“سەرەتای ژیانی شاعیر”
لەگەڵ ڕزگاربوونی بەشێکی بچووکی کوردستان و لە هەناوی دروستبوونی یەکەم حکومەتی کوردستان، بەڕێبەرایەتی (شێخ مەحموود)، لە ساڵی 1918))دا، شاعیر لە گەڕەکی گۆیژەی سلێمانیدا لە خێزانێکی ڕۆشنبیر هاتۆتە دنیاوە.
بۆ خۆشی لە هۆنراوەی (ژیانی بێسوود)دا، ئاماژە بەساڵی لەدایکبوونی دەکات:
لە ساڵی نۆسەد و هەژدە ئەبینم
بە تیری دەستی گەردوون دڵ برینم
بە ئەشکی خوێنی گەش، چاو پڕ گرینم
ئەبێ کەی نەغمە خوێنبێ بولبولی من
شاعیر ناوی تەواوی (محەمەد نوری کوڕی محەمەد عەلی موسا ئاغا)یە. سەرەتای خوێندنی لە (زانستی)دا دەستیپێکردووە. برای شیری مامۆستا (ئیبراهیم ئەحمەد)ــە و شیری دایکی یەکتریان خواردووە.
بەهۆی کاری فەرمانبەری باوکییەوە، زۆر جێگە و شوێن گەڕاوە. تا دوا هەواری خۆیان دەبەنە هەڵەبجە و لەوێ دەمێننەوە. ئەمیش دەبێتە فەرمانبەر لە تۆمار نووسینی ژمارەی سەعاتی کارەبای ماڵان. دوا کۆچی ماڵئاوایی باوکی لە هەڵەبجە، ئیدی بەیەکجاری دەگەڕێنەوە بۆ شاری سلێمانی. لەبەر تەجنیدی سلێمانیدا دەبێتە (سکاڵانووس).
هەروەها وەکو باسدەکەن، یەکێک بووە لە دەنگخۆشەکانی شاری سلێمانی و لە زۆربەی گەشت و سەیرانی هاوڕێیانیدا گۆرانی گوتووە.
لەناو خەڵکیدا بە کەسێکی هێمن و لەسەرخۆ ناسراو بووە. لەناو دنیای شیعر نووسیندا، سەرەتا نازناوی (کڵۆڵ) و پاشان (غەمناك)ی بۆ خۆی داناوە.
بەسبێ “غەمناك” ماڵت وێرانبێ
لە داخی جیهان سەر بۆ حەیرانبێ
قسەی نەستەق و ئەشعاری شیرین
مەگەر ملوێنێ بەدوو قڕانبێ
“هەڵوێست و ڕێبازی شیعری شاعیر”
ئەمیش وەکو شاعیرەکان، خوێندکارێکی سەر بە ڕێبازەکانی خوێندنگەی (کلاسیک، ڕۆمانتیک و ڕیالیستی) بووە.
هەمیشە کارەسات و ڕووداوە دڵتەزێنەکانی نەتەوەکەی کاریان لێکردووە و ببونە هەوێنی شیعرەکانی.
دیارە بەهۆی بیروڕای جیاواز، یاخود بە فیتی دوژمنان، چەندین جار شۆڕشەکانی کورد، دووچاری شەڕی برا کوژی بوونەتەوە. لەو کارەساتەدا، چەندین ڕۆڵەی قارەمانی گەلەکەمانی تیا شەهیدکراون. ئەو ڕووداوە دڵتەزێنانە لەنێو کێڵگەی ناخی شیعرەکانی غەمناکدا سەوز بوون، زۆر بە ڕاشکاوانە بەرامبەریان وەستاوە و گوتوویەتی:
ئەمڕۆژە چ ڕۆژێکە، کە دنیا شڵەژاوە
هیچ داد ڕەوا بینێ لە دادگاها نەماوە
ئەم میللەتە بەر بوونەتە ئەندام و لەشی یەك
هەر خەنجەرو کێردە، لە دڵانووکی سواوە
ئەم ئەو ئەکوژێ، دوژمن خۆشحاڵە بە هەردوو
هەر خانووی فەللاح، یاخود کرێکارە ڕوخاوە
هەروەها غەمناکی شاعیر هەمیشە لایەنگری هەژاران بووە و دژی زوحاکەکانی سەردەم وەستاوە و ڕوی لە چەرخی چەپگەری ناهەموار کردووەو گوتوویەتی:
ئەی چەرخی چەپ گەڕ، زاڵم وەك زوحاك
بۆ تەفرو تونای هەژاران بێ باك
دەی خوا، کاوەیە تابێتە مەیدان
سەری بەهاری لاشەی لەسەر خاك
شاری سلێمانی لە سەرەتای دروستبونییەوە تاکو ئێستا دووچاری دەیان کارەسات و ڕووداوی سروشتی زۆر بۆتەوە.
