پرۆفیسۆر پیمکۆ کە مامۆستایەکی کلاسیکی و پشکنەرێکی پەروەردەییشە، کاتێک دەچێتە ماڵی جۆزیۆ و دەڕواتە نێو ژوورەکەی، جۆزیۆ هەوڵدەدات وەک پیاوێکی سی ساڵان و خاوەن فیکر باسی کتێبەکەی خۆی بۆ بکات، بەڵام پیمکۆ بێ ئەوەی هیچ دەسەڵاتێکی سەربازی یان فیزیکیی هەبێت، تەنیا لەڕێی ئەو دەسەڵاتەی کە پێگە مەعریفییەکەی بۆی دەستەبەر کردووە، کتێبەکە وەک بەرهەمێکی فیکریی نا، وەک هەوڵێکی منداڵانە دەبینێت و بەتەواوی پشتگوێی دەخات. ئەمە دەبێتە یەکەم هەنگاوی بچووککردنەوەی جۆزیۆ. مامۆستا دەست دەکات بە پرسیارکردن لە جۆزیۆ وەک ئەوەی هێشتا قوتابییەکی سەرەتایی بێت. بە نیگایەکی باوکانە و مامۆستایانەوە (کە گونجاوە بە ئیمپریالیزمی نیگا ناوی ببەین) تەماشای دەکات. ئەمە جۆزیۆ دەشڵەژێنێت و لەبەرانبەر تۆنی دەسەڵاتخوازانەی مامۆستادا توانای بەرگریی نامێنێت و زمانی دەگیرێت و وەک منداڵێک هەڵسوکەوت دەکات.
تراژیدیاکە ئەوکاتە قووڵتر دەبێتەوە کە مامۆستا پیمکۆ دەست دەکات بە پشکنینی نێو گوێچکە، نینۆک و ددانەکانی جۆزیۆ بۆ ئەوەی بزانێت پاکن یان نا. ئەمە جۆزیۆ ئیفلیج دەکات. تووشی شەرمەزاریی دەکات، بەڵام چونکە مامۆستا پیمکۆ بەجۆرێک ڕەفتار دەکات وەک بڵێی ئەمە کارێکی ئاسایی بێت، جۆزیۆ وردە وردە توانای بەرگریی نامێنێت و هەست دەکات منداڵێتیی بەسەردا سەپێنراوە، وەک بۆخۆیشی دەڵێت: “لەبەرانبەر ئەودا بوومە منداڵ، چونکە وەک منداڵێک دەیبینیم.” دواتر مامۆستا پیمکۆ بە زۆرییەکی دەروونی و تەنیا لەڕێی نیگاکانییەوە، جۆزیۆ لەماڵ دەهێنێتە دەرەوە و دەیباتە قوتابخانەیەک. لە دیمەنێکی گاڵتەجاڕانەدا، پیمکۆ بە مامۆستاکانی ئەوێ دەڵێت: “ئەمە قوتابییەکی نوێیە و لە خوێندن دواکەوتووە.” جۆزیۆ بەو باڵابەرزییەی خۆیەوە لە تەنیشت منداڵانی 14 و 15 ساڵ دادەنیشێنرێت. دەیەوێ هاوار بکات و بڵێت: “من گەورەم!” بەڵام هەوڵەکانی و هەرچی دەیڵێت لەلایەن پیمکۆ و مامۆستاکانەوە وەک قسەی منداڵانە و مایەی گاڵتەجاڕی وەردەگیرێن، بەو پاساوەی کە پیاوێکی پێگەیشتوو پێویستی بە هاوارکردن نییە بۆ سەلماندنی گەورەیی خۆی.
