لە زانستی سیاسیدا؛ ڕێگهكانی گەیشتن بە دەسەڵات گرنگی و بایەخی زۆری پێ دراوە، چونكە پەیوەستە بە كایەیەكی گرنگی نێو ئەم زانستە، كە بریتییە لە دەسەڵات و فەرمانڕەواییكردن. بە شێوەیەكی گشتی فەرمانڕەواكان لە ڕێگهی چەند ئامڕازێكەوە، دەگەن بە دەسەڵات و دەبن بە فەرمانڕەوا و دەسەڵاتی سیاسی دەگرنە دەست. ئەو ئامرازانەیش بریتین لە:- میرات، دامەزراندن، هێز و هەڵبژاردن. ئێمە لە دووتوێی ئەم وتارەماندا، دەمانەوێت تیشكێك بخەینە سەر خوێندنەوەیەكی هزری و تیۆری بۆ ئەم ئامرازانە، بەم شێوەیە:-
“یەكەم؛ میرات (المیراث/ Inheritance)”
میرات كۆنترین ئامرازی گەیشتن بە دەسەڵاتە لە سەردەمەكانی ڕابردوودا. ئەم ئامرازە ڕەنگدانەوەی بیرۆكەی گواستنەوەی سەروەت و سامانە لە باوانەوە بۆ نەوەكانی، كە لە یاسای تایبەتدا بە میرات ناسراوە. واتە بەپێی ئەم ئامرازە، دەسەڵات وەك سەروەت و سامان لە باوانەوە بە میرات بۆ نەوەكانی دەمێنێتەوە. ئەم ئامرازە بە درێژاییی مێژوو بە شێوەی جۆراوجۆر بەكار هێنراوە، بەتایبەتی لەو وڵاتانەدا كە كاریان بە سیستەمی پاشایەتی كردووە، بە یەكێك لەم شێوانە:-
- لە سەرهتادا ئەگەر پاشا و فەرمانڕەوا بمردایە، وڵاتەكەی بەسەر هەموو نەوەكانیان دابەش دەكرا، بۆ نموونە دوای مردنی (شارلی گەورە/ Louis le Pieux)، ئیمپراتۆرییهتی (كارولنجی/ Carolingian Empire) بەپێی پەیماننامەی فەردان لە ساڵی 843دا بەسەر نەوەكانیدا دابەش كرا.
- وڵاتان لەسەر دەستنیشانكردنی ئەو كەسەی دەسەڵات بە میرات وەردەگرێت جیاوازن:- هەندێك دەوڵەت مافی وەرگرتنی دەسەڵات تەنیا بۆ ڕەگەزی نێرینە بەڕەوا دەبینێت. هەندێ دەوڵەتیش ئەم مافە بە هەر دوو ڕەگەزی نێر و مێ دەبەخشێت. هەروەها هەندێك دەوڵەت مافی وەرگرتنی دەسەڵات بە میرات تەنیا بە كوڕی گەورەی پاشا دەدات؛ هەندێكی تر ئەم مافە تەنیا بەو كوڕە دەبەخشێت كە پێشتر پاشا لە كاتی ژیاندا دەستنیشانی كردووە، جا كوڕی گەورە بێت یان بچووك.
- دەگونجێت ئامرازی میرات تەنیا بۆ وەرگرتنی كورسیی پادشایەتی بێت و لەوانەییشە بۆ وەرگرتنی مافی ئەندامێتی لە ئەنجومەنێكی فەرمانڕەوادا بێت. بۆ نموونە ئەنجومەنی لۆرداتی بریتانیا تا ئیستایش كار بەم بنەمایە دەكات، چونكە ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە تەنیا نەوەی ئەو بنەماڵە باڵایانەی بریتانیان كە پێشتر باوانیان ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە بوون و، ئەم مافی ئەم ئەندامبوونەیان دوای مردنیان بەمیرات بۆ نەوەكانیان جێهێشتووە.
