“دەروازە”
جیۆپۆلەتیك؛ لەو چەمكانەیە كە ساڵانێك لەناوەندە زانستی و سیاسی و تەنانەت سەربازییەكانیشدا جێگەی مشت‌ومڕ بوو، بەتایبەت لە دەورانی جەنگی جیهانی یەكەم و جەنگی جیهانی دووەمدا. زەمینەی گەشەكردنی جیۆپۆلەتیك هاوكات بوو لەگەڵ سەردەمی فراوانخوازی و كۆڵۆنیالیزمی ڕۆژئاوایی. ئەو سەردەمەی بەچاوی هێزەوە تەماشای دەوڵەت دەكرا. وڵاتان تەنها لە هەوڵی پارێزگاری شوناسبەندی دەوڵەتەكەیاندا نەبوون بەڵكو كەڵكەڵەی داگیركاری و سەردەستەیی و حەزی حكومكردنی جوگرافیایەكی بەرینتر لەوەی لەبەردەستیاندا بوو لە ئارادابوو. ئەوان بەدوای پێگە و دۆزینەوەی خاڵە بەهێزەكانی دەوڵەتەكەیاندا دەگەڕان، فۆكسیان لەسەر ئەوەبوو چۆن بتوانن، سوود لە لایەنە جیاوازەكانی زانست وەربگرن و بەشێوەیەكی پراكتیكی بەكاریبهێنن تا لەو ڕێگەیەوە پلان بۆ فراوانخوازیەكانیان دابڕێژن. جیۆپۆلەتیكا بخەنە خزمەت هێزی دەوڵەتەوە.
“چەمك و زاراوه‌ی جیۆپۆله‌تیك”
له ڕووی مانا و مه‌به‌سته‌وه بۆئه‌وه‌ی له هه‌ر چه‌مكێك تێبگه‌ین، پێویسته له‌ڕووی زاراوه‌وه بیناسێنین، هه‌رچی ده‌سته‌واژه‌ی جیۆپۆلهتیكه “له دوو وشه پێكهاتووه، جیۆ(Geo)ی یۆنانی به‌واتای “زه‌وی” و وشه‌ی سیاسه‌ت (Political) به‌واتای “سیاسه‌ت یاخود به‌ڕێوه‌بردنی كاروباره‌كانی شار (ده‌وڵه‌ت)دێت”، هه‌ردوو وشه‌كه‌ش پێكه‌وه به‌واتای “سیاسه‌تی زه‌وی” دێت. له‌كاتێكدا زاراوه‌ی جیۆپۆله‌تیك هه‌ڵقووڵاوی جوگرافیای سیاسییه، ئه‌وه‌ی جیای ده‌كاته‌وه له جوگرافیای سیاسی؛ خوێندنه‌وه و شیكاركردنه بۆ داهاتووی كێشه‌كانی ده‌وڵه‌ت و یه‌كه سیاسییه‌كان به كه‌ره‌سته‌ی نوێوه. له زمانی كوردییدا هه‌ندێكجار لەبری “جیۆپۆله‌تیك(Geopolitical)، وشه‌گه‌لی وه‌ك ‘زه‌ویی ڕامیاری’ به‌كار دێت”. له‌و كه‌سانه‌ی گرنگیی تایبه‌تیان به‌م زاراوه‌یه داوه، بیرمه‌ندی سویدی به ڕه‌گه‌ز ئه‌ڵمانی “كیلین”ه. ئه‌و یه‌كه‌م كه‌س بوو زاراوه‌ی “جیۆپۆله‌تیك”ی به واتای “ژینگه‌ی سرووشتی بۆ ده‌وڵه‌ت” به‌كارهێنا و ئه‌ڵمانییه‌كانیش شرۆڤه‌ی جیاوازیان بۆ كرد. كه دواتر له په‌یمانگای جیۆپۆله‌تیكی ئه‌ڵمانی لەلایه‌ن “كارل هاوسهۆڤهر”ەوه په‌ره‌ی پێدرا.
