“گەشتێک بۆ سەر مانگی ژۆرژ میلیەس”
ئەگەر ئەمڕۆ لە هەزار بینەری هونەری سینەما و ڕوانەرە نوێیەکانی بپرسین دەربارەی جۆری ئەو فیلمانەی کە حەزیان لێیە و ئارەزووی بینینی دەکەن، وەڵامی زۆرینەیان ئەوەیە فیلمی ژانری “خەیاڵی زانستی”. ڕاستییەکە ئەوەیە کە لە سەردەمێکدا کە سینەما کێبڕکێ لەگەڵ چەندین ئامڕازی دیکەی گەیاندنی وێنە دەکات و لە تەلەفزیۆنەوە دەستپێدەکات و بە ئینتەرنێت و یارییە ڤیدیۆییەکان کۆتایی دێت. ژانری خەیاڵی زانستی هێشتا ئەو کەرەستە وێنەیەیە کە هیچ هونەرێک جگە لە هونەری حەوتەم ناتوانێت بە شێوەیەکی کامڵتر و سەرسوڕهێنەر بە بینەران بگەیەنێت واتە ئەم ژانرە تەنها لەگەڵ هونەری حەوتەمدا مومکینە، لەبەرئەوە ئامادەبوونی دەیان ملیۆن بینەر لەم ڕۆژانەدا بۆ ئەم ژەنرە بۆ بینینی فیلمەکەی دەرهێنەری گەورەی ئەمریکی مارتن سکۆرسێزی(Martin Scorsese) فیلمی (هیوگۆ – Hugo) گەواهی ئەم ڕاستیەیە چونکە ئەم بەشدارییه یان بابڵێین ئەم خواستە بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەندی بە بینەرەوە هەیە چونکە فیلمەکە ژیانی سینەمایی باو و پێشەنگی ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە.
ئەو فیلمەی کە بە دامەزرێنەری ڕاستەقینەی سینەمای ژانری خەیاڵی زانستی دادەنرێت ئەویش فیلمی (گەشتێک بۆ سەر مانگ – Voyage dans la Lune)ی دەرهێنەری پێشەنگی فەرەنسی ژۆرژ میلیەس(George Méliès)ە. ئەگەر فیلمە خەیاڵییە زانیستییەکان هەمیشە جادوو لە بینەر بکەن و هەموو تەمەنەکان سەرسام بکەن و چاو و مێشک سەراسیمە بکەن و هەزاران باڵ بدەن بە خەیاڵ، ئەوا دۆخەکە چییە یان بابڵێین حاڵەتەکە چۆن دەکەوێتەوە کاتێک فیلمەکەی سکۆرسێزی (هیوگۆ) لە دڵی مێژوویەکی نیمچە لەبیرکراوی هونەری حەوتەمدا زیندوو کرایەوە؟ یەکەمین فیلم لەم چوارچێوەیەدا هێنانەوەی ئەم فیلمە – زیندووکردنەوەی – لەسەر پەردەی سینەما بۆخۆی زیندووکردنەوەی دووبارەی ژۆرژ میلیەس بوو چونکێ نەوەک تەنها فیلمەکە لەبیرکرابوو بەڵکو دەرهێنەرەکەیشی چووبووە خانەی لەبیرکراوانەوە، ئەوەشمان لەیادنەچێت کە کاتی خۆی سەدان مەتر لە شریتی فیلمی (گەشتێک بۆ سەر مانگ) ون بوون و تەنها ئەوەندەی لێماوەتەوە کە ئێستاکێ باسی دەکەین.
