کۆمپانیای دیزنی بە ڕوونی ئەم بیرۆکەیەی لە زۆرێک لە بەرهەمە نوێیەکانیدا گرتووەتە بەر، بەڵام بە بڕوای من بۆ کەسێک کە بیەوێت بەدوای هۆکارەکاندا بگەڕێت، کارێکی بابەتییانە نییە کە زۆر زیادەڕۆیی بکات لە شوێنکەتنی “پەیامە شاراوەکانی دیزنی”(Disney Subliminal Messages). ئەم بابەتە بەناوبانگە کە نووسەری ئەمریکی دان براون (Dan Brown) لە ڕۆمانی کۆدی داڤینچی (The Da Vinci Code) ئاماژەی پێ کردووە، کاتێک لەسەر زاری پاڵەوانی ڕۆمانەکە ڕۆبەرت لانگدۆن کە پسپۆڕێکی ناسراوی کۆد و هێماکانە (سیمبول) دەڵێت؛ “دیزنی بە لیۆناردۆ داڤینچی سەردەمی نوێ ناوزەد کراوە؛ هەردوو پیاوەکە (واڵت دیزنی و لێۆناردۆ داڤینچی) لە پێش سەردەمی خۆیانەوە بوون. هەروەها هەردووکیان هونەرمەند بوون و خاوەنی بەهرەیەکی بێوێنە بوون، هەردووکیان ئەندامی کۆمەڵە نهێنییەکان بوون، بەتایبەتی خاوەنی ڕۆحییەتێکی گاڵتەوگەپی بێوێنە بوون. واڵت دیزنی وەک داڤینچی حەزی دەکرد پەیامی شاراوە و هێمای نهێنی بخاتە نێو کارە هونەرییەکانییەوە. بۆ شارەزایەکی هێماکان، سەیرکردنی فیلمێکی کۆنی دیزنی وەک ئەوە وایە بارانێک لە ئاماژە و خوازە (مەجاز)ی بەسەردا ببارێت”.
ئەم هێما/کۆد یانژی پەیامە شاراوانەی ئاماژەیان پێ کراوە، دەتوانین بۆ چەند جۆرێک دابەشیان بکەین:-
یەک. پەیامە سێکسییەکان.
دوو. پەیامی دوورکەوتنەوە – تەریککەوتن – لە بەتەمەنەکان.
سێ. پەیامەکانی پێکەوەژیان و قبوڵکردنی ئەویتر (Coexistence).
چوار. پەیامە ڕەگەزپەرستییەکان.
پێنج. پەیامە شەیتانییەکان.
پەیامە سێکسییەکان؛ هەندێکیان ئاماژەی سێکسی و پۆڕنۆگرافین، بەڵام کاتێک بە وردی سەرنج دەدەین و ئەو بڕگە بڕدراوانەی – لابراوانەی – بڵاوکراونەتەوە لەگەڵ وەشانی – ڤێرژنی – ڕەسەنی فیلمەکەدا لە ناو چوارچێوەی خۆیاندا بەراورد دەکەین، دەبینین زۆربەیان ناسەلمێنرێن. نموونە بەناوبانگەکەش لەسەر ئەم بابەتە ئەو گرتەیەیە کە بە (Mickey Making Swiss cheese) ناسراوە، کە لە سێ گرتەی تێکەڵکراوی فیلمی (Steamboat Willie)ی ساڵی (1928) دروستکراوە، کە یەکەم دەرکەوتنی ” میکی “یە لەگەڵ مینیی هاوڕێی. بەڵام هەندێک ئاماژەی سێکسی تریش (کە لەم چوارچێوەیەدا زیاتر دیارن)؛ بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ گاڵتەجاڕی و قۆشمەبازی خودی وێنەکێشەکان خۆیان. ئەوەی بە بەڵگە سەلمێندراوە ئەوەیە کە ڕۆژنامەی (نیویۆڕک تایمز) لە ڕێکەوتی (9/ 1/ 1999)دا بڵاویکردەوە، سەبارەت بەوەی کۆمپانیای دیزنی ڕۆژی پێشتر (3.4) ملیۆن کۆپی لە فیلم کارتۆنی ڕزگارکەران (The Rescuers) کە لە ساڵی (1977) بەرهەم هێنراوە، کێشاوەتەوە، ئەمەش بەهۆی دەرکەوتنی جەستەی ژنێکی ڕووت لە یەکێک لە گرتە خێراکاندا کە لە پەنجەرەیەکدا لە پشتەوە وەستاوە. گرتەکە هێندە خێرایە کە لە سەیرکردنی ئاساییداهەستی پێ ناکرێت و تەنها لەم دواییانەدا ئاشکرا بووە. لە هەواڵەکەدا هاتووە کە ئەم بڕیارەی کۆمپانیاکە لە جۆری خۆیدا یەکەمە (واتە لە فیلم کارتۆن)، هەرچەندە هەندێک گرۆ (گرووپ)ی ئایینی پێشتر هۆشدارییان دابوو لەوەی فیلمەکانی تری دیزنی وشە و وێنەی مەترسیداریان تێدایە . ئەمە سەبارەت بە ئاماژە ڕاستەوخۆکان بوو، وەلێ سەبارەت بە وروژێنەرە سێکسییە (تەقلیدییەکان)ی تر، ئەوا بێ سنوورن و خەریکە هیچ فیلمێکی نەبێت ئاماژەی و هێمای سێکسی تێدا نەبێت.
