- کافکا چ جۆرە پەیوەندییەکی لەگەڵ باوکی هەبوو؟
باوکی کافکا، پیاوێکی بازرگان و ماتریالیست بوو و لە ناو بنەماڵەشدا پیاوێکی خۆپەسند بوو و کاریگەرییەکی دیاری لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی فرانتز کافکا هەبوو.کافکا لە زۆربەی ساتەکانی ژیانیدا هەستی دەکرد لە لایەن باوکییەوە چەوسێنراوەتەوە. ئەو لە زۆرێک لە بەرهەماکنی کافکادا وەکوو هێزێکی خۆپەسەندی پڕووکێنەر دەرکەوتووە و دەتوانین وەکوو نموونە ئاماژە بە “دادگاییکردن” بدەین.
- ژیانی کافکا چۆن بوو؟
کافکا بە درێژایی ژیانی خۆی هاتووچۆی ئاڵقەگەلی ڕۆشنبیریی یەهوودیی-ئاڵمانی دەکرد. ئەو لە ساڵی ١٩٠٦دا دوکتۆرای یاسای لە زانکۆی پراگ وەرگرت. پاش ئەوەش بۆ کۆمپانیاکانی بیمە ئیشی دەکرد کە کاتێکی زۆری لێ دەبرد، بۆیە تەنها درەنگانی شەو بۆ نووسین کاتی هەبوو. زۆربەی کاتەکان نەخۆش بوو، و نەخۆشیی لەدواجاردا ناچاری کرد لە ساڵی ١٩٢٢ خانەنشین بکرێت.
- فرانز کافکا چی نووسی؟
بەرهەمەکانی کافکا بە دڵەڕاوکێ و نامۆبوون تایبەتمەند دەکرێت و کەسایەتییەکانی بەزۆری لەگەڵ دۆخگەلی پووچ و بێمانا ڕووبەڕوو دەبن. ئەو بەبۆنەی ڕۆمانەکانییەوە لەوانە “دادگاییکردن”، کە تێیدا پیاوێک تاوانێکی دەدرێتە پاڵ کە هیچ کات ناوی دیاری ناکرێت، و “بەدگۆڕان” ک تێیدا کەسایەتیی سەرەکیی چیۆک پاش ئەوەی کە لە خەو هەڵدەستێ تێدەگات کە بووە بە حەشەرەیەک. فرانز کافکا (لەدایکبووی ٣ی مانگی جوولای ساڵی ١٨٨٣، پراگ، بوهیمیا، نەمسا، مەجارستان{ئێستە لە کۆماریی چیک}-کۆچیی دوایی لە ٣ ی مانگی ژووەنی ١٩٢٤، کیەرلین، نزیکی ڤییەنا، نەمسا) نووسەری ئاڵمانی زمانیی چیرۆکە ڕازاوییەکان بوو کە بەرهەمەکانی بەتایبەتی ڕۆمانی دادگاییکردن(١٩٢٥) و چیرۆکی بەدگۆڕان (١٩١٥) ئەو دڵەڕاوکێ و نامۆبوونانەی کە زۆرێک لە خەڵکی سەدەی بیستەم لە ئەورووپا و باکووری ئەمەریکادا هەستیان پێ دەکرد، دەگێڕێتەوە.
- ژیانی کافکا.
فرانز کافکا، کوڕی جولی لووی و هێرمان کافکای بازرگان کە لە خێزانێکی جوولەکەی دەستڕۆیشتووی چینی ناوەڕاست لەدایکبوو. پاش مردنی دووبرای بە منداڵی، ئەو بوو بە کوڕە گەورەی ماڵ و تا کۆتایی تەمەنی وشیار بوو لە سەر پێگەی خۆی وەکوو براگەورە؛ ئاتڵا، بچووکترین خوشکی لە سێ خوشک، بوو بە نزیکترین ئەندامی خێزان بەو. کافکا بەشێوەیەکی بەهێز هەستی بە هاوشوناسی دەکرد لەگەڵ باپیرانی سەری دایکی ئەوەش بەهۆی ڕۆحانییەتمەندی، جیاوازیی لە بیر، تەقوا، ئامۆژگارییە خاخامییەکان، خووخدەی ماخۆلیایانە و تەشکی جەستەیی و دەروونیی ناسکی خۆی. بەم حاڵەشەوە ئەو بەشێوەیەکی تایبەت لە دایکی نزیک نەبوو. دایکی کە ملکەچی مێردە مۆن و گرژەکەی و لاسارییەکانی و هەروەها سەختگیریی ئیشەکەی بوو، لەگەڵ مێردەکەی لەبارەی تێنەگەیشتن و فامهەڵنەگریی کردەوە بێسوودەکانی کوڕەکەی قسەی کرد و لە دەربەستیی ناتەندروستانەی کوڕەکەیان بۆ”تۆمارکردنی ئەدەبیی ژیانی دەروونیی خەونئامێزی”دەترسان.
