مێژوو هەمیشە لە ڕێگەی قەیرانە گەورەکانەوە پێناسەی خۆی دەکاتەوە، ئەوەی ئەمڕۆ جیهان ترسی جەنگێکی جیهانیی ماڵوێنکەر و هەڕەشەی ئەتۆم دەیلەرزێنێت، لە ڕاستیدا تەنیا سەرەتایەکی نوێیە بۆ مەرگی جیهانە کۆنەکە و( لەدایکبوونی سەردەمێکی تەمومژاوی تەکنەلۆژی)، کە تێیدا مرۆڤایەتی لە چاوەڕوانیی کۆتایی جیهاندا کاتی خۆی دەکوژێت، وەلێ نازانێت کە ئەم توندوتیژییانە تەنیا وێستگەیەک و بڕبڕەی پشتی گواستنەوەیەکی مێژوویین بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی هەژموونی نێودەوڵەتی.
کاتێک سەیری ڕابردووی نزیک دەکەین، دەبینین باسی ( کۆتایی جیهان) هەمیشە وەک ئامرازێک بۆ تۆقاندنی مرۆڤایەتی بەکارهاتووە، چ لە ڕێگەی پەتا جیهانییەکانەوە بێت یاخوود هەڕەشەی جەنگی ئەتۆمی، بەڵام ڕاستییە نەبینراوەکەی پشتپەردەکە ئەوەیە کە ئەم قەیرانانە تەنیا خاڵی گۆڕانی شارستانیەتن؛ ڕێک وەک چۆن مرۆڤایەتی لە دوای ترسی کۆرۆناوە بە هێزێکی زیاتر و پشتبەستنێکی قووڵتر بە تەکنەلۆژیا هاتە دەرەوە، ئێستاش لە ناو گەردەلوولی جەنگی ئێراندا، هەمان ئەو ئەفسانانەی (کۆتایی جیهان) و (جەنگی سێیەمی جیهانی) دەبنەوە بە تەم و مژێکی کاتی بۆ داپۆشینی سەرهەڵدانی جیهانێک کە تێیدا ژیریی دەستکرد و سەروەریی دیجیتاڵی، شوێنی هەموو پیرۆزییە جوگرافی و سەربازییە کۆنەکان دەگرێتەوە، چونکە هێزە گەورەکان و کۆمپانیا گەورەکانی جیهان هەرگیز نایانەوێت کڕیارەکانیان لەدەست بدەن و تەواوی جیهان وێران بکەن، بەڵکە دەخوازن سیستمێکی نوێ بچەسپێنن کە بەرژەوەندییەکانیان بۆ نیو سەدەی تر مسۆگەر بکات.
ئێران کە ساڵانێکی زۆرە لەسەر سەکۆی موشەکەوە بە خەونی ئەتۆمەوە هەڕەشەی گۆڕینی هاوسەنگییەکانی دەکرد، لەم وەرچەرخانەدا پێگەکەی هێندە بچووک بووەوە کە تەنیا وەک چەتەیەکی دەریایی لە گەرووەکانی هورمز و بابولمەندەبدا دەردەکەوێت، ئەمەش نیشانەیەکە بۆ مەرگی ئەو وەهمەی کە پێی دەگوترا (جەمسەری بەرگری)، چونکە ئەوەی ڕوویدا هەر گورزێکی سەربازی نەبوو، هێندەی ئەوەی پرۆسەیەکی (دووبارە ڕێکخستنەوەی) هێز بوو کە تێیدا تاران لە دەوڵەتێکی خاوەن هەژموونەوە گۆڕا بۆ هێزێکی پەراوێزخراو کە ڕۆڵەکەی هێندە بچوکراوەتەوە تەنیا دەتوانێت ئاسایشی ڕێڕەوە ئاوییەکان تێکبدات.
ئەگەر بە وردی لەم ململانێیە بڕوانین، دەبینین واشنتۆن بە ژیرییەکی ستراتیژییەوە زنجیرەیەک لە جەنگ و ئاگربەست و گفتوگۆی وەک تەڵە بەکارهێنا تاوەکو کۆگای نهێنیی چەکەکانی چین و ڕووسیا بەتاڵ بکاتەوە، چونکە هەر کاتێک ئاگربەستێک دەرفەتی بە تاران دەدا تا چەکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتەوە هاوردە بکات، جەنگی دواتر دەبووە گۆڕستانێک بۆ ئەو تەکنەلۆژیایانە و شکستیان لەبەردەم جیهاندا دەبووە یەقین، ئەمە جۆرێکە لە ڕێگریی دەروونی کە تێیدا نەیار تووشی بێهیوایی دەبێت پێش ئەوەی یەکەم فیشەکی جەنگە گەورەکە بتەقێنێت، ڕێک وەک چۆن جەنگی عێراق لە ساڵی ١٩٩١دا بووە وەفاتنامەی مەرگی یەکێتی سۆڤیەت لە ڕووی سەربازییەوە پێش ئەوەی لە ڕووی سیاسییەوە هەڵوەشێتەوە، جەنگی ئێرانیش لەم ساڵدا (٢٠٢٦) بووە مەرگی فەرمیی خەونی باڵادەستیی ڕووسیا و چین و کۆتاییهێنان بەو وەهمەی کە دەیگوت؛ جیهان بەرەو فرەجەمسەری دەچێت.
