سه‌باره‌ت به پێناسه‌ی چه‌مكی ئاسایش، ده‌گوترێت: “بریتییه له‌و توانایه‌ی كه واده‌كات ده‌وڵه‌ت سه‌رچاوه‌كانی هێزی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی خۆی پێ مسۆگه‌ر بكات. ئیتر توانای ئابوری بێت یان سه‌ربازی. توانا له‌هه‌موو بواره‌كاندا، به‌جۆرێك بتوانێت به‌ره‌نگاری ئه‌و هه‌ڕه‌شانه ببێته‌وه كه‌له‌ناوخۆو ده‌ره‌وه‌دا یه‌خه‌ی ده‌گرن. هاوكات پێویسته تواناكه به‌رده‌وام و مسۆگه‌ربێت له‌ئێستاو داهاتوودا، تاكو ئامانجه پلان بۆدانراوه‌كان مسۆگه‌ر ده‌كرێن”.
له‌م پێناسه‌یه‌وه ده‌كرێت به‌گوشراوی چه‌مكه‌كه شی بكه‌ینه‌وه‌و، ئاماژه به‌ئاست و ڕه‌هه‌نده‌كانی بكه‌ین، به‌م شێوازه‌ی لای خواره‌وه:
ئاستی یه‌كه‌م: چه‌مكی ئاسایش و ئاسته‌كانی
ئاسایش چوار ئاستی هه‌یه: ئاستی تاكه‌كه‌سی، واته تاكه‌كه‌س پارێزراوبێت له‌هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك له‌سه‌ر گیانی یان موڵك و ماڵ و خێزانی. ئاسایشی نیشتمانی، دژی هه‌ر جۆره هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك كه له‌ناوخۆ و ده‌ره‌وه بكرێته سه‌ر قه‌واره‌ی ده‌وڵه‌ت. ئه‌وه‌ش زۆرجار به”ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی” ده‌ناسێنرێت. ئاسایشی هه‌رێمایه‌تی، به‌كۆبوونه‌وه‌و ڕێككه‌وتنی چه‌ند ده‌وڵه‌تێك ده‌بێت بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك له‌سه‌ریان. ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی”جیهانی”ش هه‌یه، كه ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی وه‌ك”نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان”ئه‌ركی فه‌راهه‌مكردنی له‌سه‌ر ئاستی جیهان له‌ئه‌ستۆ ده‌گرن.
به‌هۆی ئاڵوگۆڕه‌كانی جیهانیشه‌وه، ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی به‌دوو قۆناغی گرنگدا تێپه‌ڕیوه: له‌قۆناغی یه‌كه‌مدا له دیدێكی ستراتیژی به‌رته‌سكه‌وه سه‌یری ده‌كرا، پێیان وابوو ته‌نها بریتییه له‌به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هێرشی سه‌ربازی ڕاسته‌وخۆ و پارێزگاری كردن له‌سه‌ربه‌خۆیی وڵات.
به‌ڵام له‌قۆناغی دووه‌مدا، ئه‌وه بووبه ئه‌ركی ده‌وڵه‌ت كه‌له‌ڕووه‌كانی سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگییه‌وه، هاوڵاتییه‌كانی بپارێزێت و ئاسایشیان دابین بكات له‌دژی هه‌ر مه‌ترسیه‌ك كه به‌هۆی كرانه‌وه‌ی جیهانه‌وه دروست ده‌بێت له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه لۆكاڵییه‌كان.