هه‌رچه‌نده چاكه‌ی به‌كارهێنانی زاراوه‌ی “جیۆپۆله‌تیك” و جیاوازییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ جوگرافیای سیاسی‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ جوگرافیزانی سویدی ڕۆدلف كیلین. به‌لای كیلینهوه، جیۆپۆله‌تیك ژینگه‌ی سرووشتی ده‌وڵه‌ته. ئەم جیۆپۆلەتیك ناسە كاریگه‌ریی جوگرافیزانه ئه‌ڵمانییه‌كانی زۆر له‌سه‌ر بوو به تایبه‌ت ڕاتزڵ. ده‌وڵه‌ت به لای كیلینهوه بوونه‌وه‌رێكی زیندووه، زه‌وییه‌كه‌ی لهشولایهتی(جەستەی) پایته‌خته‌كه‌ی دڵ و سییهكانیهتی، ڕێگاوبان و ڕووباره‌كان خوێنبه‌ر و خوێنهێنهرهكانیهتی، باڵه‌كانی ناوچه كشتووكاڵی و كانزاكانن مانه‌وه‌شی به‌نده له‌سه‌ر دانیشتووانه‌كه‌ی و شارستانیه‌ته‌كه‌ی و ئابوورییه‌كه‌ی و فه‌رمانڕه‌وایه‌تییه‌كه‌ی و زه‌وییه‌كه‌ی. بەلای ئه‌وه‌وه پێویسته جوگرافیا بخرێته خزمه‌ت ده‌وڵه‌ته‌وه. بۆیه جوگرافیا ئه‌وساكه هه‌مووی ده‌بێته جیۆپۆلهتیكا. ئه‌وه‌ی ده‌رده‌كه‌وێت زاراوه‌ی جیۆپۆله‌تیك له زمانی كوردیدا به واتاگه‌لی وه‌ك “زه‌ویی ڕامیاری” یان “سیاسه‌تی زه‌وی” دێت، كه مه‌به‌ست لێی به‌ڕێوه‌بردنی كاروباره‌كانی ده‌وڵه‌ته به كه‌ره‌سته جوگرافییه‌كان.
“مێژووی گه‌شه‌كردنی جیۆپۆله‌تیك”
جیۆپۆله‌تیك، وه‌ك زانست، “زاراوه‌یه‌كی تازه‌یه به گشتی، به‌ڵام له‌گه‌ڵ دروستبوونی ده‌وڵه‌تدا هەر لەكۆنهوه تا ئه‌مڕۆ كاریگه‌ریی خۆی هه‌بووه، لەسەر ڕەوتی ڕووداوەكان. وشه‌ی جیۆپۆله‌تیك وه‌ك له پێشهدا ئاماژه‌ی بۆ كرا، لەڕووی زانستیەوە بۆ یه‌كه‌م جار لەلایه‌ن زانای سویدی “ڕۆدڵف كیلین” به‌كارهێنرا. وەك یهكهیەكی سیاسی واته “ده‌وڵه‌ت” له ژینگه‌یه‌كی جوگرافیدا.” ئه‌گه‌رچی ئه‌م زانسته له‌ساڵی(1899)دا به‌كارهێنرا، به‌ڵام لەرووی دەركەوتنەوە پێشكه‌وتنی به‌رچاوی به‌خۆوه نه‌بینی هه‌تا نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م، له‌كاتێكدا جیۆپۆله‌تیك مێژوویه‌كی یه‌ك سه‌ده‌یی هه‌یه. له‌م سه‌د ساڵه‌ی دواییدا سێ قۆناغی بڕیوه:-
– قۆناغی یه‌كه‌م؛ له كۆتایی نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌می زایینی تاكو جه‌نگی جیهانی دووه‌م درێژه‌ی كێشا. به قۆناغی له‌دایكبوون و نه‌شونماكردنی ئه‌م زانسته داده‌نرێت.
– قۆناغی دووه‌م؛ سه‌رده‌می پاش جه‌نگی جیهانیی دووه‌م تا كۆتایی جه‌نگی سارد ده‌گرێته‌وه، ئه‌م قۆناغه؛ قۆناغی كشانه‌وه و خامۆشیی جیۆپۆلهتیكه.
– قۆناغی سێیه‌م؛ له كۆتایی جه‌نگی سارده‌وه تاكوو ئێستا به‌رده‌وامه و خولی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه و بووژانه‌وه و په‌ره‌سه‌ندنی گشتگیری ئه‌م زانسته‌یه.”
