ڕەوتی فیکریی ناوسراو بە حووجەتییەی مۆدێرن” (کە لەگەڵ جەبهەی پایداری، ئاڵقەی نزیک لە سەعیدی جەلیلی و هەندێ لە سیماکانی دەوڵەتی پێشوودا هاونەوایە) بە پشتبەستن بە خوێندنەوەیەکی پەڕگیرانە و ئاخرزەمانی لە ئەندێشەکانی سەید قوتب و ئایەتوڵلا میسباح یەزدی، دزەی کردووەتە ناو قووڵایی پێکهاتەی دەسەڵات لە ئێراندا. ئەم ڕەوتە بە فیگەرێکی “سووپەر شۆڕشگێڕ”، دیپلۆماسی و دانوستان بە خیانەت دەزانێت و جەنگی ئەبەدی و هەمیشەیی لەگەڵ جیهانی غەیری موسڵمان وەکوو پێویستییەکی ئایدۆلۆژیک پێناسە دەکات. لە کرداردا، ئەم جیهانبینییە بووەتە هۆی سڕینەوەی سیستەماتیکی ئهقڵانییەت، ئابووری و تێکنۆکراسی. “پەتیخوازیی وێرانکار”ی ئەم ڕەوتە، هەر دەنگێکی میانڕۆ یان شارەزای گۆشەنشین کردووە و پەیکەرەی کۆمەڵگای لە دەسەڵات جیا کردووەتەوە. ئەنجامی ئەم تێڕوانینە، ئیفلیجبوونی ئابووری، لاوازبوونی پێگەی ژێئۆپۆلیتیکی ئێران، هەڵاتنی سەرمایە و مێشکەکان، بێکاریی بەربڵاو و بەڕێوەبردنی کارەستباری وڵات لە سێبەری گەمارۆکان و پەرتخستن و پەراوێزکردنێکی نێودەوڵەتییە. لێرەدا سەرنجەکانی خاتوو مەهدیە گولڕوو؛ چالاکی سیاسیی لەبارەی ئەم قەڵشتە پێکهاتەییە لە ناو کۆماری ئیسلامیدا دەخەینە ڕوو.
“قەڵشتی قووڵی ناو دەسەڵات؛ دووانەی ئایدۆلۆژی یان مانەوە لە پاش خامنەیی”
بابەتێک کە هەنووکە لە فەزای سیاسییدا مشتومڕی زۆری لەسەرە جۆری ئەو ڕووانینەیە کە خودی پێکهاتەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات زیاتر لە جاران پەرەی پێ بدات؛ دروستکردنی دووانەیەک و بەرجەستەکردنی قەڵشتی قووڵی نێو پێکهاتەی دەسەڵات. بە مانایەک ئەوەی کە تا پێش ئێستە هەندیک وەکوو “ناوکی ڕەقی دەسەڵات” ناویان دەهێنا، ئێستە زیاتر بەرەو ئەوە ڕٶشتوون کە لە خەڵک مەودا وەردەگرن. پاش کوژرانی خامنەیی کە بە جۆریک ڕۆڵی هاوسەنگکەرەوەی نێوان هێزەکانی هەبوو، بەریەککەوتن و دەستەویەخەبوونەکانی ناو حوکمەت کە لە سەردەمی سەرۆککۆماریی ئەحمەدی نەژادیش هەبوو بە شێوەیەکی بەرفراوان زیاد بووە. ئەگەر خامنەیی بە هەڵوێستێکی یەکلایەانە یان کۆکردنەوەی ناکۆکییەکان، فەزاکەی کۆنترۆڵ دەکرد، هەنووکە، بەتایبەت لە دوو سێ حەوتەی دواییدا ئەم بەریەککەوتنانە زۆر زیاتر بووە و بووەتە هۆی ئەوەی زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە ئەم ڕەوت و گرووپانەی نێو دەسەڵات خەریکی سیناریۆسازی و کێبڕکێی تووند و تۆڵ بن تاکوو ئۆردووگا و بەرەی خۆیان بەهێزتر نیشان بدەن و بیسەلمێنن کامەیان زیاتر لە پێناو بەرژەوەندیی دەسەڵاتدا دەجووڵێتەوە؛ “ڕەوتی پایداری” (کە وەکوو حوجەتییەی مۆدێرن دەناسرێت) دەڵێت؛ ئێمە هێشتا پابەندی دیسیپلین و بنەماکان و ئامانجەکانی شۆڕشی ئیسلامین. لەوانەش دژایەتیکردنی ئەمریکا و ئیسرائیل. لایەنی بەرامبەریشیان دەڵێت؛ نەخێر، ئەمە ئێمەین کە بە واقیعبینییەوە و لە ڕێگەی دانوستان و کۆتایی هێنان بە جەنگ، خەریکین سیستەمی ئیسلامی دەپارێزین. لە دواجاردا هەردووکیان بانگەشەی ئەوە دەکەن گوایە ئامانجی سەرەکییان پاراستنی نیزام و دەسەڵاتی ئیسلامییە؛ بەڵام یەکیان ئایدۆلۆژی و ئامانجەکانی شۆڕشی بە ئەولەوییەت داناوە و ئەوی دیکەیان مانەوەی کۆماری ئیسلامی و درێژەدانی بوونی ئەم ڕژێمە.