پەیامی دوورکەوتنەوە لە بەتەمەنەکان (بێزراندنی بەساڵاچووان)؛ دیزنی لە بەرهەمەکانیدا هەندێک ئاماژەی نەرێیی و خراپ دەربارەی بەساڵاچووان دەگەیەنێت؛ لەو لێکۆڵینەوەیەی کە لەلایەن توێژەرانی زانکۆی بریگهام یۆنگ (Brigham Young University) لە ویلایەتی یوتا ی ئەمریکا ئەنجامدراوە، دەریانخستووە کە نزیکەی (40%)ی کارەکتەرە بەساڵاچووەکانی دیزنی ڕۆڵی بەدکار و نەرێییان هەبووە.
پەیامەکانی پێکەوەژیان و قوڵکردنی ئەویتر؛ وەلێ پەیامەکانی پێکەوەژیان و قبوڵکردنی ئەویتر، هەرچەندە ڕەفتار یان بیروباوەڕیان نایاسایی – نامۆ – بێت زۆرێک لە بەرهەمەکانی ئەم پەیام و تێمایانە دەوڵەمەندن، بەتایبەتی بەرهەمە نوێیەکان وەک پێشتر نموونەمان بە هەردوو فیلمی کارتۆنی (Monsters Inc) و (Ratatouille) هێنایەوە.
پەیامە ڕەگەزپەرستییەکان؛ ئەمە جیا لەو پەیامە ڕەگەزپەرستییانەی کە زۆرێک لە فیلمەکانی دیزنی (ئەمە نەک تەنها ئەو) لەخۆیان گرتبوو، کە گوزارشت لە باڵادەستی ڕەگەزی سپیپێست بەسەر ڕەگەزەکانی تردا دەکەن. بۆ نموونە فیلمی میکی لە وڵاتی عەرەب (Mickey in Arabia) کە لە ساڵی (1932) بڵاوکراوەتەوە، و دەرکەوتنی پشیلە بەدکارەکان بە ڕوخسار و سیمای ئاسیایی. بە هەمان شێوە لە فیلمی خانم و هەڵاتووەکە (Lady and the Tramp) کە لە ساڵی (1955) بڵاوکراوەتەوە، هەروەها کارەکتەری سێنتور (Centaur – گیاندارێکی ئەفسانەییە نیوەی ئەسپە و نیوە مرۆڤ)ی خزمەتکاری ئەفریقی بە ناوی سەنفلاوەر لە بڕگەی سیمفۆنیای دەشتەکی (Pastoral Symphony) لە فیلم کارتۆنی فەتنازیا (Fantasia) کە لە ساڵی (1940) بڵاوکراوەتەوە، بەهۆی بوونی هەندێک گرتەی ڕەگەزپەرستی و بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕازایەتی بەرابەر ئەم گرتان ڕەگەزپەرستییە سووکایەتئامێزانە، لە ساڵی (1968) گرتەکان سڕانەوە و لە فیلمەکە لابران.
پەیامە شەیتانییەکان؛ سەبارەت بە پەیامە شەیتانییەکان، ئەمە شتێکە کە هیچ بەڵگەیەکی ڕوون و باوەڕپێکراوم لەسەری دەست نەکەوتووە. بەڵام ئەوەی کە دەوترێت واڵت دیزینی ماسۆنی بووە، ئەمە ڕاستییەکی ئاشکرایە و ناشاردرێتەوە؛ پەیوەندیکردنی لە تافی لاویدا بە کۆمەڵەی دیمۆلای نێودەوڵەتی (DeMolay International / Order of DeMolay) کە لە ساڵی (1919) دامەزراوە، لە ڕووی مێژووییەوە سەلمێنراوە، بگرە یەکێک بوو لە ئەندامە هەر دیار و بەناوبانگەکانی ئەو کۆمەڵەیە. ڕەنگە ئەمە کاریگەریی هەبووبێت لەسەر ئەوەی دواتر کۆمپانیاکەی فیلمی گەنجینەی نیشتیمانی (National Treasure) بە هەردوو بەشەکەیەوە لە ساڵانی (2004 و 2007) بەرهەم بهێنێت، کە باس لە سەرکێشییەک دەکات بە پاڵەوانێتی ئەکتەری ئەمریکی نیکۆلاس کەیج (لە ڕۆڵی بینجامین فرانکلین گەیتس) بۆ گەڕان بەدوای گەنجینەی باوکانی ماسۆنییە دامەزرێنەرەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە نەوە دوای نەوە لە کۆمەڵەی نهێنی سوارچاکانی پەرستگا (Knights Templar) بۆیان ماوەتەوە بە ئاماژە و مەتەڵی زۆر ئاڵۆز شاردوویانەتەوە؛ ئەمەش بەو پێیەی – لە دوو بەشی فیلمەکەدا – نیکۆلاس کەیج زانایەکی بلیمەتی مەتەڵەکان و نەوەی ئەم خێزانە مەترسیدارەیە.