لە بنەمادا ناکرێت ئەم فیلمەی سکۆرسێزی “هیوگۆ” بە ژیاننامەی ژۆرژ میلیەس دابنرێت، تەنانەت ئەگەر فیلمەکە باسی ساڵانی ژیانیشی بکات، هەروەها ناتوانرێت بە فیلمێک هەژمار بکرێت کە مەبەست لێی گێڕانەوەی چیرۆکی “گەشتێک بۆ سەر مانگ” بێت، ئەگەر شتێک لەم و شتێک لەویشی تێدایە، فیلمی “هیوگۆ” باسی کوڕە هەتیوێکمان بە ناوی “هیوگۆ” بۆ دەکات کە لە وێستگەی مۆنپارناس لە پاریس دەژی، لەوێ خۆی حەشار دەدات و کاتژمێرەکانی وێستگەکە چاک دەکاتەوە و هەوڵ دەدات نهێنی ئەو ڕۆبۆتانە بزانێت کە باوکی پاش مردنی بۆی جێهێشت. ژیانی هیوگۆ لە وێستگەکەدا تا ڕادەیەک هاوشێوەی ژیانی ژمارەیەک کوڕە لە ڕۆمانەکانی “چارلز دیکنز” وەک ڕاوەدوونانی پۆلیسی وێستگەکە و دوژمنایەکی ئاشکرای فرۆشیارانی یاری منداڵان و دواتر ئاشنابوونی بە کوڕانی هاوتەمەنی خۆی، هەموو ئەمانە بەرەو دۆزینەوەی سەرسوڕهێنەرانەی یەک لە دوای یەک دەبات کە گرنگترینیان کە فرۆشیاری یاری منداڵانە پیر و غەمۆکەکە خودی ژۆرژ میلیەسە، بەم شێوەیە خۆمان لەبەردەم لەگەڵ شاکارێکی سینەمایی و دەرهێنەرە داهێنەرەکەی و مێژووی سینەمادا دەبینینەوه کە دەبێتەهۆی دووبارە نمایشکردنی فیلمی “گەشتێک بۆ سەر مانگ” لە فیلمی هیوگۆدا، هەڵبەتە سکۆرسێزی لە فیلمەکەیدا هەوڵیدا ڕەنگە ڕەسەنەکەی فیلمی “گەشتێک بۆ سەر مانگ” بهێنێتەوە کە کاتی خۆی ژۆرژ میلیەس بەدەستی خۆی ڕەنگی کردبوون، باسی ئەوەش ناکەم کە گەڕانەوەی فیلمی “گەشتێک بۆ سەر مانگ” بە ڤێرژنە ڕەسەنەکەی و ڕەنگە ڕەسەنەکەی بینەری فیلمی “هیوگۆ”ی خستە چوارچێوەی پەیوندی لەگەڵ ئەو تەکنیکە سەرەتاییانەی کە تەواوی ژانرێکی سینەماییان دروستکرد.
ڕاستە بینەرانی ئەمڕۆ لەوانەیە زۆر گرنگی نەدەن بەوەی بزانن کە زۆربەی ئەو دیمەنانەی سەر شاشەکانی خەیاڵی زانستی پڕ دەکەن لە فێڵێکی سینەمایی سەرچاوە دەگرن کە پشت بە تەکنەلۆژیا و وێنەی مەجازی دەبەستن و هەموو شتێک لەم جیهانەدا ڕاستەقینە نییە، فێڵێک کە زۆر لەمەوبەر ئاشکرا بوو، ئێستاکێ پێشکەوتنی تەکنەلوژیا سەرسامی زیاتر دروست دەکات و نهێنی سیحری ئەم پێشکەوتنەش لە هیچ کەسێک پەنهان نییە، لێ سەڵانی سەرەتای سینەمادا شتەکان بەم شێوەیە نەبوون بە تایبەتی لە ساڵی (1902) کاتێک داهێنەر و دروستکەری فەرەنسی فیلمی “گەشتێک بۆ سەر مانگ”ی لە پاریس نمایشکرد کە ئەمڕۆ بە باوکی شەرعی گشت فیلمە خەیاڵی زانستییەکان دادەنرێت. ئەم فیلمە بە دیمەنەکانییەوە، کە بە دڵنیاییەوە بۆ بینەرانی سەردەمی ئێمە زۆر سەرەتایی و ڕەنگە پێکەنیناویش بێت، بەڵام بۆ دەمی خۆی لە ساڵی (1902) کاتێک بۆ یەکەمجار نمایشکرا بۆ بینەران موجیزەیەک بوو، بینەران تووشی شۆک بوون و بە سەرسوڕمانەوە تەماشای یەکدییان دەکرد.
