“مێژووی کۆماری لوبنان”
وڵاتی لوبنان فرە پێكهاتەیە له ڕووی ئایینی و مەزهەبیەوە، دانیشتوانەكەی سەرەڕای موسڵمان بەشێكیان خاوەن ئایینی مەسیحین، لەناو هەر ئایینێكشیاندا مەزهەبی جیاواز هەیە، بەتایبەتی لەناو موسڵمانەكانی لوبناندا دابەشبوونی قووڵ لەنێوان هەردوو مەزهەبی شیعەو سونەدا هەیە، لەسەرەتاوە لوبنان دەوڵەتێک بوو لەسەر بنەمای سیاسی-کۆلۆنیالی دروستکرا، نەک بنەمای ناسنامەیەکی نەتەوەیی یەکگرتوو، كە دروستبوونەكەی بە چەند قۆناغێكی جیاوازدا تێپەڕی، بەم شێوەیە:-
- قۆناغی دروستبوون ١٩١٦-١٩٢٦.
بەهۆی پەیماننامەی سایکس-پیکۆوە، بەریتانیا و فەڕەنسا بە نهێنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییان لەنێوان خۆیاندا دابەشکرد، بەپێی ڕێککەونەکە فەڕەنسا هەریەکە لە سوریا و لوبنانی پێدرا، لێرەیشدا دیسان چەند قۆناغێكی تر دێنە كایەوە:
- جەنگی جیهانی یەکەم ١٩١٨: دوای ڕوخانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەکان، فەڕەنسا لە ١٩٢٠ دەستی بەسەر سوریا و لوبناندا گرت بە فەرمانی کۆمەڵەی گەلان.
- دروستکردنی لوبنانی گەورە ١٩٢٠: فەڕەنسا بە مەبەست لوبنانی لە سوریا جیاکردەوە بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی مەسیحی زۆرینە لەژێر کاریگەری و چاودێری خۆی.
- ڕاگەیاندنی کۆمار ١٩٢٦: لە ٢٣ی ئایاری ١٩٢٦ کۆماری لوبنان ڕاگەیەندرا، بەڵام تا ١٩٤٣ لەژێر چاودێری و سەرپەرشتی فەڕەنسا مایەوە.
- میساقی نەتەوەیی 1943 ی لوبنان.
بۆیە جێگەی خۆیەتی ئاماژە بە میساقی نەتەوەیی ١٩٤٣ی لوبنان بکەین، کە ڕێككهوتنێکی نەنوسراوی نێوان نوخبە مەسیحی و موسڵمانەکانی لوبنان بوو بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی وڵات و دەرچوون لەژێر كۆلۆنیالی فەرەنسا. بەگوێرەی بنەماکانی ئەم ڕێککەوتنەی نێوانییان، مەسیحیەکان دەستبەرداری گەرەنتی و چاودێریکردنی فەڕەنسا بوون و ناسنامەی عەرەبی لوبنانیان قبوڵکرد، بەڵام لەبەرامبەریشدا موسڵمانەکان دەستبەرداری یەکگرتوویی لوبنان و سوریا بوون، هەروەها هەر ئەم ڕێککەوتنە بنەماكانی سیستەمی سیاسی لوبنانی ئێستای داڕشت، کە بریتین لە:-
بنەمای یەکەم:- دابەشکردنی دەسەڵات بەپێی مەزهەب و پێکهاتەکان:-
- سەرۆکی کۆمار: مەسیحی.
- سەرۆک وەزیران: موسڵمانی سوننە.
- سەرۆکی پەرلەمان: موسڵمانی شیعە.
- پێكهاتەی پەرلەمان: بەپێی ڕێککەوتنەکە دەبووایە ٦ کورسی بۆ مەسیحی و ٥ کورسی بۆ موسڵمان.
بنەمای دووەم:- بێلایەنبوونی دەرەکی، دەوڵەتی لوبنان بێلایەنی خۆی دەپارێزێت لەنێوان هەردوو بلۆکی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، نابێتە هاوپەیمانی ڕۆژئاوا و نابێت بچێتە ناو یەکێتی و کۆمکاری عەرەبی، واتە نابێت ناسنامەی “عەرەبی تەواو” وەربگرێت.
