“پوختەی باس”
سینەمای ئەمریکی بەیەکێک لە گرنگترین تەوژمەکانی هونەری سینەما لە جیهاندا دادەنرێت، ئەم سینەمایە لەسەر بنەمای سەرچاوە دارایی و مرۆییەکان دامەزراوە کە ئەمەش وای کردووە هەمیشە بە پێشەنگی سینەمای جیهان دابنرێت، ئەو بابەت و باسیارانەی کە سینەمای ئەمریکی ڕووناکییان دەخاتەسەر خۆی لە کۆمەڵێک تەوەری جیاوازدا دەبینێتەوە، لێ بەڕوونی تیشک دەخاتەسەر دروستکردنی “دوژمن-دوژمنسازی” کە بەگوێرەی بارودۆخ و هەلومەرجی سیاسی گۆڕانی بەسەردا دێت، ئەمەش پاڵ بە سینەمای ئەمریکییەوە دەنێت دید و ڕوانین و ئایدیۆلۆژیای ئەمریکا بەبازاڕ بکات، بۆنمونە لەڕووی سیاسییەوە “ڤێتنام، یەکێتی سۆڤییەت، ئەفغانستان، ئێراق…هتد) کرانە دوژمنی سیاسەتی نەتەوە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، چونکە هەریەکە لەم دەوڵەتانە ململانێی سیاسییان هەبوو لەگەڵ سیاسەتی ناوبراودا، بەڵام بیرۆکەی “بەدوژمنکردن” هەر بەمەشەوە نەوەستا، بەڵکو وێنەی دوژمنی دیکەی لە هەمبەر خۆی و دونیا کێشا لەوانە سرووشت وەکو دوژمن (بومەلەرزە، گرکان، زریان) و کار گەیشتەی ئەوەی “درم”یش وەکو دوژمنێک وێنا بکات کە ئەو وتارە ئاماژەی پێدەکات، ئەمە لەپاڵ تاشینی چەندین دوژمنی دیکە لەوانە مردووە زیندوەکان (زۆمبی) و بوونەوەرە ئاسمانییەکان کە ئەمەی دواییان دوژمنی کۆنن و لە مێژه ئەمریکا دەست و پەنجە لەتەک ئەم بەدوژمنکراوەدا نەرم دەکات، بە ئاوڕدانەوە لە “درم-پەتا” وەکو دوژمنێکی جیهانی کە هەڕەشەیەکی کوشندەیە بۆ سەر مرۆڤایەتی لەچوارچێوەیەکی درامی و وروژێنەر و دراماتیکیدا دایدەڕێژێت و پیشان دەدات، هەر ئەمەشە نیازی ئەم نووسینە و ئاماژە بە چۆنێتی “بەدوژمنکردنی” درم و پەتا جیهانییەکان دەکەین لەسینەمای ئەمریکیدا کە بە حساب هەڕەشەیەکی جیهانییە. هەروەها ئەم سینەمایە چۆن ترس و بیم “بە جیهانی دەکات ” کە لەکۆتاییدا پاڵەوانێکی ئەمریکی دەبێتە ڕزگارکەری مرۆڤایەتی وەکو هەموو جارێک.
“پێشەکی”
ئەو ترس و تۆقینەی کە لە جیهاندا لەدوای پەتای کۆرۆناوە بڵاوبویەوە بووەهۆی وەستانی ئابووری جیهان و زیندانی کردنی ملیارەها کەس لە ماڵەکانیاندا و ئەمەش چاوەڕەوان کراو بوو، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو تەرکیزە گەورەیە میدیایەی کە لەسەر ئەم “درم”ە نوێیەی کە گیانی هەزاران کەسی لە سەدان وڵاتی جیهاندا کێشا کە خرایە سەر ئەم درمە، ئەو ترسەی کە هەواڵەکان و ڕاگەیاندن لەمەڕ ئەم پەتایە دروستیان کردن پێشتر ڕیشەیەکی لەنێو سینەمادا هەبوو، میدیا ئەم ترسەی بە چەشنێک گەورە کرد کە بە حساب پەتایە، پەتایەکی کوشندەی جیهانییە دونیا داگیر دەکات یان داگیری کردووە وای لە بینەر/وەرگر کرد هەست بکات ئەم بەڕاستی پەتایە ئیجگار كوشندەیە و بەڵایەکە بۆ مرۆڤایەتی، ئەمەش لەمیانەی ئەو هەواڵە زانیارییانەی کە پێی دەگەیشت بەگشتی و بینینی ئەو فیلمانەی کە ئەم ترسە دروست دەکەن لە هۆڵەکانی سینەما یان لە شاشەکانی ماڵەوەدا بەتایبەتی بەری کەوتووە، ئەمەش دەمانگەیەنێتە ڕاستییەک سەبارەت بە “کۆمەڵناسی سینەما” کە “پێیر سورلان” لە کتێبەکەیدا “کۆمەڵناسی سینەما” ئاماژەی پێکردووە، ناوبراو لە کتێبەکەیدا هەقیقەتی فیلمە سینەماییەکانی بەرباس خستووە کە واقیع وەکو ئەوەی هەیە ناگوازنەوە بەڵکو فیلمە سینەماییەکان بەسیمایەکی کۆمەڵایەتییانە ئاڕاستەی جەماوەرێکی دیاریکراو دەکرێن لەبەرئەوەی “فیلمی سینەمایی چیرۆک یاخود هەڵێنجراوی واقیع نییە بەڵکو بریتییە لە دەرهێنانێکی کۆمەڵایەتییانەی سینەما “1.
