“کاولکردنی ژینگە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا؛ لەناوبردنی دارستانەکان”
گەشەی خێرای حەشیمەت خەسارێکی زۆری بە ژینگەی ئەوروپای سەدەکانی ناوەڕاست گەیاند. بۆ پەرەپێدانی زەوییە بەرئاوەکان و لەوەڕگەکان هەزاران هیکتار زەوی لەناو بران. سەرباری ئەوەی کە چێو لەم سەردەمەدا مادەی سەرەکی بۆ سووتەمەنی ناو ماڵ و پیشەسازییەکان بوو، لە بواری زۆر و زەبەندی دیکەشدا بەکار دەهێنرا. لە بیناکردنی ماڵەکاندا، جۆرەکانی ئاسیاو، پردەکان، دامەزراوە سەربازییەکان، قەڵاکان، مەتەرێز و پتەوکارییەکان و تەنانەت بۆ دروستکردنی بەرمیلەکانیش چێو بەکار دەهێنرا. کەشتییەکان و ئامێرەکانی ڕێسان و دوورین هەر هەموو لە چێو بوون. کەوڵکاران(دەباغ)ەکان و گوریسدوورەکان پێست و توێکڵی هەندێک داریان بۆ ئیشەکەیان بەکار دەهێنا. بۆ گەرمکردنەوەی کوورەکانی شووشەگەری و ئاسنکاری کۆمەڵێک دارستان بەتەواوەتی لەناو دەچوون. بۆ تێگەیشتن لە ئاستی خەسارێک کە لەم ڕێگەیەوە بەر دارستانەکان دەکەوت بەسە ئەوە بزانین کە بۆ بە دهستهێنانی ٥٠ کیلۆ ئاسن دەبێت لانیکەم ٢٥ مەتری سێجا چێو بسووتێنرێت. ئاوا خەمڵێنراوە کە کارگەیەکی خەڵووز تەنها دەیتوانی لە ماوەی چل ڕٶژدا دارەکانی ناوچەیەک بە پانتایی یەک کیلۆمەتر لە دارستانێکدا لەناو ببات. لە ساڵی ١٣٠٠ی زاینی، فهڕهنسا ١٣ ملیۆن هەکتار دارستانی هەبوو کە هەنووکە دەزانین گەیشتووەتە یەک ملیۆن هەکتار.
دەزانین کە لە هەمان نیوەی سەدەی دوانزەی زاینییەوە، دارستانەکانیان بەشێوەیەکی بێبەزەییانە لەناو بردووە. “ئوسقوف سوژە”، سەرپەرشتی دەیری سێن دەنی، کە سەرۆکوەزیریی دوو پاتشای لە فهڕهنسا بە ئەستۆ بووە، لە یەکێک لەو کتێبانەی کە لەبارەی ژیانی خۆیەوە نووسیوێتی ئاماژەی بەم بابەتە کردووە. ئەم ئوسقوفە(کە لەوانەش لەبارەی ئینگلیزەکانەوە دەیوت؛ “بەپێی یاسا سرووشتییەکان، ئینگلیزەکان دەبێت ژێردەست و بەردەستی فەرەنسییەکان بن نەک بەپێچەوانەوە”) لە نووسراوەکەی خۆیدا ئاماژە بە کێشەیەک دەکات کە بۆ دۆزینەوەی کۆڵەکەگەلێک بە درێژایی ٣٥ پێ(نزیکەی ١٢ مەتر) بۆ میچی کڵێسەی سان دەنی لە بەردەمی بووە. ئەو وەستایانەی کە کاروباری پەیوەندیدار لەگەڵ چێوی بیناکەیان لە ئەستۆ بووە پێیان وابوو کە لە ناوچەی دەوروبەری پاریس تەنانەت یەک کۆڵەکەش بەم درێژییەوە نەدەبینرایەوە و دەبێت لە دارستانە دوورەکاندا بەدوایدا گەڕابان. بەڵام سوژە ئەمەی قبووڵ نەکرد و بە وتەی خۆی؛ “شەوێک، لە گەڕانەوەی لە نوێژی شێوان، لە ناو جێگاکەمدا چوومە خەیاڵاتەوە و بڕیارم دا خۆم سەرێک لە دارستانەکانی دەوروبەر بدەم و بەوردی سەرنجی هەموو شتێک بدەم، بەڵکوو بەو شێوەیە کۆڵەکە پێویستەکان پەیدا بکەم. بێ سێ و دوو هەر سەرقاڵی و ئیشێکم دیکەم هەبوو وەلامەوە نا و بەیانی زوو لەگەڵ وەستاکارەکان و خشتەی ئەندازەی کۆڵەکەکان بەرەو دارستانی ئیولین بەڕێ کەوتم. لە کاتی تێپەڕین لە