ئەم دیمەنە سەرەتای زنجیرەیەک ڕووداوی پڕ لە بچووککردنەوەیە کە تێیدا جۆزیۆ بەردەوام سیمایەکی تری بۆ دادەتاشرێت. ئەمەش ڕێک ئەو خاڵەیە لەگەڵ تیۆریزەکردنەکەی پێشووماندا لەسەر مەحاڵبوونی تێگەیشتن هاوتەریب دەبێتەوە. لای گۆمبرۆڤیچ (کە نووسەری ڕۆمانەکەیە)، فۆرم ئەو قاڵبە توندوتیژەیە کە کۆمەڵگە بەسەر تاکدا دەیسەپێنێت بۆ ئەوەی لە بوونە نادیار و شێوەنەگرتووەکەی دایبماڵێت. لێرەدا دەگەینە ئەو تێڕوانینە فۆکۆییەی کە پێی وایە دەسەڵات (لێرەدا پیمکۆ و مامۆستاکان) نایەوێت گوێ لە ڕاستی بگرێت یاخود بیپشکنێت، بەڵکو دەیەوێت لە ڕێگەی ناونان و پۆلێنکردنەوە ڕاستی دروست بکات. کاتێک پیمکۆ جۆزیۆ دەخاتە ناو مەکینەی قوتابخانەوە، لەڕاستیدا خەریکی سڕینەوەی ئەو سەبلایمـە مرۆییەیە کە مۆدێرنێتە لێی دەترسێت. قوتابخانە لێرەدا تەنێ ناوەندێکی پەروەردەیی نییە، بەڵکو مەکینەیەکی دیسپلینکارە بۆ کۆنترۆڵکردنی مرۆڤ لە ڕێگەی بچووککردنەوەی شوناسەکەی بۆ ناو قاڵبێکی دیاریکراو. لەم کایە زمانی و دەسەڵاتخوازییەدا، تێگەیشتن لە مرۆڤ بەتەواوی دەمرێت، چونکە ئەویتر لەبری ئەوەی لەگەڵ ڕاستییە سەبلایم و کێوییەکەی تۆدا بدوێت، دەیەوێت وەک ئۆبجێکتێکی شیکارکراو و ناونراو لەنێو سیستمەکەدا جێگیرت بکات.
ئەم هەوڵە تووندوتیژانەیە بۆ کورتکردنەوەی مرۆڤ لە ناو فۆرمدا، ڕووبەڕووی پارادۆکسێکی قووڵمان دەکاتەوە؛ چ شتێک لەپشت ئەوەوەیە کە مرۆڤ بە ترس و لەرزەوە دەست بۆ ناسینی جیهانی دەرەوە دەبات (کە بوونێکی بێگیانە)، بەڵام ئاوا بە لەخۆباییبوونێکی مەترسیدارەوە پەنجە بۆ تێگەیشتن لە مرۆڤ درێژ دەکات؟ چۆن دەکرێت لە بەرانبەر بێدەنگیی گەردووندا کڕنۆش ببەین (ئەو گەردوونەی کە مرۆڤ لە ئەزەلەوە تا ئەمڕۆ، بە ترس و لەرزێکی قووڵەوە لە بەردەمیدا ڕاوەستاوە و هەر ئەم هەستکردن بە بچووکی و نادیارییەش ناچاری کردووە چۆک دابدات) بەڵام مرۆڤ کە گەردوونێکی زیندووی ناوەکییە، تەنها وەک داتایەک یان ناوێکی پۆلێنکراو تەماشا بکەین؟ ئەگەر جیهان نەتوانرێت بە یەک تیۆری وەسف بکرێت، ئەی چۆن مرۆڤێک کە خاوەنی خەیاڵ، سۆز، مێژوویەکی کێوی و ئاڵۆزە، دەکرێت بە یەک دوو وشە پێناسە بکرێت؟ ئەمە ئەو شوێنەیە کە ‘بێمتمانەیی بە حیکایەتە گەورەکان’ لێرەشدا کار دەکات؛ هیچ حیکایەتێکی دەروونناسی یان کۆمەڵناسی ناتوانێت بە تەواوی مانای تۆ وەک مرۆڤێک دەستنیشان بکات. لێرەدا پێویستە تێبگەین کە ناسنامەی مرۆڤیش، وەک گەردوون، تێکستێکی کراوە و بێ کۆتاییە و هەر هەوڵێک بۆ کۆتاییپێهێنان بە ماناکەی، توندوتیژییەکی مەعریفییە بەرانبەر بەو قووڵاییە.
