هەست “sensation”؛ لە ڕووی تیۆرییەوە بە سادەترین ئەزموونی هەستەکیی “وشیارییەکی کتوپڕ و هەنووکەی” دەوترێت کە بەهۆی ختووکەدرانی یەکێک لە وەرگرەکانمان دروست دەبێت. یان لە پێناسەیەکی دیکەدا دەڵێن پرۆسێسی وەرگرتنێک “وەرگرتنی زانیاری” کە هێشتا نەگەیشتووەتە قۆناغی مانادار. یان وەکوو هەندێک پسپۆڕی دیکەی دەروونناسی دەڵێن پەرچەکرداری سیستەمە هەستەکییەکان یان سیستەمە هەستەوەرییەکانە لە هەمبەر ختووکەدەر یان پاڵنەرێک کە لە ڕێگەی دەمارەهەستەکییەکانەوە” اعصاب حسی” دەگوازرێتەوە بۆ مێشک.
هەست پێکردن “sentiments/feelings”؛ ئەگەرچی دیاریکردنی مانایەکی ورد و ڕوون بۆ ئەم دەستەواژەیە سەختە، بەڵام دەکرێت بڵێین ماناکەی لە گشتیترین شێوەدا ئاماژەیە بۆ ئەزموونکردن، هەستکردن، یان هەبوونی جۆرێک پرۆسێسی وشیارانە. مانا تایبەتییەکانی دیکەی ئەم دەستەواژەیە بریتین لە
- کاریگەریی هەستەکی، یان هەندێک هەستی وەکوو گەرما یان ئێش و ئازار.
- حاڵەتە عاتیفی و سۆزاوییەکانی وەکوو باشبوون، هەستی خەمۆکی.
- یەکێک لە دەرکەوتەکانی جۆش و خرۆش ٤” باوەڕمەندی وەکوو هەستێکی لێڵ و ناڕوون سەبارەت بە شتێک کە بە هیچ بەڵگە و نیشانەیەکی واقیعی پشتگیریی ناکرێت.
ئەگەرچی بە گوێرەی زانستی زمانەوانی دەستەواژەی “sentiment” لە وشەی هەست وەرگیراوە، بەڵام بە مانایەکی بەرینتر بەکار دەبرێت و ئاماژەیە بە حاڵەتێکی ئاڵۆزتر کە لە سەر بنەمای هەستی کەسێک لە هەمبەر هەندێ دۆخ و حاڵەت، کەس و خەڵک، باوەڕ و بیرکردنەوە و ئەم جۆرە شتانە دروست دەبێت. واتە ئەم جۆرە لە هەستکردن، گشتیتر و ئاڵۆزترە لە تێڕوانین یان داوەریکردنێک، بە زمانێکی دیکە هەستێکی تایبەتی زیاترە لە حاڵەتێکی سۆزاوی و هەڵگری لایەنی پراکتیکانەشە. بۆ نموونە کەسێک خاوەنی هەستێکی بەهێزی نیشتماندۆستییە، ئیحتیمالی زۆری هەیە کە لە هەمبەر دوژمن زۆر جەنگاوەرانەتر و جەربەزانەتر بەرگری لە خاک و ئاوی نیشتمانەکەی بکات.
هەستی خۆبەکەمزانین “Inferiority feeling”؛ ڕوانینی نێگەتیڤ و لۆمەکارانەی کەسەکە بۆ خۆی. لە ڕاستیدا ئەم دەستەواژەیە بو دەلالەتە گشتییەکانی بەکارهێنانی ڕۆژانەیەتی لە لایەن خەڵکی ئاساییەوە کاتێک ئاماژە بە هەر جۆرە هەستی ناشایستەیی و بچووکبوون دەکەن و پزیشک و دەروونناسی بەناوبانگی نەمسایی ئالفرێد ئادلێر ئاماژە بە هەبوونی وەها هەستێک لە منداڵدا دەکات.
هەست بە گوناهباری “sin feelings”؛ هەستکردن بە بێبایەخی زۆربەی کات لەگەڵ هەست بە گوناهباریکردن بەشێوەیەکی قووڵ تێکەڵاوە. لەم حاڵەتەدا کەسەکە شکست و دۆڕاندنەکانی ڕابردوو و ئێستەی خۆی لای خۆی زۆر قەبە دەنوێنێتەوە و وا دەردەکەوێت کە سەرنجی دەوروبەر و ژینگەی خۆی دەدات تاکوو شایەت و بەڵگەیەک بۆ ئەمە بدۆزێتەوە و هەر جۆرە نوقسان و خاوی و خلیچکی بە گوناه و سووچی خۆی دەزانێت.
تێکچوونی شیزۆفێرنیایی “Schizophrenia disorder”؛ بە ژمارەیەک لە تێکچوونەکان دەوترێت کە نیشانە و تایبەتمەندییەکانی بریتین لە دابڕان لە واقیع، شێواوی و ئاڵۆزبوونی بیر و تێگەیشتن و هەروەها هەڵسوکەوت و ڕەفتاری سەیر و سەمەرە.
