زمان بە یەکێک لە باڵاترین دیاردەکانی شارستانییەت و ئەڵقەیەک لە زنجیرەی چالاکییە مرۆییەکان دادەنرێت. گرنگی زمان لەو ڕۆڵەدا دەردەکەوێت کە لە بزاوتی ژیان و کۆمەڵگەدا دەیگێڕێت، چونکە ناتوانرێت کۆمەڵگەیەک بێ زمان و زمانێکیش بێ کۆمەڵگە وێنا بکرێت؛ بۆ ئەوەی زمان بوونی هەبێت، دەبێت کۆمەڵێک مرۆڤ هەبن کە پێی بدوێن. زمان لە هەر قۆناغێکدا بێت، لە دەرەوەی ڕاستی کۆمەڵایەتی بوونی نییە و بوونەکەیشی بەدی نایەت مەگەر بەهۆی جۆرێک لە ڕێککەوتنی نێوان ئەندامانی یەک کۆمەڵگە نەبێت (لیس کورانی، ل۷ـ ٨). بەو بەڵگەیەی کە مرۆڤ دانەبڕاوە لەو جیهانەی تێیدا دەژی؛ بوونی مرۆڤ زمانە و زمانیش بەشێکە لە پێکهاتەی مرۆڤ، کەواتە هیچ مرۆڤایەتییەک بێ زمان بوونی نییە (هادی نهر، ل ۱٨ـ۱۹).
گومان لەوەدا نییە کە پەیوەندیی نێوان دیاردە کۆمەڵایەتییەکان و دیاردە زمانەوانییەکان (linguistic\ phenomena)، و کاریگەریی دابونەریت و سیستمی کۆمەڵایەتی لە کات و شوێنێکی دیاریکراودا لەسەر زمان، لەو کاتەوە هەیە کە زمان و ژیانی کۆمەڵایەتی سەریهەڵداوە. جەوهەری مرۆڤ لە زمان و هەستیاری و ژیانی کۆمەڵایەتییدایە(س.پ، ل:٩). زمان بەم مانایە دەتوانین بڵێین: بوونەوەرێکی زیندووە؛ چونکە لەسەر زمانی ئاخێوەرانی دەژی کە خۆیان زیندوون. لەبەر ئەوە، بەهۆی کاتەوە گەشە دەکات و دەگۆڕێت وەک چۆن بوونەوەرێکی زیندوو گەشە دەکات و دەگۆڕێت. زمان دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە، لە باوەشی کۆمەڵگەدا دەژی و قەوارەی خۆی لەو و لە دابونەریت و ڕەفتاری تاکەکانی وەردەگرێت، هەروەها بە گەشەکردنی کۆمەڵگە گەشە دەکات، بە پێشکەوتنی ئەو پێش دەکەوێت و بە دواکەوتنی ئەویش پاشەکشە دەکات.
تێڕوانین لەم پەیوەندییە زمانەوانییانە بە دڵنیاییەوە کۆنە، بەڵام وەک پێویست لە ڕووی چەندایەتی، چۆنایەتی، تیۆری و میتۆدۆلۆژییەوە لێی نەکۆڵدراوەتەوە، مەگەر لە سەردەمی ئێستاماندا لە ژێر سێبەری لقێکی نوێی کۆمەڵناسی گشتیدا کە ئەویش “کۆمەڵناسیی زمان” (Linguistic\ Sociology) یە، کە چارەسەری دیاردەی زمانەوانی دەکات بە شێوازێک کە ئەو پەیوەندییانە ئاشکرا دەکات کە بە دیاردە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانەوە دەیبەستنەوە (وافی، علم اللغە، ل۱۳). بە گشتی، ئەو دیاردە کۆمەڵایەتییانەی کە بابەتی سهرهكی خوێندنی کۆمەڵناسی پێکدەهێنن، بە کۆمەڵێک تایبەتمەندی دەناسرێنەوە، کە خۆیان لە سیستمە گشتییەکاندا دەبیننەوە کە ئەندامانی کۆمەڵگەیەک لە پەیڕەوکردنیدا هاوبەشن و دەیکەنە بنەمایەک بۆ ڕێکخستنی ژیانی بەکۆمەڵیان و هەماهەنگیکردنی ئەو پەیوەندییانەی کە ئەوان بە یەکتر و بە گرووپەکانی ترەوە دەبەستێتەوە. هەروەها بەوە دەناسرێنەوە کە دروستکراوی تاکەکان نین، بەڵکو سرووشتی کۆبوونەوەی مرۆیی ئافرێنەریانە و خۆبەخۆ لە ژیانی گرووپەکان و پێداویستییەکانی ئاوهدانی مرۆییەوە سەرچاوە دەگرن. ئەمەش ڕێک ئەو مانایەیە کە کۆمەڵناسان مەبەستیانە کاتێک دەڵێن ئەم دیاردانە بەرهەمی ئەقڵی کۆمەڵن. لادانی تاک لە هەر سیستمێکی ئەوانە، ڕووبەڕووی بەرگریی کۆمەڵگە دەبێتەوە کە سزای مادی یان مەعنەوی دەدات، یان کارەکەی هەڵدەوەشێنێتەوە و وەک نەبوو سەیر دەکرێت، یان ڕێگری دەکات لەوەی کە لە دوای سەرپێچییەکەیەوە دەیەوێت و کارەکانی دەکاتە کارێکی بێهوودە، یان پتر لە سزایەکی لەم شێوەیەی بەسەردا دەسەپێنێت (وافی ، اللغە والمجتمع، ل ٥).
