“سینەمالیزمی ژاپۆن”
سینەمالیزم بریتییە لە پیشاندانی فۆرم و ستایلێکی تایبەت بە وڵاتێک و شێوازێکی تایبەتی کارکردنیان بۆ فیلمە سینەماییەکانیان، بەمەش دەگەینە ئامانجی دەرخستنی جیاوازی نێوان هەر ولاتێک، سەبارەت بە کارکردنە سینەماییەکانیان و شێوازی گیڕانەوەیەکی جیاواز، بە نموونە ئەگەر خاوەنی چیرۆکێکی هاوبەش بین بۆ هەر وڵاتێک ئەوا بێگومان هەر یەکێک لە روانگەیەکی جیاوازەوە گێرانەوەی بۆ دەکات، لە هەمان کاتدا هەر فیلمسازێک بە شێوازێکی جیاواز دەیگێڕیتەوە. لەم بابەتەدا باس لە سینەمالیزمی ژاپۆنی دەکرێت، بێگومان دەبێت ئەوە بزانین کە سینەمای ژاپۆن وەک یەکێک لە گرنگترین قوتابخانە گرنگەکانی فیلمسازی جیهانی بەدەر نییە لەسینەمالیزمی تایبەت بە خۆی و لێرەدا لە ڕێی شیکردنەوەی کارەکانی وەک “یاسوجیرۆ ئۆز و ئاکیرا کۆرۆساوا” سینەمالیزمی ژاپۆنی دەخەمڵێنین، سینەمالیزمی ژاپۆنی لە سەدەی بیستەم دەرکەوت، لەلایەن بەشێک لە فیلمسازانی ئەو سەردەمە بەڵام بە شێوەیەکی بەرچاو لەلایەن “یاسوجیرۆ ئۆز و ئاکیرا کۆرۆساوا” چونکە زۆربەی زۆری فیلمسازەکان لە کاتی جەنگی دووەمی جیهانیدا ناچار دەکران فیلمەکانیان بە مەبەستی پروپاگەندە بەکار بهێنن (کە تێیدا فیلمەکان باس لە هیزی وڵاتەکەیان دەکرد دژی داگیرکەران) و لەدوای جەنگیشدا ناچاردەکران لە ژێرناوی دیموکراسیدا فیلم بەرهەم بهێنن، بەلام ئەم دوو فیلمسازە هەمیشە لە کارەکانیان رێچکەی تایبەتی خۆی وەرگرتووە و بە ستایلێکی جیاواز و تایبەت فیلمیان بەرهەم دەهێنا کە بووە هۆی ئەوەی موشتومڕیکی زۆر لەسەر کارەکانیان بکرێت.
لیرەدا دەگەرێینەوە کە سینەمالیزمی ژاپۆنی باسی تایبەتمەندییەکانی (ستایڵ و فۆرمی) فیلمەکانی ژاپۆن دەکات و کۆمەڵێک تەکنیکی سینەماکاری لە رووی “سیناریۆ – کارەکتەر – قۆناغەکانی وێنە گرتن و بەکارهێنانی شێوازی تایبەتی لە مۆنتاج و بەکارهێنانی رەنگ و ڕووناکی، شێوازی گرتەکان و تێکرای درێژی وێنە” بە شێوەیەک کە تایبەت بێت بە سینەمای ژاپۆن دەخاتە ڕوو کە بە شێوەیەکی باو بە دریژایی تەمەنی کاکردنی کاری لەسەر کراوە. بەشیوەیەکی دراماتیک فیلمە ژاپۆنییەکان وەک سینەمای هۆڵیوود خاوهن سێ ئاکت و خاڵی وەچەرخان و پلۆت نین، ململانێی گەورە و ئامانج و بەبەستی گەورە لە فیلمەکانیاندا نابینین، بەڵکو کار لەسەر دەرخستنی واقیعییەتی ژیان دەکات بە هەموو مانا و رەهەندە باوەکانەوە و گرنگی بەچیرۆکە سادەکانی ژاپۆن و ژیانی مرۆڤەکانی دوای جەنگ دەدەن، نەوەک خودی ڕووداوە گەورەکان، هەروەها ئەوەی ئێمە زۆر دەیبینین (ماوەی زۆری وێنەیە) بە واتایەکی دیکە بەکار هێنانی گرتەی درێژە، تێپەراندنی