دوور لە باسی مێژووی ماسۆنییەت کە سەرچاوە و بەڵگەکانی ناتەواون، من پێم وانییە ئەو و کۆمەڵە نهێنییەکان بەگشتی ئەو کاریگەرییە گەورەیەیان لەسەر ئەم هەسارەیە هەبێت، بەڵکو پێم وایە هێزی ڕاستەقینەیان لەو تەمومژ و ناڕوونییەدایە کە دەوری خۆیانیان پێ داوە، کاریگەرییەکەشیان لە بەرابەردا ڕەمزی و سنوردارە، کە زیاتر وەک جۆرێک لە شانازی کردن یان بەتاڵکردنەوەی بارگاوییە بیروباوەڕییەکان دەردەکەوێت. لە کۆتاییدا، ئەوەی دەگوترێت دەربارەی پەیوەندی واڵت دیزنی بە کڵێسەی شەیتان (Church of Satan) یان بوونی پەیوەندی لە نێوان واڵت دیزنی و ئانتۆن لاڤی (Anton LaVey) دامەزرێنەری کڵێسەکە، بەو پاساوەی کە ناوبراو لە کتێبەکەیدا بە ناوی ڕێوڕەسمە شەیتانییەکان (The Satanic Rituals) و لەو بەشەی تایبەتە بە ڕێوڕسمی شەوێک لەسەر کێوی ڕووت (Night on Bald Mountain)، ئاماژەی بەوە کردووە کە سەرۆ(ئیلهام)ی لەو بڕگەیە وەرگرتووە کە هەمان ناوی فیلمە بەناوبانگەکەی دیزنییە (فانتازیا – Fantasia). فیلمەکە پارچە مۆسیقایەکی مۆسیقازانی ڕووسی مۆدیست موسۆرسکی (Modest Mussorgsky) وێنا کردووە کە هەمان ناوی هەیە ” شەوێک لەسەر کێوی ڕووت – Night on Bald Mountain) و باس لە شەوی هاڵۆوین (Halloween) دەکات، کە تێیدا شەیتان بۆ سەر ئەم کێوە ڕووتە سەردەکەوێت و ڕۆحە شەیتانییەکان لە گۆڕەکانیان دەدەهێنێت تاوەکو لەسەر زەویدا بسووڕێنەوە و پاشان لەگەڵ هەڵاتنی خۆردا دەگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان. ئانتۆن لاڤی لە کاتی ئەنجامدانی ئەم ڕیوڕەسمەدا ئامۆژگاری شوێنکەوتووانی دەکات و دەڵێت؛ ” ئەگەر تووشی گومان یان دڵەڕاوکێ بوون، دەتوانن داوای ڕێنمایی لە مۆدیست موسۆرسکی یان واڵت دیزینی بکەن”.
ئەم پێداگرییە ناڕەوایە لە سەلماندنی پەیوەندی نێوانیاندا دەبینیت، لە کاتێکدا مێژووی بڵاوبوونەوەی فیلمی فانتازیا وەک باسمان کرد ساڵی (1940)، واتە پێش دامەزراندنی کڵێسەی ناوبراو لە ساڵی (1966) بوو، ئەو کاتە ئانتۆن لاڤی تەمەنی تەنها (10) ساڵ بوو. لە کاتێکدا واڵت دیزنی تەمەنی (39) ساڵ بوو. هاوکات دەبێت ئەوەش لەرچاو بگرین کە واڵت دیزنی لە هەمان ساڵی دامەزراندنی کڵێسەی ناوبراو (1966) کۆچی دوایی کردووە، جا چ بگاتەی ئەوەی مێژووی چاپی یەکەمی کتێبی ڕێوڕەسمە شەیتانییەکان (The Satanic Rituals) ساڵی (1972) بوو. کەواتە پێویست ناکات بچینە ناو کێشە و چەواشەکارییەکانی زانستی ساختە یان زانستی قەڵب (Pseudoscience)، چونکە بازرگانیکردن پێیەوە وەک فرۆشتنی ماسی ناو ئاو و باڵندەی ئاسمان وایە! ئەو گەڵاڵەیەی لەلامان چەسپاوە ئەوەیە ڕووبەڕووی دیاردەیەک دەبینەوە کە نووسەر گراهام جۆنستن بەم شێوەیە وەسپی دەکات؛ ” ئێمە ئەمڕۆ لەبەردەم دیاردەیەکی پێچەوانەداین، کە تێیدا پاڵەوانەکانی مۆدێرنیتە بوون بە بەدکارانی پۆست-مۆدێرنیتە، و بەدکارانی مۆدێرنیتەش بوون بە پاڵەوانەکانی پۆست-مۆدێرنیتە “.
نووسینی؛ عەمرو کامیل عومەر
وەرگێڕانی؛ شڤان نەوزاد







































































