“بیرنەکردنەوە، داوەریکردن و لەبەردەستبوونی شەڕ”
بۆ ئارێنت، بیرکردنەوە لەگەڵ توانایی بەڵگەهێنانەوە و پاساودانەوە جیاوازە. ئەو بە ڕاشکاوی لەبارەی ئەفسوونکاریی ئهقڵ هۆشداریی دەدات. بە هەمان شێوە کە وڵاتێکی دیموکراسی تێدەکۆشێت ڕەفتاری خۆی بۆ هاووڵاتییەکانی پاساو بداتەوە و، نەتوانین لە قەناعەتپێکردنی دەنگدەران دەبێتە هۆی قەیرانی سیاسی بۆی، ڕێکخراوانێکی تۆقێنەری وەکوو داعشیش چارەیەکیان جگە لە پاساودانەوەی بەڵگەداری کردەوەکانی خۆیان بۆ لایەنگرانیان نییە و هەروەها دەبێت بە هاوکاریی ئهقڵیش پەیوەندیی نێوان ئامانج و ئامرازەکان و تێچووەکان و قازانجەکان هەڵسەنگێنن. بەتایبەتی لە سەدەی بیستەم بەم لاوە دەرکەوت کە ئهقڵ توانایی پاساودانەوەی گەورەترین تاوانەکان و قورسترین خیانەتەکانی هەیە.
ئارێنت لە ڕاپۆرتەکەی خۆی لە دادگاییکردنەکەی ئایشمەندا، ئاماژە بەم خاڵە دەدات کە ڕەشۆکبوونی ئایشمەن بووە هۆی ئەوەی کاتێک تاوانە لەپاڵدراوەکانی خۆی خستە ژێر پرسیار، دادگا بحەپەسێت. ئایشمەن پێداگریی دەکرد کە ئەو “فەرمانبەرێکی گوێڕایەڵ”بووە و تەنها “ئەرک”ەکەی بەجێهێناوە، “لە پڕێکدا ئەو بە تووندییەکی زەقەوە ڕایگەیاند کە ئەو هەموو ژیانی خۆی بەپێی تێگەیشتنیی ئەخلاقی کانت ژیاوە، بەتایبەت بەپێی پێناسەی کانت لە ئەرک. ئەم ئیدەعایە زۆر ناڕەوا بوو؛ چون ژیانی ئەو لە بەرامبەر و لە دژی تێگەیشتنی کانت بوو چون فەلسەفەی ئەخلاقی کانت لەگەڵ توانایی مرۆڤ بۆ داوەریکردن پەیوەست بووە و ئەمەش لەمپەرە لەبەردەم ملکەچیی و فەرمانبەربوونی ڕەهاوە. ئەفسەری تاوانبار، مەبەستەکەی خۆی ڕوون نەکردەوە بەڵام دادوەر ڕاوە، یان بەهۆی تامەزرۆییەوە یان بەهۆی تووڕەیی لە ئایشمەن کە بواری بە خۆی دابوو تاکوو ناوی کانت بگلێنێت بە تاوانە دڕندانەکانی خۆیەوە، بڕیاری دا لە تاوانبار پرسیار بکات. ئایشمەن، لە ناو دوودڵی و گومانی هەموواندا، “بابەتی ڕەهای” کەم تا زۆر بە شێوەیەکی دروست پێناسە کرد و وتی: “مەبەستم لە ناوهێنانی کانت ئەمە بوو کە بنەمای ئیرادەی من دەبێت بەشێوەیەکی بەردەوام بە جۆرێک بێت کە بتوانێت ببێت بە کۆڵەکەی یاسا گشتییەکانیش.” (کە بۆ نموونە لەبارەی دزی یان کوشتنەوە دروست نییە، چون دز یان بکوژ ناتوانێت بەهیوای ئەوە بێت کە لە ژێر سێبەری سیستەمێکی یاساییدا بژێت بواری ئەوە دەدات بە کەسانی دیکەش لەو شت بدزن یان بیکوژن.) لە وەڵامی پرسیارەکانی دواتردا، ئایشمەن ئەمەی زیاد کرد کە ڕەخنەی ئهقڵی کرداریی کانتی خوێندۆتەوە.[1]