یه‌كێكی تر له‌و زانایانه‌ی كه به داڕێژه‌ری تیۆری جیۆپۆله‌تیك داده‌نرێت ژه‌نه‌راڵ “كارل هاوسهۆڤهر” (1869-1946)ە. به میراتگری بیری “كیلین” داده‌نرێت له ئه‌ڵمانیا. ئه‌گه‌ر كیلین به داهێنه‌ری جیۆپۆله‌تیك دابنرێت، ئه‌وا كارل هاوسهۆڤهر ده‌بێته ڕێنیشانده‌ری بیروبۆچوونه‌كانی كیلین. هه‌تا ڕاده‌یه‌كی زۆر له ژێر كاریگه‌ریی “بواری جوگرافیا”دا بوو، ئه‌و پێی وابوو ئه‌و بواره كار له مێژووی مرۆڤایه‌تی ده‌كات.. هەربۆیە ڕەنگە هەڵەنەبین لەوەی ئەگەر بڵێین “كیلین” تیۆردانەری چەمكی جیۆپۆلەتیك بێت ئەوا لەڕووی گوتارەوە هاوسهۆڤەر شوناس پێدەری چەمكەكەیە. بەدرێژایی مێژووی “سه‌ده‌یه‌ك” له سه‌رهه‌ڵدانی زانستی جیۆپۆله‌تیك، چه‌ند ڕووداو و گۆڕانكارییه‌ك كاریگه‌رییان لەسه‌ر گه‌شه‌سه‌ندنی چەمكی جیۆپۆله‌تیك هەبووە، هەم وەك تیۆر هەم وەك گوتار، گرنگترین ڕووداوه‌كانیش بریتین له:-
– گۆڕانكارییە مێژووییەكان؛ ئه‌م گۆڕانكارییانه جه‌نگه‌كان یان شۆڕشه‌كان یان كوده‌تا یاخود دۆزینه‌وه زانستییه‌كان دروستی ده‌كه‌ن. بۆیه ئه‌م گۆڕانكارییانە له قۆناغه جیۆپۆلهتیكییهكاندا ده‌بێته خاڵی وه‌رچه‌رخان (Turing Points) بۆ دروستكردنی ڕۆڵ یان په‌یوه‌ندیی نوێ.
– سه‌رهه‌ڵدانی شێوازی نوێی ته‌كنه‌لۆژیا؛ ئه‌مه‌شیان ئه‌و ده‌ره‌نجامانه‌ی له پێشكه‌وتنی شارستانی و كاریگەری تەكنەلۆژیا و دروستبوونی هاوپه‌یمانی و ڕێكخراوی ئابووری و سیاسی، كه له قۆناغێك له قۆناغه‌كاندا هاتوونه‌ته ئاراوه و ڕۆڵی كاریگه‌ریان له ته‌وه‌ره جوگرافییه‌كان و ڕێڕه‌وه جیۆپۆله‌تیكییه‌كانی ئاینده‌دا دەبێت.
– ئه‌و سه‌ركرده یان نوێنه‌رە كاریزما یان تۆتالیتاریانەی كه زیرەكانە و لێزانانە ده‌ست بەسه‌ر ته‌واوی كاروباره‌كانی سیاسیی‌دا ده‌گرن بۆ ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ فەرمانڕەوایی دەكەن. ڕۆڵی كاریگه‌ریان له سەر ڕەوتی ڕووداوه‌كاندا هه‌یه. جیۆپۆله‌تیك به شێوه‌یه‌كی گونجاو پیاده ده‌كه‌ن (وه‌ك چۆن له كۆندا هه‌ریه‌ك له ستالین و هیتله‌ر و ماوتسی تۆنگ و كاسترۆ و نهرۆ… ئاوا بوون).
