بەدرێژایی ماوەی چەندان ساڵ، هەریەك لە (ئێران و تورکیا) هەوڵ و تەقەڵای ئەوەیان داوە ڕۆڵێکی پێشەنگ و سەرکردانە لە ناوچەی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگێڕن، لەم پێناوەشدا ئامرازی جیاجیایان بەکار هێناوە. بەدرێژایی ماوەی ئەم ساڵانەش، ئەم هەوڵەی ئەو دوو وڵاتە گەیشتۆتە ڕێگەیەکی داخراو و لە سنوورێکی بەرتەسکدا نەبێت، بە ئامانجەکانیان نەگەیشتوون؛ ئەمە وێڕای ئەوەی ئەم دوو وڵاتە لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا بە هێزی مامناوەند دادەنرێن و سەرچاوەی هێزی ئابووری و سەربازیی پێویستیشیان هەیە کە دەیانکاتە خاوەن شیانی بینینی ئەم ڕۆڵە. گەر بێینە سەر باسی ئێران، ئەم هەوڵە ماوەیەکی زۆر بەر لە ئێستا و لە ساڵی 1979 و دوای ڕاگەیاندنی کۆماری ئیسلامی دەستی پێکرد، پاشان سیاسەتی “هەناردەی شۆڕش”ـی پەیڕەو کرد و بیر و هزرەکانی لە وڵاتانی دراوسێ بڵاو کردەوە. دوای نزیکەی دە ساڵ دابڕانیش بەهۆی جەنگی (ئێران-ئێراق)، دووبارە دەستی دایەوە ئەم سیاسەتە و بە دوو شێوە لەڕێی بەکارهێنانی ئامرازی سەربازییەوە پشتیوانیی سیاسەتەکەی کرد؛ دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆ هاوشێوەی دەستتێوەردان لە سووریا، یاخود پشتیوانیکردنی بریکارە نێوخۆییەکان، هاوشێوەی ئەوەی لە لوبنان، ئێراق و یەمەن دەیکات. لەم حاڵەتانەشدا، دەستتێوەردانەکە نەبووە جێی قەبووڵکردنی ڕای گشتیی نێوخۆیی ئەم وڵاتانە، بەڵکوو بووە هۆکارێکی گرژی و ناسەقامگیری.
هەرچی پەیوەستیشە بە تورکیا، ئەم هەوڵە بەشێوەیەکی پلەبەندی و دوای گەیشتنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) بۆ سەر دەسەڵات بە سەرۆکایەتیی “ئەردۆغان” لە ساڵی 2002ـدا و دەرکەوتنی ئارەزووەکانی سەرکردایەتییەکەی ئاشکرا بوو، بەتایبەتی لەگەڵ هەڵگیرسانی ڕاپەڕینەکانی بەهاری عەرەبی لە کۆتاییەکانی ساڵی 2010 و پشتیوانیی سیاسی و میدیایی ئەنقەرە بۆ ڕاپەڕینەکان. دەستێوەردانەکانیشی، لە هەریەك لە سووریا، لیبیا و ئێراق و، هەوڵی دامەزراندنی بنکەیەکی سەربازی لە سوودان، شێوەیەکی سەربازیی وەرگرت. هاوشێوەی ئێران، سیاسەتی تورکیاش دووچاری بەربەستی جۆراجۆر بووەوە و بووە هۆی گرژبوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی عەرەبی. دەتوانین بەشێوەیەکی تیۆری جیاوازیی نێوان خاوەندارێتیی (ئێران و تورکیا) بۆ ئامرازانە بکەین کە توانادارییان دەکەن لە گێڕانی ڕۆڵێکی سەرکردایەتیی هەرێمی و بێتواناییان لە لە گێڕانی ئەم ڕۆڵە لەسەر ئەرزی واقیع؛ ئەوەیش لەژێر ڕۆشنایی هەلومەرجە تیۆرییەکان لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی چەمکەکانی سیستەمی هەرێمی و ڕابەرایەتیی هەرێمی. بەپێی ئەو هەلومەرجە، چەند فاکتەرێك هەن کە ژینگەی لەبار بۆ وڵاتێك دەڕەخسێنن بۆ گێڕانی ئەم ڕۆڵە، چەند فاکتەرێکی دیکەش ڕێگریی لێ دەکەن. دەکرێت لە حاڵەتی ئێران و تورکیا ئاماژە بەو چوار فاکتەرەی خوارەوە بکەین؛
