“ئێمە قسە لەسەر بابەتێکی بچووک ناکەین، بەڵکو ئێمە سەرقاڵی گفتوگۆکردنین لەسەر ئەوەی کە دەبێت چۆن بژین؟”
سۆکرات، کۆمار، ئەفلاتون “٣٩٠ . پ.ز”
“پێشەکی”
لەگەڵ پەرەسەندن و پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆژیا، زۆرێک لەوانە پەیدا بوون کە بانگەشەی ئاوابوونی فەلسەفە یان مەرگی فەلسەفەیان دەکرد؛ بۆ نموونە “ستیڤن هۆوکینگ” کە لە کتێبی “دیزاینی مەزن” دا دەڵێت:- ”فەلسەفە مردووە و فیزیا جێگەی گرتووهتەوە”. باشە ئێمە هیچ نکۆڵی لە خزمەتەکانی زانست ناکەین بە مرۆڤایەتی، بەڵام ئەوەش دەزانین کە زانست چەکێکی دوو سەرەیە و چەنێک بۆ خزمەت بەکارهاتووە، ئەوەندەش مرۆڤایەتی خستۆتە ژێر مەترسیەوە. ئێمە بۆ بیر لەوە نەکەینەوە و بپرسین؛ ئایا زانست هیچ وەڵامێکی پێیە بۆ دۆز، و کێشە، و پرسە ئەخلاقییەکان؟ یاخود ئەوە فەلسەفەیە پرسیار و وەڵامی هەیە بۆ ئێمە سەبارەت بەو کێشە و پرسە ئەخلاقیانە؟ لانیکەم ئێمە دەزانین کە ئەوە فەلسەفەیە گرنگی خۆی بۆ ئێمە مانیفێست دەکات کاتێک کۆمەڵێ پرسیاری ئەخلاقی بەرامبەر بە زانست قوت دەکاتەوە یاخود کۆمەڵێ پرسیاری ئەخلاقی بەرامبەر بە سیاسەت و کایەی پزیشکی و تەکنەلۆژیا و…. هتد ڕاستدەکاتەوە. ئەوانەی خەریکی فەلسەفە و کاری فەلسەفاندنن، فەلسەفەیان کردووە بە ڕوناککەرەوەی ژیانیان ئەزانن کە حوکمی ”مەرگی فەلسەفە و ئاوابوونی” حوکمێکی بۆشه.
ئەوەی لێرەدا بابەتی ئێمەیە و تیشکی دەخەینە سەر؛ ئاکاری پزیشکییە. ئەو هەوڵەی لێرەدا دەدرێت، ئەوەیە لە بەشی یەکەمی وتارەکەدا، بزانین ئەخلاقی پزیشکی چییە و ئەبێ چۆن بێت؟ کەی سەری هەڵداوە و یاسا و ڕێساکانی چییە؟ بەشی دووەمی وتارەکەش تەرخان دەکەین بۆ دوو پرسی گرنگی سەردەمییانە کە پرسی ”مردن بە پاساوی بەزەیی، و منداڵی دەستکردە”.
