بەبازارکردنی نەتەوە تەنها بریتی نییە لە کاری بازرگانی و ئابووری؛ بەڵکو ستراتیژییەکی بنەڕەتی کردەیی ئایدۆلۆژی سیاسییە بۆ درووستکردنی نەتەوە.
نەتەوەسازی لە سەردەمی دەوڵەتە ژێردەستەکانی ڕابردوودا ئاڵناگارییەکی قورس و کاریکی لێوانلێو بوو لە ئاستەنگ و بەربەستی جۆراوجۆر.
لێرەدا بە وردی تیشک دەخەینە سەر سێ خاڵی سەرەکی سەبارەت بە هەردوو ستراتیژی نەتەوەسازی و بەبازاڕکردنی نەتەوە، هەروەها ڕوونی دەکەینەوە بۆچی و لە چ ڕوویەکەوە سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە. لە ڕۆشنایی کەیسەکەی ووڵاتی “سورونامییەوە” ؛ تیشک دەخەینە سەر ئەوەی چۆن نەتەوەسازی و بەبازاڕکردنی نەتەوە تێکەڵبوون، چونکە ئەوەی دووەمییان ناتوانرێ جیابکرێتەوە لە نەتەوەسازی. لە ئەنجامدا، گفتوگۆی کاریگەرییەکانی ڕژێمی داگیرکاری دەکەین لەسەر کۆمەڵگە فرە چینەکان لە ڕوانگەی ستراتیژییەکانی نەتەوەسازی و بەبازاڕکردنی نەتەوەوە.
نێرمالا بادڕایزن، نوێنەری هەمیشەیی سوورونای لە ڕێکخراوی ویلایەتەکانی ئەمریکا دەڵێت:” دڵنیام لەوەی سووروونای دەبێتە نموونەیەکی دیارو هەمیشەیی لەسەر ئاستی جیهانی کولتوری دیپلۆماسی. جۆرە سیاسەتێکمان پێشکەش کردووە تیایدا دەبێتە هۆی هێنانەکایەی کۆمەڵگایەکی ئاشتیخواز و شێوازی یەکتر پەسەندکردنی کۆمەڵایەتی تیایدا بەرقەرار بێت “. ئەم ووتانە ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکی بەڵگەنامەیی ئەرشیف کراوە و مێژوو تۆماری کردووە و؛ دەرخەری ئەوەیە کە سەرچاوەکانی هێز لە کەرەستە خاوەکانەوە بۆ کەرەستە ناخاوەکان گۆڕداروان لە ڕەهەندی کاریگەرییان لەسەر دونیای سیاستەدا. تیۆرییە بوونیادگەراییەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان جەخت دەکەنەوە لەسەر گرنگی ناسنامە، ڕەگ و بنچینە، هەروەها شێوازە جیاوازەکانی هێزی نەرم. جۆسیف نای؛ بەم شێوەیە هێزی نەرم دەناسێنێت کە بریتییە لە توانا و ووزەی ووڵات لە هەمبەر بوونیدانانی ئەجێندا سیاسییەکاندا بە جۆرێک دژی بەرژەوەندی و پڕەنسیپەکانی ووڵات و لایەنی تر نەبێت. بە کورد و کرمانجی؛ ئەم جۆر هێزە کە پێی دوترێت هێزی نەرم؛ ڕاستەوخۆ پەیوەندی هەیە بە ناو و ناوبانگی ووڵاتەکە لەسەر ئاستی دەرەوە. لە کەیسی سوورونایدا، ئەو پرسیارەی کە گوایە ‘ لە ڕاستیدا ووڵاتەکە دەبێتە نموونەیەکی دیار و هەمیشەیی لە سەر ئاستی جیهانی؟ ‘ کە بادرایزین وایدەبینێت؛ شایستەی هەڵویستە لەسەر کردن و بەدواداچوونە.
