ماریۆ ڤارگاس یۆسا لە ٢٨ی مارسی ١٩٣٦ لە ئەریکیبای باشووری پیرۆ لە خێزانێکی چینی ناوەند لەدایک بووە، سەرەتا لەلای دایکی و ماڵە باوانی دایکی لە پۆڵیڤیا ژیاوە و دواتر پیرۆ. لە ساڵی ١٩٥٩ کۆچی کرد بۆ فەڕەنسا، لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا ڕۆمانەکانی لەدایکبوو. یۆسا دەیوت؛ لە سایەی فلۆبێرەوە توانیوویەتی ئەو شێوازە نووسینە بدۆزێتەوە کە لەگەڵیدا دەگونجێت و توانیوویەتی ببێت بە ئەو نووسەرەی کە دەیەوێـت. هەر لە پاریس و لەو وەختەی یۆسا وەرگێڕ و مامۆستای زمانی ئیسپانی و ڕۆژنامەنووسی فرانس بێرس بوو، هاوسەرگیری لەگەڵ خولیا ئۆرکیدی کرد، کە دە ساڵ لە خۆی گەورەتر بوو. خۆشەویستی خولیا وای لە نووسەر کرد ڕۆمانێک بە ناوی “پورە خولیا و نووسەرەکە” بنووسـێت، بەڵام ئەم خۆشەویستییە زۆری نەخایاند و پاش چەند ساڵێکی کەم لەیەک جیابوونەوە. دواتر یۆسا هاوسەرگیری لەگەل پاتریشیا یۆسا کرد و سێ منداڵی لێبوو و بۆ ماوەی پەنجا ساڵ پێکەوە مانەوە.
ناوبانگی ڕاستەقینەی یۆسا لە ئەدەبدا، لە ساڵی ١٩٦٣ و پاش بڵاوبوونەوەی ڕۆمانێکی بوو بەناوی “شارەکە و سەگەکان”، کە ڕەخنە و مشتوومڕی ڕای گشتی بەدوای خۆیدا هێنا. دوابەدوای ئەم ڕۆمانەش لە ساڵی ١٩٦٦ ڕۆمانێکی تری بەناوی “خانووە سەوزەکە” بڵاوبوویەوە و جێگەی خۆی لەنێو نووسەرە گەورەکانی سەردەمی خۆی کردەوە. لە ساڵی ١٩٦٩ یۆسا بە ڕۆمانی “دیدارێک لە کاتیدراڵ” شوێنی خۆی لەناو ئەدەبدا پتەوتر کرد. ماریۆی وەرگری خەڵاتی نۆبڵ بەردەوام بوو لە داهێنانە ئەدەبییەکانی و دیارترین بەرهەمەکانی بریتیین لە:- “پانتاڵیۆن و میوانەکان، جەنگی ئاخر زەمان”، کە ئەم دوور بەرهەمە باس لە مرۆڤایەتی و جەنگی ئایدۆڵۆژی دەکات. لە یاداشتەکانی بەناوی “ماسیی ناو ئاوەکە”، بە وردی باس لە کاتی خۆ بەربژێرکردنی بۆ سەرۆکایەتی پیرۆ لە ساڵی ١٩٩٠ دەکات و سەربووردەی خۆی و سیاسەت دەگێڕێتەوە. یۆسا لەسەرەتادا سەرسامی “فیداڵ کاسترۆ”ی باوکی شۆڕش بوو، بەڵام دوای ئەوەی کوپا فشارەکانی لەسەر هیبرتۆ بادیای شاعیر تووند کرد، لە ساڵی ١٩٧١ لە شیوعییەکان دوورکەوتەوە.
لە ساڵی ١٩٩٠ بەربژێر بوو بۆ پۆستی سەرۆکی پیرۆ، بردنەوەشی مسۆگەر بوو، بەڵام لەپڕ ڕکابەرێکی نەناسراو بەناوی ئەڵبێرتۆ فۆجیمۆری دەرکەوت و چەرخی هەڵبژاردنەکانی سووڕاند و هەمووانی بە بردنەوە سەرسامکرد. دواتر ماریۆ لە سیاسەت دوورکەوتەوە. ڤارگاس یۆسا هاوڕێیەکی نزیکی نووسەری دیاری کۆڵۆمپی گابرییەڵ گارسیا مارکیز بوو، تا ئەوەی بە هۆی مشتومڕێکی شاراوە و نەزانراوەوە کۆتایی بە هاوڕێیەتییەکەیان هات. ڤارگاس یۆسا بەڵێنی بە خۆیدا تا کۆتایی تەمەنی هۆکارەکە بە شاراوەیی بهێڵێتەوە و هیچ شتێک لەبارەیەوە ئاشکرا نەکات.
