مەبەستی ئەم باسە لێکۆڵینەوەیە لە چۆنێتیی ئیدارەدان و مامەڵەکردنی بەریتانیایە بۆ ناسیۆنالیزمی کوردی لە ویلایەتی مووسڵ لە ماوەی ساڵانی ١٩١٨ – ١٩٢٦دا.
* تێبینیی وەرگێڕ:
١- زەینەب ئەریکانلی یاریدەدەری پرۆفیسۆرە لە زانکۆ ی گەڵەتەسەرای لە ئەستەمبووڵ و تویژەر و مامۆستای سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە لەو زانکۆیە. دوو بڕوانامەی ماستەری لە ساڵانی ٢٠٠١ و ٢٠٠٢ لەم بوارەدا هەیە و ساڵی ٢٠١٦ هەر لەم بوارەدا بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێناوە. ساڵی ٢٠١٠ ئەم باسە بەپێز و زانستییەی لە سەر مەسەلەی کورد و مەسەلە مێژووییەکانی ویلایەتی مووسڵ بڵاوکردووەتەوە، لەو دەمەدا کەوا کەمێک کرانەوەی سیاسیی هاتبووە ئاراوە لە تورکیادا بە ئاڕاستەی جۆرە چارەسەرێک بۆ مەسەلەی کورد. ئەمەش بەڵگەیە کەوا لەو وڵاتەدا هەموو تورکێک ناسیۆنالیستێکی پەڕگر و توندڕەو نیە و پێموایە ئەم توێژەرە گەنجە تورکە یەکێک بێت لەوانە و نموونەی زۆری تری لەم چەشنە پێشتر و ئێستاش هەن.
٢- لە خوێندنەوەی ئەم باسەدا هەندێ وشە و دەستەواژە دەبێنرێن کە تێرمینۆلۆجی و زاراوەی بەکارهاتووی سەردەمی خۆی بوون وەک ئەمانەی خوارەوە:
•ناوچە یان خاکی داگیرکراو Occupied territory تێرمێکی یاسای نێودەوڵەتییە بۆ ئێراق (یان هەر وڵاتێکی تر) لە کاتی جەنگی جیهانیی یەکەمدا و دواتر تا ساڵی ١٩٢١، ئیدارەدانی ڕاستەوخۆ لەلایەن بەریتانیاوە بوو. ئەم تێرمە بە مانا یاساییەکەی لە ساڵی ٢٠٠٣شدا هاتە ئاراوە کاتێ ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ ماوەیەک ڕاستەوخۆ جڵەوی حوکم و ئیدارەدانیان لە ئێراقدا گرتەئەستۆ.
•میسۆپۆتامیا Mesopotamia، جاران لە ئەدەبیات و نووسینی بەریتانی و نێودەوڵەتیدا بەم وڵاتەی ئێستای ئێراق دەوترا میسۆپۆتامیا، کە وشەکە رەگێکی یۆنانیی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژگاری گەشت و تێپەڕینی زینۆفۆنی یۆنانی بەم وڵاتەدا و بە مانای وڵاتی نێوان دوو ڕووبار دێت و بێجگە لە ئێستای ئێراق ناوچەکانی حەوزی هەردوو ڕووباری دیجلە و فوراتیشی دەگرتەوە لە ئێستای سووریا و تورکیادا. بەڵام بەزۆری تێرمەکە بۆ ئێستای ئێراق بەکاردەهێنرا.
•کەرت، بەش، هەرێم یان ناوچە division ، لە کاتی داگیرکردن و حوکمی ڕاستەوخۆی بەریتانیا بۆ ئەم وڵاتەی میسۆپۆتامیا (ئێراقی دواتر)، لە کاتی جەنگی جیهانیی یەکەم و دواتردا، هەر یەکەیەکی ئیداری کە ئەفسەرێکی سیاسیی بەریتانی حوکمی دەکرد بە ناوی کەرت و بەشەوە division دەناسرا، وەک کەرتی بەسرە، ناسرییە، کەرکووک، سلێمانی، هەولێر، مووسڵ تاد. ئەم کەرت و بەشانەش دواتر بوون بە بناغە بۆ دروستکردنی یەکە ئیدارییەکانی ئێراقی دوای ١٩٢١، کە لیواکانیان دەسنیشان کرد، بەڵام هەندێک بەش یان کەرتی سەربەخۆ لێکدران وەک حاڵەتەکەی کەرتی خانەقین کە لەگەڵ باقووبە لەیەکیاندا و لیوای دیالەیان لێدروستکرد.
•کوردستانی باشوور یان باشووری کوردستان Southern Kurdistan: دەستەواژە یان تێرمێک بوو لە ئەدەبیات و نووسراوە نێودەوڵەتییەکاندا و بەتایبەتی لای بەریتانییەکان بۆ ئەو بەشەی کوردستانی عوسمانییان بەکاردەهێنا کە دەکەوتە خوار ویلایەتی دیاربەکرەوە و دواتر بەشی زۆری خرایە سەر دەوڵەتە تازەکەی ئێراق، پاش ئەوەی لە کۆنگرەی مارتی ١٩٢١دا بەریتانییەکان بڕیاریان لە سەردا.