لەم بارەیەوە “ئەی سومێرفێڵت” (A.\ Somerfelt) دەڵێت: “زمان دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە و ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەریدا دێن ئەوانیش خاوەن سیفەتێکی کۆمەڵایەتین” (هادی نهر، ل۲۲). زمان لە هەر کۆمەڵگەیەکدا سیستمێکی گشتییە کە تاکەکان لە پەیڕەوکردنیدا هاوبەشن و، دەیکەنە بنەمایەک بۆ دەربڕینی ئەو شتانەی لە مێشکیاندایە و بۆ لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ یەکتردا. زمان لەو شتانە نییە کە تاکێکی دیاریکراو یان چەند تاکێک دروستی بکەن؛ بەڵکو سرووشتی کۆمەڵایەتی دەیئافرێنێت و لە ژیانی بەکۆمەڵ و پێداویستییەکانی ئەم ژیانە بۆ دەربڕینی بیرۆکەکان و ئاڵوگۆڕی ئەندێشەکان سەرچاوە دەگرێت. هەر یەکێک لە ئێمە لەدایک دەبێت و لەبەردەم خۆیدا سیستمێکی زمانەوانی دەبینێتەوە کە کۆمەڵگەکەی لەسەری دەڕوات، پاشان لە ڕێگەی فێربوون و چاو لێکردنەوە لێی وەردەگرێت، وەک چۆن سیستمە کۆمەڵایەتییەکانی تری لێ وەردەگرێت، دەنگەکانی دەخاتە ناو چوارچێوەکانی ئەو زمانەوە لە لێکتێگەیشتن و دەربڕینیدا چاوی لێ دەکات (وافی، اللغە والمجتمع،ل ٦).
زمان، لەبەر ئەوەی سیستمێکە لە نیشانە بەماناکان کە پێویستی بە دوو کەس یان زیاتر هەیە، تەنانەت کاتێک لەگەڵ خۆتدا قسە دەکەیت تۆ لە کەسایەتی خۆتدا تاکێکی قسەکەر و یەکێکی تر وەک بیسەر جیا دەکەیتەوە، پشت بە زاراوە و ڕێککەوتنی بەکۆمەڵی پێشوەختە دەبەستێت لە نێوان ئەندامانی گرووپی زمانەوانیدا لەسەر مانا یان مانا دیاریکراوەکان کە دەنگی تایبەت دەیانجووڵێنێت (بای، اسس علم اللغە، ل٤۰). زمان هەروەها لەو شتانەیە کە هەر تاکێک خۆی بە ناچاری دەبینێت کە پابەندی ئەو ڕێسایانە بێت کە بۆی کێشراوە. هەر لادانێک لە سیستمەکەی، ئەگەر بەهۆی هەڵە یان نەزانیشەوە بێت، ڕووبەڕووی بەرگری کۆمەڵگە دەبێتەوە کە گەڕانەوەی شتەکان بۆ سەر ڕێڕەوی ڕاستی خۆیان مسۆگەر دەکات و سەرپێچیکارەکەش بە هەندێک جۆری سزا ، سزا دەدات. ئەگەر تاکێک لە گۆکردنی وشەیەکدا هەڵە بکات، یان لە دەرەوەی واتا ڕاستەقینەکەی خۆیدا بەکاری بهێنێت، یان لە داڕشتنی ڕستەکەیدا لەو ڕێسایانە لابدات کە زمانەکەی بۆی کێشاوە، ئەوا قسەکانی دەبێتە جێی گاڵتەجاڕی و سووکایەتی لەلایەن بیسەرانییەوە، بە کەمتەرخەم و نەزان وەسفی دەکەن، ڕەنگە ئەمەش ڕێگر بێت لەوەی تێبگەن کە دەیەوێت چی دەرببڕێت. ئەمەش تەنها بەو هەڵەیە بەند نییە کە ئاخێوەر دەتوانێت ڕاستی بکاتەوە، بەڵکو ئەو هەڵەیەی کە ناتوانێت ڕاستیشی بکاتەوە، بۆ نموونە بەهۆی تێکچوونێکی سرووشتی لە ئەندامانی گۆکردندا، ڕەنگە خۆی لەلای بیسەران هەندێک لەو شتانە بورووژێنێت کە هەڵەکان دەیورووژێنن، و بۆ خاوەنەکەی هەندێک ئازار و گرفت لە دەربڕین و لێکتێگەیشتندا دروست بکات. ئەگەر تاکێک هەوڵ بدات بە تەواوی لە سیستمی زمانەوانی لابدات، بەوەی زمانێک بۆ خۆی دابهێنێت کە پێی تێبگات؛ ئەوا ئەم کارەی دەبێتە جۆرێک لە بێهوودەیی بێبەرامبەر، چونکە کەسی دەستناکەوێت لە قسەکانی تێبگات، ناتوانێت ڕێگەیەکیش بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم داهێنراوەی بدۆزێتەوە (وافی، اللغە والمجتمع، ل٦).