“ئەخلاقی پزیشکی”
فەلسەفەی ئەخلاق وەک هەر یەک لە لقەکانی تری فەلسەفە، لایەنی تیۆری تایبەت بەخۆی هەیە، بەڵام ئەوەی زۆر گرنگە لەم لقەی فەلسەفەدا لایەنی پراکتیکیە کە دەچێتەوە ناو دڵی زۆر بوار و پیشەی تری ڕۆژانەی ئێمەوە. هەر یەک لەم پیشانە پەیوەندییەکی تووندوتۆڵی بە ژیانی ئێمەوە هەیە. یەک لەو پیشانە ”پزیشکی”یە کە کەم تا زۆر هەر یەک لە ئێمە ڕێمان کەوتۆتە لای ئەو کەسانەی لەم پیشەیەدا کاردەکەن کە پێیان دەوترێت پزیشک. پزیشکی لەم سەردەمەدا بووە بە فاکتۆرێکی تر بۆ بازرگانیکردن”بەگشتی نەک ڕەهایی”، بۆ نموونە کاتێک تۆ پێویستت بە دکتۆری دەروونییە و دەچیتە لای، ئەو دکتۆرە ئەوەندەی دەرمانت ئەداتێ قسەت لەگەڵدا ناکات و گوێت بۆ ناگرێ، لەکاتێکدا زۆربەی نەخۆشیە دەروونییەکان بە قسەکردن و دەستنیشانکردنی کێشەکە چارەسەر ئەکرێت. فرۆید بۆ ئێمە نموونەیەکی زیندووی ئەم پرسەیە، یاخود کاتێک لاکان لە کۆمەڵەی جیهانی دەروونشیکاران دەرئەکرێت، هەر بەم هۆکارە بووە کە لاکان بەوانی تری وتوە ئێوە بازرگانی بە نەخۆشەکان و دەرمانەوە ئەکەن، ئەمەش پێچەوانەی ئەخلاقی پزیشکییە. ئەخلاقی پزیشکی کۆمەڵێک یاسا و ڕێسای تایبەت بەخۆی هەیە، چ لە ئاستی لۆکاڵی و چ لە ئاستی نێودەوڵەتی دانپێدانراوە و پارێزراوە. بەهۆی ئەوەی پزیشک کاریگەرییەکی زۆری هەیە لەسەر ژیان و مردنی نەخۆشەکان، هەروەها کاریگەری لەسەر تەندروستی جەستەیی و دەروونی نەخۆش هەیە. ئەم یاسایانە، بۆ ئەو بارودۆخەیە کە نەخۆش یان پزیشک لە مەترسی دایە یان ئەگەری ڕووبەڕوو بوونەوەی مەترسیان هەیە. ئەم یاسایانە بەتایبەت لە بارودۆخی ململانێی چەکداری و دەستبەسەرکردندا یاخود لە بواری توێژینەوەی پزیشکیدا بەکاردێن. بەڵام بەگشتی لەو بارودۆخانەدا کاریگەرییەکی زۆری هەیە کە پزیشک خۆی لەژێر فشاری پابەندبوونێکی دوانەدا دەبینێتەوە بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندی تاکەکەسی نەخۆش و بەرژەوەندی کۆمەڵگا. ئەگەر بێتو پزیشک پابەند نەبێت بەم بنەما ئەخلاقییانەی پیشەکەی، ئەوا ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە. بەو مانایەی لەوەیە سکاڵای لەسەر تۆمار بکرێت و داوای قەرەبووی لێبکرێتەوە یان ڕووبەڕووی دادگا ببێتەوە بۆ باجی ئەو تاوانەی کردوویەتی.
“یاسا گشتییەکان”
هیچ ڕێكکەوتنێکی نێودەوڵەتی نییە کە ناوەڕۆکی ئەخلاقی پزیشکی لە کاتی ئاشتیدا ڕێکبخات. ئەم لایەنە لە ئاستی ناوخۆییدا، لە ڕێگەی چۆنێتی ڕەفتارکردنەوە ڕێکدەخرێت کە لەلایەن کۆمەڵە پیشەییەکانی تەندروستییەوە داڕێژراون، هەروەها دەسەڵاتی سەپاندنی سزایان هەیە. پێشێلکارییە قورسەکان، بەپێی یاسای تاوانکاری نیشتمانی دەتوانرێت سزا بدرێن، بەڵام پێشێلکارییە کەمتر قورسەکان لەوەیە ببێتە هۆی داوای قەرەبووکردنەوەی زیانەکان لە دادگا مەدەنییەکان. ناوەڕۆکی چۆنێتی ڕەفتارکردنی نیشتمانی بەپێی وڵات جیاوازە، بەڵام بنەما سەرەکییەکان لە هەر وڵاتێکدا دانپێدانراون. کۆمەڵەی پزیشکی جیهانی، لە تشرینی دووەمی ساڵی”١٩٨٣”دا میساقێکی جیهانی بۆ ئەخلاقی پزیشکی ئامادەکرد و پەسەندی کرد “لەساڵی ٢٠٠٦ هەموار کرایەوە”، کە ڕێککەوتن لەسەر بنەما بنەڕەتییەکان لە بابەتی ئەخلاقی پزیشکیدا ڕوون دەکاتەوە. ئەم میساقە، تەواوکەری ڕێسا نیشتیمانییەکان و ئەو ڕێسایانەیە کە لە دەقە نێودەوڵەتییەکانی پێشوودا هاتووە وەک:-
- میساقی نۆرنبێرگ:- لەساڵی “١٩٤٧” کە تایبەتە بە ئەخلاقی پزیشکی، بەتایبەتی تاقیکردنەوەی زانسی لەسەر بابەتەکانی مرۆڤ.