دەستپێک
بوونیادنانی پایە و پێکهێنەرە سەرەکییەکانی نەتەوە وەک بەها و کۆڵەکەی سەرەکی ئەم ستراتیژییە دیپلۆماسییە ڕۆڵ دەبینێت. بەمانای ئەوەدێت سەر لەنوێ پێناسە و شیوازی نوێ بۆ نەتەوە و ئەندامانی نەتەوە بکەینەوە بۆ ئەوەی گەشە بە ووڵاتەکە بدەین بەرەو ڕووی لایەنە دەرەکییەکاندا. بوونیادنانی پایە سەرەکییەکانی نەتەوە وەک ” بوونیادنانێکی عەقڵی و لۆژیکی” درووستکردنی نەتەوە تەماشا دەکەین، کە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕێگایانەی تیایدا پێناسە نەتەوەییەکان دێنە بوون و گفتووگۆ دەکرێن. لەکاتێکدا، نەتەوەسازی بە پلەی یەکەم پەیوەندی هەیە بە پڕۆسەیەکی ناوخۆییەوە کە تیایدا گرووپ و کۆمەڵە سیاسییەکان هەوڵ دەدەن ڕێگری بکەن لە سەرهەڵدانی پێشوەختەی کەلێن و پەرتبوونە کولتووریی، نەتەوەیی، زمانەوانی یان ئایینییەکانەوە بەمەبەستی داڕشتنی ناسنامە نەتەوەییەکە، بە کاڵاکردنی نەتەوە بە پلەی یەکەم بریتییە لە بەبازاڕکردنی نەتەوە و هەروەها ڕەخساندنی زەمینەی کاری بازرگانی؛ بە جۆرێک سەرنجی وەبەرهێنەرە بیانییە گەشتیارەکانی بۆ ڕادەکێشرێت.
لە کاتێکدا، بەتایبەتی لە هەندێ دەوڵەتی بچووکدا کە توانای سەربازییان لاوازە، بە بازاڕکردنی نەتەوە و هەروەها بەرەو پێشبردنی چەند ناسنامەیەکی دیاریکراوی نەتەوەیی لە دەرەوەدا دەکرێت ببێت بە ڕێگایەکی سەرکەوتوو بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی سیاسەتە دەرەکییەکان یاخوود دانپێدانان لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە.
لەهەمانکاتتدا؛ ستراتیژییەکانی بە بازاڕکردنی نەتەوە دەکرێت کاریگەری ناوخۆییان هەبێت چونکە لەلایەن حکوومەتەوە بەگەڕ دەخرێن بۆ بەدەستهێینانی ڕێز و شکۆی زیاتر لە نێوخۆی نەتەوەدا و، هەروەها یەکگرتوویی کۆمەڵگا. باڵام گەر بێتو لە گۆشەیەکی نەرێنییەوە بڕوانین؛ ئەوا بەبازاڕکردنی نەتەوە ڕەنگە لەلایەن حکوومەتەوە بەکاربێت بۆ قەدەغەکردنی ڕەخنە لە ناوخۆدا و لاوازکردنی نەیارە سیاسییەکان.
بەشێوەیەکی ڕوونتر؛ پێکەوبەستنی سیاسەتەکانی حکوومەت بە ناسنامە و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانەوە، هەروەها شیمانەی ئەوەش هەیە کە ڕاوێژکارە سیاسییەکان فەرامۆش دەکرێن لەکاتێکدا گەر هاتوو کەسە بیانییەکان بایەخییان بە بەرژەوەندییەکانی نەتەوە نەدا.
کەواتە، پڕۆگرام و پلانەکانی نەتەوەسازی و بەبازاڕکردنی نەتەوە وەک بژاردەیەک بوونییان هەیە بۆ هەموو ووڵاتان، لێرەدا دەبێت ئاماژە بەوە بکڕیت کە دەرفەت و سوودە ناوەکییەکانی ئەم ستراتیژییانە پشت دەبەستن بە بارودۆخی مێژوویی، دیمۆگرافی، کولتووری، و هەروەها ئابووری کۆمەڵایەتی ووڵاتەکان. سەبارەت بەو ووڵاتانەی پێشتر داگیرکراو بوون، کە خاوەنی کۆمەڵگایەکی دابەش بوون بەسەر چەند چین و کۆمەڵەیەکدا، و هەروەها هەبوونی دامەزراوەی ئابووری لاواز، لێرەدا بەبازاڕکردنی نەتەوە سەرکەوتوو ترە – تەنانەت ڕەنگە پەیڕەوکردنیشی پیویست بێت، نەک تەنها لەبەر پەرەپێدانی زیاتری ووڵاتەکە بەڵکو لەبەر هێنانەکایەی ئازادیی سیاسی و هەروەها سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ناسنامە نەتەوەییەکان.
