“به بۆنه‌ی ساڵوه‌گه‌ڕی کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه”
یه‌کێک له‌و خاڵه گرینگانه‌ی ئێمه له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی شین‌گێڕی و لاواندنه‌وه‌وه ده‌بێت به نیسبه‌ت هه‌ڵه‌بجه‌وه هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر بکه‌ین، پێگه و پێناسه و ده‌لاله‌تێکه که له لایه‌ن داگیرکه‌ران یان باشتر وایه بڵێم چه‌وسێنه‌ران و کۆلۆنیالیسته‌کانی کوردستانه‌وه ده‌درێت به کاره‌ساته نه‌ته‌وه‌یی و کۆییه‌کانی ئێمه‌ی کورد. خودی هه‌ڵوێست و پێناسه‌کردنی ئه‌وان له‌سه‌ر بابه‌تێکی ئاوه‌ها له ژێر ناوی کاره‌سات و کۆمه‌ڵکوژی و پاکتاوکردن و…هتد. پێناسه بکرێت له یه‌ک ئاندا ده‌رخه‌ری دوو لایه‌نه له تێڕوانینی ئه‌واندا. یه‌که‌م ئه‌وه‌ی که ئه‌وان هه‌رگیز هه‌ڵه‌بجه وه‌کوو کاره‌سات چاو لێ ناکه‌ن و نه‌یانکردووه، به‌ڵکوو وه‌کوو ڕووداوێکی ئاسایی شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی خۆیان بینیویانه و واش پێناسه‌یان کردووه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه نه‌ک به‌و مانایه‌ی که ئه‌وان نه‌زانن و باوه‌ڕیان به‌مه نه‌بێت که ئه‌و شته‌ی له هه‌ڵه‌بجه‌دا ڕووی دا کاره‌سات بووه، به‌ڵکوو تێڕوانینی ئه‌منی و ئاسایشی نیشتیمانیان ئه‌و پێناسه و ده‌لاله‌تانه دیاری ده‌کات، واته له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی سۆز و عاتیفه‌ی ئینسانییه‌وه چاو له هه‌ڵه‌بجه ده‌که‌ن، ئێرانییه‌کان هیچ کات تا ئێسته‌ش نه‌یانوتووه که سه‌دام کوردی وه‌کوو نه‌ته‌وه‌یه‌ک یان ته‌نانه‌ت ئیتنیکێکی جیاواز کۆمه‌ڵکوژ کردووه، به‌ڵکوو وتوویانه و ده‌یڵێنه‌وه که سه‌دام خه‌ڵکه‌که‌ی خۆی له هه‌ڵه‌بجه کۆمه‌ڵکوژ کرد، و ئه‌م تێڕوانینه له هه‌موو ئاسته میدیایی و مێژوویی و بیره‌وه‌رییه‌کانی جه‌نگ و گوتار و شیکاریی ڕۆشنبیرانی به‌ڕواڵه‌ت دیموکرات و سه‌ربه‌خۆشیاندا ده‌بینرێت.