- کافکا و باوکی.
تاپۆی باوکی کافکا بەسەر بەرهەمەکانی سێبەری خستبوو بە هەمان شێوە کە بەسەر بوونیشیدا شۆڕ بووبوویەوە. ئەم تاپۆیە لە ڕاستیدا، یەکێک لە کاریگەرترین داهێنراوەکانی ئەوە. لە خەیاڵیدا ئەم باوکسالار و دووکاندارە گرژ و مۆن، کردەگەرا و داگیرکارە، کە شتێک جگە لە سەرکەوتنە مادییەکان و پێشکەوتنە کۆمەڵایەتییەکانی ستایش نەدەکرد، ڕەگەزی دەچووە سەر دەعبا زەبەلاحەکان و ئەگەرچی باڵا و ستایشئامێز بوو بەڵام ستەمکارێکی نەفرەتبزوێن بوو. لە گرینگترین هەوڵەکانی کافکا بۆ نووسینی ژیاننامەی خۆی، “نامەیەک بۆ باوک”{نووسراوی ١٩١٩}، نامەیەک کە هەرگیز نەگەیشتە دەست بەردەنگەکەی خۆی. کافکا شکستی خۆی لە ژیاندا، دابڕان لە پەیوەندییەکانی دایباب و گیرخواردنی لە ناو هاوسەرگیری و باوکەیاتەیدا و، هەروەها هەڵاتن بەرەو ئەدەبی دەگەڕاندەوە بۆ تاپۆ و فیگەری نکۆڵیکارانەی باوکی، کە هەستی ناکارامەیی و نەتوانینی خۆی لە ئەودا چاند. ئەو هەستی دەکرد ئیرادەی لە لایەن باوکییەوە تێک شکێنراوە. ململانێی ئەو لەگەڵ باوکیدا بەشێوەی ڕاستەوخۆ لە چیرۆکی “داوەری” (١٩١٣)دا ڕەنگی داوەتەوە. ئەم بابەتە لە ڕووبەڕێکی بەربڵاوی ڕۆمانەکانی کافکادا ڕەنگی داوەتەوە، کە بەڕوونی و بەشێوەیەکی ئەفسوونکارانەی سادە، شەڕی نائومێدانەی پیاوێک لەگەڵ هێزێکی پووکێنەر دەنەخشێنن. یان بەدەربڕینێکی دیکە ئەم ڕۆمانانە پەیکەری خەباتی نائومێدانەی پیاوێک لەگەڵ هێزێکی مەزن دادەتاشن. هێزێک کە ڕەنگە ببێتە هۆی ئازاردانی قوربانییەکانی(وەکوو دادگاییکردن) یان هێزێک کە دەکرێت بەدوایدا بگەڕێی و بەشێوەیەکی بێهوودە داوای دانپێدان و پەسەندکرانی لێ بکرێ.( وەکوو قەسر؛ ١٩٢٦).
لەگەڵ ئەمەشدا ڕەگ و ریشەی دڵەڕاوکێ و نائومێدیی کافکا قووڵتر لە پەیوەندیی لەگەڵ باوک و بنەماڵەکەی بوو، واتە ئەو کەسانەی کە وای بەباشتر زانی بەشێکی زۆری ژیانی گەورەساڵیی خۆی لە نزیکی ئەوان و لە ناو فەزایەکی تەنگ و تەسکەبەردا بەسەر ببات. سەرچاوەی نائومێدیی کافکا لە هەستی گۆشەگیریی لێبڕاوانە لە پەیوەندیی ڕاستەقینە لەگەڵ هەموو مرۆڤەکان(ئەو هاوڕێیانەی کە لای بەڕێز بوون، ئەو ژنانەی خۆشی دەویستن، پیشەیەک کە ڕقی لێی بوو، کۆمەڵگایەک کە تێیدا دەژیا) و لەگەڵ خودا یان بەوتەی خۆی، لەگەڵ بوونی هەرگیز نەمریدا بوو.