- میساقی جنێڤ لەساڵی “١٩٤٨”.
- ڕێسا نێودەوڵەتیەکان کە پابەندبوونە پزیشکییەکان، لە دۆخی ململانێی چەکداریدا ڕێکدەخەن بەبێ مافی برینداران و نەخۆشەکان، بۆ چارەسەرکردن بە ڕێسا پزیشکییە تایبەتەکان “پەیماننامەکانی جنێڤ لە ساڵی ”١٩٤٩” و پرۆتۆکۆڵەکانیان لە ساڵی ”١٩٧٧”.
- ڕێسا نێودەوڵەتییە تایبەتەکان کە ئەرکە پزیشکییەکان لە حاڵەتەکانی دەستبەسەرکردندا پەیڕەو دەکرێن.
هەر یەک لەم یاسا و ڕێسایانە، بۆ ئەوەن کە مرۆڤایەتی کەمتر زیانی پێبگات، بەڵام ئەگەر بێت و ئەم یاسا و ڕێسایانە پەیڕەو بکرێن نەوەک تەنها لە چوارچێوەی نووسراودا بمێننەوە. ئاکار لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا مانا وەردەگرێت، کاتێ مرۆڤ ژیانێکی تەنها و تەریکی هەبوایە، و پەیوەندی لەگەڵ کەس نەبوایە، ئاکار و حوکمی ئاکاری بەهایەکی ئەوتۆی نەبوو. بە مانایەکی تر، ئەوەی ڕاستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ کەسانی دیکە هەیە یان کاریگەری کۆمەڵایەتی هەیە دادوەری ئاکاری لەسەر دەکرێت. یەکێک لە ڕێبازە گرنگەکانی فەلسەفەی ئەخلاق؛ ڕێبازی سۆزباوەڕی-ئەویترباوەڕییە. بنەما فەلسەفیە ئەخلاقیەکانی ئەم ڕێبازە بۆ ئەم بابەتەی ئێمە زۆر گرنگە، چونکە سەرەکیترین بنەمای ئەم ڕێبازە ئەوەیە کە ئاکار و بەهای ئاکاری لە سۆزی کۆمەڵایەتیدایە. پزیشکیش یەکێکە لەوانەی کە ڕاستەوخۆ بەرکەوتنی لەگەڵ تاکەکانی کۆمەڵگەدایە، ئەمەش وادەکات پەیڕەوکردنی بنەما ئەخلاقیەکانی ئەم ڕێبازە بۆ کایەی پزیشکی ببێتە پێویستی. ئەم ڕێبازە لەلایەن کۆمەڵێک فەیلەسوفی بەناوبانگەوە پەسەندکرا وەک: دەیڤد هیوم، ئادەم سمیث، و ئۆگست کۆنت. ئۆگست کۆنت بناغەدانەری فەلسەفەی پۆزێتیڤستی پێی وابوو؛ بناغەی ئاکار هەستی ئەویتر باوەڕی یان هاوسۆزییە. دروشمی ئاکاری کۆنت ”ژیان لەپێناو کەسانی دیکە”یە. کۆنت سەرنجی ئەم خاڵەی دابوو کە لە مرۆڤدا، دوو هەست ڕۆڵ دەگێڕێت، هەستی خۆویستی و ئەویترباوەڕی. کۆنت پێی وابوو ئەرکی زانستی ئاکار و پەروەردە ئەوەیە کە هەستی ئەویترخوازی و هاوسۆزی بەسەر هەستەکانی دیکەی مرۆڤدا سەربخات، هەربۆیە داخوازی کۆنت ئەوە بوو کە بۆ سەرکەوتنی ئەم جۆرە هەستە پێویستە لە پەروەردەی منداڵەوە دەستپێبکەین.