بنەمای سێیەم:- هاوبەشیی نیشتمانی:- هەردوولا لە پێکهاتەی مەسیحی و موسڵمانەكان لەسەر ئەوە ڕێككەوتبوون كە لوبنان وڵاتێکی سەربەخۆی فرەمەزهەب بێت، نەک بەشێک لە سوریای گەورە یان وڵاتێکی تەواو مەسیحی، لەڕاستیدا هەر ئەمەشە گرفتی گەورەی بەردەم سازبوونی شووناسێكی نیشتمانی لە لوبناندا، میساقی نەتەوەیی ١٩٤٣ لە سەرەتاوە کێشەیەکی ستراکچەری تیابوو، چونکە دەوڵەتی لە دەوڵەتبوون خست، کردی بە کۆمپانیایەکی هاوبەش بۆ پێکهاتەکان، دەوڵەت نەبوو بە دەسەڵاتێکی باڵا و بێلایەن کە یاسا بەسەر هەموو هاووڵاتییەکدا جێبەجێ بکات، بەڵکو بوو بە ئیدارەیەکی دابەشکراو کە هەر مەزهەبێک پشکی دیاریکراوی لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادان و دامەزراوەکاندا هەبێت، ئەیمەش وایکرد دڵسۆزی تاک لەبری ئەوەی بۆ دەوڵەت بێت، بۆ سەرۆکی مەزهەبەکەی خۆی بوو. کێشەیەکی دیکە ئەوە بوو کە میساق هیچ هەوڵێکی نەدا بۆ دروستکردنی ناسنامەیەکی نیشتمانی سەروو مەزهەبی، بەپێچەوانەوە، مەزهەب وەک بنەمای شەرعییەت و نوێنەرایەتی فەرمی لێ كرا، ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەی هەموو قەیرانێکی سیاسی لەو وڵاتەدا ببێتە قەیرانی مەزهەبی، و هەموو ململانێیەکی دەسەڵات ببێتە ململانێی نێوان کۆمەڵگەی ئایینی.
کێشە هەرە مەترسیدارەکە ئەوە بوو کە میساقەکە لەسەر هاوسەنگی ژمارەیی لەنێوان مەسیحی و موسڵمانەکان دانرابوو، بەپێی ئەو سەرژمێرییە فەرمییەی کە لە ساڵی ١٩٣٢دا ئەنجامدرا، بەڵام ئەو سەرژمێرییە دوایین سەرژمێری فەرمی بوو و لەو کاتەوە هەرگیز سەرژمێریی ئەنجام نەدرایەوە، لە ١٩٧٠کانەوە داتا نافەرمییەکان و ئاستی لەدایکبوون و کۆچکردن ئەوە نیشان دەدەن کە ڕێژەی موسڵمانان بە شیعەو سوننییەوە بەشێوەیەکی بەرچاو لە مەسیحیەکان زیاتر بووە، ئەم ناهاوسەنگییە کۆتایی بە شەرعییەتی سیستەمەکە هێنا، بەهۆی زاڵبوونی گرووپێکی کەمینە بەسەر گرووپی زۆرینەدا.
“جەنگی 1975 – 1990”
ئەنجامەکەی ئەوە بوو لوبنان نەیتوانی سەقامگیری درێژخایەن بەدی بهێنێت، جەنگی ناوخۆیی ١٩٧٥-١٩٩٠ دەرکەوتەی ئەو کێشە دامەزرێنەرییە بوو کە لە ١٩٤٣ەوە بەشاراوەیی هەبوو، ئەوەی ئێستایش دەیبینین، لاوازی سەرۆکایەتی، داڕمانی ئابووری و، دروستبوونی دەوڵەتی سێبەر و پەکخستنی دەوڵەت، کۆتایی سروشتی ئەو مۆدێلەیە کە لە ١٩٢٠ەوە دامەزراوە، سیستەمێک کە لەسەر بنەمای دابەشکردن بەپێی پێکهاتەکان بوونیادنرابێت، لەکاتی قەیراندا ناتوانێت یەکبگرێتەوە، بەڵکو خۆی دەبێتە هۆکاری فراوانتر بوونی کێشە و قەیرانەکان. لەبری ئەوەی هاووڵاتی لوبنانی هەبێت، ئێستا شیعەی لوبنانی و سوننەی لوبنانی و مەسیحی لوبنانی هەیە، واتە پێناسەی کەسایەتی هەر تاکێک پێش هەموو شتێک پێناسەی ئایینی و مەزهەبی خۆیەتی، نەک پێناسەی نیشتمانی. ئەمە یەکەم هەڵەی ستراکچەری بوو، چونکە دەوڵەت لە نیشتمانەوە گۆڕا بۆ کۆمپانیایەکی هاوبەشی مەزهەبی، لەبری ئەوەی سەرووتر بێت لە مەزهەب و ئایینەکان، بوو بەشێک لە ململانێی ئایین ومەزهەبییەکان.
