میشێل؛ ئێمه پێمانخۆشه وشه‌ی خورافه (له جیاتی ئوستووره) به‌كاربهێنین بۆ شتێك كه مانایه‌كی ناڕاستی هه‌یه یان بیروباوه‌ڕێكی چه‌وته، ئه‌مه بۆچی وایه؟
جۆزێف كامبڵ؛ ده‌توانم تێبگه‌م ئه‌و بیرۆكه‌یه چۆن سه‌ریهه‌ڵدا، ئوستووره میتافۆڕه. وێنا سیمبولییهكانی ئوستووره‌ناسی هێزی وێنه ڕۆحییه‌كانه له‌ناو ئێمه‌دا، كاتێك ئه‌مانه وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ڕووداوی مێژوویی-سرووشتی لێكده‌درێنه‌وه و به ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك زانستیش پیشانمان ده‌دات كه ده‌كرا ڕوو نه‌دات، ئیدی تۆیش هه‌موو ئه‌مانه فڕێ ده‌ده‌یت و (وه‌ك خورافه لێی ده‌ڕوانیت). ئوستووره له سیستمێكی چهمكسازییهوه دروست نابێت، به‌ڵكو له سیستمی ژیانه‌وه دێت، له ناوه‌ندێكی قووڵتره‌وه دێنه ده‌ره‌وه و نابێت ئوستووره له‌گه‌ڵ ئایدۆلۆژیا تێكه‌ڵ بكه‌ین. ئوستووره له دڵی شوێنه‌وه دێته ده‌ره‌وه، له ئه‌زموونه‌وه دێت. ته‌نانه‌ت ئه‌قڵ پرسیار ده‌كات بۆچی خه‌ڵكی بڕوایان به‌مه هه‌یه؟ ئوستووره به ته‌نیا ئاماژه بۆ ڕاستییه‌ك ناكات، له ده‌ره‌وه‌ی ڕاستییه‌كه ئاگادارت ده‌كاته‌وه هه‌قیقه‌تێك هه‌یه، كاتێك بیر له‌وه ده‌كه‌یته‌وه؛ “خودا باوكه” و پێت وایه كه ئایا باوكه؟ نه‌خێر له ڕاستیدا وانییه و ئه‌وه ته‌نها میتافۆڕه و ئاماژه‌یه بۆ دوو خاڵ؛ یه‌كه‌م، ده‌روونشیكارییه، هه‌ر بۆیه خه‌ونیش میتافۆڕه و دووه‌میشیان میتافیزكییه. ئێستا خه‌ون میتافۆڕی ناو پێكهاته‌كانی ده‌روونته و خه‌ونه‌كه‌ت وه‌ڵامی ئاستی به دیهاتنیهتی كه ده‌یزانیت و كاری بۆ ده‌كه‌یت. له به‌رانبه‌ریشدا میتافیزیك له وێناكردنی هه‌موو شته‌كاندا ئاماژه‌ی كۆتایی قووڵاییه‌كان ده‌كات. كاتێك ده‌روون و میتافیزیك یه‌كده‌گرن ئه‌وا ئوستوورهكه ڕاستییه، كاتێك ئه‌مه ڕوو ده‌دات ده‌بێت هه‌موو بابه‌ت و (ڕووداوه) كۆمه‌ڵناسی و گهردوونناسییهكان دووباره له‌م ڕوانگه‌یه‌وه شرۆڤه بكرێته‌وه.
