دانپێدانانی سیاسی لە ئاستێکی فیکریدا، ڕەنگدانەوەی دیالێکتیکی هیگڵییە لە نێوان «خۆ» و «ئەویتر»دا. ئەم دیالێکتیکە، کە هیگڵ بە «دانپێدانانی دووسەرە» ناوی دەبات، پێشمەرجی هەبوونی کۆمەڵگای ئازاد و ئەخلاقییە. لە کتێبی «فینۆمینۆلۆجیای ڕۆح»دا، هیگڵ بەڕوونی نیشانی دەدات کە بوونی مرۆڤایەتی و پێگەی مەعنەوی تاک و کۆمەڵ پەیوەستە بە پرۆسەی دانپێدانانی بەردەوامەوە. بەپێی ئەم تێگەیشتنە، کورد وەک نەتەوەیەک لە گەشتی دیالێکتیکی خۆیدا بەرەو دانپێدانانی تەواو، لە قۆناغێکی «تێهەڵچوون»ـی مێژووییدایە. لە لایەکەوە بە پێکهاتەی شارستانی و کولتوری درێژخایەنی، کورد خاوەنی «بوون»ـێکی ڕەسەنە، لەلایەکی دیکەوە لە سیستەمی وێستفالیای مۆدێرندا، کە فۆرمی «دەوڵەت-نەتەوە» بە تەنیا نوێنەری «بوون»ـی سیاسییە، کورد گیری خواردووە لە یەک ساتدا لە نێوان «بوون» و «نەبوون»دا.
ئەم تێهەڵچوونە، کە هیگڵ بە «Aufhebung» ناوی دەبات «واتە پرۆسەیەک کە تێیدا شتێک هەم ڕەتدەکرێتەوە و هەم دەپارێزرێت و هەمیش بەرزدەکرێتەوە بۆ ئاستێکی باڵاتر»، بەشێوەیەکی تراژیدی لە مێژووی سیاسی کورددا دەردەکەوێت. ناسنامەی کوردی، بەردەوام لە ئۆنتۆلۆژیای سیاسی نێودەوڵەتیدا «نەفی» کراوە، بەڵام هاوکات لە قووڵایی مێژوو و کولتوردا «پارێزراو» بووە، و لە پرۆسەی سیاسی-مێژووییدا بەردەوام هەوڵی داوە خۆی «بەرزبکاتەوە» بۆ ئاستی قەوارەیەکی سیاسی سەربەخۆ. کاتێک دەڕوانینە تێگەیشتنی هیگڵ بۆ پەیوەندی نێوان «سەروەر» و «کۆیلە» لە فینۆمینۆلۆجیادا، تێدەگەین کە چۆن کورد، وەک زۆرێک لە گەلانی ژێردەستە، کەوتووەتە ناو جۆرێک لە «دانپێدانانی نایەکسان». لەم حاڵەتەدا، مێژووی هاوچەرخی کورد گەشتێکی دیالێکتیکییە لە «کۆیلەبوون»ـەوە بەرەو «خۆئاگایی»: لە ڕێگای کاری سەختی سیاسی و کولتوری و سەربازییەوە، کورد هەوڵی داوە بەربەستەکانی نایەکسانی دانپێدانان تێپەڕێنێت و خۆی لە حاڵەتی «نەناسراو» یان «نیوە-ناسراو»ـەوە بەرزبکاتەوە بۆ حاڵەتی “دانپێدانانی تەواو”. لە چوارچێوەی ئەم بۆچوونە فەلسەفییەدا، دەکرێت پرسی کورد لە چوار وڵاتی دابەشکراودا ڕاڤە بکرێت وەک چوار ئەزمونی جیاوازی دیالێکتیکی لە هەمان پرۆسەی مێژووییدا. لە هەر یەک لەم وڵاتانەدا، دینامیکی تایبەتی پەیوەندی نێوان «سەروەر» و «کۆیلە» هەیە، بەڵام لە هەموویاندا، تێکۆشانی کورد بۆ دانپێدانان لە قۆناغە جیاوازەکانی «خودئاگایی»دایە. لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا، جۆرێک لە «نیمچە-دانپێدانان» بەدیهاتووە کە تێیدا سەروەری بەشی و کاتی بەدەستهاتووە؛ بەڵام سەروەرییە گشتییەکە بەدەستنەهاتووە، کە پەیوەندی «بەش» و «گشت» ئاوێزان بکات. لە ڕۆژئاوای کوردستان، بەتایبەتی پاش ڕووداوەکانی (٢٠١١)، جوڵانێکی گەورە لە «خودئاگای»یەوە بەرەو «خودسەروەری» لە ئارادایە؛ لە ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان، هێشتا خەباتی کولتوری و سیاسی لە قۆناغی «خودئاگایی»دایە.