موڵکەکانمان لە دەربەندی شورووز، خایەمان و پاسەوانەکانی زەوییەکانمان و هەموو ئەو کەسانەی کە دارستانیان بەباشی دەناسی بانگم کردن و بە سوێنددانیان داوام لێکردن کە پێم بڵێن ئایا ئەو کۆڵەکانە بەو ئەندازانە لەوێڕا پەیدا دەبن یان نا. بە بیستنی قسەکانم بزەیان کرد و بەدڵنیاییەوە ئەگەر بواریان هەبا دەیاندایە قاقای پێکەنینیش. ئەوان سەرسووڕمانی خۆیان نەدەشاردەوە لەوەی کە ئێمە نازانین لە سەرانسەری ئەو ناوچەیەدا ئاوەها کۆڵەکەیەک نابینرێتەوە، بەتایبەتی لەو کاتە بەدوا کە میلۆن؛ زەوینداری ناوچەکە، کە لە کەسانی سەر بە ئێمە بوو و نیوەی دارستانمان وەکوو کرێ دابوو بە ئەو و کەسێکی دیکە، و هەر لە دێرزەمانەوە لەسەر هەندێک لە دارستانەکان لەگەڵ پاتشا و ئاموری دێ مونفور دەمەقاڵە و کێشەیان هەبوو، شتێکیان(لە دارستان) بە ساغی نەهێشتبووە و بینا و پتەوکاریی بەرگریکارانەی سێ نهۆمییان دروستکردبوو. بەڵام ئێمە هیچ گوێمان بە وتەکانیان نەدا و بە دڵقاییمی و ئیرادەی پتەوەوە کەوتینە گەڕان لە ناو دارستاندا؛ لە هەمان بەیانیی زووەوە کۆڵەکەیەکم بەو ئەندازە شیاوە دۆزییەوە. باشە لەمە چاکتر چێمان دەویست؟ تا کاتی نوێژی نیوەڕۆ، یان ڕەنگیشە پێش لەوە، توانیمان لە پێچ و پەنای دارەکانی دارستاندا دوانزە داری شیاو بدۆزینەوە و ئەمەش واتە هەمان ئەو ژمارە کۆڵەکانەی کە پێویستمان بوو.”
ئەم دارستانەی کە ئوسقوف سوژە باسی دەکات و لەو سەردەمەدا بەشێکی گەورە لە ناوچەی باشووری ڕۆژئاوای پاریس دادەپۆشی. هەنووکە، پانتاییەکەی تەنها پانزە هەزار هەکتارە و ناوی دارستانی ئیولینە لە حاڵێکدا دارستانە سەرەکییەکە ناوی ڕامبۆ بوو. ناوچەی ئیسارلۆرا، کە ناوەکەی بەبیرهێنەری دارستانقڕانە گەورەکانی سەدەکانی ناوەڕاستە، هەر لەم ناوچەیە دایە. ڕێچارد فیتز نیگڵ، خەزنەداری پاتشای ئینگلیز، لە ساڵی ١١٧٠ لە گەرمەی یەکێک لە گەورەترین جووڵەکانی دارستانقڕانەکانی ئەو سەردەمەدا دەنووسێت کە “ئیسار” بە مانای “بڕینی دارەکانی دارستان و بێشەڵانە بۆ کردنیان بە لەوەڕگە و مەزرا”یە. چەند ئامار و ژمارە، کە لە بەڵگەکانی ژمێریاریی ئەو سەردەمانەدا دەرهێنراون، دەتوانن ڕێژەی لەناوچوونی یەدەکە سرووشتییەکان پیشان بدەن. بۆ دروستکردنی خانوویەکی ئاسایی کەم و زۆر پێویست بە دوانزە داری بەڕوو هەبوو. لە ناوەڕاستەکانی سەدەی چواردەیەم لە ئینگلیزدا، بۆ دروستکردنی کۆشکی ویندزور دارەکانی سەرانسەری دارستانێکیان بڕییەوە؛ دە ساڵ دواتر، (٩٤٠) دار بەڕووی دیکە لە دارستانی کومب پارک تلانەوە و ژمارەی کۆی ئەو دارانەی کە تەنها بۆ کۆشکی ویندزور بڕابوویەوە گەیشتە ٣٩٤٤ دانە. ڕٶژنامەی تایمزی لەندەن، لە ژمارەی ٢١ی ئوتی ساڵی ١٩٧١ی خۆیدا لە وتارێک لەبارەی پیسبوون و مەرگی دارستانی شروود ئاوای نووسی کە؛ “ئیتر لە دارستانی ڕابین هوود زیاتر لە ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ بەڕوو نەماوەتەوە.”
