که‌ڵکه‌ڵه‌ی سه‌ره‌کیی نووسه‌ر بۆ په‌رژانه‌سه‌ر وێنه‌ی زه‌ینیی ژنانی کورد، هه‌بوون و ئاماده‌یی وێنه‌گه‌لێکی کڵێشه‌یی و گشتاندنانێکی نادروست له‌باره‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌شێوه‌ی گشتی و ژنانی کورد به‌شێوه‌ی تایبه‌تییه. به ده‌ربڕینێکی دیکه وێنه‌سازیگه‌لێکی زیاده‌ڕۆیانه و دوور له ڕاستی سه‌باره‌ت به پیاوسالاربوونی کۆمه‌ڵگای کوردستان پێشکه‌ش ده‌کرێت که چ له ئاستی ئیلیت و نوخبه‌ی زانکۆکان و چ له ئاستی خه‌ڵکی ئاسایی و گشتیدا ئه‌م وێنه‌سازییه ده‌بینرێت. وێنه‌سازیگه‌لێک له پیاوی کورد له‌وانه تووندئاژۆبوون، ده‌سه‌ڵاتخواز و زۆربێژ و…پێشکه‌ش ده‌کرێت و ده‌خرێته ڕوو و په‌یوه‌ست به‌م وێنه‌سازیگه‌له له‌باره‌ی پیاوی کورد، ژنانی کوردیش وه‌کوو قوربانیانێکی کۆت و به‌ندکراو، ملکه‌چ، بێده‌سه‌ڵات و ده‌ستبه‌تاڵ له هه‌رجۆره ئامرازێکی هێز و چه‌پۆکه‌خۆر و کڵێشه‌گه‌لێکی له‌م بابه‌تانه وێنا ده‌کرێن.
ئه‌م نه‌ناسینه و له ئاستێکی کوشنده‌تردا ئه‌م ناسینه نادروسته و ئه‌م گشتاندنه ناڕه‌وایانه، ئاماژه‌ن بۆ نه‌بوونی تۆژینه‌وه و لێکدانه‌وه‌ی پێویست و شیاو له‌م باره‌یه‌وه یان لانیکه‌م نه‌بوونی توێژینه‌وه‌گه‌لێک به میتۆدێکی چۆنایه‌تییانه‌وه که نیگا و ڕوانینێکی قووڵ و مووقڵیشانه‌یان له‌باره‌ی دیارده‌ی توێژینه‌وه‌که هه‌بێت و لایه‌ن و ڕه‌هه‌نده شاراوه‌کانی بابه‌ت و مژاری توێژینه‌وه‌که بخه‌نه ژێر تیشکی شیکاری و لێکدانه‌وه‌وه. ئه‌م نووسینه، ئه‌م کڵێشه‌سازییانه له دوو ئاستدا ڕه‌خنه ده‌کات. له ئاستێک‌دا؛ ڕوانگه جۆراوجۆره فیمینیستییه‌کان که ڕوانگه‌گه‌لێکی ئه‌ورووپاته‌وه‌رانه‌ن، ده‌خاته ژێر تیشکی ڕه‌خنه به هۆکاری ئه‌وه‌ی که ناتوانن جیاوازییه‌کان ببینن و بیپێکن و هه‌موو ئه‌و به‌ها و ئه‌ندێشانه‌ی که له ئه‌زموونی تاکه‌که‌سیی خۆیان له گرووپ و ده‌سته‌ی ئیتنیکیی سپی پێستی خۆیان به‌ده‌ستیان هێناوه، ده‌گشتێنن. ئه‌م جۆره بیرکردنه‌وه‌یه سه‌رچه‌شن و نموونه‌گه‌لێک دروست ده‌کات که تێیدا جێگا و مه‌ودایه‌ک بۆ نرخدانی ئه‌زموونه‌کانی ژنانی دیکه ناهێڵێته‌وه. نموونه‌که‌شی وێنه‌ی ژنی ئاسیایی وه‌کوو بوونه‌وه‌رێکی(بێ ده‌سه‌ڵات) و ناکارا که له‌به‌رده‌م هه‌موو جۆره مه‌ترسی و سته‌مێکی بنه‌ماڵه‌یی و خێزانیدایه. ئادری لۆرد ده‌ڵێت؛ بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌ورووپاته‌وه‌ری تایبه‌تمه‌ندیی زاڵی فیمینیزمی سپییه و ده‌ست¬وپێ¬سپی بوونی فیمینیسمی سپی له ناسینی جیاوازییه‌کان وه‌کوو هێزێکی یه‌کلاکه‌ره‌وه، له ڕاستیدا ده‌گه‌ڕیته‌وه