“به‌بۆنه‌ی کۆچی دوایی هونه‌رمه‌ند فه‌تانه وه‌لیدی”
“به‌رکوڵ”
بواری هونه‌ر و به‌تایبه‌تی هونه‌ری گۆرانی وتن له کوردستان و به تایبه‌تی تر له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی کۆمه‌ڵێک له‌مپه‌ر و به‌ربه‌ستی سیاسیی هه‌میشه‌یی بۆ ژنان هه‌ڵگری به‌ربه‌ستی کۆمه‌ڵایه‌تی و عه‌یبه‌ی کو‌لتووریش بووه. له ڕووه سیاسییه‌که‌یه‌وه هونه‌رمه‌ند “نه‌جمه‌دین غوڵامی” له به‌رنامه‌یه‌کی ڕێزگرتن له هونه‌رمه‌ند “ناسری ڕه‌زازی”دا ده‌ڵێت:- کاتێک له ڕادیۆ سنه بانگهێشتیان کردین که گۆرانی بڵێین، ده‌یانوت ئه‌مانه به زمانی ئێراقی قسه ده‌که‌ن.
دیاره مه‌به‌ست ئه‌وه بووه که به زمانی زاڵی باشووری کوردستان قسه ده‌که‌ن یان گۆرانی ده‌ڵێنه‌وه. ئه‌م باس و خواسه له سه‌رده‌مێکدا بووه که شۆڕشی گه‌لانی ئێران تازه ڕووی دابوو و هێزه کوردستانییه‌کان که‌م تا زۆر هه‌یمه‌نه و ده‌سه‌ڵاتێکیان هه‌بووه له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، به‌ڵام سیاسه‌تی کو‌لتووری و گوتاری سیاسیی ئێرانگه‌رایی که درێژکراوه‌ی سیاسه‌ته‌کانی پاڵه‌وییه‌کان واته سه‌رده‌می پاشایه‌تیی بوو، له لایه‌ن کۆماری ئیسلامییه‌وه به نیسبه‌ت کوردستانه‌وه هه‌ر وه‌کوو خۆی به نه‌گۆڕ مانه‌وه جگه له‌وه‌ی که هه‌ندێک سه‌رنج و تێبینیی شه‌رعی و ئه‌خلاقیی دیکه‌شیان به سه‌ردا سه‌پاند و هێزه خۆجێیه ئایینییه‌کان و مه‌لا تووندئاژۆکانی سه‌ر به خۆشیان هان دا تاکوو هه‌موو جۆره زه‌ختێک دروست بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی ژن له هونه‌ری گۆرانیدا قه‌تیس و کپ بکرێته‌وه و ئه‌و ڕێگایه‌ی که “فه‌تانه‌ی وه‌لیدی” له کۆتاییه‌کانی ده‌یه‌ی چل و په‌نجای هه‌تاویدا هه‌مواری کردبوو به سه‌ختی بۆ ژنان ببڕێت و ئازار و توانجی زۆریان به‌ر بکه‌وێت.
له‌م هاوکێشه‌یه‌دا دوو فاکته‌ری سیاسه‌ت و ئایینی به سیاسیکراو که‌وتنه گه‌ڕ تاکوو هونه‌ری کوردیی که هه‌موو سه‌رده‌مه‌کان ده‌نگدانه‌وه و حیکایه‌تخوانی ئازار و چێژ و خۆشی و ناخۆشییه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد بوون زیاتر ته‌نگی پێ هه‌ڵچنرێت و زایه‌ڵه‌ی شوناسخوازانه‌ی ئه‌و هونه‌ره که‌ونارایه به‌تایبه‌تی له گه‌رووی ژنانی کورد که هه‌ڵگری ڕاسته‌قینه و توخمه نه‌گۆڕ و ڕه‌سه‌نه‌کانی فولکلۆر و به‌یت و باو و حه‌یران بوون کپ کرێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا هونه‌ر وه‌کوو ئاوێکی زوڵاڵ و سازگار وایه و ته‌نها ئه‌گه‌ر جۆگه‌له‌یه‌کی باریک و به‌رته‌سکی لێ هه‌ڵنیشێت، ئه‌وا دڕ به هه‌موو وشکانی و به‌رده‌لانێک ده‌دات و خۆی ده‌گه‌یه‌نێته گوێی هه‌واری دڵداران و ئاشقان و ئاوازی جوانیی خۆی ده‌چریکێنێت و ئیستاتیکای هونه‌ری جوانی کوردی بۆ داهاتوو ڕه‌نگینتر ده‌کات، له ڕاستیدا ئه‌مه قه‌ده‌ری سیاسی و به جۆرێک له جۆره‌کان ژیۆپۆله‌تیکی کورد له هه‌موو کوردستان بووه که له ڕێگه‌ی له‌شکری داگیرکه‌ره‌وه گه‌مارۆیه‌کی سه‌ربازیی بدرێت