“جیۆپۆله‌تیك، وەك تیۆر و گوتار”
چه‌مكی جیۆپۆله‌تیك “وه‌ك لقێكی تازه سه‌ره‌تا له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی ڕابردوودا له زانستی جوگرافیای سیاسی جیابووه‌ته‌وه، به شێوه‌یه‌ك كه ده‌توانین بڵێین جیۆپۆله‌تیك زاده‌ی جوگرافیای سیاسییه و به ویژدانی جوگرافیی ده‌وڵه‌ت داده‌نرێت. به‌واتای ئه‌م زانسته كه دواتر له لایه‌ن جه‌نەراڵی سه‌ربازیی ئه‌ڵمانی ‘كارل هاوسهۆڤهر’ په‌ره‌ی پێدرا. ئەو ئه‌وه‌ی خستەڕوو كه زانینی زانیارییه جوگرافییه‌كان به بنچینه‌ی سه‌ره‌كی بۆ كاری سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ت داده‌نرێت، جا چ كاتی شه‌ڕبێت یاخود له كاتی ئاشتیدا. واتە له ڕێگەی ئه‌م زانسته‌وه هه‌موو ئه‌و بنه‌ما جوگرافییانه‌ی كه ده‌وڵه‌ت هه‌یه‌تی ده‌خرێته خزمه‌ت سیاسه‌ته‌وه.” ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی “له‌ساڵی(1954)، ڕیچارد هارتشۆن زاراوه‌ی “جیۆپۆله‌تیك”ی به زاراوه‌ی ئه‌ندێشه‌یی یاخود ئایدۆلۆژی ناوزه‌ند كرد و به درێژایی شه‌ڕی جیهانیی دووه‌م، بەشێوەیەكی پراكتیكی له ئۆفیسی خزمه‌تگوزاریی ستراتیژی كاری ده‌كرد، كه له جێگای ‘ئاژانسی هه‌واڵگری’ی ئێستادا بوو. هاریكار بوو له ده‌سته‌به‌ركردنی هه‌واڵگریی جوگرافی بۆ سوپای ئه‌مەریكا. ئه‌ویش به هه‌مان شێوه‌ی شاره‌زایانی بواری جوگرافیی پێش خۆی. هەروەها كارەكتەرێكی وەك “ئیسیا بۆمان”، زاراوه‌ی جیۆپۆله‌تیكی به شێوه‌یه‌ك وه‌سف كردووه، كه له‌ڕووی ئه‌ندێشه‌وه هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ره و له‌ڕووی ئایدۆلۆژییه‌وه جێگای گومانه. به بۆچوونی هارتشۆن، زاراوه‌كه به‌وه له‌كه‌دار بووه كه به نازیه‌ت و جۆره‌كانی تری فاشیزمه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه.” هه‌ندێكی تر وای ده‌بینن “جیۆپۆله‌تیك، زانستێكه، یان تیۆرێكه له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه له هێزی ده‌وڵه‌ت ده‌كۆڵێته‌وه، هه‌وڵ ده‌دات ئاسایشە نەتەوەییەكەی بپارێزێت. به واتایه‌كی تر: جیۆپۆله‌تیك له ڕووی پراگماتیكییهوه بریتییه له هونه‌ری كاری سیاسیی ده‌وڵه‌ت له تێكۆشانیدا بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌ره‌تانی ژیانی و له ڕووی سیاسییه‌وه له ده‌وڵه‌ت و له‌باری پاشه‌ڕۆژ (ئاینده)ی ده‌كۆڵێته‌وه.”
به درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌ی جیۆپۆله‌تیك باڵاده‌ستیی خۆی به‌سه‌ر سیاسه‌ت و ده‌وڵه‌ته‌وه سه‌پاند، له زۆر ڕه‌هه‌ندی جیاوازه‌وه چه‌ندین پێناسه‌ی جیاواز بۆ جیۆپۆله‌تیك كراوه، لێره‌دا چه‌ند پێناسه‌یه‌ك ده‌خه‌ینە ڕوو:-
– كیلین له پێناسه‌ی جیۆپۆله‌تیكدا ده‌ڵێت؛ جیۆپۆله‌تیك بریتییه له‌و زانسته‌ی كەوا له ده‌وڵه‌ت تێده‌گات كه بوونه‌وه‌رێكی جوگرافیی زیندووه، یان بریتییه له دیارده‌یه‌ك لەو بواردا (ظاهرة فی المجال).
– سپایكمان له ساڵی(1944)دا ئاماژه به‌وه ده‌كات؛ جیۆپۆله‌تیك بریتییه له نه‌خشه‌دانانی سیاسه‌تی ئاسایشی ده‌وڵه‌ت له سه‌ر بنه‌مای فاكتەرە جوگرافییه‌كان، ئه‌و پێی وابوو تاكه بواری تایبه‌تی جیۆپۆله‌تیك؛ بریتییه له بواری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتان، چونكه شیكردنه‌وه‌ی ئه‌م زانسته تایبه‌ته به هاریكاریكردن بۆ داڕشتنی سیاسه‌تێكی گونجاو بۆ گه‌یشتن به ده‌ره‌نجامه دیاریكراوه‌كان.
