چاوخشاندنێکی ورد بە دەستکەوتە سینەماییەکانی فیلمی داستانی دەرهێنەری ئەمریکی “ئۆلیڤەر ستۆن” لە ماوەی پتر لە سێ دەیەدا، ڕێگەمان پێدەدات حەز و ویستی ئەو بۆ ژیاننامەی کەسایەتییەکان ئاشکرا دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا بۆ دەرهێنەرێکی وەکو ئەو ئەمە نمایشێکی تەقلیدی ژیانی ئەم کەسایەتییانە نییە، زۆربەی فیلمەکانی پڕن لە ڕووداو و کەسایەتی کە ڕەنگە تەنها سەرنجی دەرهێنەرێکی بەهرەمەندی وەک ستۆن ڕابکێشن و سەرنجی دەرهێنەرانی دیکە ڕاناکێشن و بەلایدا تێدەپەڕن. “ئۆلیڤەر ستۆن” مامەڵە لەگەڵ ئەم کەسایەتییانەدا دەکات وەک چۆن لە چوارچێوەی کۆمەڵاتی و مێژوویی خۆیاندا هەن، بەڵام بەوپەڕی وردێتی دروستکەرێکی ڕاستەقینە بەشێک لەم ژیاننامەیە بەرهەم دەهێنێتەوە و ئەو ڕەهەندانەی پەیوەست بەم کەسایەتییە یان ئەو شتانە ڕوون دەکاتەوە کە وادیارە فەرامۆش کراون. بەڵام بە شێوازێکی سەرنجڕاکێشی تایبەتی ستۆن، ئەو سەرنجڕاکێشییەیان پێ دەبەخشێت کە شایەنیەتی. لە فیلمی سلڤادۆر”Salvador” ساڵی “1986”دا، دەستوپەنجە لە تەک ژیان و کارەکانی ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی ڕیچارد بۆیڵ دەکات و باسی ئەو پشتیوانییە بێ سنوورەی واشنتن بۆ ڕژێمی سەربازی وڵاتی سلڤادۆر دەکات، لە کاتێکدا لە یەکێک لە گرنگترین فیلمەکانیدا بە ناوی پلاتۆن”Platoon” ساڵی “1986”دا دەڵێت:- “من باسی جەنگ و ئەو ئەزموونەی کە خۆم تێدا ژیاوم دەگێڕمەوە”، لێرەدا مەبەستی لایەنێکی ژیاننامەی ستۆن خۆیەتی، بەڵکو گرنگترین لایەنیشە کە تێیدا گوزارشتی لە مەیلی فیکری و داهێنەریی خۆی کردووە. لە فیلمی دەرگاکان”The Doors” ساڵی “1991”دا لە باسی مردنی جیم مۆریسۆن، ڕابەری گەورەترین تیپی ڕۆک لە شەستەکاندا، لە تەمەنی بیست و حەوت ساڵی، دوور دەکەوێتەوە و ئاڕاستەی فیلمەکە دەگۆڕێت بۆ ڕەتکردنەوەی دامەزراوەی ئەمریکی و دوژمنایەتییەکەی، کە ئەم باندە لە ساڵانی پڕ لە گرژی شەستەکاندا بەرجەستەی کرد.
بە هەمان شێوە لە فیلمی جەی ئێف کەی”JFK” ساڵی “1991”دا بە پێچەوانەی چاوەڕوانی بینەر کە چاوەڕوانی چارەسەرێک بوون بۆ ژیانی یەکێک لە بەناوبانگترین سەرۆکی ئەمریکا ئەویش جۆن کەنەدی، ژیانێک کە بە ڕووداوێکی دراماتیکی کۆتایی هات کە بە توونددی لە یادەوەری دەستەجەمعی کۆمەڵگای ئەمریکی چەسپاوە. دەرهێنەر لە دەرەوەی گێڕانەوەی فەرمی، لێکۆڵینەوە لە تیرۆرکردنی کەنەدی دەکات، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەو تێڕوانینەیە کە نیشانەی زۆر پرسیار لە دەوری کۆشتنەکە هەیە. ئەگەر ستۆن لەم فیلمەدا بە دوای چیرۆکی دادوری گشتی جیم گاریسن بکەوێت کە بەرپرسە لە دۆسیەی لێکۆڵینەوە لەو کەیسە، ئەوا بێگومان ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی ئایدیۆلۆژیای دامەزراوەکە بووەتەوە. لە فیلمی نیکسۆن”Nixon” ساڵی “1995”دا، دەرهێنەر بانگهێشتمان دەکات بۆ خوێندنەوەی ژیاننامەی سەرۆکی ئەمریکا ڕیچارد نیکسۆن، سەرۆکی کێشەدار لە کێشە ئابڕوچوونی واتەرگەیت، کە ستۆن لەم فیلمەدا لە ڕوانگەیەکی جیاوازەوە نیشانی دەدات. هەرچەندە ژیاننامەی نیکسۆن زۆر شتی تێدایە بۆ نموونە ئەو تووندڕەوێکی ڕاستڕەو بوو هاوکات خاوەنی پاشخانی مەکارتیزم بوو، هەروەها لە جەنگی ڤێتنامدا زۆر ڕادیکاڵ و توونددڕەو بوو، بەڵام ستۆن ئەم کەسایەتییە وەک قوربانی پیلانگێڕیی و پڕۆژەی گەورەتر لە خۆی وێنای دەکات.
