وەک چۆن لە زمانی کوردیدا هاوواتاییمان هەیە، بە هەمان شێوەش فرەواتاییمان هەیە، واتە وشەمان هەیە فڕە ڕەهەندە و واتا و مەبەست و چەمکی جیاواز دەبەخشێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەهێزیی و دەوڵەمەندی زمانەکەمان، وشەمان زۆرە کە خاوەن ئەم تایبەتمەندێتییەن، بۆئەوەی باسەکە درێژە نەکێشێت، لێرەدا تەنها یەک وشە، (نان) بە نموونە وەردەگرین، لە وتارێکی تردا باسی وشەی تر دەکەین.
نان: خواردنێکی سەرەکی ژەمەکانمانە، لە ئاردی دانەوێڵە بەگشتی (گەنم، جۆ) لەگەڵ ئاو و خوێ، هەویر دروست دەکرێت، دوای ئەوەی دەبرژێنرێت، دەبێت بە نان. بە تەنها ئەم وشەیە، کە لە سێ پیت (ن+ ا + ن) پێکهاتووە و هەر بە هەمان ڕێنووس، واتای جیاواز دەبەخشێت و فرە ڕەهەندە.
– نان: بە واتای نان، نانی تیری، یان کولێرە… ئەوەی کە لە دانەوێڵە دروست دەکرێت.
– نان: بە واتای چێشت، کاتێک بە کەسێک دەڵێین:
نانت خواردووە؟ یان ئەوا بوو بە عهسەر و هێشتا نانی نیوەڕۆم نەخواردووە! یان نانی ئێوارەت خواردووە؟ لێرەدا مەبەست لە نانی تیری و کولێرە نییە، مەبەست لە چێشت خواردنە.
– نان: وەک هێمایەک بۆ ڕسق و بژێویی، وەک دەڵێن: نانی حەڵاڵ بۆ ماڵ و منداڵی پەیدادەکات. یان بەدوای ناندا ڕادەکات.
– لەگەڵ وشەی تردا، ئەم دەستەواژانەی لێ دروست دەبێت:
نان بدە: بەخشینی نان، بە کەسێک دەڵێن میواندۆست بێت.
نانەسکی: کارێکە بەرامبەر بە تەنها سک تێرکردن، هیچ پاشەکەوتی نییە.
نان بڕ: کەسێک کە دەبێتە هۆکاری بڕینی نان و ڕسقی خەڵکی تر.
نانکوور: زۆر خۆر.
نانکوێر: سپڵە، بەد نمەک.
نانگیر: زەوییەک کە بۆ چاندنی گەنم و جۆ باش بێت.
نانکەر: ئەو کەسەی نان دروست دەکات.
نانفرۆش: نان فرۆشتن.
نانەوایی: کاری نانکردن و فرۆشتنی.
نانەواخانە: شوێنی دروستکردنی نان.
نانەوەر: نانخۆر.
نان پۆدای: نان پێوەدان.
نان و دۆبڕ: بە کەسێک دەڵێن ناشکور بێت.
نان و نمەک، یان نان و خوێ: ئاماژەیە بۆ وەفاداریی و بەئەمەکی.
نان دێن: شوێنێک کە نانی تێدا هەڵبگیرێت، یان دەفرێکە کە نانی تێدا هەڵدەگیرێت.
نانەهەنجیر و نانەقەیسی: هەنجیر و قەیسی یانەوەکراوی وشکەوەکراو.
– نان لە پەندی پێشینان و پەندەکانی پیرەمێردا:
نان لە قوڕگی شێردایە.
نانی کەوتە ڕۆنەوە.
کەس نان و پیازی پێوە نەخوات.
نان ئهو نانهیه، ئهمڕۆ لهخوانه.
نان بۆ نانهوا، گۆشت بۆ قهساب.
لەسەر بەردی ڕەق، نان پهیدا دهكات.
میوان نان ئەخۆی؟
نانم، بە ساجەوە نەسووتاوە!
نان خۆمهو كوزهڵهی كانی، میوانی ههی میوانی.
نان بدە بە سەگ مەیدە بە سپڵە.
بە نان و ئاوی کەس نیم.
شێر، بە نانە ڕەق بەخێو ناکرێ.
نان و دۆیەکی بێ منەت، هەزار تەختی پاشایەتی دێنێ.
نان و دۆیە بەخوڵك و خۆیە.
ئەگەر بەفرە ئەگەر بارانە، مووچەی من هەر دوو نانە.
هەرکەس بەتەمای خاڵ و مامۆ بێ، سبەینان بێ نان، شەوان بێ دۆ بێ.
بە کەسێک دەڵێن عەقڵی تەواوە، خەمی نان بخوا، شووتی هەر ئاوە.
شوان دهڵێن: شوانی پێ ئیفتیخاره، نان چنینهوهی، لا عهیب و عاره!