گرنگی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە لە کاتی پراکتیکدا دەردەکەوێت، واتا کاتێک پزیشکەکان بەرژەوەندی نەخۆشەکانیان دەخەنە پێش هەموو شتێکەوە، و هاوسۆزی نەخۆش یاخود تاکەکانی کۆمەڵگە بن. بەم مانا کاتێک پزیشک ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە دەکاتە ڕێبازێکی ئەخلاقی پیشەیی خۆی، ئیتر هیچ بەرژەوەندییەکی مادی ناتوانێت بەسەریدا زاڵ بێت، و ژیانی مرۆڤێک ناخاتە مەترسییەوە. بەڵام ئەگەر پزیشک پێچەوانەی ئەم بنەما ئەخلاقییە مامەڵەی لەگەڵ نەخۆشەکانی کرد ئەو کات کارەساتی گەورە دروست دەبێت. هەر بۆیە زۆر پێویستە ئەم بنەما تیۆرییانەی ئەم ڕێبازە پراکتیزە بکرێن لە بواری پزیشکی، بۆ ئەوەی بتوانرێت لانیکەم کەمترین مەترسی بکەوێتە سەر نەخۆشەکان، و بواری بازرگانیکردن بە نەخۆش و دەرمانەوە نەهێڵدرێت. هەر لەم بوارەدا، بابەتێکی تر بوونی هەیە کە لەم سەردەمەدا جێگای موناقەشەیەکی زۆرە، ئەویش پرسی ”مردن بە پاساوی بەزەیی، و منداڵی دەستکردە”. ڕاستە ئێمە لەم وتارەدا ناتوانین کۆی پرسە ئەخلاقییە پزیشکییەکان بخەینە ڕوو، بەڵام لانیکەم هەوڵدەدەین ئەو پرسانەی کە زۆر گرنگن و لەگەڵ سەردەمی ئێستادا سەروکاریان هەیە باسبکەین.
“منداڵی دەستکرد”
لە ئێستادا مرۆڤایەتی، لەناو قۆناغی زانست و تەکنەلۆژیادا دەژیی و چرکە بە چرکە، ڕۆژانە بۆ خزمەتکردنی خۆی پەنا دەباتە بەر زانست و تەکنەلۆژیا. بەهەمان شێوە پزیشکان و دەوڵەتانیش، بۆ کار و پیشە جیاوازەکانیان، پەنا دەبەنە بەر زانست و تەکنەلۆژیا بۆ چارەسەر کردنی گرفت، و دەرچوون لە قەیرانەکان و دەربازبوون لە مەترسییەکان و نەخۆشیەکان. لەگەڵ هەموو لایەنە باشەکانی تەکنەلۆژیا و بەکارهێنانی بۆ خزمەتکردنی مرۆڤ مرۆڤایەتی، ئێستا قۆناغی ڕەخنە و شیکردنەوە و گفتوگۆکردنە لەسەر چۆن، و کەی و بۆچی تەکنەلۆژیای سەردەم بەکاربێت؟. چەندین پرسیاری ئەخلاقی-کۆمەڵایەتی-یاسایی و ئایینی دروستبوونە لە بەرامبەر بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سەردەم. بەتایبەت لە بوارەکانی “سەربازی، زانستی پزیشکی، هەندەسەی جینات، دەسکاریکردنی سیفاتی کۆرپەلە، زیرەکی، و چەندین کارامەیی تری مرۆڤەکان”. ئەمانە و چەندین پرسی تری گرنگ لەوانە:- ” وەچەخستنەوەی دەستکرد”، ئەمە بە دیاردەیەکی تازە و نوێ دادەنرێت. ڕەنگە لە ڕووی ئەخلاقیەوە چەندین گرفت دروست بکات. بۆیە پزیشکان، دەڕواننە ئەم بابەتە وەک ئەوەی گرفتێکی ئەخلاقی-کۆمەڵایەتی-یاسایی بێت زیاتر لەوەی دەسکەوتێکی مەزنی تەکنەلۆژیا بێت.
