ئەدەبی چیرۆکی[1] بەمانا پڕ و تەواوەکەی بە هەر گێڕانەوەیەک دەگوترێت کە تایبەتمەندیی داهێنەرانە و دروستکارانەی بەسەر لایەنە مێژوویی و واقیعییەکەیدا زاڵ بێت؛ هەر بۆیە و بەپێی ئەمە، دەبێت هەموو چەشنە داهێنەرانەکانی ئەدەب بگرێتە خۆ ، بەڵام لە زمانی باوی ڕەخنەدا ئێستاکانە بە بەرهەمە گێڕانەوەییە پەخشانییەکان دەڵێن ئەدەبی چیرۆکی. ئەدەبی چیرۆکی بەشێک لە ئەدەب یان ئەدەبی خەیاڵییە و جیاوازیی نێوان ئەم دووە (ئەدەبی چیرۆکی و ئەدەبی خەیاڵ یان هەر ئەدەب-لێرەدا ئەدەب و ئەدەبی خەیاڵی هەر بە یەک مانا هاتوون) بەگشتی لەوە دایە کە ئەدەبی چیرۆکی هەموو جۆرە بەرهەمە چیرۆکییە گێڕانەوەییە پەخشانییەکان لەخۆ دەگرێت، جا ئیتر ئەم جۆرانە هەڵگری شکۆمەندیی ئەدەبی خەیاڵی بن یاخود وا نەبن ، واتە هەر جۆرە گێڕانەوەیەکی پەخشانیی داهێنەرانە کە لەگەڵ دنیای واقیعیدا پەیوەندییەکی ماناداری هەبێت لە ناو چوارچێوەی ئەدەبی چیرۆکیدا جێی دەبێتەوە. ئەدەبی چیرۆکی بریتییە لە حیکایەت، ڕۆمانس،[2] ڕۆمان، کورتەچیرۆک و هەموو ئەو بەرهەمانەی کە گرێدراون بەمانەوە و بۆیە جۆرەکانی ئەدەبیی یۆنانی کۆن واتە بەرهەمە حەماسییەکان، لیریکییەکان، شانۆیی و ئامۆژگارکارەکان لەخۆ ناگرێت.
“حیکایەت”
بەزۆری بەو بەرهەمە داهێنەرانانەی کە پێداگریی لەسەر ڕووداوە سەیروسەمەرەکان زیاترە لە گەشە و کامڵبوونی مرۆڤەکان و کەسایەتییەکان، دەڵێن حیکایەت. لە حیکایەتدا تەوەری بەسەرهاتەکەدا ڕووداوە کتوپڕ و لەناکاوەکانە. ڕووداوەکان، حیکایەت دروست دەکەن و کۆڵەکەی سەرەکی و بنەمایی حیکایەت پێک دێنن بە بێ ئەوەی لە فراوانکردن و گەشەی پاڵەوانەکان و مرۆڤەکانی ناو حیکایەت دا ڕۆڵیان هەبێت. بە زمانێکی دیکە، کەسایەتی و پاڵەوانەکان، لە چیرۆکدا کەمتر ئاڵوگۆڕیان بەسەر دێت و زیاتر دەکەونە ژێر ڕکێفی ڕووداو و بەسەرهاتە جۆراوجۆرەکانەوە. گۆڕانی کەسایەتییەکان گشتیی و خەسڵەتمەندانەیە و دەروونناسی تاکەکەسی و وردەکارییە پاکانەدەرەکان هیچ ڕۆڵێکیان تێیدا نییە. حیکایەتەکان زۆربەی کات کۆتاییەکی خۆش و باشیان هەیە و لە حیکایەتدا چاکە بەسەر خراپەدا سەر دەکەوێت.
شێوەی چیرۆکە فۆلکەکان زۆربەی کات، سادە و سەرەتاییە و زمانی ڕوونکەرەوانە و بێژەرانەی هەیە. زمانی زۆربەیان نزیکە لە زمانی ئاخاوتن و بێژەی خەڵکی ئاسایی و لێوانلێوە لە دەستەواژە و وشە و مەتەڵی ڕەشۆکی و فۆلک. و زمانی باو و بەبرەوی سەردەم تێیاندا بەکار هاتووە.