“بە لوبنان دەگووترا سویسرای ڕۆژهەڵات”
لوبنان لە ١٩٥٠ و ١٩٦٠ پێی دەگووترا “سویسرای ڕۆژهەڵات” چونکە لە ڕووی ئابووری و داراییەوە هەمان ڕۆڵی سویسرای دەبینی، لوبنان یاسای نهێنی بانکی هەبوو، وەک سویسرا، ئەمەش وایکردبوو سەرمایەی دەوڵەمەندانی عەرەبی و ئەوروپی لە بانکی بەیروت هەڵبگیرێت، چونکە دەوڵەت لێپرسینەوەی لە سەرچاوەی پارە نەدەکرد، لە ١٩٦٠کان بەیروت بوو بە گەورەترین ناوەندی بانکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هەروەها دەوڵەت دەستوەردانی لە بازاڕ نەدەکرد و گومرگ و باج کەم بوو، بازاڕ بەتەواوی ئازاد بوو، بەیروت بوو بە مەڵبەندی بازرگانی، گەشتیاری، چاپەمەنی و پەروەردە بۆ هەموو ناوچەکە، زانکۆی ئەمریکی لە بەیروت و زانکۆی سانت جۆزێف بوون بە باشترین زانکۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام نازناوی “سویسرای ڕۆژهەڵات” زیاتر وەسفێکی ئابووری و کاتی بوو، نەک ناسنامەیەکی سیاسی بەردەوام. چونكە ئەم سەقامگیرییە ڕاستەقینە ولەسەر بنەمای پتەوی دامەزراوەیی نەبوو، ئەوەی هەبوو تەنها سەقامگیرییەکی ڕووکەش بوو کە لەسەر سێ پایەی کاتی وەستابوو: پارەی نەوتی کەنداو، بێلایەنی سیاسی لەنێوان بلۆکی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتدا، و کپکردنی ململانێی مەزهەبی ناوخۆیی لەژێر ناوی میساقی ساڵی ١٩٤٣.
“فرەیی ئایینی و سەقامگیری دەوڵەت”
لێرەدا ئەو پرسیارە دروست دەبێت کە ئایا فرەیی ئایینی یان مەزهەبی دەتوانێت ببێتە بنەما بۆ دەوڵەتێکی سەقامگیر؟ لەڕاستیدا فرەیی ئایینی دەتوانێت ببێتە هێزێک، بەڵام ناتوانێت ببێتە بنەمای دەوڵەتێکی سەقامگیر، چونکە دەوڵەت پێویستی بە ناسنامەیەکی سەروتر هەیە کە هەموو هاووڵاتییەکان لەژێریدا یەکبگرنەوە بەیەکسانی، ئەگەر ناسنامەی مەزهەبی یان ئایینی ببێتە سەروتر لە ناسنامەی نیشتمانی، ئەوا دڵسۆزی هاووڵاتی بۆ مەزهەبەکەی یان ئایینەكەی دەبێت نەک بۆ دەوڵەتەكە. سەقامگیری تەنها کاتێک دێت کە فرەیی ئایینی لەژێر چەتری یاسای سێکولاریزم و هاووڵاتیبووندا کۆبکرێتەوە. ئێستا، دوای تێپەڕبوونی نزیکەی ٦٠ ساڵ لوبنان نەک تەنها نەیتوانیوە ببێتە دەوڵەتێکی سەقامگیر، بەڵکو بووە بە نموونەی شکستی دەوڵەتسازی، وڵاتێک کە بانک و دارایی و ئابووریەکەی تووشی داڕمان هاتووە، خزمەتگوزاری پێویستی نییە، و گەنجەکانی بە کۆمەڵ کۆچ دەکەن و وڵات جێدەهێڵن، وڵات بە بارودۆخێکی نائەمنی سەختدا تێپەڕ دەبێت.
