کاتێک ڕێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە لە یازدەی سێپتەمبەری ساڵی 2001 ھێرشی کردە سەر ویلایەتی نیویۆرکی ئەمریکا، جۆرج بووشی سەرۆکی ئەمریکا بۆ لەناوبردنی قاعیدە پەیامێکی ئاراستەی چیھان کرد و رایگەیاند، وڵاتانی جیھان دەبێت خۆیان یەکلایی بکەنەوە، دۆستی ئەمریکان یان دۆژمنی بژاردەی سێیەمیان نیە. وڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش چەند ساڵە ئەم سیاسەتە پەیڕەو دەکات بۆ میللەت و وڵاتانی ناوچەکە، بە ناراستەوخۆ دەڵێت یان ژێر دەستی ئێران دەبن یان دۆژمنی ئێران دەبن لە ژێر پەردەی دۆژمنایەتی زایۆنیزم کە خۆی بە گەورەترین دۆژمنی زایۆنیزم دەزانێت، ھەرکێش ملکەچی سیاسەتەکەی نەبێت بە دۆستی زایۆنیزم و موسادی دەزانێت.
لەو ناوچەی پێی دەڵێن ڕۆژھەڵاتی ناوەراست کە پڕ ئاڵوزترین و پڕ رکابەریترین ناوچەیە، قەدەری کورد وابووە جوگرافیای لەو ناوچەیە ھەڵکەوتووە کە ھیچ دۆستێکی نییە لەم ناوچەیە و لەبەرامبەردا دوژمن و نەیاری زۆرە، بەدرێژایی مێژوو تا ئێستا ھەرجارەو لە سەدە و زەمانێکدا خەڵکی دیکەی ناوچەکە ئەجێندای خۆیان بە زۆر بەسەر کوردا سەپاندووە، ھەمیشە ھەوڵی گۆڕینی ڕەچەڵەک و شوناسی کوردییان داوە قەت نەیان ھێشتووە خۆیان بن بۆ ئەوەی ئازاد و خاوەن بڕیاری سەربەخۆی خۆیان نەبن و لەژێر دەستی ئەوان بن. لە زەمانێکدا کوردی بە فارس کردووە، لە زەمانێکیش کوردی بە تورک و عەرەب کردووە، لەھەموو زەمانێکشدا وڵاتانی زڵھێزانی جیھان کورد و پرسی کوردیان قوربانی بەرژەوەندییەکانی خۆیان کردووە.
ئێستاش بە شێوازی دیکە لە ژێر ناوی دیکە دەیانەوێت ئیرادەی کورد بشکێنن بۆ ئەوەی کورد قەت ھەست بەھەبوونی خۆی نەکات و کۆیلە و ژێردەستی ئەوان بێت، پاسەوانی لە بەرژەوەندی ئەوان بکات.
لە سەدەی شازدە، «شا ئیسماعیل»ی سەفەوی پڕۆسەی بە شیعەکردنی ئێرانی بە فراوانی پراکتیزەکرد، کە زۆرینەی کوردیش سوونە مەزھەب بوون، ئەوکات بە بڕیاری شا پرۆسەی بە شیعەکردنی کورد دەسپێکرد لە دژی ئیمبراتۆریەتی عوسمانی کە سوونە مەزھەب بوون، بۆ ئەوەی ھەژموونی خۆیان زیاتربکەن لە سەر حسابی چەوساندنەوەی کورد! زیندانەکانی شا پڕبوون لەو کوردانەی کە ملکەچی ئەو بڕیارە نەبوون. لە زەمەنی تورکیای لاو و کەمالییەکان پرۆسەی بە تورک کردنی کورد پراکتیزەکرا بە فراوانی کە پێشتر ھەبوو، بەڵام بەو شێویە نا، ویستیان ناوی کورد لە ھەموو لاپەرەکانی مێژوو بسڕنەوە ناوی تورک لە شوێنی دانێن. لە زەمەنی بەعسیزم ئێراق بەچڕی ناوچە کوردنشینەکان لە کورد خاڵی دەکردو عەرەبی لە شوێن دادەنان بۆ ئەوەی بە تەواوی جوگرافیای کوردستان لە مێشکی تاکی کورد بسڕنەوە و جوگرافیای خۆیان لەسەر حسابی نەفەسی کوردەکان فراوانتر بکەن.
ئێستاش کە بەعس و شا و کەمالیییەکان نەماون، بەڵام پرۆسەیی فاشیزمی ئەوان بەردەوامە بەرامبەر بە کورد، ئەوانەی ئێستا ھەر میراتگری ئەوانن بۆ کورد، ھەرجارەو لە ژێر بەھانە و ناوێک فاشیزمی خۆیان لەسەر کورد پراکتیزە دەکەن، لە دوای پرۆسەی ئازادکرنی ئێراق لە بەعس ئێران توانی ھەموو شارەکانی باشور و ناوەراستی ئێراق پڕبکەن لە ئەجێندایی خۆیان ھەولێر نەبێت، کە ھەولێر تا ئێستا خۆی ڕاگرتووە تەسلیم و ملکەچی ئەجێندایی ئەوان نەبووە، بوویە ھەر جارەو بە بەھانەیەک دژایەتی ھەولێر دەکەن، جارێک بوودجەی دەبڕن، جارێک ئاراستەی داعش دەگۆڕن بەرەو ھەولێر، جار جاریش بە دادگای ئێراق کە ئەجێندای خۆیانە بڕیاری دژی ھەولێر دەردەکەن، ماوە بەماوەش کە پیلانی پێشتریان سەری نەگرت مووشەک و درۆن بۆ ھەولێر دەنێرن بۆ ئەوەی ھەولێریش وەکو ھەموو شارەکانی دیکە ملکەچی ئەوان بێت.
بەڵام ھەولێرنە تەسلیم دەبێت نە دەلەرزێت، مووشەکی ئەوانیش نیشانەی ترسی ئەوانە لە ھەولێر کە دەبینین ڕۆژ لە دوای رۆژ ھەولێر بەرەو پێشەوە دەچێت خۆی ناچەمێنێت نە بۆ ئەوان و ھیچ لایەکی دیکە.