“هەڕەشەکان بۆ سەر ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە رۆژهەڵاتی ئاسیا”
“پێشەکی”
دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤییەت و کۆتایی هاتنی جەنگی سارد لە ساڵانی ١٩٨٩-١٩٩٠، ڕووسیای فیدڕاڵ وەرچەرخانەکی ریشەیی لە بوارەکانی ئابووری، سیاسی،کولتووری و هەنگاونان بەرەو رۆژئاوا بەخۆوەە بینی. بەم هۆیەشەوە له بەرامبەردا وڵاتانی ڕۆژئاوا هاوسۆزیان بۆ ئەم ئامانجە ڕاگەیاند و پشتیوانیەکی ڕووکەشانەیان لە رووسیای تازە لەدایکبوو دەربڕی. لە دوای ساڵی ١٩٩١ ڕووسیای نوێ دەستیکرد بە دانانی سیستەمێکی سیاسی تا رادەیەک دیموکراتیک و دروستکردنی ئابووری بازاری ئازاد و بەتایبەتکردنی ئەم کەرتە، ئەمەش درێژەپێدانی ئەو سیاسەتەی گۆرباچۆڤ بوو؛ کە وەک دوایین سەرکردەی یەکێتی سۆڤییەت دوو پاکێجی چاکسازی گرنگی ڕاگەیاند؛ کە بریتیبوون لە گلاسنۆست و پێرێسترۆیکا لە بوارەکانی ئابووری و سیستەمی سیاسیی وڵات کە بە مانای کرانەوە و دوبارە پێکهێنانەوە دەهات.
دواتر بە نەمانی یەکێتی سۆڤییەت، بەشێک لە نوخبەی سیاسی رووسیا کە زۆرتر مەیلی ڕۆژئاواخوازانیان هەبوو و بە پرۆ-وێستێرنەکان دەناسران بە تایبەت حکومەتەکەی “بۆریس یەڵسن” و هاوپاڵشتەکانیان دەسەڵاتێکی کورتمەودایان هەبوو. لەهەمبەردا رووسە ناسیۆنالیستەکان و ئۆراسیاگەراکان هاتنە سەر دەسەڵات، ئەم رەوتە بە هاتنی “پوتین” بۆ ناو کایەی سیاسیی و گرتنەدەستی جڵەوی دەسەڵات لە رووسیای نوێ بەهێزتر بوو، لە راستیدا سیاسەتەکانی ڕووسیا ڕەنگدانەوەی کەسایەتی “پوتین”ە. هەر بۆیەش دوو بۆچوون هەیە لەسەر کەسایەتی پوتین: یەکەمیان، ئەو وەک پیاوی دەوڵەت و پراگماتیک ناسراوە چونکە ئەوەی لە توانایدا بێت بۆ ڕووسیا لە ژێر بارودۆخێکی سەختدا دەیکات. دووەم، ئایدیۆلۆژیستەکان، خۆلیای گەڕاندنەوەی شکۆی یەکێتی سۆڤیەتیان بۆ رووسیای نوێ هەیە. لە هەندێک بواردا ڕووسیا خۆی هاوشێوەی رۆژئاوا و ئەمریکا دەبینێت بە تایبەت لە مەترسیە گەورەکان و ئاسایشی نیشتیمانی وەکو تیرۆر، بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆم و پەرسەندنی تووندڕەوەی ئایینی بە تایبەت کێشەی چیچان، بۆیە پێ دەچێت تێگەشتنەکەی گۆرباچۆڤ تا ڕادەیەک راست بووبێ کە پێیوابوو ”پێویستە لە سەردەمی ئەتۆمدا ئاسایشی نیشتیمانی هاوبەش بێت”. لەم گوتارەدا تیشک دەخەینە سەر هاوپەیمانێتی نوێ لە نێوان کۆریای باکۆر و رووسیا فیدرال کە ئەم هاوپەیمانێتیە لە راستیدا لە دەرنجامی گوشارەکانی سەر رووسیا و خودی پوتینە بەهۆی هەڵگیرساندنی جەنگی ئۆکراینا.
