لە بەشی پێشوودا باسی پارە (دراوی کاغەز)مان کرد لەم بەشەدا باسێکی دراوە ئەلیکترۆنییەکان دەکەین و جۆرو بەکارهێنان و چۆنیەتی مامەڵە کردن پێوەی دەخەینە ڕوو. دراوی ئەلکترۆنی کە تەواو پێچەوانەی دراوی ئاساییە، کە مرۆڤەکانی سەر گۆی زەوی سەردەمانێکە مامەڵەی پێوەدەکەن چ لە ڕێگەی مامەڵەی دەستی بە دەستی یاخود لە ڕێگەی بانکەکانەوە، مرۆڤەکان هەست بە بوونی دەکەن لە ڕووی فیزیکیەوە، بەڵام هەرچی ئەم جۆرە دراوەیە لە ڕووی فیزیکی هەست بە بوونی ناکرێت ناتوانرێت دەستی لێبدرێت، هەر ئەم ئامادەنەبوونەیە گومانی خستۆتە سەر خودی دراوەکە، چونکە مامەڵەکارانی ئەم دراوە تەنها لە ڕێگەی ژمارەیەکەوە دەتوانن مامەڵەی پێوەبکەن.
دراوی ئەلیکترۆنی:- دراوە ژمارەییەکان (Cryptocurrencies) کە بە دراوی ئەلکترۆنی(Digital Currency) ناسراون، داهێنراوێکی نوێیە لە بواری بازرگانی و دارایی دا لە سەردەمی ئێستادا کاری پێدەکرێت، شوڕشێکی نوێیە کە ووردە ووردە دێتە نێو کایەی ژیانی مرۆڤایەتی هەربۆیە کۆمپانیاکانی دراوی ئەلیکترۆنی بەردەوام لە پێشکەوتندان تاکو لەم ڕێگەیەوە شوێنی دراوە کانزاییەکان و دراوی کاغەز بگرنەوە. لەکاتی ئێستادا بەپێی سەرچاوە فەرمیەکان نزیکەی ٤٠٠٠ جۆری دراوی ئەلیکترۆنی هەیە هەروەها ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەکارهێنەرانی ئەم جۆرە دراوە ئەلیکترۆنیانە ڕوو لەزیاد بوون دەکەن. سەڕەرای نەبوونی دڵنیاییەکی تەواو لە لایەن مامەڵەکاران بەم دراوە لە چەند وڵاتێک مامەڵەی ئاسایی پێوەدەکرێت لە ڕووی کڕین و فرۆشتن و پارە ناردن و یاخود وەرگرتنی پاره، خەریکە زۆربەی مامەلە ئاساییەکانی ڕۆژانەی خەڵک لە ڕێگەی ئەم دراوە ئەنجامبدرێت و ڕایبکرێن. لە هەمان کاتدا هێشتا هەندێک وڵات زۆر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەل ئەم دراوە دەکەن وە لە هەندێک شوێن هەر مامەڵەی پێوە ناکرێت بە تایبەت ئەو وڵاتانەی لە جیهانی ئیسلامیدان.
