“شۆڕشى كورد لەنێوان (دوو) ناو و (دوو) هێزی نەیاربەیەكی كوردا”
هەڵایسانی (دوو) شۆرش لە یەك ساڵ و یەك پێگەی جوگرافیايى باشوورى كوردستاندا، دەرئەنجامی ناكۆكی و ململانێیەكی تووندى (دوو) باڵی كۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، كە سەرەداوەكانی بۆ ساڵی (1964ز) گەڕایەوە، ئەوەش كاتێك باڵێكی سەرەكی پارتی دیموكراتی كوردستان بەناوی (باڵی مەكتەبی سیاسی) لە سەركردایەتی پارتی و خودی (مستەفا بارزانی) جیابوویەوە. دوای (دوو) ساڵیش واتە لەنێوان ساڵانی (1966-1970) چووە پاڵ حكومەتی ئێراق و شەڕی سەركردایەتی پارتی و شۆڕشی ئەیلولی كرد. كاتێكیش حكومەتی ئێراق لەگەڵ سەركردایەتی پارتی و شۆڕشەكەی رێكەوت و ڕێكەوتنامەی (11ی ئازاری1970ز) لێكەوتەوە، ئەو باڵەی مەكتەبی سیاسی پەرتەوازە بوون. بەشێكیان بۆ نێو ڕیزەكانی (پارتی دیموكراتی كوردستان) گەڕانەوە. ئەوەش كاتێك (مستەفا بارزانی) لێبوردنی گشتی بۆ دەركردن و ئازادی كردن لەوەی بۆ نێو پارتی و شۆڕشەكە دەگەڕێنەوە یان نا؟ ئەو بەشەشی بۆ لای پارتەكەیان نەگەڕانەوەو ئەو عەیبە و شكستەیان نەهێنایە سەرخۆیان، پەرتەوازە بوون.
لەنێو ئەمانیش، بەشێكیان (كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی كوردستان)یان وەك باڵێكی چەپگەرایی كوردستانی دامەزراند، كە ئەو كات سەردەمی چەپەكان و شیوعییەت بوو. بەشێكی تریان چوونە پاڵ حكومەتی ئێراق و دژایەتی پارتی و شۆڕشەكەیان كرد. كۆمەڵی سێیەمیشیان رێگای دەرەوەی كوردستان و ئێراقیان گرتەبەرو ژیانی پەناهیندەیی و ئاوارەییان هەڵبژارد. ئەوانەشی مانەوە، وازیان لە سیاسەت هێناو دانیشتن. ئەو كاتەشی شۆرشی ئەیلول بەهۆی (ڕێكەوتنامەی جەزائیر) لە (6ی ئازاری1975ز) لێدرا، ئەندامە پەرتەوازەكانی باڵی مەكتەبی سیاسی، كەوتنەخۆ و لە (1ی حوزەیران)ی هەمان ساڵ و لە گازینۆ (الطلیطلة)ی شاری (دیمەشق)ی پایتەختی وڵاتی سووریا، رێكخراوێكی كوردییان بەناوی (یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان) دامەزراند. لەم ڕووداوەشدا (جەلال تاڵەبانی) ناسراو بە (مام جەلال) ڕۆڵی سەرەكی و گەورەی لە دامەزراندنی ئەو ڕەوتە نوێیەدا بینی. بەوەش ئەو هیوایەیان هاتەدێ، كە لەساڵی (1964ز)ەوە كاریان بۆ دەكرد.
ڕووداوی دامەزراندنی (یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان) لە وڵاتێكی وەك سووریا، ماڵباتی بارزان و (پارتی دیموكراتی كوردستان)ی لەناو وڵاتی ئێراندا تاساند، چونكە بۆ ئەوە نەچووبوون، پارتێكی سیاسی نوێ، لە وڵاتێكی نەیار بە دەوڵەتی ئێراق و لە نەیارە كۆنەكانیان لەو كاتە هەستیارەی شكستی شۆڕش و پارتەكەیان، دروست بێت. هەربۆیە بە زوویی كەوتنە خۆیان و سەركردایەتییەكی كاتیان بۆ (پارتی دیموكراتی كوردستان) پێكهێناو ناوی (سەركردایەتی كاتی-قیادە موەقەتە)یان لێنا. ئامانج لە پێكهێنانی ئەو سەركردایەتییەش بۆ ئەوە بوو، تا بوار نەدەنە هیچ كەسایەتی و هیزێكی دیكە، گۆڕەپانی خەباتیان لەبندەست دەربهێنێت. بەر لەوەشی سەركردایەتی (یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان-یەكێتی) بانگەشە بۆ شۆڕشەكەی بكات، سەركردایەتی كاتی پارتی، بانگەشەیان بۆ (شۆڕشی گوڵان) كردبوو. ئەم ڕووداوەش ئەوەندی تر ناكۆكی نێوانیانی تۆندتر كردەوەو زۆری نەخایاند قۆناغێكی تری شەڕی ناوخۆیی لەگەڵ خۆی هێنا. هۆیەكەش دیار بوو، نە سەركردایەتی كاتی پارتی دیموكرتی كوردستان، پێیان خۆشبوو، لایەنە نەیارەكەیان لە سەرووبەندی شكستی شۆڕشەكەیاندا، بانگەشە بۆ شۆڕشێكی تر بكات. نە سەرانی (یەكێتی) دەیانوویست جارێكی دیكە ماڵباتی بارزان و (پارتی) بێنەوە مەیدان و جڵەوی سەركردایەتی كورد و شۆڕشێكی تر لە باشووری كوردستان بگرنە دەست، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، نە سەركردایەتی كاتی پارتی، جڵەوی هێزی (یەكێتی)و شۆرشەكەی بۆ گیرا! نە بەرامبەرەكەشی توانی هێز و سەنگی ئەو پارتە و سەركردایەتییەكەی و ماڵباتی بارزان لەسەر پرۆسەی خەبات و سیاسەتی باشووری كوردستان، نەك بسڕێتەوە، بەڵكو لاوازیشی بكات.