– ئینسكلۆپیدیای به‌ریتانی پێناسه‌ی جیۆپۆله‌تیك ده‌كات و ده‌نووسێت؛ جیۆپۆله‌تیك زانستێكه هه‌وڵی شیكردنه‌وه‌ی ئه‌و فاكته‌ره جوگرافییانه ده‌دات كه په‌یوه‌ندیی تۆكمه‌یان به سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه هه‌یه، به‌و واتایه‌ی ئه‌م زانسته پلان داده‌نێت كه ده‌وڵه‌ت ده‌بێت چۆن بێت؟ له‌م بواره‌شدا جوگرافیا به‌كار ده‌هێنێت بۆ خزمه‌تكردنی ده‌وڵه‌ت له گۆشەنیگا و ڕوانگه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی تهسكەوە. جیۆپۆله‌تیك ڕێخۆشكه‌ره بۆ كاری ڕامیاری و بنه‌مای پێویست ده‌به‌خشێت به ژیانی سیاسی، بۆیه پێویسته جیۆپۆله‌تیك ببێت بە ویژدانی جوگرافیای وڵات.
– هاوسهۆڤهر پێی وایه؛ جیۆپۆله‌تیك گرنگی ده‌دات به وڵات و هه‌وڵ ده‌دات هه‌موو كێشه‌كانی له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی سنووری خۆیدا چاره‌سه‌ر بكات.
– جوگرافیناسی ئه‌مەریكی “ویگرت” پێی وایه؛ جیۆپۆله‌تیك به‌كارهێنانی بنه‌ما و توانست و پڕۆگرامه‌كانی جوگرافیایه له بواری هێزدا.
– ڤالكنبرگ له پێناسه‌كه‌یدا ده‌ڵێت؛ جیۆپۆله‌تیك بریتییه له جوگرافیای سیاسی له دیدوبۆچوونی نه‌ته‌وایه‌تیدا.
– جۆرج فریدمان نووسه‌ری كتێبی “سه‌د ساڵی داهاتوو” ده‌ڵێت “جیۆپۆله‌تیك ته‌نیا ئه‌و قسه باقوبریقهداره نییه، كه ده‌ڵێن په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ته‌واو، به‌ڵكوو شێوازێكی تایبه‌تی جیهانبینییه و ئامرازێكه بۆ دیاریكردنی ئه‌و ڕووداوانه‌ی كه له ئاینده‌دا ده‌یانبینین، یاخود دەشێت ڕووبدەن.”
– د. حسێن به‌شیریه؛ مامۆستای زانستی سیاسه‌ت له زانكۆی تاران، جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه:”جیۆپۆله‌تیك دیراسه‌ی بنه‌ماكانی جوگرافیای ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ته‌كانه. نه‌خشی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی سه‌ر زه‌مینی، ئاو و هه‌وا (كه‌ش)، سه‌رچاوه‌كانی سرووشتی، شوێنگه‌ی جوگرافی و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی حه‌شیمه‌تی و فه‌رهه‌نگی (كولتووری)یه له‌سه‌ر قه‌واره و هه‌ڵسوكه‌وتی سیستمی سیاسی.”
– تیم مارشاڵ نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس و خاوه‌نی كتێبی زیندانییه‌كانی جوگرافیا پێی وایه “جیۆپۆله‌تیك له‌و ڕێگایانه ده‌كۆڵێته‌وه كه ده‌توانرێت به هۆیانه‌وه له كارتێكه‌ره جوگرافییه‌كانه‌وه له كاروباره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بگه‌ین، نه‌ك ته‌نیا له ڕێگه‌ی هه‌ڵكه‌وته جوگرافییه فیزیكییه‌كانه‌وه وه‌ك (له‌مپه‌ره سرووشتییه‌كانی چیاكان یاخود چڕبوونه‌وه‌ی تۆڕه ڕووبارییهكان)، به‌ڵكوو به‌هۆی كه‌شوهه‌وا و دیمۆگرافیا و ناوچه كولتوورییه‌كان و ده‌ستگه‌یشتن به سه‌رچاوه سروشتییه‌كانیشه‌وه. كارتێكه‌ری له‌م جۆره ده‌توانن كاریگه‌رییه‌كی گرنگیان هه‌بێت له سه‌ر چه‌ندین ڕه‌هه‌ندی جیا جیای شارستانێتییهكهمان، هه‌ر له ستراتیژی سیاسی و سه‌ربازیمانه‌وه هه‌تا گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تیی مرۆییه‌وه به زمان و بازرگانی و ئایینیشه‌وه.”