به دوو قۆناغ ده‌توانین بچینه ناو ئوستووره، یه‌كه‌م، چوونه قووڵایی و دۆزینه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی خۆت به بوونه‌وه تا بۆت ڕوون بێته‌وه و (ئه‌و خورافه‌یه) تێپه‌ڕێنیت، دووه‌م، بوارێك بێت بۆ كاركردن. وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك چۆن به كارێكی هونه‌ری جیهانی هاوچه‌رخ لێكده‌داته‌وه و ناوه‌وه‌ی خۆمانمان پیشان ده‌دات. بۆ من هه‌موو ئوستووره‌كان یه‌ك سیستمی گه‌وره‌ی پارێزگاریكردنن له هه‌ست (و درككردنهكانمان). پێم وایه وێنه‌ی ئوستووره‌یی نیشانه‌یه‌كی وروژێنه‌ره‌ی وزه‌یه كه دنه‌ی سیستمی بیركردنه‌وه ده‌دات. پاشان وشه‌كان ده‌توانێت وێنه‌ی ئوستووره‌یی بدۆزێته‌وه وێنه‌ی پێكهاته‌كانیشی. له بنه‌ڕه‌تدا ئوستووره‌كان شیعرێكی گه‌وره و زه‌به‌لاحن و تێڕوانینه‌كانمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه هه‌ستی سه‌رسوڕهێنه‌ر و په‌رچوو ئاسا به ژیان ده‌به‌خشن، به‌رده‌وام شاعیرێك هه‌یه له‌ناو سیستمی ئوستووره‌دا كار ده‌كات (و شیعر ده‌ڵێت) و ئه‌و سوودهمان پێ ده‌گه‌یه‌نێت كه وێنه سه‌ره‌كییه‌كانی پێكهاتهكهیمان پێشوه‌خته ده‌خاته به‌رده‌ست هه‌موو ئه‌وانه‌ش پێدانی به‌شێكه له ئوستووره گه‌وره‌كه.
میشێل؛ كه‌واته له گه‌ڕان به دوای تێگه‌یشتندا ئوستووره دروست ده‌بێت.
جۆزێف كامبڵ؛ نه‌خێر، پێموانییه ته‌نها گه‌ڕان بێت بۆ تێگه‌یشتن به‌ڵكو بینینێكی كتوپڕه، تۆ ده‌چیته دارستانێكهوه و به دوای شتێكی دیاریكراوه‌وه نیت، له‌ناكاو سه‌رسامی شوێنه‌كه تووشی سه‌رلێشێواویت ده‌كات، (ده‌بینی) كۆترێك به تهیشتتدا ده‌فڕێت، به‌وه شتێكت پێده‌ڵێت ده‌رباره‌ی جیهانی باڵنده سهرسوڕهێنهكان و سروشت و …هتد. ئه‌گه‌ر شاعیر بیت هه‌وڵده‌ده‌یت ئه‌و سرووشته ئه‌زموون بكه‌یت تا بگه‌یته نهێنی بوون و ژیان. (پێت سه‌یره) بوونه‌وه‌رێكی له‌و چه‌شنه بوونی هه‌یه، گه‌ردوون بوونی هه‌یه، ئه‌وه هانت ده‌دات سه‌رسام بیت و پرسیار بكه‌یت، له سه‌رده‌می ئێمه‌دا وا مه‌یلی بیركردنه‌وه‌مان هه‌یه به شێوه‌یه‌ك وامان لێ بكات هه‌میشه باوه‌ڕمان به‌وه هه‌بێت كه په‌یوه‌ندی به گه‌ڕانه یه‌ك به‌دوا یهكهكانهوه هه‌بێت، ئه‌و تیۆره‌ی ده‌ڵێت ئوستووره هه‌وڵده‌دات وه‌ڵامی پرسیاره‌كان بداته‌وه ده‌رباره‌ی “مانا/واتا” له كۆتایی سه‌ده‌ی ڕابردوو سه‌ره‌تای ئه‌م سه‌ده‌یه زۆر باو بوو، به‌ڵام ئێستا تێده‌گه‌ین {ئوستووره} شیعرێكی درێژه، گه‌وره و زه‌به‌لاحه، وه‌ڵام نیه، هه‌وڵدانه بۆ ده‌ربڕینی تێڕوانینه قووڵه‌كان، له نه‌ریته كۆنه‌كاندا به گشتی له‌مه تێده‌گه‌ین، بۆ نمونه یه‌كێك له‌و سیمبولانه له دایكبوونه‌وه‌ی دووباره‌بوونه‌وه‌ی “كچێنی” ئافره‌ته له ئوستووره‌ی هندییه سووره‌كانی ئه‌مریكادا، ئه‌مه بوو منی به ئاگا هێنایه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی تێ بگه‌م ئه‌و {سیمبولانه} هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به ڕووداوه مێژووییه‌كانه‌وه هه‌یه؟ وێنه‌ی ئوستووره‌یی له‌دایكبوونی په‌رده‌ی كچێنی ئاماژه‌یه بۆ له‌دایكبوونی ژیانی ڕۆحی مرۆڤ، ده‌توانین به هه‌مان پاڵنه‌ره ئاژهڵییهكانهوه بژین و بیگوازینه‌وه بۆ ژیانێكی نوێ بۆ زاوزێ كردن و جێگیركردنی پێگه‌ی خۆمان له جیهاندا، به‌ڵام دواتر چه‌مكی كنه و پشكنین و به دیهاتنی ڕۆحی له به‌رده‌مماندا ده‌كرێته‌وه، له دایكبوونی ژیانی ڕۆحی له بنه‌ڕه‌تدا له‌دایكبوونی پاكیزه‌یه.