“دووەم؛ دامەزراندن و دەستنیشانكردن (التعیین و الاختیار/ Appointment and selection)”
بەپێی ئەم ئامرازە، فەرمانڕەوا ئەو كەسە دەستنیشان دەكات كە لە دوای مردنی دەبێتە جێنشینی. كاركردن بەم ئامرازە دوو شێوازی هەیە:-
- شێوازی دامەزراندنی تاكەكەسی:- بەپێی ئەم شێوازە فەرمانڕەوا بەتەنیا جێنشینەكەی دەستنیشان دەكات؛ جا ئەم مافە یان بەتەنیا هی فەرمانڕەوایە، یان مەرجی بۆ دادەنرێت. بۆ نموونە لە سەردەمی ئیمپراتۆرییهتی ڕۆمانیدا، ئیمپراتۆر بەتەنیا جێنشینەكەی دەستنیشان دەكرد، بەڵام ئەم دەستنیشانكردنە پەسەند نەبوو تا ئەو كاتەی ئەنجومەنی پیران ڕەزامەندیی لەسەر دەستنیشانەكە دەربڕی.
- شێوازی دامەزراندنی بەكۆمەڵ:- بەپێی ئەم شێوازە، دوای مردنی فەرمانڕەوا، كۆمەڵێك كەس جێنشینەكەی دەستنیشان دەكەن؛ بۆ نموونە لە سەردەمی ئیمپراتۆرییهتی فەڕەنسیدا، كۆمەڵێك كەس بە ناوی ئەنجومەنی پیران ئیمپراتۆری نوێیان دەستنیشان كردووە.
“سێیەم؛ هێز (القوة/ Power)”
لە بەشێكی زۆری دەوڵەتە تازە پێگەیشتووەكاندا، فەرمانڕەواكان لە ڕێگهی بەكارهێنانی هێز و تووندوتیژییەوە دەگەنە دەسەڵات. بەكارهێنانی هێز بۆ بوونە فەرمانڕەوا لە ڕووی یاسایییەوە بە ئامرازێكی ناشەرعی لە قەڵەم دەدرێت، چونكە بەپێچەوانەی بنەما یاسایییە كارپێكراوەكان دەسەڵاتی پێ وەردەگیرێت. لەگەڵ ئەمەیشدا، دەكرێت شێوەی بەكارهێنانی هێز ڕۆڵێكی گەورەی هەبێت لە بەخشینی شەرعییەت بەو فەرمانڕەوایییانەی كە پێی گەیشتوونەتە دەسەڵات؛ ئەمەیش لەو ڕووەوە كە ئایا بەكارهێنانی هێز بە شێوەی شۆڕش بووە، یان بە شێوەی كودەتا بووە؟ بۆ ڕوونكردنەوەی ئەمەیش، پێویستە واتای هەر دوو چەمكی شۆڕش و كودەتا لێك جیا بكەینەوە. بۆ جیاكردنەوەی ئەم دووچەمكەیش لە یەكتر، لەنێو یاساناساندا دوو پێوەر بەكار دەهێنرێت، بەم شێوەیەی خوارەوە:-
- بەپێی سەرچاوەی بەكارهێنانی هێز:- ئەگەر گەل هێزی بەكار هێنا، واتا ئەگەر گەل سەرچاوەی بەكارهێنانی هێز بوو بە مەبەستی لابردنی فەرمانڕەواكان و ئەنجامدانی گۆڕانكاری لە دەسەڵاتدا، ئەوا ئەم گۆڕانكاری و بەكارهێنانی هێزە بە شۆڕش دادەنرێت؛ بەڵام ئەگەر فەرمانڕەواكان هێزیان بەكار هێنا، ئەوا ئەو بەكارهێنانی هێزە بە كودەتا دادەنرێت. لەبەر ئەوە دەبینین ئەوانەی كودەتا دهكهن، هەمیشە بە فەرمانڕەواكان، یان بەشێك لە فەرمانڕەواكان لە قەڵەم دەدرێن. بۆ نموونە سوپا كە لە ڕیزی فەرمانڕەواكان ئەژمار دەكرێت، ئەگەر هێزی بەكار هێنا بە مەبەستی ڕووخاندنی حكوومەت و وەرگرتنی دەسەڵات، ئەوا ئەم كارەی سوپا پێی دەگوترێت كودەتا.