دراوە ئەلیکترۆنیەکان جۆریان زۆرە لەوانە: بیتکۆین، پای، بیتکۆین لیجێد، بەیبی دۆگ و ئیگڵ نیتۆرک هەمستەر کۆمبات و چەندین دراوی ئەلیکترۆنی تر هەن، کە هەندێکیان لەبۆرسەن و هەندێکیان کێبڕکێ دەکەن بۆ چوونە ناو بۆرسە وە ئەم دراوە ئەلیکترۆنیانە لە سیستەمێکی ئاڵۆز پێک هاتووە هاک کردنیان زەحمەتە. لەکاتی مامەڵەکردن بەو دراوە ئەلیکترۆنیانە هیچ نێوەندگیریەک نیە، بۆ نمونە کە تۆ دراوێکی ئاسایی وەکو دۆلار گەر بتەوێت بڕێکی دیاریکراوی ڕەوانەی دەرەوەی وڵات بکەی، ئەوا بانکی ناوەندی ئاگادارە بەوکارە و کێشەی نیە، چونکە تۆ بەڕێکاری یاسایی پارەکەت دەنێری، بەڵام دراوە ئەلیکترۆنیەکان ئەونێوەندگیریەیان نیە، بەڵکو راستەوخۆ لەڕێی ئەکاونتێک یان چەندەها شێوازی تر مامەڵە لەگەڵ یەک دەکەن هەربۆیە زۆرینەی وڵاتەکان بگرە ئەتوانین بڵێین هەموو وڵاتانی جیهان مامەڵەکردن بەو دراوە ئەلیکترۆنیانە بە نایاسایی لە قەڵەم دەدەن و سزای لەسەرە، بۆنمونە بانکی ناوەندی ئێراق لەسالی ۲٠۱٥ دا بڕیاری دا هەرکەسێک مامەڵە بەو دراوانەوەبکات سزا دەدرێت بە ماددەی سزای سپیکردنەوەی پارە.
کوردستانی خۆشمان بەدەر نیە لەم دونیاییەدا وە مامەڵەکردن بەم جۆرە دراوە، خەریکە تەشەنەدەسەنێت و خەڵکانێکی زۆر بە شێوەیەکی نا سرووشتی و بێ هەبوونی پێشینەکی زانستی و لوژیکی و رۆشنبیری و (بەبێ بوونی سەرەتایترین زانیاری لەسەر ئەم دراوە) مامەڵەی پێوەدەکەن و خەریکی کڕین و فرۆشتی ئەم دراوەن، ژمارەیەک هاووڵاتی ڕەنگە سوودی لەم جۆرە دراوە بینیبێت، بەلام لە هەمانکاتدا ژمارەیەکی یەکجار زۆر ڕەنگە نەک سوود، بەڵکوو زەرەریشی لەم جۆرە مامەڵەیەکردبێت. ئەمەش ڕەنگە لە ئەنجامی نائامادەیی کوردستان و کەرتی داراییەکەی بێت بۆ ئەم جۆرە مامەڵانە. ئەوەی لە کوردستان باوە وە زۆر باسی لێوەدەکریت دراوی ئەلکترۆنی (Bitcoin) بیتکۆینە، زیاتر هاووڵاتیانی کوردستان گرنگی بەم جۆرە دراوە دەدەن کەچی لە وڵاتانی تر ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە جۆری ئەم دراوەنە هەن و هەمووشیان مامەڵەی پێوەدەکرێت.
زۆربەی پسپۆڕانی بواری دارایی و بانک، هەروەها پسپۆڕانی ئابووری کۆکن لەسەر ئەوەی کە وا داهاتوو بۆ دراوی ئەلیکترۆنی دەبێت و دراوی ئەلیکترۆنی جێگەی به دراوی ئاسایی لەق دەکات، ئەگەر جێگەشی نەگرێتەوە، بۆ ئەم کۆک بوونەشیان چەندین پاساو دەهێننەوە، وەکو خێرایی لە مامەڵەکردن بەم دراوە، تێچووی کەم لەسەر ئەو لایەنەی مامەڵەی پێوەدەکات و لە سەرووی هەمووشیان پارێزراوی (کە بەداخەوە لە کوردستان ئەم جۆرە لە پارێزبەندی وە مافی مامەڵەکارن بەم دراوە پارێزراو نیە). ئەگەر سەیری بەکارهێنەرانی ئەم دراوانە بکەین ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتردەبن نەک تەنها کەسانی یاسایی، بەڵکو کۆمپانیا گەورەکانی جیهان پەیتا پەیتا باوەش بۆ ئەم جۆرە دراوانە دەکەنەوە لەوانە کۆمپانیاکانی وەکو Tesla, Starbucks چەند کۆمپانیایی تر، لە کۆتا ئەو هەلی کارانەی کەوا کۆمپانیای Amazon ئامازۆن ڕایگەیاندوە بۆ کارکردن لەم کۆمپانیاییە، ئەوانە دەگرێتەوە کەوا شارەزان لە بواری دراوی ئەلیکترۆنی و دامەزراندنی “بلۆک چەین” بۆ کۆمپانیای ناوبراو، بۆیە ئەم دەرگاکردنەوەی کۆمپانیاییەکی گەورەی وەکو ئەمازۆن نیشانەیەکی زۆر ڕوون و ئاشکرایە کەوا لە داهاتوودا ئەم دراوە لە زۆربەی وڵاتانی دونیا دەبێتە دراوی فەرمی وە کاری پێدەکرێت.