لەلایەکی ترەوە، لەم جۆرە بارودۆخانەدا؛ دەرفەتەکان بۆ نەتەوەسازی و درووستکردنی پایە سەرەکییەکانی نەتەوە تا ڕادەیەک سنووردارە، بەهۆی نەبوونی پاشخانی مێژوویی بۆ ناسنامە و ناوبانگێکی نەتەوەیی هاوبەش. سەرباری ئەمەش، دەرفەتەکانی بەبازاڕکردنی نەتەوە بەهەمان شێوە سنووردارە و دووچاری ئاستەنگ دەبێتەوە؛ کاتێک ووڵاتێک پلان و ئامادەسازییەکی دیاریکراو و تایبەتی نەبێت بۆ وەبەرهێن و گەشتیارەکان، لە ئەنجامدا؛ ئەم جۆرە کۆمەڵگایانە هەردوو جۆرە ستراتیژییەکەی نەتەوەسازی و بەبازاڕکرنی نەتەوەی تیدا بەکاربهێنرێت؛ بەڵام لە ئەگەری جێبەجێکردنیاندا؛ دڵنیایی سەرکەوتنی نادرێت. بۆیە ئەنجامەکەی ڕەنگە بریتیبێت لە هاتنە کایەی چەند بارودۆخێکی بەردەوامی نەخوازراو.
بۆ ئەوەی ڕوون ببێتەوە کە چۆن ئەم دەرفەت و ئاتسەنگانە لە مەیدانی پڕاکتیکدا بەرجەستە دەبن، ئەوا تیشک دەخەینە سەر سیاسەت و ستراتیژی نەتەوەسازی و بەبازاڕکردنی نەتەوە؛ لەکاتی سەرهەڵدانی چەند بارودۆخێکی نەویستراودا. بۆ نموونە؛ ووڵاتی سوورونای. لە کۆماری ئەمریکای باشوور کە ڕێژەی دانیشتوانەکەی بریتییەلە ٥٩٠٠٠٠ کەس، لە ماوەی ئەم چەند دەیەی ڕابردوودا، چەندین دەستپێشخەری و پلانی پێشوەختە دەربارەی نەتەوەسازی و بەبازاڕکردنی نەتەوە پێشکەشکران، بەڵام بەهۆی هاتنەکایەی بارودۆخە نەخوازراو و پڕ ئاریشە ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییە دژیەکەکانی ناوخۆی ووڵاتەوە؛ نەچونە مەیدانی پڕاکتیک و جێەجێکردنەوە.
وەک ناوچەیەیەکی کشتوکاڵی داگیرکراوی ژێردەستەی هۆڵندییەکان کە لەسالی ١٩٧٥دا سەربەخۆییان وەرگرت، دانیشتوانی سوورونای لە چەند کۆمەڵەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتی و کولتوری پێکدێن کە لە ڕابردوودا و لە چەند کاتێکی جیاوازدا لەلایەن داگیرکارە هۆڵەندییەکانەوە هێنراون بۆ ئەم ناوچەیەیە تا لە کێڵگە کشتووکاڵییەکاندا کاربکەن. لە ئێستادا، گەورەترین چینی دانیشتوانی سورونای بریتیین لە ئەفریقی سورونایی، هیندییە بەریتانییەکان یان هیندۆسەکان، هەروەها جاڤانییەکان.