ئەوەشمان لەیاد نەچێت بەگوێرەی ئەوەی کە پێشتر مرڤایەتی ئەزموونی پەتا کوشندەکانی وەکو ئەنفلۆنزای بەراز و ئەنفلۆنزای باڵندە و پەتای سارس(SARS) کردووە لەبەرئەوە ترس لە نائاگایی مرۆڤدا لەبەرەنجامی ئەم ئەزموونەدا دامەزراوە ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە هەمان ترسی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەبێت کە هەڕەشەی قەڵاچۆ کردنی مرۆڤایەتی دەکات و بەهێزترین و لاوازترین وڵاتیش بەرەنگاری ببنەوە، بەرەنگاربوونەوە لە نەزانراو، هەڵبەتە ترس لە درم و پەتا و نەخۆشییەکان ترسێکی ڕەوایە چونکە لەچوارچێوەی هەستە زگماکییەکاندا دەسوڕێتەوە، هەست بە ترس لە لیستی هەستە مرۆییەکاندا پۆلێن دەکرێت بەتایبەتی ئەگەر ئەم هەستە لەڕێگای “وێنەی جوڵاو”ەوە خۆراکی پێبدرێت. فیلمە سینەماییەکان هەمو ئەگەرێکییان لەبەرچاوگرتووە و دەرگای گشت شیانێکیان خستوەتە سەرپشت لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی پەتایەکی دیاریکراوی جیهانیدا لەبەرەنجامدا ئەو نیگەرانی و دڵەڕاوکێیەی کە خەڵکی هەیانە لەسەر بنەمای ئەو شتانە دامەزراوە کە بە شێوەیەکی گشتی پێشتر لەڕێگای فیلم و میدیا و پەیوەندییەکانەوە بینیویانە و بەری کەوتوون، “ترس دیاردەیەکە لەنێو ژیاندا و حاڵەتە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی وەکو هەست و سۆز و دڵەڕاوکێ و پەشێوی و بێ هیوایی و بوێری و پەرۆشی بەشێکن لە دۆخی دەروونی مرۆڤ، بەڵام لەنێو ئەم حاڵەتانەدا حاڵەتێکی دەروونی تایبەتی هەیە کە جیای دەکاتەوە لە حاڵەتەکانی دیکە ئەویش ترسە، ترس هەستێکە لەنێو ئەم هەستانەدا کە هەوەس و میزاجی مرۆڤ پێکدەهێنێت “2.
ئەم ترسە لە پەتای کۆرۆنا لە جیهاندا ئەزموون کرا لەمیانەی ئەو ڕێوشوێنانەی کە دەوڵەت بەسەر میللەتدا سەپاندی و کۆمەڵگاش بە چەشنێکی تووند پێیەوە پابەند بوو، هەر لەسەرتای دەرکەوتنیدا، مەگەر نا چۆن ڕاڤەی ئەوە پابەند بوونە تووندە بکەین کە ملیۆنەها کەس پێی هەستان و بەناچاری ئامادەبوون لە ماڵەکانیاندا خۆیان زیندانی بکەن، لە ڕوانگەیەکی دیکەوە بەشێوەیەکی گشتی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ئەم ترسە گەورەیان دروست کرد و فیلمە سینەماییەکانیش دەستیان هەبوو لە دروستکردنی ئەم ترس و بیمە کە ترس بە تەرزێکی درامی و لەشێوەی وێنەی جوڵاودا و ئاماژە ترس و تۆقێنەرەکاندا خرایە نیهانی بینەرەوە ئەمەش لەڕێگای زمانی سینەماوە کە جودایە لە زمانی کایەکانی دیکە واتە زمانی سینەما بە ئاماژە و ڕەمز و هێما (سیمۆلۆژیا) گوزارشت لە ترس و تۆقین دەکات، ئەوەی جێگای باوەڕ نییە ئەوەیە کە ژمارەی قوربانییانی پەتای