“دیدار”
تۆ گەشت زۆر دەکەیت و لە کاتی گەشتەکانیشتدا دەنووسیت؟
ماریۆ ڤارگاس:– هەموو ڕۆژیک دەنووسم، لە مانگی جووڵای لە پیرۆ و ئالاسکاش هەمان کار دەکەم، گەر بۆ چەند کاتژمێرێکی کەمیش بووبێت. تەنانەت کاتێکیش گەشت دەکەم دەست بە بەرنامەکانمەوە دەگرم، بەتایبەت نووسینی وتار و ڕۆمانەکانم. پێویستە وابکەم، ئەگینا خۆم دەکوژم.
بەڵێ جارێک وتت:- “گەر نەتوانم بنووسم، گولـلەیەک دەنێم بە خۆمەوە.”
ماریۆ ڤارگاس:- ئەمە ڕاستییەکی ڕەهایە، گەر نەنووسم، خۆم دەکوژم.
هێشتا بەم خرۆشییەوە دەنووسی؟
ماریۆ ڤارگاس:- هەمیشە بەمشێوەیە دەنووسم. نووسین؛ ژیان و بوونمە. ژیانی من واتا نووسەری. هەمیشە لە گەڕان و لێکۆڵینەوەدام، ئەم کارەشم بۆ ئەوە نییە ڕاستییەکانی مێژوو بدۆزمەوە یان خۆم ئازاد بکەم، بەڵکوو لەپێناو کەسایەتییەکانی ناو ڕۆمانەکانمە.
چ شتێک ئیلهام بەخشتە؟
ماریۆ ڤارگاس:- ژیان ئیلهام بەخشمە. ئەو شتانەی کە بەسەرمدا هاتوون پاڵنەرم بوون بۆ نووسین، شتێکم نەنووسیوە پەیوەندی بە ژیانی خۆمەوە نەبێت. فرە ئەزموونی بە قووڵی جێپەنجەی خۆی لەسەرم دادەنێـت.
پێتوایە ئەدەب تا ئەمڕۆ کاریگەری لەسەر ڕای گشتی و سیاسەت هەبێت؟
ماریۆ ڤارگاس:- بەڵێ، بەڵام لهم ژیانەی ئێستا ئەمە دژوارە. ئەدەب خراوەتە ناو زبڵدانەوە، بەڵام هێشتاش بەهێزترین ڕێگەیە بۆ بڵاوبوونەوەی فیکر. بەڵام بەداخەوە لەسەردەمی شاشەین و ئەدەب بەهای لە وێنە کەمترە.
ئەمە باشە، یان خراپە؟
ماریۆ ڤارگاس:- ئەو کۆمەڵگەیەی خوێنەری زیاترە، ئازادترن و ڕەخنەگریان زۆرترە. یەکێک لە کاریگەرییەکانی ئەدەب، لەدایکبوونی ڕەخنەگرەکانە. ئەو گەلەی ناخوێنێـتەوە، یاریکردن بە ئەقڵی ئاسانترە. خوێنەری باش بە واتا سیاسی و ئایینی و ڕەگەزییەکانەوە، ئەوانەن کە هەڵدەگەڕێنەوە. بێگومان ئەدەب بۆ خۆشی نییە. بەڵێ، شکسپیر و تۆماس مان و گۆتە و سێرڤانتیس بۆ خۆشییە، بەڵام کاتێک سنووری ئەم خۆشییە دەبڕین، زیاتر بەدەست دەهێنین. ئامانج لەم فیکرە، ئەوەیە لەپاڵ ژیانی خۆمانەوە، ژیانێکی چڕتر و زەنگینتر بوونی هەیە. ئەمەش وەکوو بزوێنەرێک جۆرێک کودەتا دژی واقیع هەڵدەگیرسێنێت.
هەمیشە ئەدەبت بە جۆرێک لە جۆرەکانی شۆڕش لە قەڵەم داوە.
ماریۆ ڤارگاس:- گەر نووسەریش بێ ئاگا بێت، هەمیشە ئەدەب بە جۆرێک لە جۆرەکانی کودەتا دادەنرێت. پێویست ناکات کودەتایەکی سیاسی بێت، بەڵکوو کودەتای دژ بە ژیان و مێژوویش دەگرێتەوە. گەر هەوڵەکانمان بخەینە گەڕ بۆ دروستکردنی چەندین جیهان، مانای ئەوەیە ئەم جیهانەی ئێستامان بەس نییە و بەشمان ناکات. لە کاردا ڕۆحێکی شۆڕشگێرانە هەیە، هەر ئەمە ڕۆحەیە ئارەزوومان پێدەبەخشێـت، لە شتگەلێک ڕاماندەماڵێت کە لە جیهانی هەقیقەتا ونمان کردووە. کاتێک لە تێڕامانێک یان کتێبێک تەواو دەبین، دەبینین جیهانی دەوروبەرمان هەر ژاوەژاوە. ڕۆمان ڕەخنە لە جیهان و کۆمەڵگە دەگرێت، گەر وانەبوایە، چۆن ڕژێمی دیکتاتۆرەکان چاودێریان دەخستە سەر بەرهەمە ئەدەبییەکان؟ چاودێریان خستە سەر ئەدەب، چونکە لە ئەدەب دەترسان. هەڵبەتە دیکتاتۆرەکان مافی خۆیانە بترسن، خودی خۆم گەر کتێب نەبوایە بیرتەسک و سنووردار و کوێر دەبووم بەرانبەر بە جیهان.