له‌به‌ر ڕۆشنایی كۆتایی هاتنی سه‌رده‌می گۆشه‌گیری نێوده‌وڵه‌تیدا، واته هاتنه پێشه‌وه‌ی مۆدیلی جیهانگیریی، په‌یتاپه‌یتا سه‌روه‌ری ده‌وڵه‌ت پاشه‌كشه‌ی كرد‌و، پانتایی سه‌ربه‌خۆیی وڵاتان كه‌م بووه‌وه، كه‌م بوونه‌وه‌كه‌ش له‌به‌رژه‌وه‌ندی زلهێزه جیهانییه‌كان بوو، چونكه چه‌ندین جۆری بڕیار هاتنه پێشه‌وه كه به‌هاوبه‌شی له‌نێوان ده‌سته‌ڵاتی لۆكاڵی و ده‌سته‌ڵاتی ده‌ره‌وه‌دا ده‌رده‌كرێن كه‌خۆیان له ڕێكخراوه جیهانییه‌كاندا ده‌بیننه‌وه. به‌مانایه‌كی تر، هه‌ندێ بڕیار”وه‌ك بڕیاره ئابورییه‌كان” ته‌نها له‌ده‌ستی ده‌سته‌ڵاتی ناوخۆییدا نین، به‌ڵكو چه‌ندین ڕێكخراوی جیهانیش تیایاندا به‌شدارن وه‌ك: بانكی نێوده‌وڵه‌تی، سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی، ڕێكخراوی بازرگانی جیهانی. هه‌ر به‌ته‌نها ئه‌و به‌شدارییه، كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاستی سه‌ربه‌خۆیی وڵاتانه.
به‌م جۆره ڕووبه‌ری ده‌ستوه‌ردانی بیانییه‌كان له‌كاروباری وڵاتاندا، به‌هۆی جیهانگیرییه‌وه له‌هه‌موو سه‌رده‌مه‌كانی تر زیاتربوو. ته‌نها یه‌ك وێنه‌یشی نیه، به‌ڵكو ده‌ستتێوه‌ردانه‌كه به‌چه‌ندین وێنه‌و شێواز خۆی ده‌نوێنێت. هه‌روه‌ها سه‌رده‌مه‌كه وایكرد ڕێگه بدرێت به ڕۆڵی جیاجیا بۆ هه‌ندێك ڕه‌وتی كۆمه‌ڵایه‌تی وفیكری جیاواز و ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی. جگه‌له‌وانه‌ش، دیارده‌ی تیرۆر، كه‌له‌چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوودا به‌به‌ربڵاوی سه‌ری هه‌ڵدا، بووبه‌هۆی ئه‌وه‌ی چه‌مكی ئاسایش گۆڕانكاری به‌سه‌ردا بێت. به‌جۆرێك چه‌مكی ئاسایش بۆ ده‌وڵه‌تێكی وه‌كو ئه‌مریكا، ته‌واوی گۆی زه‌وی ده‌گرێته‌وه.
ئاستی دووه‌م: ڕه‌هه‌نده‌كانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی
چه‌مكی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی به‌كارده‌هێنرێت بۆ كۆی ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی كه‌ده‌گیرێنه به‌ر بۆ مسۆگه‌ركردنی سه‌لامه‌تی سنوره‌كانیی ده‌وڵه‌ت و به‌رگری كردن له ده‌ستكه‌وته‌كانی له‌دژی دوژمنه‌كانی. ئیتر دوژمنه‌كان له‌ده‌ره‌وه‌بن یان له‌ناوخۆ سنوری وڵاته‌كه‌دا، به‌ڵام له‌چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوودا، چه‌مكه‌كه فراوان بووه‌و چه‌ندین پرسی له‌خۆ گرتووه كه‌مه‌رج نیه ڕه‌هه‌ندی سه‌ربازی یان ته‌ناهییان له‌خۆ گرتبێت. وه‌ك ئه‌و سیاسه‌ت وڕێوشوێنه ئابوری و فه‌رهه‌نگی و كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی كه‌ده‌وڵه‌ت پێره‌ویان ده‌كات. ئه‌مه‌ش له‌دوای ئه‌وه‌هات كه سه‌لمێنرا چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی دروست بوون كه‌مه‌رج نیه هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌كی بن. به‌ڵكو ناوخۆیین، وه‌ك جیاوازی چینایه‌تی و خراپ دابه‌شكردنی داهات و نه‌بوونی دادگه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی. ئه‌مه‌ش مانای وایه كه ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی چه‌ند ڕه‌هه‌ندێكی هه‌یه:
یه‌كه‌م: ڕه‌هه‌ندی سیاسیی
یه‌كه‌م ڕه‌هه‌ند بریتییه له‌پارێزگاری كردن له‌قه‌واره‌ی ده‌وڵه‌ت. ئه‌مه‌ش دووبه‌شه، ناوخۆیی و ده‌ره‌كی.له‌ئاستی ناوخۆدا ئاسایشی ده‌وله‌ت به‌وه فه‌راهه‌م ده‌كرێت كه ڕیزی ناوخۆیی خه‌ڵك پته‌وبێت. ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رقه‌راربێت. هه‌رچی ئاستی ده‌ره‌وه‌یشه، به‌وه ده‌بێت ڕاده‌ی چاوتێبڕینی هێزه ده‌ره‌كییه‌كان و زلهێزه‌كان بۆ وڵاته‌كه و سامانه‌كانی وڵاته‌كه مه‌زنده بكرێت به‌شێوه‌یه‌كی زانستی ورد. هه‌روه‌ها ڕاده‌ی گونجانی به‌رژه‌وه‌ندی وسیاسه‌تی وڵاته‌كه له‌گه‌ڵ هێزه ده‌ره‌كییه‌كاندا پێوانه بكرێت. لێره‌دا ژماره‌یه‌ك پڕنسیپی ستراتیژی دێنه پێشه‌وه كه ئه‌وان دیاری ده‌كه‌ن كامه كاری له‌پێشینه‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییه.
دووه‌م: ڕه‌هه‌ندی ئابوری
مه‌به‌ست لێی ڕه‌خساندنی هه‌لومه‌رجی له‌باره بۆ ئه‌وه‌ی پێداویستییه‌كانی گه‌ل دابین بكرێت، ڕێگه‌ی خۆشگوزه‌رانی و پێشكه‌وتن بۆ خه‌ڵك ده‌سته‌به‌ر بكرێت. ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، باڵاترین ستراتیژی نیشتمانییه كه بایه‌خ ده‌دات به گه‌شه‌پێدان و به‌كارهێنانی هه‌موو تواناكانی ده‌وڵه‌ت بۆ گه‌یشتن به‌ئامانجه سیاسییه‌كان. به‌م پێیه‌ش، گه‌شه‌ی ئابوری و پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژی، دوو میكانیزمی هه‌ره كارا‌و یه‌كلایی كه‌ره‌وه‌ن بۆ مسۆگه‌ركردنی به‌رژه‌وه‌ندییه ته‌ناهییه‌كانی ده‌وله‌ت و دروستكردنی هێزێكی ستراتیژی سڵه‌مێنه‌ره‌وه بۆ ده‌وڵه‌ت.
سێیه‌م: ڕه‌هه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی
مه‌به‌ست لێی دابینكردنی ئاسایشێكی وایه بۆ هاوڵاتی كه ببێته هۆی زیاتر بوونی ئینتیمای هاوڵاتی بۆ نیشتمان. چونكه به‌بێ هه‌بوونی دادگه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌وڵدان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی جیاوازی نێوان چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه، بێگومان ئاسایشی نیشتمانی ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه. ئه‌م ڕه‌هه‌نده په‌یوه‌ندی توندوتۆڵی هه‌یه له‌گه‌ڵ یه‌كڕیزی نیشتمانیدا، واته یه‌كڕابوونی هاوڵاتیان له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی و ئامانجه‌كانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و كۆبوونه‌وه‌یان له‌ده‌وری سه‌ركردایه‌تی سیاسی. به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه، زیادبوونی ڕێژه‌ی ئه‌و هاوڵاتییانه‌ی كه‌له ژێر هێڵی هه‌ژارییه‌وه ده‌ژین، یاخود هه‌بوونی سته‌می كۆمه‌ڵایه‌تی، بێگومان هه‌ڕه‌شه‌ی ڕاسته‌قینه له‌سه‌ر ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی دروست ده‌كات. نه‌خاسمه له‌كاتێكدا كێشه‌كانی بێكاری و نیشته‌جێبوون و ته‌ندروستی و فێركردن و بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی قه‌به‌و گه‌وره‌بن.