بۆیە بە پێی دواین ڕاپۆرتەکانی بواری دارایی و بانک ٨١ وڵات لە سەرتاسەری جیهان کە ٩٠% ئابووری گۆیی زەوی پێکدەهێنن، لە سەرووی هەموویانەوە هەردوو وڵاتی “ئەمەریکا” و “وڵاتی چین” خەریکی کردنەوەی بانکی ناوەندین بۆ ئەم جۆرە دراوە نوێییە. لە دراوی ئەلیکترۆنیدا زاراوەیەک زۆر بەکاردەهێنرێت ئەویش زاراوەی “بلۆک چەین”ە لێرەدا باسێکی بلۆک چەینیش دەکەین و چۆنیەتی کارکردن لە بلۆک چەین.
“بلۆک چەین”
بلۆک چەین یەکێکە لە خزمەتگوازییە گرنگەکانی سەردەمی ئێستا و مامەڵەکانی بیتکۆین لە ڕێی ئەم پێگەیەوە ئەنجام دەدرێت، لە ماوەی پێشوودا زۆرێک لە کۆمپانیاکان بیریان لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای بلۆک چەین کردەوە بۆ ئاسانکردنی کارەکانیان و کۆمپانیای Gartner پێشبینی دەکات داهاتەکەی لە ساڵی ٢٠٢٥ ـدا بەرز ببێتەوە بۆ ١٧٦ ملیار دۆلار.
بلۆک چەین، لە سەرەتاکانی ساڵانی ١٩٩١ بیرۆکەی بۆ داڕێژراوە لە لایەن Stuart Haber ، W Scott Stornetta وەکو رێگایە بۆ هەڵگرتنی زانیاریەکان بە جۆرێکی هەمیشەیی و بەبێ گۆرانکاری لە دوایی ئەوە تاوەکو پێش ساڵی ٢٠٠٩ گۆرانکاری تێدا کراوە، بەڵام لەگەڵ لە ٢٠٠٩ کاتێک “ساتۆشی ناکامۆتۆ” تەکنەلۆجیای “بلۆک چەین”ی بەکارهێنا بۆ دروستکردنی تۆری دراوی ئەلیکترۆنی بیتکۆین لە دوای ئەوە لە ساڵی ٢٠١٤ دا بلۆک چەین وەشانی دووەم ٢.٠ دەرچوو کە وا دانرا بتوانرێت رێکخراوەکان و کۆمپانیاکان بلۆک چەین بەکارببەن بۆ دروستکردنی سیستەم و هەڵگرتنی زانیاریەکان ئەوەی لێرەدا پێویستە بزاندرێت ئەوەیە “بلۆک چەین” تەنها بۆ دراوی ئەلیکترۆنی نیە لە کاتێک لە ساڵی ١٩٩٠ بۆ ئەو بیرۆکەیە دانەندرا، بەڵام تاوەکو ساڵی ٢٠١٤ خەڵکی بۆ دراوی ئەلیکترۆنی و دروستکردنی تۆڕی دراوەکان بەکاریان دەهێنا بۆیە دەستەواژەی بلۆک چەین زۆر پەیوەست بووە بە دراوە ئەلیکترۆنیەکان لە کاتێکدا بلۆک چەین پارچە تەکنەلۆجیایەکە وەک هەر بەشێکی تری تەکنۆلۆجیا.