ئەمە وەچەخستنەوەی دەستکردە، کە سێ فۆڕمی هەیە ئەوانیش:- پیتاندنی دەستکرد، منداڵی بلوری، دایکی بە وەکالەت. بۆ هەریەک لەوانە چەندین گرفتی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و یاسایی هەیە، بە نموونە گرفتە ئەخلاقیەکان و کۆمەڵایەتیەکانی ”پیتاندنی دەستکرد” لەوانە هەستکردنی هەریەک لە “پیاوەکە و ژنەکە” بە بوونی پەیوەندییەکی نادروست لەگەڵ منداڵەکە، وەک نەبوونی خۆشەویستی و سۆز. لە ڕاستیدا لە پیتاندنی دەستکرد ژنەکە وا هەستدەکات لەیەک کاتدا هەم دایکە و هەم باوکە، چونکە باوکەکە هیچ ڕۆڵی نەبووە لە دروستبوونی منداڵەکە و لەدایکبوونیدا، بەو مانای باوکەکە سیفەتی ”باوکێتی” نییە بۆ منداڵەکە. منداڵەکەش کاتێک گەورە دەبێت مافی ئەوەی هەیە ”باوکێتی” باوکی ڕەتکاتەوە و بەدوای ”باوکی” ڕاستەقینەی خۆیدا بگەڕێت. ئەمانە بۆخۆی گرفتی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقین. لە لایەکی ترەوە خودی منداڵەکە دەبێتە بەڵگە لەسەر ئەوەی کە پیاوەکە توانای ئەوەی نییە وەچە بخاتەوە، ئەمەش بۆخۆی گرفتی کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوە و ڕەنگە ببێتە هۆی داڕمانی کەسەکە لەڕووی دەرونییەوە. جگە لە گرفتەکانی وەک دابەشکردنی سەروەت و سامان دوای مردنی باوکەکە. بۆیە دەبینین زۆر بە وریاییەوە ئەم جۆرە کارانە ئەنجامدەدرێن. هەروەها دایکی بەوەکالەت بەهەمان شێوە گرفتی لێدەکەوێتەوە، بەتایبەت گرفتی دایکایەتی ”دایکی ڕاستەقینە”، ڕاستە لەم جۆرە تەکنەلۆژیایەدا گرفت لەسەر باوکی ڕاستەقینە نییە، بەڵکو گرفتەکە بۆ دایکەکە دروست دەبێ، هەرچەندە دایکەکە هێلکەی خۆی بە ئاوی پیاوەکەی خۆی داوە، بەڵام هێشتا ئەو دایکی ڕاستەقینەی منداڵەکە نییە، دایکی ڕاستەقینەی منداڵەکە ئەو ژنەیە کە هێلکەکەیان لەناو ڕەحمی داناوە و ئازار و مەینەتی بوونی کۆرپەلەی هەڵگرتووە.
فەیلەسوفان و پزیشکان دەڕواننە ڕەگ و ڕیشەی ئەم بابەتە و دەپرسن:- بۆچی لە بنەڕەتدا گرنگی بە وەچەخستنەوەی دەستکرد دەدرێت؟ وەڵامە ڕوون و ئاشکراکە ئەوەیە ئەو ژن و مێردەی حەزیان بە منداڵە و توانای ئەوەیان نییە منداڵ بخەنەوە، ئەوە پەنا دەبەنە بەر وەچەخستنەوەی دەستکرد، بۆ ئەم کارە پاڵنەری خۆی هەیە، لەوانە ”تێرکردنی خواستی باوکایەتی و دایکایەتی” و ”هاوکاریکردنی دایک و باوک لە پیریدا” و ”ڕزگارکردنی خێزان لە هەڵوەشانەوە” و ”هێنانی خۆشی بەختەوەری بۆ خێزان” و ”خێزانێک منداڵیان هەبێت لەناو کۆمەڵگا زیاتر ڕێز لێگیراوە”. ڕەنگە ئەم پرسیارە بکرێت، ئایا هەموو خواستێکی مرۆڤ شیاوی بەدیهێنانە؟ لە وەڵامدا دەڵێین نەخێر، بۆ نموونە ئەوانەی خواستی سزادانی ئەوانیتریان هەیە شیاوە خواستەکەی بەدیبێت؟ هەروەها زۆرێک لەو خێزانانەی لە منداڵ بێ بەشن هیچ گرفتیان نییە و بەخۆشی و بەختەوەری ژیانی خۆیان دەکەن. لێرەوە هەندێکیان دەگەنە ئەو ڕایەی وەچەخستنەوەی دەستکرد بۆ تێرکردنی خواست لە ڕووی ئەخلاقیەوە کارێکی نەشیاوە، چونکە تەنها بوونی خواست مەرج نییە تێربکرێ یان تێرکردنی مەرجێکی ناچاری نییە.