کات بە شیوەیەکی زۆر خاو بۆ دەرخستنی هەر بەشێکی ژیان ئەم جۆرە تەکنیکە کاتێک روودەدات کە کامێرا لە دیمەنێکدا زۆر بمێنێتەوە و بڕینی خاو بەکاردێت و لە بنەڕەتدا ئەم تەکنیکانە بریتین لە ئیساتیکای جوڵەی کامێرای خاو و دواتر لە قۆناغی مۆنتاجدا بڕینی خاو و ریتمی خاو، بێگومان هۆی بەکارهێنانی تەکنیکێکی لەو جۆرە دەگەڕیتەوە بۆ ئەوەی وەک دەزانین سینەمای ژاپۆن سینەمایەکی تاکە کەسی نییە بە تەنها، بەڵکو پیشاندەری ئەو ژینگەیەیە کە تێیدا دەژی، لە کەش و ههوایەکدا گوڵێکی سرووشت تەنانەت ژینگە و ئەو ژوورەی کارەکتەرێک تێیدا دەژی تاکو ناخی کارەکتەرەکان، سینەماکارانی ژاپۆن لە ڕێگەی بەکار هێنانی گرتەی درێژ و مانەوەی زۆر لە گرتەیەکدا هەموو ئەو وردەکاریانەمان پیشان دەدەن کە ئامانجی سەرەکی سینەمای ژاپۆنە، کە بیانەوێت هەموو وردەکارییەکی وڵاتەکەیان بۆ ئێمە نیشان بدەن، چونکە بەکارهینانی گرتەی درێژ دەبێتە هۆی ئەوەی زیاتر لەگەل ژینگەی کارەکتەر و خودی کارەکتەر بژین و نزیک بین لێیانەوە.
هەروەک ئاماژەمان پێدا؛ چیرۆکەکانی دوای جەنگ و کارەکتەر و میزاج بابەتی سەرەکی فیلمە ژاپۆنییەکانن بە نموونە فیلمی (چیرۆکەکانی تۆکیۆ)ی فیلمساز “یاسوجیرۆ ئۆز”، بە وردی ئاماژە بە وردەکارییەکانیان دەدەین. ئەگەر لێرەدا باس لە ستایلی فیلمەکانی ئۆزۆ بکەین بە نموونە فیلمی “تۆکیۆ ستۆری” لە ڕووی ستایڵەوە فیلمەکانی ئۆزۆ بە ڕواڵەت ئاشتیخواز و ڕەسەنایەتی وێنا دەکات، زۆر لە ڕەخنە گران دەڵێن ” ئەمە جیهانی ناو زەینی ئۆزۆ خۆیەتی، لە فیلمەکانیدا کامێرا وەستاو و نەگۆڕە و گۆشەی نزیک لەخۆ دەگرێت تاکو ئازارەکان بۆ ئێمە بەرجەستە بکات و لەگەڵ جیهانی نێو چیرۆکەکە ئاوێتە ببین، یەکێک لە “یاساکان” لە سینەمای کلاسیکی هۆلیوود دا ئەوەیە کە هەموو وێنەیەک بە ڕوونی و ئاشکرا گێڕانەوەکە بەرەوپێش ببات. بەڵام فیلمەکانی ئۆزۆ زۆرجار ئەو شتانە نمایش دەکەن کە ڕەخنەگران پێی دەڵێن “وێنەی بالیف” واتە وێنەیەک کە هیچ پەیوەندییەکی دیاریان بە کارەکتەرەکانەوە نییە و پلۆت بەرەو پێش نابات و بەڵکو مەبەست و پەیامێکیان هەیە کە دەیانەوێت شتێک بڵێن. هەروەها یەکێک لەو یاسایانەی تر کە لە فیلمەکانی ئۆزۆ پێشێل دەکرێت over the shoulder ) ) و یاسایی ( 180 ) پلەیه. لە بنەڕەتدا ئەم یاسایە بەکاردێت لەو دیمەنانەی دیالۆگ تیایدا بەکار دێت، وا دەکات، وا دەرکەوێت کە دوو کارەکتەر لەکاتی قسەکردندا سەیری یەکتر دەکەن. بەڵام لە فیلمەکانی ئۆزودا ئەم یاسایە چەندین جار پێشێل دەکرێت و بە جۆرێک، نیشانەی لێهاتوویی ئەو ئەوەیە کە بە دەگمەن هەست بەم پێشێلکاریانە دەکەیت.