“بلۆک چەین چۆن کار دەکات”
دەبێت لە سەرەتادا چەند دەستەواژەیەک ڕوون بکەینەوە.
١-بلۆک
٢-هاش
٣-داتا
٤-چەین
١-بلۆک (Block) وەک سندوقێکە کە دەتوانینن کۆمەڵێک ئامرازی تێدا هەڵگرین، هەرچەندە ئەو سندوقە جۆرێکی تایبەتە و دیجیتاڵە هەندێک لە شوێنەکەش بۆ خۆی گیراوە کە هەندێک زانیاری سەرەتایی تێدایە دەربارەی سندوقەکە، بەڵام زۆربەی شوێنی ماوە ئێمە دەتوانین زانیاریەکانی لەناو هەڵگرین دەتوانیت بلۆکێک بەو شێوازە بهێنیتە پێش چاوی خۆت
هەر سندوقێک لە ٣ بەشی سەرەکی پێک دێت، دوو لەو بەشانە بریتین لە هاش کە لە خوارەوە باسکراوە بەڵام بەشێکیان داتا (زانیاری) ی تێدایە لێرەدا رووندەبێتەوە تۆ وەکو گەشەپێدەرێک هەر جۆرە زانیاریەک هەڵگریت ئاساییە لەناو یەک لەو بلۆکانە بۆ دراوی ئەلیکترۆنی زانیاری هاتووچۆی پارەی تێدایە، بە کۆمەڵێک لەو بلۆکانە تۆڕی دراوە ئەلیکترۆنیەکە دروست دەکەن کە کراوەیەو بۆ بەکارهێنەران.
٢- هاش (Hash) یاخود تێكهەڵدراوەپەڕ، بریتییە لە ناسنامەی هەر بلۆکێک کە بەهۆیەوە ئێمە دەتوانین چەینەکە دروست بکەین و، بەیەکەوەیان ببەستینەوە وەک لەو وێنەیەی سەرەوە دەبینیت دوو پارچەی هەر بلۆکێک بریتییە لە هاش هاشی بلۆکەکە خۆی لەگەڵ هاشی ئەو بلۆکەی کە لەپێشیەوە دێت بەو جۆرە دەتوانیت بلۆکەکان بەیەکەوە ببەستیتەوە.
هاش وەکو پەنجەمۆر یاخود کلیکی سندوق یاخود بڵۆکە
٣-زانیاری Data ئەو بەشەیە کە زانیاری تایبەتی تێدا هەڵدەگیرێت بە پێی داخوازی کەسەکە لە “بلۆک چەین”ـی بیتکۆیندا ئەم داتایە بریتیە لە ئەررەیەک کە ٢٠٠،٠٠٠ هاتوچۆی پارەی تێدا هەڵگیراوە لە شوێنی دیکە وەک دادنوسی لەوانەیە هەر بلۆکێک ١٠٠ بەڵێینامەی تێدا هەڵبگریت، بۆ نموونە گەر یەک هاتوچۆی پارە وەگرین لە بڵۆکێک لە بلۆکچەین ی بیتکۆین لەوانەیە لەو شێوازە بێت.
لەکاتی گۆڕینی هەر زانیاریەک پەنجەمۆر یاخود هاشی بڵۆکەکە دوبارە دەگۆردرێت بۆ هاشێکی نوێ.
٤- چەین (ِChain) یاخود زنجیر یان ڕاستتر بیری لێبکەرەوە کە ئەو بلۆکانەی باسمان کرد بەیەکەوە بەستراون و قوفڵی تایبەتی هەیە، کە دوو بڵۆک بەیەکەوە دەبەستێتەوە، وەک لەسەرەوە باسمان کرد کە هەر بلۆکێک هەندێک شوێنی گیراوە یاخود هەندێک زانیاری تێدایە ئەو زانیاریانە تایبەتن بە بەستنەوەی دوو بلۆک بەیەکەوە.
