بەڵێ؛ ئەگەر پیاوێکی بەهێز و بەتوانا دەربکەوێت، مرۆڤ دەتوانێت زمانێکی هەڵوەشاوە بگەڕێنێتەوە، هەندێکجار زمانێکی مردوو زیندوو بکاتەوە. وەک ئێستا دەڵێین ئەو مرۆڤە دەرکەوتبوو و زمانێکی مردووی زیندوو کردبووەوە و لەنێو زمانە زیندووەکاندا، لەنێو ئەو زمانانەی کە مرۆڤەکان پێی دەدوێن و مەبەستی خۆیان دەردەبڕن، جێی کردبووەوە. گوتمان زمانی مردوو و زمانی زیندوو. بێگومان لەڕوانگەی زیندووییەوە زمانەکان وەک مرۆڤ و هەر زیندوویەکی تر دەژین و دەمرن. هەندێک لە زمانە مردووەکان کوێر و کەڕ دەبن و هیچیان لەدوای خۆیان بەجێناهێڵن؛ نە وشە و نە کتێب. هەندێکی تر بەرهەمی گەورە و کتێبی بەنرخ بەجێدەهێڵن و ئەو کتێبانە تا ئەمڕۆش دەخوێندرێنەوە. بەڵام ئەو زمانانە خۆیان مردوون، چونکە چیتر زمانی قسەکردن نین و کەس قسەیان پێناکات. لە ئەوروپا و لاتین و لە ڕۆژهەڵاتی نزیک زمانی عیبری زمانێکی مردوو بوو. بەڵێ پیاوێکی دانا لەناو جوولهكهکاندا سەریهەڵدا و زمانی عیبری زیندوو کردەوە. زمانی عیبری زمانێکی سامییە، زمانێکی کۆنە، هاوڕێی زمانی عەرەبییە. تەوڕات یەکێکە لەو چوار کتێبە گەورەیەی کە تێیدا قسە کراوە و نووسراوە. تەنها زانایان دەیانزانی و تەوڕات بەم زمانە لە پەرستگەکاندا دەخوێندرایەوە. هەرچەندە جوولهكهکان بە زمانی دیکە قسەیان دەکرد، بەڵام زمانی ئەو وڵاتانەی کە تێیدا دەژیان. بە واتایەکی تر جوولهكهکان زمانێکی نەتەوەیی و زمانێکی سەربەخۆیان نەبووە و هەر بۆیە بەزمانەکانی خەڵک قسەیان دەکرد.
لە ساڵی ١٨٧٧ عوسمانییەکان لە شەڕی دژی ڕووسیادا شکستیان هێنا، هەرچەندە گەلانی بەڵکان لەژێر هەژموونی تورکیا ڕزگاریان بووبوو. ڕزگارکردنی دەوڵەتانی بەڵکان بەپلەی یەکەم کاری ڕووسەکان بوو، گەلی ڕووسیا خۆی بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی ئەم ڕووداوە بوو، ڕۆژنامەکانی ڕووسیاش زۆر باسی دەوڵەتە نوێیەکانی بەڵکانیان دەکرد. لە خاکی ئور گەنجێکی جوولهكه هەبوو بە ناوی (ئەلیعەزەر بن یەهودا). کوڕی یەهودا وەک هەموو کەسێک چاوەڕێی ئەم شەڕە بوو و بینی گەلانی ستەملێکراوی وەک سربیا و بولگاریا و ئەوانی دیکە لە ژێر چەکی ستەمکارەکانیان ڕزگاریان بووە و خەریکی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی خۆیانن. یەهودا لە ڕێگەی ئەم ڕووداوانەوە خەریک بوو ئاگاداری نەتەوەکەی بوو و لە خەمی بارودۆخی نەتەوەکەی بوو. یەهودا بینی بارودۆخی نەتەوەکەی لە هەموو نەتەوەکانی تر خراپترە. جوولهكهکان تەنها بێ وڵات و بێ حکومەت نەبوون؛ بەڵکو زمانیشان نەبوو و بە زمانی خەڵک قسەیان دەکرد. گەنجە جوولهكهکە بڕیاری خۆی داو لە دڵی خۆیدا وتی:- ” جوولهكهکان دەبێ بگەڕێنەوە بۆ خاکی باوباپیرانیان؛ خاکی نەوەی ئیسرائیل و جوولهكهکانیش وەک گەل زمانێکیان هەبێت و پێکەوە قسەی پێبکەن. ئەو زمانە لە زمانی باوباپیرانەوەیە کە زمانی عیبرییە”. یەهودا فێری زمانەکە بوو. لەساڵی ١٨٧٨دا ڕووی لە پاریس کردووە و شارەکەی کرد بەماڵی خۆی.