تەنانەت لە فیلمی ئەلێکساندەر”Alexander” ساڵی “2004”دا گرنگی بە ئەفسانەیی کەسایەتی ئەلێکساندەر نادات، بەڵکو ئەم کەسایەتییە لە زەمەنی خۆی دایدەبڕێت و دەهێنێتەوە بۆ ئێستا و بەبیری هاوچەرخ داوەری بەسەرەوە دەکات و دواتر خاکی ئەسکەندەر”یۆنان” بە خوێندنەوەیەکی لەم شێوەیە توڕە دەکات، چونکە وەک هاوڕەگەزبازێک ئاماژە بەم کەسایەتییە مێژووییە ئەفسانەییەدا دەکات. لە فیلمی دەبڵیو”W” ساڵی “2008”دا ستۆن کۆمیدییانە مامەڵەی لەگەڵ کەسایەتی بۆش کردووە، کە هەندێکجار دەگاتە ئاستی گاڵتەجاڕی، ئەو دیمەنانەی کە فیلمەکە دەکەنەوە و لە ماوەی دوو کاتژمێردا، زیاتر لە جارێک دووبارە دەبنەوە کە بریتییە لە خۆشەویستی بۆش بۆ یاری بەیسبۆڵ لە هەلومەرجە جیاوازەکاندا، پێدەچێت ئەمە بەس بێت بۆ کێشانی هێڵکاری گشتی پیشەی ئەم پیاوە هەر لە شێوازی ژیانی بێ خەمانەی لە تەمەنی گەنجێتییەوە تا شێوازی وەک سیاسەتوان و سەرۆکی گەورەترین وڵاتی جیهان. ستۆن لە فیلمە دۆکیۆمێنتەرییەکانیدا ئاوڕ لە ژیانی دوو کەسایەتی سیاسی دیار لە سەدەی ڕابردوودا دەداتەوە ئەوانیش یەکەم:- یاسر عەرەفات، دووەم: فیدڵ کاسترۆ، ستۆن – وەک شێوازی خۆی – لە فیلمە داستانییەکانیدا لە ئاماژە کردن بۆ کەسایەتییە دیارەکان خۆی نابوێرێت و ڕۆشنایی دەخاتە سەر ڕەهەندە شاراوەکانی ژیانیان. لە دوو فیلمەکەیدا لەسەر کاسترۆ واتە بەڵگەفیلمی “Comandante” ساڵی “2003” و بەڵگەفیلمی “Looking for Fidel” ساڵی “2004”، ئەو کەسایەتییە دەناسین کە لەمێژە لەلایەن دامەزراوەی ئەمریکییەوە بە خراپکار و ستەمکار وێنا دەکرێت، بەڵام ئێمە لە هەردوو فیلمەکەی ستۆندا بە تەرزێکی جیاواز و بە تامی ستۆن کاسترۆ دەناسین کە هاوسۆزیی خۆی بۆ ئەم کەسایەتییە دایارە ناشارێتەوە. بەڵگەفیلمەکەیشی لەبارەی عەرەفات لەژێر ناوی “Persona Non Grata” ساڵی “2003” توڕەیی ئیسڕائیلی بە دوای خۆیدا هێنا.