هەروەها ئەو زمانەی کە لێی تێناگەیت، لە ڕاستیدا هێشتا زمانە، بەڵام لە ڕوانگەی خودی و بۆ هۆکاری پراکتیکی بە زمان دانانرێت؛ بەڵکو تەنها کۆمەڵێک دەنگی هەڕەمەکییە. تەنها کاتێک ڕێککەوتن لەسەر ئەم زمانە هەبێت وەک دراوێکی هاوبەش کە شایانی ئاڵوگۆڕ بێت لە نێوان دوو کەسدا لانی کەم، دەبێتە زمان بە مانا خودی و بەسوودەکەی وشەی زمان (بای، اسس، علم اللغە، ل٤۰)؛ واتە زمان بەهۆی ماناوە بە واقیعەوە دەبەسترێتەوە، بەڵام مانا ئەو تایبەتمەندییەیە کە وتە سادەکان دەگۆڕێت بۆ کرداری گەیاندن. کردارە گەیاندنەکان خاوەن مانان بە دەلالەتێکی زۆر تایبەتی وشەکە، واتە ئەوان کردارگەلێکی بەمەبەستن کە ئامانج لە ناوەڕۆکیاندایە، ئەمەش ئەو شتەیە کە زمان دەتوانێت بە واقیعی کۆمەڵایەتییەوە ببەسترێتەوە (سیرل، عقل واللغە والمجتمع، ل:٢٠٣- ٢٠٥).
بەپێی ئەوەی پێشتر گوترا، زمان بە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی (Social\ phenomenon) دادەنرێت کە ژیانی مرۆڤ پێویستی پێبووە، خودای گەورەش هێزی ئەقڵ و ئامادەیی لێکتێگەیشتن و قسەکردنی بە مرۆڤ بەخشیوە. زمان گرنگترین دەرخەری بوونی گرووپ و پاراستنی کیانەکەیەتی، توخمێکی پێویستە بۆ مانەوە و یەکگرتوویی پێکهاتەکانی کۆمەڵگە. “زمان بابەتێکە پەیوەندی بە دابونەریتەوە هەیە، یان بە دەربڕینێکی ڕاستتر، گرێبەستێکی کۆمەڵایەتییە” (هادی نهر، ل:٧٨)، “کەواتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە، بەم پێیەی خۆی بابەتێک لە بابەتەکانی کۆمەڵناسی پێکدەهێنێت” (وافی، اللغە والمجتمع،ل:٧). زمان وەک سیستمە کۆمەڵایەتییەکانی تر، پەیوەندییەکی توندوتۆڵی بە دیاردەکانی تری ئاوهدانی مرۆییەوە هەیە، گرنگترین ئەو هۆکارانەی کاری تێدەکەن دەگەڕێنەوە بۆ ئەم دیاردانە. هەروەها زمان لە هەندێک لایەنیدا بەهۆی دیاردە ناکۆمەڵایەتییەکانەوە وەک دیاردە فیسیۆلۆژی، دەروونی و جوگرافییەکان کاریگەر دەبێت، ئەگەرچی کاریگەریی ئەم دیاردانە شتێکی ئەوتۆ نییە لەچاو کاریگەریی دیاردە کۆمەڵایەتییە پەتییەکاندا (س.پ، ل:٧-٨).