کورتەیەک
مەبەستی ئەم باسە لێکۆڵینەوەیە لە چۆنێتیی ئیدارەدان و مامەڵەکردنی بەریتانیایە بۆ ناسیۆنالیزمی کوردی لە ویلایەتی مووسڵ١ لە ماوەی ساڵانی ١٩١٨ – ١٩٢٦دا، کاتێ کە هەردوک ناسیۆنالیزمی کوردی و دەوڵەت – نەتەوەی (یان دەوڵەتی نەتەوەیی) ئێراق لە قۆناخی دروستبوون و پێکهاتنیاندا بوون (ئەگەر نەشڵێین قۆناخی ساوایی. لەم مەسەلەیەدا دوو ئارگومێنتی تێکهەڵکێش و بەیەکەوە گرێدراو هەیە: یەکەم، سیاسەتەکانی بەریتانیاش لە ماوەی دوای جەنگی جیهانیی یەکەمدا هەر لە قۆناخی فۆرمەلە و پێکهاتندا بوو لەمیانەی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی جیۆپۆڵەتیک و نەخشەکێشانەوەی سنوور کە نیزام یان ئۆردەری نێودەوڵەتیی نوێ پێویستیی پێیانە. دووەم، ناسیۆنالیزمی کوردی لە ویلایەتی مووسڵدا بەپێی تێڕوانینی سیاسەتەکانی بەریتانی پەرەیسەندووە و بووە بە کارتێکی براوە و تەحەدایەکیش بۆ دانیشتووانە کوردەکە. من مشتومڕ لە سەر ئەوە دەکەم کەوا ئەم دووفاقییە بووە بە مۆرک و کاراکتەری سەرەکیی ناسیۆنالیزمی کوردی لە شکڵبەندیی داهاتوویدا لە ئێراقدا بەتایبەتی و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەگشتی. ئەم دوالیزمە ئەنجامی ڕاستەوخۆی سیاسەتەکانی بەریتانیا بوو لە قۆناخی دوای جەنگی جیهانیی یەکەمدا و مۆری فرەیی و گۆڕانکاریی گەورەی پێوەنا بە هۆی ئەو دوودڵی و گومانانەی قۆناخی دوای جەنگ هێنابوویە ئاراوە و پێویستیی خۆگونجاندن لەگەڵ سەرەتا نوێکانی سیستەمی نوێی جیهانی و کێبڕکێی نێوان ئیدارەکاندا inter – departmental . ئەم فرەیی و لادان و چاوبەستییە لە پرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەتی ئێراقدا دەرکەوت، بەتایبەتی لە پێش چارەسەر و بەلاداخستنی مەسەلەی مووسڵدا، ئەو ویلایەتە کۆنەی دەوڵەتی عوسمانی کە ژمارەیەکی زۆر و بەرچاوی دانیشتووانی کوردی لەخۆدەگرت. بە واتایەکی تر، ئەوە ویلایەتی مووسڵ بوو لەم ماوەیەدا (١٩١٨ – ١٩٢٦) کە سەرلەنوێ سیاسەتەکانی بەریتانیای سەردەمی پاش جەنگی جیهانیی یەکەمی داڕشتەوە بە هەموو هەڵبەز و دابەزەکانیەوە.
پێشەکی
ماوەی پاش جەنگی جیهانیی یەکەم هەڵوەشانەوەی نەمسا – هەنگاریا و عوسمانیی بەخۆوە بینی و هەروەها بەدوایشیدا گواستنەوەیەک لە قەوارەی زل و قەبەی فرە نەتەوە و رەگەزەوە بۆ قەوارەکانی دەوڵەتی نەتەوەیی. لە دۆخ و سیاقی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەم گواستنەوەیە، لە نێو ژمارەیەکی زۆری گۆڕانکاریی تردا، ئەوەشی گرتەوە کە نەخشەی ناوچەکە وادانرا کە سەرلەنوێ بە پێی بناغە و پرەنسیپی نەتەوەکان، بە سنووری تاڕادەیەک وشک و ڕەق و ئەمەش بە ڕادەیەکی گەورە نامۆ بوو بە هەرێم و ناوچە ئیسلامییەکان. لەم سیاقەدا ناسیۆنالیزمی کوردی تەحەدایەکی گەورەی پێکهێنا بۆ هەردوو هێزی ماندێت (واتە فەرەنسا و بەریتانیا) کە دەبوو سیاسەتەکانی خۆیان بگونجێنن لەگەڵ سیستەمی نێودەوڵەتیی نوێدا، کە مۆرکی بڕیاردان لە مافی چارەنووس و دەوڵەتانی تازە دامەزراوی لەخۆگرتبوو (بۆ نموونە تورکیا، سووریای ژێر ماندێتی فەرەنسا و فەلەستین و ئێراقی ژێر ماندێتی بەریتانیا).
هەڵبەت تایبەتمەندیی ناسیۆنالیزمی کوردی یان بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد، کە بەرەنجامی ڕاستەوخۆی هەرەسهێنانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بوو و بەرەنجامی هیچ جەنگێکی سەربەخۆیی نەبوو دژ بە داگیرکردن و مەسەلەی بەرهەڵستیی کۆڵۆنیالیزمیش نەبوو، بەڵکوو ئەنجامێکی ڕاستەوخۆ و تەحەدایەک بوو بۆ ئەو دەوڵەتە نەتەوەییانەی تازە دروستکرابوون یان دامەزرابوون. لەو دۆخ و سیاقەدا کەوا کۆمەڵگەی کوردی نیشتەجێی خاک و ناوچەکانی کۆنی عوسمانی کە ئێستا بوون بە دەوڵەتی جیاجیای ژێر ماندێت (ئینتیداب)، ناسیۆنالیزمی کوردی وەک جووڵانەوەیەک پەرەیسەند بە ئامانجی یەکخستنی خەڵکە پەرتکراو و دابەشبووەکەی لە ناو یەک دەوڵەتی نەتەوەییدا. بەم پێیە، دەوڵەتی نەتەوەیی نەک هەر نەبوو بە شانۆی ململانێی کورد بەڵکوو بوو بە مەسەلە هەرە سەرەکییەکەی و پرۆسەی چارەسەری “کێشەی مووسڵ” بەرجەستە و گەڵالەکردنی مەسەلە سەرەکییەکان بوو لەم ماوەیەدا کە مایەی نیگەرانی و دڵەڕاوکێ بوو. لە کۆتایی جەنگی جیهانیی یەکەمدا “هێشتا ڕوون نەبوو کەوا مووسڵ دەبێتە بەشێک لە ئێراق”٢. بەم مانایە بێت، ئەوە “مەسەلەی مووسڵ، خاڵی کێشە و ناکۆکی بووە لەبارەی هێڵی پوخت و تەواوی سنووری نێوان تورکیا و ئێراق بووە (واتە) لەبارەی خاوەندارێتیی ویلایەتی مووسڵەوە”٣. بە مانایەکی فراوانتر، ئەمە پرسێکی “سنوور و خاوەندارێتی” بووە لە ناو سیستەمی نوێی دەوڵەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەوەی کە ئەم پرسیارەی هێناوەتە پێشەوە ڕەتکردنەوەی پەیماننامەی سیڤەرە کە ساڵی ١٩٢٠ لە نێوان وڵاتانی هاوپەیمان و ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا ئیمزا کراوە و لەلایەن کۆماری تورکیاوە، کە تازە دامەزرابوو، ئەم پەیماننامەیە٤ هەرگیز وەرنەگیرا و ساڵی ١٩٢٣ پەیماننامەی لۆزان جێیگرتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بڕینەوەی پەیماننامەی ئاشتی ناکۆکییەکانی لەبارەی مووسڵەوە چارەسەر نەکرد و ئەمەش هاوکار بوو لە پەرەسەندنی مەسەلەیەکی تردا، کە ئەویش کێشەی کوردە لە ئێراقدا.