لایەنێکی دیکە لە فیلمە سەرەکییەکانی هۆلیوود دا ڕووداوە سەرەکییەکان بە شێوەیەکی گشتی لە دیارترین پۆینتی هەر فریەمێکدا ڕوودەدات و شتەکانی پاشخان خزمەتی گێڕانەوە دەکەن. لە بەرامبەردا فیلمەکانی ئۆزۆ زۆرجار کارەکتەرەکان لە پاشخان دادەنێن، لە کاتێکدا شتگەلێکی بەڕواڵەت ناپەیوەندیدار (مێز، شووشەی بیرە و … هتد) پێشەوە دەگرن، ئۆزۆ لێرەدا دەیەوێت شتە بێزارکەر و ڕۆتینەکانی ڕۆژانە پیشانی ئێمە بدات و بیانخاتە نێو بیری ئێمەوە کە ڕەنگە ئۆزۆ بیەوێت گرنگی بە شتە بچووک و فڕێدراوەکانی ژیان بدات ! فیلمەکانی ئۆزۆ بە شێوەیەکی گشتی خۆیان لە پیشاندانی ڕووداوە “گرنگەکان” لە گێڕانەوەکەدا دەپارێزن. بۆ نموونە فیلمی “درەنگانی بەهار و پاشنیوەڕۆی پایز” باس لەو ژنە گەنجانە دەکەن کە لە پشوودا هاوسەرگیری دەکەن. بەڵام لە هەردوو حاڵەتەکەدا ئۆزۆ ئاهەنگی هاوسەرگیری ڕاستەقینە وێنا ناکات، لەبری ئەوە سەرنجی لەسەر ئەوەیە کە چۆن کارەکتەرەکانی تر باسی هاوسەرگیرییەکە دەکەن پێش و دوای ئەوەی ڕووبدات. بە شێوەیەکی فراوانتر، نەهێشتنی ڕووداوە گرنگەکان لەلایەن ئۆزۆ وە، هەروەها قسە لەسەر ئارەزووی ئەو بۆ شتە ئاساییەکان دەکات، ئارەزووی ئاشکراکردنی ڕۆتینەکانی ڕۆژانە و وردەکارییە “بێزارکەرەکانی” دیکەی ژیانی ڕۆژانەیە، ئەگەر بێت و باس لە نمونەی فیلمێکی بکەین “چیرۆکی تۆکیۆ” باس دەکەین کە بە یەکێک لە فیلمە گرنگەکانی ئۆزۆ و هەوەها سینەمای دادەنرێت. فیلمی “چیرۆکی تۆکیۆ” لە دەرهێنانی یاسوجیرۆ ئۆزۆی بەناوبانگ، فیلمێکی دوو کاتژمێرییە لە سالێ ١٩٥٣ بەرهەمی هێناوە، چیرۆکی فیپلمەکە لە تۆکیۆ ڕوودەدات و باس لە یەکێک لە چیرۆکە سادەکانی نێو تۆکیۆ دەکات و پڵۆتێکی سادەی ژن و مێردێکی پیر کە گەشت دەکەن بۆ تۆکیۆ بۆ سەردانی منداڵە گەورەکانیان، فیلمەکە بە ژن و مێردێکی بەساڵاچوو دەست پێدەکات کە جانتاکانیان کۆدەکەنەوە بۆ گەشتێکی زۆر چاوەڕوانکراو بۆ تۆکیۆ بۆ سەردانی منداڵە گەورەکانیان. کچ و کوڕەکەیان بەهۆی ئەرکی کارەکەیانەوە واز لە دایک و باوکیان دەهێنێنن، هەروەک زۆرێک لە فیلمەکانی ئێستادا کە دەیبینین ئێمە بەر ئاڵۆزی کارەکتەر دەکەوین، هەمیشە نادیارییەک لە کارەکتەرهکانی فیلمەکە بەدی دەکەین، بەڵام لە چیرۆکی “تۆکیۆ” ی ئۆزۆ ئێمە بەر سادەیی کارەکتەرەکان دەکەوین کە بە ئاسانی دەتوانین پەیوەندی لەگەڵ کارەکتەرەکان ببەستین و ڕاستەوخۆ سیفاتی هەر کارەکتەرێک بۆ ئێمە نیشان دەدات. ئۆزۆ دەیەوێت پێمان بڵێت؛ تەنها ئاڵۆزی لە کارەکتەرەکاندا سەرنجڕاکێش نییە بەڵکوو سادەیش سەرنجڕاکێشە.
