عەبباس کیاڕۆستەمی دەرهێنەری ئێرانی، بە کۆمەڵێک بابەت و تەکنیک کە ڕاستەوخۆ لە بەرهەمەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە بەناوبانگە. منداڵەکان لە گوندێکەوە دەهێنێت و دەیکات بە پاڵەوانی چیرۆکەکە، کامێرەیەک لەنێو ترۆمبیل دادەنێت و گفتوگۆ تیایدا دەست پێدەکات، شێوازێکی دۆکۆمێنتەری دەدا بە فیلمەکانی و شیعری هاوچەرخی ئێرانی وەکوو دیالۆگ و ناونیشانی فیلمەکانی بەکاردەهێنێت.
1. شێوازی کیاڕۆستەمی.
سەرباری ئەوەی کیاڕۆستەمی بە ساتیاگیت ڕای و فیتۆریۆ دۆ سیکا و ئەریک ڕومەر و جاک تاتی بەراورد دەکرێ، بەڵام فیلمەکانی شێوازی تایبەت بە خۆیان هەیە. زۆرجار هەندێک تەکنیک بەکاردەهێنێت کە ناسراوە بە: شێوازی کیاڕۆستەمی. لەکاتی وێنەگرتنی یەکەم فیلمی بەناوی “نان و کۆڵان” لەگەڵ وێنەگرەکەی، کە خاوەن ئەزموونێکی فراوان بووە، ناکۆکی کەوتووەتە نێوانیان لەبارەی چۆنیەتی وێنەگرتنی پەلاماری سەگەکە بۆ سەر کوڕیژگەکە. وێنەگرەکە دەیویست بەجیا وێنەی کوڕیژگەکە بگرێت و دواتر وێنەی دەستی کە لەدوای خۆیەوە دەرگاکە دەگرێت و پاشان دیمەنی سەگەکە. کیاڕۆستەمی پێیوابوو گەر هەر سێ دیمەنەکە پێکەوە بێت، ئەوا بینەر تووشی پەشۆکان دەکا و کاریگەرییەکی قووڵتر دادەنێ. گرتنی ئەم دیمەنە چل ڕۆژی ڕەبەقی خایاند.
جیاواز لە دەرهێنەرەکانی تر، نەیدەویست دیمەنی شەڕ و ڕاوەدوونان وێنە بگرێت. لەبری ئەمە بە شێوازی خۆی دیمەنی فیلمەکانی تۆمار دەکرد. کیاڕۆستەمی بە دەرهێنانی فیلمی koker trilogy لەسەر شێوازی خۆی سەقامگیر بوو، لەگەڵ ئەم شێوازەی خۆشیدا شێوازی هەمەجۆری بەکارهێنا. زۆرێک لە دیمەنەکانی فیلمی (دە) تەنیا ڕێنمایی بە ئەکتەرەکان دەدا و بەبێ بوونی خۆی بەرهەم هێنرا. کامیرەیەکی لەسەر سەقفی ترۆمبیلەکە دانابوو و بە دەوری تاراندا دەسووڕانەوە. کیاڕۆستەمی جیا لە دەرهێنەرە هاوچەرخەکانی تر، نەیدەویست بینەران بە زۆری بەشداری ناچار بکا. لە هەمانکاتدا لە کورتکردنەوەی فیلمەکانیشدا سەرکەوتوو بووە.
2. گێڕانەوە یان ناگێڕانەوە.
فیلمەکانی کیاڕۆستەمی بەشێوەیەکی بەرچاو خۆی لە تەمومژاوی و تێکەڵەیەکی نائاسایی لە سادەیی و ئاڵۆزی دەبینێتەوە، زۆرجار گێڕانەوە و دۆکۆمێنتەری لەگەڵ یەکدا تێکەڵ دەکا. هەروەک کیاڕۆستەمی دەیڵێ؛ ناتوانین لە هەقیقەت نزیک ببینەوە، ئیلا بە درۆ نەبێ. “ژان لۆک” نانسی لەبارەی فیلمی ژیان و هیچ شتێکی تری کیاڕۆستەمی دەڵێت: فیلمەکانی نە بە تەواوی گێڕانەوەن، نە دۆکۆمێنتارین، نە ڕۆڵبینینە، نە ڕیپۆرتاژێکە.
3. مەسەلەی ژیان و مەرگ.
