ئەمڕۆ کۆماری میللی چین دوای نیو سەدە، ئاڵای وڵاتەکەی لەسەر مانگ هەڵدەکات. چین لێرەوە دەبێت بە دووەم هێز یان ئەکتەر لەدوای ئەمەریکاوە ئاڵا هەڵدەکات. ئاڵا بریتییە لە دنیای کۆد و هێماکان. ئەم رووداوە ساکار دەردەکەوێت، بەڵام لە ناوەڕۆک و لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا. هەڵگری نەڕەیتڤ، پەیام و رەگەزی ستڕاتیژییە.
ئەم رووداوەی ئەمڕۆ دەکرێت بنەمای گۆڕان و وەرچەرخان بێت لە ئاستی جیۆسیاسی، جیۆپۆلەتیک و جەمسەربەندی بەتایبەت کاتێک چین لەڕێگەی خەیاڵێکی سیاسی-ئابووری فراوانەوە دەیەوێت بناسرێت.
چین لەسەردەمی باڵادەستی نیۆلیبڕاڵیزمدا چیڕۆکێکی تازە و سەیرە! دەیەوێت لە زەوی، لەڕێگەی زیندووکردنەوەی پڕۆژەی ئاوریشمەوە بکشێت! زۆر ناوچە، یەکەی جیۆپۆلەتیکی و پانتایی قوتبدات. لەسەر مانگ لەرێگەی ئاماژە و سیمبولەکانەوە بنیاتی ململانێکان تیۆریزە بکاتەوە. جوڵەی چین لەرێگەی ئاڵاوە لەسەر مانگ لەسەرەتای جەنگی سارد دەچێت. لەجەنگی سارددا گەردوون وەک سیستمی دوانەیی Binary پیشان دەدرا، هەر ئایدۆلۆژیا، هێز و بلۆکێک کەرتێکی بەخۆیەوە لکاندبوو. لە ئاسمان، لە زەوی، لەژێر زەوی و لەنێو ئەدەبیات و فیلم. چوارچێوەکە واپیشانی دەدات کە جیهان بەرەو دوو جەمسەری دەچێت Bi-Polar System بەڵام ئەم فۆرمە لە سیستم لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بۆ رۆژگاری و چرکەساتی ئەمڕۆ ئاسان نییە. بنەماکانی رێکخستنی نوێی جیهانی هێشتا نەکەوتوون تا بەئاسانی شوێنییان پڕ بکرێتەوە. چین لەڕووی ئابوورییەوە بەهێزە، بەڵام لە دبلۆماسیەت و سەرباز شتێکی ترە! چین کۆمەڵێک رەگەزی هێزی لەهەناوی خۆیدا هەڵگرتووە، بەڵام هاوڕێکانی ئەمڕۆ خاوەن هیزن لەوێنەی بەڕازیل و هیندستان و ئەوانی تر.
رەخنەی ئێستای ئەمەریکا بەڕووی چیندا، رەخنەیە لە سەرباز، گوایە چین دەیەوێت <سوپەر سەرباز> بنیات بنێت، پەروەردەیان بکات و بیانکات بە سوبجێکتی پڕ وزە و فرە رەهەند. سوپەر سەرباز بونەوەرێکە لەڕووی بایەلۆژییەوە خێرا و پڕ تەکنیکە، بەڵام ئەم دیدە لەسەردەمی تەکنەلۆژیا و خێراییدا نابێت بە رەگەزی هێز. ترسی ئەمەریکا لە شوێنكی ترە! ترسە لە کۆنتڕۆڵکردنی هاوڵاتی و جیهان بەهۆی کاڵاوە. دیارە چین ئەمڕۆ لەڕێگەی کاڵا و بازاڕەوە دەتوانێت لەگەڵ هەموو نەتەوە و یەکەیەک گفتوگۆ بکات و پەیوەندی بنیات بنێت. بێتە ناو جڤاتەوە، لەگەڵ هەموو کۆمەڵگەیەک تێکەڵ بێت و وەبەرەهێنانی ئابووری-فەرهەنگی بکات. دیارە کایەی ئابووری خێرا خۆی دەگۆڕێت بۆ فەرهەنگ! نموونە: لەبازاڕی ئێمەدا کاڵای چینی بێ شکۆ و بێزراوە بەڵام چین لە فەرهەنگی ئێمەدا هێزێکی گەورە و پڕ ترسە.
چین ئەمڕۆ لەسەر مانگە! ئەم ئامادەبوونە لەڕێگەی ئاڵاوەیە، بەڵام ئاڵا نوێنەرایەتی زۆر بابەت و دیاردە دەکات وەک:
یەکەم: چین لەسەر مانگەوە سەیری نەخشەی سیاسی جیهان دەکات لەبری زەوی. بۆ تێگەیشتن لەم پڕۆژە جیۆپۆلەتیکییەی چین دەبێت بیر لە خوێندنەوەی ماکندەر بکەینەوە جارێکی تر، بەتایبەت کاتێک چین دەیەوێت تێکەڵ بە گەلان و نەخشەی سیاسی ئاسیای ناوەڕاست بێت.
دووەم: چین لەپیش زایندا ئیمپڕاتۆر بووە! خاوەن ستڕاتیژ و بیرکردنەوەی ستڕاتیژی باڵا بووە بۆ پرسی جەنگ، بەڕێوەبردنی جەنگ و ململانێ، فراوانبوون و پەیوەندیکردن بە ئەوانی ترەوە. سۆن تزوو بە نموونە. پێدەچێت چین بیری گەڕانەوە بۆ ئەو نۆستالیژیا و رابردووە هەزار ساڵەیە بکات، بەڵام لەرێگەی کاڵاوە نەک جەنگ.
چین لەسەر مانگ، چین لەسەر زەوی هەوڵ و پڕۆژەیە بۆ بڕاندسازی چینی. وەک چۆن ئەمەریکا لەرێگەی مەکدۆناڵدەوە خۆی کرد بە بڕاند و هاوڕێی گەلان. چین لەسەر زەوی لەرێگەی <پەیمانگەی کۆنفۆشیۆسەوە بۆ زمانی چینی> فۆرمێکی تازەی چینیبوون و تێگەیشتن لە چین دادەڕێژێت. ئاڵای چین لەسەر مانگەوە هەڵگری چیڕۆکی قوڵتر و فراوانترە. بەتایبەت ئەگەر جیهان بەرەو فرە جەمسەری بچێت! چین زمان، گوتار و ریتۆرکی سیاسی تازە دێنێتە کایەوە.