“یەکەم؛ پاڵنەرە سەرەکییەکانی ڕووسیا بۆ چوونە ناو هاوپەیمانییەکان”
دەتوانین بڵێین تا رادەیەک رەفتارە دوژمنکارەییەکانی ڕووسیا دەرەنجامی سیاسەتەکانی رۆژئاوا و بە تایبەتیش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بووە، ئەمەش بە هۆی ڕەتکردنەوەی وڵاتانی رۆژئاوایی لە بوونە ئەندامی رووسیا لە رێکخراوەکانی وەک ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا و دەرچوونی لە G8 وەهەروەها بە هەڕەشەدانانی رووسیا لە لایەن ناتۆ و گوتارەکانی “ئۆبۆما” لە نەتەوە یەکگرتوەکان و سزاکانی رۆژئاوا و هەژمارکردنی رووسیا وەک دوژمن لە لایەن ئەمریکییەکان. بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم ئارگیومێنتەش دەتوانین ئاماژە بە قسەکانی دیپلپۆماتکارێکی ئەمریکی بدەین کە شەش ساڵ لەمەو بەر دیپلۆماتکارێکی ئەمریکی بە ناوی “ویلیام هیڵ” کتێبێکی بڵاو كردەوە سەبارەت بە دابەزینی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و رووسیا لە قۆناغی دوای جەنگی ساردا بە ناوی”هیچ شوێنێک بۆ ڕووسیا بوونی نیە” کە تێیدا ڕونی دەکاتەوە “هیچ شوێنێک بۆ ڕووسیا نییە، هیچ شوێنێک بۆ ڕووسیا لە یەکێتی ئەوروپا نابێتەوە، چونکە یەکێتیەکە زۆر گەورە بوو، هیچ شوێنێک بۆ ڕووسیا نەبوو لە ناتۆ چونکە ناتۆ دژی هاوپەیمانی بەستن لەگەڵ ڕووسیا بوو”. تاکە رێکخراوی دیار کە رووسیا تێیدا دەنگی یەکسانی هەیە لەگەڵ دەوڵەتاکانیتر بریتییە لە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی ئاسایش و هاوکاری ئەوروپا کە تا دێت لاوازتر دەبێت و پەراوێز دەخرێت. لە هەمان کاتدا ناتۆ بەهێزتر و چالاکتر دەبێت.
هەر بۆیە لە پەراوێزی هەوڵەکانی رۆژئاوادا دەبینین کە ڕووسیا ڕۆڵێکی سەرەکی لە گۆڕینی سیستەمی نێودەوڵەتی دەگێرێت بۆ سیستەمێکی غەیرە تاک جەمسەری. ئەم هەوڵانەش دەتوانین بلێین کە ناسەقامگیری جیهانی دروستکردوە و دەبینین کە داگیرکردنی ئۆکراینا لەلایەن ڕووسیاوە سەلماندوویەتی کە دەتوانێ سیستەمی جیهانی پڕ لە گێژاو و ئاژاوە بکات. بۆ مۆسکۆ، شەڕی ئۆکرانیا، بە تایبەت ئامانجی “پوتین” بۆ لاواز کردن و تێکدانی ناتۆ هەنگاوێکی سەرەکی بوو بۆ پێداچوونەوەی نەزمی جیهانی کە لە مێژە ئەم ئامانجەی هەیە و لەشکرکێشی بۆ ئۆکراینا خاڵی دووپاتکردنەوە بوو بۆ ئەم مەبەستەی؛ بەو مانایەی کە هیچ گەڕانەوەیەک و هیچ بەربەستێک نییە لە بەردەم ویست و خواستەکانی ڕووسیا. هەر لە کاتی داگیرکاری ئۆکراینا، ئیرادەی پوتین زۆر سور و رەق دەرکەوتووە لەسەر ئەو دوژمنکاریە درێژخایەنەی بەرامبەر رۆژئاوا و ئەمریکا هەیەتی، هەر بۆیە بۆ باشتر پتەوکردنی خۆی، “پوتین” هەوڵیدا پەیوەندی لەگەڵ هاوفیکرەکانی وەک چین، ئێران و کۆریای باکوور دوو هێندە پتەوتر بکات، بەم شێوەیەش رووسیادا دەتوانێ ببێتە یەکەیەکی کارای سەرەکی ئەم هاوپەیمانیە.