بە پەیڕەوکردنی ستراتیژی سیاسەتی (پەرتکە و زاڵبە)، هۆڵندا هەستا بە درووستکردنی چەند دامەزراوەیەکی جیاوازی کۆمەڵایەتی و کولتوری بۆ هەر یەکێ لە چینی کۆمەڵایەتی یان گرووپە کولتوورییەکان لە ووڵاتە داگیرکراوەکەی ژێردەستی، ئەمەش هۆکاری سەرهەڵنەدانی نەتەوەیەکی یەکگرتوو بوو. لەقۆناغە سەرەتاییەکانی بزووتنەوە نەتەوەییە شارستانییەکانی ئەفریقیی-سورووناییەکاندا، ژمارەیەک لە کۆمەڵەکان بە ڕێکخستنێکی بەهێز و تۆکمەوە بەرەوە ووڵاتی ڕەسەنی خۆیان هەنگاوییان دەنا نەک لە پێناو سوروونایدا. سەرباری ئەمەش، زۆرێک لەم گرووپانە لە ڕاستیدا دەیان ویست لە ڕێگەی پەیوەندییەکی بەردەوامی نیمچە ژێردەستەییەوە کاربکەن لە پێناو گەشتن بە ئامانجی ئازادیی ئابووریی-سیاسیی و کۆمەڵایەتیی-کولتوورییەکاندا. لە ماوەی بەدەستهێنانی سەربەخۆییدا لە ساڵی ١٩٧٥دا، کاتێک نزیکەی یەک لەسەر سێی دانیشتوان بەهۆی نیوزلەندییەکانەوە کۆچییان کرد، هەروەها پەیوەندییەکی ئاڵۆز و ناجێگیر لەگەڵ نیوزەلەندییەکاندا هاتە کایەوە، لەگەڵ ئەوەی نزیکەی ٣٥٠٠٠٠ کەس لە دانیشتوانی سوروونای لە ژیانێکی ناهەموار و گوزەران سەختدا دەژیان، هەروەها هەڵکشان و داکشانی بەردەوامی ئابووری؛ وەک ئاستەنگێکی گەورە وەستایەوە لە بەردەم هەوڵەکان بۆ نەخشاندنی ناسنامەی نەتەوەیی سورووناییەکان. لەم شیکارییەدا، تیشک دەخەینە سەر ناچوونییەکی و ئاڵنگاڕییەکانی نێوان نەتەوەسازی و بەبازاڕکردنی نەتەوە، هەروەها ئەزموونە سەرکەوتووەکانی بەرێوەبردن و، ژیانی ڕاستەقینەی ڕۆژانەی سیاسی و کۆمەڵایەتی سوروونای.
نەتەوەسازی و بەبازاڕکردنی نەتەوە
پڕۆسەی نەتەوەسازی واتە بوونیادنانی نەتەوە، یان لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە درووست بکرێت، یاخوود بۆ نموونە هەر کۆمەڵگەیەک بە دوای خوولیای سەربەخۆیی سیاسییەوە بێت. لەکاتێکدا، دانیشتوانی هەندێ دەوڵەتی وەک (چین، ئەڵمانیا) هەر لە بنەڕەتەوە خاوەنی ناسنامەیەکی بەهێزی نەتەوەیین لە پێش سەرهەڵدانی دەوڵەتە مۆدێرنەکانی سەردەمی نوێ، بەلام لە هەندێ دەوڵەتی تردا، وەک ( فەڕەنسا، ئیتاڵیا ) سیستەمی دەوڵەتی ناوەندی ( مەرکەزی ) لە پێش هاتنە کایەی ناسنامەی نەتەوەییەوە سەری هەڵداوە و، بەوهۆیەوە گرووپ و پارتە سیاسییەکان ناچاربوون پەرە بە ستراتیژییەتی نەتەوەسازی بدەن.