ئەو دەمەی بۆ هەڵبژارنەکانی سەرۆکایەتی پیرۆ بۆ ساڵی ١٩٩٠ پاڵێورایت، وتت: “نووسەری لەگەڵ کاری سیاسی یەکناگرێـتەوە.” هێشتا پێـتوایە ئەدەب بەرزترە لە سیاسەت؟
ماریۆ ڤارگاس:- ئەرکی من ئەدەبە، هەرگیز ڕۆژێک نەبووە بیر لەوە بکەمەوە ببم بە سیاسەتوانێکی شارەزا. بەهۆی دۆخێکی لەپڕ و چاوەڕواننەکراو ناچار بووم خۆم بۆ سەرۆکایەتی بەربژێر بکەم، لەکاتێکی ناخۆش و پڕ تووندوتیژدا بوو. ژیرانە لەگەڵ سیاسەت مامەڵەم دەکرد، بێگومان کاری سیاسی بەشێک لە چالاکییە ئەدەبییەکانمی هەڵلوشی. دوای ئەوەی بەرانبەر فۆجیمۆری سەرۆک شکستم هێنا، گەڕامەوە بۆ لای ئەویندارەکەی خۆم؛ نووسین.
“ئەم دیدارەی خوارەوە کۆتا دیداری ماریۆ ڤارگاس یۆسایە”
خەریکی دیدارێکم لەگەڵ ڕافایێل مۆنیۆ “یەکەم ئەندازیاری تەلارسازی ئیسپانی کە خەڵاتی برتزکیری بەدەست هێنا”. مۆنیۆ تەمەنی بووە بە هەشتا و حەوت ساڵ، دەڵێت: “پیری یانی پاراستنی ڕابردوو.” بوویت بە هەشتاو حەوت ساڵ، دەمەوێت بپرسم لە ژیانتدا سوودت لە چ شتێک بینی؟ دەتویست چ شتێک بپارێزیت؟
ماریۆ ڤارگاس:- پیشەکەم؛ کاتێک ئاوڕ لە ڕابردوو دەدەمەوە، دەبینم ژیان لە خۆشی و ناخۆشیدا ئەدەبی خەڵات کردووم. ددانی پێدا دەنێم خۆم ڕادەستی پیشەکەم کردبوو، سووپاسگوزاری خێزانەکەمم کە لێم تێگەشتن و هاوڕێگەم بوون. فلۆبێر دەڵێت: “نووسین ئامرازێکە بۆ ژیانکردن.” لە گەنجیمەوە ئەدەب لە ژیانمدا جێگیرە.
کتێبی داهاتووت و کۆتا بەرهەمت توێژینەوەیەکە سەبارەت بە سارتەر، گەڕانەوەی تۆ بۆ سارتەری فەیلەسووف، مانای چی دەگەیەنێـت؟ شیکەرەوەی هەندێک لە شیکەرەوەکانم خوێندووەتەوە و خۆی لە ڕەشبینی دەبینـێت…
ماریۆ ڤارگاس:- کاتێک لە پیرۆ فێری زمانی فەڕەنسـی بووم، سارتەر کاریگەرییەکی گەورەی بەسەرمەوە هەبوو. لە ئێستادا بەتایبەت لە فەڕەنسادا بەڕێژەیەکی کەم سارتەر دەخوێنرێتەوە و بە “ستالین” ناوی دەبەن، لە هەمان کاتیشدا قسەکانی سارتەر زەمەن تۆزی لەسەر داناوە. ئەمە لە کاتێکدایە ئەوکات وتارەکانی سارتەر منی ئازاد کرد، یارمەتیدەرم بوو لە ڕەتکردنەوەی سۆسیالیزم کە بە فیکری مارکسییەت ڕەنگ کرابوو.
سەرچاوەکان:-
- المجلة حکمة
- الجزیرة نت
- المجلة الثقافیة الجزائریة
- مجلة المجلة
وەرگێڕانی: مەدینە ئەحمەد



































