ئه‌م لایه‌نه ده‌بێت له وه‌همی ئه‌وه ده‌رمان بهێنێت که چه‌وسێنه‌رانی کورد هه‌ڵه‌بجه وه‌کوو قه‌واره‌یه‌کی کوردستانی و کوردیی چاو لێ ناکه‌ن، و ده‌بێ له‌سه‌ر ئه‌مه وشیارمان بکاته‌وه که ئه‌وان له ناو کایه‌ی یاسایه‌ک هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ن و ده‌لاله‌ته ماناییه‌کانی گوتاری خۆیان به‌رهه‌م ده‌هێنن که له هه‌ر جۆره سۆزێکی مرۆیی و ده‌ره‌وه‌ستییه‌کی ئه‌خلاقی و ئینسانی به‌تاڵه، ئه‌گه‌ریش کۆمه‌ڵێک دیمه‌ن و بیره‌وه‌ریمان له یارمه‌تیدانی ئێرانییه‌کان له کاتی کیمیابارانکردن و ڕه‌ودا هه‌یه یه‌ک هۆکاری سه‌ره‌کیی هه‌بووه ئه‌ویش به‌بره‌ندکردنی کاره‌سات و پیشاندانی ڕۆڵی فریاگوزارانه‌ی نومایشیی خۆی له ئاستی میدیاکانی جیهاندا. له لایه‌نی دووهه‌مدا ئه‌م جۆره له به‌رهه‌مهێنانی مانا و دیاریکردنی ده‌لاله‌ت بناغه و جه‌وهه‌ری گوتاری دژه ئه‌ویدییه ئێرانشارییه‌کانمان بۆ ده‌رده‌خه‌ن. گوتارێک که نه‌ک ته‌نها ئه‌فغانستان و تاجیکستان و کوردستان و به‌شێک له ڕووسیا به‌ڵکوو به‌حره‌ینیش به هی خۆی ده‌زانێت و پێی وایه سه‌رده‌مێک له ژێر کۆنترۆڵی و ده‌سه‌ڵاتی پڕ لێبووردنی ئه‌وادا بوون و ئێسته له نیشتمان دابڕاون، واته به نۆستالۆژیایه‌ک ده‌ژی که هه‌ر ده‌م تووشی هیستریا و ماخۆلیایه‌کی ده‌کات، که ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی شه‌ڕی ناوچه‌یی له کاته هه‌ستیاره‌کاندا لێ بکه‌وێته‌وه پووچه‌ڵ ناکاته‌وه.
به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی که له گه‌ڵ باسکردنی نۆستالۆژیا بۆ ده‌سه‌ڵات ئێمه ناوی تورکیا و خه‌ونبینینی به ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانیمان به بیر دێته‌وه ئه‌مه بۆ ئێران و هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌کانی که تا ئێسته هاتوونه‌ته‌وه سه‌ر کار و بۆ ئێراق و هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌کانی و بۆ تورکیا و سووریاش به‌هه‌مان شێوه به ڕاست ده‌گه‌ڕێت. که‌واته هه‌ڵوێستی مه‌عریفی و سیسته‌می و گوتاری به‌رهه‌مهێنانی مانایی و دیاریکردنی ده‌لاله‌ت ئه‌م دوو لایه‌نه واته پێناسه‌یان بۆ ئێمه(ئه‌ویدی) هه‌ڵه‌بجه ده‌رده‌خه‌ن و هه‌روه‌ها پێناسه‌شیان بۆ خۆیان(خود) وه‌دیار ده‌خه‌ن. لێره‌دا ئه‌وه‌ی که گرینگه وردبوونه‌وه و دیاریکردنی ڕۆڵ و پێگه‌ی میدیا و کایه‌کانێتی. یه‌کێک له‌و پرسیارانه‌ی که ساڵانی پێشوو به حه‌ق هه‌ندێ له‌و کوردانه‌ی وا به‌شدارییان له کۆڕی ماته‌مینی و ڕێوڕه‌سمی یادکردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌دا ده‌کرد ئه‌مه بوو که ساڵانه به شێوه‌ی ڕه‌مزی تاجه‌گوڵینه بۆ سه‌ر گڵگۆی قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه ده‌برێت به‌ڵام بۆچی ئه‌م تاجه گوڵینه‌یه ته‌نها له لایه‌ن کوردانه‌وه واته کوردانی ڕؤژهه‌ڵاته‌وه ده‌نێردرێت؟. خود ئه‌م پرسیاره که پانزه ساڵ پێش ئێسته کراوه ده‌رخه‌ری ئه‌و دووفاقێتی و کایه‌یه که له ناو زاکیره و ده‌روون و خه‌یالدانی ئێرانییه‌کان واته فارسه‌کان و فارسته‌وه‌ره‌کاندا هه‌یه.