میشێل؛ له ئوستووره‌دا چه‌ند ڕه‌گه‌زێك هه‌یه: پاڵه‌وان و بانگه‌واز،”پاڵه‌وان” بۆ یه‌كه‌مجار كه‌ی له ئوستووره‌دا ده‌ركه‌وت؟
جۆزێف كامبڵ؛ له ئوستووره‌دا؟ ئه‌وه جه‌وهه‌ری ئوستووره‌یه، من ده‌ڵێم بابه‌تی گه‌ڕانه به‌دوای دوونیابینی، ئه‌و كه‌سه‌ی شوێن دوونیابینییهك ده‌كه‌وێت، به نزیكه‌یی له هه‌موو ئوستوورهیهكدا به فۆڕمێكی جیاواز ده‌رده‌كه‌وێت.
میشێل؛ كه‌واته {پاڵه‌وان} جه‌وهه‌ری هه‌موو ئوستوورهیهكه؟
جۆزێف كامبڵ؛ به‌ڵێ، چونكه پاڵه‌وان ئه‌و كه‌سه‌یه سه‌ركێشی كردووه و به پهیامێكهوه ده‌گه‌ڕێته‌وه دامه‌زرێنه‌ری نه‌ریته‌كانه، به‌خشه‌ری ژیانه و زیندوێتی ده‌دات به كۆمه‌ڵگاكه‌ی.
میشێل؛ له به‌شی “ڕه‌تكردنه‌وه‌ی بانگه‌واز” له كتێبی “پاڵه‌وانی هه‌زار ڕوو” باس له‌وه ده‌كه‌یت چۆن زۆرجار شوێن كۆمه‌ڵگا بكه‌وین، له كاتێكدا پێچه‌وانه‌كه‌ی گونجاوتره كه شوێنی كۆمه‌ڵگا نه‌كه‌وین، كاتێك باس له وه‌ڵامدانه‌وه و به ده‌مه‌وه‌چوونی بانگه‌وازێك ده‌كرێت.
جۆزێف كامبڵ؛ دوو ڕێگه هه‌یه بۆ ژیان كه ڕه‌گ و ڕیشه‌كه‌ی له ئوستووره‌دا هه‌بێت، یه‌كه‌میان به ساده‌یی بژی، ئه‌وه‌ی من پێی ده‌ڵێم ژیان له “گوند” و مرۆڤ له‌ناو بازنه‌ی گه‌له‌كه‌یدا ده‌مێنێته‌وه، ئه‌مه ده‌توانێت ژیانێكی به‌رز و به‌هێز بێت، به‌ڵام هه‌ندێكیش هه‌ست ده‌كه‌ن ئه‌مه ته‌واوی چیرۆكه‌كه نییه، ئه‌مڕۆ هه‌موو هه‌ل و مه‌رجه مێژووییه‌كان له گۆڕانكاریدان، ئێمه ئه‌و ده‌رگایه‌مان نه‌ماوه بمانه‌وێت له ناسینی كه‌سانی دیكه‌دا دایبخه‌ین، جیهانی نوێ به‌رده‌وام به‌سه‌رماندا ده‌یسه‌پێنن و ژیانمان داگیر ده‌كه‌ن. هه‌ركه‌سێك ئاماده بێت بۆ ئه‌زموونی نوێ به خۆی ده‌ڵێت ژیان به‌م شێوه‌یه نابێت كه ئێمه ده‌ژین، تێده‌گه‌یت مه‌به‌ستم چییه؟ كه‌واته مرۆڤ هه‌وڵده‌دات خۆی بوونیاد بنێت بۆ دۆزینه‌وه‌ی مێشكێكی فراوان و په‌یوه‌ندییه‌كی قووڵتر، له‌لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه زۆر هۆكاری ڕه‌وا هه‌یه بۆ ئه‌وانه‌ی ئه‌مه‌یان ناوێ و ئه‌م درككردنهیان نیه بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ژیانه‌ی خۆیاندا بمێننه‌وه، چونكه كۆمه‌ڵگاكانی ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌نده ده‌ست و دیاری پێیه ده‌توانن وات لێبكه‌ن وه‌ك خۆت بمێنیته‌وه.