کۆرۆنا بەگوێرەی ئامارە جیهانییەکان لەسەرەتای دەرکەوتنیدا لە ساڵی (2021)دا نەگەیشتبوە (2) ملیۆن کەس، یونسکۆ ڕۆژانە مردنی (14000)ی منداڵی تۆمار دەکرد بەهۆی نەبوونی پێکوتەوە، بەڵام سینەما ئەم بابەتە وەکو ئەوەی کە هەیە ناخاتەڕوو و مامەڵەی لەگەڵدا ناکات، جگەلە چەند فیلمێکی کەم نەبێت کە بە گرنگییەوە لە هەقیقەتی بابەتەکەیان ڕوانی (وەکو هەمیشە ئەمانەیش ئەو فیلمانەن کە داهاتێکی زۆر کۆناکەنەوە) بۆنمونە وەکو بەڵگە فیلمە (دۆکیۆمێنتەری)کان کە چەند ڕێکخراوێکی ناحکومی دروستی دەکەن کە ڕێک پێچەوانەی ئامانجی سینەمای بازرگانییە، سینەمای بازرگانی تەنها و تەنها مەبەستی کۆکردنەوەی پارە و ئامانجەکانی دیکەی کە پەیوەستن بە سیاسەتی کوولتوری و زاڵ بوون بەسەر کوولتورەکانی دیکەدا. سینەمای ئەمریکی ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لە دروستکردنی ئەم ترسە جیهانییە لە پەتا و بڵاوبوونەوەی درم بە شێوەیەکی گشتی، بەو پێیەی کە “سینەمای ئەمریکی بە یەکێک لە هێزترین پیشەسازی فیلمسازی و پیشەسازی ڕاگەیاندن بە شێوەیەکی گشتگیر دادهنرێت لە جیهاندا، واتە پیشەسازی میدیایی ئەمریکی بە یەکێک لە پیشەسازییە گرنگە هەناردەییەکانی ئەمریکا دادەنرێت، جگە لەوەی ئەم پیشەسازییە بازاڕێکی ناوخۆیی بەهێزی هەیە بەڵام بۆ دەرەوە بۆنمونە لە ساڵی (1992)دا بڕی هەناردەی هەواڵ بۆ جیهان گەیشتە (300) ملیار دۆلار “3، لەڕێگای ئەم پیشەسازییەوە هەوڵ دەدات بیروباوەڕ و دۆکترینی خۆی بە دونیا بگەیەنێت و پڕوپاگەندەی بۆ بکات کە ئەمەش هەمیشە پەیوەستەکراوە بە ئاسایشی نەتەوەوە، لەمیانە ئەوەی لەسەرەوە گوتمان پرسیارێکی گرفتئامێز دەکەم و دەپرسم:
چۆن سینەما بەژداری دەکات لە پێشکەش کردنی عەقیدەی نەتەوە یەکگرتوەکان بە زاڵ بوون و سەرکەوتن بەسەر ” پەتا “دا لەڕێگای فیلمەوە؟ هەڵبەتە لەڕێگای ئەم وتارەوە ئەو ڕۆڵە بەهێزە ڕووندەکەمەوە کە سینەمای ئەمریکی دەیگێڕێت، هەروەها دروستکردنی ساوێر(وەهم) لەنێو جەماوەرێکی فراواندا، کە چەشنێک لە چەشنەکانی پڕوپاگەندەیان لەسەر پراکتیزە دەکات کە بەشێویەکی دراماتیکی سۆزداری قایلکەر پێشکەشی دەکات و بە تەرزێک وا لەبینەر دەکات بیرۆکەکان و باوەڕەکان و بەگشتی ئەوانەی خراونەتەڕوو بێ چەندوچوون قبوڵ بکات و وەکو بەڵگە نەویستێک وەریبگرێت، بەتایبەتی وەکو گوتیشم پیشەسازی فیلمی ئەمریکی یەکێکە لە گەورەترین پیشەسازییە کان وە گرنگترین چەشنی پارە پەیدا کردنە لە جیهاندا، کە وەکو بۆمان دەرکەوت فیلم و بەرنامە ئەمریکییەکان پتر لە (110) وڵاتدا نمایش دەکرێن و دەخرێنە ڕوو، ئەم بەرنامانەش لەلایەن (160) کۆمپانیای ئەمریکییەوە