له‌ژێر ڕۆشنایی ئه‌و پێناسانه‌ی سه‌ره‌وه، ده‌گه‌ینه ئه‌و بۆچوونه‌ی جیۆپۆله‌تیك وەك گوتار به‌رهه‌می سه‌رده‌می مۆدێرنه، له هه‌ناوی جوگرافیای سیاسییه‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه. لێكۆڵینه‌وه دەکات له ئێستا و ئایندهی په‌یوه‌ندییه نیۆده‌وڵه‌تییه‌كان و تواناكانی ده‌وڵه‌ت و یه‌كه سیاسییه‌كان و ده‌رامه‌ته سرووشتی و مرۆییه‌كانیان و خاڵی به‌هێز و لاوازیان ده‌ستنیشان ده‌كات، جیهانبینی (ڕوئیا)ی خۆی سه‌باره‌ت به ئایندەیان ده‌خاته‌ڕوو.
“دەرەنجام”
1. زەمینەی سەرهەڵدانی چەمكی جیۆپۆلەتیك، بە قۆناغی جیاوازدا تێپەڕیوە، چ وەك چەمك و تیۆر و گوتار، چەندین زانای بواری جوگرافی و سیاسی و سەربازی وەك “ڕاتزل” و “كیلین” و “هاوسهۆڤەر” ڕۆڵیان بینیووە لە سەرهەڵدان و گەشەكردن و بە پراكتیزەكردنی جیۆپۆلەتیك،
2. هەروەها وەك ڕاستییەكی میژوویی ناكرێت ئەوە نادیدە بگرین كە جیۆپۆلەتیك (لە مندالدان و هەناوی جوگرافیای سیاسییەوە هاتووەتەدەر). لە ئێستادا وەك زانستێكی گرنگ لە بواری سەربازی و سیاسی و پەیوەندییە نیودەوڵەتییەكاندا بایەخی تایبەتی پێدەدرێت، بەتایبەت لە پەیوەندیە دەرەكییەكان.
3. جیۆپۆلەتیك چەمكێكی داینامیكیە و قابیلی پێداچوونە و سەر لەنوێ داڕشتنەوەیە، بەو پێیەی مامەڵە لەگەڵ هەلكشان و داكشانی فاكتەری هێزدا دەكات، دوور لە وەسفی دەوڵەت ڕەگەزەكانی وەك شوێنەگە و ڕووبەر و سنوور. بەڵكو ڕەنگڕێژی ئایدۆلۆژیای دەوڵەت دەكات، لە چوارچیۆەی پلان و ستراتیژدا.
4. جیۆپۆلەتیك چەمكێكی ئایدۆلۆژی هەژموون خوازە، جوگرافیای سیاسی و ڕەگەزە جێگیرەكانی بەتەواوی دەخاتە خزمەت تموح و بەرژوەندییەكانی دەوڵەتەوە. هەروەها زانستێكە لە ڕابردوو ئێستا و داهاتووی دەوڵەت و هێزە مەعنەویەكەی دەوڵەت دەكۆڵێتەوە. بەراورد لە نێوان توانستەكانی دەوڵەت و هێزەكەی و پێگەكەیدا دەكات.
بیبلۆگرافیای سەرچاوەكان؛
- عه‌بدولقادر ساڵح، فه‌رهه‌نگی سیاسیی سه‌با، كۆمپانیایی چاپ و په‌خشی نووسه‌ر، چاپی دووه‌م، سلێمانی، 2008.
د. سەفین جەلال فەتحوڵا، بنچینه و بنه‌ماكانی زانستی جوگرافیای سیاسی، چاپخانه‌ی نارین، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر، 2014.
- د. حسین بشیریه، زانستی سیاسی، و: باباعه‌لی مێهرپه‌روه‌ر، چایخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر، 2009.
- تیم مارشاڵ، زیندانییه‌كانی جوگرافیا، و: د. شێركۆ عه‌بدوڵا، چاپخانه‌ی شڤان، له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای دواڕۆژ بۆ ڕووناكبیری و ڕاگه‌یاندن، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، 2017.
- جۆرج فریدمان، سه‌د ساڵی داهاتوو، و: د. شێركۆ عه‌بدوڵا، چاپخانه‌ی كه‌مال، له بڵاوكراوه‌كانی سه‌نته‌ری مارگرێت، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، 2013.
- د. كلاوس دۆدز، جیۆپۆلیتیک، و: ئیراهیم عه‌لی موراد، چاپخانه‌ی موكریانی، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر، 2013.