“دەربارەی ڕۆڵی کلاودیا کاردینالی لە فیلمی (ڕۆژانێک لە ڕۆژئاوا)ی سێرجیۆ لیۆنی”
یادگاری جوانم سەبارەت بە فیلمی “ڕۆژانێک لە ڕۆژئاوا” هەیە. لە یەکەم ڕۆژەکانی پڕۆسەی وێنەگرتندا لە شاری سینەمایی چینچیتا لە ڕۆما، پێچەوانەی نەریتی باو، دەستمان بە وێنەگرتنی دیمەنێکی زۆر هەستیار کرد، کە دیمەنی گۆڕینەوەی خۆشەویستی بوو لەنێو جێگەکە. دۆخەکە زۆر ماندووکەر بوو، چونکە دەبوو ڕووخسارمان بەگوێرەی زوومی کامێرا بجوڵێنین”لیۆنی چەندین کامێرای بەرکاردەهێنا” و جێگەکەش هەڵواسراو بوو و، اتە لە شوێنێکی بەرز بوو. ئەوەی دیمەنەکەی ئاڵۆزتر کرد ئەوە بوو کە من پێشتر “هێنری فۆندا”م نەدەناسی، ئەویش پێشتر هیچ دیمەنێکی ڕاشکاو و بێ پێچ و پەنای خۆشەویستی ئەنجام نەدابوو، هەروەها هەموو ڕۆژنامەنووسانی دونیا لەو ڕۆژە لە کاتی وێنەگرتنی ئەو دیمەنە ئامادەبووون و ڕژابوونە سەرمان. وەک ئەوە وابوو لەسەر تەختەی شانۆ بین. من داوام کرد گشت ڕۆژنامەنووسان بڕۆنە دەرەوە، ئیتر بە تەنها لەگەڵ لیۆنی و وێنەگرکە واتە “تۆنینۆ دێلی کۆلی” ماینەوە. دوو کەسی نامۆ لە کۆمپۆزشندا یەک دەبینن و لە ناکاو خۆیان لەنێو جێگەدا دەبیننەوە. بابەتەکە شەرمهێنەر بوو، بەتایبەتی کە هاوسەری هێنری فۆندا لە پێشەوە دانیشتبوو و لە نزیکەوە چاودێری دەکرد. دواتر لەگەڵ هاوسەرەکەی بووین بە دوو هاوڕێی زۆر نزیک. هێنری کەسێکی گۆشەگیر بوو. هەمیشە بە تەنیا دەوەستا و پەیوەندیی لەگەڵ ئەوانی تردا لەسەرخۆ بوو. بەڵام کەسایەتییەکی دەگمەنی هەموو. دەبوو بیناسیت بۆ ئەوەی خۆشت بوێت. هەمیشە خەیاڵی دەڕۆیشت، حەزی لە بێدەنگی بوو و وێنەی دەکێشا. شێوازێکی جوانی لە جوڵەدا هەبوو، پێم وا نییە کەس بتوانێت وەک ئەو سواری ئەسپ بێت و سواری بکات و، ا دەردەکەوت کە بەشێکە لە ئەسپەکە.