بەرهەمدەهێنرێن و بەبازاڕ دەکرێن و بەناوبانگترینیان کۆمپانیاکانی (کۆڵۆمبیا، پارامۆنت، یونیڤێرساڵ، کۆمپانیای نیشتیمانی، میترۆ گۆڵدوین مایەر، نێت فلێکس)”4، هەروەها لەڕێگای ئەم وتارەوە هەوڵ دەدەین دیدگای “فرە دوژمن” لە سینەمای ئەمریکیدا شرۆڤە بکەین. لە سینەمای ئەمریکیدا دوژمنەکان هەم فرەلایەنن و هەم گۆڕاویشن، پەتا یەکێکە لەو دوژمنانەی کە سینەمای ئەمریکی وەکو دوژمن پۆلێنی کردووە و وەکو دوژمنێکیش مامەڵەی لەتەکدا دەکات بەتایبەتی لەگەڵ هاتنی شەپۆلی ڤایرۆسە نوێیەکاندا کە ڕووبەڕووی مرۆڤایەتی بووەتەوە کە وەکو چۆن ڤایرۆسی کۆرۆنا جیهانی خستبووە ئیفلیجییەکی تەواوەتییەوە، هاوکات دەبێت ئەوەش بڵێم لە فۆرمەلەکردنی ئەم وتارەدا پشتم بە ڕەویە(مەنهەج)ی وەسفی و مێژوویی بەستوە بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی سینەمای ئەمریکی وە هەروەها ڕوانین لە دیاردەی “دوژمنسازیی” لە سینەمای ئەمریکیدا چونکە سینەمای ئەمریکی پەیوەستە بە سیاسەتی گشتی ئەمریکاوە لە هەژموونی بەسەر پیشەسازییە میدیاییەکان لە جیهاندا، هەمو ئەمانەش بەچەند خالێک ڕوون دەکەمەوە:-
یەک:- ئامڕازەکانی ڕاگەیاندن و دروستکردنی واقیع و خەیاڵ.
بە شێوهیەکی ئاسایی، کاریگەری گەورەی میدیا و پەیوەندییە گشتییەکان کە هەژموونیان بەسەر بینەردا هەیە، بینەر ڕووە و ئەو ڕاستییە دروستکرا و بینراوانە پاڵ دەنێت کە لە ناواخنی ئەو بابەتانەدا هەیە کە پێشکەشی دەکرێن و لەکۆتاییدا لەشێوەی فیلمدا بەرهەمدەهێنرێن کە پشت بە ئامڕازگەلێکی قایلکەری (لۆجیکیی/خهیاڵی) دەبەستێت ئەمەش بۆ پاکانەکردن بۆ ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو کە ئامانجە پلان بۆداڕێژراوەکانی بە وردترین شێوە بەدیدەهێنێت و بۆ ئەم مەبەستەش پشت بە تەکنیک و تەکنەلۆژیا هاوچەرخەکان دەبەستێت، کە ئەمریکا هەیەتی و هاوردەی دەرەوەیشی دەکات بەنیازی سەراسیمە کردنی چاوی ڕوانەر بەتایبەتی لە پیشەسازی فیلمسازیدا، بەشێوەیەکی بەرچاو سینەما ئەم ڕۆڵە دەگێڕێت، بەتایبەتی کە کایەی سینەما بە یەکێک لە بەهێزترین و کاریگەرترین هێڵی پەیوەندی کردن دادەنرێت لە جیهاندا کە بەژدارە لە بوونیادنانی “بیرگەی بینراو “ی وەرگر(بینەر) و لەمیانەی ئەو وێنە و کۆد و هێمایانەی کە لە دیمەنی فیلمەکاندا بەکاردێن قەناعەت و باوەڕی لەلا دروست بکرێت ئەمەش بۆ تەبەننی کردنی دیدگا و دونیابینی هەریەکە لە دەرهێنەر، فیلمنامەنووس (سیناریست)، بەرهەمهێنەر، لەیادمان نەچێت فیلم منداڵی دەرهێنەرە، کوڕی ئەو دەرهێنەرەیە کە کار دەکات بۆ گونجاندنی ئایدۆلۆژیا و بیرۆکەکانی لەگەڵ ئەو شتانەدا کە مەبەستێتی لەچوارچێوەی فیلمدا.