ئەم پرۆسەیە مەحکوومە بە «خۆگەیاندن بە کۆتایی مێژوو»، کە تێیدا دیالێکتیکی دانپێدانان دەگاتە لوتکەی خۆی، و دۆخی «دانپێدانانی تەواو و یەکسان» لە کۆمەڵگای ئازاددا دێتە دی. لێرەدا پرسیاری گرنگ ئەوەیە: ئایا لە سیستەمی جیهانی هەنوکەییدا، دەشێت کورد بە «کۆتایی مێژوو»یی خۆی بگات؟ ئەم پرسیارە، کە هاوکات فەلسەفی و سیاسییە، تەنیا لە چوارچێوەی فیکری هیگڵدا وەڵام نادرێتەوە، بەڵکو پێویستی بە تێکەڵکردنی تێگەیشتنی کلاسیکی هیگڵ لەگەڵ تیۆری «پۆست-کۆلۆنیاڵیزم»یی هاوچەرخدا هەیە. دیالێکتیکی دانپێدانان لە فەلسەفەی هیگڵدا لەسەر بنەمای جووڵەی بەردەوامی «تێز» و «ئەنتی تێز»، «سینتێز»دایـە. بەپێی ئەم بۆچوونە، قەوارەی دەوڵەتی کورد (یان قەوارەی فیدراڵی یان کۆنفیدراڵی) دەکرێت وەک «سینتێز»ـی دیالێکتیکی نێوان لایەنەکانی «تێز» (وڵاتە دابەشکەرەکان و سیستەمی وێستفالیا) و «ئەنتی تێز» (بزوتنەوەی نەتەوەیی کوردی) ببینرێت. بەڵام مێژوو نیشانی داوە کە ئەم سینتێزە بەئاسانی دێتەدی، بەتایبەت لە ناوچەیەکی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە تێیدا «دانپێدانان» مەفهومێکی لەرزۆکە و گۆڕانکاری جیۆپۆلیتیکی و جیۆستراتیژی خێرا ڕوودەدات.
لە ڕوانگەی فەلسەفەی سیاسی هاوچەرخەوە، “چارلز تایلۆر” و “نانسی فرەیزەر”، کە بەشێوەیەکی قووڵ کاریگەری هیگڵیان لەسەرە، بەباشی دەیسەلمێنن کە دانپێدانان مەسەلەیەکی ئۆنتۆلۆژی و ئەخلاقییە، نەک تەنیا سیاسی و پراگماتیکی. کورد، لەم ڕوانگەیەوە، لە «خەباتی دانپێدانان» دایە کە تێیدا ناسنامە، کەرامەت، و بوونی سیاسی دەخرێتە سەر مێزی ململانێ. ئەم ململانێیە تەنیا بۆ دەستخستنی «دەوڵەت-نەتەوە» بە مانا کلاسیکییەکەی نییە، بەڵکو زۆر قووڵترە و پەیوەندی بە بوون و شوناسی ئۆنتۆلۆژی و ئەنترۆپۆلۆژییەوە هەیە. لە ڕوانگەی پۆست-کۆلۆنیالیزمی تیۆریسیەنەکانی وەک “هۆمی بابا” و “ئێدوارد سەعید”، خەباتی کورد بۆ دانپێدانان بەشێکە لە «ستراتیژی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆلۆنیاڵیزم» کە تێیدا شێوازی «دەسەڵاتی نەرم» بە مانا فوکۆییەکەی بووەتە «مەیدانی ململانێ». لێرەدا، بەپێی تێزەکەی فوکۆ، «دەسەڵات/مەعریفە» هەوڵی داوە لە ڕێگای گوتاری ناسیۆنالیزمی فەرمی دەوڵەتانەوە ناسنامەی کوردی لەناوببات یان بیخاتە پەراوێزەوە. بەڵام کورد، لە ڕێگای «دژەگوتار»ـی نەتەوەیی، کولتوری و سیاسییەوە، بەردەوام لە خەباتدا بووە بۆ بەدیهێنانی «فەزای سێیەم»کە تێیدا «دانپێدانانی یەکسان» دێتە دی.