دەبێت بزانین کە پشتگیریی عەلی خامنەیی لە ڕەوتە تووندئاژۆکان هیچ کات بەشێوەیەکی تەواو و بێ مەرج نەبووە، بەڵکوو تێڕوانینێکی دووپاڵانە و ئاڵۆزی هەبووە. خامنەیی بە پشتگیریکردنی سیماگەلێکی وەکوو میسباحی یەزدی و بەهێزکردنی “ڕەوتی پایداری” لە ڕێکخراوەکان و لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا، بەستێنێکی بۆ هەیمەنەی ئەم گرووپە ڕەخساندبوو و لەسەر ئەمە هیچ گومانێک لە ئارادا نییە. بەم حاڵەشەوە، لەم ساڵانەی دواییدا بە پێداگریکردن لەسەر ئهقڵانییەت، خۆپاراستن لە پەڕگیری و پشتگیریی مەرجدار لە دیپلۆماسی، تا ڕادەیەک لەم ڕەوتە تووندئاژۆیە مەودای گرتبوو. ڕەنگە هەر بەم هۆیەشەوەیە کە کێبڕکێ و ڕکابەرییەک لە نێوان ڕەوتە کێبڕکێکارەکان لەسەر قسەکانی ئەو و ڕاڤەیان بە ئاراستەی بەرژەوەندییەکانیان دروست بووە. پاش کوژرانی خامنەیی، زۆرێک وایان لێک دەدایەوە کە لابردنی ئەو ڕەنگە ببێت بەهۆی داڕمانی پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی، بەڵام ئێستاکە بە تێپەڕێنی دوو مانگ، ئاوەها شتێک ڕووی نەداوە و ئەمە نیشان دەدات کە پێکهاتەیک سەرووتر لە ڕێبەر بوون هەیە؛ پێکهاتەیەک کە بەزۆری سەربازی و میلیشیاییە و کۆی جومگەکانی بە دەست سوپا، بەیتی ڕێبەر و هێزە گرێدراوەکانێتی.
ئهقڵانییەتی بەرمەبەستی خامنەیی، ئهقڵانییەتێکی ئایدۆلۆژک و شۆڕشگێڕانە بوو، نەک ئهقڵانییەتێکی سیاسی و بەرژەوەندی تەوەری باو. هەر بۆیە، تەنانەت کاتێک باسی ئهقڵانییەتی دەکرد، ئەوەلەوییەتی بە پاراستنی بنەما ئایدۆلۆژیکەکان(وەکوو دژایەتیی هەمیشەیی ئەمریکا و ئیسرائیل و دروشمی “شەڕ شەڕ تا سەرکەوتن”“ دادەنا نەک تەنها مانەوەی ڕژێم لە ڕێگەی دانوستان و گفتوگۆوە. لە ئێستادا هێشتا ململانێ لە نیوان دوو ئۆردووگا (یەکیان کە ئەولەوییەت بە ئایدۆلۆژیا دەدات و ئەوی دیکەیان کە ئەولەوییەت بە مانەوەی ڕژێم لەڕێگەی گفتوگۆوە دەدات) درێژەی هەیە و هیچ کامیان بەشێوەیەکی ڕەها و یەکلاکەرەوە باڵادەست نین. میدیا جیاوازەکانیش هەر کامەیان هەڵوێستی دژیان هەیە و تەنها کاتێک دەکرێت ئاراستەی کۆتایی دەستنیشان بکرێت کە یەکێک لەم دوو ڕەوتە، بەتایبەت بە پشتگیریی هێزە سەربازییەکان و سوپا، قورسایی و باڵادەستیی ئاشکرا پەیدا بکات.