مەسەلەی ژیان و مەرگ چەمکی گۆڕان و بەردەوامبوون ڕۆڵێکی بەرچاویان لە کارەکانی کیاڕۆستەمی هەیە. بۆ نموونە لە سێینەی کۆکەر، هێزی بەردەوامبوونی ژیان و مرۆ بەڕووی مەرگدا دەبینین. فیلمەکە باس لە بوومەلەرزەکەی ساڵی ١٩٩٠ی تاران دەکا. کیاڕۆستەمی بەتەواوی ئەوەی دەرخست کە ئەم مەسەلەیە لە فیلمەکانیدا چەند گرنگە، ڕێک لە فیلمی ژیان و هیچ شتێکی تر کە پاش ماوەیەکی کورت دەریهێنا؛ فیلمی ژیان و هیچی تر، فیلمێکی زۆر گرنگە. سێ ڕۆژ پاش ئەوەی پەنجا هەزار کەس مردن، دەستمکرد بە گەشتێکی کورتخایەن. ئەوانەی کە ڕزگاریان بووبوو، دەتگوت دووبارە لەدایکبوونەتەوە. بوومەلەرزەکە کاتژمێر چوار و پێنجی بەیانی ڕوویدابوو، بۆیە ئەگەری زۆربوو هەموان بمردنایە و ڕزگاربوون شتێکی مەحاڵ بوو. لەم ئانوساتەدا خۆم وەکوو دەرهێنەرێک نەدەبینی، بەڵکوو خۆم وەکوو چاودێرێک لەسەر ڕزگاربووەکان دەبینی. کاریگەرییەکی قووڵی لەسەرم هەبوو و لەو ساتە بەدواوە مەسەلەی ژیان و مەرگ شتێکی دووبارەیە لە فیلمەکانمدا.
لە فیلمەکانی سەرەتایدا، مەسەلەی خودکوژی ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو. لە فیلمی تامی گێلاسدا پاڵەوانەکەمان بە خۆی و ترۆمبیلەکەیەوە بە ئومێدی ئەوەی کەسێک بدۆزێتەوە و یارمەتی بدا لە خودکوژیدا بە دەوری شاردا دەخوولێتەوە؛ هەر لە سەربازێکی کوردییەوە بیگرە، تا دەگاتە ئەفغانییەکی بە تەمەندا چوو. کیاڕۆستەمی لەسەر ئامرازە جیاوازەکانی ژیان چڕ دەبێـتەوە، ئەو کاتەی پاڵەوانەکە دەگاتە گۆڕەکەی، شاشەکە ڕەش دەبێت، ئەمەش بە مانای مەرگێکی ڕەمزی دێ؛ بەڵام کۆتاییەکەی جیاوازترە.
4. شیعر و خەیاڵ.
ئەحمەد کەریمی لە زانکۆی میریڵاند دەڵێت؛ یەکێک لە شێوازەکانی سینەمای کیاڕۆستەمی تواناکانیەتی لە بواری شیعردا. کەسایەتییە سەرەکییەکانی فیلمی “ماڵی هاوڕێکەم لە کوێیە؟، با، لەگەڵ خۆی دەمانبا”، شیعری شاعیرانی وەکوو:- عومەر خەیام و سەهراب سوبیهری و فروخ فەروخزادە دووبارە دەکەنەوە.
5. ڕۆحانییەت.
دیمەنەکانی عەبباس کیاڕۆستەمی ئەوەندە ئاڵۆزە و نزیکە لە فەلسەفەوە، زۆرێک بەراوردیان کردووە بە دەرهێنەرە سۆفییەکانی وەکوو: ئەندرییە تارکۆڤسکی و ڕۆبەرت بریسۆن. وێڕای ئەوەی شارستانی ئەم دەرهێنەرانە لە یەکتری جیاوازە، بەڵام ئەوەی دەرهێنەرانی ڕۆژاوا دەیڵێن بەرزکردنەوەی ئاستی عەبباسە بۆ ئاستی ئەم دەرهێنەرانە. زۆربەی فیلمەکانی عەبباس باس لە ژیانی دوور لە ماددە و پاش مەرگ دەکا. لە ساڵی ٢٠٠٠ و لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکاندا پرسیار لە عەبباس کرا ئاخۆ پێیوایە چ دەرهێنەرێک بەهەمان ئاوازی ئەو فیلم بەرهەم دەهێنێ، ئاماژەی بە هۆ هسیاو-هسیین کرد و لە وەڵامیشدا گوتی:- کارەکانی تارکۆڤسکی لە ژیان دوورم دەخاتەوە و ڕۆحانیتریینن. کارەکانی فیللینیش بەهەمان شێوە. وای بۆ دەچم هونەر و سینەما پێویستە لە ژیانی ڕۆژانە و ژیان دوورمانبەخەنەوە و بمانبەن بۆ گەشتێکی تر، هەرچەندە ئەم گەشتەش هەر ئەم ژیانە دەستیپێکردووە.”