“کاتێک ئایدۆلۆژیا دەبێتە سەرچاوەی دەوڵەت”
کاتێک ئایدۆلۆژیا دەبێتە سەرچاوەی دەوڵەت، دەوڵەت لە مانای سەرەکی خۆی دادەماڵرێت، دەوڵەتی مۆدێرن پێویستی بە یەک سەرچاوەی شەرعییەت هەیە، ئەویش یاسا و هاووڵاتیبوونە، بەڵام کاتێک ئایدۆلۆژیا دێتە پێشەوە، دوو سەرچاوەی شەرعییەت و دوو سەرچاوەی چەک دروست دەبێت، ئەنجامەکەی ئەوەیە کە دەوڵەت ناتوانێت قۆرخی توندوتیژی بکات و ناسنامەی ئایدۆلۆژیی دەچێتە سەروی ناسنامەی نیشتمانیەوە. بەتایبەتی ئەگەر ئایدۆلۆژیاكە ئایینی یان مەزهەبیی بێت ئەوا مەترسیدارترە، لەبری ئەوەی دەوڵەت هاووڵاتی بپارێزێت، هاووڵاتی دەبێتە پیڕەوی ئایدۆلۆژیا، ئەمە کۆتایی دەوڵەتە و دەستپێکی دەوڵەتی هاوشانە (الدولە الموازیة). زاڵبوونی ئایدۆلۆژیای ئایینی و شکستی بنەمای ناسنامە لە لوبنان لە دوو قۆناخدا خۆی نیشاندا:-
1. شەڕی ناوخۆ؛ شەڕی ناوخۆی لوبنان لە ١٣ی نیسانی ١٩٧٥ دەستیپێکرد و تا ١٣ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٠ بەردەوام بوو. ئەم جەنگە ١٥ ساڵ و ٦ مانگی خایاند و نزیکەی ٢٠٠ هەزار کوژراوی لێکەوتەوە. بنەڕەتی جەنگەکە ململانێی ئایدۆلۆژی بوو، لەلایەکەوە چەپگەرای عەرەبی و ناسیۆنالیزمی عەرەبی دەیویست لوبنان ببەستێتەوە بە جیهانی عەرەبییەوە، لەلایەکی دیکەوەتەوژمی لیبراڵی ڕۆژئاوایی و پێناسەی لوبنانی هەبوو کە دەیویست لوبنان وەک وڵاتێکی جیاواز لە جیهانی عەرەبی بمێنێتەوە. بەڵام لەم ململانێیەدا ئایین بوو بە ئاڵای شەڕ، هەر لایەک خۆی بە “پارێزەری ڕاستەقینەی دینەکەی خۆی” دەزانی، مەسیحییەکان خۆیان بە پارێزەری مەسیحییەت دەزانی لە بەرامبەر هێرشی موسڵمانان، موسڵمانەکان خۆیان بە پارێزەری ئیسلام دەزانی لە بەرامبەر هێرشی مەسیحیەكان بە پاڵپشتی ڕۆژئاوا.