و هاوکات له ڕێگه‌ی سوپایه‌ک له گوتاربێژان و پیلانداڕێژانی کو‌لتووری و کۆمه‌ڵایه‌تیی پێش به هه‌ر جۆره جووڵه‌یه‌کی مه‌ده‌نی و هونه‌ریش بگرێت، که هه‌ر وه‌کوو وتم ئه‌مه شکستی هێناوه، ئه‌م یاسا و پلانانه ده‌ره‌قه‌تی زایه‌ڵه‌ی مه‌له‌کووتیی هونه‌ریی کوردی نه‌هاتوون و ئه‌و زمانه‌ی که به‌رپرسانی ئێرانگه‌را ده‌یانوت “زمانی ئێراقی” ئێسته زمانی ستانداردی کوردییه و گۆرانیی کوردی یه‌کێک له تریبۆن و میحرابه ده‌نگبڵنده‌کانی بووه بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆح و جه‌وهه‌ر و پێکهاته‌که‌ی پاکیزه و کوردانه بمێنێته‌وه
ئه‌م پلانگێڕییه کو‌لتوورییه وه‌کوو وتم به هۆی ئه‌و دوو فاکته‌ره سیاسی و ئایینییه‌وه پراکتیزه کراوه هه‌م به نیسبه‌ت پیاوان و هه‌م به نیسبه‌ت ژنان، بۆ هه‌ر کامه‌یان فاکته‌رێکی کوشنده و که‌مه‌رشکێنیان به‌کار هێناوه به‌ڵام پرۆسه‌ی گه‌شه‌ی کو‌لتووریی و باڵاکردنی هونه‌ر و ته‌نانه‌ت هه‌ڵپه‌ڕکێی کوردیی له ئێستادا و به تایبه‌تی به‌هۆی کرانه‌وه‌ی زیاتری کۆمه‌ڵگاکان به‌ڕووی یه‌کدا له سۆنگه‌ی تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه شکستی هه‌موو ئه‌و پرۆژه و پیلانانه‌یان ڕاگه‌یاند که به هۆی ئه‌و دوو فاکته‌ره یان فاکته‌رانی دیکه‌وه هونه‌ری کوردی و شوناسی کوردی‌یان خستبووه ژێر زه‌خته‌وه، فه‌تانه مرد و ڕۆشت به‌ڵام لێره ماوه‌ته‌وه و به ده‌نگه‌که‌ی ئه‌به‌دییه‌تی بۆ ئێمه چڕی! با بزانین حیکایه‌تی فه‌تانه‌ی چی بوو؟
“فه‌تانه؛ ئاوازێکی خه‌مگین و ئیلهامبه‌خش”
“فه‌تانه‌ی وه‌لیدی” ئه‌گه‌رچی هه‌ر له ته‌مه‌نی 21ی ساڵاندا به هۆکارێکی نادیار یان دیار وازی له هونه‌ر و گۆرانی وتن هێنا و خه‌ڵوه‌ت و گۆشه‌نشینییه‌کی شه‌یدایانه‌ی هه‌ڵبژارد، به‌ڵام ڕه‌نگه که‌م که‌س بێت که گۆرانیی “سه‌بری گوڵفرۆشی” نه‌بیستبێت، ئه‌م گۆرانییه ئه‌گه‌رچی زۆربه‌مان به ده‌نگی “شه‌هێن تاڵه‌بانی” بیستوومانه به‌ڵام له سه‌رده‌مێکدا فه‌تانه ئه‌م گۆرانییه‌ی وتووه که هیچ گۆرانیبێژێکی ژن له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا ده‌رنه‌که‌وتووه. “فه‌تانهن وه‌لیدی” له ساڵی 1332هه‌تاوی(1953ی زاینی) له شاری سنه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له دایک بووه. وه‌کوو ده‌ڵێن فه‌تانه یه‌که‌مین ژنی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بووه که له ده‌یه‌ی 40 و 50 هه‌تاوی(شه‌ست و حه‌فتاکانی زاینی) له ڕادیۆ میللی ئێران (واته ڕادیۆی سه‌رده‌می پاڵه‌وی که به‌پێی هه‌ندێک سیاسه‌تی کۆنترۆڵکارانه هه‌ندێ مافی کو‌لتووریی به‌رتسکی له ڕادیۆکان دابوو به کورد) ده‌ستی به کار کرد و زیاتر له 60 گۆرانی و سترانی چڕیوه، خاڵی جێگه‌ی سه‌رنج ئه‌وه‌یه که ئه‌و له ته‌مه‌نی 21 ساڵیدا ده‌ستی له گۆرانی وتن هه‌ڵگرتووه واته هه‌موو ئه‌و گۆرانییانه‌ی که چڕیونی و تۆمار کراون له ته‌مه‌نی خوار بیست ساڵییه‌وه بوون و ئه‌م شاکارانه‌یان بۆ ئێمه به‌جێ هێشتووه.