1. ڕەوایەتیی ئینتیما بۆ سیستەمی هەرێمی؛ چونکە بینینی ڕۆڵی سەرکردایەتیی هەرێمی چەند مەرجێکی هەیە؛ ڕوونیی سیستەمی هەرێمی و سنوورەکانی، مەودای بەشداریی ئەو هەوڵی رۆڵی سەرکردایەتی دەدات لە ناسنامەی هاوبەشی سیستەمەکە و، چالاکیی ئەو دامەزراوانەی ئەندامەکان لەخۆ دەگرێت و کارلێك و بەرکەوتنەکانی نێوانیان ڕێكدەخات. لە حاڵەتی ناوچەی ئێمەشدا، دوو مشتومڕی ڕوون و ئاشکرا بوونی هەیە لەنێوان پشتیوانانی چەمکەکانی “سیستەمی عەرەبی” و “سیستەمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”. ڕەگی ڕێکخستنی “ڕژێمی عەرەبی” دەگەڕێتەوە بۆ دروستبوونی کۆمەڵی وڵاتانی عەرەبی لە ساڵی 1945 و دروستبوونی دەیان ڕێکخراو و یەکێتیی حکومی و تایبەتی عەرەبی بەدوایدا، کە زمانی عەرەبی و هەستکردن بە ناسنامەی کولتووریی هاوبەش کۆیان دەکاتەوە. بەپێی پێناسی ئەم سیستەمەش، هیچ یەکێك لە (ئێران و تورکیا) بە ئەندام تێیدا دانانرێن، بەڵکوو دوو وڵاتی “پەڕاوێز”ـن و لە خوارەوەی سیستەمەکەدان و مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن.
لەڕووی مێژووییشەوە دەکرێت ئەوە بگوترێت کە هەستکردن بە ناسنامەی عەرەبی لەڕووی سیاسییەوە بەرەنگاربوونەوەی ئەو سیاسەتە “بەتورککردنە”ـیە کە حیزبی ئیتیحاد و تەرەقیی فەرمانڕەوا لە دەوڵەتی عوسمانی لە دەیەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا پەیڕەوی دەکرد. لە زۆرێك لە وڵاتانی کەنداویش، هەستکردن بە سەختیی هەژموونی ئێران بارێکی قوڕس لە ماوەی دوای جەنگی جیهانیی دووەم و تەنانەت تا کاتی سەربەخۆییش. هەرچی چەمکی”سیستەمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”ـە، چەمکێکە بە سرووشتی خۆی فراوانە و وڵاتانی ئێران و تورکیا و وڵاتانی دیکەی وەك، پاکستان، ئەفغانستان دەگرێتەوە و دەبێتە “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە یان فراوان”.
سەختە ئەم چەمکە بە ئامرازی شیکردنەوەی پەیوەندییە هەرێمییەکان لە قەڵەم بدرێت، چونکە دامەزراوەی هەرێمیی هاوبەشی تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونیان نییە، ئەو ڕێکخراوانەشی کە دەتوانرێت بەم شێوەیە لە قەڵەم بدرێن، وەکوو ڕێکخراوی وڵاتانی گازیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وڵاتانی ئەورووپیی وەك ئیتاڵیا، یۆنان، قوبرسیش تێیدا ئەندامن و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپاش چاودێرن تێیدا. هاوکات دەتوانرێت وەك ناسنامە یان ئینتیما باس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێت، ئەوەیشی دەکرێت هیوای بۆ بخوازرێت بریتییە لە دروستکردنی پەیوەندیی لە نێوان هەندێ لە وڵاتانی عەرەبی و ئێران و تورکیا، بەڵام ئەم پەیوەندییانە تەنیا لە چوارچێوەی پەیوەندیی دووقۆڵی دەمێننەوە و بۆ ئاستی ڕێکخراو یان ڕێکخستنە هەرێمییەکان بەرز نابنەوە.