تێگەیشتن لە شێوازی بەریتانیا بۆ بەڕیوەبردنی مەسەلەی ناسیۆنالیزمی کوردی لە ویلایەتی مووسڵ لە ماوەی ساڵانی ١٩١٨ – ١٩٢٦دا٥، کاتێ کە هەردوک ناسیۆنالیزمی کوردی و بنیاتنانی دەوڵەتی ئێراق لە قۆناخی پێکهاتندا بوون، ئەگەر نەشڵێین قۆناخی ساوایی، کە ئەمەش هاوکارە لە ڕوونبوونەوەی پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی کوردی، وەک دیاردەیەکی نوێ، بێجگە لە تایبەتمەندیشی. یەکەمی دوو ئارگومێنتەکەی من ئەوەیە کە سیاسەتە نوێکانی بەریتانیا لە ماوەی دوای جەنگی جیهانیی یەکەمدا دیسان ئەمانیش لە قۆناخی دروستبووندا بوو، چونکە لە ناو مەسەلەی سەرلەنوێ داڕشتنەوە و نەخشەکێشانەوەی جیۆپۆڵەتیک و سنووردا بوون کە زەڕوورەتی سیستەمی نێودەوڵەتیی نوێ هێنابوونیە کایەوە. دووەم ئارگومێنتم ئەوەیە کەوا ناسیۆنالیزمی کوردی لە ویلایەتی مووسڵدا لە نێو ئاوێزە و لە چاوی سیاسەتەکانی بەریتانیاوە پەرەیسەندووە و گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، کەوا کارتێکی براوە و تەحەدایەکی پێکهێنابوو بۆ دانیشتووانی کورد. ئەم دوالیزمە، کە ئەنجامێکی ڕاستەوخۆی سیاسەتەکانی بەریتانیا بوو لە ماوەی دوای جەنگی جیهانیی یەکەمدا، بوو بە مۆرکی سەرەکیی ناسیۆنالیزمی کوردی لە پێکهاتنی دامەزراوە و دەزگاکانی داهاتوودا و لە ئێراق بە شێوەیەکی تایبەتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی گشتی. بە ڕۆڵی خۆیشیان سیاسەتەکانی بەریتانیا لەم ماوەیەدا مۆرکی فرەیی و گۆڕانکاریی گەورەیان بەخۆیانەوە بینی، بە هۆکاری ئەو دڵنیانەبوونەی کە لە ماوەی دوای جەنگی جیهانیی یەکەمدا هاتبووە ئاراوە، وەک پێویستیی خۆگونجاندن لەگەڵ سەرەتا و پرەنسیپە نوێکانی سیستەمی جیهانی و کێبڕکێی نێوان ئیدارەکاندا. ئەم فرەیی و دابەشبوونە لە پرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەتی ئێراقدا، بەتایبەتی لە پێش چارەسەری کێشەی مووسڵدا، واتە ئەو ویلایەتە کۆنەی عوسمانیدا کە ژمارەیەکی گەورەی دانیشتووانی کورد لەخۆ دەگرێت. بە واتایەکی تر، سەرلەنوێ داڕشتنەوەی چوارچێوەی سیاسەتەکانی بەریتانیا لە پاش جەنگی جیهانیی یەکەمەوە، بە هەموو هەڵبەز و دابەزەکانیەوە لەو ماوەیە و ناوچەکەدا لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.
ئەم نووسینە لەبەر هۆکاری بەجێ، بەنیاز نیە سەرکۆنەی بەریتانییەکان بکات لەبەر ئەوەی خیانەتیان لە بەڵێنەکانیان کردووە، بەڵکوو ڕێبازەکەی ئیلی کەدووری دەگرێتەبەر کاتێ دەنووسێت کەوا: “سیاسەتی دەوڵەتێک لەبەرانبەر دەوڵەتێکی تردا لە باشترین حاڵەتدا شتێکە گۆڕانکاری تێدا خراپە. ئەوە خەیاڵێکە لە گەرمەی فشاری لەناکاوی کارەکاندا و بە پێی سروشتی مەسەلەکە پێویستە پەنا بباتە بەر نەزانی و نەگونجان و بەدحاڵیبوون. پەیڕەویکردنی ڕێباز و سیاسەت کە گرنگی بە شتەکان نەدات وەکو خۆیان و وا ئاڕاستە بکرێن کە ئیمتیاز و بەرژەوەندیی مسۆگەر بەدەستبێنن”٦. لە ڕووی سیاسیشەوە کارێکی نەگونجاوە لە وەڵامدانەوەی دۆخی دوای جەنگدا٧ و هەروەها ئیلهامیشی لە چواردە بەندەکەی ویڵسن وەرگرتووە، کەوا کوردەکان “کرۆکی کێشەی مووسڵ بوون”٨ و ڕۆڵێکی گرنگیان بینیوە لە پرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەتدا لە ماوەی ساڵانی ١٩٢٠کاندا. شیاوی باسە کەوا هەرچەندە جۆشدان و مۆبیلیزەکردنێکی بەرچاوی کورد هەبوو لە ئەنەدۆڵدا Anatolia لە ماوەی ئەو کێشە یان مەسەلەیەدا و شیکردنەوە و لەسەروەستانی سنووری ئەم نووسینە تێدەپەڕێنێت، لەبەرئەوە بەدیاریکراوی سەرنجی باسەکەم دەخەمە سەر سیاسەتی بەریتانیا لە میسۆپۆتامیادا Mesopotamiaو پەیوەندیی نێوان بەریتانییەکان و کورد شیدەکەمەوە لەم چوارچێوەیەدا.
بۆ سەلماندنی بەڵگە و ئارگومێنتەکانم، لەپاڵ تاوتوێکردنی ئەدەبیاتی پەیوەندیداردا، پشکنین لەو کەرەستە ئەرشیفییە بەریتانییەدا دەکەم کە لە ئەرشیفی نیشتمانیدا هەن و بە (ئۆفیسی تۆمارە گشتییەکانیش ناودەبرێت Public Record Office – PRO) لە لەندەن و ئەرشیفی ناوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستEast Center Archives (MECA) Middle لە ئۆکسفۆرد. ئەم کەرەستانە کۆمەڵێکی بەرفراوانی ئەو بەڵگەنامانە دەگرێتەوە کە تایبەتن بەو دامودەزگا سەرەکییانەی بەشدار بوون لە لەشکرکێشی و ئۆپەراسیۆنی هەردوک میسۆپۆتامیا و کێشەی مووسڵدا (وەک وەزارەتی دەرەوە Foreign Office، وەزارەتی کۆڵۆنییەکان Colonial Office، هێزی ئاسمانیی شاهانەی (بەریتانی) Royal Air Force و دواجاریش بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست Middle East Department کە لە چوارچێوەی وەزارەتی کۆڵۆنییەکاندا دروستکرا بۆ داڕشتنی سیاسەتێکی زیاتر هەماهەنگ و چڕ کە تایبەت بێت بە میسۆپۆتامیا). بێجگە لەوەش، بەتایبەتی نامە و نووسراوکاریی کەسایەتییە زۆر گرنگەکانی ئەو سەردەمە بەکاردێنم وەک (لۆرد کێرزۆن، لۆید جۆرج، سێر پێرسی کۆکس، لۆرد هاردینگ، لۆرد رۆبەرت سێسڵ، سێر ئەرنۆڵد ت. ویڵسن، تی. ئی. لۆرەنس، گێرتڕوود بێڵ و سێر هوبەرت یۆنگ) و راپۆرتەکانی هەواڵگریی حکوومەتی بەریتانی، کە جیاوازیی ڕاوبۆچوونی کاربەدەست و بەرپرسە (مەدەنی و سەربازییەکان) و دەزگا و دامەزراوەکان و سیاسەتمەداران لە لەندەن و مووسڵ و (هەروەها قاهیرە و هندستان) دەردەخات.