پاش گۆشه‌گیرییه‌کی زۆر و دوای شۆڕشی گه‌لانی ئێران فه‌تانه ئیتر نه‌یتوانی بێته‌وه ناو پانتای هونه‌ر به‌تایبه‌تیش که وه‌کوو له سه‌ره‌وه تیشکم خسته سه‌ری سیاسه‌ته کو‌لتوورییه-ئاینییه‌کانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕیگه‌ی به هه‌ر ده‌رکه‌وتنێک ده‌گرت که بۆنی ژن و دنیای ژنانه و ناسکێتی و جوانیانی لێوه بێت. ئه‌و چه‌ند ڕۆژ پێش ئێستا له ته‌مه‌نی 71 ساڵاندا کۆچی دوایی کرد و بۆ هه‌میشه به‌جێی هێشتین. باوکی “فه‌تانه وه‌لیدی” له ساڵی 2001 له وتووێژ له‌گه‌ڵ کوردستان تی ڤی دا ده‌ڵێت له ته‌مه‌نی دونزه سیانزه ساڵاندا به‌هره و لێهاتووییه‌که‌یم که‌شف کردووه، “فه‌تانه وه‌لیدی” ده‌رچووی کۆلیژی هونه‌ره جوانه‌کانی تاران بووه و لای حه‌سه‌نی کامکار فێری مۆسیقا بووه و له حوسه‌ینی عه‌لیزاده‌ش ژه‌نینی تار فێر بووه. حوسه‌ینی عه‌لیزاده مۆسیقاری ناودار و به‌ناوبانگ ده‌ڵێت چه‌ند ساڵ پێش ئێستا که هاتووم بۆ سنه سه‌ردانی فه‌تانه‌م کردووه و ده‌توانم بڵێم ئه‌و له باشترین ده‌نگبێژانی کورده که گۆرانیی کوردیی چڕیوه.
کاریگه‌رییه‌کانی فه‌تانه ته‌نها له ئاستی هونه‌ری گۆرانی و ئاواز و به ته‌مه‌نه کورت و که‌مه‌ی کارکردنه‌که‌ی له‌و بواره‌دا نه‌بووه، به‌ڵکوو ده‌رکه‌وتنی فه‌تانه به‌و برووسکه ئاساییه له دۆخێک‌دا که ژنان تابۆی زۆریان له‌سه‌ر بووه خۆی جۆره یاخیبوون و تابۆشکێنییه‌ک بووه که ڕێگای بۆ ده‌یانی وه‌کوو هانی موجته‌هیدییه‌کان خۆش کردووه که له داهاتووی ئێسته‌ی ئێمه‌دا بدره‌وشێنه‌وه. کۆی ئه‌م ڕووداوانه و ئه‌م ئاواز و گۆرانیانه له زه‌منێکی ئاڵۆز و له ته‌مه‌نێکی که‌م و کورت‌دا و پاشان گۆشه‌گیریی هه‌ڵبژرادن وێنایه‌کی سوڕڕیال و جادوویی له فه‌تانه ده‌ده‌ن به ئێمه. له سه‌ر زاران ئه‌م قسه‌یه هه‌یه که به‌همه‌نی قوبادی فیلمی دره‌وشاوه‌ی “نیوه‌ی مانگ”ی به‌پێی ژیانی فه‌تانه دروست کردووه، ژنه مۆسیقار و ده‌نگبێژێک که ناکام ده‌بێت له په‌ڕینه‌وه‌ی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کۆنسێرتێک له‌و دیو سنووه که ڕۆڵی سه‌ره‌کیی خانمه‌که ئه‌کته‌ری ناوداری ئێرانی “هه‌دیه تارانی” ده‌یگێڕێت. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه دیاره تێگه‌یشتنمان له‌و وێنا سوڕڕیال و ئه‌فسانه‌ییه‌ی فه‌تانه هه‌ڵه نه‌بووه و پێده‌چێت “به‌همه‌نی قوبادی” ژیانی فه‌تانه‌ی کردبێت به هه‌وێنی دروستکردنی فیلمه‌که‌ی! هه‌ڵبه‌ت به بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه‌ی به شتێک له‌و بابه‌ته دابێت، ئه‌م حیکایه‌ته له زاری حوسه‌ین عه‌لیزاده‌وه گێڕدراوه‌ته‌وه.