2. بڵابوونەوەی هێز لە سیستەمی هەرێمی؛ سەرکردایەتیی هەرێمی بەستراوەتەوە بە شێوازێکی دابەشکردنی هێز و بڵابوونەوەی لەنێوان وڵاتانی ئەندام لە سیستەمەکە، بە جۆرێك کە ئەو وڵاتەی ڕۆڵی سەرکردایەتی دەگێڕێت توانای بەرپەرچدانەوەی نەیاران و پاراستنی هاوپەیمانانی هەبێت، شێوازی ئەم دابەشبوونەش لە سیستەمە هەرێمییە جیاجیاکاندا گۆڕانکاری بەسەردا دێت. لە بەشێك لە سیستەمە هەرێمییەکاندا، شێوازێکی پلەبەندیی ئاشکرا بوونی هەیە کە وڵاتێکی دیاریکراو سەرکردایەتیی دەکات، ئەوەیش زۆرینەی کات گێڕانی ڕۆڵی سەرکردایەتی لەلایەن ئەو وڵاتەوە ئاسان دەکات. لە بەشێك لە سیستەمەکانی تریشدا، شێوازەکە؛ بریتییە لە دابەشکردنی هێز لە نێوان دوو وڵاتی سەرەکی، ئەوەیش زۆر کات سەر دەکێشێت بۆ ململانێ لە نێوان ئەو دوو وڵاتە لەسەر ڕۆڵەکانی سەرکردایەتی. لە بەشێکی دیکەی سیستەمەکان، ڕەگەزەکانی هێز بەسەر ژمارەیەك وڵات دابەش بکرێت و بڵاو بکرێتەوە، ئەوەیش زۆر کات دەبێتە هۆی ئەوەی هیچ وڵاتێك نەتوانێت بەتەنیا ڕۆڵی سەرکردایەتی ببینێت و دەبێت لەگەڵ وڵاتانی دیکە هاوپەیمانیی گرێ بدات.
لە ناوچەکەمان (ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست)، هێز لە ژمارەیەك وڵاتدا کۆ بووەتەوە، بەگشتیش، ڕەگەزەکانی هێزی ئابووری، سەربازی و هێزی نەرم بەسەر زیاتر لە وڵاتێك دابەشبووە. لە هەندێ حاڵەتدا جیاوازییەکی زۆر هەیە لە توانای مرۆیی ژمارەی دانیشتووانی وڵاتێك و قەبارەی توانا ئابووری و ڕێکخراوەییەکانی. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی سەرجەم ڕەگەزەکانی هێز لە تاکە وڵاتێکدا کەڵەکە نەبن، کە هیچ وڵاتێك ناتوانێت بە تەنیا ڕۆڵی “سەرکردەی هەرێمی” بگێڕێت و دەبێت تیشك بخاتە سەر ئەو بوار یان پرسەی کە ڕۆڵی سەرکردایەتیی خۆی تێدا دەگێڕێت، یان لەم پێناوەدا هاوپەیمانیی لەگەڵ وڵاتانی دیکە گرێ بدات. لە حاڵەتی ئێران و تورکیادا، دەبینین کە هەندێ لە وڵاتانی عەرەبی لەڕووی ژمارەی دانیشتووان، هەندێکیان لەڕووی توانا داراییەکان و هەندێکی دیکەش لە یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیدا لە سەروو ئەم دوو وڵاتەوەن.
3. قەبووڵکردنی ڕۆڵی سەرکردایەتیی ئەوانی تر؛ سەرکردایەتیی هەرێمی کارلێك و پەیوەندی لە نێوان وڵاتی ئاواتەخوازی ڕۆڵی سەرکردایەتی و وڵاتانی تری ناوچەکە لەخۆ دەگرێت، ئەم پەیوەندییەش بە خۆسەپاندن یان ڕق و کینە بەدی نایەت، بەڵکوو لەم حاڵەتەدا دەبێتە جۆرێك لە هەیمەنە یاخود داگیرکاری؛ بەڵام دەکرێت لەڕێی ڕەزامەندیی ڕای گشتیی وڵاتانی تر بەم ڕۆڵە سەرکردایەتییە بەدەست بهێنرێت.