داگیرکردنی میسۆپۆتامیا لەلایەن بەریتانیاوە، ١٩١٤ – ١٩١٨
تا جەنگی جیهانیی یەکەمیش، چاوتێبڕینی سەرەکیی بەریتانییەکان لە باشووری ئاسیادا کەنداوی فارس بوو، چونکە ئەمەیان “دڵی کایەی هندستانی پێکدەهێنا و حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی هندستان ڕیگە و ڕاڕەوی بازرگانیی بەریتانییان دەپاراست و ئاگربەسێکی دەریاییان بە سەر کەنداودا سەپاندبوو”٩. کارەکە بە چالاکییەکانی کۆمپانیای بەریتانیی هندستانی ڕۆژهەڵات British East India Company دەستیپێکرد، بەتایبەتی ئەو ڕێککەوتننامە بازرگانییەی کەوا کۆمپانییەکە لەگەڵ شای ئێراندا کردی و بەمە ساڵ بە ساڵ کاریگەری و دەسەڵاتی بەریتانیا لە کەنداوی فارسدا زیادی دەکرد١٠. ئەم دەسەڵات و کاریگەرییە لە ڕێگەی هەردوک بازرگانانی بەریتانی و دەسەڵاتی دەریایی بەریتانییەوە تەشەنەی کرد. بە گوێرەی قسەکانی گوێخان چەتینسایا بێت، “هەر لە ساڵانی ١٨٣٠کانەوە بەریتانییەکان تەواوی کاریگەریی ئەوروپییەکانیان بۆ خۆیان قۆرخ کردبوو لە میسۆپۆتامیا و ناوچە دەراوسێکانی دوورگەی عەرەبی و کەنداودا”١١. چەتینسایا چالاکییەکانی بەریتانییەکان لەو سەردەمەدا بەم شێوەیەی خوارەوە باس دەکات:
“کەشتییە جەنگییەکانی بەریتانیا بە ڕێکوپێکی پاسەوانییان لە کەنداودا ئەنجامدەدا، کەوا گەلێ شێخنشینی ناوچەیی تێدابوو، کەوا ڕێککەوتننامەی پارێزگارییان لەگەڵ نوێنەرانی حکوومەتی هندستانی بەریتانیدا مۆرکردبوو. بەشێکی گەورەی بازرگانیی کەنداو لەگەڵ هندستانی بەریتانیدا دەکرا و کەشتییەکانی بەریتانیا و هندستانی بەریتانی هەژموونیان بە سەر بارە بازرگانییەکانی کەنداودا هەبوو و کۆمپانیای لینچی بەریتانیش ئیمتیازی هاتوچۆی بەدەستهێنابوو لە ئاوەکانی هەردوو ڕووباری فورات و دیجلەدا. لە ساڵی ١٨٦٢وە خزمەتگوزارییەکی پۆستەی بەریتانی کەوتبووەکار لە نێوان [میسۆپۆتامیا] و هندستاندا و هێڵی تەلگرافی بەریتانیش بەغدای بە هندستان و ئەستەمبووڵ و تارانەوە دەبەست. هەروەها زیارەتکاران و قوتابییانی هندستانی بەریتانیاش کە دەهاتنە مەزارە شیعییەکانی باشووری ئێراق ئەو ڕیگەیەیان بەکاردەهێنا کە کاریگەری و هەژموونی بەریتانیای بەسەرەوەبوو”١٢.
هەردوک ڕێککەوتننامەی سایکس – پیکۆ لە مایسی ١٩١٦دا١٣ و نامە و نووسراوی نێوان حوسەین – مەکماهۆن ئەوەیان سەلماندووە کە چۆن خاوەندارێتی، یان بەلایکەمەوە، کۆنترۆڵکردنی میسۆپۆتامیا وەک مەسەلەیەکی گرنگی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە لەقەڵەمدەدرا و ئەم گرنگییەش بە شێوەیەکی گەورەتر و بەرچاوتر دەرکەوت لە کاتی جەنگدا. لەڕاستیدا، ڕێککەوتننامەی سایکس – پیکۆ و نامە و نووسراوکاریی مەکماهۆن ئەنجامی گەشەکردنی بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا و ئەو مەترسییانەی ئاسایش بوو کە جەنگ هێنانیە ئاراوە. بێگومان لەگەڵ تەشەنەکردنی شەڕ و ململانێ و گەشەکردنی بەرژەوەندییەکانی بەریتانیادا “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو بە بەشێکی تەواوکەر و دانەبڕاوی هەریەک لە سیستەمەکانی ئیمپراتۆریی بەریتانی و هندی”١٤.
لەم دۆخ و سیاقەدا، میسۆپۆتامیا جێی خۆی کردەوە لە ناو ئەجێندای بەریتانیدا، وەک ئەنجام و لێکەوتەیەکی پەیوەندی و بەستنەوەی دوور و درێژی هندستانی بەریتانی لەگەڵ کەنداوی فارسدا١٥. بەو جۆرە، داهاتووی میسۆپۆتامیا بوو بە تەوەری بایەخی حکوومەتی هندستان.