“چارڵز بڕۆنسن”یش کەسێکی زۆر گۆشەگیر بوو. دادەنیشت و کڵاوەکەی دادەگرتە سەر چاوەکانی تا کەس نەیبینێت و ناچار نەبێت سڵاو لە کەس بکات. هەمیشە تۆپێکی لاستیکی بەدەستەوە بوو و بەردەوام دەیکێشا بە زەویدا و یاری پێ دەکرد. زەحمەت بوو بتوانێت پێبکەنێت. لەوانەیە لەبەر ئەوەی منیش کەسێکی گۆشەگیرم، لەگەڵ مندا گونجا. کارکردن لە لیۆنی زۆر ئاسان بوو. بە نیگا پەیوەندیمان پێکەوە دەکرد، بێ ئەوەی پێویست بە قسەکردن بکات. وەک کەسێکی میهرەبان و بیرمەند دەردەکەوت. گرژیی و دڵەڕاوکێی کاتی دەرهێنانی بە یاری کردن بە شتێکەوە – هەر شتێک – لەناو دەستیدا دەڕەواندەوە، بۆ نموونە پاکەتێکی جگەرە یان قتوویەکی شقارتە. هەندێکجار لە پشتیەوە دەهاتم و دەستیم دەگرت. لیۆنی ئەکتەرەکانی زۆر خۆشدەویست و دەیزانی چۆن یارمەتییان بدات. ستایلێکی نایابی هەبوو لە گێڕانەوەی چیرۆکی فیلمەکە بۆ ئەکتەرەکان، هەروەها داوای دەکرد مۆسیقای فیلمەکە پێش کاری وێنەگرتن بنووسرێت. پێش وێنەگرتنی هەر دیمەنێک، داوای دەکرد مۆسیقای تایبەت بە کارەکتەرەکەی خۆم “جیل” لێبدرێت، ئەمەش کۆمەکی دەکردم بۆ ئەوەی سەرنجم کۆبکەمەوە و خۆم لە کەتوار داببڕم. ئەمە شێوازێکی ئەفسووناوی بوو بۆ ئەوەی بچمە ناو کەوڵی ئەو کارەکتەرەی کە ڕۆڵەکەیم دەگێڕا. لیۆنی زۆر دیمەنی زۆر نزیک”کلۆزەپ”ی دەگرت، بۆ منیش ئاسانتر بوو کاتێک کامێرا لێمەوە نزیک بوو ڕۆڵ بگێڕم. دوای کارکردن لە چەندین فیلمدا، لەگەڵ کامێرا وەک هاوڕێیەکم لێهاتبوو، دەمتوانی بزانم ئایا بە باشی لە شوێنی گونجاودا دانراوە یاخود نا.
لیۆنی لە کاتی کارکردندا داوای زۆر لە ئەکتەرەکان دەکرد و فشاری دەخستنەسەر، ئەمەش کارێکی ئاسایی و سرووشتییە و دەبێت وا بێت. بەڵام “ڤیسکۆنتی” کەسێک بوو کە ڕازی کردنی زەحمەت بوو. لە کۆتایی ڕۆژێکی کارکردندا، دەبێت هەست بە ماندوویەتییەکی تەواو بکەم و، اتە هەست بکەم هەموو شتێکی پێویستم پێشکەش کردووە، مەگەر نا هەست بە ڕەزامەندی و لەخۆڕازی بوون ناکەم. دەبێت هەموو شتێک لە شوێنی وێنەگرتن هێمن بێت، بۆیە بۆ من گرنگە پەیوەندییەکی باشم لەگەڵ ڕیتمی کارکردندا هەبێت. کاتێک دیمەنێکی پڕ مەترسیی هەبێت، دەگمەنە تەکنیککاران باسی شتێکی تر بکەن. کەشێکی پیرۆز دەوری وێنەگرتنەکەی داوە، ساتێکی تەواو بێدەنگ، تەرکیزێکی زۆر، کە تێیدا هەمووان سەرقاڵی وێنەگرتن دەبن. ئێمەی ئەکتەران زۆر هەستیارین، لە کاتی ڕۆڵگێڕاندا ئەکتەر هەست دەکات لە ڕێوڕەسمێکی پیرۆزدایە، دەبێت بە خۆشەویستی و هەستی گەرم دەورە درابێت. ناتوانم لەگەڵ دەرهێنەرێکدا کار بکەم کە هەست بە ڕێزی ئەو نەکەم، یان بە شێوەیەکی شیاو لەگەڵ ئەکتەرەکاندا قسە نەکات. لیۆنی زۆر نەرمونیان بوو، بە تەواوی لە ئەکتەرەکان تێدەگەیشت، بەڵام داواکاری زۆر بوو، چ لە تەکنیککاران یان بەڕێوەبەرانی بەرهەم یان یاریدەدەرەکان. بۆ ماوەیەکی درێژ لێکۆڵینەوەی لە جوڵەی کامێرا دەکرد و، دەبوو هەموو ئەکتەرەکان یەکبگرن، دەبوو جوڵەکان زۆر نەرم و ئارام بن، دواتر ڕۆڵگێڕان و نواندنەکە خۆبەخۆ دەهات. یادم نایەتەوە دیمەنێکم چەند جار دووبارە کردبێتەوە.