بەم شێوەیە، خەڵکانی سەدەکانی ناوەڕاست ژینگەی خۆیان بەرەو لەناوچوون دەبرد و یەدەک و خەزێنە سرووشتییەکانیان بە تاڵان دەدا. بەدواداهاتەکانی ئەم تاڵانکارییە هەر زوو دەرکەوت. لە سەدەی سێزدەیەمدا، لە “دووە” لە باکووری فهڕهنسا، چێو بە ڕادەیەک دەست نەدەکەوت و گران بوو کە خەڵکانی هەژار بۆ ئەسپەردەکردنی مردوەکانیان تابووتیان نەدەکڕی و تەنها بەکرێیان دەگرت. پاش ڕێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمەکە و ماڵاوایی خزم و خوێشان، مردووەکەیان لە تابووتەکە دەردەهێنا و بە بێ تابووت ئەسپەردەی خاکیان دەکرد و تابووتەکەیان دەگەڕاندەوە بۆ خاوەنەکەی. بۆ پڕکردنەوەی هەندێ کەموکوڕیی لە مادە سەرەتاییەکاندا پێویست بە هەندێ کردەی داهێنەرانە دەبوو و چارەسەریی هەندێک لە کێشە نوێ پیشەییەکانیش پێویستییەک بوو. کەمبوونی دار و دارەڕا و تەختەی پان و درێژ وای لە دارتاشانی ئەو سەردەمە کرد کە شێوەی ئیشەکەیان بگۆڕن و بۆ دروستکردنی کۆڵەکەی چێوین تەختە کورتەکان بەکار بهێنن، و ڤیاد دئێونکور، ئەندازیاری ناوبەدەری سەدەی سێزدەیەم لە گەڵاڵەکانیدا پیشانی دا کە “ چۆن دەکرێت بە کۆڵەکەهایەک بە درێژایی تەنها بیست پێ “شەش و نیم مەتر” پردێک لەسەر ڕووبار هەڵبەسترێت” یان ئەوەی کە “چۆن دەکرێت تەنانەت بە تەختە کورتەکان خانوو و پاردێ دروست بکرێت.” لە هەمان سەدەکانی ناوەڕاستەوە کەسانێک لە ئەوروپا بۆ ناڕەزایەتی دژی لەنابردنی دارستانەکان هاتبوونە دەنگ. هەندێ جار تەنانەت هەندێک ڕێکار بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم کێشەیە بیری لێ کرابووەوە کە لە هەندێک حاڵەتدا کاریگەر بوو، لەبارەی دارستانی دەین لە ئینگلیزدا، لە دەیەکانی سەرەتای سەدەی سێزدەیەمدا”پلەدارەکانی پاشایەتی ئاوایان بڕیار دا کە ئاستی بەکارهێنانی ئەم دارانە لە کوورەکانی ئاسنگەری دەرباردا کورت بکەنەوە.” دواتر، لە ساڵی ١٢٨٢دا ڕاپۆرتێک لەبارەی زیانەکانی هەبوونی ٦٠ کوورە لەم دارستانە پاشایەتییەدا ئامادە کرا. لە ناوچەی دوفینەی فهڕهنسا، نوێنەرانی جێگری پاتشا بەشێوەی فەرمی ئاسنگەرانی ئەم ناوچەیەیان وەکوو بەرپرسی لەناوچوونی دارستانەکان ڕاگەیاند و خوازیاری گرتنەبەری ڕێکارە پێویست و جیدییەکان لە دژی ئاسنگەران و داربڕەکان بوون.