2. دەوڵەتی پشکپشکێنە دوای ١٩٩٠؛ دوای شەڕ، ڕێککەوتنی تائیف لە ١٩٨٩دا واژوو کرا بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی ناوخۆ. ئەم ڕێككهوتنە دابەشکردنی یەکسانی کورسی پەرلەمانی لەنێوان مەسیحی و موسڵماندا لێکەوتەوە. هەروەها دەسەڵاتی سەرۆک وەزیرانی موسڵمانی بەهێزکرد بەسەر سەرۆک کۆماری مەسیحیدا، بەڵام ڕێککەوتنەکە هیچ نەخشەڕێگایەکی بۆ هەڵوەشاندنەوەی تائیفەگەرایی دانەنا، بە پێچەوانەوە، ڕێگەی دا بە سەرکردە تائیفییەکانی کاتی شەڕ کە ببن بە سەرکردەی سەرەکی سیستەمی دوای شەڕ، ئەمە بیرکردنەوەیەکی ململانێ ئامێزی هێنایە ناو بەڕێوەبردنی لوبنانەوە دوای ساڵی ١٩٩٠. كە تیایدا دیاردەی “دەوڵەتی پشک پشکێنە” سەری هەڵدا، نموونەی ڕوونی ئەم دیاردەیە حیزبوڵایە، حیزبوڵا تەنها ڕێکخراوێکی سیاسی نییە، بەڵكو بانک و پەروەردە و خزمەتگوزاری تەندروستی و جبەخانە وچەكداری خۆی هەیە، شەرعییەتەیکەشی لە ئایدۆلۆژیای “بەرەنگاربوونەوە – المقاومة” وەردەگرێت، نەک لە دەستووری لوبنانی. ئەمە وایکرد دەوڵەتی لوبنانی ببێتە دەوڵەتێکی بێ دەسەڵات، چونکە ئێستا دوو سەرچاوەی شەرعییەت هەیە: سەرچاوەی یەکەم دەستووری لوبنانییە کە لاوازترە بەبەراورد بە سەرچاوەی دووەم کە ئایدۆلۆژیای بەرەنگاربوونەوەیە. هەروەها دوو سەرچاوەی چەک هەیە: سەرچاوەی یەکەم سوپای لوبنانییە، سەرچاوەی دووەم میلیشیاكانی حیزبوڵایە. کاتێک دوو سەرچاوەی شەرعییەت و دوو سەرچاوەی چەک هەبێت، ئەوا دەوڵەت ناتوانێت قۆرخی توندوتیژی بکات. کاتێک دەوڵەت نەتوانێت قۆرخی توندوتیژی بکات، ئەوا دەوڵەت لە دەوڵەتبوون خراوە و دەسەڵاتی فیعلیی نیە.
“نموونەی سویسرا، پێچەوانەی لوبنانە لە بوونیادنانی دەوڵەتی فرەئایین و فرەزماندا”
سویسرا ٤ زمانی فەرمی هەیە ئەڵمانی، فەرەنسی، ئیتاڵی، ڕۆمان، و سێ ئایین یا مەزهەبی سەرەکی هەیە: پرۆتستانت، کاتۆلیکی، بێ ئایینەكان. بەڵام ئەوەی خەڵکەکەی یەکدەخات ناسنامەیەکی هاوبەشی سیاسییە بەناوی “سویسریبوون”. ئەم ناسنامەیە سێ پرەنسیپی سەرەکی هەیە: دیموکراسی ڕاستەوخۆ، بێلایەنی، و ڕێزگرتن لە جیاوازی ناوخۆیی. واتە سویسرییەک پێش ئەوەی ئەڵمانی یان کاتۆلیکی بێت، ناسنامەی خۆی بە سویسری دەزانێت. هەروەها لە ڕووی یەکگرتنەوە، سویسرا دەوڵەتێكی فیدراڵییە و دەسەڵاتەکانی لەسەر ٢٦ کانتۆن دابەشکردووە، هەر کانتۆنێک مافی خۆبەڕێوەبردنی تەواوی هەیە لە پەروەردە و باج و یاسای ناوخۆیدا، دەوڵەتی ناوەند تەنها بەرپرسیارە لە بەرگری و سیاسەتی دەرەوە و دراوی فەڕمی وڵات. ئەمەش وایکردوە هیچ گرووپێک هەست نەکات زۆرینەیەکی دیکە دەسەڵاتی بەسەردا دەسەپێنێت. لە سویسرا دەوڵەت سەرووی ئایین و مەزهەب و زمانە، دەوڵەت بێلایەنە و هیچ ئایینێکی فەرمی نییە. یاسا و دەستوور سەرووی هەموو پێکهاتەیەکەوەیە، بۆیە کاتێک کێشە دروست دەبێت، خەڵک پەنا بۆ دادگای فیدراڵی دەبەن، نەک بۆ سەرۆک و سەرکردەی مەزهەبەکانییان. بەڵام لە لوبنان ناسنامەی مەزهەبی لە سەرووی ناسنامەی نیشتمانییەوەیە. مەسیحییەک پێش ئەوەی خۆی بە لوبنانی بزانێت، خۆی بە مەسیحی دەزانێت، هەروەها شیعەیەک پێش ئەوەی لوبنانی بێت، خۆی بە هەڵگری مەزهەبی شیعی دەزانێت و سونەكانیش هەروەها. ئیتر دەوڵەتیش لەبری ئەوەی ناوبژیوان بێت، بووەتە گۆڕەپانی ململانێی نێوان ئەم پێکهاتانە.