رۆبەرت جەی. بلیپ تێبینیی ئەوە دەکات کەوا “ئاڵۆزیی هێجگار گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پاش ساڵی ١٩١٤ زنجیرەیەک کێشەی بۆ بڕیاربەدەستانی سیاسیی بەریتانی دروستکردووە لە هندستاندا، کە تەحەدای کایەی ئۆپەراسیۆنەکانی چواردەوری حکوومەتی هندستانی کرد و هەل و دەرفەتی نوێی دایە”١٦. تێکشکاندنی متمانە و قەناعەتەکانی سەدەی نۆزدەی ڕۆژئاوای ئاسیا و هەرەسهێنانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و دەرکەوتنی ئیمپراتۆرییەتی ئەڵمانی وەک هێزێکی کۆڵۆنیاڵیی نوێ و گیرۆدەبوونی ئیمپراتۆرییەتی ڕووسی بەدەست باری بێسەروبەری و ئاژاوەوە و سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی عەرەبی و فارسی، بە شێوەیەکی ڕادیکاڵی پەیوەندییەکانی ئەوروپای لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گۆڕی١٧. ئەو سەردەمە وای بۆ بەریتانیای مەزن گەیاند کە پێگەی خۆی بەهێز بکات و بەتایبەتی لە کەنداوی فارسدا. تا ئێرە و هەر کە لەشکرکێشیی لە میسۆپۆتامیا دەستیپێکرد، بەریتانییەکان هەوڵەکانی خۆیان چڕکردەوە بۆ دەستەبەرکردن و پاراستنی هەژموونی خۆیان لە نیمچە دوورگەی عەرەبیدا، لە هەردوو بواری دیپلۆماسی و سەربازیدا و بەتایبەتی لە ساڵی ١٩١٦وە. لەگەڵ ئەوەشدا، پەیوەست بە میسۆپۆتامیا تەنها دەبوو باس لە سیاسەتێکی بەریتانیی دیاریکراو بکەین. وەک کەدووری Kedourie مشتومڕ یان ئارگومێنتی لە سەر دەکات کەوا “لە سەرەتای جەنگدا، سیاسەتێک درێژخایەن نەبوو سەبارەت بە میسۆپۆتامیا و هێزێکی ئیستیتڵاعی لە هندستانەوە هەندێ ئامانجی زۆر سنوورداری جێبەجێ دەکرد، کە بۆ دابینکردنی دۆخی بەسرە و کۆنترۆڵ کردنی کەنداوی فارس دەنێردرا”١٨. بگرە ئەی. جەی. بارکەر لەوەش دوورتر دەڕۆیشت و دەیوت “ئەو سوپایەی لە وڵاتی میسۆپۆتامیادابوو سوپایەکی لەبیرکراوی جەنگی جیهانیی یەکەم بوو، یان شتێکی لەو جۆرە دەهاتە بەرچاو بۆ ئەوانەی کە لەوێبوون”، ئەوجا زیاتر لە سەری دەڕوات و دەڵێ “هەموو ئەوەی دەستیدەکەوت زۆر کۆن و زۆر بێکەڵک بوو یان لە شوێنێکی تر نەگونجاو بوو بۆ بەکارهێنان و بگرە زەخیرە و تەقەمەنیش ناونیشانێکی وای بەسەرەوەبوو “دروستکراوی ویلایەتە یەکگرتووەکان و تەنها بۆ مەشق و ڕاهێنانە”. (……) پیاوەکان لە میسۆپۆتامیا زۆر شەکەتی جەستەیی و ئەقڵییش بوون و شکست و نائومێدی باڵی بەسەردا کێشابوون”١٩. برووسکەیەک کە وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری هندستان ناردبووی ئەوە دەردەخات کەوا بەریتانییەکان، هەرچەندە بەسرەشیان داگیرکردبوو، هێشتا هەر پرۆژەیەکی وردیان نەبوو بۆ دواتر: “ئێمە حاڵی حازر لە توانای جەختکردنەوەمان زیاتر نیە، وەک کردوومانە، لە داواکاری و دەسەڵاتشکانی گەورەمان بەولاوە بۆ ڕاسەری کەنداوی فارس”٢٠. بەو پێیە، لە سایەی سەرکەوتنەوە حکوومەتی بەریتانی سیاسەتێکی گرتەبەر، کەوا سێر پێرسی کۆکسی گەورە ئەفسەری سیاسیی هێزە ئیستیتڵاعییەکە و سەرەڕای ئەوەش هێرش و لەشکرکێشییەکەی میسۆپۆتامیای کە ساڵی ١٩١٧ بە داگیرکردنی بەغدا و ساڵی ١٩١٨ش بە داگیرکردنی مووسڵ تەواوی کرد، لە پاش ئیمزاکردنی ئاگربەسی مۆدرۆس. داگیرکردنی مووسڵ خاڵێکی وەرچەرخانی نوێی پێکهێنا لە مێژووی ئێراقدا بەگشتی و مێژووی کوردیشدا بەتایبەتی.
سەرلەنوێ نەخشەکێشانەوە:
کورد و چاووڕاوی بەریتانییەکان لە میسۆپۆتامیادا ئەدەبیاتی پەیوەندیدار بە کورد و کوردستانەوە بەشدارە لە دەسنیشانکردنی ئاستەنگی ئیمپراتۆرییەتە جیاوازەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی ئەم ناوچەیە. مارتن ڤان بڕوونەسن تێبینیی ئەوە دەکات کەوا “نەبوونی توانای گەیشتن بە کوردستان و توانای جەنگیی دڕی دانیشتووانەکەی هەمیشە کردوویەتی بە سنووری سروشتیی ئەو ئیمپراتۆرییەتانەی لە چواردەوریدا سەریانهەڵداوە و دروستبوون. هیچکام لەم ئیمپراتۆرییەتانە نەیتوانیوە دەسەڵاتیان بشکێت بە سەر زیاتر لە پارچەیەکی کوردستاندا”٢١. بە هەمان شێوەش ماکدوواڵ مشتومڕی لە سەر دەکات و دەڵێ “هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی کوردستان و خەڵکەکەی هیچ کاتێ ئاسان نەبووە بۆ بێگانە”٢٢. ئەنجامی ئەمەش وابووە کە کوردستان “بە سنووری سیاسیی دەوڵەتەکانی دەوروبەری دابەشبووە”٢٣، ئەمەش ڕاستییەکە بە درێژایی مێژوو ماوەتەوە. بەم مانایە بێت، لەکاتێکدا کە جەنگەکانی نێوان هەردوو ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و فارسی رۆڵیان لەم دابەشبوونەدا بینیوە، ئەوە داگیرکردنی بەریتانی و فەرەنسی لە ماوەی جەنگی جیهانیی یەکەمدا ئەو ئەنجامەی لێکەوتەوە کەوا کوردستان ببێتە چوار پارچەوە. میهردادی ئیزەدی تێبینی دەکات کەوا “لە سەرەتای جەنگی گەورەوە لە ساڵی ١٩١٤دا، ئەو خاکەی کە نزیکەی هەزار ساڵ بوو کوردستانی پێدەوترا لە نێوان فارس و عوسمانییەکاندا دابەشکرا و بەم دواییە ڕووسیاش”٢٤. (پێشتر بە ئێران دەوترا وڵاتی فارس Persia و دواتر لە ساڵی ١٩٣٤دا بە فەرمی ئەم ناوە بوو بە ئێران – وەرگێڕ)
ناسیۆنالیزمی کوردی لە ماوەی جەنگدا بە ئاڕاستەی ئەو پاڵنەرەدا وەرچەرخا و پەرەیسەند کە کۆتایی بەم دابەشبوونە مێژووییە بێنێت و پارچەکانی کوردستان یەکبگرن لە تاقە دەوڵەتێکدا. لە ماوەی جەنگی جیهانیی یەکەم و ڕاستەوخۆ دوای ئەو جەنگەشدا، کایەی بەردەوام گۆڕاوی ناوەرۆکی سیاسەتەکانی بەریتانیا بەرانبەر بە کورد، ئەم ناسیۆنالیزمە بەو ئاڕاستەیەدا گۆڕا کە ببێتە کەمینەیەک لە ناو هەر دەوڵەتێکی نوێی تازە دروستبوودا. بە پێی ئەم بارودۆخە، ویلایەتی مووسڵ بوو بە شانۆی ئەم وەرچەرخان و گۆڕانکارییانە.