بەهۆی ئەوەی دەبنە بەربەست لەبەردەم دروستبوونی ناسنامەی نەتەوەیی، نەتەوەسازی ئامانجی ئەوەیە ڕۆڵ و پێگەی ئەو گرووپ کۆمەڵە زمانەوانی، ئایینی و کۆمەڵایەتییانە کەم بکاتەوە کە پێشوەخت درووست بوون و وەک ئاستەنگێک دەبینرێن لەبەردەم ناسنامەی نەتەوەییدا. نەتەوەسازی لە چەند جۆر و شێوازێکدا وێنا دەکرێت؛ لەوانە سیاسەت و پڕۆگرامە پەروەردەییەکان یان پەرەسەندنە سەرەکییەکانی ژێرخانی دامەزراوەکان کە بەهۆکاری گەشەسەندنی ئابووری و هێنانەکایەی سەقامگیری سیاسی دادەنرێن. “بێنیدیت ئەندرسۆن” لە بەرهەمە ناوازەکەیدا بەناوی (Imagined Communities) باسی لە گرنگی ڕۆڵی میدیای بینراو لە بوونیادنانی کۆمەڵگا و نەتەوەسازیدا لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی وێنە و بابەتەکانی دیکەی میدیاوە. نەک تەنها بەهەوڵی ناسیۆنالیستەکان بەڵکو لە ڕێگای گەشەسەندنی تۆڕەکانی پەیوەندیکردنەوە؛ هەنگاوەکانی بوونیادنانی نەتەوە دەچێتە مەیدانی پڕاکتیکەوە. پەرەسەندنی هۆیەکانی میدیای بینراو و تۆڕەکانی پەیوەندیکردن، لەوانەش فیلم و تەلڤزیۆن وهەروەها فروانبوونی مەیدانی بەکارهێنانی ئینتەرنێت و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبووک، هۆکاری سەرەکین لە فراوانکردنی ڕۆڵی میدیا لە بوونیادنانی پایەکانی نەتەوە و هەروەها بەبازاڕکردنی نەتەوەشدا، لە دواتریشدا زیاتر ڕوونی دەکەینەوە. لێرەدا گرنگە ئاماژە بەوە بدەین، بوونیادنانی نەتەوە دەوڵەتیکی دیموکراسی و دەستاودەست هەوڵ دەدات بۆ پێکەوە هێشتنەوەی خەلک بەیەکگرتوویی لە نێو ووڵاتەکەدا؛ کە دەبێتە هۆی هێشتنەوەی ووڵاتەکە بە بەها و گرنگی سیاسی و هەروەها سەقامگیربوونی بۆماوەیەکی درێژخایەن.
گرووپە سیاسییە دەستەڵادارەکان؛ لە هەنگاوەکانیاندا بۆ بوونیدانانی پایەکانی نەتەوە چەندین ستراتیژی جۆراوجۆر دەخەنەڕوو. لەو تاکتیکانەش کە کورتخایەن یان زۆرجار ( ڕووکەشییانە) ن ئەمانە لە خۆ دەگرێت؛ درووستکردنی ئاڵای نەتەوەیی، سروودی نیشتیمانی، پشووەکان، یان یانە وەرزشییەکان. بێگومان، ئەم ئامڕازانەی ناساندن دەتوانن هەستی ناسنامەی نەتەوەیی و یەکگرتوویی بەهێز بکەن، بەڵام هەروەکو خۆیان ئاماژەیان پێکردووە؛ لە ئامانجەکە دوور دەکەونەوە؛ گەر هاتوو ئاستی هەستی نەتەوەیی لەنێو خوودی ئەندامانی نەتەوەدا لە ئاستێکی لاواز یان کەمدا بوو، واتە دەبێت بەو پەڕی هەستی نەتەوایەتییەوە تێبکۆشن.
نەتەوەسازی و بوونیادنانی پایەسەرەکییەکانی نەتەوە؛ لە ڕاستیدا بە پڕۆسەیەکی دوورمەودا و تێکۆشانێکی پڕ کێشمەکێش و لێوانلێو لە ئاڵنگاری سەخت و گران دادەنرێت و، هەروەها پێویست بە وردەکاری و داڕشتنی ستراتیژی بنەڕەتی و پێکهاتەیی دەبێت. پلان و سیاسەتەکانی نەتەوەسازی بەگشتی تیشکدەخەنە سەر سێکتەری پەروەردە وەک میکانیزمێکی سەرەکی، بۆ ئەوەی نەوەی نوی فێری زمانی دایکییان ببن و، وە خاوەن تێڕوانینێکی درووستی نەتەوەییانە بن بۆ مێژووی نەتەوەکەیان، هەروەها دیدگا و بۆچوونێکی هاوبەشی نەتەوەییانەیان هەبێت بۆ پاڵەوانە نەتەوەیی و سامانە کولتورییەکان. هەرچەندە؛ ئەم جۆرە سیاسەت و تیۆرییانە لە ماوەیەکی دیاریکراوی نزیکدا کاریگەرییەکی ڕوون و دیاریکراویان نابێت، بەڵام ئەزموونی مێژوویی ووڵاتێکی وەک فەڕەنسا؛ دەرخەری ئەو ڕاستیە یە کە کاریگەرییە درێژاخایەنەکەیان نابێت بەکەم تەماشا بکرێت. لێرەدا، ڕۆڵی ئەرێنی و سەرکەوتووی پارتە سیاسییەکان دەردەکەوێت لە هێانەکایەی گۆڕانکاری لە نێو گرووپ و کۆمەڵە جیاوازە کۆمەڵایەتی، زمانەوانی و، ئایینییەکاندا بەرەو نەتەوەیەکی کەم تا زۆر یەکگرتووی یەکهەڵویست.