سویسرا سەلماندی کە فرەیی زمانی و ئایینی نابێتە هۆی داڕمان و ناسەقامگیری دەوڵەت، ئەگەر ناسنامەیەکی نیشتمانی هەبێت لەسەرووی هەموو جیاوازییەکانەوە، لوبنانیش سەلماندی کە دابەشکردنی دەسەڵات بەپێی ئایین ومەزهەب، تەنها ململانێكان فەرمیتر دەکات و چارەسەریان ناکات. ئەمەیش وای لە لوبنان کردووە هەر ئایین ومەزهەبێک پشت بە دەرەوە ببەستێت بۆ مانەوە و بەهێزبوونی خۆ، شیعە پشت بە ئێران ببەستێت، سوننە پشت بە سعودیە ببەستێت، مەسیحیەكانیش بە ڕۆژئاوا پشت ئەستوور بن. واتە دەوڵەت لەبری ئەوەی ببێتە سەرچاوەی سەقامگیری، تەنانەت بووەتە گۆڕەپانی ململانێی دەوڵەتانی دەرەکی.
“قەیرانی ئابووری 2019 ی لوبنان”
قەیرانی ٢٠١٩ کۆتایی بەو ئابوورییە تائیفییە هێنا کە لە سەردەمی دوای جەنگی ناوخۆییەوە بنەمای دارایی لوبنانی پێکهێنابوو. سیستەمی بانکی لەبری ئەوەی لەسەر شەفافیەت و یاسا و لێپرسینەوە کاربکات، لەسەر پەیوەندی و دڵسۆزی مەزهەبی بوونیادنرابوو، بانکەکان پارەی خەڵکیان کۆکردەوە و بە قەرز دایە دەوڵەت و، دەوڵەتیش ئەو پارەی بەسەر گرووپ و مەزهەبە سیاسییەکاندا دابەشکرد بێ ئەوەی هیچ پلانێکی بەرهەمهێنانی هەبێت، کاتێک داهاتی نەوت کەمیکرد و ئابووری جیهانی گۆڕا، ئەم سیستەمە له ڕووخان نزیک بووەوە، بانکی جیهانی ئەم قەیرانەی وەک یەکێک لە سەختترین قەیرانی ئابووری جیهان پۆلێن کرد. کەوتنی ئابووری نیشانی دا کە ئایدۆلۆژیای ئایینی تەنها کێشەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو کێشەیەکی ئابووریشە. کاتێک دەوڵەت لەسەر بنەمای مەزهەب بوونیاد دەنرێت، ئابووریش بە هەمان میکانیزم کار دەکات: دابەشکردنی سەرچاوەکان بەپێی نزیکی لە سەرکردەی ئایینی یان مەزهەبی، نەک بەپێی پێویستی و کارایی.
“حیزبوڵا دەوڵەتێك لەناو دەوڵەتدا”
لەم چوارچێوەیەدا پرسیارێکی گرنگ سەرهەڵدەدات: ئایا حیزبوڵا بەرهەمی شکستی دەوڵەتە، یان هۆکاری شکستی دەوڵەتە؟ لە ڕاستیدا هەردووکیانە، حیزبوڵا لە سەرەتادا بەهۆی لاوازی دەوڵەتی لوبنانەوە وەک بەرەنگاربوونەوە بەرامبەر داگیرکاری ئیسرائیل لە باشووری لوبنان دروستبوو، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات بوو بە خاوەنی دەوڵەتێك لەناو دەوڵەتدا کە بانک و پەروەردە و چەکی سەربازی خۆی هەیە و شەرعییەتەکەی لە دەرەوەی دەستووری لوبنانەوە وەردەگرێت. ئەم حیزبە لەوەتەی دروست بووە تائێستا چەندین جار جەنگی وێراكەری ڕوبەڕوی لوبنان كردووەتەوە لەگەڵ ئیسرائیلدا بەبێ ڕەزامەندی دەوڵەتی لوبنانی چووەتە جەنگەوە لەگەڵ ئیسرائیلدا، لەدەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتەوە لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەكەدا پەیوەندی دامەزراندووە و هێزی خۆیی