لەبەرئەوەی ئەم سەردەمە هیوا و ئاواتی کوردی بۆ سەربەخۆیی گەڵالە و بەرز کردەوە و پەو پێیە وایکرد کە کورد ئەگەری هاوپەیمانیان تێدابێت لە ناوچەکەدا و لەو سۆنگەیەوە، لە دەسپێکی ساڵی ١٩١٧وە بەریتانییەکان کەوتنە دەستپێکردنی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کوردەکانی میسۆپۆتامیادا. ماکدوواڵ دەنووسێت کەوا “بە ماوەیەکی کورت لە پاش گرتنی بەغدا لە مارتی ١٩١٧دا لەلایەن جەنەراڵ مۆدەوە، ناڕەزایی ئەو سەرۆک خێڵانەیان بۆ هات (مەبەست ناڕەزاییە لە تورکەکان – و) کەوا خانەقین و کفری و هەڵەبجەیان لە ژێردەستدا بوو، ئەگەرچی تورکەکان هەوڵی ئەوەیان لەگەڵ کوردەکان دەدا بەوە بیانترسێنن کەوا بەریتانیا نەخشە و پلانی وایە بیانخاتە ژێر حوکمی عەرەبەوە٢٥. لە سەرەتای مانگی مایسی ١٩١٧وە، ئەفسەرە سیاسییەکانی بەریتانیا پەیوەندیی خۆیان دامەزراند لەگەڵ سەرۆک خێڵەکاندا لە تووزخورماتوو و کەرکووک و[سلێمانی].
لەمی دواییاندا سەرۆک و پیاوماقووڵان پڕیاری دروستکردنی حکوومەتێکی کوردیی کاتییان دا، بە سەرۆکایەتیی شێخ مەحموود بەرزنجی کەوا پێویستە “سیاسەتێکی دۆستایەتیی تەواو لەگەڵ بەریتانییەکان بگرێتەبەر”٢٦. بەم جۆرە بەریتانییەکان دامەزراندنی هەرێم یان ناوچەیەکی کوردیی سەربەخۆیان تاقیکردەوە لەگەڵ مەحمووددا.
بەڵام ئەم کەشی دۆستایەتییە فرەی نەخایاند و هەرزوو بەرەوڕووی بەرەنگاری بووەوە کاتێ کە مەحموود داوای نوێنەرایەتیی هەموو کوردی کرد، نەک هەر سلێمانی، بەڵکوو ناوچەیەکی فراوانتر کە تا سنەش بڕوات لە ئێران. جافنا ل. کۆکس لەم ڕووەوە دەڵێ “مەحموود یاخیبوونێکی بەرپاکرد، بەڵام لە پاش ئۆپەراسیۆنێکی کورتخایەنی سەربازی شکستیهێنا و دەسگیر کرا و دوورخرایەوە”٢٧. سەبارەت بە پێگەی بەریتانیا لە کوردستانی باشووردا و هەروەها ئەو پەیوەندییانەش کە دەبوو لەگەڵ کوردەکان بیبەستێت (بەتایبەتی لەگەڵ خێڵەکاندا)، ئی. بی. سۆنی یاریدەدەری ئەفسەری سیاسی لە بیرۆی کورد، لە ٢٦ی تەمووزی ١٩١٧ دەنووسێت کەوا “بێجگە لە جاف ]کە خێڵێک [، هەموو خێڵەکانی تری ئەم سنوورە جێگیرن و بێ هیچ هەڵاواردنێک بەنەریت دژی تورکن و داویانەتە پاڵ هەر یاخیبوونێک کە لە پەنجا ساڵی ئەم دواییەدا بەرپاکراون”٢٨.
