی زۆر خراپتر دەبێت لەوەی یەکەم، ئەویش ئەو ئامانجە بەرفراوانە و دوور مەودایەی ئەمریکا و ئەوروپا دێتەدی کە خۆی لە جەنگێکی فراوانی ناوچەییدا دەبینێتەوە بە سەرکردایەتی ئێران لە بەرامبەر ئیسرائیل. ئەو کات ئێران بەرەو رووی شەڕێکی فراوان دەبێتەوە، کە بە هیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندی تاران دا نابێت.
ئیسرائیل لەسەر ئاستی ڕۆژئاوا بەتایبەت ئەمریکا و ئەوروپا توانیویەتی دۆخێک دروست بکات بە ئیدی ئەو شەڕەی دەیکات تەنها شەڕی ئیسرائیل نییە بەڵکو شەڕێکە پەیوەندی راستەوخۆی بە ڕۆژئاواوە هەیە. ئەمەش لە وتارە مێژووییەکەی نەتەنیاهۆ لە کۆنگرێسی ئەمریکا بە ووردی ئاماژەی پێکرا کە لە ٢٢ی تەموزی ئەمساڵ میوانداری کرابوو. لەم چوارچێوەیەشدا ئیسرائیل درێژە بە ستراتیژیەتی هێرشبەرانەی خۆی دەدات لەسەر ئاستی ناوچەکە لە بەرامبەر ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران و هێزە پڕۆکسییەکانی.