ئەوەی لە کارەکتەری “جیل” سەرنجی ڕاکێشام لە ڕۆڵگێڕانم لە فیلمی “ڕۆژانێک لە ڕۆژئاوا”، پێداگریی ئەم کارەکتەرە بوو، هێزی بوو، دەیزانی چی دەوێت و بەردەوام بوو تا بەدەستی دەهێنا. لە فیلمی ژانری وێسترندا کەسایەتیگەلێکی وای تێدا نییە و، بێجگە لە ژمارەیەکی زۆر کەم، ڕۆڵی ژنان لە فیلمە وێسترنە ئەمریکییەکاندا زۆر سنووردارە. بەڵام لە “ڕۆژانێک لە ڕۆژئاوا”دا “جیل” کارەکتەرێکی سەرەکیی بوو، هەموو شتێک لە دەوری وی دەسووڕایەوە. حەزم لەو دیمەنەیە کە کارەکتەری “جیل” دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە و هەست دەکات دەبێت شتێک بدۆزێتەوە، بۆیە هەموو شتێک سەرەوژێر دەکات، پاشان لەسەر جێگەکەی پاڵ دەکەوێت و ئێمە لەپشت پەردەیەکەوە دەیبینین وەک “ڕۆبەرت دی نیرۆ” لە فیلمی “ڕۆژانێک لە ئەمریکا”. فیلمەکەمان لە شوێنی – لۆکەیشتن – سەرسوڕهێنەر وێنە گرت، لە “ئەلمێریا”، هەروەها “دۆڵی مۆنومێنت”، کە تۆز و خۆر و گەرمایەکی بە تینی هەبوو، لێ ئەمە پێویست بوو بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕۆڵەکەم تێکەڵ ببم. فیلمی “ڕۆژانێک لە ڕۆژئاوا” بووەتە یەکێک لە کلاسیکییەکان و بەردەوام لە پاریس نمایش دەکرێت. دوو ساڵ پێش ئێستا چووم بۆ بینینی و هۆڵی سینەماکە پڕ بوو. زۆر جار گوێم لە مۆسیقای کارەکتەری “جیل” دەبێت، تەنانەت لەناو دوکانەکانیشدا. کاتێک لە دارستانەکەدا و لە کاتی وێنەگرتنی فیلمی فیتزکاراڵدۆ”Fitzcarraldo” ساڵی “1982”دا “جەیسن ڕۆباردز”م بینی “ئەو تا نیوەی فیلمەکە ڕۆڵی بینیبوو و وێنەی گیرابوو، پاشان تووشی دەروونپەشێوی بوو و کلاوس کینسکی جێی گرتەوە”، دەستمان کرد بە قسەکردن و گێڕانەوەی بیرەوەری لەبارەی فیلمی “ڕۆژانێک لە ڕۆژئاوا”. دیمەنی هاتنە ژوورەوەی ئەو بۆ ناو مەیخانەکە بەڕاستی سەرسوڕهێنەر بوو. بیرم دێت باسی ئەم دیمەنەم لەگەڵ ڕۆبەرت دی نیرۆشدا کرد کاتێک لەسەر سێتی فیلمی “ڕۆژانێک لە ئەمریکا”دا بینینم. لۆکەیشتنی وێنەگرتنەکە لە کەنەدا بوو کە من لەوێ فیلمێکم لەگەڵ ئەکتەری ئیتاڵی “لینۆ ڤینتورا” وێنە دەگرت و کاتێکی زۆرمان پێکەوە بەسەر برد. بۆم دەرکەوت کە هەموو ئەکتەرەکان سەیری فیلمی “ڕۆژانێک لە ڕۆژئاوا”یان کردووە و هەموو وردەکارییەکانیان ئەزبەرە.