بیرکردنەوە نە بەکارهێنانی ئهقڵە و نە بەڵگەهێنانەوە. ئارێنت بیرکردنەوە بە جۆرێک لە کردار دادەنێت. ئەو لە کتێبی “ژیانی زەین”دا، دوابەرهەمی کە نیوەچڵ مایەوە و لەپاش مردنی چاپ کرا، نووسی: “ کاتێک هەمووان، ناعاقڵانە ملکەچ و ڕادەستکراوی شتێک بوون کە هەمووان خەریکی ئەنجام دانین و باوەڕیان پێیەتی، کەسانێک کە بیر دەکەنەوە، لە حەشارگە دێنە دەرەوە، چونکە خۆبواردنیان لەوەی کە هاوڕەنگ و تێکەڵی ڕەشۆکان بن، بەرچاو دەکەوێت و لە ئەنجامدا {بیرکردنەوەیان} جۆرێک کردارە. لە دۆخە ئاوارتەکان، پاڵاوتن و داتەکاندنی ڕەگەزەکانی بیرکردنەوە، لێکەوتەی سیاسی بەخۆوە دەبینێت(سوقرات بە میتۆدی مامانچێتی[2] لێکەوتەکانی ڕوانگە هەڵنەسەنگێنراو و نەپوختەکانی دەردەکێشا و دواتر نابوودی دەکردن-بەهاکان، ئامۆژگارییەکان، تیۆرییەکان و تەنانەت باوەڕەکانیش.”
بیرکردنەوە چۆن دەست پێ دەکات؟ وەڵامی ئارێنت ئەمەیە: لە ئەزموونی “گۆشەگیریی ڕەها”دا. ئارێنت لە کتێبی ژیانی زەیندا بەشێک لە نووسینێک کە لە شانۆنامەی ڕیچاردی سێیهمدا هاتووە دەگوازێتەوە و دەنووسێت بکوژ تەنها لە گۆشەگیری دایە کە لەگەڵ خۆی ڕووبەڕوو دەبێتەوە و بەناچاری وەکوو ڕیچاردی سێیهم لەگەڵ خۆی دەکەوێتە قسە تاکوو ئەو خودەی ئەویدیی خۆی لەسەری ئەوەی کردوویەتی قەناعەت پێ بهێنێت: مرۆڤێک کە لەگەڵ ڕووحی خۆی هاونەوا نییە، جگە لە شەڕکردن لەگەڵ خۆی چ گفتوگۆیەک دەتوانێت بکات؟ ڕێک ئەو گفتوگۆیە دەبیستین کاتێک ڕێچاردی سێیهمی شێکسپییەر دوور لەوانی دیکەیە و گۆشەگیریی هەڵبژاردووە.”
ڕیچاردی سێیەم لە گۆشەگیرییدا لەگەڵ خۆی گفت و گۆ دەکات و دەڵێت:-
“مەخابن! من ئاشقی خۆمم. بۆچی؟
بۆ هیچ کارێکی باش کە دەرهەقی خۆم کردوومە؟
ئاخ! نەء. مەخابن! من ڕقم لە خۆمە
بەهۆی ئەو کردەوە دڕندانەی خۆم.
من بەدکارم. دیسان درۆ دەڵێمەوە، نیم.
گەمژە، لەبارەی خۆتەوە بە باشە قسە بکە، گەمژە، ستایشی خۆت مەکە.”