“لە شەقامەوە تا مێزی گفتوگۆ؛ ململانێی نوێی دەسەڵات”
لەگەڵ ئەمەشدا هەر لە ئێستەوە دەبینین کە هەر کاتێک کۆمار لە ڕێکەوتن یان لێکتێگەیشتنێک نزیک دەبێتەوە، دەنگی “حوجەتییەی مۆدێرن” بەرزتر دەبیسترێت. ئایا ئەمە ناکۆکییە بەرەییەکانە کە وکوو ئامرازێکی مشتومڕ لەسەر میزی گفتوگۆ دەردەکەوێت؟ یان بەریەککەتن و یان دیپلۆماسییە؟ بە سەرنجدان بەو دروشمانەی کە پاش یەکەمین گەڕی دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد لە شەقامەکان لە دژی قالیباف وتران و هەروەها گردبوونەوە و دەستێوەردانگەلی سیاسیی کە لە گۆڕەپانەکانی تاران لە دژی دانوستانەکان بەڕێوە چوو، دەردەکەوێت کە گۆڕەپان یان مەیدان لە دەستی هەمان ڕەوتی تووندئاژۆدایە کە وەکوو حوجەتییەی مۆدێرن ناویان دەبرێت. لەگەڵ ئەمەشدا ئەو گرووپەی کە ئێستا دانوستان دەکات، لە ڕووی سەربازییەوە پشتگیریی بەهێزی هەیە و لە ڕواڵەتدا لەگەڵ دەستەی ڕێبەریدا هاونەوایە. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا لە دوو مانگی ڕابردوو هەموو کۆڵەکەکانی کۆماری ئیسلامی هەوڵیان دا خەڵک لە سەر شەقام ڕاگرن، بەشێوەیەک کە ئێستە گۆڕینی ئاراستەکە بەرەو ڕێککەوتن بەم ئاسانیانە فەراهەم نابێت. ئەم گۆڕانکارییە بۆ ڕای گشتیی نامومکین دێتە بەرچاو و پێویستیی بەکات هەیە. هەر ئەمڕۆ دەبینین کە نوێنەرانی پەڕلەمانی ئێران لە وتووێژەکانیاندا داکۆکی دەکەن “ئێمە لە سۆنگەی هێزەوە دانوستان دەکەین” تا هەم لایەنگرانی خۆیان ڕاگرن و هەمیش لایەنی شۆڕشگێڕ و حوجەتییە بگەیەنن بەم ئەنجامە کە دانوستان بەمانای شکست و سەردانەواندن لە هەمبەر بکوژانی خامنەیی نییە. ئەم پرۆسەیە دەستی پێ کردووە و بە ئەگەری زۆرەوە لە ڕۆژانی داهاتوودا هەر ڕادەیەک گوتارسازی و زاڵبوونی ئەم نیگایە زیاتر بێت، ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتن لە دانوستانەکان زیاتر دەبێت. بەڵام ئەگەر دانوستانکاران بە بێ یەکخستنی بەشی حوجەتییەی مۆدێرن و هێزە پشتگرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بڕیارێک بدەن، بەدڵنیاییەوە تووشی کێشە دەبن؛ چونکە لە دواجاردا ئەم هێزانەن کە وەکوو هێزی سەرەکیی مانەوەی کۆماری ئیسلامیی هەژمار دەکرێن.