پەندەکانی پیرەمێرد:
ههندێ ناسراون، به خهڵک ئهوهڕن
نانێ له بهشهر به شهڕ ئهپچڕن
– نان لە شیعردا:
سالم:
هەموو جار چواردە یاپراخ و دوو جووت نانی قەوی
بای دەدا، لوولی دەدا، قووتی دەدا میسلی دەواب
چنگی گورگی کە بە یەک حەملە لە گۆشت ڕاماڵی
هاتە یادم ساعەتەن زەحمەتی مەڕ، جەوری قەساب
ئەحمەد موختار جاف:
ڕووڕەشیی دونیا و قیامەت ئەو نەفامانەن کەوا
هەجوی قەوم و میللەتی خۆیان بە پارە و نان ئەکەن
حەریق:
نان و ئاوی ئەهلی دڵ، هەر غوسسەیە و خوێنی جگەر
دەستی بەرداوە لە عورزە، تالبی نانی بەلاش
قانع:
شێخی من نوقڵ و نەباتە، پیری من نان و کەباب
مەیلی من ئەسپ و تفەنگە، نەک لەسەر چەنگ و ڕوباب
هەژار:
چەپگەردی گەردوون گەڕان کوشتمی
نەزان پەرەستی بۆ نان کوشتمی
– نان ڕەهەندێکی کۆمەڵایەتی و چینایەتی هەیە: دەقی (دوو دیمەن) ی د.فەریدون عەبدول بەرزنجی بەنموونە وەردەگرین:
(دوو دیمەن)
لە پەنجەرەی کۆشکێکەوه
تێرێک دەستی
بە ورگی خۆیا ئەهێناو
ئەیوت: سەیرە
هێجگار سەیرە
چۆن لەتێ نان
ئەبێتە تەنیا دروشمێ
بۆ شۆڕشی برسییەکان؟
*
دنيا شەو بوو
برسييەكيش
لە کەلاوەیەکی کۆنا
بەئاگا هات
سەری هەڵبڕی بۆ ئاسمان
مانگی لێ بوو بە لەتی نان!
– نانی ڕەق، یان نانە ڕەقە: لەتوپەتی نانی وشک، بەتایبەتی نانی تیری، یان نان بەگشتی کە کۆن دەبێت و دەمێنێتەوە پێی دەڵێن نانە ڕەقە، ئەمەش لە شیعر و ئەدەبییاتدا هێمایەکە بۆ ئەوپەڕی نەبوونی و نەداریی.
عەلی عارف ئاغا:
هەر بۆ دوو پاروو نانە ڕەق
لە دەستم چوو قەواڵەی حەق
هێزم نییە شوێنی کەوم
نەوەک ببمە دووچاری شەق
– نان لە گۆرانی کوردیدا، هۆکاری سەختی و نەهەماتی ژیانی کرێکار و هەژارانە، هێمایەکە لە دژی چەوساندنەوە. گۆرانی نەجمەدینی غوڵامی، شیعری: موسڵح شێخوئیسلامی ناسراو بە (ڕێبوار):
من ئەو کەسەم، هەموو ڕۆژێ،
هەی ژین، هەی ژین
ژیانی ئەمڕۆم ئەفرۆشم،
بۆ کڕینی نانی سبەی!
…
ئەی داد هەی داد،
هەی داد هەی داد
لەم بازاڕە بێڕوحمەدا،
ژیان هەرزانترە لە نان!
نموونەی ترمان زۆرە لە پەند و ئیدیۆم و گۆرانی و شیعر، کە وشەی (نان)یان تێدا بۆ مەبەستی جیاواز بەکارهاتووە.
کورت و پوخت: بەگشتی نان لە زمانی کوردیدا، واتاکەی زۆر لەوە فراوانترە کە هەر بە تەنها ئەو نانە بێت کە لە (ئاردی دانەوێڵە) دروست دەکرێت، بە واتای چێشت و خواردن و ڕسق و بژێویی و ژیان و بەردەوامی دێت، هێمایەکە بۆ تێکۆشانی هەژاران لە دژی چەوساندنەوەی دەسەڵات، بەشێکە لە عزەت و کەرامەتی مرۆڤ، کە ڕەهەندێکی کۆمەڵایەتی و چینایەتی و سیاسی هەیە و فرە واتایە.
سەرچاوە:
– دیوانی بەشێک لە شاعیران،
– دیوانی فەریدون عەبدول بەرزنجی،
– مەڵپەڕی کوردی پیدیا،
– تۆڕی زارەوەپارێزی وشەدان
– پەندی پێشینان
– هەمبانەبۆرینە،
– فەرهەنگی خاڵ
– فەرهەنگی مەردۆخ
– فەرهەنگی ئەنا هیتا
– کورد واتەنی، نوسینی ع. ع. شەونم.







































