ئارێنت دەنووسێت هەموو ئەم ململانێ دەروونییە لەگەڵ تێپەڕینی شەو و دەرهاتنی ڕیچارد لە خەڵوەتگەی خۆی بۆ ئەوەی پەیوەست ببێت بە کەسانی ناو دەربارەوە، کۆتایی پێ دێت:-
“ویژدان وشەیەکە کە ترسنۆکەکان بە زاری دێنن، لە سەرەتاوە تاکوو ڕێزی پێ وەرگرن و هەیبەت لە دڵدا زاخاو بدەن.” هەر بۆیە، گفت و گۆیەک کە دەبێت بەهۆی بیرکردنەوە، زیاتر لەوەی کە لەگەڵ ئەویدیدا بێت لەگەڵ خود دایە. ئارێنت بە لەناوچوونی گەشبینیی چاخی ڕۆشنگەریی بەنیسبەت ئهقڵ، تاقانە ڕێگای لەقاوکردنی تووندوتیژی بە گفت و گۆ لەگەڵ خود کە زایینگەی بیرکردنەوەیە، دەزانێت. بیرکردنەوە، لە ڕوانگەی ئارێنتدا، واتە داوەریکردن؛ توانایی دیاریکردنی چاکە و خراپە. یەکەم، ئارێنت پەیوەندیی نیوان بیرکردنەوە و داوەریکردنی تەنها لە دۆخە ئاوارتەکاندا دروست دەکات؛ لەو دۆخە ئاوارتانەی کە سیستەمی بەها نەریتییەکان داڕماوە و کەسەکان دەبێت پشت بەخۆیان ببەستن و سیستەمی بەها خۆبژێوەکان بونیات بنێن. بەڵام ئارێنت لەمەش سەرووتر دەڕوات و پەیوەندیی نێوان بیرکردنەوە و داوەریکردن تەنها لە دۆخی قەیراندا کورت ناکاتەوە. بە زیاتربوونی پەیوەندیی نێوان ئەم دووە، داوەریکردن مانای توانایی خۆدانانی خودە لە شوێنی ئەویدی و لە لایەن و ئاسۆی ڕوانینی ئەویدییەوە بیرکردنەوە، پەیدا دەکات. ئەگەر ئایشمەن دەیتوانی خۆی بنێتە جێگەی ئەو یەهوودییانەی کە بەرەو ئاشۆیتس بەڕێی دەکردن، لەسەر شەڕبوونی ڕەفتارەکەی وشیار دەبوویەوە و دەستی نەدەدایە ئەنجامی. توانایی بۆ بیرکردنەوە بە نوێنەرایەتیی ئەویدی لە لایەن ئارێنتەوە ناوی لی دەنرێت “زەینییەتی پەرەسەندوو”.[3]
لە باسکردنی پەیوەندیی نێوان بیرکردنەوە و داوەریکردندا، ئارێنت قەرزارباری دەزگای چەمکییانەی ئیمانۆیل کانتە لە ڕەخنەی سێیەمیدا واتە ڕەخنەی هێزی داوەریکردن. کەواتە نەک فەلسەفەی ئەخلاق بەڵکوو ڕەخنەی هێزی داوەریکردن، کۆڵەکەی تیۆرەی داوەریی سیاسیی ئارێنتە. ئارێنت، ڕەخنەی هێزی داوەریکردنی کانت بە لەخۆگری فەلسەفەی سیاسیی نەنووسراوی کانت دەزانی و “ڕەخنەی داوەریکردنی جوانیناسانە”ی بە گرینگترین بنەما بۆ تیۆریی داوەریی سیاسیی خۆی وەردەگرت. لە ڕەخنەی هێزی داوەریکردندا، کانت باس لە جیهانی دەرکەوتەکان دەکات، لە ڕوانگەی چاودێریکاری داوەرەوە. کانت، لەو نامیلکەیەدا، لەبارەی “داوەریکردنی زەوق”یانە قسە دەکات و ئەمەی کە بابەتی “جوان ئەو شتەیە کە سەرباری چەمکەکان، وەکوو گرێدراو بە ڕەزامەندیی گشتیی وێنا بکرێت…کەسی داوەریکەر لە چوارچێوەی ڕەزامەندییەکدا کە دەیداتە پاڵ ئۆبژە خۆی بە تەواوەتی بە ئازاد هەست پێ دەکات، ناتوانێت بنەمای ئەم ڕەزامەندییە لە هیچ جۆرە هەلومەرجێکی تایبەتیی کە تەنها ئەو تاکە خۆی وابەستەی بێت بدۆزێتەوە و هەر بۆیە، دەبێت لە سەر بنەمای شتێکی دابنێت کە بتوانێت لە هەر کەسێکی دیکەشدا وەکوو گریمانەیەک دایبنێت.”. توانایی داوەریکردن لە لایەن ئەویدییەوە، ئەو دەرفەتە دەدات بە ئینسانەکان کە “جیهان” دروست بکەن و لە پانتای گشتیدا سیاسەت بکەن. بیرکردنەوە لەباتی کەسێکی دیکە، ئەو تواناییەیە کە ئینسان لە ئەنجامدانی شەڕ لا دەدات و ڕێگری لێ دەکات.