“زمانی سینەما پشت بە وێنە دەبەستێت لە گواستنەوەی پەیامە بینراوەکان بەشێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا هەروەها لەگەڵ باقی ئەو “کۆدا” نەی کە زمانی سینەما بەگشتی بەرهەمیدەهێنێت وەکو (گفتوگۆ، دیکتۆر، جوڵەی کامێرا، پێکهاتەی دراماتیکی، هەڵبژاردنی گۆشەی وێنەگرتن (سینەماتۆگرافی)، وێنە بنەڕەتی زمانی سینەمایە واتە وێنە ماددەی خامی سینەمایە، هەرچەندە ئەمە هەقیقەتێکی ئاڵۆزە چونکە پێکهاتەی فیلم بەوە لە پێکهاتەی کایەکانی دی جیادەکرێتەوە کە قوڵن و توانای گواستنەوەی واقیعییان بەوپەڕی وردێتییەوە هەیە، ئەم وردێتییەش بۆئەوەیە کە چالاکییەکە بە جوانترین شێوە ئاڕاستەبکرێت بەو ئاڕاستەیەی کە دەرهێنەر مەبەستێتی، ئەو وێنەیەش کە لە بەرەنجامی ئەم وردێتییەوە پێمان دەگات دەچێتە گفتوگۆوە لەگەڵ جەماوەردا و ئەو کاریگەرییە سایکۆلۆژیەی کە لەسەر جەماوەری جێدێڵێت کە بە کۆمەڵێک تایبەتمەندی دیاریدەکرێن کە پێویستە بەوردی دیاری بکرێن ئەمەش بۆ ئەوەیە ئەگەر بمانەوێت بیرۆکەیەکی ورد لەبارەی گرنگی فیلم لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی دروست بکەین “5. کاریگەری ئەو ئامڕازانەی کە پشت بە وێنە دەبەستن خۆی لە کاریگەری ئەو کۆمەڵە ڕوداوانەدا دەبینێتەوە کە مێژووی سینەما تۆماری کردووە بۆنمونە کاتێک یەکەمین جار خەڵکی لە هۆڵی سینەمادا لە ساڵی (1897) یەکەمین کورتە فیلمی سینەماییان بینی هەڵاتن و تووشی ترس و سەراسیمەیەکی گەورە بوون، بینییان فیلمەکە وێنای شەمەندەفەرێک دەکات کە دەچێتە ژورەوە، بەڵام وایانزانی شەمەندەفەرەکە ڕووە و ئەوان(بینەران) دێت لەبەرئەوە ترسان و هەڵاتن لەکاتێکدا ئەوان لەنێو هۆڵێکی سینەمادا دانیشتبوون و بەڕاستیش هیچ شەمەندەفەرێک ڕووە و ئەوان نەدەهات، ئەم پەرچەکردارە هێزی سینەمای لەسەر دەروونی تاک دەرخست، ئەوەی کەشف کرد کە وێنە چەندە کاریگەری لەسەر وەرگر هەیە، کەواتە تێدەگەین کە ئەمە واقیعێکی نوێی دروست کراوە (واقیعێک بوو لە دەستکردی سینەما)، ترسێکی دروست کراوی سینەمایی بوو، ئەوەشم لەیادە کە ” ترس دیاردەیەکی دەروونی زگماکییە واتە دەتوانین بڵێین مرۆڤ بە سرووشتی خۆی بوونەوەرێکی ترسنۆکە “6، بەتایبەتی کاتێک ترسەکە بە شێوەیەکی قایلکەر ڕووبەڕووی بکرێتەوە.
“فیۆرباخ” لە ڕوانگەیەکی دییەوە دەڵێت “جیهانی هاوچەرخ وێنەیەک دەدات بەشتێک کە وێنەی ڕاستەقینەی خۆی نییە، کۆپی دەدات بەسەر ئۆرژیناڵدا، وەهم لەبەرامبەر واقیعدا پیرۆز دەکات “7، هەر ئەمەشە کە زۆرینەی فیلمە سینەماییەکان پێشکەشی دەکەن لەنێویاندا فیلمە مێژووییەکان(فیلمی ژانری مێژوویی) کە لاسایی سەردەمەکانی ڕابردوو دەکاتەوە (سەردەمی ڕابردوو وەردەگرێت) یان تەنانەت کاتێک فیلمێک باسی پەتایەکی کوشندە دەکات لە ڕابردوودا کە ڕووبەڕووی مرۆڤایەتی بووەتەوە، بێگومان من باسی کاریگەرییە هەمەلایەناکانی میدیا دەکەم و بەتایبەت هەژموونی میدیای ئەمریکی لەسەر دونیا و چۆنێتی گەنگەشەکردنی پەخشی هەواڵ لە میدیای ئەمریکیدا و دروست کردنی ترس و دڵەڕاوکێ لەدەرەنجامی ئەو هەواڵە ترسێنەرانەی کە بۆنمونە لەمەڕ پەتای کۆرۆنا بڵاوکرانەوە، ئەمەش بەشێکە لەو عەقیدەیەی کە میدیای ئەمریکی خستبویە نیهان و دەروونی کۆمەڵگاکانی دونیاوە لەکاتێکدا ئەم ترسە ترسێکی نالۆجیکی بوو، ئەو هەواڵانەش کە لەمەڕ ئەو پەتایەوە دروستکران هەواڵگەلێکی ناڕاست بوون، بەڵام دەرخواردی تاکەکان دران و ئەمەش بوەهۆی ئەوەی تاکەکان واقیع و خەیاڵیان لەیەکتر جودا نەکەنەوە، ئەوەی خهیاڵییە و نالۆجیکییە لەلایان بو بە ڕاستییەکی بێ چەندوچوون، کەواتە بە ئاسانی بۆمان دەردەکەوێت کە چۆن و بە چ سازوکار(میکانیزم)ێک فیلمەکان کاریگەری لەسەر تاکەکان دادەنێن و ئەو کاریگەرییە چییە کە ملیۆنان دۆلاری تێدا خەرج دەکرێت داهاتێکی خەیاڵیش کۆدەکاتەوە کە پشت بە ” وێنە “ی سینەمایی دەبەستێت و وێنەکەش لێوڕێژە بە پەیامی هەمەچەنشن و هەمەلایەنە، هێزی سینەمای ئەمریکی لەم بوارەدا هێزێکی ئێجگار گەورە و بێ چەندوچوونە “بۆنمونە لە ساڵی (2016)دا فرۆشی بلیتە سینەماییەکان لە جیهاندا گەیشتە (40) ملیار دۆلار و بە تەنها فرۆشی بلیتی فیلمە ئەمریکییەکان (11) ملیار دۆلار بووە لە ئەمریکا و کەنەدا.