“مردن بە پاساوی بەزەیی؛ مردنی بە بەزەییانە”
دیاردەی مردنی بە بەزەییانە وەک گرفتێکی ئەخلاقی-کۆمەڵایەتی-ئایینی ڕووبەڕووی ڕەخنە و دژایەتیکردنی زۆر بۆتەوە. پەنابردنە بەر مردنی بە بەزەییانە بۆ ئەو نەخۆشانە بووە کە بێ هیوا بوونە لە چارەسەرکردنیان و بۆ ئەوەی ڕزگاربکرێن لە ئازارە سەختەکانی نەخۆشیەکە، بۆیە پزیشکان بڕیاردەدەن بە ”مردنی” نەخۆشەکە، بەڵام ”مردنی” لەژێر هەر پاساو و پاڵنەرێک بێت لەدواجاردا جۆرێکە لە ”کوشتنی بەئەنقەست” یان ”کوشتنی بەمەبەست”، ئەمەش تاوانە و لێخۆشبوونی بۆ نییە. بەڕاستی جێی سەرسوڕمانە لەوەی زانستی پزیشکی پێشکەوتنی زۆری بینیوە لە پێناو خزمەتکردن بە نەخۆش و چارەسەرکردن و چاکبوونەوەیان، بەڵام ئێمە ناتوانین بەهەمان شێوە پێشکەوتن لەبواری گرفتە ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیەکان تۆمار بکەین، بەتایبەت بۆ ئەو نەخۆشانەی بێ هیوا بوونە لە چاکبوونەوە؟ واتا سەیرە تا ئێستا نەمانتوانیوە گۆڕانکاری لە شێوازی بیرکردنەوەماندا بکەین بەرامبەر بەو هەموو پێشکەوتن و پەرەسەندنانەی زانست و تەکنەلۆژیای پزیشکی، تەنانەت ئەگەر بۆ ئاسودەیی و بەختەوەری و ئارامی خۆمانیش بێت. لە ڕاستیدا ئەم گرفتە دوو لایەنی هەیە، ئەوانیش ”لایەنێک بۆ نەخۆش و پزیشک یان ئەخلاقیاتی پزیشکی کە گرنگە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشەکان”. لایەنی دووەمی گرفتەکە بۆ زانایانی ئەخلاق گرنگە. ئەوەی تایبەتە بە پزیشک وەک چارەسەرکەری نەخۆش. لێرەدا دەپرسین:- ئایا ئەرکی پزیشکە ڕاستگۆ بێت لەگەڵ نەخۆشەکەی و جۆری نەخۆشیەکەی پێ بڵێت؟ ئایا نەخۆش ئەو مافەی هەیە ڕاستی بار و دۆخەکەی پێ بووترێت؟ یان پێویستە ئێمە وەک بەزەیی پێداهاتنەوە بە نەخۆشەکە ڕاستیەکانی لێ بشارینەوە؟
لێرەدا زاناکانی ئەخلاقناسی دەڵێن:- شاردنەوەی ڕاستیەکان لە نەخۆشەکان جۆرێکە لە درۆکردن و خەڵەتاندن، ئەمە لەڕووی ئەخلاقییەوە ڕەتکراوەتەوە و پەسەند نییە. واتا پێویستە و ئەرکە ڕاستیەکانی پێ بوترێت. سەبارەت بەم بابەتە لەناو پزیشکاندا کۆدەنگی هەیە لەسەر ”مردنی بە بەزەییانە” بە پاساو و پاڵنەری کەمکردنەوەی ئازارەکانی ئەو نەخۆشانەی بێ هیوا بوونە لە چاکبوونەوە، بۆ نموونە ئەو کەسانەی دەکەونە دۆخی ”بێهۆشی” تەواو، ئەو کەسانەی ئازاری زۆریان هەیە بە دەست نەخۆشیەکی کوشندەوە. ئەو منداڵەی ناتەواو و کەم ئەندامە و هیوای چاکبوونەوەی نییە. ئەو منداڵەی لەدایک دەبێت، بەڵام بێ لاق و دەست و بینین و بیستنە، ئەمانە و چەندین حاڵەتی تر هەن کە پێویستە بڕیاری مردنیان بۆ دەربچێت. دیسانەوە ڕووبەڕووی ئەم پرسیارە دەبینەوە؛ ئایا نەخۆش مافی ئەوەی هەیە زانیاری لەسەر نەخۆشیەکەی بزانێت؟ واتا ئاساییە ڕاستی نەخۆشیەکەی پێ بوترێت؟ پزیشکان لەم بابەتە دوو دڵن، بەهۆی هەبوونی جیاوازی لە وەڵامدانەوەی نەخۆشەکان سەبارەت بە باری تەندروستیان. ڕەنگە بەشێک لە نەخۆشەکان بەلایانەوە ئاسایی بێت کاتێک ڕاستی نەخۆشیەکەیان دەزانن و ئازایانە لە دۆخەکە تێدەگەن، بەڵام بەشێکی تریان بە پێچەوانەوە توشی سەرسوڕمان و تێکچوونی دەروونی و هەستکردن بە تەنیایی و تاریکی دەکەن بە بیستنی هەواڵەکە. بۆیە لەم حاڵەتانەدا ڕەنگە نەخۆشەکە دوژمنانە ڕەفتار بکات. بەهەر حاڵ پزیشکان کۆکن لەسەر ئەوەی ڕاستیەکان بە نەخۆشەکان بوترێت، بەڵام لە هەمان کاتدا کۆکن لەسەر ئەوەی بەشێوەی ڕاستەوخۆ و خێرا و لەناکاو ڕاستیەکانیان پێ نەوترێت، بەڵکو هەنگاو بە هەنگاو و لەسەرخۆ ڕاستیەکانیان بۆ ئاشکرا بکرێت و هاوکارییان بکرێت لە وەڵامدانەوەی هەر پرسیارێک کە نەخۆشەکە دەیکات، پێویستە نەرم و نیان و بەسۆز بن لەگەڵیاندا، تا دەگەنە قۆناغی ئارامی و هێمنی. بەڵام سەبارەت بە بڕیاری مردنی نەخۆشەکە هەموو پزیشکان کۆکن لەسەر ئەوەی پێویستە بە ڕەزامەندی و ڕازیبوونی نەخۆشەکە ئەو کارە بکرێت، چونکە ”ژیان لای خاوەنەکەی پیرۆزە”، هەروەها ژیانی مرۆڤەکان کاڵایەک نییە پزیشکان بە ئارەزووی خۆیان مامەڵەی پێوە بکەن. ڕەنگە ئەم کارە بۆ نەخۆشەکە ئاسان نەبێت، نەخۆشەکە نەتوانێت بڕیارەکە پەسەند بکات، بۆیە پەنا دەبرێتە بەر کەس و کارەکەی و کەسە نزیکەکانی و سەبارەت بە بڕیاری ”مردنەکەی” قسەیان لەگەڵ دەکرێت بۆ ئەوەی ڕەزامەندیان وەربگیرێت و ئەو کارە ئەنجامبدرێت و کۆتایی بە ژیانی نەخۆشەکە بهێنرێت، بەڵام لەم حاڵەتەدا ڕەنگە ڕای جیاواز هەبێت لەناو کەس و کارەکەی. بۆیە پزیشکان پەنا دەبەنە بەر تیمی چارەسەرکەر و بڕیاردان لەسەر بابەتەکە. ئەمە سەبارەت بە لایەنی پزیشکان و نەخۆشەکە.
