لایەنێکی تری لێکدانەوەکان بۆژیان و گەردوون لایەنی ئایینین، سەرچاوە ئایینیەکان بەهەموو بیروباوەڕەکانیانەوە دەچنەوەسەریەک باوەڕ، لایان وایە گەردوون وزەوی وژیان ومرۆڤ خودایەک دروستی کردون، بۆنمونە لەپەرتووکی پیرۆز “ئینجیل وتەورات”دا زەوی و ئاسمانەکان خودا دروستی کردوون، مرۆڤیش نەوەی ئادەم و ئیڤایە.(١) هەروەها لە ئاڤێستای زەردەشتیشدا ئاهورامەزدا دروستکاری ژیان و مرۆڤە (مەشیەومیشانە) دایک و باوکی مرۆڤایەتین.(٢) قورئانیش ئادەم و حەوا بەدایک و باوکی مرۆڤایەتی دادەنێن.(٣) هەروەها لەشارستانیەتە کۆنەکانی وەکو میسر و میسۆپۆتامیادا هەریەک بەجۆرێ لێکدانەوەی بۆئەم بابەتەکراوە، بۆنمونە لای گەلانی سومەر و ئەکەد و بابل و هوری و کاسی و گەلانی تر ئەم پرسە رەنگی داوەتەوە. لەکۆتای هەزارەی چوارەمی پ.زدا سومەرییەکان یەکەم گەل بوون شاریان دروستکرد و پەرستگای گەورەیان تێیدا دروستکرد، هەرلەوێدا پیت وشێوازی خەت و دەقی نووسینیان داهێنا، لەشارە دەوڵەتەکانی سومەردا هەرشارێ خواوەندی تایبەتی خۆی هەبووە، لەشاری ئوروک دووپەرستگای سەرەکی هەبوون، یەکێکیان بۆخواوەند (ئانوو-Anu) خواوەندی ئاسمان بوو.(٤)
چیرۆکی دروستبوونی زەوی و ئاسمان و ژیان و مرۆڤ لەزۆربەی ئایینەکاندا وەکو یەک وایە وتەنها ناوەکان کەمێک جیاوازن، بۆنمونە زۆربەیان مرۆڤ دەگێڕنەوە بۆ ژن و پیاوێک بەناوی ئادەم و حەوا یان ئادەم و ئیڤ، ئیشانە و میشانە…هتد، لێرەدا کەمێک باسی ئەم دووکەسەدەکەین وبەزانستی شوێنەوار بەراوردی دەکەین بزانین تاچڕادەیەک تێورە ئایینەکانیش رۆڵی خۆیان هەبووە لەدیاریکردن ودۆزینەوەی رەچەڵەک وباوەگەورەی مرۆڤدا؟ بەدرێژایی مێژوی مرۆڤایەتی مرۆڤ هەوڵی داوە رەگ ورەچەڵەکی خۆی بزانێت چیەو لەچی باوانێکەوە هاتووە؟ تاکوئەمڕۆ زۆربەی ئایینەکان باس لەوەدەکەن مرۆڤ نەوەی ئادەم وحەوایە، زاناکانیش بەدوای ئەوەوەن بزانن باوەگەورەی مرۆڤ چیەوەچۆن مرۆڤ پەیدابووە؟ هەربۆیە تاکو ئەمڕۆ هەزاران توێژینەوەو تاقیکردنەوە کراوە لەسەرپاشماوە دۆزراوەکانی مرۆڤ، سەرەڕای چەندین تێوری وەک تێوری گەشەسەندنی “چارلس داروین” و هەندێ تێوریای تر، هەروەها تێوری رەچەڵەک لەسەربنەمای زمان و ئایین وەک ئاری نەژاد و هیندۆئەوروپی و سامی نەژادەکان و زۆرێک لێکدانەوەی تریش. دواجار زۆربەی بیروبۆچوون و تێورییەکان یەک ئامانجیان هەیە ئەویش دیاری کردن و دۆزینەوەی باوەگەورەی مرۆڤە وەک چۆن سەرجەم ئایینەکان لەسەرئادەم وحەوا یان یەک باوک بۆ مرۆڤ کۆکن، زانستیەکانیش بەشێوەی جیاوازکاردەکەن و هەتائێستا ٢١ جۆری مرۆڤیان دۆزیوەتەوە، تا ئەمرۆش توێژینەوە بەردەوامە.