نەزانین لە بەرانبەر مرۆڤدا، فەزیلەتێکی گەورەترە وەک لە زانینی درۆیینە. لە مۆدێرنێتەدا، بەتایبەت لای کانت، مرۆڤ دەبێتە ئۆبجێکتێکی ئەخلاقیی کە پێناسەکەی لای عەقڵە. واتا ئێمە لەڕێی هەڵسەنگاندنێکی عەقڵانییەوە بۆ ئەخلاقی هەر مرۆڤێک دەتوانین ئەو مرۆڤە بناسین. بەڵام لای پۆستمۆدێرنیستەکان و بەتایبەت لای ئیمانوێل لیڤیناس، مرۆڤی بەرانبەر ‘نهێنییەکی بێکۆتایە’ کە هەرگیز بە زانین و تێگەیشتنی ئێمە تەواو نابێت؛ هەر بۆیە ئەخلاق لەوەوە دەست پێ دەکات کە ڕێز لە نادیاربوونی بەرانبەر بگریت، نەک بیخەیتە ژێر ڕکێفی ناسینەوە. ئەخلاق لای ئەو بریتییە لە ڕێزگرتن لەو بێکۆتاییەی لە سیما و دەموچاوی بەرانبەردا هەیە. سیمای بەرانبەر فەرمانێکە پێت دەڵێت: من نهێنییەکی بێکۆتاییم، بە پێناسەکەت مەمهەژێنە. زیگمۆنت باومانیش تەواوکەری ئەم دیدەیە و پێی وایە ئەخلاقیاتی پۆستمۆدێرنە بریتییە لە بەرپرسیارییەتی بێ مەرج بەرانبەر بەو کەسەی کە ناتوانین بەتەواوی بیناسین؛ واتە ئێمە چیتر یاسایەکی گشتگیرمان نییە بڵێت “ئەم کەسە کێیە”، بۆیە دەبێت بەرپرسیار بین بەرانبەری، ئەمەش لەبەر هیچ نا، تەنیا لەبەرئەوەی ئەو مرۆڤە. ڕێزگرتن لەو سەبلایمەی کە تێکەڵەیەکە لە سەرسامی و ترس و شکۆداری کە تێگەیشتنی لە توانای عەقڵی مرۆڤ بەدەرە و لەنێو هەر تاکێکدا هەیە، هاوشێوەی ئەو هەستی سەبلایمەیە کە یەکەمین مرۆڤەکان لەبەردەم هەورەبرووسکە و دەریا و هێزە سرووشتییەکانی دیکەدا هەیانبوو. مرۆڤ سەبلایمی مرۆڤە. کاتێک تۆ ڕێز لە مرۆڤێک دەگریت بە مانای سەبلایم، مانای وایە ئەو مرۆڤە هێندە قووڵ و بیرپێڕانەگەیشتووە کە من ناتوانم بە حوکم و تێڕوانینە بچووکەکانی خۆم پێناسەی بکەم.
ئەو هەوڵەی کۆمەڵگە بۆ کورتکردنەوەی مرۆڤ لەنێو فۆرم و شوناسە جێگیرەکاندا دەیدات، زۆرجار لەنێو ژیانی ڕۆژانەشماندا ڕوو دەدات. پێم وایە ساڵی ٢٠٢٣ بوو، لەگەڵ هاوڕێیەکدا لە چوارچێوە گشتییەکەیدا باسی ستایلی قژ و ڕیشمان دەکرد. لە شوێنێکی قسەکانماندا ئەو گوتی: “لەوەتەی دەتناسم تۆ هەر بەو جۆرە قژت دادەهێنیت.” منیش لە وەڵامدا بەگاڵتەوە گوتم: “لە ڕاستیدا پێشتر هەموو هونەرێکم تێدا بەکاردەهێنا، بەڵام لەوەتەی وەک جاران پڕێتییەکەی نەماوە تەنیا بەو بارەدا دایدەهێنم.” تا ئێرە ئاساییە، هاوڕێیان گفتوگۆی وەها دەکەن. بەڵام دوای ماوەیەکی زۆر ئەم بابەتە بە شێوازێکی تراژیدی سەریهەڵدایەوە. لە دانیشتنێکی خواردنەوەدا (هەڵبەت بەرلەوەی بخۆینەوە) کە هاوڕێیەکی تریشمان لەگەڵ بوو، هەمان هاوڕێ بێ ئەوەی ڕووی دەمی لە من بێت و بۆ ئەوەی لای هاوڕێکەی تریشمان (کەسی سێیەم) وا نیشانی بدات بابەتییانە دەدوێت، بەپەلە ڕۆیشتە سەر باسی ستایلی قژ و ستایلیستانە ژەهرەکەی خۆی بەم جۆرە ڕشت: “هەر مرۆڤێک کە زووزوو شێوە و ستایلی خۆی نەگۆڕێت، هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ مەلایەکدا نییە!” ناونانی کەسێکی بێباوەڕ بە مەلا لەنێو بازنەیەکی سێکیولاردا، جیا لەوەی گەورەترین سووکایەتییە، تووندوتیژترین شێوازی پۆلێنکردنیشە.