لە بلۆکی دووەم هاشی بلۆکی یەکەم هەڵگیراوە
یەکەم بلۆک کە دروست دەکرێت کە بلۆکچەین پێی دەگوترێت گێنسس بلۆک بەواتای یەکەمین بلۆک و هاشی پێش خۆی بریتیە لە سفر.
“چۆن هەڵە دەدۆزرێتەوە لە چەین؟”
کاتێک کەسێک دەستکاری بلۆکێک دەکات لە زنجیرەکە(چەین) ئەوا هاشەکەی دەگۆردرێت کاتێک هاشەکە گۆردرا ئەو زنجیرەیە تێکدەشکێت و هەڵەیەک روودەدات لەبلۆکی دوای خۆی، کەواتە دەستکاری کردنی چەین یاخوود هاک کردنی یەکێکە لە کارە ئەستەمەکان.
لەم نموونەیە بلۆکی ٣ هاشی پێشوتری هەیە بەڵام بلۆکی ٢ هاشەکەی هەمان هاش نیە کەواتە دەسکاریکراوە.
هیوادارم بیرۆکەی ئەوە گەیشتبێت کە “بلۆک چەین” تایبەت نیە بە دراوی ئەلیکترۆنی بەڵام بەربڵاوترین کارپێکردنەکانی بریتین لە لۆگ یان چەینی دراوە ئەلیکترۆنیەکان بەڵام دەکرێت بۆ زۆر بواری دیکە سوودی لێ وەرگریت.
“داهاتووی دراوە ئەلیکترۆنییەکان”
لێرەدا پرسیارێک دێتە نێو هزری هەر تاكێکمان، ئەگەر هەر وڵاتێک دراوێکی ئەلکترۆنی تایبەت بە خۆی هەبێت ئەی داهاتووی ئەم دراوە ئەلیکترۆنیانەی کە ئێستا هەن چیان بەسەر دێت؟ هەر ئەمەش وایکرد بە بڵاوبوونەوەی هەواڵی کردنەوەی بانکی ناوەندی تایبەت بە دراوی ئەلکترۆنی. دراو ی ( Bitcoin)بتکۆین نیوەی بەهاکەی لەدەست بدات لە بازاڕەکانی دراودا. بۆیە بوونی بانکی ناوەندی تایبەت بە دراوی ئەلکترۆنی واتە بوونی دراوی ئەلکترۆنی تایبەت بۆ وڵاتان. ئەمەش مەترسی یەکجار گەورە لەسەر ئەم دراوانە دروست دەکات کە ئێستا مامەڵەیان پێوەدەکرێت، چونکە هیچ وڵاتێک خۆی بە خاوەنی ئەم دراوە ئەلکترۆنیانەی دانانێت. بۆیە ئەگەری داڕمانی بەهایی ئەم دراوانە لە ئان و سات دایە، هیچ گەرەنتییەک نیە بۆ ئەم دراوانەی کە هەن لەم کاتەدا. لە کۆتاییدا بە پێی هەموو پێوەرەکان داهاتوو بۆ دراوی ئەلکترۆنی دەبێت وە ئەم دراوە جێگەی دراوی ئاسایی دەگەرێتەوە. بەڵام چۆن؟ وە کەی؟ ئەمە دەبێت ئایندە وڵاممان بداتەوە.
سەرچاوەکانی ئەم باسە :
- النقود والبنوك محمد احمد الافندي
- النقود والبنوك والتجارة الدولية سامي السيد
- النقود والبنوك د. ميراندا زغلول رزق
- سایتی العربية الاقتصادية
- مجلة الاقتصاد اليوم عدد 102 سنة 2021