هەندێك کات ئەم ڕەزامەندییەی وڵاتێکی تر بەهۆی پاڵنەری دەستکەوت و قازانجی ماددییەوە بەدەست دێت، وەك زیادکردنی ئاستی هاوکارییە داراییەکان، وەبەرهێنان و گواستنەوەی تەکنەلۆژیا و هتد. یاخود فەراهەمکردنی چەترێکی ئەمنی کە ئەو وڵاتە لە دەستتێوەردان و پێشێلکارییە هەرێمییەکان لە کاروبارە نێوخۆییەکەی بپارێزێت، یاخود بەهۆی ئەوەی وڵاتی ئاواتەخوازی ڕۆڵی سەرکردایەتی مۆدێلێکی سەرکەوتوو و سەرنجڕاکێش لە بواری گەشەی ئابووری و سیاسی پێشکەش دەکات و سیستەمەکەشی پلە و پێگەیەکی بەرزی بەدەست هێناوە لە شەرعییەتی سیاسی، سەقامگیریی کۆمەڵایەتی، ڕێزگرتنی پێوەرە ئەخلاقییەکانی پەیوەست بە ئازادییە گشتییەکان و ڕێزگرتنی مافەکانی مرۆڤ. بەپێی ئەم فاکتەرەش، (تورکیا و ئێران) دەرفەتێکی گەورەیان لەبەردەمدا نییە بۆ بینینی ڕۆڵی سەرکردایەتیی هەرێمی، چونکە ئەو هاریکارییە سەربازی و داراییەی ئێران پیشکەشی دەکات، بۆ بریکارە نێوخۆییەکانی خۆی لە وڵاتاندا دەچێت و مەبەست لێی بەدەستهێنانی ئامانجە هەرێمییەکانی ئێرانە. دەستێوەردانەکانیشی پێچەوانەی ئەو ئامانجە بەدەست دەهێنن کە وچانی بۆ دەدات؛ هەروەك لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنە پەڕلەمانییەکەی ئێراق لە ئۆکتۆبەری 2021 ڕوون بووەوە، کە تێیدا پارت و هێزەکانی سەر حەشدی شەعبیی لایەنگری ئێران ڕێژەیەکی زۆری دەنگەکانیان لەدەست دا، لە پێشووشدا خۆپێشاندان لە شارەکانی ئێراق ئەنجام درا و دەستتێوەردانی ئێرانیان لە کاروباری ئێراق ڕەت کردەوە.
لە وڵاتی یەمەنیش، پشتیوانیی تاران لە میلیشیای حوسییەکان سەری کێشا بۆ قەیرانێکی مرۆیی و برسییەتی و قاتوقڕییەکی ترسناك کە دووچاری ملیۆنان هاووڵاتیی گەلی یەمەن هاتەوە.
سەبارەت بە توورکیاش، سیاسەتەکانی بوونەتە هۆی هەڵکشانی گومان و هەستی دژە-تورکی. لە ئێراق، بەبێ ڕەزامەندیی دەسەڵاتدارانی ئێراق بنکەی سەربازی دروستکرد، فڕۆکە جەنگییەکانیشی بە بیانووی بوونی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، بەردەوام سنووری ئاسمانیی ئێراق و (هەرێمی کوردستان) پێشێل دەکەن. لە سووریاش، هێزەکانی تورکیا ناوچەکانی پارێزگای ئیدلیب داگیر دەکەن، کە تورکیا هەوڵی “بەتورککردن” و گۆڕینی ناسنامەکەی دەدات. لە لیبیاش، لەڕێی ناردنی ڕاوێژکاران و ڕاهێنەران و گواستنەوەی هێزە بەکرێگیراوەکانی لە سووریاوە بۆ لیبیا، دەستێوەردانی سەربازیی ڕاستەوخۆی لەو وڵاتە ئەنجام دا. سەرجەم ئەو کردەوانە بوونەتە هۆی زیادبوونی هەستکردنی عەرەب بە نیگەرانی و نەیاری بەرانبەر بە ئێران و تورکیا و گومانکردن لە نیاز و پلانەکانیان.
4. پەیوەندیی سیستەمی هەرێمی بە سیستەمی نێونەتەوەیی؛ ئەم فاکتەرە ئاماژە بۆ دوو ئاست دەکات؛ یەکەمیان بریتییە لە پەیوەندیی سیستەمی هەرێمی بە گەورەوڵاتانی جیهان، دووەمیشیان بریتییە لە پەیوەندیی ئەو وڵاتەی هەوڵی ڕۆڵی سەرکردایەتی دەدات بەو وڵاتانەی خاوەن گەورەترین هێز و هەژموونن لەنێو وڵاتانی ئەندامی سیستەمە جیهانییەکە.