بە هۆی داگیرکارییەکەیەوە، کرێملین هیچ بژاردەیەکیتری نەبوو جگە لە قوڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەم وڵاتانە، چونکە ڕووسیا پێویستی بە چەک و بازرگانی دەرەکی هەیە کە ئەم وڵاتانە دابینی دەکەن بۆ رووسیا بۆ بەردەوام بوون لە داگیرکاری ئۆکراینا. دەتوانین بڵێین چۆن شەڕی ڕووسیا لە ئۆکراینا بووە هۆی بەهێزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە هەمان شێوەش بۆ هۆی هاوکاری و گەشەسەندنی پشتیوانی نێوان ڕووسیا و هاوپەیمانەکانی. یەکخستنی بەرژەوەندی و یەکگرتنی هەوڵەکانیان هیچی کەمتر نەبوو لەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکان. ئەو تەحەددایانەی کە ئەم هاوپەیمانیە دەیخاتەڕوو گرنگن کە دەبنە هۆی زیادکردنی توانا سەربازییەکانی ئەم ئەکتەرە و کەمکردنەوەی کاریگەریی ئەو ئامرازانەی سیاسەتی دەرەوە کە ئەمریکا و ئەوروپا بەکاریان دەهێنن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان، و دروستکردنی بنەمایەکی بەدیل کە دەبێتە هۆی ناسەقامگیری جیهانی یاخود گوزار بەرەوە سیستەمێکی نێودەوڵەتی فرەجەمسەریی. لە هەمان کاتدا ئالنگاریی بێشومار هەن کە قورسن لەبەردەم پەیوەندیەکانی نێوان ئەم وڵاتانە، بەڵام ئامانجە جیۆپۆلەتیکییە هاوبەش و سەرتاسەرییەکەیان و تێکدانی نەزمی جیهانی بەرقەرار یاخود هێنانەکایەوەی نەزمێکی نوێتر کە رووسیا تێدا کاراتر بێت پاڵنەرێکی بەهێزە بۆ هاوبەشیی کردنیان.
“دووەم؛ نزیکبوونەوە دۆستانەییەکەی پوتین و کیم جۆنگ ئون”
پەیوەندی نێوان ڕووسیای فیدڕاڵ و کۆریای باکوور کە دوو وڵاتی خاوەن چەکی ئەتۆمین لەم ساڵانەدا بە شێوەیەکی بەرچاو رووی لە هەڵکشان کردووە. ڕوونە کە ئەم پەیوەندییە ڕیشەیەکی مێژووی هەیە. لە رابردوودا یەکێتی سۆڤییەت یارمەتی پێکهێنانی دەوڵەتی کۆریای باکوریدا لە ساڵی ١٩٤٨ بە دواوە، ئەوەی جێگای تێڕامانە کۆریای باکوور و یەکێتی سۆڤییەتی پێشوو لە ساڵی پەیماننامەیەکیان واژۆ کرد کە تێیدا هاتووە ئەگەر کۆریای باکوور کەوتە ژێر هێرشەوە، پێویستە مۆسکۆ دەست تێوەردانی سەربازی بکات. ئەم رێککەوتنامەیە دوای داڕمانی یەکێتی سۆڤییەت و روخانی بلۆکی کۆمونست لە ساڵی ١٩٩٠ و کرانەوەی رووسیا بۆ سەرمایەداری پشتگوێ خراو و مۆسکۆی لە پیۆنگینانگ دور خستەوە. پاشان لە ساڵی ٢٠٠٠ بۆ یەکەمین جار “پوتین” سەردانی پیۆنگیانگی کرد و لەو کاتەوە کۆبوونەوەی دیکە لە نێوان سەرکردەکانی ڕووسیا و کۆریای باکووردا هەبووە، بەڵام هەرگیز پەیوەندییەکی بەهێز دروست نەبوو. چونکە کۆریای باکوور تا ڕادەیەکی زۆر پشتی بە چین دەبەست بۆ بازرگانیکردن و پشتگیریکردن لە ئابووریی خۆی.