بۆ نه‌توانین له تێپه‌ڕاندنی یه‌که‌مین وێستگه‌ی پیاوسالاری. له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه، شێوه‌ی نواندنه‌وه‌ی(ژنی جیهانی سێهه‌میی ئاسایی) له گوتاری فیمینیسمی ڕۆژئاوایی، نواندنه‌وه‌یه‌که که له‌سه‌ر هه‌واری دابه‌زاندن و که‌مڕوانین ده‌گیرسێته‌وه. چونکه له‌م نواندنه‌وه‌یه‌دا ژنانی ڕۆژئاوایی به خوێنه‌وار، مۆدێڕن و که‌سانێک پیشان ده‌دات که کۆنترۆڵی له‌سه‌ر جه‌سته و هه‌ست و سۆزی سێکسی خۆی هه‌یه و ئازادن له بڕیاردان و هه‌ڵبژاردن، له حاڵێکدا ژنی جیهانیی سێهه‌میی ئاسایی به‌شێوه‌یه‌ک پێناسه ده‌کات که ژیانێکی له جه‌وهه‌ردا ئه‌نجنئه‌نجنکراوی به‌هۆی ڕه‌گه‌زی مێینه‌ی خۆی(له ڕووی سێکسییه‌وه ئازارده‌ر) و جیهانی سێهه‌می بوونی(نه‌زان، هه‌ژار، نه‌خوێنه‌وار، نه‌ریتخواز، خێزانخواز، قوربانی و…)هه‌یه و ئه‌زموونی ده‌کات و هه‌روه‌ها ژنی جیهانی سێهه‌می به لاڵ، ناکارامه و وه‌رگر(به شێوه‌یه‌کی په‌نامه‌کی سوپاسگوزار)ی ئه‌ندێشه‌کانی ڕۆژئاوا وێنا ده‌کات و زۆربه‌ی کات ئه‌و ستراتیژانه‌ی که ژنانی جیهانی سێهه‌م بۆ خه‌بات دژی سه‌رکوتی خۆیان به‌ره‌به‌ره گرتویانه به‌ر، پشتگوێ ده‌خرێت.
هه‌روه‌ها که ده‌بینین وێنه‌سازیی گوتاری فیمینیسمی ڕۆژئاوایی له ژنه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کان، وێنه‌سازییه‌کی ناکارامه و له‌سه‌ر بنه‌مای نزمدانانی ژنانی جیهانی سێیه‌مییه و ئه‌م بابه‌ته ئێمه په‌لکێش ده‌کات به‌ره‌و گه‌ڵاڵه‌کردنی ئه‌م پرسیاره که ئه‌زموونی ژینکراوی ژنانی ڕۆژهه‌ڵاتی و ئێران به‌گشتی و کورد به تایبه‌تی وه‌کوو ژنانی جیهانی سێهه‌می تا چ ڕاده‌یه‌ک له‌سه‌ر بنه‌مای ئاوه‌ها وێنه‌سازیگه‌لێکه؟ هه‌ڵبه‌ت نابێ ئه‌م خاڵه له‌به‌رچاو نه‌گرین که باسکردن له ئه‌زموونه جیاوازه‌کانی ژنان، به‌ڵگه‌یه‌ک نییه بۆ پشتگوێخستنی هه‌ندێک هاوشێوه‌یی و هاوبه‌شی له دۆخ و ئه‌زموونگه‌لی ژینکراوی ژنان به‌شێوه‌ی گشتی. به له‌به‌رچاوگرتنی ڕه‌هه‌ندی جیاوازییه‌کان و هاوشێوه‌ییه‌کان له شیکاریی جێگه و پێگه‌ی نزم و نه‌ویی ژنان له ڕوانگه و تێڕوانینه ناوبراوه‌کاندا، ده‌مانه‌وێت له ڕیگه‌ی لێکدانه‌وه‌ی ڕوانگه‌کانی هه‌ندێ له ژنانی کورد بپه‌رژێینه سه‌ر ئه‌م پرسیاره که “ئایا ئه‌و وێنه زه‌ینییه‌ی که له سه‌ر بنه‌مای نزم و نه‌ویبوونی ژنان که له لایه‌ن ڕوانگه فیمینیستییه‌کانه‌وه ده‌خرێته ڕوو، له سه‌ر بنه‌مای هه‌مان وێنه‌یه که ژنانی کورد له خۆیان هه‌یانه؟” یان به ده‌ربڕینێکی دیکه ئایا ژنانی کورد خۆیان به ژنانێکی نزم و پله خوار و نه‌وی ده‌زانن؟