هەندێک لە توێژەران ئاماژەیان بە سێ جۆر یان سێ ئاست لە پەیوەندیی نێوان بیرکردنەوە و داوریکردن لە بەرهەم و بیر و ڕاکانی هانا ئارێنت داوە. یەکەم پەیوەندیی نێوان بیرکردنەوە و داوەریکردن وەکوو هێز و توانا ئەخلاقیەکان؛ داوەریکردن وەکوو هێزی “جیاکردنەوەی چاکە لە خراپە”. لەم ئاستەدا ئارێنت تێدەکۆشێت کە لەم پەیوەندییە بۆ چارەسەرکردنی دووفاقیی تیۆرە و کردار سوود وەرگرێت و جێگرەوەیەک بۆ هەوڵە ناکامەکان لە پەرژانە سەر تیۆرەی ئەخلاقی عاقڵانە بخاتە بەردەم. دووەم، داوەریکردن وەکوو هێزێکی ڕابردووبینانە (Retrospective) بۆ هەڵهێنجانی مانا لە ڕابردوو، هێزێک کە بۆ هونەری حەکایەتبێژیی گرنگییەکی بنەمایی هەیە. ئەو بە بێ ئەوەی نکۆڵی لە گرنگیی مێژوو بکات، قسەکەی هیگل قبووڵ ناکات کە دەڵێت “مێژوو داوەری کۆتاییە”. بە پێچەوانەی ئاستی یەکەم، لەم ئاستەدا، سەرنجی ئارێنت لە پێگەی ئەکتەر، واتە داوەریکردن بە مەبەستی کردار، دەچێتە سەر پێگەی چاودێر و تەماشاکار؛ واتە داوەریکردن بۆ هەڵهێنجانی مانا لە ڕابردوو.
بەدەر لە پەیوەندیی نێوان بیرکردنەوە و داوەریکردن وەکوو هێزێکی ئەخلاقی، ڕێنوێنیکاری کردار یان داوەریکردن وەکوو هیزێکی ڕابردووبین کە ڕێنوێنی چاودێر یان حەکایەتبێژە، ئاستێکی سێیهم لەم پەیوەندییەش لە بەرهەمەکانی ئارێنتدا گەڵاڵە کراوە؛ ئەو شوێنەی کە ئارێنت چەمکی ئەرەستۆیی داوەریکردن وەکوو پرۆنێسیس(phronesis) یان تێڕوانین لەگەڵ تێگەیشتنی کانتی لە داوەریکردن وەکوو “زەینییەتی پەرەسەندوو” یا “بیرکردنەوە، بە نوێنەرایەتیی لە ئەویدی”[4] تێکەڵ دەکات و پێکیانەوە گرێ دەدات. پرۆنێسیس، بەپێچەوانەی بیرکردنەوەی تیۆریک کە کارێکی تاکەکەسییە، لەسەر بنەمای تێگەیشتنی هاوبەش وەستاوە. توانایی بۆ پرۆنێسیس، لە ڕوانگەی ئەرەستووەوە فەزیلەتێک بووە بۆ هاووڵاتی و سرووشتی جیهانی بە شێوەیەک بۆ ئاشکرا دەکرد کە لە تێگەیشتنی هاوبەشی ئەو لەگەڵ ئەوانی دیکەدا بیچمی وەردەگرت؛ شوێنیک کە هاووڵاتی لە ناخی خۆیەوە ڕێگایەک و دەرگایەک بەرەو و بە ئاراستەی ئەویدی دەکاتەوە و جیهانێکی