“ڕۆمانس”
ڕۆمانس حیکایەتێکی خەیاڵی بەشێوەی پەخشان یان هەڵبەستە کە سەرنج دەخاتە سەر ڕووداوە نائاسایی و سەرسووڕهێنەرەکان. و بەسەرهاتە سەیر و سەمەرەکان و دڵدارییە قووڵ و ئەفسانەییەکان یان کردەوە جەنگاوەرانەکان دەخاتە ڕوو و وێنای دەکات بۆمان. ڕۆمانس وەکوو جۆرێکی ئەدەبی لە سەدەی دوانزەیەم لە فەرەنسە برەوی پەیدا کرد و لەم وڵاتەوە بەرەو وڵاتانی ڕۆژئاواییش پەرەی سەند. لە سەرەتادا تەنها لە چوارچێوەی هەڵبەستی گێڕانەوەییدا بوو و دواتر بەرەبەرە ڕووی لە پەخشان نا و زۆرتر پەرەی سەند و لە ناو خەڵکدا بڵاو بوویەوە. ڕۆمانس، جیهانی شکۆمەند و مەزنی ناڕاستی جەنگاوەری و شاسواریی دەنوێنێتەوە و بەپێچەوانەی حەماسەوە تەنها تایبەت نییە بە جەنگ. و زیاتر ئەو حیکایەتە خەیاڵیانەیە کە بۆ کات ڕابورادنن و تایبەت بەو پاڵەوانە پاکژبوو و نەجیمزادانەیە کە لە ژیانی ڕۆژانەوە دوور بوون و گرێدراوی سەربوردە عاشقانە و سەیروسەمەرە و زێدەڕۆکان بوون و لە پێناو گەیشتن بە دڵدار، پاڵەوانی ژن، و… دەستیان دەدایە کردەوەی بوێرانە و جەنگاوەرانە و لەگەڵ جادووگەر و کەسایەتییە ئەهریمەنییەکاندا بەشەڕ دەهاتن. ڕۆمانسەکان بەدەگمەن هەڵگری ناوەرۆکی ئەخلاقین. یەکێک لەو هۆکارانەی کە ڕۆمانس لە حیکایەتە درێژەکان جودا دەکاتەوە، هەر ئەم ئەخلاقینەبوونەیانە، حیکایەت زیاتر لەخۆگری تایبەتمەندیی ئەخلاقی و پەندئامێزانەیە. یەکێک لە ڕۆمانسە بەناوبانگەکان، “تریستان و ئیزۆت” لە نووسینی جۆزێف بێدیە؛ نووسەری هاوچەرخی فەرەنسییە. ڕۆمانسەکان خاڵی هاوبەشی زۆریان هەم لە ڕووی پێکهاتەوە و هەم لە ڕووی ماناوە لەگەڵ حیکایەتە دریژەکان هەیە، بەڵام سەرچاوەی سەرهەڵدان و بوونی پاڵەوانە نەجیمزادە و شاهانەکان و شێوازی باڵایان لە حیکایەتە درێژەکان جیایان دەکاتەوە.
“ڕۆمان”
ڕۆمان گرنگترین و بەناوبانگترین جۆری وەدیارکەوتووی ئەدەبی ڕۆژگاری ئێمەیە. ڕۆمان بە دۆن کیشۆت بەرهەمی سێرڤانتێس (نووسەر و شاعیری ئیسپانی، ١٥٤٧-١٦١٧) لە ماوەی ساڵەکانی ١٦٠٥ بۆ ١٦١٥ لەدایک بووە و بە ڕۆمانی شازادە خاتوون کلێڤێس نووسینی مادام دێ لافایت(نووسەری فەرەنسی، ١٦٣٤-١٦٩٣) و ڕۆمانەکانی ئالێن ڕێنە لوساژ (نووسەری فەرەنسی، ١٦٦٨-١٧٤٧) بەتایبەتی بەبەرهەمە ناودارەکەی واتە ژیل بلاس بنەماکانی دامەزرا و بە ڕۆمانی نووسەرانێکی وەکوو دانییەل دێفۆ “نووسەری ئینگلیزی، ١٦٦٠-١٧٣١) و ساموئیل ڕیچاردسۆن (نووسەری ئینگلیزی ١٦٨٩-١٧٦١) و هێنری فیڵدینگ (نووسەری ئینگلیزی، ١٧٠٧-١٧٥٤) و ڤاڵتێر سکات( نووسەری سکۆتلەندی، ١٧٧١-١٨٣٢) ڕووی لە گەشە و پەرەسەندن نا. ناکرێت پێناسەیەکی چڕ و پڕ لە ڕۆان بخرێتە ڕوو کە هەموو جۆرەکانی لەخۆ بگرێت. لێرەدا من تەنها دوو پێناسە لەو پێناسە زۆرانەی کە بۆ ڕۆمان خراونەتە ڕوو دەهێنمەوە: پێناسەی ڕۆمان لە فەرهەنگی ڤێبستێردا ئاوا هاتووە: گێڕانەوەیەکی داهێنەرانەیە بە دڕیژاییەکی جێگەسەرنج و ئاڵۆزییەکی تایبەت کە لەگەڵ ئەزموونی مرۆیی و خەیاڵدا سەروکاری هەبێت و لە ڕێگەی زنجیرەی ڕووداوەکانەوە بەیان بکرێت و تێیدا گرووپێک لە کەسایەتییەکان لە شانۆ و دیمەنێکی دیاریکراودا بەشدارییان هەبێت.