بەگشتی فیلمە ئەمریکییەکان (60%) داهاتی بۆکس ئۆفیس لەناوخۆ و لە (40%) لە دەرەوەی ئەمریکا کۆدەکەنەوە “8، قسەی تێدا نییە ئەمە داهاتێکی خەیاڵییە کە هەر ئەمەشە وای کردووە سینەمای ئەمریکی ببێتە یەکێک لە گرنگترین و چالاکترین سەرچاوەی داهات بۆ نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەمریکا پشتی پێ ببەستێت، هاوڕێ لەگەڵ ئەوەی لەڕێگای ئەم سینەمایەوە ئەمریکا ئایدیۆلۆژیای خۆی بڵاودەکاتەوە کە دواتر هەوڵ بۆ جێبەجێ کردنی ئەم ئایدیۆلۆژیایە لەئەرزی واقیعدا دەدات وە ئەم هەژموونە ئایدیۆلۆژیا داگیرکارییە ڕیشەکەی وا لە عەقیدەی تاکی ئەمریکی “خەونی بوون بە شاکاراکتەر لەسەر شانۆی جیهان لە نیهان و دونیابینی تاکی ئەمریکیدا ڕەگی داکوتاوە، ئەمرکییەکان تێکڕا باوەڕیان بە تێزەی” چارەنوسی گەورە بۆ نەتەوە مەزنەکەمان” هەیە و نەتەوە یەکگرتوەکانی ئەمریکا هەمیشە چاوی لە سەرکردە و پێشەواکانی بووە و بەحسابی “ڕۆبێرت کێگان” دامەزراندنی ئیمپڕاتۆرییەتێکی مەزنە “9. بەگشتی میدیای بینرا و بیستراو چاوەڕێی ئەوە لە بینەر و گوێگر دەکات بەبێ پرسیار و گومان پەیام و ناوەڕۆکە فیکرییەکە قبوڵ بکات و بەکارهێنانی وەرگر لە قۆناغە جیاوازەکاندا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، هەمان شێوە وەکو بەکارهێنانی وێنەی “کۆرپە” کوژراوەکانی ئێراق کە بە حسابی ئەمریکا ئەم کۆرپانە لەلایەن سوپای ئێراقەوە لە سەردەمی ڕژێمی سەدام حوسێن دا کوژراون، وێنەیەک کە “جۆرج دەبلیو بوش” لەدوای داگیر کردنی ئێراقەوە پتر لە (50) جار لە ڕاگەیاندنەکانەوە پیشانی جیهانی دا، هەروەها دیمەنی هێزەکانی ئەمریکا کە چوونەناو بینای باڵیۆز لە کوەیت و دواتر دەرکەوت کە ئەم ئۆپەراسیۆنە تەنها نواندنێکی چەواشەکارانە بووە و دەیەوێت لە ڕێگای ئەم چالاکییانە واقیعێک دروست بکات کە هەموان باوەڕی پێبکەن و لە دواجاردا ماسکەکە کەوت و دەرکەوت چەواشەکارییەکە پاکانەیە بۆ لەناوبردنی ئێراق.
دوو:- کورتەیەک لەبارەی سینەمای ئەمریکی پەیوەست بە پەتا و ڤایرۆسەکان.