ئەگەر بگەڕێنەوە سەر بابەتی سەرەکیمان کە بریتییە لە فیلمی “گەشتێک بۆ سەر مانگ” پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە ژۆرژ میلیەس پێش ئەم فیلمەی پتر لە سەد کورتە فیلم دروستکردبوون کە زۆربەیان شایستەیی ئەو بە ژۆرژ میلیەس دەدەن کە ئەمڕۆکە بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی گەورەی هونەری سینەما بدرێتە قەڵەم بەڵام بەگشتی هەموو فیلمەکانی لەلایەک و فیلمی “گەشتێک بۆ سەر مانگ” لەلایەکی تر، ئەم فیلمە چەشنێکی نوێ بوو لە ژانری خەیاڵی زانستی، ئەم فیلمە لە ڕۆمانە بەناوبانگەکەی شاعیر و ڕۆماننوسی فەرەنسی “ژول ڤێرن” وەرگیراوە، کە یەکێکە پڕخوێنەرترین بەرهەمی ناوبراو و وەرگێڕدراوەتەسەر چەندین زمانی جیهانی، فیلمەکە ڕۆمانەکەی تێپەڕاند و تێگەیشتنێکی سەرسوڕهێنەرانەی بۆ هونەری سینەما بەخشی کە تا ئەمڕۆش بە زیندووی ماوەتەوە. ئەوەی لە هەموو ئەمانەدا جێگای سەرنجە ئەوەیە کە زۆرێک لە بینەران – ئەگەر نەڵێین زۆرینەی زۆریان – دەبوایە بیریان بێتەوە – وەک پاساوێک لەمەڕ ئەوەی کە بینیویانە – بەوەی کە ژۆرژ میلیەس پێش ئەوەی ڕوو لە جیهانی سینەما بکات خەریکی کاری سیحر و تەڕدەستی بوو، لەبەرئەوە بینەران تێنەگەیشتن کە چۆن – لە فیلمەکەدا – توانیویەتی موشەکەکەی هەڵبدات و چاوی مانک کوێر بکات و چۆن توانیویەتی وێنەی ئەو شتانە بگرێت کە پێیوابوو – ئەندێشەی دەکرد – ژیانە لە هەسارەکانی تردا، هەموو ئەمانەیان گەڕاندەوە بۆ ئەو سیحربازی و تەڕدەستییەی کە پێش هاتنی بۆ سینەما مژوڵی ئەنجامی دابوو، لێرەوه نهێنییەکان ئاڵۆزتربوون و سەرسامییەکان گەورەتر، ئەمەش شتێکە کە سکۆرسێزی مکوڕ بوو لەسەر ئەوەی لە فیلمی “هیوگۆ”دا نیشانی بدات.