کافکا کوڕی جوولەکەیەکی تواوە لە ناو کۆمەڵگەی جوولەکان بوو کە تەنها بەشێوەیەکی ڕووکەشییانە پابەند بوو بە کردەوە ئایینییەکان و ڕۆتینە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵەی جووەکانەوە، بەڵام کافکا هەم لە ڕووی زمان و هەم لەڕووی كولتوورەوە ئاڵمانی بوو. ئەو منداڵێکی شەرمن و ملکەچ بە هەستی گوناهبارانە بوو، کە لە قوتابخانەی سەرەتایی و دواناوەندیی دەوڵەتیی ئاڵتستادر؛ قوتابخانەیەکی دواناوەندیی سەختگیر بۆ هەڵکەوتووە ئاکادیمییەکان، بەباشی ئەرکەکانی ڕاپەڕاند و جووڵایەوە. ئەو جێگەی ڕێز و هۆگریی مامۆستاکانی بوو. لەگەڵ ئەمەدا ئەو لە ناخەوە لە دژی دامەزراوەی سوڵتەخواز و پرۆگرامە ئینسانگەرا دژەئینسانییەکانی وانەکان کە پێداگریی لەسەر فێربوونی تووتی ئاسا و زمانە کلاسیکەکان دەکرد، ڕاپەڕی. دژایەتیی کافکا لەگەڵ جڤاکی جێگیر و باو ئەو کاتە ئاشکرا بوو کە لە سەردەمی مێردمنداڵیدا خۆی وەکوو سۆسیالیست و هەروەها ئاتێئیستێک ڕاگەیاند. ئەو لە درێژەی تەمەنی گەورەساڵایی خۆیدا، کۆمەڵێک هاودەردیی مەرجداری لەگەڵ سۆسیالیستەکان دەخستە ڕوو، لە دانیشتنەکانی ئانارشیستەکانی چێک(پێش جەنگی یەکەمی جیهانی) بەشداریی دەکرد و لە ساڵەکانی کۆتایی تەمەنیدا هۆگریی و هاوسۆزیی بۆ زایۆنیسمی سۆسیالیستی پیشان دا. تەنانەت لەو کاتەشدا ئەو لە بنەمادا ناچالاک و لەڕووی سیاسییەوە بێ لایەن بوو. کافکا وەکوو جوویەک، لە کۆمەڵگای ئاڵمانیی پراگدا گۆشەگیر بوو، و هەروەها وەکوو ڕۆشنبیرێکی مۆدێڕن لە کەلەپووری جوولەکانەی خۆیشی نامۆ بوو. ئەو لەگەڵ ئامانجە سیاسی و كولتوورییەکانی چێکدا هاوسۆز بوو، بەڵام هاوشوناسیی ئەو لەگەڵ كولتووری ئاڵمانیدا تەنانەت ئەم هاوسۆزیانەشی سەرکوت دەکرد. هەر بۆیە گۆشەگیریی کۆمەڵایەتی و بێ ڕەگ و ڕیشەبوون ڕۆڵی هەبوو لە ناشادبوونی تاکەکەسیی لە هەموو ژیانیدا.
- ژیانی دووفاقانەی کافکا.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا کافکا لە پراگ لەگەڵ هەندێ لە ئەدیب و ڕۆشنبیرانی جوولەکەی ئاڵمان بوو بە هاوڕێ و لە ساڵی ١٩٠٢شدا مەکس برادی بینی. ئەم هونەرمەندە ئەدەبییە بچووکە بوو بە نزیکترین و دڵسۆزترین هاوڕێی کافکا و دواجاریش وەکوو میراتگری ئەدەبیی کافکا، بوو بە ڕەواجپێدەر، ڕزگارکەر و ڕاڤەکاری نووسینەکانی کافکا و هەروەها کاریگەرترین ژیاننامەنووسی کافکا. ئەم دوو پیاوە کاتێک کە کافکا لە زانکۆی پراگ سەرقاڵی خوێندنی یاسا بوو یەکتریان ناسی. ئەو لە ساڵی ١٩٠٦ دوکتۆرای وەرگرت و لە ١٩٠٧ لە کۆمپانییەکی بیمەدا بە ڕێکوپێکی و بەردەوامی دەستی بە ئیشکردن کرد. لەگەڵ ئەمەشدا کاتە دوور و درێژەکان و پێویستییە سەختگیرانەکانی بیمەی گشتی (Assicurazioni Generali) بواری بە کافکا نەدەدا تاکوو خۆی بۆ نووسین تەرخان بکات. ئەو لە ساڵی ١٩٠٨، لە پراگ پیشەیەکی لە ئەنیستیتۆی نیوەنەتەوەیی بیمەی ڕووداوەکانی کرێکاران کە پەیوەست بوو بە شانیشنی بۆهیمیا دۆزییەوە. ئەو تا ساڵی ١٩١٧ لەوێ مایەوە واتە کاتێک کە نەخۆشیی سیل ناچاری کرد بەشێوەی پچرپچڕ یان ماوە بۆ ماوە مۆڵەتی چارەسەریی وەرگرێت و لە کۆتاییشدا لە سالی ١٩٢٢ نزیکەی دوو ساڵ بەر لە مردنی( بە مووچەی خانەنشینییەوە) خانەنشین کرا. لە ئیشەکەیدا ماندوونەناس و بەرزەفڕ هەژمار دەکرا؛ ئەو هەر زوو بوو بە دەستەڕاستی سەرۆکەکەی و جێگەی ڕێز و خۆشەویستیی هەموو ئەوانە بوو کە لەگەڵی کاریان دەکرد.