پەرجووی سینەما
نووسینی؛ عەبباس کیاڕۆستەمی
سەرەتا پێموابوو ئێمەی تەماشاکەر، بۆ ئەوەی فیلمەکە باشتر ببینین، دەتوانین هەرکەی بمانەوێت ڕووناکییەکان بکوژێنینەوە. دواتر بە وردی سەیری یەک بە یەکی ئامادەبووانم کرد بە ئارامی لەشوێنی خۆیاندا دانیشتوون، ئیتر ئەوکات باشتر لە هۆی کوژاندنەوەی ڕووناکییەکان گەشتم؛ درکم بەوەکرد هەرکە ڕووناکییەکان دەکوژێننەوە، تەماشەکەر دەچێتە جیهانی خۆیەوە و لە هەموان دوور دەکەوێتەوە. بە واتایەک هەم لەگەڵ ئەوانی ترە و هەم لە ئەوانیش دوورە. کاتێک جیهانی فیلم بۆ ئامادەبوان دەردەخەین، هەموان بەپێی ئەزموون و زانینی خۆیان جیهانی خۆین دروستدەکەن.
وەکوو دەرهێنەرێک پشت بە جیهانی بینەران دەبەستم، گەر وانەبێت فیلم و بینەر نامێنن. ئەو چیرۆکانەی کە بێ کەموکوڕتییە، یەک کێشەی هەیە، ئەویش ئەوەیە: ئەوەندە باشە ڕێگە بە بینەر نادا جیهانی خۆیان دروست بکەن. چیرۆکەکان پێویستیان بە کون و کەلەبەرە، کە دەبێ بینەر پڕی بکاتەوە. من بڕوام بەو نموونە سینەماییە کە ئەگەری گەورە و کاتی زیاتر بە بینەر دەبەخشێت. ئەو سینەمایەی کەموکوڕتی هەیە و لەلایەن بینەرەوە کامڵ دەکرێ، لەگەڵ جیهانەکەشیاندا خۆی دەسازێنێ. هەموو فیلمێک، هەقیقەتێکی نوێ دەردەخا. لە هۆڵە تاریکەکاندا، دەرفەتی ئازاد دەربڕینی خەونەکان بە هەموویان دەبەخشین. هونەر بەبێ جیهانی بینەران ناتوانێت هیچ شتێک بگۆڕێت. لەنێوان جیهانی بینەر و هونەرمەنددا، گرێیەکی پتەو بوونی هەیە. هونەر ڕێگە بە تاک دەدا بەپێی ئاوات و پێوەرەکانی خۆی هەقیقەتی خۆی دروست بکا. هونەر هەقیقەتە سەپێنراوەکانی دیکە ڕەتدەکاتەوە. هونەر هەلی بینینی هەقیقەتەکانی پشت ئازار و بەدبەختییەکان بە هونەر و بینەر دەبەخشێـت.
گەر دەهێنەر بیەوێت گۆڕانکاری لە ژیانی ڕۆژانەدا بکا، بەبێ بەشداریکردنی بینەر ڕوودانی ئەم کارە مەحاڵە. گەر فیلمیش کەموکوڕتی تێدا نەبێ، بینەر ناتوانێت چالاک و بە ئاگا بێت و بەشداری بکا. بە کورتی؛ جیهانێک هەیە کە ئێمە بە هەقیقەت لە قەڵەمی دەدەین، بەڵام هیچ دادپەروەر نییە. ئەم جیهانە بەرهەمی ئەقڵی ئێمە نییە و لەگەڵماندا ناگونجێت و دڵی هەموومان بەڕێوە نابات، بەڵام لەڕێگەی سینەماوە جیهانێک کە سەد هێندەی ئەو جیهانەی تیایداین دادپەروەرانەتر و هەقیقەتانەترە، دروستی دەکەین. سینەما پەنجەرەیەکە بەسەر خەونەکانماندا دەڕوانێت و لەڕێگەیەوە بەشێوەیەکی باشتر ئاشنای خۆمان دەبین. کورسییەکانی سینەما لە قەنەفەی دکتۆرەکانی دەروونی باشترن. کاتێک لە هۆڵی سینەما دانسشتووین، لەگەڵ خۆماندا بەتەنیا ماوین و لە یەکترین دوورین؛ ئەمەیە پەرچووی سینەما.
سەرچاوە: مجلة النزوی، مجلە رصیف
وەرگێڕانی؛ مەدینە ئەحمەد






































