چواره‌م: ڕه‌هه‌ندی سه‌ربازی
داخوازییه‌كانی به‌رگری و ئاسایش و شكۆی هه‌رێمایه‌تی ده‌وڵه‌ت، له‌ڕێگه‌ی دامه‌زراندن و دروستكردنی هێزێكی سه‌ربازی تۆكمه و به‌تواناوه ده‌سته‌به‌ر ده‌كرێت كه توانای هه‌بێت هاوسه‌نگی ستراتیژی سه‌ربازی به‌رپا بكات و، له‌ئاستی هه‌رێمایه‌تیدا دوژمنه‌كان بسڵه‌مێنێته‌وه. پێویسته ئه‌و هێزه له‌حاڵه‌تی ئاماده‌باشی به‌رده‌وامدا بێت بۆ پارێزگاری كردن له‌سنوره‌كان و قووڵایی ده‌وڵه‌ته‌كه.
هێزی سه‌ربازی سه‌ره‌كیترین میكانیزمه بۆ پشتیوانی كردن له‌سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت. هه‌ر ئه‌و هێزه‌یشه كه ڕۆڵی سه‌ركردایه‌تی كردن بۆ ده‌وڵه‌ت دیاری ده‌كات. ئه‌م ڕه‌هه‌نده په‌لده‌هاوێت بۆ ئاماده‌كردنی ده‌وله‌ت و گه‌ل پێكه‌وه تاكو له‌كاتی جه‌نگدا پشتیوانی له‌هێزی جه‌نگیی ده‌وڵه‌ت بكه‌ن، له‌كاتی ئاشتیشدا كاربكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هۆكاره‌كانی سڵه‌ماندنه‌وه‌ی دوژمنان ده‌ستخۆ بخه‌ن.
پێنجه‌م: ڕه‌هه‌ندی فه‌رهه‌نگی
ڕۆڵی فه‌رهه‌نگ زۆر گرنگه له‌پشت ئه‌ستوركردنی نیشتمان و نه‌ته‌وه‌دا، له‌كاتێكدا جیهانگیری هاتۆته پێشه‌وه‌و، ململانێی شارستانیه‌ته‌كان له‌ترۆپكدایه. ئه‌گه‌ر ئه‌م چه‌مكه به‌شێوه‌یه‌كی گشتگیر وه‌رگرین، به‌جۆرێك فیكر و فه‌رهه‌نگ و میدیا و هونه‌ر و وێژه بگرێته‌وه، ئه‌وا ده‌ڵێین، ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی یانی: بواردان به‌گه‌ل تاكو سیسته‌می به‌هاتایبه‌ته‌كانی خۆی له‌سه‌ر خاكی سه‌ربه‌خۆی خۆی پیاده بكات”.
له‌به‌رانبه‌ر ئه‌م فره ڕه‌هه‌ندییه‌دا، ده‌توانین بڵێین: ئامانجی سه‌ره‌كی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی جه‌خت كردنه‌وه‌یه له‌به‌های مرۆڤ. چونكه بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری كۆڵه‌كه‌ی سه‌ره‌كی ئاسایشه. ئه‌گه‌رچی هێزی سه‌ربازی گرنگه، به‌ڵام هێزی ئابوری و به‌شی تاك له‌داهاتی نه‌ته‌وه‌یی، ئاستی گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵگه، سیسته‌می سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی باو، ئاستی گه‌شه، هاوسه‌نگی نێوان خه‌رجی و داهاتی ده‌وڵه‌ت، دیاریكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی ده‌وڵه‌ت له‌ناوخۆو ده‌ره‌وه‌دا، هه‌موو ئه‌وانه ڕۆڵی گرنگیان له تۆكمه‌كردنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییدا هه‌یه.