(١٣٠٠-١٤٥٠) “داهێنانەکانی سەدەکانی ناوەڕاست” لە ناوەڕاستی سەدەی سێزدەیەمدا گەیشتە ترۆپکی خۆی. بەڵام هاوکات هەلومەرجەکە گۆڕا و زنجیرەیەک ڕووداوی نەشاز و ناباو بووە لەمپەر لەبەردەم پێشەوەچوونی تەکنەلۆژیا. هاوشانی ئەمە، کۆمەڵگای ڕۆژئاوایی تووشیی هەژاری و لێکهەڵوەشانەوە بوو و داینامیسم و پێشەوەچوونی خۆی لە کیس دا. بە سزادانی ساڵی ١٢٧٧ ڕووناکییەکانی سەدەی سێزدەیەم بەرەو تاریکایی ملیان نا و، لە هەمبەر ئەو زوڵومات و نوتەکانەی کە نوێنەرایەتیی لەناوچوونی سەردەمێکی گەورەی سامناکی دەکرد لەپڕێکدا دوودڵی و دڵساردی بیرمەندانی داگرت. لە ١٣١٥ تا ١٣١٧ ز، قات و قڕییەکی زۆر سەخت و بێوێنە ئەورووپای گرتەوە. لە ساڵی ١٣٣٧ “شەڕی سەد ساڵە” دەستی پێ کرد و یەکەمین مایەپووچبوونە بانکییەکان، ئابووریی ئەورووپای خستە داڕمان. دە ساڵ دواتر، لە ١٣٤٧ تا ١٣٥٠ز، تاعوونی ڕەش کەوتە گیانی خەڵکی ئەورووپا. پێش کۆتاییهانتی سەدەی چواردەیەم لە ساڵی ١٣٧٨ بەو لاوە، هەندێک لە وڵاتانی ئەورووپی بوون بە شانۆی شۆڕشە جەماوەرییەکان کە ناودارترینیان شۆڕشی چومپی لە فلۆرانس و وات تایلر لە بریتانیا بوو.
“قەیرانی مەسیحییەت”
“ناکۆکیی گەورە” وردەوردە یەکانگیریی دنیای مەسیحییەتی هەڵوەشاندەوە و کار گەیشتە شوێنێک کە لە یەک کاتدا سێ کەس وەکوو پاپ لەسەر تەخت بوون و ڕوون نەبوو پاپی ڕاستەقینە کامەیانە. لە هەمان ساڵی ١٢٧٧، دەرکەوتبوو زانکۆی پاریس تا چەندە لە ژێر کاریگەریی فەلسەفەی یۆنانی و عەرەبی دایە، فەلسەفەیەک کە لە زۆرێک لە بوارەکاندا لە گەڵ مەسیحییەتدا نەگونجاو و ناکۆک بوو. بابەتاگەڵێک وەکوو ئافراندنی جیهان، نەمریی گیان و توانایی هەڵبژاردن لە مرۆڤدا گومانیان لەسەر کرا. لە باس و خواسی ڕۆشنبیراندا وا دەردەکەوت کە ئیدی خوداوەند لە ناوەندی کائیناتدا نییە. پیرۆزیی فەیلەسووفەکان جێگەی پیرۆزیی ئیلاهیاتی گرتەوە. ئاوەها بڵاو بوویەوە کە کتێبی پیرۆز هەڵگری هەندێک لادان و دەستێوەردان و تەنانەت ئەفسانەسازیشە و مەسیحییەتیان بەوە تۆمەتبار کرد کە پێشیان لە پێشکەوتنی زانست گرتووە.