- بەپێی ئامانج و دەرەنجامی بەكارهێنانی هێز:- ئەگەر ئامانج و دەرەنجامی بەكارهێنانی هێز بریتی بوو لە ئەنجامدانی گۆڕانكاری لە بارودۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و یاساییدا، ئەوا بە شۆڕش دادەنرێت؛ بەڵام ئەگەر ئامانج و دەرەنجامی بەكارهێنانی هێز تەنیا بریتی بوو لە گۆڕینی دەسەڵات و لابردنی فەرمانڕەواكان، ئەوا بە كودەتا دادەنرێت. بەپێی ئەم دوو پێوەرەی سەرەوە، یاساناسان بەكارهێنانی هێز بە شێوەی شۆڕش بە كارێكی شەرعی دادەنێن، لەبەر ئەوەی پشت بە ڕەزامەندی و پشتگیریی گەل دەبەستێت. بە پێچەوانەیشەوە، بەكارهێنانی هێز بە شێوەی كودەتا بە كارێكی ناشەرعی دادەنێن.
“چوارەم؛ هەڵبژاردن (الإنتخابات/ Elections)”
لە كورتترین واتایدا هەڵبژاردن ئەوەیە كە گەل ئەو كەسانە دەستنیشان بكات كە بە ناوییەوە دەسەڵات دەگرنە دەست؛ واتە گەل فەرمانڕەواكان دەستنیشان بكات. بەم واتایەیش، بە ڕای هەندێك لە یاساناسان پەیوەستبوونێكی پتەو لە نێوان دیموكراسی و هەڵبژاردندا هەیە. بۆیە هەر ڕژێمێك بۆ دانانی فەرمانڕەواكان و گەیشتن بە دەسەڵات، پشت بە ئامرازی هەڵبژاردن نەبەستێت، ئەوا بە ڕژێمێكی نادیموكراسیی دادەنێن. بیرمەندان و یاساناسان سەبارەت بە سروشتی یاسایییانەی هەڵبژاردن و دەنگدان، دوو ڕای سەرەكییان هەیە، بەم شێوەیە:-
- هەڵبژاردن مافە:- بەپێی ئەم ڕایە، هەڵبژاردن مافی هەر كەسێكە كە سیفەتی هاووڵاتیی هەبێ. لایەنگرانی ئەم ڕایە داوای یەكسانی لە نێوان مافە مەدەنی و سیاسییەكاندا دەكەن؛ لەم ڕایانەیشدا پشت بە بنەمای سەروەریی گەل دەبەستن. بەپێی ئەم بنەمایە، سەروەری شتێكە لە نێوان سەرجەم هاووڵاتیاندا دابەش بووە و هەر هاووڵاتییەك بەشێكی لەو سەروەرییەدا هەیە. بۆیە مافی هەر هاووڵاتییەكە كە بەشداریی دەنگدان و هەڵبژاردن بكات؛ ئەمەیش مافێكی سروشتیی هاووڵاتییە و، نابێ لێی بێبەش بێت.