بۆ ئەو وڵاتانە ناردووە، بۆ نمونە لە ساڵی 2011 بەدواوە میلیشیاكانی ئەم حیزبە ڕۆڵێكی گەورەیان گێرا لە پاراستنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و بەشداریەكی زۆریان كرد لە كوشتن وتۆقاندنی هاووڵاتیانی سوریادا هەتا ساڵی 2025 كە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد ڕوخا، هەروەها ئەم حیزبە شان بەشانی ئێران چووە جەنگەوە لەگەڵ ئیسرائیل لەساڵی 2025 و 2026، كە هەتا ئێستایش ئەو جەنگە بەردەوامە، ئەمە وایكرد دەوڵەتی لوبنان سود لەو دەرفەتە ببینێت بەهۆی لاوازبوونی ئەم حیزبەوە هاتووەتە كایەوە لە لوبناندا بەهۆی كوژرانی سەركردەكانیەوە كە بڕیاری چەككردن و لەقاڵبدانی ئەم حیزبە بدات، ئەمەریكا و دەوڵەتانی كەنداویش پشتگیری ئەم هەنگاوە دەكەن، بەڵام هێشتا نەتوانراوە ئەم هەنگاوە جێبەجێ بكرێت. ئەم بارودۆخانەی باسمان كردن وایکردووە دەوڵەت لە لوبناندا نەتوانێت قۆرخی توندوتیژی بکات! ئەم ڕاستییە کێشەی ناسنامە ڕوونتر دەکاتەوە، لوبنان ناسنامەیەکی نیشتمانی هاوبەشی نییە، بەڵکو کۆمەڵێک ناسنامەی ئایینی و مەزهەبییە کە لەژێر ناوی لوبناندا کۆبوونەتەوە، سیستەمی تائیفی ئەم دابەشبوونەی فەرمی کردوە و بووەتە هۆی ناسەقامگیری دامەزراوەیی، و کڵایەنتیزم.
“دەرئەنجام”
لوبنان نمونەیەکی ڕوونە لەوەی کە دەوڵەتێک لەسەر بنەمای دابەشکردنی مەزهەبی ناتوانێت سەقامگیری درێژخایەن بەدەستبهێنێت، میساقی نەتەوەیی ١٩٤٣ لەبری ئەوەی یەکێتی و ناسنامەی نیشتمانی بەهێز بکات، مەزهەبی کردە بنەمای شەرعییەت و دەوڵەتی گۆڕی بۆ کۆمپانیایەکی هاوبەشی سیاسی، ئەم سیستەمە لە قۆناخی سەرەتادا توانی هاوسەنگییەکی کاتی بپارێزێت، بەڵام کاتێک هاوسەنگی ژمارەیی دانیشتووان گۆڕا و ناسنامەی ئایینی ومەزهەبی سەروو نیشتمانی دروست بوو، دەوڵەت توانای ناوبژیوانی لەدەستدا. لەو کاتەوە هەموو قەیرانێک بوو بە قەیرانی ئایینی ومەزهەبی و هەر ململانێیەک بوو بە ململانێی نێو مەزهەب و ئایینەكان. ئەزموونی سویسرا و وڵاتانی تری هاوشێوە نیشانی دەدەن کە فرەیی ئایینی و زمانی لەراستیدا کێشە نییە، بەڵکو کێشە لە نەبوونی چەترێکی یاساییە کە بتوانێت ئەو فرەییە لەژێر یاسای یەکسان و ناسنامەیەکی نیشتمانی هاوبەشدا کۆبکاتەوە، لوبنان ئاوێنەیەکە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نیشانی دەدات کە ئایدۆلۆژیای ئایینی و مەزهەبی دەتوانێت لە کاتی بەرەنگاربوونەوەدا خەڵک کۆبکاتەوە، بەڵام ناتوانێت لە قۆناخی بوونیادنانی دەوڵەتدا ببێتە بنەمای یەكبوون، دەوڵەتی مۆدێرن تەنها کاتێک سەقامگیر دەبێت کە هاووڵاتیبوون سەرووتر بێت لە هەر ناسنامەیەکی تری لاوەکی.








































