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ست بكه‌یت ژیان بانگت ده‌كات، ئه‌و هه‌سته‌ی سه‌ركێشییه‌ك چاوه‌ڕێی ده‌كات و وه‌ڵامی ئه‌و هه‌سته نه‌ده‌یته‌وه و له‌ناو كۆمه‌ڵگادا بمێنیته‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌لامه‌ت و ئه‌مانه، ئه‌وا ژیانت وشك ده‌بێته‌وه، پاشان له كۆتایی ناوه‌ڕاسته‌كانی ته‌مه‌نتدا ده‌گه‌یته ئه‌و خاڵه، ده‌گه‌یته لوتكه‌ی پلیكانه‌كان و بۆت ده‌رده‌كه‌وێت به‌ر دیوارێكی هه‌ڵه كه‌وتوویت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بوێری ئه‌وه‌ت هه‌بێت به‌ر مه‌ترسی و سه‌ركێشی بكه‌ویت، ژیان له به‌رده‌متدا ده‌كرێته‌وه و ده‌كرێته‌وه به درێژایی ڕێگاكه‌ی له پێشته. من بڕوام به خورافه نیه، به‌ڵام بڕوام به جادووی ڕۆح هه‌یه، ڕه‌نگه بپرسیت چۆن؟ هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر مرۆڤ شوێن ئه‌و شته بكه‌وێت كه من پێی ده‌ڵێم “شادی” ئه‌و شته‌ی كه به ڕاستی ده‌تباته ناو قووڵایی ناوه‌وه‌ی خۆت، هه‌ست ده‌كه‌یت ژیانته، ئه‌مه ڕاسته و له ژیانی من و زۆركه‌سی دیكه‌یشدا ڕوویداوه و ده‌یانناسم.
نووسینێكی جوانی شۆپنهاوه‌ر هه‌یه به‌ناوی “مه‌به‌ستی ڕواڵه‌تی چاره‌نووسی تاك” تێیدا ئاماژه به‌وه ده‌كات كاتێك مرۆڤ ده‌گاته ته‌مه‌نێكی دیاریكراو- وه‌ك ئێستای ته‌مه‌نی من- ئاوڕێك له ژیانی خۆی ده‌داته‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕۆمان بێت، وه‌ك ڕۆمانه‌كانی “چارلز دیكنز” به‌ریه‌ككه‌وتنی بچوك و زوو تێپه‌ڕ و هاوشێوه‌كانی ده‌بنه ڕه‌گه‌زه جه‌وهه‌رییه‌كانی پڵۆتی ڕۆمانه‌كه، به هه‌مان شێوه له ژیانی تۆیشدا وا بووه، ئه‌وه‌ی ئه‌وكاته وه‌ك هه‌ڵه ده‌رده‌كه‌وت و ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌ی ئاراسته ده‌كرد دواتر ده‌پرسیت؛ كێ ئه‌م ڕۆمانه‌ی نووسیوه؟
سه‌رچاوه؛
Campbell, Joseph, 1904-1987. An open life / Joseph Campbell in conversation with Michael Toms: foreword by Jean Erdman Campbell: selected and edited by John M. Maher and Dennie Briggs. — 1st Perennial Library ed
وەرگێڕان، له ئینگلیزییه‌وه؛ هێمن عوسمان عه‌بدولڵا







































