- هەڵبژاردن ئەركە:- لایەنگرانی ئەم باسە لەو باوەڕەدان كە هەڵبژاردن ئەركە نەك ماف، لەم ڕایەشیاندا پشت بە بنەمای سەروەری نەتەوە دەبەستن. بەپێی ئەم بنەمایەیش سەروەری پێكهاتەیەكی یەكگرتووە و قابیلی دابەشكردن نییە، چونكە سەروەری موڵكی نەتەوەیە و، نەتەوەیش كەسایەتییەكی یاساییی مەعنەوییە، جیاوازە لەو كەسانەی كە پێكیان هێناوە. لەبەر ئەوە هیچ تاكەكەسێك خاوەنی بەشێك لە سەروەری نییە و، نایشتوانێ لە ڕێگهی هەڵبژاردنەوە داوای مافی پیادەكردنی سەروەری بكات. بۆیە كاتێك كەسێك بەشداریی هەڵبژاردن دەكات و دەنگ دەدات، لەبەر ئەوە نییە كە بەشێك لە سەروەریی هەیە، بەڵكوو لەبەر ئەوەیە كە هەڵبژاردن ئەركێكە و، پێویستە هاووڵاتی ئەنجامی بدات تا لە ڕێگهیەوە ئەو نوێنەرانەی نەتەوە دەستنیشان بكات كە ئەركی پیادەكردنی دەسەڵات دەگرنە ئەستۆ. كەواتە هەڵبژاردن مەسەلەیەكی گرنگی یاسای دەستوورییە و، چەند لایەنێكی گرنگی هەیە كە جێگهی ئاماژەپێدانە، وەك:-
- دەستەی دەنگدەران:- مەبەست لە دەستەی دەنگدەران هەموو ئەو كەسانەیە كە بۆیان هەیە هەڵبژاردن و دەنگدان ئەنجام بدەن؛ واتە هەموو ئەو هاووڵاتییانەی كە مەرجەكانی بەشداریكردنی هەڵبژاردن و دەنگدانیان تێدایە. بۆ دیاریكردنی دەستەی دەنگدەرانیش، واتە بۆ دەستنیشانكردنی ئەو كەسانەی كە دەتوانن دەنگ بدەن، پشت بە دوو شێواز دەبەسترێ، بەم شێوەیە:-
- دەنگدانی سنووردار:- بەكارهێنانی ئەم شێوازە لەگەڵ ئەم ڕایەدا گونجاوە كە دەڵێت هەڵبژاردن ئەركە. بەپێی ئەم شێوازە، دەكرێت سنووری بەشداریكردنی هاووڵاتیان لە هەڵبژاردن و دەنگداندا بە چەند مەرج و كۆتێك سنووردار بكرێت، وەك: مەرجی هەبوونی توانای دارایی و توانای زانستی. بۆ نموونە لە كۆندا بەپێی مەرجە دارایییەكان، كەسێك بۆی هەیە دەنگ بدات كە بڕێك سەروەت و سامانی هەبێت؛ بەڵام بەپێی مەرجە زانستییەكان، كەسێك بۆی هەیە دەنگ بدات كە خوێندەوار بێت، واتە هەڵگری بڕوانامەیەكی دیاریكراو بێت یان بە لایەنی كەمەوە خوێندن و نووسین بزانێت.
- دەنگدانی گشتی:- بەپێی ئەم شێوازە هەموو هاووڵاتییەك مافی دەنگدانی هەیە و بوونی سەروەت و سامان و ئاستی زانستی، مەرجی دەنگدان نییە. ئەم شێوازە بە درێژاییی سەدەی هەژدە و نۆزدە وردە وردە لە وڵاتاندا بڵاو بووەتەوە و لە ئێستادا زۆربەی دەستووری وڵاتانی جیهان كار بەم شێوازەی دەنگدان دەكەن. وڵاتی سویسرا یەكەمین دەوڵەتە كە لە ساڵی 1830 كاری بەم شێوازە كردووە و دواتر لە وڵاتی تردا كاری پێ كراوە، وەك: فەڕەنسا لە ساڵی 1848، ئەڵمانیا ساڵی 1871، ئیسپانیا ساڵی 1890، بەلژیكا لە ساڵی 1892، هۆڵەندا لە ساڵی 1899. بەڵام كاركردن بە شێوازی دەنگدانی گشتی و نەبوونی مەرجی دارایی و زانست بۆ مافی دەنگدان، مانای وا نییە كە نابێت دەنگدان لە لایەن هیچ دەسەڵاتێكی تایبەتمەندەوە