تێکچوونی دڵەڕاوکێیانە “Anxiety disorder”؛ تێکچوونێکی دڵەڕاوکێیانە هەڵگری نیشانەکانی ململانێ و قەلەقی و هەروەها ترس و تۆقینە. و ڕەنگە لەگەڵ کۆمەڵێک نیشانەی جەستەیی وەکوو لێدانی توندی دڵ، هەستکردن بە ماندووێتی، تێکچوونی خەو و سەرگێژەش هاوکات ببێت.
تێکچوونی دڵەڕاوکێیانەی گشتگیر “Generalized anxiety disorder”؛ ئەو کەسانەی کە ئاوەها تێکچوونێک ئەزموون دەکەن لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بەڕوونی نازانن کە بۆچی دەترسن. نیشانەی سەرەکیی ئەم تێکچوونە دڵەڕاوکێیە و بەم هۆکارەش بە گشتگیر ناو دەبرێت کە لە ڕێگەی هاندەر یان ڕووداوێکی تایبەتەوە سەرهەڵنادات. بەڵکوو لە دۆخی جۆراوجۆردا دەردەکەوێت، وا دێتە پێش چاوان کە ئەم جۆرە لە دڵەڕاوکێ کەمتر بە ڕووداوەکانی دەرەوە گرێدراوە و زیاتر پەیوەستە بە هەست و ئالؤزییە دەروونییەکانی کەسەکەوە.
تێکچوونی میزاجی “Temperamental Disorder”؛ تێکچوونە میزاجییەکان بەسەر سێ دەستەدا دابەش دەبن:-
- تێکچوونە خەمۆکئاساکان “تاک جەمسەری” ٢” تێکچوونە دوو جەمسەرییەکان.
- تێکچوونەکان لەسەر بنەمای هۆکارناسانە کە خۆیان دوو دانەن یەکەم:- تێکچوونی میزاجیی بەهۆی مەرجێکی گشتیی پزیشکی و دووەم:- تێکچوونەکان بەهۆی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەرەوە” کە هەر کام لەم سێ تێکچوونە بەسەر چەندین دەستە و گرووپی دیکە دابەش دەبن.
- تێکچوونی میزاجیی تاکجەمسەری “polar temperament disorder”؛ ئەم تێکچوونە میزاجییە تایبەتمەندیی سەرەکیی تێکچوونە سۆزاوییەکانە، ئەو کەسانەی کە تێکچوونی تاکجەمسەریان هەیە شێواوی و پەشێویی یەک جۆریان هەیە و بەشێوەیەکی بەردەوام لە دۆخی خەمۆکانە دان.
- تێکچوونی میزاجیی دووجەمسەری “bipolar Temperament disorder”؛ تێکچوونی دوو یان جووت جەمسەری، بەپێی ئەو ناوەی بۆی هەڵبژێردراوە هەم لەخۆگری هێرشە خەمۆکانەکان دەبێت و هەم هێرشە شەیداییەکان. بەشێوەی گشتی تێکچوونی جووت جەمسەری سەرەتا بەشێوەی هێرشی شەیدایی ئاشکرا دەبێت و هێرشەکانی دواتر ڕەنگە بەشێوەی جۆراوجۆر خۆیان پێشان بدەن. ئەگەری ئەوە هەیە کە پاش هێرشە شەیداییەکان خولێکی سرووشتی و ئاسایی هەبێت و دوای ئەوە هێرشێکی خەمۆکانە، دواتر دیسان خولێکی سرووشتی و دووبارە بە هەمان شێوە.
- تێکچوونی دەروونی-جەستەیی “Psychophysiological Disorder”؛ ئەم تێکچوونە زیانی جەستەیی و خەساری ڕاستەقینە گەیشتنە بە جەستە کە بەهۆی هەڵچوونی لەش لە قۆناغەکانی زەختی دەروونی تەحەمولکراو دایە.
تێکچوونی کەسێتی “Personality Disorder/personality Disturbance”؛ ئەم تێکچوونە سەرنموونەی جێگیری خووپێوەگرتوو و نەگۆڕی ڕەفتار یان ڕوانگەیەکە کە هێزی خۆگونجاندن و تێکەڵاویی کەسەکە بە تەواوی بەرتەسک دەکاتەوە. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا کۆمەڵگا ئەم جۆرە ڕەفتارانە بە نەگونجاو هەژمار دەکات لە حاڵێکدا لە ڕوانگەی کەسەکەوە شتەکە بەو شێوەیە نییە و ئاساییە.
تێکچوونی فۆبیایی “phobic disorder”؛ فۆبیاکان، ترسە نالۆژیکییەکان لە شتەکان و دۆخە تایبەتەکانن. و بەپێچەوانەی ئەو نیگەرانییە ناڕوون و لێڵانەی کە لە تێکچوونە دڵەڕاوکێیە گشتییەکاندا دەبینرێت لە تێکچوونە فۆبیاییەکان، ترسەکان بەتەواوەتی تایبەت و دیاریکراون. کاتێک کەسێک ترسێکی زۆری لە هەمبەر هۆکارێک یان دۆخێک پێشان دەدات کە کەسانی دیکە بە ترسناکی نابینن، دەڵێین ئەم کەسە تووشی فۆبیا بووە.