که‌واته فه‌تانه نه‌ک هونه‌ر و ده‌نگه‌که‌ی به‌ڵکوو خودی خۆی؛ ژیان و که‌سایه‌تییه‌که‌ی جۆره گۆرانی و ئاوازێک بووه، ئاوازێکی خه‌مگین، نایشارمه‌وه کاتێک ده ساڵێک پێش ئێستا ڕۆمانی “ئێواره‌ی په‌روانه‌ی” به‌ختیار عه‌لیم ده‌خوێنده‌وه له‌گه‌ڵ ڕووبه‌ڕووبوون له‌گه‌ڵ ناوی “فه‌تانه‌ی خه‌مگین” وه‌کوو ناوی یه‌کێک له کارئه‌کته‌ره ژنه قوربانی و هاوکات به‌رز و باڵاکان زه‌ین و خه‌یاڵم لای فه‌تانه وه‌لیدی بووه، ئه‌وسا و ئێسته‌ش، مه‌به‌ستم له گێرانه‌وه‌ی ئه‌م ده‌لاله‌ته ئازادانه‌ش ئه‌وه‌یه که فه‌تانه‌ی وه‌لیدی خۆی و ژیانی مانیفێست و هه‌وێنی هونه‌ر و جوانیناسین، ئوستووه‌ری ئاشقبوون و شێتی و شه‌یدایی ئه‌و به‌هێزترین گێڕانه‌وه‌یه که پاساوی ئه‌و گۆشه‌گیری و خه‌ڵوه‌تنشینییه بێگه‌رد و سۆفیئاسایه‌ی ده‌داته‌وه، دیاره به‌شێک له هونه به‌تایبه‌تی هونه‌ری گۆرانی که هه‌م هه‌ڵگری ئاواز و ڕیتمه و هه‌میش هه‌ڵبه‌ست و شیعڕ هه‌ڵگری جۆره حوزن و دڵته‌نگییه‌کی باڵا و جوانیناسانه‌یه، ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه له به‌یته کوردییه‌کان و ته‌نانه‌ت سیاچه‌مانه و حه‌یرانیشدا به زه‌قی ماوه‌ته‌وه، بۆیه ئه‌مه ده‌ڵێم که وا بیر نه‌کرێته‌وه فه‌تانه به نه‌وایه‌کی خه‌مگین خه‌می خۆی چڕیوه‌ته‌وه به‌ڵکوو ده‌بێت بزانین فه‌تانه خۆی ئاوازێکی جوان و باڵای ئه‌ویندارانه‌ی خه‌مگین بوو که ئه‌گه‌رچی سۆفیئاسا له ته‌مه‌نی 21ی ساڵیدا پشتی له قه‌ره‌باڵغی و خه‌ڵک و خوای کۆمه‌ڵگا کرد به‌ڵام خواست و ئاره‌زووه مرۆییه‌کانی له ناو کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا به قووڵترین و جوانترین شێوه چڕی و خۆیشی له‌گه‌ڵیدا تا ته‌مه‌نی 71 ساڵی ژیا و به کۆمه‌ڵێک گێڕانه‌وه‌ی ناته‌واو وئه‌فسانه‌ی نه‌مریی ماڵاوایی له ئێمه کرد! یادی به‌رز و ڕێگای پڕ ڕێبوار بێت.