ڕێك بخرێت، چونكە نەبوونی هیچ مەرجێك بۆ دەنگدان واتای وایە كە چەمكی گەلی كۆمەڵایەتی و گەلی سیاسی هەردووكیان هەر یەك شتن. ئەمەیش واتای ئەوەیە كە هەموو كەسێك دەتوانێت دەنگ بدات؛ جا تەمەنی كەم بێت یان هۆشیاری و ئەهلییەتی هەر چۆنێك بێت گرنگ نییە، بەڵام ئەمە لەگەڵ لۆژیك و لێكدانەوەی ئەقڵدا گونجاو نییە. بۆیە بەكارهێنانی شێوازی دەنگدانی گشتی، بوونی چەند مەرجێك دەخوازێت، بەڵام ئەو مەرجانە تەنیا بە مەبەستی ڕێكخستنی دەنگدان و هەڵبژاردنە، نەك بە مەبەستی بێبەشكردنی چین و توێژێكی دیاریكراو. گرنگترین ئەو مەرجانەیش بریتین لە ڕەگەزنامە و تەمەن و ئەهلییەتی ئەقڵی و ئەهلییەتی ئەدەبی و هتد.
- سیستەمەكانی هەڵبژاردن:- سیستەمەكانی هەڵبژاردن چەند جۆرێکە، وەکوو:-
- سیستەمی هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ و هەڵبژاردنی ناڕاستەوخۆ:- مەبەست لە هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ ئەوەیە كە دەنگدەران ڕاستەوخۆ نوێنەرەكانیان هەڵدەبژێرن بەبێ ئەوەی كەسێكی تر لە نێواندا هەبێت. بەڵام مەبەست لە هەڵبژاردنی ناڕاستەوخۆ ئەوەیە كە دەنگدەران چەند كەسێك هەڵدەبژێرن، ئەم چەند كەسەیش لە جیاتی دەنگدەران نوێنەرەكان هەڵدەبژێرن. بۆیە هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ بە یەك پلە و قۆناغ ئەنجام دەدرێت، بەڵام هەڵبژاردنی ناڕاستەوخۆ بە دوو پلە و قۆناغ ئەنجام دەدرێت. لە ڕاستییشدا پیادەكردنی دیموكراسییش وا دەخوازێت كە كار بە هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ بكرێت، بۆیە ئیستا زۆربەی یاساكانی هەڵبژاردنی وڵاتانی جیهان كار بە هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ دەكەن.
- سیستەمی هەڵبژاردنی تاكەكەسی و هەڵبژاردن بە لیست:- مەبەست لە هەڵبژاردنی تاكەكەسی ئەوەیە كە وڵات بۆ چەند بازنەیەكی بچووك دابەش بكرێت و، لە هەر بازنەیەكدا دەنگدەران تەنیا یەك كەس وەك نوێنەریان هەڵدەبژێرن. بۆ نموونە ئەگەر ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی وڵاتێك (100) نوێنەر بێت، ئەوا ئەو وڵاتە بەپێی سیستەمی هەڵبژاردنی تاكەكەسی، دابەش دەكرێت بۆ 100 بازنەی هەڵبژاردن و، دەنگدەرانی هەر بازنەیەك لەنێو پاڵێوراوانی ئەو بازنەیەدا، تەنیا یەك كەس وەك نوێنەری ئەو بازنەیە هەڵدەبژێرن. مەبەستیش لە هەڵبژاردن بە لیست ئەوەیە كە وڵات بۆ چەند بازنەیەكی تا ڕاددەیەك گەورە دابەش بكرێت و، دەنگدەران لەنێو پاڵێوراوانی هەر بازنەیەكدا چەند كەسێك وەك نوێنەریان هەڵدەبژێرن. ژمارەی ئەو چەند كەسەیش بەقەد ژمارەی ئەو نوێنەرانەیە كە بۆ بازنەكە دیاری كراوە؛ واتە دەنگدەر دەنگ بۆ یەك پاڵێوراو نادات، بەڵكوو دەنگ بۆ ژمارەیەك لە پاڵێوراوان دەدات بەقەد ژمارەی ئەو نوێنەرانەی كە بۆ بازنەكەی دیاری كراوە.