وەک چۆن ستۆن سێینەیەکی لەبەرەی سێ سەرۆکی ئەمریکاوە هەیە واتە فیلمی جەی ئێف کەی لەبەری سێ و پێنجەمین سەرۆکی ئەمریکا جۆن کەنەدی و فیلمی نیکسۆن لەبارەی سی و کەوتەمین سەرۆک ئەمریکا ڕیچارد نیکسۆن و فیلمی دەبڵیو لەبارەی چل و یەکەمین سەرۆکی ئەمریکا جۆن دەبڵیو بوشی باوک، هەمان شێوە سێینەیەکی لەبارەی جەنگی ڤێتنامەوە هەیە. ژانری ژیاننامە بە ڕوونی لە تریلۆگی ڤێتنامەدا دیارە، ئەوانیش بە فیلمی پلاتۆن دەستپێدەکات و بە فیلمی لەدایکبووی چواری تەمووز”Born on the Fourt of July” ساڵی “1989” تێدەپەڕێت و بە فیلمی ئاسمان و زەوی”Heaven & Earth” ساڵی “1993” کۆتایی دێت. هەرسێ فیلمەکە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە داڕشتنی چیرۆک و پلۆت و زیمدا پشت بە ژیاننامە دەبەستن. ژیاننامە لێرەدا وەک هەموو فیلمە ژیاننامەییەکانی تری دەرهێنەر، بەرەنجامی کاریگەری ئەزموونی ستۆن خۆیەتی. ستۆن پێش ئەوەی وەک سەربازێک پەیوەندی بە جەنگی ڤێتنامەوە بکات، وەک مامۆستایەک هاتە ناو ڤێتنام، وی بە هەموو وردەکاریی و کارەساتەکانییەوە ئەزموونی جەنگەکەی کرد و تیا ژیا، وەک نیشتیمانپەروەرێکی ئەمریک هاتە ناو ڤێتنام، بەڵام وەک بریندارێک لێی دەرچوو کە دواتر هێرشی کردە سەر جەنگەکە و ئەمەش لە سێینەی ڤێتنامدا بە ڕوونی دیارە. تراژیدیای ڤێتنام کاریگەری هەبوو لە داڕشتنی هۆشیاری ستۆن لە ئازار و کاریگەرییە نەرێنییەکانی جەنگەکە کە لە گۆشەیەکی جیاوازەوە لە سێینەی ڤێتنامەدا دیارە بەتایبەتی لە فیلمی پلاتۆن کە ناوێکی گەورەی بە ستۆن بەخشی و خستییە ڕیزی باشترین دەرهێنەرە گەورەکانی سینەمای ئەمریکی، فیلمەکە بووە براوەی چوار خەڵاتی ئۆسکار، ئارنۆڵد بۆ باشترین وێنەگرتن، تۆم بێرینگەر بۆ باشترین ئەکتەری لاوەکی، ویلیم دافیۆ بۆ باشترین ئەکتەری لاوەکی، “ئۆلیڤەر ستۆن” بۆ باشترین سیناریت، “ئۆلیڤەر ستۆن” بۆ باشترین دەرهێنەر، هاوڕێ لەگەڵ بیست و چوار خەڵاتی تر و هەڵبژێردرا بۆ شازدە خەڵاتی تر.
