بیرمەند ورابەری ئیسلامیی سیاسیی سۆدانە، بە نووسینەکانی لە بوارەکانی بیر و بانگەوازی ئیسلامییدا ناسراوە، ناوبانگی لە بواری سیاسەتدا بەهۆی هاوپەیمانییەکان و پیگە سیاسییەکانەوە بەدەست هێناوە لە ساڵی ١٩٦٤ ەوە، بەهۆی ئەوەشەوە چەند جارێک زیندانی کراوە.
لەدایک بوون
حەسەن عەبدوڵڵا تورابی لە ١ ی شوباتی ١٩٣٢ لە شاری کەسلا ی ڕۆژهەلاتی سۆدان لە خێزانیکی ئایین پەروەر لەدایک بووە، خانەوادەکەی سەر بە هۆزی بەدیرییە بوون، لە تەمەنی منداڵیدا دایکی کۆچی دوایی کردووە، باوکی دادوەر و شێخی تەریقەتی سۆفیی بووە و بەمندالی قورئانی بە چەند خویندنەوەیەکی جیاواز پێ لەبەرکردووە، هەروەها زانستی زمانی عەرەبی و شەریعەتی پێ خوێندووە.
ئومامەی کچی لە ساڵی ٢٠١٠ دا و لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ گۆفارێکی سۆدانیدا سەبارەت بە باوکی دەڵێت کە ” باوکم لە ماڵەوە ئامڕازەکانی دارتاشی هەبوو بەمەبەستی چاککردنەوەی دەرگاکانی ماڵەوە، هەروەها ئارەزووی لە خویندنەوەی هۆنراوەی شاعیرەکان هەبووە، گوێی لە پارچە مۆسیقاکانی بتهۆڤن دەگرت و بەزۆری سەیری ئەو فلیمانەی دەکرد کە تایبەتبوون بە ڵێکۆڵینەوە لە تاوانەکان”.
خوێندن
لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی سۆدان خوێندویەتی، ساڵی ١٩٥٥ لە زانکۆی خەرتومی پایتەختی سۆدان خویندنی یاسای تەواو کردووە، لە ساڵی ١٩٥٧ لە زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانیا ماستەری بەدەست هێناوە، ساڵی ١٩٦٤ لە زانکۆی سۆربۆن لە فەرەنسا دکتۆرای بەدەست هێناوە.
بەهۆی نیشتەجێبوونی لە ڕۆژئاوا زمانەکانی فەرەنسی و ئینگلیزی و ئەڵمانی زانیووە، هەروەها توانویەتی خوێندنەوەیەکی قووڵ بۆ زانست و کلتوری ڕۆژئاوا بکات.
ئاڕاستەی بیرکردنەوە
لە خوێندنی لە زانکۆی خەرتوم بە بیری و کۆمەڵی ئیخوان موسلمین ئاشنا بووە، بۆیە بووە بەئەندام و ساڵی ١٩٦٩ بووە بەیەکیک لە سەرکردەکانی ئەو رێکخراوە، بەڵام دواتر لە ڕێکخراوەکە جیا بویەوە و ڕەوتێکی تایبەت بەهۆی هەڵبژارد.
ئەرک و بەرپرسیاریەتی
دوای ئەوەی خوێندنی لە دەرەوەی وڵات تەواو کرد و گەرایەوە بۆ سۆدان بوو بە ڕاگری کۆلێژی یاسا لە ساڵی ١٩٦٥دا، بەوەش یەکەم سۆدانی بوو کە ئەو پۆستە وەربگرێت.
ساڵی ١٩٧٩ بوو بە سەرۆکی لیژنەی پاچوونەوەی یاساکان، دواتر لە ساڵی ١٩٨١ بوو بەوەزیری داد، دواتر بوو بەڕاوێژکاری سەرۆکی وڵات بۆ کاروباری دەرەوە لە ساڵی ١٩٨٣، لە ساڵی ١٩٨٨ بوو بە جێگری صادق مەهدی کە سەرۆکی وڵات بوو هەروەها وەزیری دەرەوە لە حکومەتێکی هاوبەینیدا.
ساڵی ١٩٩١ کۆنگرەی گەلی عەرەبیی ئیسلامی دامەزراند بوو بەئەمینداری گشتی کۆنگرە و زۆربەی گروپە ئیسلامییەکانی تیادا کۆبوویەوە.