نەتەوەسازی لە سەردەمی دەوڵەتە ژێردەستەکانی ڕابردوودا ئاڵناگارییەکی قورس و کاریکی لێوانلێو بوو لە ئاستەنگ و بەربەستی جۆراوجۆر، بەتایبەتیش لەو ناوچانەی کە بە پلەی یەکەم لەلایەن ڕژێمی داگیرکارەوە بەکاردەهێنران بۆ دەرهێنانی سامانە سرووشتییەکان یان بردنی سوود و سامانە ئابوورییەکانی ئەو ناوچانە. لە ناوچە ژێردەستەکانی (کاریبییان)دا، تیایدا داگیرکارە ئەوروپییەکان نزیکەی زۆربەی دانیشتوانی ئەو ناوچانەیان قڕ کرد و تەنانەت نەوەی دواتری ئەو ناوچەیە بریتیبوون لەو ئەفریقییانەی کە بە کۆیلەکرابوون، نەبوونی دانیشتوانێکی ڕەسەنی خاوەن ئاداب و کولتووری رەسەنی بەهێزی خۆیان گەورەترین ئاستەنگ و بەربەستە لەبەردەم هەر دامەزراوەیەکدا کە هەوڵی گەشەسەندنی ناسنامەی نەتەوەیی بدات. سەرباری ئەمانەش، هەندێک لە ووڵاتەکانی (کاریبییان) دا؛ لەوانەش گوویانا، ترینیداد، تۆباگۆ و، هەروەها سورونای؛ دانیشتوانی ئەم وولاتانە پێکهاتوون لە دانیشتوانێکی فرە کوولتوری و هەروەها خاوەنی چەندین عادات و کولتوری کۆمەڵایەتی؛ بەهۆی ئەو زنجیرە کۆچە بەزۆرە ملێیەی کە لە چەند ناوچەیەکی جیهانەوە بۆ ناوچەکە کراوە.
هاوشێوەی کۆمەڵگە فرەنەتەوەییەکانی ئەفریقا و ئاسیا، داگیرکارە خاوەن دەسەڵاتەکان؛ ئەو ناوچانەی ژێر دەستییان لە ڕێگەی کۆکردنەوەی چەند نەتەوەیەکی جیاواز لە ناوچەکانی ژێردەستییاندا؛ توانییان بە ئاسانی لە ڕێگای سیاسەتی (پەرتکە و زاڵبە)ەوە فەرمانڕەواییان بکەن. لە ئەنجامی سڕینەوەی مۆرکی نەتەوەیی و کولتووری ئەو نەتەوانە و، کەمی کەسانی خاوەن بیر و بۆچوونی سەربەخۆ و ئازاد، هەروەها هەبوونی چەند نەتەوەیەکی خاوەن کولتوور و عاداتی جیاواز، ئەم ووڵاتانەی کاریبییان یەكێکن لە هەرە لاوازترین ووڵاتەکان بۆ بەدەستهێنانی سیاسەت و پلانی نەتەوەسازی سەرکەوتوو. چونکە کاریبییان و سورونای پێکهاتوون لە چەند نەتەوەیەکی جیاواز و فرە کولتوور؛ بەم هۆیەشەوە؛ زۆربەی جار دووچاری هەڕەشە و ئاستەنگی ناهەموار و ترسناک بوونەتەوە. هەوڵەکانی سوروونای لەهەمەبر نەتەوەسازیدا؛ هێشتا بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارەوەیە کە چۆن ناسنامەیەکی درووست و گونجاو و هاوتا بە ناسنامە نەتەوەییە کۆمەڵایەتییەی سورونای بێت؛ ئەمەش کارێکی پڕاوپڕە لە کێشمەکێش و ئاستەنگی، هۆکەشی بۆ ئەو جیاوازییە فراوانە نا سرووشتی و زۆرەملێیە دەگەڕێتەوە کە لە ووڵاتەکەدا درووستکراوە.