بەدواداهاتی ڕاستەوخۆی سزادانە ٢١٩ هەڵەییەکە ئەمە بوو کە هەندێک لە فەیلەسووفەکان دوای ئیبنی ڕوشد، کە هێرشیان کردبووە سەر دۆگما و بنەما نەگۆڕەکانی مەسیحییەت، ناچار بوون پاریس بەجێی بهێڵن. ئەم ژمارەیە ڕۆیشتن بۆ پادۆڤا لە ئیتالیا و دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی هزر و بیری خۆیان. سیژە دێ برابان، بانگەشەکەری بیر و ڕاکانی ئیبنی ڕووشدیش کە تۆمەتی زەندیقبوونی خرابووە پاڵ، بەرەو ئیتالیا هەڵات. دانتە لە کۆمێدیای ئیلاهیدا ئەوی نەمراندووە و لە پاڵ دوانزە ڕەوانشادی ناوداردا دایانیناوە. هەر لەمانەیە توما داکن (تومازو داکوینو) کە بیروڕاکانی ئەویش لە ساڵی ١٢٧٧ کەوتە بەر ڕەخنە. ناوەرۆکی ئەوەی وا دانتە لە سروودی دەیەمی بەهەشت لەبارەی سیژە نووسیوێتی بەم شێوەیەیە؛ ساتێک کە نیگات لە ئەوەوە بەرەو من دەگەڕێتەوە، ڕووناکییەکی گەڕۆک و بەتافەیە کە لە ئەندێشەی پاکیدا مەرگی زۆر هێواش دەبینییەوە. ڕووناکیی هەتاهەتایی سیژەیە کە لە کاتی وانەوتنەوە لە شەقامی فۆواردا، بە مەتەڵ پەردەی لەسەر کۆمەڵێک حەقیقەت لادا کە ئەوی خستە بەر نەفرەت.
بۆ هەندێک لە چاودێران، جودایی فەلسەفە و ئیلاهیات خاڵی دەستپێکی زانستی ئەمڕۆیە، هەندێکی دیکە بە خاڵی دەسپێکی بەلاڕێداچوونی مەسیحییەت و کەوتنە ناو سۆفیگەرێتیی پڕسۆزی دەزانن. بەوتەی ئێمیل مال، لێرەدا بوو کە “بەندایەتی جێگەی ئیمانی گرتەوە.” سەردەمێک لە سەرکۆنەکردنی بەسوێ و ناخهەژێن دەستی پێکرد و کۆمەڵێک بەلاڕێداچوونی جۆراوجۆر بەهاتنی خۆپارێزی و ڕێوڕەسمی زێدەڕۆیانە سەریان هەڵدا. دەرکەوتە دەرەکییەکانی ئەم جۆرە لە سۆفیگەری، کە هەندێک جار لەگەڵ هیستریایەکی گشتی بوو، لە هۆڵەندا و ئاڵمانیا زیاتر لە شوێنەکانی دیکەی ئەورووپا دەبینران. کارەساتەکانی تاعوونی ڕەش و لێکەوتەکانی بوون بەهۆی سەرهەڵدانی گروپانێکی “قامچیلێدەر” کە دەستە و گرووپیان ڕێکدەخست و ڕێوڕەسمی قامچیلێدانی گشتییان بەڕێوە دەبرد. یەکێک لە هاوچەرخان، دیمەنێک لەم جۆرە ڕێوڕەسمانەی لە لەندەن ئاوەها باس کردووە؛ ” لە ساڵی ١٣٤٩ز، لە سەروبەندی ڕۆژی سانت مایکڵدا، زیاتر لە شەشسەد کەس کە زۆربەیان لە فلاندێرەوە هاتبوون، گەیشتنە لەندەن. ڕۆژی دوو کەڕەت، یان لە سێنت پال یان لە شوێنێکی دیکەی شار، لە ناو خەڵکدا دەردەکەوتن. کەم تا زۆر ڕووت و بێ پۆشاک بوون، تەنها پارچە پەڕۆیەکیان پێوە بوو کە خوارەوەی لەشیانی دادەپۆشت. کڵاوێکیان لەسەر بوو پێشەوە و پاشەوەی بە خاچی سوور نەخشێندرابوو و هەر کامەیان قامچییەکی سێ فاقیان لە دەستی ڕاستدا هەڵگرتبوو. هەر فاقێک گرێیەکی هەبوو کە هەندێ جار بزماری تیژیان پێوە بوو. ڕووت و قووت بەدوای یەکتردا دەڕۆشتن و بە قامچی بەر دەبوونە لەشی خۆیان و خوێناویتریان دەکرد. چوار کەسیان سرووتێکیان بە زمانی خۆیان دەخوێندەوە و چواری دیکەشیان بۆیان دەسەندنەوە و وەڵامیاند دەدانەوە..”