له بنه‌ڕه‌تدا پرسی ژنان و نزمبوونی پله و پێگه‌یان له لایه‌ن شیکارانی جیاوازه‌وه و به ڕوانگه‌گه‌لی جۆراوجۆره‌وه که‌وتۆته به‌ر لێکدانه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندن. مرۆڤناسه‌کان دوو ڕوانگه‌ی ته‌واو جیاواز ده‌گرنه به‌ر.مرۆڤناسانێکی وه‌کوو “ڕاڵف لینتۆن” سه‌رێتی پیاوان و نزمێتی ژنان به‌هۆی تایبه‌تمه‌ندییه بیولۆژیکییه‌کان به بابه‌تێکی سرووشتی ده‌زانن و هه‌ندێکی دیکه له مرۆڤناسانی وه‌کوو “به‌ری فێلت” باوه‌ڕیان به‌وه نییه که جیاوازییه بیۆلۆژیکییه‌کان دیاریکه‌ری ئه‌و جیاوازییانه بێت که ژنان له پله‌یه‌کی نزم و نه‌ویدا داده‌نێت و نیشانی ده‌دات و باوه‌ڕیان به فێربوون و فێرکاریی ده‌وروبه‌ر و ژینگه‌ی په‌روه‌رده‌کردن هه‌یه و قسه‌کانیان پشتئه‌ستوور ده‌که‌ن به هه‌بوونی کۆمه‌ڵگا دایکسالاره‌کان له مێژوودا. کۆمه‌ڵناسانیش نزمبوونی پله‌ی ژنان ده‌گه‌ڕێننه‌وه بۆ فێربوون له ده‌ورووبه‌ر و دۆخی فێربوون و شێوازی به‌کۆمه‌ڵایه‌تیبوونیان و ڕوانگه زاتخواز و جه‌وهه‌رگه‌رانه‌کان ڕه‌خنه ده‌که‌ن و (تێڕوانینه چوارینه فیمینیستییه‌کانیش هه‌ر له‌وانه‌ن؛ فیمینیسته لیبراڵه‌کان هۆکاره‌که له هه‌ڵاواردنی یاسایی له به‌رژه‌وه‌ندی پیاوان ده‌بینن، فیمینیسته مارکسیسته‌کان هۆکاری سه‌ره‌کیی سته‌می ژنان پێشگرتنیان له هاتنه‌ناو کۆمه‌ڵگا و بواری گشتیی به‌رهه‌مهێنان ده‌زانن و خه‌باتی ژنان بۆ ڕزگاری به به‌شێکی دانه‌بڕاوه له ململانێی چینی پرۆلیتاریا بۆ هه‌ڵوه‌شاندن و سه‌ره‌ونگوونکردنی سه‌رمایه‌داری هه‌ژمار ده‌که‌ن. فیمینیسته ڕادیکاڵه‌کان کۆنترۆڵی ژنان له لایه‌ن پیاوانه‌وه واته پیاوسالاریی به پرس و کێشه‌ی سه‌ره‌کی ده‌زانن و فیمینیسته سوسیالیسته‌کان سته‌می سه‌ر ژنان سه‌ره‌ڕای سه‌رمایه‌داری ده‌به‌ستنه‌وه به هاوکێشه پیاوسالارانه‌کانه‌وه. له نێو بیردۆزه فیمینیستییه‌کانی ژنانی ئه‌ورووپی-ئه‌مریکیش له باسوخواسی هۆکاری نزمبوونی پله‌ی ژنان به ناکۆکی و جیاوازیی بیروڕا هه‌یه.
جیاوازی بیروڕا له باس‌وخواس و ڕوونکردنه‌وه‌ی نزمبوونی پله‌ی ژنان له گوتاری فیمینیسمی ڕۆژئاوایی که ژنانی سپی¬پێستی چینی ناوه‌ڕاستی ئه‌ورووپی-ئه‌مریکی مانیفێست ده‌کات، ده‌ربڕی ئه‌م بابه‌ته‌یه که ته‌نانه‌ت له ناو ئه‌م گوتاره‌شدا چه‌ندده‌نگی و فره‌لایه‌نی هه‌یه. بۆیه که‌ڵکوه‌رگرتنی تۆژه‌ری فیمینیستییی ڕۆژهه‌ڵاتی له ئاوه‌ها ڕوونکردنه‌وه و باسوخواسێک به بێ له‌به‌رچاوگرتنی به‌ستێن و زه‌مینه فیکری، که‌لتوری، ئایینی و ئیتنیکی و…ه‌کانی کۆمه‌ڵگای خۆی کارێکی ڕووکه‌شانه‌یه.