لەکاتێکدا؛ توێژینەوە لەسەر نەتەوەسازی مێژوویەکی دێرینی هەیە، بەڵام بە پێچەوانەوە توێژینەوەی زانستی لەسەر بەبازاڕکردنی نەتەوە هەنگاوێکی نوێیە و جیاوازییەکی بەرچاویشییان لە نێواندایە بەهۆی پەیوەندی بیردۆز و تیۆرە جیاوازەکانەوە بە هەردوو بابەتەکەوە. نادیا کانیڤا؛ ئەم جۆرە توێژینەوانەی بۆ سێ بەش دابەش کردووە، ئەوانیش:
تەکنیکی-ئابووری، سیاسی و کولتووری. سایمۆن ئانهۆڵت بە ناسراوترین نووسەر دادەنرێت لە بەشی یەکەمدا.
سایمۆن تیشک دەخاتەسەر ڕەهەندە ئابووری و شکڵە کێبڕکێکانی ژینگەی سیاسەتی بەبازاڕکردنی نەتەوە. لە ڕەهەندە سیاسییەکەیەوە، بەبازاڕکردنی نەتەوە زیاتر ئامڕازیکی ڕیکلامکردن و ناساندنە، بەتایبەتی بۆ ئەو نەتەوە بچووکانەی کە هیچ ڕۆڵێکییان لە هاوکێشە سیاسییە نێودەوڵەتییەکاندا نییە؛ بۆ نموونە وەک سوروونای، بەمەبەستی بەهێزکردنی ئاستی نێودەوڵەتی خۆی، بەتایبەتیش لە بواری ئابووری و دارایی. دەزگا هەواڵی و سەرچاوە بڵاوکەرەوەکان؛ بیردۆز و شێوازە کولتوورییەکان بەکاردێنن، کەبەشێوەیەکی گرنگ و ڕەخنەگرانە لە کاریگەرییە پێشبینی کراوەکانی بەبازاڕکردنی نەتەوە لەسەر پەیوەندی هێزی ئابووری کۆمەڵایەتی، ناسنامەی نەتەوەیی، هەروەها بۆچوون و تێڕوانینەکان دەربارەی نەتەوە؛ دەکۆڵێتەوە.
لە هاوێنەی ئەم سی بەشەوە دەڕوانینە بەبازاڕکردنی نەتەوە؛ کە وەک چەند پڕۆگرام و چەند هەنگاوێکی پراکتیکی و پشتئەستوور بە ڕەهەندە یەکتر تەواوکەرییەکانی ئابووری، کولتووری و سیاسییەوە. هەروەکو لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا؛ نەتەوەکان لە دێر زەمانەوە لە ڕێگای ئاڵا یان سروودە نەتەوەییەکانەوە بانگەوازی بوونی خۆیان ڕاگەیاندووە، بەڵام بەکارهێنانی تەکنیکە بازرگانی و ئابوورییەکان بۆ گەشتن بە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان؛ دیاردەیەکی نوێ و جیهانییە. “سوو کێری جانسۆن”؛ ئاماژە بەوە دەکات کە بەبازاڕکردنی نەتەوە ژینگە مەدەنی و سیڤیلییەکەی بۆ ژینگەیەکی بازرگانی گواستوەتەوە. دەوڵەت هەڵدەستێت بە دامەزراندنی شارەزا بازرگانییەکان بەمەبستی وەرگرنتی ڕاوێژکاری و ئامۆژگارییان دەربارەی ئەوەی چۆن وێنەیەکی سەرنجڕاکێش و ناسراو بوونیادبنێن و بیفرۆشن؛ نەک تەنها لەدەرەوە بەڵکو لە ناوخۆشدا. لە کەمپینە بازرگانییەکانیاندا؛ پارتە سیاسییەکان وێنە، بەرهەم، شوێنەگشتییە ناسراوەکان، تەنانەت هەندێ جاریش کەسایەتییە ناسراوە نێودەوڵەتییەکانیان بەکاردەهێنا بەمەبەستی بەبازاڕکردنی کاڵاکەی خۆیان (ووڵاتەکەیان). کەواتە کاراکتەرە حکوومی و ناحکوومییەکان پێکەوە کار دەکەن بۆ دووبارە بوونیادنانەوەی ووڵاتەکە، بۆ سەرلەنوێ بووژاندنەوەی سێکتەری ئابووری بە بەرزکردنەوەی ئاستی گەشتیاری و، وەبەرهێنانی نیودەوڵەتی، هەروەها گەشەسەندنی ئاستی بازرگانی لەگەڵ بوونیادنان یان پەرەدان بە ناو و ناوبانگی ووڵاتەکە لە سەر ئاستی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.