بەم شێوەیە؛ ئەو پەیوەندییەی لە نێوان زمان و کۆمەڵگەدا هەیە، پەیوەندییەکی دیالێکتیکییە (هادی نهر، ل۱٥). لێکۆڵینەوە لە دیاردەی زمانەوانی وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی، ڕاستەوخۆ دەمانگەڕێنێتەوە بۆ پەیوەندیی مرۆڤ “ئەکتەری کۆمەڵایەتی — social\ actor” بە دیاردەی زمانەوانییەوە، بۆ ورووژاندنی چەندین پرسیار سەبارەت بە بەردەوامی و هەمیشەیی پەیوەندیی مرۆڤ بە زمان و پەیوەندیی زمان بە کۆمەڵگەوە، بۆ کاریگەریی دەقە کۆمەڵایەتییەکە و کارلێکەکانی لەسەر زمان لە ڕێگەی کۆمەڵناسیی زمانەوە. بەڵام ئەو پرسیارەی لێرەدا خۆی دەسەپێنێت ئەوەیە: بابەتی کۆمەڵناسیی زمان چییە؟ کۆمەڵناسیی زمان (Sociology\ of\ Language) وەک لقێک لە لقەکانی کۆمەڵناسی گشتی لە کۆتایی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکانی سەدەی بیستەمی ڕابردوودا لەدایکبوو، “بەجۆرێک کە کەلێنی نێوان کۆمەڵناسی و زمانەوانی تا ڕادەیەکی زۆر بەرتەسک بووەوە. زمانەوانەکان دەستیان کرد بە گرنگیدان بە گونجانی کۆمەڵایەتیی دیاردە زمانەوانییەکان، هەروەها هەندێک لە کۆمەڵناسانیش زیاتر هەستیان بە سرووشتی کۆمەڵایەتیی زمان کرد. لەبەر ئەوە، کۆمەڵناسیی زمان دەرکەوت بۆ جەختکردنەوە لەسەر ئەم لێکنزیکبوونەوەیە دوولایەنەیە” (محسب، علم الاجتماع اللغوی، ل٤٤).
ئەم زانستە بەدوای دۆزینەوەی ئەو بنەما و پێوەرە کۆمەڵایەتییانەوەیە کە حوکمی ڕەفتاری زمانەوانی دەکەن، بە ئامانجی سەرلەنوێ بیرکردنەوە لەو چەمک و جیاوازییانەی کە حوکمی ڕێساکانی کاری زمانەوانی دەکەن، لەوێشەوە ڕوونکردنەوەی پێگەی زمان لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا (هادی نهر، ل۲٤). بەڵام بێگومان ئەم پسپۆڕییە هێشتا تا ڕادەیەک لە توێژینەوەدا نوێیە، ئەگەر بەراورد بکرێت بە زمانەوانیی کۆمەڵایەتی، زمانەوانییە کۆمەڵایەتییەکان، لێکۆڵینەوەی شێوەزارەکان، ئەو لێکۆڵینەوانەی کە مامەڵە لەگەڵ پەیوەندیی نێوان مانای وشەکان و كولتوورە جیاوازەکاندا دەکەن (هدسون، علم اللغە الاجتماعی، ل۱۲). نەبوونی گرنگیدانی کۆمەڵناسان بە خوێندنی دیاردەی زمانەوانی وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی (The\ linguistic\ phenomenon\ as\ a\ social\ phenomenon) — سەرەڕای ئەو ڕۆڵە بنەڕەتییەی کە زمان لە کۆمەڵگەدا دەیگێڕێت — بەهۆی تێڕوانینیان بوو بۆی وەک پێداویستییەک بۆ هەر گرووپێکی مرۆیی، لەبەرئەوە پێیان وابوو کە گرنگیەکی ئەوتۆی نییە لە گۆڕینی ڕەفتاری کۆمەڵایەتیدا، بۆیە پشتگوێیان خستبوو (محسب، اللغە والسیاق الاجتماعی، ل:٢٧٨). بەڵام پشتگوێخستنی خوێندنی زمان لەلایەن زانستە کۆمەڵایەتییەکانەوە نابێت بە مانای وشەیی وەربگیرێت؛ شیکردنەوەی ڕۆڵی کۆمەڵایەتیی زمان، لە مێژەوە جێی سەرنجی ئەنثرۆپۆلۆجیستەکان بووە، چونکە ئەوان مامەڵەیان لەگەڵ ڕەفتاری زمانەوانیی ئەو گەلانەدا دەکرد کە دەیانخوێند، لەسەر ئەو بنەمایەی کە کەرەستە زمانەوانییەکە هۆکارێکە بۆ بەڵگەهێنانەوە لەسەر کێشە ئەنثرۆپۆلۆژییە گەورەکان وەک: زمان و كولتوور، کاریگەریی قسەکردن لەسەر پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی و پەیوەندییە کەسییەکان، کارلێکی گرووپە زمانەوانی و کۆمەڵایەتییەکان (س.پ، ل: ٢٣٨). بە مانایەکی تر، هۆکاری گواستنەوەی كولتوورە، کە لە ڕوانگەی مرۆڤناسییەوە بە کۆمەڵێک دابونەریتی گەلان و لایەنەکانی بەکارهێنانی زمانەکەی دادەنرێت (بای، ل:٤٠).