لە فەرهەنگی زاراوە ئەدەبییەکانی “هاری شا”شدا ئاوەها ڕۆمان پێناسە کراوە:- گێڕانەوەیەکی پەخشانیی چیرۆکانەی درێژ کە کەسایەتییەکان و ئامادەییان لە ناو ڕێکخستنێکی ڕێک و گونجاو لە ڕووداو و دیمەنەکاندا بنەخشێنێت، بەرهەمێکی چیرۆکی کە کەمتر لە ٣٠ بۆ ٤٠ هەزار وشەی هەبێت زیاتر وەکوو حیکایەت، کورتە چیرۆک و “چیرۆکی درێژ یان نۆڤڵێت” هەژمار دەکرێت بەڵام ڕۆمان سنوورێکی بۆ درێژی و قەبارەی حەقیقی خۆی نییە. هەر ڕۆمانێک باس و گێڕانەوەیەکە لە ژیان. هەر ڕۆمانێک لەخۆگری”کێشمەکێش”، “کەسایەتییەکان”، “کردار”، دیمەنەکان”، گەڵاڵە و “ناوەرۆکە”.
“کورتە چیرۆک”
کورتە چیرۆک بە شێواز و نموونەی ئەمڕۆیی لە سەدەی نۆزدەیەم دا سەری هەڵدا. یەکەم جار “ئێدگار ئالێن پۆ” لە ساڵی ١٨٤٢دا کورتەچیرۆکی پێناسە کرد و کۆمەڵێک بنەمای ڕەخنەگرانە و تەکنیکی تایبەتی خستە ڕوو کە جیاوازیی نێوان شێوەکانی کورت و درێژی چیرۆک نووساندنی دەستنیشان دەکرد. بەڵام بەپێچەوانەی ئەو بنەمایانەی کە پۆ خستبوویە ڕوو، ئەو کورتە چیرۆکانەی کە لە سەدەی نۆزدەیەم دەنووسران، پێکهاتەیەکی داتاشراو و پتەویان نەبوو و پێیان دەگوتن حیکایەت، گەڵاڵە، نوکتە و تەنانەت وتار. خستنەڕووی پێناسەیەکی چڕ و پڕ لە کورتەچیرۆک بەشێوەیەک وا وەخۆگری جۆرەکانی کورتەچیرۆک بێت، ئیشێکی وەها ئاسان نییە و ڕەنگە هەر موستەحیل بێت. لە ماوەی یەک سەدە و نیو کە بەسەر سەرهەڵدانی کورتە چیرۆک تێدەپەڕێت، ئەم ژانەرە ئەدەبییە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان پێگە وپلەیەکی باڵای بۆ خۆی دەستەبەر کردووە. بە تێپەڕینی زەمەن جۆری فرەچەشن لە کورتە چیرۆک بەدیهاتووە و کورتەچیرۆک، فرەڕەنگ بوون و گەشەیەکی زۆری بەخۆوە بینیوە و هەر بەم هۆیەوە پێناسە باو و کۆنەکان، یان باشتر بڵێین پێناسە ڕەق و تەقەکان، لایەنی کراوەیی و گۆڕان و چڕوپڕبوونی خۆیان لە کیس داوە. چونکێ دنیا و هەر چی شتێک کە پەیوەندیدارە لەگەڵی و کۆمەڵگای مرۆیی، شتێکی داینامیکە و ناکرێت کۆمەڵێک یاسای چەسپاو و نەگۆڕ بەسەردا زاڵ بکەین.
یەکەمین جار ئێدگار ئالێن پۆ لە ڕەخنەیەک لەسەر کۆمەڵە چیرۆکەکانی “حیکایەتە وتراوەکان” بەرهەمی ناتانیل هاسورێن[3](نووسەری ئەمەریکی ١٨٠٤-١٨٦٤) نووسی، کورتە چیرۆکی ئاوەها پێناسە کرد:- نووسەر دەبێت هەوڵ بدات خوێنەر بخاتە ژێر کاریگەرییەکی تاقانەوە بەشێوەیەک کاریگەرییەکانی دیکە لە ژێر ڕکێفی ئەودا بن وئاوەها کاریگەرییەک تەنها چیرۆکێک دەتوانێت هەیبێت کە خوێنەر لە دانیشتنێکدا کە لە دوو کاژێر تێنەپڕێت، هەر هەمووی بخوێنێتەوە. لە فەرهەنگی ڤێبستێردا بۆ کورتە چیرۆک پێناسەیەک هاتووە کە بەنیسبەت پێناسەکانی تر تەواوترە و دەکرێت بەسەر زۆربەی کورتە چیرۆکانەی کە ئەمڕۆکە دەنووسرێن تەتبیق بکرێت:- کورتە چیرۆک، گێڕانەوەیەکی تاڕادەیەک کورتی داهێنەرانەیە کە بە دیاریکراوی لەگەڵ دەستەیەک لە کەسایەتییە دیاریکراوەکاندا سەروساختەی هەیە و لە کردەوەیەکی تاکەکەسیانەدا بەشدار دەبن و زۆر کات بە یارمەتی وەرگرتن لە یەکانگیریی کاریگەیی زیاتر لەسەر داهێنانی فەزا و ێکی دیاریکراو فۆکۆس دەکات تاکوو چیرۆکبێژیی.