بەرلەوەی بچمە سەر شیکردنەوەی ئەم دۆخە، بە پێویستی دەزانم بڵێم ئەو هاوڕێیەمم خۆشدەوێت؛ ئەم خۆشەویستییەش لە سادەترین مانایدا بەهۆی ئەوەیە بەشێکە لە کەمینەی گەنجی خوێندەواری کورد. پێم وایە دڵی فراوانە و هیوادارم وەک هێرشێک بۆ سەر خۆی نەیبینێت. لەڕاستیدا پلار و سووکایەتییەکەی ئەوەی بیر هێنامەوە کە لە مێژووی فیکر و ئەدەبیاتدا زۆرجار شتێکی سادە (خۆش یان ناخۆش) دەبێتە هەوێنی نووسین. بۆ نموونە مارسێل پروست لە شاکارەکەیدا: گەڕان بەدوای کاتی لەدەستچوودا، لە بەشی یەکەمی بەرگی یەکەمدا، لە دیمەنێک کە بە دیمەنی پەتێت مادلێن ناسراوە، بە وردەکارییەکی قووڵەوە وەسفی ئەو چرکەساتە دەکات کە چۆن دوای چەندین ساڵ، کاتێک پارچە کێکێکی بچووک (مادلێن) لەنێو کوپێک چادا تەڕ دەکات و دەیخوات، دادەچڵەکێت و لەرزێکی غەریب بە جەستەیدا دەڕوات. دەڵێت تامی کێک و چایەکە، تەواوی یادەوەرییە نادیارەکانی سەردەمی منداڵیی لە شارۆچکەی کۆمبرێدا بۆ گەڕاندووەتەوە، کە پێشتر بە عەقڵ و لۆژیک نەیتوانیبوو بە یادیان بهێنێتەوە.[1] ئەمە لە مێژووی ئەدەبدا بە کێکەکەی پرۆست و هەم بە موعجیزەی پڕۆستی ناسراوە، چونکە ئەگەر ئەو کێکە مادلێنە نەبووایە شاکارەکەی هەرگیز بەو درێژییە نەدەنووسرا. هاوڕێکەشم کە مادلێن یان هیچ کێکێکی تری پێشکەش نەکردووم (خۆزگە وابووایە) و بەڵکو پلارێکی تووندی تێگرتووم، ئەمەش لای من بوو بە هەوێنی هەندێ تێڕامان. هەر لەم سۆنگەیەشەوە، کاتێک لە گۆشەنیگایەکی فیکرییەوە دەڕوانمە ئەو دەربڕینەی، دەبینم ئەمە ڕێک لەنێو گوتاری پۆپۆلیستیدا جێگەی دەبێتەوە. ئەگەر مۆدێرنێتە دەیگوت: “من تۆ دەناسم، لێکۆڵینەوەم لەسەر کردوویت و بەشێکیت لەم سیستمە عەقڵانییەی من!” بەڵام پۆپۆلیزم بێ لێکۆڵینەوە لەڕێگەی کورتکردنەوەی واقیع بۆ ناو کڵێشە و دروشمە گشتییەکان کار دەکات. لە گوتاری پۆپۆلیستیدا، ئامادەیی بەرانبەر و تێگەیشتن لێی گرنگ نییە، بەڵکو ناوێکی لێ دەنێیت بۆ تەریکخستنی. پۆپۆلیزم دەڵێت: “پێویست ناکات بتناسم، پێشوەختە ناوێکم بۆ ئامادە کردوویت و دەبێت بچیتە نێو ئەم قاڵبەوە!” هاوڕێکەشم لەوێدا وەک پۆپۆلیستێک ڕەفتاری کرد. ئەو پەنای بردە بەر ناونانی چەواشەکارانە تاکو بە یەک وشە (مەلا)، تەواوی مێژوو و شوناسی من نەک ڕەت بکاتەوە، بەڵکو بێبایەخیشی بکات. ئەمە جۆرێکە لە دیکتاتۆرییەتی ناو کە دەیەوێت هەر جیاوازییەک بکوژێت و مرۆڤەکان یان بخاتە ناو قاڵبی هاوڕێی مۆدێرن یان دوژمنی مەلاشێوەوە.