سەبارەت بە گەشەسەندنەکانی دواتر کە ئەم بوارە بەخۆییەوە بینی، بووە هۆی دەرکەوتنی بوارە زانستییە سهرهكیەکان کە لە ژێر ناونیشانی سۆسیۆلۆژیای زماندا کۆدەبنەوە، یەکەمینی ئەم بوارانەش “زمانەوانیی کۆمەڵایەتیی وەسفی”یە. ئەم زانستە نوێنەرایەتی ئەوە دەکات کە دەتوانین پێی بڵێین قۆناغی کۆکردنەوەی کەرەستەکان، سەبارەت بەو مۆدێلانەی کە ئێستا لە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی بەکارهێنانی زماندا هەن، هەروەها مۆدێلەکانی ڕەفتاری پەیڕەوکراو بەرامبەر بەم بەکارهێنانە. زمانەوانە کۆمەڵایەتییەکان بە کۆی بەکارهێنانە زمانەوانییەکان لە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا یان لە گرووپێکی دیاریکراودا دەڵێن زاراوەی “ئاستەکانی زمانەوانی — linguistic\ score. بۆ ناسینی ئەم ئاستە زمانەوانییە؛ ئەرکی زمانەوانی کۆمەڵایەتی بریتییە لە بەدواداچوونی گۆڕاوە زمانەوانییەکانی ناو کۆمەڵگەیەک، دیاریکردنی ئەو بارودۆخانەی کە تێیدا هەر گۆڕاوێک لەم گۆڕاوانە بەکاردێت، کە چی کاتێک ئەندامانی ئەم کۆمەڵگەیە لە گۆڕاوێکەوە بۆ یەکێکی تر دەگۆڕێن بەپێی ئەوەی چوارچێوەی بارودۆخی کۆمەڵایەتییەکە دەیخوازێت.
سەبارەت بە بواری دووەمی بوارەکانی سۆسیۆلۆژیای زمانەوانی، ئەویش زمانەوانیی کۆمەڵایەتیی داینامیکی (بزوێنەر)ە، کە لە بنەماکانی گۆڕانی ئاستی زمانەوانی دەکۆڵێتەوە کە خۆی بۆ دوو مۆدێل دابەش دەبێت: یەکەمینیان ئاستی زمانەوانیی گۆڕاو یان گواستراوەیە، کە کۆچبەران بۆ وڵاتێک مۆدێلێکی ڕوونن بۆ گۆڕینی ئاستی زمانەوانی پێشوویان بۆ بەدەستهێنانی زمانی ئەو وڵاتەی بۆی کۆچیان کردووە، بەکارهێنانی لە هەموو بوارەکانی کار و ژیانی گشتیدا. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری کۆمەڵایەتی کە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە بەکارهێنانی ئەم زمانە دەروازەیەکی پێویستە بۆ چالاکیی ئابووری، بۆ بەدەستهێنانی پێگەیەکی بەرز لە ژیانی كولتووریی ئەو وڵاتەی بۆی کۆچکراوە. بەڵام مۆدێلی دووەم ئاستی زمانەوانیی نەگۆڕە، کە لە وڵاتێکدا دەردەکەوێت کە بە فرەزمانی دەناسرێتەوە وەک کەنەدا، دەبینین دانیشتووانی هەرێمی کیبیکی کەنەدی بە فەڕەنسی قسەیان کردووە و پاراستوویانە، سەرەڕای فشاری تەواوی کۆمەڵگەی کەنەدی ئینگلیزی لەسەریان.