ئەلیزەر لەلایەک زمانەکەی بەرەوپێش دەبرد و لە لایەکی دیکەشەوە بیرۆکەی نەتەوەیی خۆی بڵاودەکردەوە. بەڵام خەڵکی وڵاتەکەی خۆی دژی بوون و هەندێکیان دەیانگوت ئەم پیاوە شێتە. بەڵام یەهودا گوێی لێ نەگرت و بە ڕۆحێکی بەهێز و گەورە و لەسەرخۆی کاری لەسەر ئامانجە گەورەکەی دەکرد دوای ماوەیەک لە پاریس، ئەلیزەر بن یەهودا پەیوەندییەکی باشی دروستکرد لەگەڵ هاوڕەگەزەکانی. توانی نەتەوەیەکی بێ زمان زیندوو بکاتەوە. یەهودا خۆی فێری زمانی خۆی بوو کە زمانی عیبرییە. ئیتر دەبوو زمانی عیبری لەنێو گەلەکەیدا بڵاوبکاتەوە. پێویستی بە کێڵگەیەک بوو بۆ چاندنی تۆوەکەی. لەساڵی ١٨٨١ ئەلیزەر ژنەکەی لەگەڵ خۆی برد و بەرەو فەڵەستین بەڕێکەوتن. بەم شێوەیە یەهودا لە کاتی گەشتەکەدا وانەیەکی لەسەر کەشتییە هەڵمەکە فێری ژنەکەی کرد و تا ئەوکاتەی گەیشتنە فەلەستین، ژنەکەی چەند وشەیەکی عیبری فێر بوو. کاتێک گەیشتنەجێ، یەهودا بەژنەکەی گوت:- لەمەودوا تەنیا بەزمانی عیبری قسە دەکەین. زمانی عیبری هاوسەرەکەی ئەلیزەر زۆر سنوورداربوو. بەڵام مێردەکەی بیرۆکەکەی نەگۆڕی. پێویست ناکات بڵێین منداڵەکانی یەهودا تا گەنجی جگەلە زمانی عیبری هیچ زمانێکیان نەدەزانی و لەناو خەڵکدا بە بێدەنگ هەژمار دەکران، خەڵکی ناوچەکە وەک هەر گەلێکی دیکە بوون، خاوەنی زمانێک بوون، زمانێکی تایبەت بە خۆیان.
یەهودا و خێزانەکەی لە هەژاریدا دەژیان. بەڵام. بیرۆکەی گەورە قوربانیدانی گەورەیان دەویست. چونکە مرۆڤەکان لە ساتێکدا بیرۆکەی گەورەیان بیرناچێتەوە. یەهودا نانی کۆنی خوارد، بەڵام کاتێک بینی خەڵکی بنەماڵەکەی بەزمانی عیبری قسە دەکەن، باوەڕم پێ بکەن، خۆی بە دڵخۆشترین کەسی جیهان دەزانی. لە کۆتاییدا یەهودا ڕۆژنامەیەکی بەزمانی عیبری بڵاوکردەوە و تەنانەت خوێنەری بۆ خۆی دۆزیەوە. هەروەها لە ڕێگادا لە هەندێک قوتابخانەی ناوچەکە دەستیان کرد بە خوێندنی زمانی عیبری. لە لایەکی ترەوە یەهودا خەریکی دروستکردنی فەرهەنگێک بوو بۆ گەلەکەی و ناساندنی وشەکان کە لە سەردەمێکی مردوودا بەردەست نەبوون. هەروەها زمانی عیبری لەناو خەڵکی ناوچەکەدا بڵاودەبووەوە. لە ساڵی ١٩٢٢ کە ئەلیەزەر بن یەهودا کۆچی دوایی کرد، زمانی عیبری (٣٠-٤٠) ساڵ پێشتر زمانێکی مردوو بوو، بوو بە زمانی نەتەوەیەک. ئەم زمانه ئەمڕۆ له فەڵەستین زمانێکی فەڕمییه، شانبەشانی زمانی عەرەبی و ئینگلیزی و زمانی دەوڵەت و حکوومەت. کورد ئەمە مرۆڤ و زمانە، ئەوە بەئیرادەی مرۆڤ بەدەست دێت. لەکار و ژیانی ئەم پیاوەدا وانەیەکی گەورە هەیە. تەنانەت گەلانی ستەملێکراو کە زمان و زمانێکی نووسراویان نییە، پێویستە لێی فێربن. هەرچەندە ئێمەی کورد، زمانێکی جوانمان هەیەو قسەی پێدەکەین و زۆربەمان جگە لەم زمانە هیچ زمانێکی تر نازانین. تەنها پێویستە فێری خوێندنەوە و نووسینی زمانی خۆمان بین.