من لەو ساتەدا بێدەنگیم هەڵبژارد. لە ڕاستیدا نەک هەر مەبەستم نەبوو بچمە نێو ئەو ئاستە لە گفتوگۆ، بەڵکو بە هیچ جۆرێک بواری وەڵامدانەوەی ئەو پلار و سووکایەتییەشم نەبوو. چونکە ئەم هاوڕێیەم، وێڕای ئەوەی کەسێکی ژیرە، بەڵام وەک عادەتی هەمیشەیی خۆی، کە وەک نمایشکارێکی پلە سێ (Third-rate performer)ـی سەر شانۆیەکی چۆڵ وایە، جگە لەوەی زۆر دەڵێت، بە جۆرێکیش دەکەوێتە نێو نمایشی گوتارییەوە وەک بڵێی لە دواچرکەساتی ژیانی خۆیدایە و دەبێ هەموو شتێک بڵێت. ئەو یەکێکە لەو دەگمەن کەسانەی ژیانم کە کاتێک قسە دەکات، دواتر هەرچەندە بیری لێ دەکەمەوە، ناتوانم بزانم باسی چی کردووە. ئەو وا دەزانێت بە هاوارکردن و بەکارهێنانی کڵێشەی وەک مەلا، خەریکی داهێنانی گوتارێکی مۆدێرنە، لەکاتێکدا تەنیا مەکینەیەکی سوواوە بۆ دووبارەکردنەوەی گەمژەییەکانی ناو بازاڕ. ئەم مرۆڤانە بەڕاستی بەستەزمانن، بەڕادەیەک پێویست ناکات وەڵامیشیان بدەیتەوە. چونکە وەڵامدانەوە دەمانباتەوە نێو ئەو دۆخە بێزارکەر و گوتارە پێکەنیناوییەی مۆدێرنێتە کە هابەرماس پێی وابوو دەتوانین لەڕێی گفتوگۆوە بگەینە کۆدەنگیی. لیۆتار پێی وایە کۆدەنگیی تیرۆرە. بێدەنگیی من لەو ساتەدا، نیشانەی ملکەچی نەبوو، هەوڵیشم نەدا لێک تێبگەین، بەڵکو بێ ئەوەی لەیادم بێت و بەهۆی ئەوەی خوێندنەوە ناونشین دەبێت، ناڕاستەوخۆ کەوتمە پیادەکردنی ئەو شتەی کە ژان بۆدریار بە ستراتیژیی کوشندە Fatal Strategy ناوی دەبات. بۆدریار پێی وایە لە جیهانێکدا کە پڕە لە ژاوەژاو و زێدەڕۆیی لە قسەکردن، بێدەنگی تاکە هێزە دەتوانێت ماناکان لەنێو خۆیدا بتەقێنێتەوە. کاتێک بکەرێک هەوڵ دەدات بە زمانی بازاڕ و بەخشینەوەی تۆمەت تۆ پەلکێشی نێو یارییە زمانەوانییەکانـی خۆی بکات، وەڵامدانەوەت بەو مانایە دێت کە تۆ شەرعییەتت بە یاساکانی یارییەکەی ئەو داوە و هاتوویتە نێو ئەو زەلکاوەی ئەو بۆتی ساز کردووە. بۆیە، بێدەنگی لەو ساتەدا جۆرێکە لە ڕەتکردنەوەی ڕادیکاڵ، ڕەتکردنەوەی ئەوەی ببیتە تەواوکەری نمایشە پۆپۆلیستییەکەی ئەو.