هەتا ئێرە مرۆڤ مێژوویەکی دوورودرێژی بڕیووە تا ئەم وەڵامانەی وەرگرتووە، هەروەها بوونی چیرۆکە ئایینیەکان زۆر جار بووە بەجێی سەرنجی زاناکان و گەڕاون بەدوای راستی و دروستیدا، یەکێک لەوانە چیرۆکی ئادەم و حەوایە، کەوەک باوەگەورەی مرۆڤ سەیردەکرێت لەروانگەی ئایینیەوە. ئەوەی لێرەدا جێی سەرنجە و باس دەکرێت هەوڵ و سەلماندی چەند زانایەکە بۆ بوونی (ئادەم و ئیڤ-حەوا) لەسەردەمێکی دیاریکراودا بەجۆرێکی تری مرۆڤ لەزانستی شوێنەوار ورەگەزناسیدا ناسێندراون، هەرچەندە ئەم بابەتەزیاتر هەڵدەگرێت. لێرەدا بۆچوون وئەنجامی تاقیکردنەوەولێکدانەوەی هەردوو زانای بەناوبانگ (سڤانتە پابۆ)ی سویدی و (ئالان ویڵسۆن)ی ئەمریکی دەخەینەروو لەسەربوون و تەمەن و کاتی( ئادەم وئیڤا). ئەم دووزانایە لەتوێژینیەوەوکاری هاوبەشیاندا لەسەر رەگەزی مرۆڤ ساڵی ١٩٨٧بابەتێکیان بڵاو کردەوە بەشیکاری (دنا-DNA)ئەوەیان سەلماند گەیشتنە ئەوراستیەی هەموو مرۆڤایەتی لەباوانێکەوە هاتوون، ئەویش لە ئەفەریقابووە و هەرلەوێوە بڵاوبوونەتەوە بەهەموو جیهاندا. لە روانگەی ئەوانەوەخەڵکی سەرزەوی بە هەموو جیاوازی رەنگ و زمانەوە بە شێوەیەکی گشتی دەگەڕێنەوە سەریەک باوان و بنەچە و رەچەڵەک و نەژاد، مرۆڤ و مرۆڤایەتی لەوێوە سەرچاوەیان گرتووە و گەشیان کردووە، وەکو مرۆڤی ژیر دەرکەوتوون، بۆیە ئەم دووزانایە لایان وایە مرۆڤ نەوەی ژنێکن بەناوی (ئیڤا-میتۆکوندریاڵ) (إيفا ميتوكوندريا- Eva mitochondrial) ئەو ماوەیەی کە تێیدا ژیاوە دەگەڕێتەوە بۆ (٢٠٠٠٠) بیست هەزارساڵ پێش ئێستا، ئەم کارەشیان لە لێکۆلینەوەیەکدا خستەروو بە بەکارهێنانی شیکاری (دنا- DNA) بەهاوبەشی لەگەڵ (لیندا لنگلانت)دا.(٥) بێگومان بەرلە هەوڵی ئەم زانایانە لە ساڵی ١٩٨٠دا هەوڵێکی تر هەبووە لەلایەن زاناکانەوە کە پێیان وابووە مرۆڤایەتی لەخاڵێکدایەک دەگرنەوە ئەویش (ئیڤا) بووەلە ئەفریقا ژیاوە. هەروەها زاناکان ناوی کچێکی ئیڤا دەبەن بەناوی (یو٥) ئورسولاس-ئەم زانیاریانەش لەپەرتووکی بۆماوەیی بریتانی نوسەر “بریان سایکس” داهاتووە و بەشیکاری (DNA) ئەوەی سەلماندوەکەئەم کچە لەرۆژهەڵاتی ناوەراست ژیاوە، نەوەکانی بە هەموو ئەوروپا، ئاسیا و باکوری ئەفریقادا بڵاوەیان کردووە، بەڵام ئورسولە لەچاخی سەهۆڵبەنداندا ژیاوە و ئەوروپای ئاوەدان کردۆتەوە.(٦) هەروەها توێژەرەئەمریکییەکان لەکالیفۆڕنیابەشیکاری (DNA) زۆر بابەتی تریان دەرخستووە لە ئەنجامی شیکارییەکانیاندا، بۆنمونە هاتوون تاڵی قژیان بەکارهێناوە بۆدۆزینەوەی رەگ ورەچەڵەکی مرۆڤ وەک بنەمایەکی گرنگ بەکاریان هێناوە لەزانستی رەگەزناسی و بۆماوەیی دا بۆ دەرخستنی باوانی مرۆڤ. بەو تاقیکردنەوەیە و بەشیکاریەکانیان ئەوەیان سەلماند هەموو مرۆڤەکانی ئێستای جیهان دەگەڕێنەوە سەرژنێک کە(٢٠٠٠٠) هەزار ساڵ پێش ئێستا لە ئەفریقیا ژیاوە.