بەڵام داگیرکاری “پوتین” لە ساڵی ٢٠٢٢ بۆ سەر ئۆکراینا، وایکرد ڕووسیا لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواییەوە پەراوێز بخرێت. بۆیە رووسیا ناچار بوو ڕوو لە ولاتانی دیکە بکات بۆ ئەوەی بەردەوام بێ لە رووبەرووبوونەوەی رۆژئاوا. دوای “کیم” لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٣ دا سەردانی ڕووسیای کرد و توێکڵی تۆپخانەکانی بۆ مۆسکۆ دابین کرد، لە بەرامبەردا ڕووسیا وایکرد کۆریای باکوور دەستی بگات بەو تەکنەلۆژیایانەی کە دەبنە هۆی پێشکەوتنی زۆر لە پەرەپێدانی موشەک و مانگە دەستکردە سیخوڕییەکان. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ڕووسیا و کۆریای باکور لەم هەفتەیەدا هاوپەیمانییەکەیان بەهێزتر کرد، ئەمەش گورزێک بوو لە ئەمریکا. وردەکارییەکانی ئەو پەیماننامەیە ڕوون نین، بەڵام دەتوانرێت بە بەهێزترین پەیوەندی نێوان مۆسکۆ و پیۆنگیانگ دابنرێت لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی ساردەوە. هەردوو سەرکردەکە ئەم هاوپەیمانێتیە بە نوێکردنەوەی پەیوەندییەکانیان وەسف دەکەن کە گرنگترینی بەرگری و ئاسایشی هاوبەش بوو لەگەڵ، بازرگانی، وەبەرهێنان، پەیوەندییە کولتووری و مرۆییەکان. ئەوەی جێی بایەخە ئەوەیە سەرکردەکانی هەردوو وڵات بەڵێنیان داوە کە بەرگری لە یەکتر بکەن لە ئەگەری هەر هێرشێکدا. ئەم پەیماننامەیە لە ئەنجامی سەردانێکی دوو ڕۆژەی پوتین بوو بۆ “پیۆنگیانگ” کە بە هەموو جۆرێک پێشوازی لێکرا و چەندین ئاکار و پرۆتۆکۆڵی دۆستانەیان ئەنجامدا وەک تەوقە کردن ودانانی ئاڵا و وێنەی پوتین، ئەم ڕێکەوتنە دەگەرێتەوە بۆ جەنگی سارد بەڵام لەو کاتەدا کۆریای باکوور چەکی ئەتۆمی نەبوو، هەروەها هەموو ئەمانەش لە کاتێکدایە کە ئەمریکا هەوڵدەدات کاریگەری شەڕی ئۆکراینا کەم بکاتەوە و رێگری لە “پیۆنگیانگ” بکات لە گرتنەبەری رێوشوێنی شەڕانگێزانەتر لە دژی کۆریای باشوور. بەڵام ئەوەی لێرەدا جێی سەرنج و پرسیارە ئەوەیە کە “کیم جۆنگ” ئیدیعای کرد کە ئەم سەردان و پەیوەندییە دوولایەنەیە ئاستی هاوپەیمانییەکەیان بەرز دەکاتەوە، بەڵام “پوتین” تا وەکو ئیستا ئەم سەردانە و رێکەوتنەی بە هاوپەیمانی ناوی نەبردووە. میدیای کۆریای باکوور دەقی ڕێکەوتننامەکەی بڵاوکردۆتەوە کە هاوکاری فراوان لە بواری سەربازی و سیاسەتی دەرەوە و بازرگانیدا لەخۆدەگرێت بەڵام ڕووسیا تاوەکو ئێستا نوسخەی خۆی لە دەقەکە بڵاونەکردۆتەوە.
“سێیەم؛ نیگەرانیەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەرامبەر پەیوەندییە دوولایەنەکەی رووسیا و کۆریای باکوور”
ئەمریکا، هاوپەیمانی کۆمەڵێک دەوڵەتی خاوەن هێزە لە ڕوی ئاسایشەوە لە رۆژهەڵاتی ئاسیا و بە تایبەت ژاپۆن و کۆریای باشوور و ڤێتنامە. هەر بۆیە دەتوانین بڵێین بە دڵنیاییەوە هەنگاوەکانی “پوتین” و سەردانەکانی بۆ کۆریای باکوور و ڤێتنام، واشنتۆن و سیئۆلی زۆر نیگەران کردووە؛ بە هۆی ئەو هاوکارییە فرە لایەنەی نێوان رووسیا و کۆریای باکوور کە لە ئێستادا خراوەتە ڕوو. هەر بۆیەش راستەوخۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، “ئەنتۆنی بلینکن” و وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشوور رایانگەیاند کە پەیمانی نێوان رووسیا و کۆریای باکوور مەترسییەکی جددی لەسەر ئاشتی و سەقامگیری لە نیمچە دوورگەی کۆریادا دروست دەکات. ئەمە واتای وایە کە ئەمریکا رێکاری جۆراوجۆر دەگرێتەبەر لە وەڵامی پەیماننامەکەدا، ئەمەش بە هۆی ئەوەی پەیوەندی نێوان دەوڵەتە سزادراوەکان لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا گەشتۆتە بەرزترین ئاست لە دوای جەنگی ساردەوە. سەرۆکی ناتۆ “یێنس ستۆڵتنبێرگ”، بە هەمان شێوە نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی کە ڕووسیا کردوویەتی و یارمەتی کۆریای باکوور دەدات بۆ زیاتر پێشخستنی بەرنامەکانی موشەکی بالیستیک و ئەتۆمی، ئەمەش سەرەڕای سزاکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ سەر کۆریای باکور. هاوکات وتەبێژی کرێملین، “دمیتری پیسکۆڤ” ڕایگەیاند کە “پوتین” ئامادەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا سەبارەت بە پرسە ئەمنییەکان. بۆیە ئەمریکیەکان بیریان لەوە کردۆتەوە کە بچنە ناو گفتوگۆ، بەڵام کێشە سەرەکییەکە ئەوەیە کە متمانەیان بە “پوتین” نییە کە ئەم داگیرکارییە و بەرەو پێش چوونە رابگرێت. نیگەرانییەکانی ئەمریکا زیادتر لەوەدایە کە هەناردەکردنی چەکی ڕووسیا بۆ کۆریای باکوور، گرژییەکانی نیمچە دورگەی کۆریا زیاددەکات و بە گوتەی هەندێک لە پسپۆڕان، دەتوانێت پێشبڕکێیەکی چەک لە ناوچەکە چڕتر بکاتەوە کە کۆریای باشوور و ژاپۆن دەگرێتەوە کە هەردووکیان هاوپەیمانی ئەمریکان.