هەروەها ئەم بوارە گەشەی کردووە بۆ زمانەوانیی کۆمەڵایەتیی جێبەجێکراو بۆ کۆکردنەوەی بابەتەکانی کۆمەڵناسیی جێبەجێکراو و بابەتەکانی زمانەوانیی جێبەجێکراو، لە گرنگترین بوارەکانیشی بڵاوکردنەوەی زانیاری خوێندنەوە و نووسین، و دۆزینەوەی پاڵنەر و هاندەرەکان و پلاندانانی زمانەوانییە. بەم شێوەیە زەمینەی مەعریفی بۆ کۆمەڵناسیی زمان ئامادەکرا، بۆ دەربڕینی توانای سۆسیۆلۆژیی خۆی لەسەر ئاشکراکردنی تێکەڵاوبوونی نێوان سرووشتی زمان و کۆمەڵگە، ئەو پەیوەندییە دیالێکتیکییەی لە نێوانیاندا هەیە. ئامانجی بوو بە دیاریکردنی بەهای کۆی ئاستیی زمانەوانیی کۆمەڵگەیەک بۆ کارلێکی نێوان تۆڕە کۆمەڵایەتییە بچووکەکانی ناو ئەم کۆمەڵگەیە، چونکە ئەم کۆی پاشەکەوتە زمانەوانییەی هەر کۆمەڵگەیەک لە کۆمەڵگەکان ڕەنگە گشتگیرتر بێت لەو ئاستە زمانەوانییەی کە گرووپە لاوەکییەکانی ناو ئەم کۆمەڵگەیە هەیانە (محسب،علم اجتماع اللغوی، ل:٤٤). هەروەها ئامانجی بەدواداچوونی کاریگەرییەکانی هەمەجۆریی زمانەوانییە لە نێوان خۆیاندا، ئاشکراکردنی ئەو ڕێسا و شێوازە کۆمەڵایەتییانەی کە ڕەفتاری زمانەوانی و ڕەفتاری پەیڕەوکراو بەرامبەر بە زمانێک ڕوون دەکەنەوە و سنوورداری دەکەن؛ چونکە زمان تۆمارێکی دەوڵەمەندە بە هەموو لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و تایبەتمەندییەکانی.
بەم پێیەی؛ ئەرکی سۆسیۆلۆجیست خوێندنی زمانە لە پێگەی کۆمەڵایەتیدا، واتە لە ڕێگەی پەیوەندیی بە دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی ترەوە، بە مەبەستی ئاشکراکردنی ئەرکە کۆمەڵایەتییەکەی. کاتێک دەقێکی قسەکردن دەخوێنین بۆ وەستان لەسەر ماناكەی، خوێندنی لە ڕووی دەنگی، فۆنێم و فۆنەتیک و ڕێزمان و دەلالییەوە بەس نییە بۆ تێگەیشتن لەم مانایە؛ بەڵکو دەبێت لەسەر تایبەتمەندییەکانی بەشداربووان لە بارودۆخی قسەکردندا بوەستین کە پەیوەندی بە کەسایەتی و پەیوەندییەکانیان و کاریگەریی دەقەکە لەسەریان هەیە. بەڵگەی ئەمەش ئەوەیە کە گۆڕانی کۆمەڵایەتی، گۆڕانکاری لە شتێکی زمانی بەکارهێنراودا بەدوای خۆیدا دەهێنێت، چونکە زمان ئاوێنەی ئەوە وەک چۆن ئاوێنەی جیاوازیی نێوان چینە کۆمەڵایەتییەکانە.
کۆمەڵناسیی زمان گرنگی دەدات بە خوێندن و گەڕان لە پەیوەندیی کۆمەڵگە بە زمانەوە، بە ئامانجی خوێندنی ئەو تێکەڵاوبوونەی کە لە نێوان هەمەجۆرییە زمانەوانییە جیاوازەکان و لە نێوان پێکهاتەی توێژە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکاندا هەیە، واتە خوێندنی زمان لە چوارچێوە کۆمەڵایەتییەکەیدا و خوێندنی ژیانی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی زمانەوە . ئەم پەیوەندییە جۆری ئەو خوێندنەمان بەسەردا دەسەپێنێت کە کۆمەڵناسیی زمان بەرهەمی دەهێنێت وەک لە سەرەوە باسمان کرد. لەم چوارچێوەیەدا ، “بێرنارد سپۆڵسکی” (Bernard\ Spolsky) کۆمەڵناسیی زمان پێناسە دەکات بەوەی کە “ئەو بوارەیە کە لە پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگە و زمان دەكۆڵێتەوە، لە نێوان بەکارهێنانە هەمەجۆرەکانی زمان و ئەو پێکهاتە کۆمەڵایەتییانەی کە ئاخێوەرانی ئەم زمانە تێیدا دەژین”. ئەو بەم پێناسەیە جەخت لەسەر ئەو پەیوەندییە دەکاتەوە کە زمان بە کۆمەڵگەوە دەبەستێتەوە و ئەو پەیوەندییەی کە لە نێوان بەکارهێنانە زمانییە جیاوازەکان و لە نێوان چینە کۆمەڵایەتییە پلەبەندییەکانی ناو گرووپی زمانەوانیدا هەیە. ئەمەش دانپێدانانە بە بوونی جیاوازی و ڕەفتارە كولتووری، کۆمەڵایەتی و زمانەوانییە جیاوازەکان، کە لە ناو گرووپەکەدا کاریگەرییان هەیە و کاریگەر دەبن. سپۆڵسکی ڕوونی دەکاتەوە کە ئامانج لە بەکارهێنانە زمانەوانییەکان بەدیهێنانی کرداری پەیوەندی و بەستنەوەی نێوان ئەندامانی ئەم گرووپەیە. ئەمەش جەخت لەسەر تێپەڕاندنی حوکمە زمانەوانییە پەتییەکان دەکاتەوە کە تەوەرەی سهرهكی خوێندنە زمانەوانییە وەسفی و تیۆرییەکان پێکدەهێنن بۆ خوێندنی کاریگەریی سیاقی کۆمەڵایەتی لە مامەڵەکردن لەگەڵ دەقە ڕاستەقینەکاندا، کە پرۆسەی پەیوەندیی مرۆیی و ئەو بارودۆخە کۆمەڵایەتییانەی تێیدا بەکاردێن پێکدەهێنن.