ئەخلاق “morality”؛ لە زمانی گشتیدا دەکرێت مانای جۆراوجۆر بۆ دەستەواژەی ئەخلاق دیاری بکرێت بۆ نموونە لە ڕووە مێژووییەکەیەوە ئەخلاق پەیوەست بووە بە پێوەندییە مرۆییەکان و بەکارهێنانیشی بۆ ئارامی و ئاسوودەیی و خێر و چاکەی گشتی بووە. لە ڕوانگەی پەروەردە و فێرکاری و دەروونناسیشەوە، گەشەی ئەخلاقی پرۆسێسێکە کە لەخۆگری گۆڕانکاریی بەسەر شێوازی پێکهاتەی مەعریفی بووە و بە گەشەی مەعریفی کەسەکە بە گۆڕانکارییەکان و ژینگەی کلتووریی کەسەکەوە هەڵپێکراوە. لە ئەخلاقدا دەکرێت سێ بەشی گرنگ بناسینەوە.
ئەلف:- مەعریفە.
ب:- هەست
ج:- ڕەفتار.
مەعریفە لە خۆگری بەهاکان و بڕیارەکانە. هەست پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ سووچ و گوناهدا هەیە لە حاڵێکدا بەشی سێهەم واتە ڕەفتارە کۆمەڵایەتییەکان لە خۆگری بەشداریکردن و وەستان لە هەمبەر کردارە وەسوەسەکەرەکان و درۆنەکردن و…دەبێت.
وەرگرتن”تێگەیشتن” “perception” پرۆسیسێک کە تێیدا زانیارییە هەستەکییەکان ڕێک دەخرێت و یەکانگیر دەبن و مانای داتا و زانیارییە وەرگیراوەکان شی دەکرێنەوە و لە ئەنجامیشدا وەڵامێکی کراداریی دروست دەبێت کە بەمە دەڵێن وەرگرتن، لە بنەمادا وەرگرتن پرۆسێسێکی ڕێکخراوە و ئەزموونەکانی ڕابردوو لەم پرۆسێسەدا ڕۆڵێکی ئاڕاستەکەریان هەیە. پرۆسێسی وەرگرتن لەگەڵ دۆزینەوە و کەشف، گۆڕان، ناسینەوە و دەستنیشانکردنی زانیارییەوە وەرگیراوەکان بە مەبەستی شیکردنەوە سەروکاری هەیە. دواتر زانیارییە ئامادەکان مانا دەکرێنەوە. وەرگرتن، بەشێکی گرنگە لە جووڵەی کرداریی چونکە فێربوون جووڵەیەکی ئاڵۆزە و ئیشکردنی پێویستی بە هەڵسووڕانی وەرگرتن هەیە. بەشەکانی وەرگرتن بەم شێوەیەیە کە لە خوارەوە دێن:
- Detection : واتە شوێنپێگرتن، کەشف، دۆزینەوە، پشکنین، داهێنان.
- Discrimination: لێک هەڵاواردن، جیاکردنەوە.
- Recognition: ناسینەوە.
- Identification: ناسینەوە، هاوشێوەسازی.
وەرگرتن پرۆسەی ڕێکخستن و مانابەخشین بە ڕۆحی زانیارییە هەستەکییەکانە. هەر بۆیە وەکوو ڕینوێنیکاریکی ڕەفتار سوودبەخشە. لە راستیدا، ڕەفتار بەشێوەیەکی بەربڵاو گرێدراوە بە تێگەیشتن و هەڵهێنجانی ئێمە لە جیهانی دەوروبەر، تێگەیشتن یارمەتیمان دەدات تاکوو ئەو وەڵامانەی دەیدەینەوە دیاری بکرێن. ڕەفتار جووڵەیەکی کاریگەر و کارامەیە کە بە تەواوەتی گرێدراوە بە تێگەیشتنەوە.
بەها “value” ئامانجێکی کۆمەڵایەتییە کە دەست گەیشتن پێی شتێکی خوازراو و حەزلێکراوە. کۆمەڵەیەکی کەم و زۆری پەیوەست بە بەهاکان کە ڕەفتار و ئەتەکێت و کەسایەتیی کەسەکە ڕێک دەخات بە بێ ئەوەی کەسەکە خۆی لەسەری وشیار و ئاگا بێت.
بەها کۆمەڵایەتییەکان “Social values” ئەو پێوەرانەی کە لە لایەن کۆمەڵگاوە وەکوو پێوەری هەڵسەنگاندنی بیرکردنەوەکان، ئامانجەکان و کردەوەی کەسەکان یان گرووپەکان قبووڵ کراون و بە پێی ئەوانەش پاداشت و سزا دیاری دەکرێن.
سەرچاوە:
اصطلاح نامە روانشناسی؛ گردآورندگان رویا عباس نژاد، سعیدە آقا رفیع، کبری بیات، فاطمە بحری، رضا باقری، چاپ، تهران نشر پانیز، ١٣٩٨
وەرگێڕان: حەمیدە حەسەن