کشانەوەی ڕووسیا لە جەنگ، کە بە دوای شۆڕشی بەلشەڤیکی ساڵی ١٩١٧دا هات، کاریگەرییەکی نیمچە دەسبەجێی هەبوو لە سەر هەڵوێستەکانی بەریتانیا لەبەرانبەر داهاتووی سیاسیی میسۆپۆتامیا، بە کوردستانی باشووریشەوە. بەهەرحاڵ، هەڵوێستی بەریتانیا لەبارەی کوردستانەوە هەر بە ناڕوونی مایەوە، چونکە مەسەلەی کوردستان بۆ بەریتانیا هەر بە لاوەکی مایەوە بەراورد بە چارەسەری سیاسیی ئەو هەرێمە سەرەکییانەی کە بایەخ و بەرژەوەندییان فراوانتر بوو، واتە سووریا و میسۆپۆتامیا. بیرکردنەوەی فەرمیی سەرەکیی بەریتانی سەبارەت بە میسۆپۆتامیا هێشتنەوەی بوو، لە پاڵ ئێرلەندا و میسردا، لە ناو سیستەمی ئیمپراتۆریی بەریتانیادا. لەم ڕووەوە ڕۆجەر لویس دەڵێ “ئەگەر ئەم مەبەستە هەنگاوی غەیرە نەریتیی پێویست بێت، ئەوە بەریتانییەکان ئامادەن بینێن”٢٩. سەرەڕای ئەم ئامانجە ورد و ڕوونە، بەڵام بەریتانییەکان هەر بە دوودڵ مانەوە لەبەرانبەر ئایدیالیزمی مادەی ٢٢ی پەیماننامەکە و تەنانەت زیاتر پەشۆکابوون لەوەی کە چۆن مووسڵ و کوردەکان بخەنە پرۆژەکەوە، لە پاڵ جیاوازیی نێوان بەریتانییەکان خۆیاندا، نەک تەنها لە نێوان ئەوانەی لە ناوچەکدا بوون لەگەڵ ئەوانەی لەندەندا، بەڵکوو لە نێوان ستافی سەربازی و کاربەدەستە سڤیلەکانیشدا. نامەیەک کە لە لایەن پێرسی کۆکسەوە نێردراوە لە ڕۆژی ٢٥ی مایسی ١٩١٧دا باشترین نموونەیە بۆ ئەم جۆرە جیاوازییانە. کۆکس ئیشارەت بەوە دەدات کەوا کێشە سیاسییەکان بەردەوام سەرهەڵدەدەن و هەستی کردبوو کەوا “ئەرکی ئەوە حکوومەتی خاوەن شکۆی (بەریتانیا) تێبگەیەنێت لەو هەڵوێستەی کە [بووە] بە هەڵوێستێکی قبووڵنەکراو لە دیدی سیاسییەوە”. ئەوجا بەم شێوەیەی خوارەوە بەردەوام دەبێت و دەڵێت:
“سەرکەوتنەکانی جەنەراڵ مۆد سەلماندوویەتی کە ئەو وەک سەربازێک ناوبانگی خۆی لە سەڕوو هەموو ڕەخنەیەکە بنیاتناوە. بەڵام ئەو تەنها سەربازێکە و هیچیتر بێئەوی هیچ ئەزموون و شارەزاییەکی هەبێت لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژهەڵاتناسیدا و من وایدەبینم، کە بە هیچ لایەکدا نەیشکێنێتەوە و هاوسۆز نەبێت و تا ڕادەیەک لێبووردە نەبێت سەبارەت بە کێشە سیاسییەکان و نەتوانێت مەزەندەی کاریگەریی گرنگ بکات بۆ ئەو کێشە سادانەی ڕۆژانە ڕوودەدەن لە بەرژەوەندیی کێشە سیاسییە یان تەنانەت سەربازییە گەورەکان”٣٠.
ئەم ناکۆکی و جیاوازییانە زیاتر ڕوونبوون سەبارەت بە داڕشتنی سیاسەتێکی دیاریکراو بۆ میسۆپۆتامیا. دوو بەڵگەنامەی تر ئەوە پیشاندەدەن کەوا بەریتانییەکان ئایدیایەکی چەسپاویان نەبووە لەبارەی نامەکەوە و بگرە کەمتریش لە سەر مووسڵ و کوردەکان کاتێ کە لەشکرکێشییەکەیان دەسپێکردووە.
“داگیرکردنی سەربازی بۆ [كوردستانی باشوور] بە هیچ شێوەیەک ڕێی تێناچێت، تەنانەت لەدوای شکشتخواردنی تورکەکانیش و ئاستەنگی دابینکردنی تفاق و زەخیرە و زەحمەتییەکانی تر کە وادەکات تەنانەت گرتنی سەربازگەیەک یان خاڵێکی نزیک لە خۆمانەوە مەحاڵ بێت، با گرنگیی سیاسیشی هەبێت بۆمان وەک [سلێمانی]. لەبەرئەوە، دەبوو تەنها هەر ئەڵتەرناتیڤی سیاسی بگرینەبەر و [درکیش بەوە کراوە] کە لە خێڵە کوردە باشوورییەکاندا سەریهەڵداوە”٣١.
لە مارتی ١٩٢٠دا گێرتروود ل. بێڵ نووسیوێتی:
“کاتێ کە [سلێمانیمان] داگیرکرد، ڕاستەوخۆ لە دوای ئاگربەس، هێشتا لقوپۆکانی مەسەلەی کورد نەزانراو و چاوەڕواننەکراو بوون، یان لەڕاستیدا تا ساڵ وەرگەڕایەوە هێشتا بەتەواوی گەشەی نەکردبوو، بەڵکوو هیوا و ئاواتە نەتەوەییەکانی کورد لە نۆڤەمبەردا پێشکەشکرا لەلایەن جەنەراڵ شەریف پاشاوە و لە کانوونی دووەمیشدا لەلایەن کۆمیتەیەکی سەربەخۆیی کوردییەوە، کە لە میسر دروستکرابوو و داواکاریمانی پێشکەش کردبوو کە یارمەتیمان بدات لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردیدا. سێر مارک سایکس پێشنیازی ئەوەی کردبوو کە بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردی پێویستە مووسڵیش بگرێتەوە (مەبەستی هەموو ویلایەتی مووسڵە – و)، بەڵام ئایدیاکە لەلایەن م. پیکۆوە ڕەتکرایەوە لەجیاتیی حکوومەتی فەرەنسی”٣٢.
کۆتایی جەنگ خێراییەکی دا بە ڕووداوەکان: نەک هەر بەتەنها شکستهێنانی هێزەکانی عوسمانی لە سووریا و میسۆپۆتامیا، بەڵکوو شۆڕشی سۆڤیێتیی ئۆکتۆبەریش لە ساڵی ١٩١٧دا کە ڕێککەوتننامەی نهێنیی سایکس – پیکۆی هەڵوەشاندەوە و کارەکە پێویستی بەوە کردەوە کە جارێکیتر نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکێشرێتەوە. ئەمەش بەهێزکردن یان بەرجەستەکردنی “دامەزراندنی سنووری ستراتیجییە لە کوردستان” و ئەوەش بە واتای ئەوە دێت کەوا کورد بخرێنە ناو نەخشە و پرۆژەی میسۆپۆتامیاوە. ئەم تێکهەڵکێش کردنەش بە ڕۆڵی خۆی داگیرکردنی ویلایەتی مووسڵ دەگەیەنێت، کەوا بە شێوەیەکی بنەڕەتی کورد تێیدا نیشتەجێیە. تێکهەڵکێش کردنی ویلایەتی مووسڵ بوو بە بەشێک لە ئەجێندای بەریتانی کاتێ کە لە ئۆکتۆبەری ١٩١٨دا ئەفسەرە بەریتانییەکان لە بەغدا تێگەیشتن کەوا “داهاتووی سیاسی و ئابووریی میسۆپۆتامیا بە شێوەیەکی گەورە تۆکمە و بەهێز دەبێت لە ڕێگەی خستنەسەری ویلایەتەکەوە”٣٣.