کەواتە، هەردوو ستراتیژییەکە ڕۆڵ و پێگەی گرنگی خۆیان هەیە، ستراتیژی بەبازاڕکردن ئامڕازێکە بۆ هێنانەکایەی شکۆی تاک وناوبانگی نەتەوە لە نەتەوەکەدا، سەرباری ئەمانەش؛ ئەم ستارتیژییە نەیاری ئاشکرای ناوخۆیی خۆی هەیە. ئەمەش لە کاتێکدایە کاتێک کە ستراتیژی بەبازاڕکردنی نەتەوە وادەردەکەوێت کە نزیک یان هاوتای نەتەوەسازی بێت؛ چونکە لە هەردوو ستراتیژییەکەدا هێما و هەست و نەستەکان بەشە سەرەکییەکانی پاکێجەکەن وەک نەتەوە. بە واتایەکی تر، بەبازارکردنی نەتەوە تەنها بریتی نییە لە کاری بازرگانی و ئابووری؛ بەڵکو ستراتیژییەکی بنەڕەتی کردەیی ئایدۆلۆژی سیاسییە بۆ درووستکردنی نەتەوە. لە ستراتیژی بەبازاڕکردنی نەتەوەدا ئەم جۆرە بۆچوون و تێڕوانینانە بەستران بە بەرژەوەندییە بازرگانییەکانەوە.
هەروەکو پێشتر ئاماژەمان پێکرد؛ لە ڕوانگەی سیاسەتە ناوخۆییەکانەوە، ستراتیژییەکانی بەبازاڕکردنی نەتەوە و نەتەوەسازی دەکرێت بەمەبەستی بێهێزکردنی نەیارە سیاسییەکان یان کپکردنی دەنگە ناڕەزاییەکانی دژ بە ڕژیمی سیاسی؛ بەکاربهێنرێن. بۆیە کارێکی ئاسایی یان ڕێکەوت نییە کاتێک دەبینین کە زۆریک لەدەوڵەتەکانی دوای سەردەمی داگیرکاری کۆڵۆنیاڵیزم دەستییان گرتووە بەسەر سیستەمە سیاسەییاکندا کە لەلایەن سەرکردە کاریزما سەربەخۆکانەوە بەڕێوەدەبرێن لە دوای سەردەمی بەدەستهێنانی سەربەخۆییەوە، تیایدا فەرمانڕەواییان پەلیهاویشت بەرەو زوڵم و زۆرداری، گەندەڵی، بەهۆی مانەوەیان لە کورسی دەسەڵات زیاتر لەوەی کە یاسا بۆی دیاریکردبوون. بۆیە ئەم سەرکردانە هەریەکەو بە ئاستێکی جیاواز سەرکەوتوو بوون لە درووستکردنی هەستی هاوبەشی نەتەوایەتی لە نیو دانیشتوانەکانیاندا، هەر لەو پێناوەشدا؛ باجێکی گەورە و گران بەخشرا لە ڕوانگەی پلوڕالیزمی سیاسییەوە.
بەهەمان شێوەی نەتەوەسازی؛ هێڵی نێوان بەبازاڕکردنی نەتەوە و پرۆپاگەندە هێڵێکی تەواو لێک نزیکە و پەیوەندییەکی هاوتەریبییان پێکەوە هەیە. لەبەر ئەم هۆکارە؛ ستراتیژی بەبازاڕکردنی نەتەوە ڕەنگە ئاڕاستە بکرێت بۆ ناوەند و جەماوەری بیانی؛ کەمەبەستی سەرەکی تیایدا ئامانجە ئابوورییەکانە؛ بەڵام لەناوخۆدا بۆ کۆکردنەوە ی پاڵپشتی و بەهێزکردنی پارتە دەسەڵات دارەکان؛ ئاڕاستە دەکرێت.
لە ئینگلیزییەوە/ نەورەس غەریب
ژێدەر/ semanticscholar.org