سەبارەت بە “جۆن لویس کالڤی” (John\ Louis\ Calvi)، کۆمەڵناسیی زمان پێناسە دەکات بەوەی خوێندنی زمانە لە سیاقە کۆمەڵایەتییەکەیدا و دەڵێت: هیچ بوارێک نییە بۆ بەراوردکردن لە نێوان زمانەوانی گشتی کە لە زمانەکان دەکۆڵێتەوەو لە نێوان کۆمەڵناسیی زمان کە گرنگیەکی زۆر بە لایەنی کۆمەڵایەتیی ئەم زمانانە دەدات. بە دەربڕینێکی تر، کۆمەڵناسیی زمان خودی زمانەوانییە. لەم پێناسەیەوە دەتوانرێت ئامانجی کۆمەڵناسیی زمان لە خوێندنی زماندا دیاری بکرێت، لە دۆزینەوەی ئەوەی چۆن هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان و ژیان لە ناو گرووپی زمانەوانیدا دەتوانن کۆمەڵەی جیاوازییەکان لە ناو زماندا وەک سیستمێکی سەربەخۆ و لە ناو لایەنی بەکارهێنانی لەلایەن ئاخێوەرانەوە بەپێی جیاوازیی سەرچاوەی كولتوورەکانیان و بەپێی ئاستە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانیان دیاری بکەن (سنقادی، نافذة علی علم اجتماع اللغوی، ل:٢١٤).
هەروەها “جۆشوا فیشمەن” پێناسی دەکات بەوەی: ئەو زانستەیە کە هەوڵ دەدات دیاری بکات کێ قسە دەکات، و چ جۆرە کوالێتییەک لە چ زمانێک، کەی و لەسەر چ بابەتێک، لەگەڵ کام ئاخێوەران؟ لە ڕاستیدا دەبینین ئەم پێناسەیە بە ووردبینی و جەختکردنەوەی لەسەر کێشەکان دەناسرێتەوە، وەک تایبەتمەندییەکانی هەمەجۆریی زمانەوانی لە ناو گرووپی زمانەوانیدا، ئەو شتەی کە بەشدارە لە دیاریکردن و دەستنیشانکردنی جیاوازییە کۆمەڵایەتی و كولتوورییانەی کە ئەو تایبەتمەندی و سیفاتە زمانەوانییانەی لێ کەوتووەتەوە (س.پ، هەمان لاپەڕە). “هۆدسن” پێی وایە کۆمەڵناسیی زمان بریتییە لە خوێندنی کۆمەڵگە لە پەیوەندیی بە زمانەوە بە تەواوی، کە ئەمەش بوارێکی گرنگی خوێندنە لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە؛ چونکە کێشەگەلێک دەورووژێنێت وەک کاریگەریی فرەزمانی لەسەر گەشەی ئابووری، ئەوەی حکومەتەکان دەتوانن لە سیاسەتە زمانەوانییەکاندا پەیڕەوی بکەن (هدسون، علم اللغوی الاجتماعی، ل:١٧-١٨). لە کۆتاییدا هاودەنگییەک لە نێوان زمانەوانان و کۆمەڵناساندا هەیە لەسەر ناونانی ئەم لقە بە “زانست”، زانستیش توێژینەوەیەکە کە بابەتەکەی خوێندنی قۆناغێکی دیاریکراو لە دیاردەکانە بۆ ڕوونکردنەوەی ڕاستی، توخمەکان، سەرهەڵدان، گەشەسەندن و ئەو ئەرکانەی کە ئەوان بە یەکترەوە دەبەستنەوە و بە غەیری خۆیانەوە دەیانبەستنەوە، ئاشکراکردنی ئەو یاسایانەی کە لە لایەنە جیاوازەکانیاندا ملکەچی دەبن (وافی،علم اللغە،ل:٢٤).