لە هەندێک دیمەندا بۆ ئەوەی ئۆزۆ تەنیایی دایک و باوک بۆ ئێمە نیشان بدات، دایک و باوکەکە نیشان دەدات و پاشان لەگەڵ دیمەنەکانی منداڵانی جەنجاڵیدا هاوتەریبی پێکراوە، تەنیایی ئەوان لەو دیمەنانەدا دەردەکەوێت کە هەم بێدەنگن و هەم گۆشەگیرن، لەبەردەم زەریای فراواندا دانیشتوون، یان لە کەناری ڕێگایەکی چۆڵدا دانیشتوون. هەروەها لەگەل وێنەی ژن و پیاوەکەدا هەمیشە دواتر دیمەنی تەنافێک دەبینین کە جلی سپی پیا هەڵخراوە، ئۆزۆ لێرەدا پاکی و بێگەردی دایک و بابەکە بۆ ئێمە نیشان دەدات بەرامبەر ژیانی ڕۆڵەکانیان و پاکی و بێگەردی دڵ و دەروونیان بۆ منداڵەکانیان! هەروەها ئۆزۆ لەم فیلمەدا بۆ تێپەراندنی دیمەنەکان و شوێنە جیاوازەکان تەکنیکی “وێنەی وەستاو” بەکاردەهێنێت بۆ گواستنەوە لە نێوان دیمەنەکاندا لە شوێنە جیاوازەکاندا بێ ئەوەی پچڕانێکی نایاسایی درووست ببێت، ههروهها ئەم تەکنیکە بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی کات لە نێوان دیمەنەکاندا تێپەڕێت، ڕێگە بە بینەر دەدات خۆی بگونجێنێت لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراو نوێیەکەدا. لە نێوان ئەو دیمەنانەی کە ئەو ژن و مێردە بەساڵاچووه لە ئۆنۆمیچین و گەیشتنیان بۆ تۆکیۆ، سێ وێنە هەیە، کە سەفەرەکەیان نیشان دەدات. یەکەمیان وێنەیەکی دوکەڵە، ئەمە وێنەیەکی دووبارەبوونەوەی تۆکیۆیە لە فیلمەکەدا، ئەم وێنەیە دەتوانێت هی تۆکیۆ بێت یان لە ئۆساکا. ئۆزۆ بۆ بینەرانی خۆی ڕوونی ناکاتەوە. دووەم وێنە لە پەڕینەوەیەکی هێڵی ئاسن و هێڵەکانی کارەبایە. دیسانەوە ئەم وێنەیە دەتوانێت وێنەی تۆکیۆ بێت بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بۆ بینەر دیار نییە. بەڵام وێنەی سێیەم ئەو ڕاستییە دەچەسپێنێت کە شوێنەکە تۆکیۆیە. نووسینگەی پزیشکەکە نیشان دەدات تابلۆیەکی لەسەرە کە ئاماژەیە بۆ ئەوەی دیمەنەکە لە تۆکیۆیە. ئەم دیمەنە یەک بەدوای یەکانە ڕێگە بە بینەر دەدەن خۆی بۆ دیمەنی داهاتوو ئامادە بکات.