یەکێك لەو کارەساتانە، ڕووداوی لافاوی شاری سلێمانییە، کە لە عەسری ڕۆژی هەینی (18\10\1957)بەسەر ئەم شارەدا هات بەپێی [ڕۆژنامەی “ژین” لە ژمارە (1366)ی ڕۆژی (24\10\1957)، کە ئاماژە بە(40-30) خنکاو و (74) خانوی ڕووخاو ئەکات]. ئەمەش بووە بە هەوێنێکی دی بۆ شیعردانانی شاعیران و هەریەکەیان لە ڕوانگەی خۆیانەوە هۆنراوە بۆ ئەم کارەساته ناخۆشە بنووسن.
غەمناکیش لە تێڕوانینی دیدی خۆیەوە بۆ ئەم کارەساتە گوتوویەتی:
هەوری چڵکنی پایزی ڕەشپۆش
سەری دڵشادت نەوانە ناو کۆش
دات ڕشت لە سەردا باران و تەرزە
دڵی دڵڕەقت هێنایە لەرزە
هێرشی لافاو، لافاو چی لافاو
تەپوتل بۆ شیو، مناڵ، ژن و پیاو
“ڕژێمی قاسم و غەمناکی شاعیر”
ڕژێمی قاسم نەك هەر پەیمانەکەی شۆڕشی تەموزی سەبارەت بە کێشەی کورد لەبەر ڕۆشنایی بەندی (3)ی دەستووری کاتیدا جێبەجێ نەکرد، بەڵکو تەواو پێچەوانە و چەندین جار شۆڤێنایانە ترو کۆنە پەرستانەتر لە ڕژێمی پاشایەتی کەوتە چەوساندنەوەو فشار خستنە سەر جەماوەری کوردستان.
دەستی بە قەدەغەکردنی ڕۆژنامەو داخستنی بارەگاکانی پارتی و ڕاونانی سیاسەتمەدارانی کورد کرد. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا هەڵوێستی پارتی بەرامبەر عهبدولکهریم هێمن بووە. تا پیاوە ماقول و عەشایەرەکانی کورد، ئەو ڕەوشەیان پێ هەزم نەکراوە. دەستیان بە کۆڕوکۆبوونەوە کردووە. لەم کارەدا (حاجی براهیمی چەرمەگا)، ڕۆڵی مەردانەی گێڕاوە. دانیشتنی لەگەڵ ڕیش سپیەکانی ناوچەی شارەزووردا کردووە و، هێزێکی گەورەی عەشایەری کۆکردۆتەوە. پاشان بۆ چاو ترساندنی سەرانی ڕژێم و بەرزکردنەوەی ورەی جەماوەر، بەبێ ترس خۆی دەکات بەناو شاری سلێمانیدا و بە بازگەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەی سورداش. ڕۆژی دووشەممەی (11\9\1961)، لە دەربەندی بازیان ئەو هێزە پێش بە هێرشی داگیرکەری عێراقی دەگرن. ئەمەیش بووبە هۆی هەڵگیرساندنی (شۆڕشی ئەیلول).
دوابەدوای ئەوە، عهبدولکەریم کەوتە پڕوپاگەندە کردن دژی شۆڕشی کورد.
ئەوە بوو لە ڕۆژی یەکشەممەی (24\9\1961)دا ڕایگەیاند، کە شۆڕشی کورد سەرکوتکرا.
ئیتر لەو بێبارییەی عهبدولکەریمەوە، غەمناکیش هەڵوێستی جوامێرانەی خۆی بەرامبەر بە کارە ناڕەواکانی گۆڕی و لەم هۆنراوەیەدا دەڵێت:
ئەی کەریم دەس هەڵگرە، لە زیللەتی ئەم میللەتە
بۆ ئەسوتێنی! وڵاتی کانی نازو نیعمەته
کورد داوای مافی گەلێتی خۆی ئەکات، تۆ ئەی کوژی
کەی ئەمە ئینصافی ئینسان و نیظامی دەوڵەتە
تۆبە دەم تەنقیدی ئیستعمارو ئەزنابی ئەکەی
هەم ئەڵێی حەقی ئەمانە، مەشنەقەو شەش گەز پەتە
جەنگیزو تەیموری تار، هۆلاکۆو هیتلەری
لاشەیان هێشتا لە چاو تۆدا غەرقی ڕەحمەتە
ساوەرە مەیدانی ئینصاف و عەدل مافی بدە
تۆ لەکن خۆت باو باپیری لەسەر ئەم کڵفەتە
“غەمناکی شاعیر و چوارینە شیعرەکانی”
غەمناکی شاعیریش یەکێکە لەو کەسانە، کە شوێن پێی خیام و بابەتاهیری هەمەدانی هەڵگرتووە و کاریگەری ئەوانی بە تەواوی پێوە دیارە. وەك: خەیام لە چوارینەیەکیدا پێوانەی تەمەنی خۆی دەکات و ئەڵێت:
دوو ڕوویی بەسە، ڕوودەکەمە مەیخانە
ئەم ڕیشی سپی بەمەی بڕەنگێ جوانە
پێوانی تەمەن گەیشتە حەفتا تاکەی
خۆم هەر وەکو نیشان نەدەم، شێتانە؟
غەمناکیش لە دوو چوارینەی جیاوازدا، شوێن پێی خەییام کەوتووە، ئاماژە بە تەمەنی خۆی دەکات، کە (چل و سێ) ساڵە.