له ئاستێکی دیکه‌دا و له وڵاتی “ئێران” پشتگوێخستنی جیاوازییه‌کان به بیچم و شێوازگه‌لی جۆراوجۆر به هه‌مان ناوه‌رۆکی ناسراوی یه‌کسانبین و یه‌کده‌ستکه‌ره‌وه، دووپات ده‌بێته‌وه. له ئێران توێژینه‌وه‌گه‌ل و ڕاپۆرتگه‌لێکی جۆراوجۆر له ژێر ناوی”ژنی ئێر‌انی” بڵاو ده‌بێته‌وه که نموونه‌ی ژنێکی فارسی چینی ناوه‌ڕاسته و بچووکترین بوار و ده‌رفه‌تی ده‌نگهه‌ڵبڕین به ژنانی ئیتنیک و نه‌ته‌وه‌کانی دیکه و ئه‌زموونه ته‌واو جیاوازه‌کانیان نادات. له‌وانه ده‌توانین ئاماژه به‌م لێکۆڵینه‌وانه بده‌ین؛ بزووتنه‌وه‌ی مافی ژنان له ئێران(سه‌ربزێوی، شکست و سه‌رکوت له 1901 تا شۆڕشی 1978) دانراوی ئیلیف ساناساریان(2005)، ڕوانینێکی کۆمه‌ڵناسانه بۆ بزووتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی ژنانی ئێران پاش شۆڕش، دانراوی فه‌ریبورز لوڕستانی(2001)، ژنی ئێر‌انی؛ گۆڕانکاری له ئاماده‌یی سیاسی‌دا، له پیاوسالارییه‌وه تا فیمینیسم؛ دانراوی عه‌تارزاده(2005)، لێکدانه‌وه‌ی کرده‌وه‌کانی چالاکان و بکه‌رانی بزووتنه‌وه‌ی ژنانی ئێر‌انی له بواری یاسای هه‌ڵاواردن و ناهاوسان له ڕووی جێنده‌رییه‌وه (له سه‌ره‌تای ده‌یه‌ی حه‌فتاوه تا 1387ی کۆچی) دانراوی جیلوه جه‌واهیری(2009)، تێڕامانێک له شووناسی ژنی ئێر‌انی؛ دانراوی مریه‌می ڕه‌فعه‌ت جاه(2008)، ده‌سه‌ڵات و ئه‌خلاقی جێنده‌ری له ئێران دانراوی فاتیمه سادیقی(2008)، ده‌نگدانه‌وه‌ی خۆجێیی سه‌رچه‌شنه جیهانییه‌کان(مژار؛ فیمینیسم له ئێران) دانراوی مه‌ریه‌می ئومیدی ئاوه‌ج(2004) و…که ته‌نانه‌ت یه‌ک ڕسته‌شیان له‌باره‌ی ژنانی غه‌یری فارس و به تایبه‌تی ژنانی کورد نه‌نووسیوه و ئه‌مه له حاڵێکدایه که له سه‌ردێڕی نووسینه‌کانیاندا خۆیان به ئاڵاهه‌ڵگری هه‌موو ژنانی ئێران ده‌زانن!.
ئه‌و لێکۆڵینه‌وانه‌ش که تاکوو ئێستا له‌باره‌ی ژنانی کورد ئه‌نجام دراون یان لێکۆڵینه‌وه‌گه‌لێک بوون له‌سه‌ر بنه‌مای فیمینیستی ئه‌ورووپاته‌وه‌رانه و له‌دواجاردا که‌ڵکوه‌رگرتنه له ئامرازه چه‌مکیانه تایبه‌ته‌کانی ئه‌م تێڕوانینه و پێوه‌ره هاوده‌نگه‌کانی یان لانیکه‌م ژنانی کورد وه‌کوو قوربانیانێکی بێده‌سه‌ڵات و ده‌ستوپێ-سپی پێناسه ده‌کات که له‌به‌رده‌م هه‌موو جۆره تووندوتیژییه‌کی ناو ماڵ و خێزاندا ملکه‌چن. هه‌ڵواسینی ئاوه‌ها وێنه‌یه‌ک به ناوچه‌وانی ژنانی کورد و نواندنه‌وه‌ی و له دواجاردا گشتاندنی له ئاستی جۆراوجۆر، ده‌بێته هۆی نه‌بیستن و کپکردنی ئه‌و ده‌نگه جیاوازانه‌ی که ڕه‌نگه ئه‌م کڵێشانه له‌باره‌ی ئه‌وان به‌ڕاست نه‌گه‌ڕێت و ده‌رفه‌تپێدان به ئاوه‌ها ژنان و ده‌نگیان ده‌توانێت کاریگه‌رییه‌کی ئه‌رێنی له‌سه‌ر گه‌شه‌کردنی شێوازی ژیانیان له ڕووی چۆنایه‌تییه‌وه له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا هه‌بێت. لێکۆڵینه‌وه‌گه‌لێکی ئاکادیمیک له‌وانه “تراژیدیای جه‌سته” دانراوی فاتیمه که‌ریمی(2009)، شیکاریی کۆمه‌ڵناسانه‌ی چه‌مکی شه‌ره‌ف به داکۆکی له‌سه‌ر کوردستان دانراوی سومه‌یه ڕۆسه‌مپوور(2012)، لێکدانه‌وه‌ی تووندوتیژیی خێزانی له نێو بنه‌ماڵه‌کانی شاری دێولان؛ به ته‌وه‌ردانانی توندوتیژی دژی ژنان دانراوی سه‌عیدی خانی و هاوکارانی(2006)، خۆسوتاندن گرینگ‌ترین شێوه‌ی خۆکوژی له پارێزگای ئیلام دانراوی موحسینی ڕه‌زائیان و غوڵامڕه‌زا شه‌ریفی ڕاد، زۆروزه‌به‌ندبوونی هه‌وڵی خۆسووتان له ئه‌نجامده‌رانی خۆکوژی له شاری ئیسلاماوا(1997-2001) دانراوی عه‌لیڕه‌زا ئه‌حمه‌دی و…هه‌روه‌ها گێڕانه‌وه‌ی چه‌شنه‌کان و چیرۆکانێکی وه‌کوو دادا شیرین دانراوی ئیبراهیمی یوونسی(2001) و زیندوویه‌ک له تابووت دانراوی فه‌ریبا ئیسماعیلی(2009) و…هه‌موو ئه‌و نووسراو و دانراوانه‌ن له‌باره‌ی پیاوسالاری زاڵ به‌سه‌ر کوردستان و تووندوتیژییه‌کان دژی ژنانی کورد، چ به شێوه‌ی په‌نامه‌کی و شاراوه و هێمنانه بووبێتن و چ به شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ و ڕوون که له ڕاستیدا نووسین و دانراوگه‌لێکی به‌نرخ و بایه‌خن له‌م بواره‌دا، زۆربوونی ئاوه‌ها نووسین و دانراوگه‌لێک هۆکاری دروستبوونی وێنه‌یه‌کی به‌ته‌واوه‌تی قوربانیکراو له ژنانی کورده که لایه‌نی بکه‌رانه و چالاکانه‌ی ئه‌م ژنانه و ستراتیژییان و و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ دۆخێکی ئاوه‌هادا ده‌خاته ناو ته‌مومژ و لێڵی و ناڕوونییه‌وه و پشتگوێی ده‌خات و خۆی لێ نه‌بان ده‌کات. هه‌ربۆیه ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه به ڕوانینێکی نوێوه ده‌یه‌وێت بۆ ته‌واوکردن و درێژه‌دانی ئاوه‌ها لێکۆڵینه‌وه‌گه‌لێک لایه‌نی دیکه‌ی ئه‌م بابه‌ته که لایه‌نی بکه‌رانه و به‌رخۆده‌رانه‌ی ژنانی کورده له‌هه‌مبه‌ر ئاوه‌ها دۆخێک‌دا، بخاته به‌ر باس.
ئه‌م نوسینه ئامانجی ئه‌وه‌یه تاکوو به تێڕامان و قووڵبوونه‌وه له جیهان-ژینی ژنانی کورد و له‌به‌رچاوگرتنی هه‌موو پارامێتره جیاوازکه‌ره‌کان، وێنه‌یه‌ک له ژنانی کورد بخاته ڕوو که له‌سه‌ر بنه‌مای وێنه‌ی ژنانی کورد له خۆیان و به ده‌ربڕینێکی دیکه وێنه‌گه‌لێک له‌سه‌ر بنه‌مای ڕاستی و ئه‌مری واقیع بێت. که‌ڵکه‌ڵه‌ی نووسه‌ر بۆ خستنه‌ڕووی ئاوه‌ها وێنه‌یه‌ک له ژنانی کورد که هاوسان بێت له‌گه‌ڵ تێگه‌یشتنی ئه‌م بکه‌رانه له خۆیانه و هه‌روه‌ها ناسینی قووڵتری ژنان به‌شێوه‌ی گشتی و ژنانی کورد به‌شێوه‌ی تایبه‌تی، نووسه‌ر به‌ره‌و وه‌ڵامدانه‌وه به‌م پرسیاره که ژنانی کورد چ وێنه و پێناسه‌یه‌کیان هه‌یه له خۆیان؟ و به ده‌ربڕینێکی دیکه وێنه پێشکه‌شکراوه‌کان له لایه‌ن ژنانی کورد به نیسبه‌ت خۆیانه‌وه به‌ره‌و چ تیپ و چه‌شنگه‌لێک ده‌ڕوات، په‌لکێش ده‌کات. به‌پێی ڕوانگه‌ی “ئانتۆنی گیدێنز”، کۆمه‌ڵناسی له‌خۆگری به‌ده‌ستهێنانی زانیاری و مه‌عریفه له‌باره‌ی خۆمان و ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌یه که تێیدا ده‌ژین، به ده‌ربڕینێکی دیکه کۆمه‌ڵناسی پرۆسێسێکی خۆدۆزینه‌وه و خۆهه‌ڵکۆڵینه که ده‌بێته هۆی خۆناسینی زیاتر گرووپه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له ناو کۆمه‌ڵگادا. هه‌ر بۆیه کۆمه‌ڵناس ده‌بێت به شوێن زانیاری و مه‌عریفه‌ی زیاتر له‌باره‌ی کۆمه‌ڵگای خۆیه‌وه بێت، له‌م پرۆسه‌یه‌دا ناسینی ژنان به‌وردی وه‌کوو گرووپێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی کاریگه‌ر له کۆمه‌ڵگا، چ به شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ و چ به شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ و هه‌روه‌ها وه‌کوو نیوه‌ی کۆمه‌ڵگای ئێمه، گرینگییه‌کی تایبه‌تی هه‌یه. هه‌ربۆیه به‌ده‌ستهێنان و وه‌رگرتنی ئه‌م مه‌عریفه و ناسینه له‌باره‌ی ژنانێک که به‌هۆی که‌مینه‌بوونه‌وه له ڕووی ئیتنیکی-ئایینییه‌وه به ده‌ربڕینێک په‌راوێز خراون، نرخێکی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری هه‌یه. له بنه‌مادا(په‌راوێزیبوون)(marginality) یان مرۆڤی په‌راوێزی چه‌مکێکه که بیرداڕێژانی سیاسی بۆ ئاماژه به که‌مینه ئیتنیکییه‌کان به‌کاری ده‌به‌ن. که‌مینه‌بوونی ئیتنیکی-ئایینی چه‌مکێکی دیکه‌یه که له‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌دا ڕۆڵێکی بنه‌ڕه‌تی ده‌گێڕێ. مه‌به‌ست له ئیتنیکه‌کان ئه‌و تێڕوانین و ڕوانگه و کرده‌وه که‌لتوورییانه‌ن که کۆمه‌ڵێکی دیاریکراو له خه‌ڵک جودا و جیاواز ده‌کاته‌وه له‌وانی دی. ئه‌ندامانی گرووپه ئیتنیکییه‌کان له ڕووی که‌لتورییه‌وه خۆیان جیا و جودا له ده‌سته‌به‌ندییه‌کانی دیکه‌ی کۆمه‌ڵگا ده‌زانن و ئه‌وانی دیکه‌ش هه‌ر به هه‌مان شێوه چاو له‌وان ده‌که‌ن. بۆ دیاریکردنی گرووپه ئیتنیکییه‌کان له یه‌کتر، ده‌کرێت باس له تایبه‌تمه‌ندیگه‌لێکی زۆری ئه‌م گرووپانه بکه‌ین به‌ڵام گرینگ‌ترین و زاڵترینیان بریتین له زمان، مێژوو یان ڕه‌چه‌ڵه‌ک(ڕاستی یان خه‌یاڵی)، ئایین و شێوه‌کانی جلوبه‌رگ و پۆشینی جلوبه‌رگ و ڕازاندنه‌وه.
گیدێنز سێ تایبه‌تمه‌ندی بۆ که‌مینه ئیتنیکییه‌کان که ماناکه‌ی به‌ربڵاوتره له‌م ژماردنه وه‌کوو سێ تایبه‌تمه‌ندی ده‌خاته ڕوو؛
1-ده‌که‌ونه به‌ر هه‌ڵاواردن.
2-خاوه‌نی هه‌ستی هاوسۆزی و یه‌کێتی له ئاستی گرووپێکدان.
3-گرووپه که‌مینه‌کان به‌زۆری تا ئه‌ندازه‌یه‌ک له ڕووی فیزیکی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه له کۆمه‌ڵگه‌ی گه‌وره‌تر جودان.