ڕاستە ئەوە برایانی لۆمیێر بوون کە شەرعییەتیان بە سینەمایان وەک هونەری وێنەی جوڵاو دا پێش ئەوەی ژۆرژ میلیەس بچێتە نێو کایەکەوە، بەڵام ئەوەی کە براکان وێنەیان گرت دیمەنێکی زیندووی ژیانی واقیعی بوو، لەو ڕۆژەوەی کە براکان فیلمەکانیان تێدا نمایشکرد بینەران لەوەی کە لە پێش چاویان نمایشکرا تێگەیشتن لەوەی کە ئەوەی لەسەر پەردەی سینەما ڕودەدات هەندێک ڕوونکردنەوەی زانستییە، بەڵام لەگەڵ ژۆرژ میلیەسدا گۆڕانەکە تەواو چۆنایەتی بوو: چیتر کەس نەیتوانی تێبگات و بەم شێوەیە هونەری حەوتەم سیحری خۆی دۆزییەوە و تا ئەمڕۆش ئەم سیحرە کاری خۆی دەکات، واتە سیحرەکە پەیوەندی بەو جێکەوتەوە هەیە کە لەو دەمەدا میلیەس دروستی کرد و تا ئەمڕۆش لەنوێبوونەوەدایە، بۆیە سەیر نەبوو کە زۆرێک لە نووسەران بڵێن کە سینەما لە ڕۆژی لەدایک بوونی فیلمی “گەشتێک بۆسەر مانگ” دا لەدایک بوو، هاوکات ئەوەی کە پێنج ساڵ پێش ئەو فیلمە ناویان نا ” وێنە جوڵاو ” و بەس. دواتر میلیەس درێژەی بە گەشتەکەیدا و چەندین فیلمی تری دروستکرد بەڵام ئەوەی دوای ئەوە ڕوویدا ئەوە بوو کە سینەمای ئەمریکی وەک نەریتی هەمیشەیی خۆی کە هەموو سەرکەوتنێکی دەرەوەی خۆی دەدزێت، گەمەکەی بۆخۆی هەڵگرتەوە و پەرەی بە هەموو ئەو شێواز و تەکنیکانەدا کە میلیەس دایهێنابوون، سینەمای ئەمریکی سودی لە هەواڵەکانی میلیەس وەرگرت ساڵ دوای ساڵ بەردەوام بوو لە پەرەپێدانیان ئەمەش بە پیشتبەستن بە هەموو ئەو پێشکەوتنە تەکنیکی و زانسیتیانە کە لە گشت بوارێکدا بەدەستیهێنابوو بۆئەوەی هاوشانی هونەری سینەما بێت، لەبەرامبەردا میلیەس لە بوارەکەی خۆیدا پاشەکشەی کرد و دوایین وێستگەی کارکردن بوو لە فرۆشگای یاری منداڵان لە وێستگەی مۆنپارناس، میلیەسی تووڕە، دڵتەنگ، بێهیوا وەک لە فیلمی “هیوگۆ” دا بینیمان.
ئەم شێوەیە ئەگەر ژانری خەیاڵی زانستی بە فۆڕمی سینەمایی ئەو گەشته درێژە بڕیبێت کە لەو ڕۆژە دورەوە لەگەڵ ژۆرژ میلیەس دەستیپێکرد بۆ ئەوەی ئەمڕۆ بگاتە دەستی جۆرج لۆکاس، ئەوە درێژی ئەم گەشته بە سەدان فیلمدا تێپەڕیوە و واژۆی سەدان دەرهێنەری لەسەر بوو کە ناوەستێت – بەدڵنیاییەوە ئەم گەشته ناوەستێت – لە گواستنەوەی سیحری خەیاڵی زانستی لە شاشەیەکی گەورەوە بۆ چاو و دڵی بینەر، هەموو ئەمانە وایکردووە سینەمای خەیاڵی زانستی ببێتە خودی سینەما خۆی و بە ئیمتیازیشەوە. سینەما کە باسی جیهانەگەلێک و شتانێکی سەروسروشت دەکات هیچ کەس ئەزموونی نەکردوون لەگەڵ ئەوەشدا بووەتە بەشێک لە دیمەنی گشتی ئەو ژیانەی کە دەژین. بۆ هەندێک ئەو دیمەنە سەرەکییەی کە کۆمەکیان دەکات بۆ هەڵاتن بەرەو خەونێکی دوور و دوورکەوتنەوە لە نیگەرانییەکان، وەک ئەوەی پاڵەوانەکانی میلیەس هەیانبوو کە دەیان ساڵ پێش ئاسمانەوانانی – کەشتیوان – ئەمریکی گەیشتوونەتە سەر مانگ و لە ڕێگای تەکنەلۆژیایەکەوە کە زادەی خەیاڵی جادووگەرێک بوو کە میلیەسە، جادووگەرێک کە بە هەژاری دەمرێت، لێ ئەمە چیرۆکێکی ترە.
نووسینی: ئیبراهیم عەریس
وەرگێڕانی: شڤان نەوزاد