ئەم توندوتیژییە پۆپۆلیستییە ڕێک ئەو خاڵەیە میشێل فۆکۆ وەک ئامرازێکی دەسەڵات بۆ دەستەمۆکردنی بەرانبەر باسی دەکات. کاتێک ئەویتر نایەوێت لە ڕاستییە وجوودییەکەی تۆ تێبگات، لەڕێگەی گوتارێکی پۆپۆلیستییەوە ناوێکت بەسەردا دەبڕێت تا زیندانیت بکات. پێشتر ئەمەمان باسکرد. لەپاڵ فۆکۆدا، ژیل دولۆزیش دێتە دەنگ، لای دولۆز، هەر هەوڵێک بۆ بەخشینی ناسنامەیەکی جێگیر (Being) بە مرۆڤ، تووندوتیژییە بەرانبەر بەو بوون-بە (Becoming)ـەی کە لە مرۆڤدایە. گوتاری پۆپۆلیستی هەمیشە دژی ‘بوون-بە‘یە، دەیەوێت مرۆڤەکان وەک مۆری سەر کاغەز جێگیر و ناسراو بن. بێ بینینی ئەو ڕاستییەی مرۆڤ ڕووبارێکە لە ‘بوون-بە’ و هەر هەوڵێک بۆ دانانی بەربەست لەبەردەم ئەم ڕووبارە و گۆڕینی بۆ گۆمێکی مەنگ، ڕێک ئەو فاشیزمە بچووکەیە کە دەیەوێت ژیان لە جووڵە بخات و ئەگەری گۆڕان بکوژێت. دولۆز پێی وایە دەسەڵات (بەتایبەت دەسەڵاتی دەوڵەتی و پۆپۆلیستی) مرۆڤی ‘کۆچەری‘ـی ناوێت کە بەردەوام لە گۆڕاندا بێت، بەڵکو مرۆڤی “نیشتەجێ”ـی دەوێت کە شوێن و پێگەی دیار بێت بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی بکات. کاتێکیش ئەم هاوڕێیە (هەرچەند کوڕی چاک و خوێندەوارە، دەکرێت لە دۆخی نائاگاییدا بووبێت، بەڵام نائاگاییش خاوەن ژیربێژییە) ناوێکی وەک مەلا بەسەر مندا دەبڕێت، یان هەرکەسێک شتێکی لەم جۆرە بەرانبەر کەسێکی تر دەکات، پەنا دەباتە بەر گوتارێکی پۆپۆلیستانە بۆ کوشتنی ئەگەرەکانی تری ‘بوون’ لەپێناو هێشتنەوەی وێنەیەکی جێگیردا بۆ دەستبەسەرداگرتن.