دەرهێنەری ناوداری ئەمریکی – ئیتاڵی (فرانک کاپرا – Frank Capra) دەڵێت ” فیلم یەکێکە لە سێ زمانە جیهانییەکە لەپاڵ هەریەکە لە بیرکاری و مۆسیقا، بەڵام سەرەڕای گرنگی هێزی سینەما و تەلەفزیۆن وەکو ” نەرمەهێز “لەبەرامبەردا هێزێکی ئابووری بەرچاویشە و وەکو پیشەسازیش بەکەم سەیر ناکرێت، بەگوێرەی ماڵپەڕی (Motion Picture Association of America) کە هۆڵیوود پێکهاتوە لە ژمارەیەک پیشەسازی زەبەلاحی سینەمایی، ئەم سەندیکا سینەماییە بە تەنها خۆی بەژداری دەکات لە دابینکردنی داهاتێکی خەیاڵی کە ساڵانە بە (49) ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت بۆ ملیۆنان کەس لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا “10، ئەم داهاتە خەیاڵییە ئەوە ڕووندەکاتەوە و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە سینەما بەیەکێک لە بەهێزترین کەرتی پیشەسازی دادەنرێت لە ئەمریکا کە قازانجێکی یەکجار زۆر بۆ دەوڵەت دەستبەر دەکات بەبەراود بە باج و داهاتەکانی دیکە، بۆئەوەی ئەم ئامانجەش بهێنێتە دی پێویستە ناوەڕۆکی فیلمەکان بەهێز و کاریگەر و قایلکەر بن واتە لەلایەن بینەرەوە ویستراو بن چ لەناوخۆ و چ لەدەرەوە(نێودوڵەتی)، لەبەرئەوە تێبینی ئەوە دەکەین کە فرەچەشنی و فرەبابەتی لە سینەمای ئەمریکیدا وای کردوە کە پێشەنگ و داهێنەر بێت و توانایەکی گەورەی ماددی و مرۆیی هەبێت، هاوکات جگەلە کۆکردنەوەی داهات و قازانج ئەم سینەمایە نیازێکی دیکەیشی لەپشتە ئەویش گەیاندنی عەقیدە و دۆکترینی ئەمریکایە بە دونیا، واتە هەژموونی دونیابینی ئەمریکی لەڕێگای سینەمایشەوە بەدونیادا بڵاودەکرێتەوە، ئەوەشمان لەیادنەچێت لە سینەمای ئەمریکیدا ئەو پاڵەوانەی کە هەردەم جیهان ڕزگار دەکات و فریادڕەسی مرۆڤایەتییە لە ڕەگەزی ئەمریکییە کە ڕۆڵی ئەو پاڵەوانە ڕەهایە دەگێرێت کە هیچ دوژمنێک نایبەزێنێت، جا دوژمنەکە هەر چەشنە دوژمنێک بێت، واتە بێ گوێدانە سرووشتی دوژمنەکە، پاڵەوانی ئەمریکی بێ چەندوچوون دەیبەزێنێت، کە ئەمەش بەشێکە لە تێڕوانینی ئەمریکا بۆ گەورەیی و پێشەوایەتی ئەمریکا خۆی بۆ دونیا.
سینەمای ئەمریکا بەوە دەناسرێتەوە کە تەماهی لەگەڵ دۆز و بابەتە جیاوازەکاندا دەکات کە جێی سەرنجی کۆمەڵگایە، واتە ئەم سینەمایە پێ بەپێ لەگەڵ خواستی کۆمەڵگادا خۆی دەگونجێنێت ” تەوەرەکانی نێو سینەمای ئەمریکی لە قۆناغە جیاوازەکاندا ڕەنگ و بۆی ئەو قۆناغەی گرتوە واتە لەدوای سەرهەڵدانی هەر قۆناغێک ئەم سینەمایە بەرگی ئەو قۆناغەی پۆشیوە، بەدەربڕینێکی تر سینەمای ئەمریکی بەگوێرەی ویستی ئەو قۆناغ و ساتەوەختە خۆی بەرهەمهێناوە بۆنمونە لە سییەکانی سەدەی بیستدا فیلمی لە ژانری ” ترسناک ” و لە ژانری ” چەتە ” و لە ژانری ” مۆسیقا “ی بەرهەمهێناوە، بەڵام لە چلەکاندا فیلمی لە ژانری سەربازی و پڕوپاگەندەی سەربازی دەرکەوت و دواتر فیلمی لە ژانری ” کاوبۆیی-وێسترن ” و ژانری ” میلۆدرامای خێزانی ” و ژانری ” کۆمیدی مۆسیقی ” و ژانری ” شیعر “ی سەریانهەڵدا کە بەگوێرەی هەلومەرجی واقیع دروست کران “11، ئەم پەرەسەندنەش لە ڕەوڕەوەی مێژووی سینەمای ئەمریکیدا هەر تەنها لەڕووی ژانری فیلمەکان و ناوەڕۆکی بابەتیانەوە نەوەستا