“جادووگەری”
پەرەسەندنی سۆفیگەری لە ئەورووپا بووە هۆی ئەوەی خەڵک بە شێوەیەکی زێدەڕۆیانە ڕوو بکەنە جادوو و سیحر و کردەوەی سەیر و سەمەرە و “زانست”-ە ڕازاوییەکانی وەکوو کیمیا و جۆرەکانی شەمۆلە و بەخت بینین ( لەڕێگەی خۆڵ و ئاو و ئاگر و تەرم و…). ئەم جۆر کردەوانە بە خێرییەکی سەرسوڕهێنەر و نیگەرانکەرەوە پەرەی سەند و لە هەمبەی دا سەرکوتێکی بێوێنە و نالۆژیکانە بۆسەریان دەستی پێکرد. یەکەم ئەستێرەناسێک کە بە کوفر و بێدینی تاوانبار کرا چیکۆ داسکولی بوو کە لە ساڵی ١٣٢٧ لە فلۆرانس بە زیندووێتی لەئاگردا سووتێنرا. هەڵبەت دادگای لێکۆڵینەوەی بیروبڕواکان تەنها چەند ئەستێرەناسی سزا دا، بەڵام لە بەرامبەردا سەدان ژنی وەکوو جادووگەر گرت و ئەشکەنجەی دان و لە ئاگردا سووتاندنی.
بە گشتی، جادووگەر بە ژنێک دەگوترا کە گوایە لەگەڵ شەیتاندا هاوپەیمانێتی پێک هێناوە تاکوو “دەسەڵاتی شەیتان لەسەر ئەرد بونیات بنێت”، زەندیقیش ئەو کەسە بوو دانی بەوەدا دەنا شەیتان دەپەرەستێت. هەر لە سەرەتای سەدەی چواردەیەمدا، کڵێسا ڕووبەڕووی ئەو مەترسییە بوویەوە کە گرووپەکانی ئافرەتانی سیحرباز لەگەڵ خۆیدان دەیانهێنا. جەماوەری سەر بە کڵێسا تەنها جادووگەریی ژنانیان قبووڵ دەکرد چونکێ باوەڕیان وا بوو ژنان بۆ هاوپەیمانیکردن لەگەڵ شەیتاندا ئامادەیی زیاتریان هەیە. بە بڕوای ئەوان، “ئامادەیی ژنان لەوێوە دەهات کە سەرچاوەی هەر جۆرە سیحرێک ئاڵۆشی جەستەیی بوو، و ئەم ئالۆشییە قەت کۆتایی نەدەهات.” بە گوێرەی دوو بەرپرسی ئاڵقەی لێکۆڵینەوەی بیروڕا لە سەدەی پازدەیەم، کە یەکێکیان شانازیی بە سووتاندنی چل و هەشت ژن لە پێنج ساڵدا دەکرد؛ “سێ شت هەن کە هەرگیزاوهەرگیز تێربوونیان بۆ نییە، بەڵام خراپتر لەوانە شتێکی چوارەمە کە هیچ کات ناڵێت بەسە ئەویش چڵێسیی ژنانەیە” بەپێی ئەم باوەڕە، خەمۆکیی کچان زۆربەی کات دەبووە هۆی ئەوەی کە بەرامبەرەکیان یا خود هاوسەرەکانیان بە تۆمەری جادووگەرییان بخەنە پاڵ. بە وتەی هەمان ئەفسەری دانپێدانانی ئاڵقەی لێکۆڵینەوەی بیروڕاکان؛ “ئەو ژنانەی کە کەوتنە ڕێگەی هەڵەوە و بە هیوای هاوسەرگیریی لەگەڵ فاسیق و هاوپێخەفەکەیان تێکەڵ بوون و دواتر وازیان لێ هێنران، بەهۆی ئەم خەمۆکی و بەدناوییەوە دەستەوداوێنی شەیتان دەبوون و یارمەتی و پشتیوانییان لەو دەخواست. مەبەستی ئەم جۆرە ژنانە ئەمەیە کە بە سیحرکردن لەو پیاوانە، یان هاوسەرەکەیان، تۆڵەیان لێ بکەنەوە یان هەموو چێژە حەیوانییەکانیان بخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە. لە ئەنجامدا، ئەو جادووگەرانەش کە لە ناو ئەو دەستەیە لە ژناندا سەرهەڵ دەدەن، زۆرن.”