ئۆزو وێنەی سادە بەکاردەهێنێت کە هیچ جوڵەی کامێرایان تێدا نییە و هەروەها لە هەر دیمەنی فیلمەکانیدا ئێمە ئاشنایی بەکارهێنانی تەکنیکی (فرەم لەناو فرەیم) دەبین کە بریتییە لە بەکارهێنانی توخمە بینراوەکان لە دیمەنێکدا بۆ سنووردارکردنی کارەکتەرەکان بۆ ڕووداوێک و ژیانێک و بیرکردنەوەکانیان و زیاتر فۆکەس خستنە سەر بابەتێک کە لە فیلمەکانی ئۆزۆ و کارەکتەرەکانە. بۆ دروستکردنی ئەم چوارچێوە زیادەیە (فرەیم لەناو فرەیم) دروستدەبێت کاتێک فۆتۆگرافەران و سینەماکاران زۆرجار پەنجەرە، دەرگا، یان توخمەکانی تری پێشەوە بەکاردەهێنن. هەروەها بەکارهێنانی ئەم تەکنیکە دەتوانێت مانای قووڵتر لە جارێک دروست بکات. بۆ نموونە کاتێک کارەکتەرێک لەناو زیندانی چوارچێوەیەکی لاوەکیدا دەتوانێت ڕەنگدانەوەی دۆخی گۆشەگیری یان تەنیایی خۆیان بێت. هەروەها لە فیلمی تۆکیۆ ستۆریدا ئۆزۆ ناهێڵێت کارەکتەرەکانی ببڕدرێن یان قسە بکەن پێش ئەوەی بینەر بیانبینێت. ئەم تەکنیکە زیاتر جەخت لەسەر پەیوەندی ئینتیمی نێوان بینەر و کارەکتەرەکان دەکاتەوە، وا دەکات بینەر هەست بکات وەک ئەوەی بەشێک بن لە دیمەنەکە. لەکۆتایدا؛ سینەماکاری ئیستاتیک لەلایەن ئۆزۆ لە چیرۆکی تۆکیۆدا پەیوەندییەک لە نێوان بینەر و کارەکتەرەکانی فیلمەکەدا دروست دەکات. مەبەستی گشتی ئۆزو ئەوەیە کە نیشانی بدات کە لە جیهانێکی خێرا و مۆدێرن ڕەنگە مرۆڤ جوانی و سادەیی لەبیر بکات. لە ڕێگەی تەکنیکە جۆراوجۆرەکانەوە، پەیوەندییەک لە نێوان بینەر و شوێن و کارەکتەرەکانیدا دروست دەکات، پەیوەندییەک کە ڕێگە بە بینەر دەدات گرنگی سادەییەکانی ژیانە ڕۆتینییەکانمان ببینێت. ئەوانەی بە تێپەڕبوونە خێراکانمانەوە لە گرنگی ژیانی ئێمە نەماون، ئۆزۆ بەبیرمان دههێنێتهوه کە سادەیی سەرنجڕاکێشە.
لەدوای ئۆزۆ پێویستە گرنگی بە کارەکانی “ئاکیرا کۆرۆساوا” بدەین، کۆرۆساوا بە فیلمسازێک ناسراوە کە لە فیلمەکانیدا ئامادەیی چاو نەترسییەکەی بۆ باسکردنی هەر بابەتێک و هەر ژانرێک و هەر شوێن و هەر کارەکتەرێکدا ناسراوە و، کاریگەری لە شێوازی کارکردن و کاریگەری لەسەر شێواز و هەڵبژاردن و گونجاندنی بابەتەکان لەفیلمێکدا و، هەروەها سیناریۆنووسێکی زۆر باڵا بووە کە هەمیشە پێێ وابوو؛ بوونی سیناریۆی باش جەوهەری فیلمه. دەرهێنەرێکی خراپ دەتوانێت لە سیناریۆیەکی باشەوە فیلمێکی باش دروست بکات و بە پیجەوانەشەوە “کۆرۆساوا” بە شێوەیەکی زۆر باش کاری لەسەر دروستکردن و بونیادنانی کارەکتەر کردووە لە فیلمەکانیدا، بەتایبەت بۆ فیلمی “حەوت سامۆرای” کە گرنگییەکی زۆری بە بونیادنانی کارەکتەردا و پێش نووسینی سیناریۆکە هەمیشە کاری لەسەر دروستکردنی کارەکتەر کردووە لە رووی سی ڕەهەندی گرنگرەوە وەک (فیسیۆلۆجی و کۆمەڵایەتی و دەروونی) هەمیشە لە فیلمەکانیدا؛ گرنگی زۆری بە دەنگ دەدا بۆ دەرخستن و پیشاندانی گەشەسەندنی باشتری