- سیستەمی هەڵبژاردن بە زۆرینە:- ئەم سیستەمە دوو جۆری هەیە، كە بریتییە لە:-
أ. هەڵبژاردن بە زۆرینەی سادە:- بەپێی ئەم سیستەمە، ئەو پاڵێوراو، یان پاڵێوراوانەی كە زۆرینەی دەنگەكان بەدەست دەهێنن، ئەوانە لە هەڵبژاردنەكەدا بە سەركەوتوو دادەنرێن.
ب. هەڵبژاردن بە زۆرینەی ڕەها:- بەپێی ئەم سیستەمە، بۆ ئەوەی پاڵێوراو، یان پاڵێوراوەكان لە هەڵبژاردنەكەدا بە سەركەوتوو دابنرێن، دەبێت زیاتر لە نیوەی دەنگە ڕاستەكان بەدەست بهێنن؛ واتە دەبێت زیاتر لە (50%)ی دەنگە ڕاستەكان بەدەست بهێنن. خۆ ئەگەر ئەم ڕێژەیان بەدەست نەهێنا، ئەوا هەڵبژاردنەكە دووبارە دەكرێتەوە؛ ئەوجا ئەوەی لە هەڵبژاردنی دووەمدا زۆرینەی دەنگەكانی بەدەست هێنا، بە سەركەوتوو دادەنرێت. كەواتە لە هەڵبژاردنی دووەمدا كار بە سیستەمی زۆرینەی سادە دەكرێت.
- سیستەمی نوێنەرایەتیی ڕێژەیی:- بە هۆی ئەو ڕەخنانەی كە ڕووبەڕووی سیستەمی هەڵبژاردنی بەزۆرینە كراوەتەوە، بەتایبەتی لەو ڕووەوە كە حزبە سیاسییە بچووكەكان لە نوێنەرایەتیكردنیان لە پەرلەماندا بێبەش دەبن و، حزبە سیاسیبە گەورەكانیش باڵادەست دەبن؛ هەروەها ئەوانهی لە هەڵبژاردنەكەدا سەركەوتوو دەبن نوێنەری تەواوی سەرجەم دەستەی دەنگدەران نین، لەبەر ئەوەی وەك تێبینی دەكرێت ڕێژەیەكی گەورە لە دەنگەكان بێ نوێنەر دەبن، چونكە پاڵێوراوەكانیان سەركەوتوو نەبوون؛ بۆیە بە ڕەچاوكردنی هەموو ئەم ڕەخنانە، هەندێك لە وڵاتان كار بە سیستەمی نوێنەرایەتیی ڕێژەیی دەكەن، كە هەمیشە پشت بە هەڵبژاردنی بە لیست دەبەستێت. بەپێی سیستەمی نوێنەرایەتیی ڕێژەیی، كورسییەكانی پەرلەمان بەسەر لیستەكانی هەڵبژاردندا دابەش دەكرێت. ئهمهیش بەپێی قورساییی سیاسی و جەماوەریی هەر حزبێك دەبێت، بە شێوەیەك كە لە سیستەمی بەزۆرینە دادپەروەرانەترە. سیستەمی نوێنەرایەتبی ڕێژەیی دووشێوازی هەیە:-
أ. نوێنەرایەتیی ڕێژەیی لەسەر ئاستی دەوڵەت (گشتگیر):- بەپێی ئەم شێوازە كورسییەكانی پەرلەمان لە ڕێگهی ژماردنی دەنگەكان لە سەرجەم وڵاتدا دابەش دەكرێت؛ ئەمەیش بە دابەشكردنی دەنگەكان بەسەر ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان دەبێت. ئەنجامی ئەم دابەشكردنە دەكرێتە ژمارەیەكی هەڵبژاردنی یەكگرتوو كە پێی دەگوترێت تێكڕای نیشتمانی؛ ئەم