لێرەدا، بە پێویستی دەزانم ئاماژە بەو خاڵە گرینگە بدەم: کەمینەی بیرکەرەوە هەمیشە لەژێر هەڕەشەی توانەوەدایە، گەورەترین مەترسیش بۆ سەر ئەم گرووپە، هێزی دەرەکی نییە، بەڵکو ئەو ساتەوەختەیە کە خۆیان هەوڵی وێرانکردنی یەکتر دەدەن. ئەم پانتاییە نەبینراوانەی دانیشتن کە هاوڕێیانی نووسەر و خوێندەواری تێدان، وەک فۆکۆ دەڵێت دەبێ ‘هێتێرۆتۆپیا’ (Heterotopia) بن، واتە ‘شوێنێکی دیکە’ بن بۆ هەناسەدان و بەرهەمهێنانی مانایەک کە لە دنیای دەرەوە و بازاڕدا دەست ناکەوێت. ئەرکی ئەم ژوور و دانیشتنانە ‘چاودێری و سزادان’ـی یەکتر نییە، بەڵکو ‘گرنگیدانە بە خود’ (Care of the Self) وەک پڕۆژەیەکی ئیستاتیکی بۆ جوانترکردنی ژیان. کاتێک وزەی بکەرەکان لەجیاتی ئەوەی لە داهێنان و تێگەیشتن لە دۆخی مرۆڤ خەرج بکرێت، لە ململانێیەکی نەرسیستانەی بچووکدا بەفیڕۆ دەچێت بۆ سەلماندنی ئەوەی کێ باڵادەستە، لەوکاتەدا ئێمە باشترین خزمەتمان بە سیستەمی باو کردووە. سیستەمێک کە دەیەوێت هەموومان وەکو یەک بین. بۆیە، گەورەترین سەرکەوتن بۆ عەوام ئەوەیە دەنگە جیاوازەکان خەریکی خواردن و تێکشکاندنی یەکتر بن؛ چونکە ئەوکات هیچ گێڕانەوەیەکی جیاواز نامێنێتەوە بتوانێت ژیان لەم پووچییە ڕزگار بکات. ڕزگارکردنی مانا لەم سەردەمەدا، بە شکاندنی یەکتری ناکرێت، بەڵکو بە دروستکردنی ‘ڕیزۆم’ (Rhizome) و پەیوەندیی ئاسۆیی دەکرێت کە تێیدا هەموو دەنگەکان بەیەکەوە، دژی بەکاڵابوونی مرۆڤ دەوەستنەوە. ژیڵ دولۆز هۆشداریمان دەداتێ لەسەر ئەوەی فاشیزم تەنیا سیستەمێکی حوکمڕانی و دەسەڵاتێکی گەورە نییە، بەڵکو جۆرێکە لە ئارەزوو، ئارەزووی سەپاندنی دەسەڵات کە خۆی لە ‘مایکڕۆ-فاشیزم’دا دەبینێتەوە و مەبەست لێی فاشیزمی دەروون و ژیانی ڕۆژانەیە، لەنێو ئێمە، لەنێو ماڵ، قوتابخانە، شوێنی کار و پەیوەندییە سۆزدارییەکانماندا. ئێمە تەنیا لەلایەن دیکتاتۆرەکانەوە ناچەوسێندرێینەوە، بەڵکو خۆشمان ‘دیکتاتۆرێکی بچووک’ لەنێو خۆماندا هەڵدەگرین کە حەزی بە تووندوتیژی و سزادانی ئەوانیترە. فاشیزم تەنیا لەسەرەوەڕا بۆ خوارێ نایەت، بەڵکو لە خوارێڕا (لەنێو ئارەزووی خەڵکەوە) گەشە دەکات و دەبێتە سیستمێکی گەورە. کاتێک ئێمە لە ژیانی تاکەکەسی خۆماندا جیاوازی قبوڵ ناکەین و دەمانەوێت هەمووان وەک یەک بن یاخود وەک ئێمە بن، خەریکین خۆراک بە فاشیزمێکی گەورە دەدەین.