پاش بڵاوبوونەوەی هەندێک لە کورتە چیرۆکەکانی “بورخێس” وەکوو “ناوەرۆکی خائین و پاڵەوان” کە تێیدا دوو کردەوەی چیرۆکی هەبوو، و کلتوور و بەستێنی پێناسەی خۆی گوشراوەتر و گشتیتر کرد و بەم شێوەیەی لێ کرد:- “کورتە چیرۆک، گێڕانەوەیەکی داهێنەرانەیە بە زمانی پەخشان کە لەگەڵ چەند کەسایەتیدا سەروساختەی هەیە و بە یارمەتی وەرگرتن لە یەکانگیری بۆ کاریگەریدانان، زیاتر لەسەر داهێنانی کەش و هەوا (فەزا) فۆکۆس دەکات تاوەکوو گەڵاڵە” هەروەکوو دەبینین کردەی تاقانە” تێیدا سڕاوەتە و لەباتی “چیرۆک بێژی”ش گەڵاڵە دانراوە واتە تایبەتمەندیی ڕۆحی و خوو و خدە لە چیرۆکەکانی ئەمڕۆدا زیاتر لە ڕووداوداڕێژی و چیرۆکبێژی جێگەی سەرنجە.
بەو هۆیەوە کە کورتە چیرۆک بەزۆری چرکەساتە لەناکاوەکان وگۆڕانکارییە بەردەوامەکانی ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیی دەگێڕێتەوە، سرووشتییە بۆ دەربڕینی ئەم گۆڕانکاریانە پیویستیی بە فۆرمی فرەڕەنگ هەبێت. لەم ڕووەوە کورتە چیرۆک، بەشێوەیەکی بەردەوام هەڵگری ئەزموونی نوێیە و جۆری جیاواز و فرەڕەنگی لێ داهێنراوە و داشدەهێنرێت و نووسەرانی مەزن و ئەبقەریی هەر کامەیان جۆرێکی نوێیان لە کورتە چیرۆک بەناوی خۆیانەوە تۆمار کردووە. دیارترینی ئەم نووسەرانە بریتین لە: ئێدگار ئالێن پۆ( شاعیر و نووسەری ئەمەریکی، ١٨٠٩-١٨٤٩)، گوگول (نووسەری ڕووس، ١٨٠٩-١٨٥٢)، گی دو موپاسان(نووسەری فەرەنسی ١٨٥٠-١٨٩٣)، ئانتوان چیخۆف( نووسەری ڕووس، ١٨٦٢-١٩٠٤)، ئۆ هێنری یان ویلیام سیدنی پورتێر (نووسەری ئەمەریکی، ١٨٦٢-١٩١٠)، فرانتس کافکا( نووسەری خەڵی چکسلواکیا، ١٨٨٣-١٩٢٤)، جەیمز جۆیس (نووسەری ئیرلەندی، ١٨٨٢-١٩٤٢). ڕینگ لاردنێر( نووسەری ئەمەریکی، ١٨٨٥-١٩٣٣) و ئێرنێست هەمینگڤێی (نووسەری ئەمەریکی، ١٨٩٩-١٩٦١)، خورخە لوئیس بوورخێس( نووسەری خەڵکی ئەرجەنتین، ١٨٩٩-١٩٨٦).
سەرچاوە؛
عناصر داستان. جمال میرصادقی. تهران نشر سخن
[1] -Fiction، لەم بەشەدا من تەنها دەپەرژێمە سەر کورتەیەکی تایبەتمەندییەکانی ((ئەدەبی چیرۆکی)).
[2] -Romance
[3] -Nathaniel hawthorne
نووسین: جەمال میرسادقی
وەرگێڕان سۆزان سەعید







































