لە فیلمی پلاتۆندا ستۆن لە ڕێگەی کارەکتەری سەرەکی کریس تایلۆرەوە باسی ئەزموونی خۆی لە جەنگەکەدا دەکات و وای لێدەکات پرسیار لە بە سوودی جەنگەکە بکات ئەگەر سوودێکی هەبێت، وەک بینەرێک لە چاوی کریس تایلۆرەوە دەڕوانینە کۆمەڵکوژیی و کوشتنی هەڕەمەکی و پێشێلکردنی کەرامەتی مرۆڤ، کە دواتر بۆمان دەردەکەوێت – ڕێک وەک ستۆن – کە جەنگێکی بێ مانایە و تەنانەت گەمژەییە. ستۆن جارێکی گوتی:- لە فیلمی پلاتۆندا هەوڵی داوە هەموو ئەو شتانە بۆ بینەر بگوازێتەوە کە بە شەخسی خۆی ئەزموونی کردوون. لەبەرئەوە سەیر نییە کە ئیهامی جەنگەکەی لە ئەزموونی خۆی لە جەنگەکەوە وەرگرتووە، بەڵکو لەوە زیاتر ڕۆیشت بەوەی کەسایەتییە ڕاستەقینەکانی بەرجەستە کرد و دیمەنەکانی وێنا کرد کە لە ڕاستیدا لەم شەڕەدا بەسەریدا هاتووە و تیا ژیاوە. لە فیلمی لەدایکبوونی چواری تەمووزدا لە گۆشەیەکی دییەوە دەڕوانێتە جەنگەکە، ئەم جارە تیشک دەخاتە سەر کاریگەرییە دەروونیی و کۆمەڵایەتییە وێرانکارییەکانی جەنگەکە ئەمەش لە ڕێگەی ئەزموونی ڕۆن کۆڤیک”لە نواندنی تۆم کروس” پاڵەوانی فیلمەکە کە لە کتێبەکەیدا دەیگێڕێتەوە، کۆڤیک کە سەربازێک بوو لە جەنگەکەدا و دوای کۆتاییهاتنی جەنگەکە خۆی بە کەسێکی بێ سوود دەبینێت، بەتایبەتی دوای ئەو کاریگەریانەی کە جەنگ لەسەر جەستەی بەجێی هێشتووە، هەستکردن بە گۆشەگیریی و پەراوێزخستن، کاردانەوەیەک لە دژی بەم جەنگە لە کۆڤیکدا دروست دەکات و ناچاری دەکات بەرەو مەکسیک هەڵبێت، لە دیدگای ستۆنەوە کۆڤێک نوێنەری نەوەیەکە کە جەنگ کاریگەری نەرێنی لەسەر داناوە، ستۆن لە ڕێگەی ئەزموونی خۆی و ئەزموونی کۆڤیکەوە لەم فیلمەدا درێژە بە گێڕانەوەی چیرۆکی ژیانی نەوەکی ناو جەنگی ڤێتنام دەدات.
سێینەی ڤێتنام بە فیلمی ئاسمان و زەوی تەواو دەبێت، ئەم فیلمە سەرچاوەی گرتووە لە ژیاننامەی ژنێکی ڤێتنامی بە ناوی لی لی هایسڵیپ، ئەم خانمە لە ساڵی “1989” کتێبێکی بڵاوکردەوە لە ژێر ناوی کاتێک ئاسمان و زەوی شوێنگۆڕکێیان کرد”When Heaven and Earth Changed Places”، ئەم خانمە نووسەرە لە تەمەنی منداڵیدا لە جەنگی ڤێتنامدا ژیاوە و دەستدرێژی کراوەتە سەر. لەم فیلمەدا ستۆن دەچێتە بەرەی ڤێتنامییەکان کاتێک کارەساتی جەنگ ئەزموون دەکەن، لی لی هایسڵیپ ئەو ئازار و کۆژانانە کە جەشتوویەتی و ئەو ترسەی کە بەسەریدا زاڵ بووە دەگێڕێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە وێناکردنی جەنگی ڤێتنام لەلایەن ستۆنەوە دەگاتە چڵەپۆپە، وێناکردنێک کە ستۆن هەوڵ دەدات بە ستایلێک بیگێڕێتەوە کە هیچ لە ماڵوێرانی جەنگە و کاریگەرییەکانی کەم نەکاتەوە، واتە قەبارەی جەنگەکە وەک خۆی بگوێزێتەوە بۆ پەردەی سینەما کە نەک تەنها هێما بێت بۆ ڕووداوێک لە مێژووی ئەمریکا، بەڵکو ڕەوتی سەدەی بیستیش بکێشێت. لە سێینەی ڤێتنامدا ستۆن ئارەزوو دەکات هەڵوێستی خۆی لەمەڕ جەنگەکە نیشان بدات و بەردەوام پرسیاری لەبارەوە بوروژێنێت، واتە پرسیار لەبارەی جەنگ. لە ڕاستیدا ئەم تریلۆگە بە سرووشتی خۆی لەگەڵ ڕێباز و شێوازی بیرکردنەوەی ستۆن گونجاوە و زۆر لەو پەیامانە دوور ناکەوێتەوە کە لە زۆربەی فیلمەکانیدا دەیگەیەنێت.
نووسینی: عەلاء ئەلمەفرەجی
وەرگێڕانی: شڤان نەوزاد
ئەم وەرگێڕانە؛ پێشکەش بە هێمن عوسمان