لەسەر ئاستی یەکەم، هەرێمی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەوە دەناسرێتەوە کە بەهۆی نەوتەوە پەیوەندیی پتەوی لەگەڵ سیستەمی جیهانی، وڵاتی ئیسرائیل و ڕێڕەوە چالاکە نێونەتەوەییەکان بۆ هێڵەکانی گواستنەوە و گەیاندن هەیە. سەرەڕای ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سیاسەتی “ڕووکردنە ئاسیا” جێبەجی دەکات و بەهێواشی لە ناوچەکە دەکشێتەوە، بەڵام ئەم کشانەوەیە بە پلەی یەکەم دەستتێوەردانی سەربازی و بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە دەگرێتەوە، ئەوەیش لە ترسی خزانەنێو جەنگی نێوان وڵاتانی ناوچەکە، بەڵام ئەمە بە واتای دەستبەرداربوون لە بەرژەوەندییە ئابووریی و داراییە گەورەکانی ناوچەکە نایەت. لە بەرانبەریشدا، هەریەك لە چین و ڕووسیا سیاسەتێکی پڕاگماتیکیی چالاك پەیڕەو دەکەن بە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکان لەگەڵ ناوچەکە، بەبێ گوێدانە شێوەی سیستەمی فەرمانڕەوایی و هاوپەیمانییە دەرەکییەکانی. لە ئەنجامدا، بەو ڕادەیەی بەهۆی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا “بۆشایی هەیە”، وڵاتانی گەورەی دیکەش هەن کە ئامادەن ئەم بۆشاییە پڕ بکەنەوە، ئەوەیش ڕووبەڕی بەردەم ئێران و تورکیا سنووردار دەکات، جگە لەو حاڵەتەی کە ڕۆڵە هەرێمییەکانیان بۆ حیسابی یەکێك لە گەورەوڵاتان بێت.
لەسەر ئاستی دووەمیش، بوونی پەیوەندیی هاوپەیمانی لەگەڵ وڵاتانی، خاوەن زۆرترین هەیمەنە و کاریگەری لەسەر ئاستی جیهان، زەمینەی لەباری جووڵە و هەنگاونان دەڕەخسێنێت بۆ وڵاتەکە تا ڕۆڵی سەرکردایەتیی هەرێمی بگێڕێت، ئەوەیش لە حاڵەتی ئێران و تورکیا بوونی نییە. ئێران بەهۆی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، جبەخانە مووشەکی و ڕۆڵە هەرێمییەکەیەوە لەگەڵ واشنتۆن و وڵاتانی ڕۆژئاوا کەوتۆتە ناکۆکییەکی درێژخایەنەوە. تورکیاش لەلایەن خۆیەوە بەهۆی چەند پرسێکی هەرێمی و نێودەوڵەتییەوە ناکۆکیی درێژخایەنی لەگەڵ واشنتۆن و یەکێتیی ئەورووپادا هەیە. بەم شێوەیە هیچ کام لە تاران و ئەنقەرە پشتیوانیی وڵاتێکی خاوەن هەژموونی زۆر لە سیستەمی جیهانیدا نین تا بە ڕۆڵی سەرکردایەتیی هەرێمی هەڵسن.
بەکورتی، ئەو فاکتەرانەی دەرفەتی گێڕانی ڕۆڵی سەرکردایەتی لەسەر ئاستی هەرێمی بۆ وڵاتێك دەڕەخسێنن، بۆ (ئێران و تورکیا) لەئارادا نین، بەڵام ئەمە ڕێگری لەوە ناکات یەکێك لەم دوو وڵاتە لە هەلومەرجێکی دیاریکراودا بەهۆی ناهاوسەنگیی هێزی هێزی سەربازییەوە لەگەڵ لایەنەکانی تر توانای زاڵبوون و هەیمەنەیان هەبێت، هەروەك دەشتوانن پارە و چەك بەکار بهێنن بۆ دۆزینەوەی لایەنگر و بریکاری نێوخۆیی وڵاتان، ئەوەیش وەك ئامرازێك بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان.
وەرگێڕان: موحەممەد ڕەحمان