له ڕاستیدا (کوردبوون) وه‌کوو که‌مینه‌یه‌کی ئیتنیکی و (سونیبوون) وه‌کوو که‌مینه‌یه‌کی ئایینی، باسی لێده‌کرێت. که‌مینه‌بوونی ئیتنیکی و که‌مینه‌بوونی ئایینی پێکه‌وه ده‌بنه هۆکاری دروستبوونی چه‌مکێک که ئێمه به “که‌مینه‌بوونی چه‌ند لایه‌نه” ناوزه‌دی ده‌که‌ین. نزمدانان و که‌مبینینی ئیتنیکه ناپێوه‌ره‌کان له “ئێران” و له‌وانه‌ش نه‌ته‌وه‌ی کورد، هۆکاری دروستبوونی ئه‌زموونگه‌لێکی ژینکراوی جیاواز له لایه‌ن بکه‌ران و چالاکانی ئه‌م بواره‌یه که له‌به‌رچاوگرتنی له‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌دا هه‌مان هه‌نگاوی سه‌ره‌تایی سه‌رنجدانه به جیاوازییه‌کان و ده‌نگدانه به په‌راوێز له‌باتی ده‌ق. بۆیه ئێمه له لێکدانه‌وه‌که‌ماندا ئه‌م که‌مینه‌بوونه چه‌ندلایه‌نه به‌م شێوه‌یه شی ده‌که‌ینه‌وه و هه‌ڵیده‌سه‌نگێنین؛ ئایا که‌مینه‌ی ئایینیبوون جیاوازییه‌کی مانادار له دروستکردنی وێنه‌گه‌لی زه‌ینیی ژنانی کورد له خۆیان دێنێته ئاراوه؟ و ئه‌مه‌ی که کوردبوون وه‌کوو که‌مینه‌یه‌کی ئیتنیکی له “ئێران” جیاوازییه‌کی ماناداری له دروستبوونی وێنه زینییه‌کانی ژنانی کورد له خۆیان دێنێته ئاراوه؟ به ده‌ربڕینێکی دیکه بۆ ژنانی کورد جیاوازییه‌کی مانادار له دروستبوونی وێنه زه‌ینییه‌کانیان له خۆیان، به‌هۆی کوردبوونیانه‌وه به شێوه‌ی دیاریکراو له‌گه‌ڵ ژنانی فارس‌دا دێته ئاراوه؟
له‌م چه‌ند ده‌یه‌ی دواییدا فیمینیسم له ڕێگه‌ی ڕه‌خنه و داخوازییه‌کان و به‌گیروگرفتکردنی دۆخ و نه‌زمی زاڵی کۆمه‌ڵایه‌تی لانیکه‌م له ئاستی بنه‌ماڵه و په‌یوه‌ندی نێوان ژنان و پیاوان له هه‌ر حاڵه‌تێکدا بێت، هاتۆته ناو گوتاری ڕۆشنبیریی کۆمه‌ڵگه‌وه. له هه‌مان سه‌ره‌تای هاتنیه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕه‌وته دوو هه‌ڵسوکه‌وتی جیاوازی ڕادیکاڵ به دوو شێوه‌ی جیاواز کراوه. هه‌ندێک به بێ له‌به‌رچاوگرتنی بنه‌ما که‌لتووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و تایبه‌تمه‌ندیی و بارودۆخی جیاوازی کۆمه‌ڵگه، ده‌یانه‌ویست ئه‌م تێڕوانینه پراکتیزه‌ی بکه‌ن و بۆ ئامانجه‌کانی تێ‌بکۆشن و هه‌ندێکی دیکه به بێ تێگه‌یشتنێکی دروست له بابه‌ته‌که به تووندی و چڕی و نه‌فره‌ت و ڕقه‌وه که‌وتنه ڕه‌تکردنه‌وه و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی. ئه‌گه‌ر باسی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین بکه‌ین له وڵاتانێکی وه‌کوو ئه‌فغانستان، پاکستان، یه‌مه‌ن و عه‌ره‌بستان به هاتنه‌ئارای گرووپه‌کانی قاعیده، تاڵیبان و گرووپه سه‌له‌فییه‌کانی دیکه بچووکترین داخواز و داوکاریی ژنان په‌سه‌ند و قبووڵ ناکرێت و به‌هه‌ند وه‌رناگیرێت و له زۆر حاڵه‌تدا به تایبه‌تی له ئه‌فغانستان ژنان له‌گه‌ڵ هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسیی گیانی ڕووبه‌ڕوون. له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا له‌گه‌ڵ گه‌شه‌کردنی سه‌له‌فییه‌ت و تێڕوانینی تووندئاژۆیانه و ڕادیکاڵ به نیسبه‌ت مافی ژنان، نموونه‌یه‌ک له‌م حاڵه‌ته ڕادیکاڵ و تووندئاژۆیانه به کاریگه‌ری وه‌رگرتن له سه‌له‌فییه‌ت په‌یوه‌ست به باسوخواسه‌کانی ژنانه‌وه، به‌دی ده‌کرێت.