لایەنی دووەم کە تایبەتە بە زاناکانی ئەخلاقەوە، ئەوان پرسیاری ئەوە دەکەن، ئەگەر ئێمە بەوە ڕازی بین و مردنی نەخۆشەکە بە پاساوی بەزەیی و ڕەحم کردن بە نەخۆشەکە و بە کارێکی مەشروع و ڕێگەپێدراومان زانی، ئەوە دەکەوینە ناو گێژاوی سەرسوڕمانەوە سەبارەت بە دۆخی هاوشێوە. چونکە ئەگەر ئێمە بەوە ڕازی بین ئەوە ناتوانین بەرمبەر حاڵەتی هاوشێوە و لێکچوو بێدەنگ بین. بۆ نموونە ئایا دەتوانین ڕێگە بەوە بدەین کەسێک لەژێر پاساوی بە بەزەییانە بمرێنرێت لەبەر ئەوەی ئازار و ناڕەحەتی زۆری هەیە. وەک ئەوانەی لە تەمەندا گەورەن یان ئەوانەی بە کەم ئەندامی لەدایک دەبن یان ئەوانەی ئۆتیزمیان هەیە…هتد. بۆیە ڕازیبوون بە بڕیاری لەم جۆرە گرفتی ئەخلاقی زۆری تێدایە، هیچ متمانە و یاسایەک نییە ئەوکات ڕێگری لە دەسەڵات بکات لەوەی ناحەزان و پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن لەناو نەبرێن بە دروستکردنی کەیسی جۆراوجۆر. بۆ نموونە، ئەوەی ”هیتلەر” لە ئەڵمانیا لە ساڵی “١٩٣٩” بەرامبەر بە کوشتنی “٢٧٥٠٠٠” کەس کردی بە پاساوی ”نەخۆشی ئەقڵی و بەساڵاچووان” و ئەمانە بوونەتە بارگرانی بەسەر بوودجەی دەوڵەتەوە. بۆیە زاناکانی ئەخلاق لەگەڵ مردنی نەخۆشە بێ هیواکان لە چاکبوونەوە گرفتیان نییە، بەو مەرجەی ئەم بابەتە لەوە زیاتر فراوان نەکرێت و پاساوی بێ کۆتایی بۆ کوشتنیان دانەنرێت.
سەرچاوەکان؛
1-أخلاقيات مهنة الطب، هلا الابطح، متاح علی رابط الأتية:
2- أخلاقيات الطبیب مع المریض، دانە نایفە، متاح علی رابط الأتية:
3-فلسفة الأخلاق الطبیة: علاقات الأطباء بالمرضی، سارة العناني، متاح علی رابط الأتية:
4-الأخلاق في الطب وحقوق الآنسان، یوسف القبلان، متاح علی رابط الأتية:
5- أخلاقيات مهنة الطب، القاموس العلمي للقانون الأنساني، متاح علی رابط الأتية:
“https://ar.guide-humanitarian-law.org“
٦-بنەماکانی فەلسەفەی ئاکار: کۆمەڵێک نووسەر، “و:سەعید کاکی”، ٢٠١٤، چاپخانەی ڕۆژهەڵەت\هەولێر.
٧-دەربارەی فەلسەفەی پزیشکی: د.احمد محمود صبحي، د.محمود فهمی زیدان، د.محمود مرسی عبداللە، “و: حسن حسین سدیق جەباری”، چاپی یەکەم-٢٠٢٢.
٨-بنەماکانی فەلسەفەی ئەخلاق: جەیمس ڕەیچڵ، “وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: هەرێم هادی”، چاپی یەکەم، ٢٠٢١، چاپخانەی تاران.



































