شۆکی تەکنەلۆژی و تێکشکاندنی قەڵا کۆنکرێتییەکانی ژێر زەوی لە ئێران، پەیامێکی هێندە مەترسیداری گەیاندە پەکینی پایتەخت کە وای لێ کردن تەنانەت خەونی داگیرکردنی تایوانیش فەرامۆش بکەن، چونکە کاتێک سەرکردایەتیی چین بینییان چۆن فڕۆکە پێشکەوتووەکانی ئەمریکا بە بێدەنگی و بەبێ ئەوەی ڕادارە ڕۆژهەڵاتییەکان هەستیان پێ بکەن، هەناوی قووڵترین بنکە ئەتۆمییەکانی تارانیان هەڵدڕی، تێگەیشتن کە جیاوازیی نێوان تەکنەلۆژیای ئەوان و ئەمریکا چەند ساڵێک نییە، بەڵکوو جیاوازیی نێوان دوو سەردەمی جیاوازە. ئەم جەنگە بۆ ئەمریکا هەر ململانێیەکی سەربازی نەبوو، هێندەی ئەوەی تاقیگەیەکی زیندوو بوو بۆ تاقیکردنەوەی دواین داهێنانەکانی وەک ژیریی دەستکرد لە بەڕێوەبردنی پۆلە درۆنەکان و بەکارهێنانی بۆمبە زیرەکە هەژێنەرەکان و جەنگی سێبەر بۆ پەکخستنی تەواوی ژێرخانی وڵاتێک بەبێ تەقاندنی یەک فیشەک، بەمەش سەلماندی کە سەروەریی دیجیتاڵی جێگەی سەروەریی جوگرافی گرتووەتەوە و هێزی ئەتۆمی چیتر کارتی براوە نییە کاتێک ژیریی دەستکرد دەتوانێت سەکۆی هاویشتنی موشەکەکان پێش چرکەساتی تەقاندن پەک بخات و ئیفلیجیان بکات.
لەم وەرچەرخانەدا ڕووسیا بەرەو گۆشەگیرییەکی کوشندە هەنگاو دەنێت و چینیش ناچار دەبێت لە خەونی حوکمڕانیی جیهان بکشێتەوە و زیاتر ڕوو لە ناوخۆی خۆی بکات تاوەکو ئەو درزە تەکنەلۆژییانە پڕ بکاتەوە کە جەنگی ئێران ئاشکرای کردن، ئەمەش وادەکات کە جیهان بۆ چەندین دەیەی تر لەژێر سێبەری تاکجەمسەرییەکی نوێبووەوەدا بژی کە تێیدا ئابووری و تەکنەلۆژیای باڵا (سوپەر تەکنەلۆژی) بڕیاردەری یەکەم و کۆتایین.
لێرەوە، بۆ گەلی کوردیش گرنگە لە هەموو کات زیاتر پێویستە کە لەم ڕاستییە تێبگەن و پراگماتییەت بکەنە مەنهەجی خۆیان، ئێمە ئەمڕۆ لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی و هەستیارداین؛ تاقیکردنەوەی مانەوە یان توانەوە لە ناو ئەم تەمومژە تەکنەلۆژی و سیاسییە نوێیەدا.
بۆیە پێویستە بەوپەڕی هۆشیارییەوە لە دەوری پڕۆژە نیشتمانییەکەی سەرۆک بارزانی کۆببینەوە، کە تەنیا ڕێگەی دەربازبوونە بەرەو کەناری ئارامی. ئەم پڕۆژەیە ستراتیژێکی نەتەوەییە بۆ پاراستنی نیشتمان و دەستکەوتە مێژووییەکانمان، تاوەکو بتوانین لە ناو ئەم گۆڕانکارییە گەورانەی جیهاندا پێگەی خۆمان وەک بکەرێکی سیاسیی کاریگەر بپارێزین و چیتر نەبینە سووتەمەنیی جەنگەکانی دەوروبەرمان. تەنیا یەکڕیزی لەژێر چەتری ئەم ڕێبازە نەتەوەییەدا دەتوانێت زامنی ئایندەیەکی پڕ لە شکۆ و کەرامەت بێت، چونکە لە جیهانێکدا کە تێیدا تەنیا “بەهێزەکان” و “هۆشیارەکان” شوێنیان دەبێتەوە، پەرتەوازیی وەک خۆکوژی وایە. تەنها هۆشیاریی سیاسی، دڵسۆزی بۆ نیشتمان و پەیڕەوکردنی ئەقڵانییەت دەتوانێت نەتەوەکەمان لە ناو ئاگرە گەورەکانی مێژوودا بە سەلامەتی ڕزگار بکات و بەرەو سەربەخۆیی و سەرفرازیی هەمیشەیی ڕێنماییمان بکات.





































