“حوجەتییەی مۆدێرن؛ بنبەستی ئهقڵانییەت و کردارمەندی”
بەڵام هێشتا ئەم پرسیارە دەمێنێتەوە کە ئاخێزگەی مێژوویی حوجەتییەی مۆدێرن چییە و تا چ ڕادەیەک چەمکێکی نوێ و داڕێژراوە بۆ ئاماژەدان بە ڕەوتە پەتیکارەکانی ئێستا؟ ئایدیای سەرەکی ئەمەیە هەرچەندە ماڵوێرانی و هەشبەسەریی زیاتر بێت ئەوا ئەگەری سەرهەڵدان و دەرکەوتنی “ئیمامی زەمان (حەزرەتی مەهدی)” دەچێتە سەرەوە. ئەم ڕوانینە پێش شۆڕشی ئیسلامی زۆر بەربڵاو و گشتگیر بوو، دوایی کاڵ بوویەوە و پاشان دووبارە هێزی گرتەوە. لە بنەمادا و بەپێی ئەم ڕوانینە هەر ڕادەیەک ڕەشایی و تاریکیی جەنگ و داڕمان و وێرانەیی زیاتر بێت، ئەو گرووپە زیاتر لە ئەنجامی بەرمەبەستی خۆی نزیک دەکەوێتەوە. باسە گرنگەکە ئەمەیە کە ڕێک هەر لەو ڕووانگهیەشەوە ئۆپۆزیسیۆن دەبینین کە باوەڕیان وایە هەر ڕادەیەک بۆردومان، وێرانیی تاران و هەژاری و لەناوچوون زیاتر بێت، ئەگەری کەوتنی کۆماری ئیسلامیش زیاتر دەبێت. ڕەچەڵەکی هەر دوو ڕووانگهکە یەکێکە؛ هەر ئەندازە ڕەشایی و دووکەڵ زیاتر بێت، چانسی سەرکەوتنیش زیاتر دەبێت. بەڕای من بەرەی پایداریش ئاوەها نیگایەکی ئاخرزەمانی بۆ بابەتەکە هەیە، لە حاڵێکدا گرووپی دیکە کە بەرژەوەندیی زیاتر لەبەرچاو دەگرن و ڕووانگهکەیان نائایدۆلۆژیک تر و واقیع بینانەترە، بەرەو دانوستان هەنگاو هەڵدەگرن. ئەو زیانانەی دروست دەبن بەهۆی ئەم تێڕوانینەوە چ لە فۆرمە ئاخرزەمانییەکەی کۆماری ئیسلامی و چ لە شێوە ئاخرزەمانییەکەی دیاسپۆرا و ئۆپۆزیسیۆندا هەر سەرمایەی مرۆیی دەکاتە قوربانی؛ یەکەمین خەساریش نەدیتەگرتنی تەواوەتیی ئهقڵانییەتی.
لەم ڕووانگه ئایدۆلۆژیکەدا ئهقڵانییەت بە مانای ڕاستەقینەی پڕ بە وشە واتە هەمان لۆژیکی دوو زێدەی دوو دەبێت بە چوار و ژمێریارییەکی ئابووری بوونی نییە. بەپێچەوانەی ئهقڵانییەتی باو کە چاکە و خراپەکان دەکێشێت و هەڵیان دەسەنگێنێت و لە تای تەرازوویان دادەنێت و بژاردیەک هەڵدەبژێرێت کە بەرژەوەندیی زیاتری بۆ خەڵک هەبێت، لێرەدا هەموو شتێک ڕەهایە؛ ئەم چاکەی ڕەهایە و ئەوی تریان خراپەی ڕەها. ئەنجامی ئاوەها بیرکردنەوەیەک، لەناوچوونی ئهقڵانییەت و خواستێک بۆ ڕزگارکەرخوازی و هیوا ئاخرزەمانییەکانە کە کۆمەڵگا بەرەو لەناوچوون و هەڵوەشانەوە پاڵ پێوە دەنێت. دووەمین خەساری گەورە دروستکردنی بنبەستێکە لە کردەگەری و چالاکیی مەدەنیدا. کاتێک ئامانجەکە بوو بەمە کە هەر ئەندازە هەلومەرجەکە خراپتر، تۆقێنەرتر و ڕەشتر بێت، ئەگەری گەیشتن بە ئامانج( دەرکەوتنی ئیمامی زەمان، کەوتنی ڕژێم یان هەر هێزێکی جێگرەوە) زیاتر دەبێت. لە ڕاستیدا بەم شێوەیە بنەمای سەرەکی و بنەڕەتی کردەگەری و چالاکیی کۆمەڵگای مەدەنی واتە هەڵگرتنی هەنگاوە بچووک بەڵام بەردەوامەکان بەرەو چاکسازی و دۆخی باشتر، دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە. ئەم تێڕوانینە لە بواری ژنان، کرێکاری و هەر بوارێکی مەدەنیی دیکە، کردەگەرێتی بێمانا دەکات چونکە لەباتی هەوڵدان بۆ باشتربوون، خوازیاری خراپتربوون و ڕەشتربوونی دۆخەکەیە.
سەرچاوە؛ رادیو زمانە
وەرگێڕ؛ ئاراس ڕۆژهەڵاتی







































