لەنێو ئەو ڕووداوانە (مستەفا بارزانی) وەك سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و ڕێبەری شۆڕشی ئەیلول، دوا ساڵەكانی تەمەنی لەگەڵ نەخۆشییەك بەسەر دەبرد. ئەمەو هەردوو كوڕەكەی (ئیدریس بارزانی و مەسعود بارزانی) وەك دوو ڕۆڵەی بەوەفاو بە ئەمەك، لە دەوری باوكیان مانەوە، تا تەنیای نەكەن و خەفەتی كورد و پێشهاتە خراپەكان، كار لە نەخۆشییەكەی نەكەن، بۆیە لە دەوری مانەوە، تا ئاگاداری دۆخی تەندروستی بن و هیوایەك بۆ ژیانی بگێڕنەوە. بەو دۆخەوەش بەسەرخۆیان و ماڵبات و پارت و شۆڕشەكەیاندا هات، لەناوخۆ ڕووبەڕووی ئەو هێزە بوونەوە، كە كاریگەرییەكەی لە (رێكەوتنامەی جەزائیر) كەمتر نەبوو. هەربۆیە پێویست بوو ڕووبەڕووی ئەو دۆخە ببنەوەو بەسەریدا زاڵ ببن. بۆ ئەوەشی بەسەریدا سەركەون، كاریان بۆ رێكخستنەوەی پارتەكەیان و هەڵایسانی شۆڕشێكی تر كرد. ئامانج لەو كارەشیان، رێگری بوو لە بەرامبەرەكەیان، تا پێش خۆیان بانگەشە بۆ شۆڕشێكی تر نەكەن. هەرچۆن بێت، بەو دۆخە نوێیەوەو بەو هەموو پیلان و بەرنامە سیاسییانەی لەسەریان بوو، كاریان بۆ بەهێزكردنەوەی پارتەكەیان و هەڵایسانی شۆڕشێكی تر كرد. دیارە سەرباری ئەو هەموو تەنگەژانەش لەسەریان بوو، زۆر باش ڕووبەڕووی دۆخەكە بوونەوەو پێش پارتە نەیارەكەیان (شۆڕشی گوڵان)یان ڕاگەیاند. ئەو كارەشیان بێ ڕووبەڕووبوونەوەو بێ كاریگەری و شوێنەواری خراپ تێنەپەڕی، چونكە دوای یەك هەفتە لە ڕاگەیاندنی شۆڕشەكەیان، (یەكێتی)، (شۆڕشی نوێ) ڕاگەیاند.
دەستپێكردنەوەی دوو شۆڕشی دژ بەیەك، لەوەها دۆخێكی باشووری كوردستان و دڕەندەیی حكومەتی ئێراق و ڕژێمی بەعسدا، بە ئاسانی تێنەپەڕی. بەتایبەت ڕژێمێك، كە زۆرینەی ڕەها كوردی باشووری كوردستان و پشتیوانانی شۆڕشی ئەیلولی كەوتبووە دەست. هەروەها دەیتوانی بە وویستی خۆی بەكاریان بهێنێت و یاریان پێبكات. هەربۆیە ڕاگەیاندنی (دوو) شۆڕش لە (دوو) كاتی زۆر نزیك لە یەك و یەك پێگەی جوگرافی كوردستاندا، دۆخەكەی بۆ باشووری كوردستان، تەواو شڵەقاند و خەڵكی باشووری كوردستانی بەرەو دۆخێكی تر برد. كەچی هەردوولا بێ گوێدانە، ڕەهەند و ئایندە خراپەكانی، دەستیان بە قۆناغێكی تری خەبات و شەڕی براكوژی و ململانێی توندی سیاسی كرد.