پوختەی قسە؛ دەتوانین کۆمەڵناسیی زمان پێناسە بکەین: “ئەو زانستەیە کە هەوڵ دەدات پەیوەندیی نێوان زمان و ژیانی کۆمەڵایەتی ئاشکرا بکات، کاریگەریی ئەو ژیانە لەسەر دیاردە زمانەوانییە جیاوازەکان ڕوون بکاتەوە” (عبدالتواب، مدخل الی علم اللغە، ل:١٢٥). یان “لقێکە لە لقەکانی کۆمەڵناسی گشتی کە گرنگی دەدات بە خوێندنی کاریگەریی کۆمەڵگە و سیستمەکانی لەسەر دیاردە زمانەوانییە جیاوازەکان، وەک بەرهەمی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان. هەروەها هەوڵ دەدات کاریگەریی جیاوازیی چینایەتی لەسەر پێکهاتەی زمانەوانی، جیاوازییەکەی لەلایەن توێژە کۆمەڵایەتییە دیاریکراوەکانەوە ڕوون بکاتەوە، بە پشتبەستن بە بنەما تیۆری و میتۆدۆلۆژییەکانی کۆمەڵناسی گشتی”. هەروەها پسپۆڕییەکە (کۆمەڵناسیی زمان) کە کارلێکی نێوان دوو دەرکەوتەی ڕەفتاری مرۆیی تاقی دەکاتەوە کە ئەوانیش: بەکارهێنانی زمان و پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی ڕەفتاری زمانەوانین، بەجۆرێک ئەم ڕێکخستنە تەنها بە بەکارهێنانی زمان لە خۆیدا سنووردار نەبێت، بەڵکو هەڵوێستەکان بەرامبەر بە زمان، و ڕەفتارە ڕوونەکان بەرامبەر بە زمان و بەرامبەر بە ئاخێوەرانیشی بگرێتەوە (کوبر: التخطیط اللغوی والتغیر الاجتماعی، ل:۹۱).
سەرچاوەکان؛
۱- ليس كوراني: اللغة والمجتمع عند العرب (الجاحظ نموذجاً)، مجد المؤسسة الجامعية للدراسات والنشر والتوزيع، بيروت، چ1، 2013.
۲ـ هادي النهر: علم اللغة الاجتماعي عند العرب، الجامعة المستنصرية، بغداد، چ1، 1988.
۳ـ علي عبد الواحد وافي: علم اللغة، نهضة مصر للطباعة والنشر والتوزيع، القاهرة، چ9، 2004.
٤ـ علي عبد الواحد وافي: اللغة والمجتمع، مكتبات عكاظ للنشر والتوزيع، چ4، 1983.
٥ـ ماريو باي: أسس علم اللغة، ترجمة وتعليق: أحمد مختار عمر، عالم الكتب، القاهرة، چ8، 1998.
٦ـ جون سيرل: العقل واللغة والمجتمع، ترجمة: سعيد الغانمي، المركز الثقافي العربي – منشورات الاختلاف- الدار العربية للعلوم، چ1، 2006.
۷ـ محيى الدين عثمان محسب: علم الاجتماع اللغوي، مجلة الفيصل، دار الفيصل الثقافية، الرياض، العدد: 178، 1991.
٨ ـ د. هدسون: علم اللغة الاجتماعي، ترجمة: محمود عياد، مراجعة: نصر حامد أبو زيد – محمد أكرم سعد الدين، عالم الكتب، القاهرة، چ2، 1990.
۹ـ محيى الدين محسب: اللغة والسياق الاجتماعي، مجلة الخطاب الثقافي، جمعية اللهجات والتراث الشعبي في جامعة الملك سعود، الرياض، العدد الثاني، خريف 2007.
۱۰ـ عبد القادر سنقادي: نافذة على علم الاجتماع اللغوي، مجلة معارف، المركز الجامعی، الجزائر، ژمارە ۷ ديسمبر 2009.
۱۱ـ رمضان عبدالتواب: المدخل إلى علم اللغة – ومناهج البحث اللغوي، مكتبة الجانجي، القاهرة، چ3، 1997.
۱۲ـ روبرت.ل. كوبر: التخطيط اللغوي والتغير الاجتماعي، ترجمة: خليفة أبو بكر الأسود، مجلس القافة العام، طرابلس (ليبيا)، 2006.




































