ئەم «فەزای سێیەم»ـە، کە (هۆمی بابا) باسی دەکات، دەتوانێت لە کۆنتێکستی کورددا بەشێوەی جۆراوجۆر دەربکەوێت: دەکرێت لە چوارچێوەی سیستەمی فیدراڵی یان کۆنفیدراڵی بێت، دەشکرێت لە چوارچێوەی دەوڵەتی سەربەخۆ بێت، یان لە چوارچێوەی نوێی پۆست-وێستفالیا بێت کە تێیدا فۆرمی دەوڵەت جیاواز دەبێت لە فۆرمی کلاسیکی. بەڵام خاڵی سەرەکی ئەوەیە کە دانپێدانان، بەپێی تیۆری هیگڵی، نابێت لەسەر حیسابی «نەفیکردنی ئەویتر» بێت، بەڵکو دەبێت «دانپێدانانی یەکسان» بێت کە تێیدا هەموو لایەنەکان یەکتر قبوڵ دەکەن. مەسەلەی دانپێدانانی کورد، پرسێکی نێوان «تاک» و «کۆمەڵ»ـە لە هەمان کاتدا. نەتەوەی کورد خاوەنی ناسنامەی تایبەتە، بەڵام ئەم ناسنامەیە تەنیا لە ڕێگای دانپێدانانی ئەوانی دیکەوە دەتوانێت بگاتە ئاستی «ڕەسمی». کورد وەک «کۆیلە»یی دانپێدانان، هەوڵی داوە لە ڕێگای خەباتی سیاسی، کولتوری، سەربازی و کۆمەڵایەتی خۆی لە «کۆت»ـی مەفهوومی کلاسیکی دەوڵەت-نەتەوە ڕزگار بکات و پێگەیەکی شایستەی خۆی لە سیستەمی جیهانیدا بەدەست بێنێت. ئەم تێکۆشانە دیالێکتیکییە، کە ستراتیژی جۆراوجۆری بەکارهێناوە و ئەزموونی جیاوازی تاقیکردوەتەوە، بەردەوامە، و تەنیا «کۆتایی مێژوو»بە مانا هیگڵیەکەی دەتوانێت کۆتایی پێبێنێت. «کۆتایی مێژوو»ش، کە بە لێکدانەوەی (فرانسیس فۆکۆیاما) سیستەمی «لیبراڵ-دیموکراتیکی مۆدێرنە»، هێشتا بەتەواوی نەهاتووەتە دی. ئەمەش واتە خەباتی کورد بۆ دانپێدانان، بەپێی دیدی هیگڵی، بەشێکە لە پرۆسەیەکی مێژوویی گەورەتر کە تێیدا کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەرەو دۆخی «ئازادی ڕاستەقینە» و «دانپێدانانی یەکسان» هەنگاو دەنێت.
ئایا نەتەوەی کورد دەتوانێت «کۆتایی مێژوو»یی خۆی ببینێت؟ ئەمە پرسیارێکە کە تەنیا لە ڕێگای پراکتیکی بەردەوامی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەلسەفییەوە وەڵام دەدرێتەوە. بەڵام لە ڕوانگەی هیگڵییەوە، ئەم «کۆتایی»ـیە «ئامانجی کۆتایی» پرۆسەی مێژووییە و دێتە دی، سەرەڕای هەموو لەمپەر و بەربەستێک. کورد وەک “کۆیلە”ی سیستەمی وێستفالیا، سەرەنجام لە ڕێگای «کار»ەوە، خۆی دەگەیەنێتە ئاستی «سەروەر» و بەمەش دینامیکی «سەروەر-کۆیلە» تێدەپەڕێنرێت و جێگای خۆی دەدات بە دۆخی «یەکسانی»، چ ئەم دۆخە لە چوارچێوەی سیستەمی نوێی نێودەوڵەتی بێت، چ لە چوارچێوەی چاکسازیی سیستەمی هەنوکەیی. خاڵی سەرەکی ئەوەیە کە پرۆسەی دانپێدانان، بە مانا هیگڵییەکەی، پرۆسەیەکی «تاکلایەنە» نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی «دوولایەنە» یان «فرەلایەنە»یە کە تێیدا هەموو بەشەکان، بەپێی پێویستی مێژوویی، دەگەنە ئاستی یەکسانی. لە بەرخۆدانی کورددا، ئەم بۆچوونە مانای ئەوەیە: کە بڕوا بە سەرکەوتنی کۆتایی هەیە، بەڵام ئەم سەرکەوتنە نابێت تەنیا لەسەر بنەمای چەمکی کلاسیکی «دەوڵەت-نەتەوە» پێناسە بکرێت، بەڵکو دەکرێت لەسەر بنەمای تێگەیشتنیکی نوێتری «دانپێدانانی یەکسان لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەکتەرانی نێودەوڵەتی»دا پێناسە بکرێت.
لە ئاکامدا، مێژووی دانپێدانانی سیاسی کورد، بەپێی ڕوانگەی هیگڵی، بەشێکە لە مێژووی گەورەتری مرۆڤایەتی کە بەردەوام بەرەو دۆخی «کۆتایی مێژوو» هەنگاو دەنێت. کورد وەک نەتەوەیەک، لەم گەشتە مێژووییەدا، ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت و لە قۆناغی «خودئاگایی»یەوە، بەرەو قۆناغی «دانپێدانانی یەکسان» هەنگاو دەنێت. ڕەنگە ئەم گەشتە ئاسان نەبێت، بەڵام بەپێی دیالێکتیکی هیگڵی، «ئاڕاستەی مێژوو» بەردەوام بەرەو «ئازادی» دەڕوات، و نەتەوەی کوردیش، لەم پرۆسەیەدا، سەرەنجام دەگاتە قۆناغی «خودسەروەری»، چ لە چوارچێوەی سیستەمی فیدراڵی، چ لە چوارچێوەی سیستەمی کۆنفیدراڵی، چ لە چوارچێوەی دەوڵەتی سەربەخۆ، یان لە چوارچێوەیەکی نوێی پۆست-وێستفالیادا.