تێكڕایییەیش بەرامبەر یەك كورسیی پەرلەمانە. واتە لیستی هەر حزبێك بۆ وەرگرتنی یەك كورسیی پەرلەمان، پێویستە بەقەد ئەو ژمارەیە دەنگ بهێنێت. بۆیە تێبینی دەكرێت ژمارەی هەڵبژاردنی یەكگرتوو، پێشوەخت لە یاسای هەڵبژاردندا دیاری دەكرێت. بۆ نموونە ئەگەر وڵاتێك ژمارەی دەنگدەرانی سێ ملیۆن بێت و ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی سەد بێت، ئەوا ئەنجامی دابەشكردنی سێ ملیۆن دەنگ بەسەر سەد كورسیدا، دەكاتە سی هەزار دەنگ بۆ یەك كورسی. واتە ژمارەی هەڵبژاردنی یەكگرتوو لە هەموو وڵاتدا سی هەزارە، كە پێویستە هەر حزبێك بۆ وەرگرتنی یەك كورسیی پەرلەمان بەدەستی بهێنێت. جا ئەگەر حزبێكی سیاسی لە چەند ناوچەیەكی دەنگداندا بە لیستێك بەشداری بكات و لە یەكێك لە ناوچەكاندا حەفتا هەزار دەنگ بەدەست بهێنێت، ئەوا ئەو حزبە لەو ناوچەیەدا دوو كورسیی بەردەكەوێت و دە هەزار دەنگیشی دەمێنێتەوە كە بە دەنگی بەكارنەهاتوو ناو دەبردرێن. لە ناوچەكانی تریشدا هەمان ئەم كارە دووبارە دەكرێتەوە. دواتر ئەو دەنگانەی لە سەرجەم ناوچەكاندا ماونەتەوە و بەكار نەهاتوون، هەمووی كۆ دەكرێتەوە و بەسەر ژمارەی هەڵبژاردنی یەكگرتوودا دابەش دەكرێت و، ئەنجامەكەی چەندێك بێت ئەوەندە كورسیی زیادە بە حزبهكه دەدرێت. بۆ نموونە ئەگەر ژمارەی دەنگە بەكارنەهاتووەكانی ئەو حزبەی پێشوو سەد و پەنجا هەزار دەنگ بێت، ئەوا پێنج كورسیی زیادەی پێ دەدرێت. هەمان ئەم شێوازەیش بۆ سەرجەم حزبەكانی تریش بەكار دەهێنرێت.
ب. نوێنەرایەتیی ڕێژەیی لەسەر ئاستی ناوچەكانی هەڵبژاردن:- لەم شێوازەدا دابەشكردنی كورسییەكان بەسەر لیستی حزبەكاندا، بەپێی ژمارەی (هاوبەشی هەڵبژاردن/ القاسم الإنتخابي) دەبێت. ئەم ژمارە هاوبەشەیش لە ڕێگهی دابەشكردنی دەنگە ڕاستەكان بەسەر ژمارەی ئەو كورسییانەی بۆ هەر ناوچەیەك دیاری كراوە دەستنیشان دەكرێت.
لە كۆتاییدا دەکرێت بڵێیین؛ تەواوی ئەو ئامرازانەی كە ئاماژەمان پێ دان، دیارترین ڕێگهكانی وەرگرتن و گەیشتن بە دەسەڵاتن، بەڵام بیرمەندان ئەم ئامرازانە بۆ ئامرازە دیموكراسی و نادیموكراسییەكان پۆلێن دەكەن؛ بە جۆرێك كە ئامرازەكانی میرات و دامەزراندن و هێز بە ئامرازی نادیموكراسی دادەنێن و، هەڵبژاردنیش بە ئامرازی دیموكراسی هەژمار كراوە.