بەڵکو فۆڕم و تەکنیکیش گۆرانی قوڵیان بەسەرداهات هەروەها ئامڕازە سینەماییەکانیش هەمانشێوە گۆرانیان بەسەرداهات و گەشەیان کرد، ” سینەما ئامڕازێکی میدیایی جەماوەرییە و دەتوانرێت بۆ مەبەستی ڕێنمایی کردن و قایل کردن و ڕۆشنبیر کردن و فێربوون و فێرکردنی جەماوەر بەکاربهێنرێت وەکو چۆن دەشتوانرێت بکرێتە ئامڕازی لەناوبردنی جەماوەر یاخود گەندەڵ کردنی کۆمەڵگا ئەگەر بە چەشنێکی خراپ ناوەڕۆکەکەی ئاڕاستە بکرێت “12. لە شەست و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا سینەمای ئەمریکی دەستوپەنجەی لەتەک ” پەتا ” و ” دڕەندە “کاندا نەرم کرد ” بێگومان چ سینەمای جیهانی و چ سینەمای ئەمریکی لەهەمبەر دەرکەوتنی نەخۆشی و پەتا و درمە جۆراوجۆرەکاندا بێدەنگ نەبوو بەڵکو بە فۆڕمی جیاواز گوزارشتیان لێکردن کە لەگەڵ گەشەسەندنی پیشەسازی فیلمدا پەرەی سەند، بۆنمونە هەندێک جار چیرۆکی فیلمەکان لە ڕوداوی ڕاستەقینەوە وەرگیراون، بەڵام فیلمنامەنووسەکان(سیناریست) بە تەرزێکی درامی هونەری وا دایدەڕێژنەوە و پێشکەشی جەماوەری دەکەن کە دوورە لە هۆشیارکردنەوە و ئاگادارکردنەوە، (واتە فیلمەکە خاڵییە لە هۆشیارکردنەوە، بەڵکو تەنها پێشکەش کردنی بابەتەکە و بەس)، هەندێک جاریش فیلمنامەنووسەکان ڕوداوێکی گەورە وەردەگرن و بۆنمونە وەرگرتنی پەتا و درم یان چەشنێک لە نەخۆشی.
بەڵام بەوجۆرەی کە مەبەستیانە دایدەڕێژنەوە، واتە پەتا و نەخۆشییەکە بەگوێرەی ئەندێشە و خەیاڵی خۆیان ڕەنگڕێژ دەکەن و پێشکەش دەکەن و تەنانەت هەندێک جاریش کار گەیشتوە ئەوەی کە فیلمنامەنووسەکان چارەسەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتا و نەخۆشییە دەستکردەکە دادەنێن “13، لەبەرئەوە ” مێژوو لەسەر شاشەکانی سینەما دەنوسرێتەوە “. خستنەڕووی فیلمەکانی تایبەت بە ” دڕندە “کان پشت بە ڕەخنە گرتن لە سیستمی سەرمایەداری دەبەستێت کە سیستمێکی دڕەندەیە و مرۆڤەکان دەگۆڕێتە سەر بوونەوەری دڕندە ” ئەمانە ئەو فیلمانەن کە ڕەخنەیان لە کۆمەڵگای سەرمایەداری دەگرت بۆنمونە لە فیلمەکانی دەرهێنەری کەنەدی – ئەمریکی (جۆرج ئەی ڕۆمیرۆ – George A. Romero)دا بەڕوونی دەیبینین بۆنمونە لە فیلمی (Dawn of the Dead) کە لە ساڵی (1978)دا بڵاوبوەتەوە و فیلمی (Day of the Dead) کە لە ساڵی (1985)دا بڵاوبوەتەوە و فیلمی (Night of the Living Dead) کە لە ساڵی (1968)دا بڵاوبوەتەوە، ئەم سێ فیلمە لەلایەن دەرهێنەری ناوبراوەوە دەرهێنانیان بۆ کراوە و کرۆکی هەر سێ فیلمەکە لە دەوری گۆرینی مرۆڤ بۆ دڕندەدا دەسوڕێنەوە واتە ” گۆڕاوە دڕەندەکان “، ئەم فیلمانە ئەو بیرۆکەیە دەخەنەڕوو کە سەرمایەداری و زانست دەتوانن کاریگەری ڕاستەقینە و قۆڵ لەسەر تاک و سرووشتی مرۆیی دروست بکەن، هەروەها خستنەڕووی ئەو بیرۆکەیەی کە بوونەوەرە ئاسمانییە دڕەندەکان دەتوانن هێرش بکەنە سەر مرۆڤ وەک لە فیلمی (Alien) لە ساڵی (1979)ی دەرهێنەری ئەمریکی (ڕێدڵی سکۆت – Ridley Scott) چیرۆکی ئەم فیلمە باس لە بوونەوەرە ئاسمانییەکان دەکات کە چۆن هێرش دەکەنە سەر کەشتییەکی ئاسمانی و دەچنە نێو کەشتییەکەوە و مرۆڤانی نێوی لەنێودەبەن “14 .
نوسینی: بوخاری مەلیکە
وەرگێڕانی: شڤان نەوزاد