نیگەرانیەکی تری ئەمریکا بەرامبەر گەشتی “پوتین” بۆ دوو نەتەوەی رۆژهەڵاتی ئاسیا کە کۆریای باکوور و ڤێتنامن وەک نمایشێکی سەرپێچیکردن لە لایەن رۆژئاواوە سەیر دەکرێ و میوانداریکردنی “پوتین” لە لایەن ڤێتنامەوە بووە هۆی ئەوەی ڤێتنام ڕەخنەی تووندی لێ بگیرێ لە لایەن واشنتۆنەوە. ڤێتنام و رووسیا چەندین ڕێکەوتنیان واژۆ کردووە لەسەر پرسی وزە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەمریکا بازاڕی سەرەکی هەناردەکردنی ڤێتنامە و ئەمریکا ڕۆژیێک دوای سەردانەکە وەڵامی سەردانی “پوتین”ی دایەوە کە واشنتۆن سورە لەسەر قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هانۆی و چەند کاتژمێرێک دواتر واشنتۆن ڕایگەیاند کە دیپلۆماتکارە باڵاکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، نیال کریتنبرینک دەنێرێت بۆ ئەوەی سەردانی ڤێتنام بکات و هەروەها بۆ جەختکردنەوە لەسەر پابەندبوونی واشنتۆن بۆ کارکردن لەگەڵ هانۆی. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیاندنی سەردانی کریتنبرینکی ڕایگەیاند کە ئەو پشتگیری لە ڤێتنامێکی بەهێز و سەربەخۆ و خۆڕاگر و ئاوەدان دەکات.
“پوختە”
- ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی نیگەرانی و پشێویەکی زۆریان تێدا دروست بووە بە هۆی ئەم پەیمانامەیە و هۆشداریان داوە بە رووسیا و کۆریای باکور بۆ بەرپەچدانەوەیان. کۆریای باکور تۆمەت بارکراوە بە یارمەتی دانی رووسیا لە شەڕی دژی ئۆکراینا بە ناردنی چەک و تەقەمەنی و موشەکی بالستیکی، هەر بۆیە نیگەرانییەکان تا ئاستێکی زۆر لە نێوان هاوپەیمانانی رۆژئاوایی بەرزبونەتەوە و هەوڵی هەموو جۆرە رێکارێک دەدەن بۆ وەستاندنی ئەم بەرەو پێشچونە. ئەمریکا پشتگیری هەموو جۆرە بەرپەچدانەوەیەک دەکات لە لایەن کۆریای باشور لە ئەگەری هەڕەشەی ئاسایشی بۆ سەر خاکەکەی بە هۆی کۆریای باکورەوە.
- ئەمریکا و هاوپەیمانان تەنیا نین لە نیگەرانبوونەکانیان بەڵکو چینیش لە نزیکەوە چاودێری پەیمانەکەی نێوان ڕووسیا و کۆریای باکوور دەکات چونکە پەیمانێکی بەرگرییە و نیگەرانیەکەی لەبارەی گۆڕانی دەسەڵاتەوەیە لە ئاسیا. چین ڕووبەڕووی دووڕیانێکی ستراتیژی دەبێتەوە لە ئەنجامی ئەم رێکەوتنە، ئەوەش بە هۆی پاراستنی ئاشتی لە نیمچە دوورگەی کۆریایە لە بەرامبەر کۆریای باکور و لە هەمان کاتدا بەرپەرچدانەوەی کاریگەرییەکانی ویکایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.