هەروەها زۆرێک لەو پیاوانەی کە بە بێ هۆکارێکی ڕوون تووشی نەتوانینی جەستەیی دەبوون، دڵدارەکەی خۆیان بە جادووگەری تۆمەتبار دەکرد، ئەو دوو لێکۆلەرەی ئاڵقەی لێکۆڵینەوەی بیروڕاکانی کڵێسا لە کتێبێکدا بە ناوی malleus maleficarum کە وەکوو نامیلکەیەکی فێرکارانە بۆ شەیتان ناسین نووسیویانە، چەندین بەشیان تایبەت کردووە بەو کێشانەی کە بەهۆی خەمۆکی و شکستەکان و نەتوانینە جەستەییەکانەوە سەریانهەڵدەدا و کۆمەڵێک ڕێگەچارەشیان بۆ پێشنیار کردووە. بەشی دووەمی کتێبەکە هەڵگری کۆمەڵێک ئامۆژگارییە بۆ ئەو پیاوانەی کە پیاوێتییان بەهۆی جادوو و سیحرەوە لاواز بووە. لە بەشی چوارەمدا کۆمەڵێک ڕێگەچارە بۆ ئەو قوڕبەسەرانە دەخرێتە ڕوو کە نیشانەی پیاوێتییان بەهۆی سیحری جادووگەرانەوە نەماوە یان ئەوانەی کە کراون بە گیانلەبەر. بەڵام ئاخۆ جادووگەران چیان لەم نیشانەی پیاوەتییانە کە بە ئاسانی غەیب و ناپەیدایان دەکردن، دەکرد؟ وەڵامەکە لە دوو پسپۆڕ با ببیستین؛ “هەندێجار ژمارەیەکی زۆر لەم نیشانەی (زەکەر) پیاوەتییانە، کە ژمارەیان دەگاتە سی بۆ چل دانە، لە هێلانەی مەلێکدا یان لە قتویەکدا کۆیان دەکردنەوە و بە شێوەیەک کە گوایە ئەم نیشانانە زیندوو بن، دەجووڵێن و گەنم و جۆ دەخۆن. ئەمە لە لایەن کۆمەڵێک شایەتحاڵەوە بینراوە و بابەتێکە کە هەمووان دانیان پێدا ناوە. پیاوێک کە نیشانەی پیاوەێتیی خۆی لە کیس دابوو بە هیوای بەدەستهێنانەوەیەوە دەچووە لای جادووگەرێکی ناسیارەوە. ژنی جادووگەر پێی وت کە لە دارێکەوە بچێتە سەرێ و لەو هەموو نیشانەی پیاوێتییەی کە لە ناو هێلانەکەدا و لە سەرەوە هەیە ئەوەی کە بۆ خۆی بەشیاوتر دەزانی هەڵبژێرێت. و چونکێ پیاوەکە دەیهەویست یەکێک کە لە هی هەمووان گەورەتر بوو هەڵگرێت ژنە پێی وت؛ نەخێر، ئەوەیان دانێ، ئەوەیان هی قەشەی کڵێسای گەڕەکە.” ڕەنگە کەسێک وا بیر بکاتەوە کە دەتوانێت لە ئاوەها نووسینانێک جۆرێک تەنز بدۆزێتەوە، بەڵام بەداخەوە ئەگەر تەنزێکیش لە ئارادا بێت لە جۆری ڕەش و کوشندەیە، چونکە یەک بەشی تەواوی ئەو کتێبە پەرژاوەتە سەر چۆنیتی ئەشکەنجەکردنی تۆمەتباران. بەداخەوە، توندوتیژیی دەمارگرژانەی ئەشکەنجەدەرانی ئاڵقەی لێکۆڵەرانی بیروبڕواکان تەنها بەڵایەک نەبوو کە بەسەر خەڵکانی سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاستدا داباری، و ژنانی جادووگەریش تاکە قوربانیانی هەشبەسەری ئەم سەردەمە نەبوون. بەڵکوو جەنگ و قات و قڕی و تاعوونیش هەزاران کەسی ڕەوانەی دنیای مەرگ کرد.
سەرچاوە: ژان گمپل. انقلاب صنعتی قرون وسطی. مترجم مهدی سحابی. نشر مرکز. ١٣٧٤. تهران
نووسەر؛ ژان گیمپێل
وەرگێڕ؛ نەشمیل یوسف







































