له‌م نێوانه‌شدا که‌سانێک هه‌بوون که به تێگه‌یشتنێکی دروست له‌م ڕه‌وته فیکرییه و به له‌به‌رچاوگرتنی بارودۆخی تایبه‌تی کۆمه‌ڵگه و ڕه‌خنه و لێکدانه‌وه‌ی بیردۆزه فیمینیستییه‌کان، له‌م بواره‌دا ڕیگه‌خۆشکه‌ر و چاره‌سه‌ر بوون و کاریگه‌ریی باشیان دروست کردووه. زۆر گرینگه که سه‌رنجی ئه‌م خاڵه بده‌ین که فیمینیسم و هه‌موو بیردۆزه‌کان و ئه‌و ismانه‌ی دیکه که له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دیکه‌وه هاتوون و سه‌ر به کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه نین، له‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه‌ی که گه‌شه‌یان کردووه و دروست بوون له به‌ستێنێکی سرووشتی و منداڵدانی سرووشتیی کۆمه‌ڵگه‌ی خۆیان پێگه‌یشتووه و له‌دایکبووه و دواتر گه‌شه‌ی سه‌ندووه. یانی به‌هۆی وشیاری، داواکاری، داخوازی، ڕه‌خنه و دژایه‌تییه‌کان و به‌شێوه‌ی گشتی له ده‌رهاوێشته‌ی سرووشتی ده‌رکه‌وتوون و به‌دیهاتوون به‌ڵام له کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا ڕه‌وته‌که پێچه‌وانه‌یه یانی سه‌ره‌تا بیردۆز و تیۆرییه‌که دێته ناو کۆمه‌ڵگه و زه‌ین و ڕای گشتییه‌وه و پاش ئه‌وه هه‌ر توێژێک له کۆمه‌ڵگه به بای خۆی شه‌ن ده‌کات و هه‌ڵگۆسته‌یه‌کی جیاواز و هه‌ندێجار دژواز (به‌هۆی به‌ستێن و زه‌مینه‌ی که‌لتووری، مێژوویی، کۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌نانه‌ت زمانیی جیاواز) له بیردۆز و تیۆرییه‌کان به‌رهه‌م دێنێت و ئه‌م بابه‌تانه ڕه‌وتێکی سرووشتیان له گه‌شه و نه‌شه‌ی خۆیاندا نابێت و ڕه‌نگه هه‌ر گه‌شه و نه‌شه‌یه‌ک له ئارادانه‌بێت و ئه‌وه‌ی هه‌یه کۆمه‌ڵێک چه‌مک و بیردۆزه و تیۆره‌ی دژبه‌یه‌ک و به وته‌ی شایگان (چل له‌تێکی لار و له‌وێر)ه. (به درێژایی زیاتر له سه‌دوپه‌نجا ساڵێک که به‌سه‌ر ده‌سپێکردنی بزووتنه‌وه‌ی ژنان و زیاتر له سه‌ده‌یه‌ک که له هاتنه‌ئارای ده‌سته‌واژه‌ی فیمینیسم بۆ ئاماژه‌دان به ئاوه‌ها بزووتنه‌وه‌یه‌ک، تێده‌په‌ڕێت، بیردۆزه و تیۆریگه‌لێکی جیاواز و هه‌ندێ جار دژ به‌یه‌ک له باسکردن و ڕونکردنه‌وه‌ی پله‌ی نزمی ژنان، هه‌ڵگۆسته و خوێندنه‌وه‌گه‌لی جۆراوجۆر و جیاواز له بارودۆخی خوازراو و ئایدیال بۆ ژنان و کۆی کۆمه‌ڵگا داکۆکی له‌سه‌ر کراوه و ئه‌مه‌ش پیشانده‌ری ئه‌وه‌یه که (ئێمه له‌گه‌ڵ شتێکی دیار و به‌رهه‌ست له ژێر ناوی فیمینیسم ڕووبه‌ڕوو نین که بتوانین به ئاسانی و به شێوه‌یه‌کی ساده قبووڵی که‌ین و په‌سه‌ندی بکه‌ین یان ڕه‌تی بکه‌ینه‌وه. له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ فیمینیسم(وه‌کوو هه‌موو وته‌زا کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان) ده‌بێت له یه‌کپارچه‌بینی و یه‌کپاڕچه‌دانان خۆ ببوێرین، گۆڕانکاری و جیاوازی و جۆراوجۆریی له کاتی-مێژوو و شوێن-جوگرافیا بناسرێت و سه‌رنج بدرێته هه‌ڵگۆسته و ڕاڤه جیاوازه‌کانی.
سه‌رچاوه:
1- شهریاری، سهیلا، زنان کرد(نظریه‌ای مبنایی در باب زنان کرد)، جامعه‌شناسان، چاپ اول، تهران 1394
نوسینی سۆیلا شاریاری
وه‌رگێڕان: سپێده ساڵحی