لەکاتێکدا مۆدێرنێتە دەیویست مرۆڤ وەک بابەتێکی دیاریکراو لەبەردەم عەقڵدا دابنێت و بە ناونان و پۆلێنکردنی زانستیی کۆتایی بە سەبلایم و نادیارییەکانی ناوەوەی بهێنێت، پۆستمۆدێرنێتە ڕێک لەم خاڵەدا ڕادەوەستێت و مرۆڤ وەک دەقێکی کراوە و بوون-بەیەکی بەردەوام دەبینێت کە لە کڵێشە مەعریفییەکان هەڵدەڕژێت و لە بۆتەی زماندا جێی نابێتەوە. ئەم جیاوازییە تەنیا لەسەر ئاستی تیۆری نییە، بەڵکو لە قووڵایی تێگەیشتن بۆ مرۆڤ وەک بوونێکی دەستەمۆنەکراو ڕەنگ دەداتەوە. ئەگەر مۆدێرنێتە لە نادیاربوونی مرۆڤ دەترسا و دەیویست بە ناو و پۆلێن زیندانی بکات و بیکات بە سەنتەر، ئەوا پۆستمۆدێرنێتە ئەو ترسە مۆدێرنەیە دەگۆڕێت بۆ فەزیلەتێکی ئەخلاقی کە تێیدا نەزانین لەئاست قووڵاییەکانی مرۆڤدا، دەبێتە باڵاترین جۆری ڕێزگرتن لەو شکۆ کێوییەی هەر مرۆڤێک لەنێو خۆیدا هەڵگریەتی. ئەم تێگەیشتنە کاتێک دەگاتە نێو بازنەی کەمینەی بیرکەرەوەی کورد، دەبێتە سەنگی مەحەک بۆ تێپەڕاندنی ئەو وردەفاشیزمەی دەیانەوێت هەر دەنگێکی جیاواز لەنێو یەک کاتیگۆریدا داپڵۆسێنن. لێرەدا، ڕێزگرتن لە سەبلایمی سیما و مێژووی هەر تاکێک، ئەو ڕێگەیەیە پانتایی دانیشتنەکانمانی لە مەکینۆکەی بچووکی ئازاردانەوە پێ دەگۆڕین بۆ هێتێرۆتۆپیایەکی ڕاستەقینە بۆ پاراستنی مرۆڤ. بەمەش بێدەنگیی لەبەردەم ژاوەژاوی ناونانە پۆپۆلیستییەکاندا، تەنیا ڕەتکردنەوەی یارییە زمانییەکان نییە، بەڵکو هەڵوێستێکی ڕادیکاڵە بۆ ڕزگارکردنی مانا و فرەیی و مانەوە لەو بوون-بەیەی کە مۆدێرنێتە دەیویست بە هاوکێشە جێگیرەکان کۆتایی پێ بهێنێت. هەر مرۆڤێک دەخوازێت شکۆی خۆی و مرۆڤ و ئەو مرۆڤانەشی لەنێو بازنەی ناسینیدان، بپارێزێت، دەبێ دان بەو ڕازەدا بنێت: مرۆڤ سەبلایمی مرۆڤە.
- سەبلایم (Sublime): چەمکێکی فەلسەفییە، لای ئیمانوێل کانت گوزارشتە لەو هەستە تێکەڵەی ‘ترس و شکۆداری’ لەبەردەم گەورەیی و هێزی ڕەهای سروشتدا کە مرۆڤ تووشی دەبێت، ئەوکاتەی خەیاڵ دەستەوەستان دەبێت لە وێناکردنی گەردوون.
لای ژان فرانسوا لیۆتار، دەبێتە نیشانەی شکستی زمان و گێڕانەوەکان لەبەردەم ‘واقیعی نەنوێنراو’دا.
لەم وتارەدا، چەمکەکە لە وەسفی سرووشت و هونەرەوە گواستراوەتەوە بۆ شکستی ‘پێناسە’ لەبەردەم مرۆڤدا.
[1] ــ ئەمە جۆرێکە لە ‘سەبلایمی یادەوەری’. شتێکی کۆنترۆڵنەکراو و لەپڕ هەڵقوڵاو کە زمان ناتوانێت وەسفی بکات. مرۆڤ تەنیا بەرانبەر سرووشت و مرۆڤ تووشی سەرسامی نابێت، بەڵکو دەکرێ بەرانبەر چرکەساتە وردەکانی ژیانیش ‘خواردنی کێکێک’ بکەوێتە دۆخی سەبلایمەوە. لای پروست ‘کاتی لەدەستچوو’ سەبلایمە و لە کێکێکدا دەردەکەوێت، دەبێتە هۆی هەژاندنی یادەوەرییەکانی.






































