گێرانەوەکانی، پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ ئاوازدانەرەکانی ئەو سەردەمە هەبوو، هەروەها گرنگی بە بەکارهێنانی فۆکەسی قووڵدەدا بۆ پیشاندان و جەخت کردنەوەی درامی، هەروەها یەکێکی دیکە لەو کارانەی “کۆرۆساوا”ی پێ دەناسرێتەوە، بریتییە لە “مۆنج” کە خۆی مۆنتاجی فیلمەکنی خۆی کردووە، هەروەها لە کاتی تۆمارکردنی دیمەنێکدا بۆشاییەکی زۆری بۆ کردنی مۆنتاجێکی قووڵ جێهێشتووە و یەکێک لەو تەکنیکانەی کاری لەسەر کردووە بۆ ڕؤشتن لە دیمەنێک و پاشان پیشاندانی دیمەنێکی دیکە لە فیلمەکانیدا، بریتی بووە لە پیشاندانی هێڵیک یان بارێک لەفیلمەکانیدا کاتێک دیمەنێک کۆتای دێت و لە کاتی سرینەوەی وێنەی یەکەم، وێنەی دووەم دەردەکەوێت. “کۆرۆساوا” زۆر جار لە فیلمەکانیدا (بڕینی ئاکسیاڵی) بەکاردەهێنێت کە تێییدا کامێرا لە بابەتێک جار دوای جار نزیک دەبێتەوە و دواتر دوور دەکەوێتەوە لە زنجیرەی کردنەوەی “حەوت سامورای” لە گوندی جوتیاران (بڕینی ئەکسیاڵی) دووجار بەکاردەهێنرێت، کاتێک خەڵکی گوندەکە لە دەرەوەن لە بازنەیەکدا کۆبوونەتەوە و دەگرین و ماتەمینی هاتنی باندەکان دەکەن کامێرا بە سێ گرتە بەکاردەهێنرا:-
١-دیمەنێکی دوور.
٢-دیمەنی نزیکتر.
٣-دیمەنی نزیکتر.
لە دواتردا کاتێک خەڵکی گوندەکە دەچنەلای گەورەی گوندەکە کامێرا بەم جۆرە کاری لەسەر دەکرێت.
١-دیمەنێکی دووری ئەو شوێنەی گەورەکەی تێدا دەژی.
٢-گرتەیەکی نزیکتر.
٣-پاشان نزیکتر.
“کۆرۆساوا” لە فیلمەکانیدا کاری لەسەر برینی گرتە کردووە نەک گرتەی بێ پجران، تاکو جەخت لەسەر گۆرانکاری گێڕانەوەو نیشاندانی کاتی تێپەری و بکات لە نێوان دیمەنەکاندا کە هەموو ئەمانە وەک یەکێک لە دەرهێنەرە داهێنەرەکانی ئەو سەردەمە ناسراوە کە سەدەی بیستەمە، ئەگەر باس لە گرنگترین فیلمی “ئاکیرا کۆرۆساوا” بکەین بریتین لە (حەوت سامورای ١٩٥٤) ( ڕان ١٩٨٥ ) لە کاتێکدا بەشێک لە وێنانەی “کۆرۆساوا” بەکاری هێناوە بریتین لە وێنەی نامۆ، تەنها ئەوکەسانەی توانایەکی زۆر باش و هۆشدارییەکی گەورەیان لە فیلمسازی هەیە دەتوانن شیکردنەوەی بۆ بکەن، لێرەدا چەن تەکنیکێکی سینەمایی دەخەینە ڕوو لە فیلمەکانی ئاکیرا کۆرۆساوادا، لە زۆرترین کات بەکاردەهێنرێت ئەوانیش بریتین لە:-
١-هونەری دووبارەکردنەوە: ئاکیرا کۆرۆساوا بۆ جەختکردنەوەی درامی چەند توخمیکی دیاریکراو لە دیمەنەکاندا دووبارە بەکار دەهێنێتەوە، دەیەوێت لێرەدا تیشک بخاتە سەر سرووشتی خولگەی ژیان، وەک فیلمی(حەوت سامورای) کاتێک هێرشی باندەکان بۆسەر ئاغاکان لە چوار ڕوانگەی جیاوازەوە پیشآن دەدرێت.
٢-وەستان لە دیمەنێکدا بۆ ماوەیەکی زۆر: ئەمەش یەکێکی دی لەو تەکنیکانە بووە کە لە بەشێکی زۆری فیلمەکانی “ئاکیرا کۆرۆساوا” دەیبینین بۆئەوەی بیری بینەران قووڵ بکەنەوە دەربارەی دیمەنەکانی دواتر بۆ نموونە لە فیلمی (حەوت سامورای) لە بۆشایی نێوان شەڕەکاندا کاری لەسەر کردووە.