به‌ڵام ئایا وه‌ڵامێک بیستراوه تاکوو ئیسته؟ بێگومان نه‌خێر. هه‌ڵه‌بجه له باشترین حاڵه‌تیدا و له لای نووسه‌ران و شاعیران و ئه‌دیبانی به‌ناو سه‌ربه‌خۆی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئێران له پله‌ی توخمێکی ئه‌ده‌بی و ڕه‌مزێکی کاره‌ساتاویی بۆ شیعر و پله‌ن و دیمه‌نێک بۆ فیلمێکی سینه‌مایی مه‌به‌ستدار ده‌رکه‌وتووه. ئه‌مه‌ش ته‌نها بۆ ئه‌وه ناگه‌ڕێته‌وه که چون کوردن وا پشتگوێی ده‌خه‌ن و یان ده‌لاله‌تێکی تایبه‌ت و ئامانجداری بۆ گوتاری خۆیان لێ به‌رهه‌م ده‌هێنن، به‌ڵکوو هه‌ر وه‌کوو له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێدا بۆ هه‌ر ئه‌ویدییه‌ک که له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی فارسیزم و زمان و ئاڵای فارس‌دا بێت هه‌مان شته واته دژه‌ئه‌ویدیبوون و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ئه‌ویدی. ئه‌م تێڕوانینه بۆ هه‌ڵه‌بجه و باشووری کوردستان له هه‌موو ئه‌و فیلمانه به بێ جیاوازی و هه‌ڵاواردن ده‌رکه‌وتووه له‌وانه فیلمه‌کانی کانی مانگا، هێرش بۆ سه‌ر ئێچ سێ، گوڵه‌کان و گولله‌کان، ئه‌ویندار، بووکی هه‌ڵه‌بجه، حیکایه‌تی خۆشه‌ویستی و…هتد.
شتێک که په‌یوه‌سته به‌م بابه‌ته‌وه و زۆرێک له دۆستان و برا و خوشکانمان له باشووره‌وه لێیانه‌وه دیار نییه ئه‌مه‌یه که هه‌ڵه‌بجه بۆ ئه‌وان به پله‌ی یه‌که‌م شارێکی ئێراقییه و ئه‌وکاتیش که پێش شانزه‌ی سێ هاتنه ناوی ته‌نها بۆ خۆشه‌ویستی که‌ربه‌لا و نه‌جه‌ف و ڕێگایه‌ک که ده‌شیت له‌وێوه بڕواته‌وه خاکی پیرۆزی شیعه‌کان هاتوون نه‌ک ئینساندۆستی یان شتێ له‌و بابه‌ته ئه‌وانه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی فه‌جری (ده) و هاتنی سوپای پاسدارانیان بۆ ئه‌وێ به بیر بێت، ده‌زانن که سوپا له‌وه‌ێ چۆن جووڵاوه‌ته‌وه، ڕه‌نگه مه عریفه‌یه‌ک که مامۆستا “شێرکۆ بێکه‌س” پێش له یه‌ک ده‌یه زیاتر له ده‌ربه‌ندی په‌پووله‌دا به‌رهه‌می هێنابێت هێشتا زۆر قووڵتر و پڕتر و ژیرانه‌تر بێت له‌و هه‌موو شیکارییه بێناوه‌ڕۆک و ڕێوڕه‌سمه نه‌زۆکانه‌ی که له‌سه‌ر هه‌ڵه‌بجه و یادکردنه‌وه‌کانیدا به‌رهه‌م دێت. مامۆستا بێکه‌س له “ده‌ربه‌ندی په‌پووله”دا ده‌ڵێت:
له تاقه ڕاسته شه‌قامی ئه‌م له‌شه سارد و سڕه‌دا
چاوی زه‌قم بڕی بۆ پاسدارێکی ڕیش نوورانی
به‌سه‌ر منی هه‌ڵه‌بجه‌وه ئه‌گریا و
که‌چی خێرا خێراش ده‌ستی ئه‌کرد به گیرفانه‌کانیدا و له ده‌نکه مێوژی گلێنه‌کانی سنه و سابڵاخی ئه‌خوارد
ئه‌مه بوو حیکایه‌تی شانزه‌ی مارس
ئه‌مه بوو هاواری خنکاوی ئه‌م سینگه‌م…
له ڕاستیدا ئه‌م تێڕوانینه ئاوێنه‌ی باڵانوێنی نه‌ک هێزی سوپا و پاسدارانی به‌ڕواله‌ت ریش نوورانییه، به‌ڵکوو پیشانده‌ری سه‌دان ساڵ ره‌فتاری ئێرانییه‌کان له‌گه‌ڵ کورد و هه‌ر غه‌یری فارسێک بووه!.