لە ساڵی ١٢٥٥دا، لە دارستانی ڤیلینگتۆنی ئینگلیز، دوو کوورەی قسڵسازی(آهک پزی) بەهۆی بەکارهێنانی پانسەد داری بەڕوو لە ساڵدا وەکوو تاوانبار ناسێنران. لە ناوچەی کولماری فهڕهنسا، لە سەدەی سێزدەیەم، چالاکیی ئەو کارگە دارتاشیانەی کە بە هێزی ئاو ئیشیان دەکرد قەدەغە کران. لە ناوچەی شل، بەکارهێنانی نایاسایی دارستانەکانی پەیوەست بە دەیرێک لە ساڵی ١٢٠٥ یاساغ کرا و کۆمەڵێک یاسا و ڕیسای بۆ دانرا. لە ئیتالیا، شارەداریی مونتاگولوتو هەر زەویندارێکی ناچار دەکرد کە ساڵێک دە دار بچێنێت. لە ئینگلیزدا، بۆ پاسەوانیکردن لە دارستانە زۆر بەربڵاو و فرەڕووبەرە گشتییەکان کۆمەڵێک یاسا و ڕێسا دانران کە جێگەی خۆشحاڵیی خەڵک بوو. پاشاکانی نورمان ئەم یاسایانەیان نەک بە مەبەستی پاراستنی ژینگە بەڵکوو بۆ پاسەوانیکردنی نێچیرگەکانی خۆیان پەسەند کردبوو. بەڵام هەر ئەم پاشایانە کاتێک تووشی کێشەی دارایی ەوە بە بێ هیچ دوودڵی و تێبینییەک بواریان بە بڕینەوەی دارەکانی ئەو دارستانە دەدا. ڕیچاردی یەکەم، لە ساڵی ١١٩٠دا کە یەکەمین ساڵی حوکمڕانی بوو، لەبری فرۆشتنی دارستانێک کە لە کێنت تا گیلفورد درێژی و پانتایی هەبوو ٢٠٠ مارکی لە شاسوار(شوالیە)ی سوری وەرگرت. لە ساڵی ١٢٠٤، خەڵکانی ئێسێکس بۆ وەرگرتنی ودمی بڕینی دارەکانی دارستانەکانی کولچێستێر ٥٠٠ مارک و پێنج ئەسپی ڕازێنراویان پێشکەشی پاتشا کرد. لە هەمان ساڵدا، خەڵکی کورونوای ٢٢٠٠ مارک و خەڵکانی دوڤێن ٥٠٠٠مارکیان بۆ بڕینەوەی داری دارستانەکانی ناوچەکەیان دا. لەناوچوونی وردەوردەی دارستانەکان و گرانبوونی چێو وای لە ئینگلیز کرد کە لە ئەسکاندیناڤیاوە چێو هاوردە بکات و بە دوای جۆرێک سووتەمەنیدا بگەڕێت کە جێگەی چێو بگرێتەوە. لە ساڵی ١٢٣٠دا. یەکەمین کەشتییەکان کە هەڵگری سنەوبەری نەرویژی بوون لە بەندەری گریمسبی لە ڕۆژهەڵاتی ئینگلیز لەنگەریان گرت. لە ساڵی ١٢٧٤دا وەستای دارتاشی کڵێسای گەورەی شاری نوروڤیچی ئینگلیز ناچار بوو بۆ کڕینی کۆڵەکەکان و تەختە پێویستەکانی بڕوات بۆ شاری هامبورگی ئاڵمان. ئەو سووتەمەنییە تازەیەش کە بۆ بەکارهێنان لەباتی چێو دۆزرابووەوە “خەڵووز” بوو.
سەرچاوە؛ ژان گمبل. انقلاب صنعتی قرون وسطی. مترجم مهدی سحابی. نشر مرکز. ١٣٧٤. تهران
نووسین؛ ژان گەمپڵ
وەرگێڕانی بۆ کوردی؛ حەمیدە حەسەن/ هونەرمەند







































