لە ساڵی ١٩٩٦ و لە کاتی شۆڕشی ئینقازدا بوو بە سەرۆکی پەرلەمان، هەروەها سالی ١٩٩٨ بوو بە ئەمینداری گشتی کۆنگرەی نیشتمانی فەرمانڕەوا. دوای بەجێهێشتنی دەسەڵات لە ساڵی ١٩٩٩ کۆنگرەی نیشتمانی دامەزراند و بوو بە ئەمینداری گشتی کۆنگرە.
ئەزموونی سیاسی
سەرەتای ژیانی سیاسیی تورابی لەوەوە دەستی پێکرد کە ئەندام بوو لە بەرەی پەیماننامەی ئیسلامی، ئەوەبەرەیەی کەلە هاوپەیمانییەکی ڕەوتە ئیسلامییەکان پیکهاتبوو کەە ئیخوان ڕابەرایەتی دەرکرد، و بوو بە ئەمینداری گشتی ئەو بەرەیە لە ساڵی ١٩٦٤دا.
شۆڕشی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٦٤ وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو لە ژیانی سیاسی تورابی دا چونکە لە هۆڵەکانی خوێندنەوە گواستیەوە بۆ مەیدانی سیاسەت و ململانیکانی.
لە ئەنجامی ئەو کودەتا سەربازییەی کە جەعفەر نومەیری لە ١٩٦٩دا ئەنجامی دا ئەندامانی بەرەی پەیماننامەی ئیسلامی دەستگیرکران، لەسەردەمەی نومەیری دا تورابی سێ جار زیندانی کرا، لە ساڵی ١٩٧٧ و پاش ئاشتبوونەوەی نومەیری و ئیسلامییەکان ئازادکرا کە لە ئەنجامدا بڕیاردرا بە جێبەجێکردنی شەریعەتی ئیسلامی لە سۆدان لە ساڵی ١٩٨٣دا.
ساڵی ١٩٨٥ بەهۆی شۆڕشی گەلی سۆدانەوە حکومەتەکەی نومەیری هەرەشی هینا و بواری دا بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و بۆیە لە ساڵی ١٩٨٦ بەرەی نەتەوەیی ئیسلامی پێکهێنا و بەشداری هەڵبژاردنی کرد و بوو بە سێیەم هێز و بەوەش بەشداری حکومەتیکی هاوبەینی کرد لەگەڵ صادق مەهدی دا.
ساڵی ١٩٨٩ چەند فەرماندەیەکی سەربازی سەر بە رەوتی ئیسلامی کودەتایەکیان بەسەر حکومەتەکەی مەهدی دا ئەنجام دا، ئەو کودەتایە تورابی فەرماندەی ڕاستەقینەکەیبوو هەرچەندە موشیر حەسەن بەشیر دیاریکرا بۆ سەرۆکایەتی وڵات.
تورابی لە پشتەوە حوکمڕانی وڵاتی دەکرد تاوەکو ساڵی ١٩٩٩ ناکۆکییەکان لەنیوان تورابی و بەشیردا گەیشتە لوتکە، بەهۆیەوە تورابی لەسەرجەم بەرپرسیارییە حکومی و حزبییەکان دوور خرایەوە و دواتر لە ساڵی ٢٠٠١دا کۆنگرەی گەلی وەکو پارتێکی ئۆپۆزسیۆن دامەزراند.
چەند جارێک لەژێر چەند پاساوێکدا دەزگاکانی ئاسایش تورابیان دەستگیرکردووە وەکو: پلان دانان بۆ کودەتای سەربازی، بەڵام دیارترینیان ساڵی ٢٠٠٩ بوو بەهۆی ئەوەی پاڵپشتی بڕیاری دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتی کرد کەتیایدا هاتبوو کە بەشیر تاوانبارە بە ئەنجامدانی تاوان دژبە مرۆڤایتی و کۆمەڵکوژی.
لەساڵانی دوایی تەمەنیدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەشیردا ئاسایی بونەوە پاش ئەوەی بەشیر بانگەشەی ” گفتوگۆی نیشتمانی” کرد و تورابی پەسەندی کرد، بەڵام ئەو گفتوگۆیە بەشێکی زۆر لە هێزە نەیارەکان بایکۆتیانکرد.
کۆچی دوایی
ناوبراو لە ٥ ی ئاداری ساڵی ٢٠١٦ بە نەخۆشییەکی کتوپڕ کۆچی دوایی کرد و بۆ ڕۆژی دواتر و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاولاتیانی سۆدان لە خەرتومی پایتەخت تەرمەکەی بە خاک سپێردرا.