بەڕوونی دیارە ئەو دوو چوارینەیەی لەساڵی (1961)دا نووسیوە.
چل و سێ ساڵە لە دنیای پەرپوت
لەشێکی باریك وەکو عەنکەبوت
شریتی لانەی عومری هەڵپێچا
فەلەك بەبایە پچڕانی نابوت
چل و سێ ساڵە برای ئینسانم
دائیم هەژارو بێ بەرگو نانم
بۆ چاکی ئەوان زەحمەت ئەکێشم
لە خانەی صفر بێناو نیشانم
لەو تەمەنە کورتەی (45) ساڵەی خۆیدا توانیویەتی ناونیشانێک بۆ خۆی و بنەماڵەکەی بەجێبهێڵێت.
“دەستگیرکردنی شاعیر و هۆکاری شەهید کردنی”
ڕۆژی یەکشەممەی (9\6\1963) سەرانی بەعس، لەناو شاری سلێمانیدا (قەدەغەکردنی هاتووچۆ)یان ڕاگەیاند. دەستیان بە ڕەشبگیرکردنی هاووڵاتیان کرد، خەڵکێکی زۆریان دەستگیرکرد. بەبێ دادگا سەدان کەسیان گوللـە بارانکرد. ئەو کارە نامرۆڤانەیە لە مێژووی شاری سلێمانیدا بە (دادگای دۆڵەکە) تۆمارکراوە.
شاعیریش یەکێکە لە شەهیدانی ئەو کارەساتە. لەو ڕۆژەدا لە ماڵ چۆتە دەرەوە بۆ نان کڕین. لە ڕێگەدا دەیگرن، دوای سەعات و نیوێک، لەسەر جنێونەدان بە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان (مەلا مستەفا)، لەناو حامیەی سلێمانیدا گوللـە بارانی دەکەن. دوای (14) ڕۆژ ماڵەوەیان هەواڵی شەهید کردنی دەبیستن.
شەهید محەمەد نوری بە تەنیا لەناو چوار دیواری حامیەدا ئەکرێت بەژێر خۆڵەوە.
پاش (9) مانگ بەسەر شەهید کردنیاو، لە دوای کودەتاکەی عهبدولسەلام عارف، لاشەکەی ئەدۆزرێتەوە، لەگەڵ تێکڕای شەهیدان لای پردەکەی کارێزەوشکدا، بەخاکیان دەسپێرن. پاشان لە کەش و هەوایەکی گونجاودا، دەیانگوێزنەوە بۆ گردی شەهیدان. لە ساڵڕۆژی ئەم شەهیدانەدا، بۆ یەکەمین جار لە مێژووی شاری سلێمانیدا، ژنان بەشداریان لە ڕێپێواندا کرد، ئەویش بە هەڵگرتنی وێنەی شەهیدان بەناو شەقامەکانی شاردا چون بەرەو گردی شەهیدان.
شێرکۆ بێکەسی شاعیر بەم شێوەیە هەستی خۆی بۆ شەهید محەمەد نوری دەردەبڕێت لە بەرهەمە شیعری دەقی واڵای کورسیدا:
ڕۆژێ لە ڕێی “با”یەکی وێڵەوە کە ڕێی کەوتبووە “حامییە”و
خۆیکردبوو
بە “با”یەکی عەرەب زوبان. دوای دەربازبوون هاتە لامان
ئیتر ئەوسا تێگەیشت چی ڕوویداوە. “با”کە وتی:
من ئەزانم
جارێکی تر عەریزە نووسەکەی ئێوە نایەتەوە! وتمان بۆ چی؟!
وتی: جوندییەکی مردن، خەڵکی “ڕاوە”ــە ڕایگرتووە و
پێی وتوە، وەرە تفێ لەم جامانە سوورە بکە و لەو شاخانە و
ئەوسا ئیتر بچۆرەوە بۆ ماڵەوە! عەرز و حاڵچی ڕووی کردۆتە
سەربازی مەرگ پێی وتوە! تەنها یەك تفم پێماوە،
ئەویش بۆ ڕوخساری تۆیەو بۆ ڕوخساری تاعونەکەی بەعس و
من ناچمەوە بۆ ماڵەوە!
سەرچاوەکان
/1 دیوانی غەمناک، ئامادەکردنی محەمەد مەردان، سلێمانی 2013 ، چاپی یەکەم، چاپخانەی شڤان.
/2کورسی، تێکستی واڵا، شیعری (شێرکۆ بێکەس)
چاپی یەکەم، سلێمانی 2005، لە بڵاوکراوەکانی بەشی چاپ وبڵاوکردنەوەی ڕادیۆ نەوا.