ئەمڕۆ فێربوونی خوێندنەوە و نووسین بەزمانی زگماکی نەک هەر ئەرکێکی شەخسی بەڵکو ئەرکێکی نیشتمانییە بۆ هەموو نەتەوەیەک. ئەوانەی ئەم ئەرکە هەڵناگرن، ئەرکی نەتەوەیی خۆیان بەجێ نەگەیاندووە و سوودیان بۆ میللەتەکەیان نەبووە. بۆ ئەوەی مرۆڤ خۆی بە بەشێک لەنەتەوەیەک بزانێت، دەبێت سوودی لێ ببینێت. دوای ئەوەی ئێمەی کورد وەک گەلانی دیکە ئەلفوبێی خۆمان بەدەست هێنا، خوێندنەوەو نووسینی زمانەکەمان زۆر ئاسانتر بووە. ئەزمونەکان دەریانخستووە، بەپێی زیرەکی کەسەکە، تاکی کورد دەتوانێت لەماوەی یەک تا چوار هەفتەدا فێری خوێندنەوەو نووسینی زمانەکەی بێت. بەڵام زۆربه ی کورد تەنیا زمانی زگماکی خۆی دەزانێت و بۆیه تەنها لەناوخۆو دەرەوە بەزمانی کوردی قسه دەکات. بەڵام لەنێو کورددا کەمینەیەکی کەم هەبوو خەڵکی ئەم کەمینەیه یان لەوڵاتێکی بێگانه بوون یان لەئێستادا لەو وڵاتەدا دەژین. ئەوەی ئەم کەمینەیە پێویستی پێیەتی ئەوەیە ئەوان سەرەتا فێری زمانی خۆیان بن، ئەگەر نەیزانن، ئینجا لەناو ماڵ و منداڵەکانیاندا تەنیا بەزمانی کوردی قسە بکەن، هەروەک چۆن ئەلیزەر کردی. بەڵێ، پێویستە کوردەکان، کاتێک لە دەرەوە دێنەوە ماڵەوە، هەروەک چۆن جلەکانیان داکەنن و دەیگۆڕن بۆ جلی ماڵەوە، دەبێت زمانی خۆیان بگۆڕن بۆ زمانی نیشتیمان و لەماڵەوە بەزمانی شەقام قسە نەکەن، زمانی دایک، وەک شتێکی پیرۆز بهێڵنەوە.
تێبنی/ ئەم بابەتە لەلایەن خوالێخۆشبوو میر جەلادەت بەدرخان بە ڕێنووسی لاتینی کوردی لە ( گۆڤاری هاوار، ژمارە ٤٠، ١٩٤٢-لە دیمەشق) بڵاویکردۆتەوە، بەندە وەریگێراوەتە سەر کوردی ناوەندی.
نووسینی؛ میر جەلادەت بەدرخان
وهرگێڕانی؛ بهختیار خدر عهبدوڵڵا





































