زۆر جار لیۆنیم دەبینی، پەیوەنیدیمان لە دوای تەواوکردنی وێنەگرتنی فیلمەکەش هەر بەردەوام بوو. لە چەندین فیلمی “ڤیسکۆنتی” ڕۆڵم گێڕاوە، بەڵام دەمتوانی پتر لەگەڵ لیۆنی کار بکەم و لەگەڵ ئەو ئاسوودە بووم، چونکە بۆ دەرهێنەر ئاسانترە لەگەڵ ئەو کەسانە کار بکات کە دەیانناسێت. بیرۆکەیەک هەبوو کە من ڕۆڵی کارەکتەری “کاڕۆڵ – ئەو کارەکتەرەی کە زۆر خولیای سێکسە و هەوەسبازە” بگێڕم لە “ڕۆژانێک لە ئەمریکا”، بەڵام فیلمەکە بە ستایلی نیویۆڕکی دروستکرا و بیرۆکەکە هەڵوەشایەوە. کاتێکی زۆریشم لەگەڵ “فیدریکۆ فیلینی” بەسەر برد پێش ئەوەی لە فیلمی “هەشت و نیو” ڕۆڵ ببینم، پێکەوە گەشتمان بۆ لادێکان دەکرد و باسی زۆر شتمان دەکرد کە دوور بوون لە فیلمەکەوە. ئەمە ڕێگەیەکی باش بوو بۆ ئەوەی یەکتر بناسین. لە شوێنی وێنەگرتنیشدا لە کاتی کارکردندا زۆر کاریی لەخۆیی”ئیرتیجالی” هەبوو. تەنانەت ڤیسکۆنتیش کە بەوە ناسرابوو کارکردن لەگەڵی سەختە، هەمیشە لەگەڵ مندا نەرم بوو. هەردەم بە فەرەنسی قسەی لەگەڵ دەکردم، لە قسەکردن لەگەڵ مندا بە شیرینی دەدوا و دەستی دەگرتم و لەخۆیی نزیکی دەکردمەوە. پێی وابوو ئەمە ئەو شێوازەیە کە دەبێت مامەڵەم لەگەڵدا بکرێت. دەرهێنەر “ڕێچارد بڕۆکس” کە لە فیلمی پیشەگەرەکان”The Professionals” ساڵی “1966”دا کام لەگەڵدا کرد و، ا ناوی دابووەوە کە لەگەڵ ژناندا – ئەکترێس – ڕووگرژە و ڕقی لێیانە، بەڵام هەر لە سەرەتاوە منی وەک کچی خۆی قبوڵ کرد و ڕێگەی پێدام سەریری دەرەنجامی وێنەگرتنی ڕۆژانە بکەم، کە ئەمە بۆ هیچ کەسێکی تر ڕێگە پێنەدابوو. گەورەترین پیاهەڵدان کە پێی وتم ئەوە بوو کە گوتی من وەک ژنێک دەرناکەوم، بەڵکو وەک پیاوێکم. شتێکی تر کە وای کرد تووشی کێشە نەبم ئەوە بوو کە من لەگەڵ بارودۆخە جیاوازەکاندا خۆم دەگونجێنم، من عاشقی سەرکێشیم و، بۆ من کارکردن لە سینەمادا سەرکێشییەکی نایابە .
٭ لە کتێبی هەموو شتێک دەربارەی سێرجیۆ لیۆنی”All About Sergio Leone”ی “ئۆرێستی دی فۆرناری” .
نووسینی: ئۆرێستی دی فورناری
وەرگێڕانی: شڤان نەوزاد



































