٣-مۆتیڤێکی رۆژئاوایی: زۆربەی کات لە فیلمەکانیدا دەبینین بەتایبەت فیلمە جەنگییەکان و ئەکشنەکان کە لە ژێر کاریگەری ئەمریکا و ئەوروپا کاری کردووە.
٤-مرۆڤدۆستی: کارەکانی کۆرۆساوا تیشک دەخاتە سەر باشی بنەڕەتی مرۆڤ بوون، هەمیشە سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت و ئامانجی کارەکانی داگیردەکات لە فیلمی (چیرۆکەکانی تۆکیۆ) ی ئاکیرا کۆرۆساوا هەمان شت دەبینین.
هەردوو فیلمساز بەم جۆرە سینەمالیزمی ژاپۆنیان دروستکرد و هێزی ئۆزۆ وەک هونەرمەندێکی فیلم لە پیشاندانی ڕاستگۆیی و بەشە سادەکانی ژیانەوە سەرچاوە دەگرێت، گرنگی بێ کەموکوڕی بۆ شتەکان وەک خۆیان. هێزی کورۆساوا ڕاشکاوی تێبینییەکانی و ئاسانکارییە تەکنیکییە نایابەکەیەتی. ئەم ڕاشکاوییە ڕیالیزمی شێوازی فیلمی ژاپۆنی دروستکرد، شێوازێک کە بە باش یان بە خراپ هەمیشە پێداگری لەسەر ئەوە کردووە کە ژیان وەک خۆی سەیر بکرێت. ئەم ڕاستگۆییە فیلمەکانی لەسەر مرۆڤە ئاساییەکان دروستکرد، دەربارەی ژیان وەک ئەوەی بەڕاستی هەیە و دەبێت بیبینین سرووشت کە ئەوەندە بە تەواوی ژاپۆنییە، جیهانی سرووشتی وەک درێژکراوەی خودی مرۆڤ دەبینێت. ئەم هەڵوێستە بەرامبەر بە سرووشت هونەری ژاپۆنی و سەرەتاییترین شیعرەکان و هەروەها نوێترین فیلمەکانیشی گرتۆتەوە، دیمەنەکانی باران لە زۆرێک لە فیلمە ژاپۆنییەکان، شەڕی کورۆساوا لە ژێر باران لە فیلمی حەوت سامورای، بە هەمان شێوە ئەم هەڵوێستە بەرامبەر بە سرووشت لە مامەڵەکردن لەگەڵ وەرزەکاندا دەبینرێت کە تەنانەت ناونیشانی فیلمەکانیان پێدەهێنن وەک فیلمی( کۆتایی بەهار) کە نموونەی وەرزێکی بێدەنگییە و هاوتەریبی کردووە لەگەڵ چیرۆکەکەدا ( کچەکە لە ناوەڕۆکی بێدەنگی ژیانی بێ هاوسەرگیری لەگەڵ باوکیدا دەڕواتە ناو هاوسەرگیرییەکی درەنگ). ئەم خۆشەویستی و تێگەیشتنە ژاپۆنییە لە سرووشت بەرپرسیارێیتیە لە گرنگی بەو سادەییەی کە دەبێت بە گرنگییەوە بیبینین.