هاوبەش دروست دەکات تاکوو سیاسەتکردن لە پانتای گشتیدا مومکین بکرێت. ئارێنت داوەریکردنی بە فەزیلەتێکی ڕەسەنی سیاسیی دەزانی کە پەیوەندیی لەگەڵ تێگەیشتنی ئەرەستوویی سیاسەت وەکوو باڵێک لە ئهقڵی کرداری هەیە. هەروەها قەرزارباریی ئەو بە کانت لەبارەی بابەتی داوەریکردن، بەرەو ئاراستەیەکی دیکە لە سیاسەتی دەبات کە تێیدا کردەی سیاسی نەک لە تەکنیکە کردارییەکان بەڵکوو لە بنەما و دیسیپلینە ئەخلاقیە گشتییەکاندا ڕەگ و ڕیشەی هەبێت. ژمارەیەک لە لێکۆڵەرانی ئارێنت لە بیروڕاکانی ئارێنت لەبارەی داوەریکردن جۆرێک سەرگەردانییان لە نێوان چەمکی نوێ و کۆنی سیاسەت و ئەخلاق دۆزیوەتەوە و هەندێکیش تێکۆشاون تاکوو خوێندنەوەگەلێک لە بەرهەمەکانی بخەنە ڕوو تا مەتەڵەکە هەڵبهێنن.
سەرچاوە:
وب سایت علوم انسانی دانشگاه تهران. سال ١٣٨٩
[1] -ئارێنت تێگەیشتنی ئایشمەن لە “بابەتی ڕەها”ی کانت و “ئەرک”ی بە هەڵە دەزانی. بەڵام بە هەمان شێوە کە نیچە نووی: ((بابەتی ڕەها، مایەیەک لە دڵڕەقی تێدایە.))( ڕەچەڵەکناسیی ئەخلاق، بەشی دووهەم)، هەندێک لە ڕەخنەگران وا بەڵگەیان هێناوەتە کە گوایە تێگەیشتنی ئایشمەن لەسەر ڕیگەپێنەدراویی ئەخلاقی بۆ سەرپێچیکردن لە یاسا لەگەڵ ئایدیا ئەخلاقییەکانی کانت دەگونجێت. لەبارەی پەیوەندیی کانتخوازی و ناسیسم لەسەر بنەمای ئایدیاکانی ئارێنت دەتوانن چاو لە کتێبەکەی میشیل ئۆنفرای بکەن کە لە دوو بەشدا و لە ژێر ناوی ((کانتییەک لای نازییەکان)) و هەروەها شانۆنامەیەک لە ژێر ناوی ((خەونی ئایشمەن)) بە سێ کارئەکتەری ئایشمەن، کانت و نیچەوە. Michel Onfray, Le Songe d,Eichmann, paris, Galilee, 2008.
[2] -مامانچێتیی سوقرات میتافۆڕیکە بۆ میتۆدی فەلسەفیی سوقرات کە دەڵێت حەقیقەت لە ناخی هەر مرۆڤێکدا هەیە و ئەرکی فەیلەسووف نەک گواستنەوەی زانست بەڵکوو یارمەتیدانە بۆ ((لەدایکبوون))ی ئەم حەقیقەتە و وشیاری.
[4] -Representative thinking
نووسەر: میهدی خەلەجی
وەرگێڕان” موحسین عەلیڕەزایی







































