لەڕاستیدا، ئەگەر بەشیوەیەکی گشتی بیڵێین کافکا کەسێکی لەبەردڵان، زیرەک و حەنەکچی بوو، بەڵام ئەو پیشەی ڕۆتینی ئیداری و ژیانی دووفاقانەی تاقەتپڕووکێنی دۆزیبووەوە کە ناچاری دەکرد مل بداتە بەر(چونکە شەوەکانی زۆرتر بۆ نووسین تەرخان دەکرد) تەحەمولکردنی ئەشکەنجەیەکی تاقەتپڕووکێن و پەیوەندییە تاکەکەسییە قووڵەکانی پەرێشان دەکرد و تێکی دەدا. ئارەزووە لێکدژەکانی کەسایەتیی پڕگرێ و دوولایەنەی ئەو لە پەیوەندییە سێکسییەکانیدا ڕیتمی خۆی دەبینییەوە. قەدەغەکردن بەشێوەیەکی دەردناک پەیوەندییەکانی لەگەڵ فیلیس باور کە دوو جار بەر لە دوا دابڕانیان لە ساڵی ١٩١٧ دەزگیرانیان کردبوو، تێک دا. دواتر عەشقی ئەو بۆ “مێڵینا جێسێنسکا پاڵاک”یش سەری لە هیچەوە دەرچوو. تەندروستی لاواز بوو و کاری نووسینگەش ماندووی دەکرد. لە ساڵی ١٩١٧دا دەرکەوت نەخۆشیی سیلی هەیە و لەوە بەدواوە بەشێوەی بەردەوام کۆمەڵێک قۆناغی لە نەخۆشخانە جۆراوجۆرەکان بردە سەر.
کورتەی زانیارییەکان
لەدایکبووی؛ سێی مانگی ژووەنی ١٨٨٣، پراگ، بوهیمیا، نەمسا، مەجارستان{هەنووکە لە کۆماری چیک)
کۆچی دوایی؛ سێی مانگی ژووەنی ١٩٢٤، کیەرلینگ، نزیکی ڤییەن، نەمسا(٤٠ ساڵ تەمەن)
بەرهەمە جێگەسەرنجەکان؛
ئەمریکا
حەکایەتی پێکدادانێک
لە کۆلۆنیی سزادا
نامە بۆ باوک
مێدیتەیشن
قەسر
داوەری
بەدگۆڕان
دادگاییکردن
لە ساڵی ١٩٢٣ کافکا ڕۆشت بۆ بێرلین تاکوو خۆی بۆ نووسین تەرخان بکات. لە ماوەی ئەو پشوودانەی کۆتایی هەمان ساڵ لە کەنارەکانی بالتیکدا، دۆرا دایمێنت(دایامێنت)؛ لەگەڵ سۆسیالیستێکی گەنجی جوو ناسیاوەتی پەیدا کرد. ئەم دووانە لە بێرلیندا دەژیان تاکوو بەهاری ساڵی ١٩٢٤ کە تەندرووستیی کافکا بەشێوەیەکی بەرچاو تێک چوو. پاش ئەم نیشتەجێبوونە کورتە دواجارەکییە لە پراگ، واتە هەمان شوێن کە دایمێنت پێیەوە نووسا، لە نۆرینگە(کیلینی)یێک لە نزیک ڤییەن بەهۆی نەخۆشیی سیلەوە کۆچی دوایی کرد.
ژێدەر؛ Encyclopedia Britannica
وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە؛ عادڵ قادری




































