فیلمی ژاپۆنی خەمی وردەکارییان هەبوو، وای لێکردن نائاسایی بن و تەنیا چیرۆکیان نەدەگێڕایەوە، بەڵکو جیهانێکیان دروست دەکرد کە بە دڵسۆزییەوە ڕەنگدانەوەی واقیعی ژیانی ژاپۆنی بوو. ڕەنگە لەبەر ئەوە بێت کە “مەزاج” لای ئێمە بووەتە وشەیەکی تا ڕادەیەک سووکایەتی پێ کردن و لە فیلمەکانی خۆماندا نایناسینەوە. چونکە کەش و هەوا یان “مەزاج” هەمیشە دەرئەنجامی هەستکردن بە شوێنێکە ئەمە شتێکە کە ژاپۆنییەکان خۆیان تا ڕادەیەک لە وڵاتانی دیکەدا نائاسایی هەیانە، هونەری نەریتی شاخ، ئاسمان، دوورگە پیشان دەدات. مرۆڤەکان بچووکن، وەک فیگەری بچووک لە بەلەمەکاندا دەردەکەون یان نزیکە لەڕێڕەوی شاخەکاندا، تایبەتی شێوازی پەرتووکە هەڵواسراوەکە و ڕێکخستی گوڵەکان و باخچە تەقلیدییەکان، خانووەکە بە شێوەیەک دروست کراوە کە لە باخچەوە ببینرێت. بەم شێوەیە سرووشت و مرۆڤ دەچنە ناو پەیوەندییەکی قووڵەوە. بە هەمان شێوە لە فیلمی ژاپۆنیدا ئامادەیی هەیە بۆ بینینی مرۆڤ وەک بەشێک لە سرووشت و ئەمەش دەبێتە هۆی کەشوهەوای فیلمە ژاپۆنییەکان. بێگومان هەڵوێستێکی لەو شێوەیە پێچەوانەی بیرۆکەیەکی تەقلیدی ڕۆژئاواییە کە بەداخەوە لە ئەنجامی ئەمەدا زۆرێک لە توێژەران هەنگاوی بەراوردی فیلمە ژاپۆنییەکان فیلمە ڕۆژائاواییەکان گرتەبەر و نەیانتوانی پیشکەوتن لە فیلمی ژاپۆنی بەدەست بهێنن.
وەک ئەوەی دەیبینین؛ فیلمە ڕۆژئاواییەکان کار لەسەر سێ ئاکتی گرنگ و خاڵی وەرچەرخان و ململانێ و چیرۆکی قووڵی کارەکتەرەکان دەدەن، گرنگیدانی بە کەش و میزاج هاوشیوە نییە بە بەروارد بە سینەمای ژاپۆن، بەڵام دەکرێت ئەوەش بزانین کە ناوەڕۆکی فیلمە ژاپۆنییەکە زۆر جیاواز نییە لەگەڵ فیلمە ڕۆژئاواییەکان کە خەمی هەمان شتیان هەیە، ئەوەی لە فیلمە ژاپۆنییەکەدا تایبەتە، فۆرمەکەیەتی، شێوازی گێڕانەوەی چیرۆکەکە، ئەو گۆشەیەی کە لێیەوە سەیر دەکرێت. ئەم دیدگایە هۆکاری ئەو کوالێتییەیە کە ئێمە وەک ژاپۆنییەکی ناوازە دەیناسین. ئێمە لە تابلۆ و ئەدەبی وڵاتدا دەیبینین، دەتوانین لە زمان و لە ژیانی خەڵکدا بیناسین وە لە فیلمی ژاپۆنیدا گرنگیبە هەستی سۆزداری زۆر بەرز دەدرێت بەراورد بەڕۆژئاوا، هەروەها لە فیلمە ڕۆژئاواییەکاندا ئەوەندەی ژاپۆن گرنگی بە دیمەنی ماوە درێژ نادات، بەڵام لە زۆر بارودۆخی تایبەت و بۆ پیشاندانی مەبەستێک گرنگی پێ دەدات بەلام هاوشێوەی ژاپۆن نییە.
ئەمە لە لایەک، لەلایەکی دیکە بەشێک لەتوێژەران فیلمە ئاکشنەکانی ژاپۆن بە لهبهرگرتنهوهی فیلمە ڕۆژئاواییەکان دادەنێن، بەتایبەت لە فیلمە ئاکشنەكانی “ئاکیرا کۆرۆساوا”دا کە وەک درێژکراوەی ڕۆژئاوا دا دەیبینین و بە بەشێک لە ستایڵی کارەکانی ئەوانی دەزانن، نەک هەر ژاپۆن بەڵکو هەموو فیلمە باندەکانی جیهان لە ژیر کاریگەری ڕۆژئاوادا هاتۆتە بوون، لە کۆتایدا دەبێت ئەوە بڵێین کە ژاپۆن سینەمایەکی تایبەت بە خودی ژاپۆن نووسیوەتەوە و لەگەڵ هەر سەیرکردنێکدا دەزانین کە فیلمێکی ژاپۆنییە، چونکە هونەری فیلمی ژاپۆنی بە شێوەیەکی نەریتی ئامانجی تێگەیشتن نییە لە ڕووداوێک و پلۆتێک، بەڵکو ئامانجی تێگشتنە لەخودی ژاپۆن و خەڵک و ژیانە سادەو راستەقینەکەی ژاپۆن.