دوای چەندین ساڵی تر لەگەڕان و پشکنین ودۆزینەوە و توێژینەوە و شیکاری تاقیگەکان، زانا ئەمریکیەکان لەساڵی ١٩٩٥دائەویان راگەیاند کەتوانیویانە کەسێک لەرەگەزی نێر بدۆزنەوە کە هاوتەمەن و هاوکات و هاوچاخی ئیڤ بووە بەناوی (وای کرۆنۆسۆمە ئادەم) کەئەمیش بۆ(٢٠٠٠٠) هەزارساڵ دەگەڕێتەوە و بە باوە گەورەی هەموو مرۆڤ دادهنرێت، وەکو چۆن ئیڤ بەدایک و ئەمیش بەباوک دانراوە، سەرجەم مرۆڤایەتی لە نەوەی ئەم دووکەسەن. هەروەها ئەوەشیان سەلماند ئادەمیش ئەمیش هەر لەئەفریقا ژیاوە. هەروەک چۆن زۆربەی تێورەکانی تریش جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە مرۆڤ لەئەفریقاوە سەری هەڵداوە.(٧) کەواتە بەهەردووتێوری ئایینی و زانستی هەوڵی دۆزینەوەی رەچەڵەکی مرۆڤ دراوە، هەریەک لەروانگەی خۆیەوە لەو بابەتە دەڕوانێت، تاکو ئەمڕۆش ئەو بیروباوەڕانە لەسەر بنەچەی مرۆڤ هەن، کارکردن بۆسەلماندنیان بەردەوامە.

وێنەی ژمارە(١) ئیڤا
Karin Bois: Min Eurpeiska Familj De Senaste 54000 Aren,2015, svarige,p23

وێنەی ژمارە(٢) شوێنی سەرهەڵدانی ئایینیەکان
سەرچاوەکان:
(١) کتاب مقدس ؛ ترجمه، هزاره تو از زبانهای اصلی عبری و یونانی ، چاپ ، ۲۰۱۶ میلادی، انتشارات ایلام .
(2)Avesta | DİZİ DIŞI : 350114 Avesta Zerdüştilerin Kutsal Metinleri Zerdüşt Ingilizceden Çevirenler : Fahriye Adsay / Ibrahim Bingöl Kitapta yer alan ” Zerdüştlük ve Avesta ” ( 9-31 ) , Vendelad ( 33-154 ) , Vistebad ( 155-173 ) ve tarafından çevrilmiştir . ” Sözlükçe ” Fahriye Adsay tarafından hazırlanmıştır . Parçalar ( 293-322 ) Fahriye Adsay , Yasna ( 175-291 ) ve Khorda Avesta ( 323-474 ) Ibrahim Bingöl Editör : Abdullah Keskin . Kapak : Azad Aktürk Tashih ve Mizanpaj : Avesta Birinci Baski : 2012 , Istanbul.
مەشیەومەشیانە: بەماننای باوکەئادەم ودایکەحەوادێت، تاکوئەمڕۆش لەشێوەزاری لوڕی وهەورامیدا بەکاردێت،وەکولەدەقەکانی پیرشالیاردا هاتووە:
یاران جەرێواس یاران جەرێواس،
پادشام پەیدابی جەدانەی رێواس،
مەشیەومەشیانە بەرئامان جەواس!
-فازڵ ئوسوڵیان:ناسنامەی زمانی کوردی،سوید،٢٠١٥ ،ل٢٢٨-٢٢٧.
٣) الْقُرْآنِ الْكَريمِ: دار المعریفە،دیمشق،١٩٩٦ ((يَأَيُّهَا ٱلنَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَٰكُم مِّن ذَكَرٍۢ وَأُنثَىٰ وَجَعَلْنَٰكُمْ شُعُوبًا وَقَبَآئِلَ لِتَعَارَفُوٓاْ ۚ إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ ٱللَّهِ أَتْقَىٰكُمْ ۚ إِنَّ ٱللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ)) ( سورة الحجرات:13)(خلق اللهُ آدمَ على صُورتِه، وطُولُه سِتُّونَ ذِراعًا)
(4) Dan Cohn-Sherbok:JUDAIZM,History .Believ and Practice,NewYourk,2009,p1.
Annie Caubet and Patrick Pouyssegur:The Ancient Near East,The Oringins of Civilization,Paris,1998,p175-188
-Paul Kriwaczek; Babylon, Misopotamia and Birth of Civilization, NewYork,2012,p28-37-120-122.
J.N.Postgate:Early Mesopotamia,Society,and Economy at the Dawn of History, NewYork,2002,p109-115.
5.. Harriet Crawford: Sumer and The Sumerians,Camberge Universty,2002,UK,p48-50.
Taina Kantala:, Lennat Warring: Arvet och Arvetagarna, Stockholm, 2009,p39-40.
(5)Karin Bois: Min Eurpeiska Familj De Senaste 54000 Aren,2015, svarige,p22.
(6)Karin Bois: Min Eurpeiska Familj De Senaste 54000 Aren,2015, svarige,p39-40.
(7)Karin Bois: Min Eurpeiska Familj De Senaste 54000 Aren,2015, svarige,p24.



































