داگیرکردنەکە بەم هەلومەرجانەی خوارەوە پاساوی بۆهێنرایەوە:
“هەرچەندە بارودۆخی مووسڵ هێشتا بڕیاری لێنەدراوە، بەڵام [ویلایەتەکە] کەوا جەنگ ویرانی کردووە، نەدەکرا هەروا لێیبگەڕێیت بێ کارگێڕی یان یارمەتی و هاوکاری و هەرکە داگیرکردنی سەربازی ڕوویدا، کۆڵۆنێڵ لیچمان کرا بە ئەفسەری سیاسی. کاتێکیش کە ڕێکخستنی سەرەتایی تەواوبوو ئەفسەران نێردران بۆ ڕۆژهەڵات و باکوور بۆ ئاکرێ و زاخۆ بۆ ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ کوردەکان ببەسترێت و زەمانەتی ئاشتی بکەین لە سنوورەکانماندا”٣٤.
لە کاتی چاوەڕێکردنی کۆنفرانسی ئاشتیدا و گەڵاڵەکردنی سیاسەتێکی دیاریکراو بۆ داهاتووی کوردستان، لەندەن دەسەلاتی دا بە کۆڵۆنێڵ ئارنۆڵد تی. ویڵسنی جێگری کۆمیسیاری مەدەنی بۆ وەرگرتنی کاروباری کارگێڕی و سیاسی و زەمانەتکردنی سەقامگیریی سیاسی و چەسپاندنی ئاشتی و نیزام و دەستپێکردنەوەی چالاکییە ئابوورییەکان لە کوردستانی ژێر کۆنترۆڵی بەریتانیادا٣٥. سەعد ئەسکەندەر ئەوە ڕووندەکاتەوە کە ویڵسن “لەلایەن ژمارەیەک لە ئەفسەرانی سیاسییەوە هاوکاری دەکرا بۆ کاروباری کارگێڕی و سیاسی، کە نەک کاروباری لۆکاڵییان ڕاییدەکرد لە ناوچەکانیاندا، بەڵکوو پێشنیازی تایبەتیی خۆیشیان پێشکەش دەکرد سەبارەت بەو ڕیگەیەش کەوا ناوچەکانیان بە شێوەیەکی نموونەیی بەڕێوەببرێت”٣٦. بە واتایەکی تر، لە غیابی هەڵوێستێکی بەریتانیی ڕوون و ئاشکرادا پەیوەست بە مەسەلەی کوردەوە، ئەوە سیاسەتی بەریتانی لە سەر زەوی رۆڵێکی گرنگ دەبینێت بۆ کاریگەری دانان لە سەر ڕەوتی ڕووداوەکان”٣٧.
لە ماوەی دوو ساڵی رابردووی ئاگربەسی مۆدرس بۆ ئیمزاکردنی پەیماننامەی سیڤەر، سیاسەتەکانی بەریتانیا لەبەرنبەر کورددا “تاڕادەیەکی گەورە بریتیبوون لە پاڵپشتی کردنی یەکە سەربەخۆ بچووکەکان یان میرەکانی ناوچەکانی کوردستان، بەتایبەتی لە [میسۆپۆتامیادا]”٣٨. لە هەمان کاتیشدا، بەریتانییەکان هەوڵی ڕێکخستنی پەیوەندییەکانیان دەدا لەگەڵ خێڵە کوردییەکاندا و دەیانویست “ئەو بسەلمێنن کە بەریتانیا بە پشتگیریی کوردستانێکی یەکگرتوو باوەش بۆ هەندێ لە پارچەکانی ئێرانی بکاتەوە”٣٩. بە ماوەیەکی کورت لەدوای ئاگربەس، بەریتانیا و فەرەنسا لە ٧ی نۆڤەمبەری ١٩١٨دا ڕاگەیاندنێکی هاوبەشیان درکرد و بەندی دوانزەمینی چواردە بەندە بەناوبانگەکەی ویڵسنیان دووپات کردبووەوە٤٠ و بە شێوەیەکی تایبەت ئاڕاستەی گەلانی سووریا و میسۆپۆتامیا کرابوو. ڕاگەیاندنەکە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
“ئەو ئامانجەی کەوا فەرەنسا و بەریتانیای مەزن ڕەچاویان کردووە لە شوێنکەوتنی جەنگدا لە ڕۆژهەڵات کەوا چاوتێبڕینی ئەڵمانی تێکیدابوو رزگارکردنی کۆتایی و تەواوی ئەو گەلانەیە کە تورکەکان ماوەیەکی دوور و درێژ چەوساندبوونیانەوە و دامەزراندنی حکوومەت و کارگێڕیی نیشتمانی کە دەسەڵاتیان لە پراکتیزەکردنی ئازادانە و دەستپێشخەرانەوە وەرگرتبێت و هەڵبژاردەی خەڵکانی رەسەنی وڵاتەکە بن. هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی ئەو نیاز و مەبەستانە، فەرەنسا و بەریتانیای مەزن کۆکن لە سەر یارمەتیدانی خەڵکی ڕەسەنەکە و هاوکاری کردنیان لە دامەزراندنی حکوومەت و کارگێڕییان لە سووریا و میسۆپۆتامیا کە بەم دواییە لەلایەن هاوپەیمانانەوە رزگارکراون، هاوکات ئەو خاک و ناوچانەش کە کار بۆ زەمانەتکرنیان دەکرێت و بە زووتری کات دانپیانانیان هەر کە بە کردەوە دامەزران.
لەجیاتیی ئەوەی هیچ دەزگا و دامەزراوەیەکی دیاریکراو بسەپێنن بە سەر خەڵکی ئەو ناوچانەدا، ئەما تەنها بایەخ بە دابینکردنی کاری رێکوپێک دەکەن بۆ ئەو حکوومەت و دەزگا کارگێڕیانەی دانیشتووان خۆیان بە ئازادی هەڵیاندەبژێرن لە ڕیگەی پشتیوانی و هاوکاریی تەواوەوە، بۆ دابینکردنی دادپەروەرییەکی بێگەرد و یەکشان بۆ هەمووان، بۆ ئاسانکردنی گەشەکردنی ئابووریی وڵاتەکە لە ڕیگەی پاڵپشتی و هاندانی ناوخۆییەوە، بۆ شەرپەرشتی و چاودێری کردنی خوێندن و کۆتاییهێنان بەو جیاوازییانەی کە ماوەیەکی زۆر سیاسەتی تورکی بەکاریدەهێنا. ئەمە ئەو ئەرکەیە کەوا هەردوو هێزی هاوپەیمان دەیانەوێ لەئەستۆی بگرن و دەستبەکاربن تێیدا لە خاک و ناوچە ڕزگارکراوەکاندا”.
زەینەب ئەریکانلی: زانکۆی گەڵەتەسەرای – ئەستەمبووڵ
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق