ڕۆشنگەری لە پلەی پێشەوەچوونی هزر لە گشتیترین مانایدا، بەشێوەیەکی بەردەوام هەوڵی داوە تاکوو مرۆڤ لە داوی ترس ڕزگار بکات و سەروەری و دەسەڵاتی ئینسان مسۆگەر بکات. بەم حاڵەوە کە ئێستە گۆی زەوی هەمووی شەپۆلی ڕۆشن گرتوویەتییەوە، هەنووکە بە دەست درەوشانەوەی سەروەرمەندانەی کارەساتەوە دەبریسکێتەوە. بەرنامەی ڕۆشنگەری، ئەفسوونسڕینەوە لە جیهان، پووچەڵکردنەوەی ئوستوورەکان و بەراوەژووکردنی خەیاڵپڵاویی مرۆڤ لە ڕێگەی مەعریفەوە بوو. فرانسیس بەیکەن، (باوکی فەلسەفەی ئەزموونگەرا)، ئەم ناوەرۆکانەی پێشتر کۆ کردبوویەوە.
ئەو بانگخوازانی نەریت و ترادیشنەکانی ڕیسوا دەکرد، واتە هەمان ئەو کەسانەی کە ئیمانیان لە جێگەی مەعریفە دانا و بەنیسبەت گومانکردنەوە بە هەمان ڕادە کە بێ ئارەزوو بوون لە خستنەڕووی وەڵامەکاندا دوو هێندە پڕ ئارەزوو و بێباک! بە وتەی بەیکەن هەموو ئەمانە کۆمەڵێک لەمپەر بوون لە هەمبەر ڕێگای “هەڵپێکان و جووتبوونی پیرۆزی نێوان زەینی مرۆڤ و ماهییەتی شتەکانی دنیای دەرەوە”، و ئەنجامەکەشی داماویی مرۆڤ دەبوو لە بەکارهێنانی زانستی خۆی بۆ باشترکردنی دۆخی خۆی. ئەو داهێنانە پیشەییانەی کە لەو کاتەدا هاتنە ئاراوە- کە بەیکەن ئاماژە بە پیشەسازیی چاپم تۆپخانە و قیبلەنما دەکات- زیاتر بەرئەنجامی چانس و بەخت بوون تاکوو لێکۆڵینەوەی ڕێک و پێک لەبارەی سرووشت. مەعریفەیەک کە لە ڕێگەی ئاوەها لێکۆڵینەوەیەک بەدیدەهات نەک تەنها لە ژێر کاریگەریی سەرمایە و سامان و دەسەڵات بەدەر بوو بەڵکوو مرۆڤی لە سەر کورسیی حوکمڕانیی بەسەر سرووشتدا دادەنا: “کەواتە ئیتر جێگەی هیچ گومانێک نییە کە سواربوون و سەروەربوونی مرۆڤ گرەوەکەی لە ناو هەنبانەی مەعریفەدایە، هەنبانەیەکی لێوانلێو لە گەوهەر کە نە خەزێنەی شاکان توانایی کڕینی هەیە و نە دەسەڵاتیان دەتوانێت تەحەکومی بەسەردا بکات؛ سیخوڕان و هەواڵگرەکانی پاشاکان ئاگایان لەم گەوهەرانە نییە و مەلەوانان و دۆزێنەرەکانیان گەلێک مەودایان هەیە لێی. ئێستە ئێمە لە ڕووبەری باوەڕ و بنەماکاندا زاڵ و بەڕێوەبەری سرووشتین، بەڵام لە پانتای حەوجێ و پێویستییەکاندا بەندە و ملکەچی ئەوین: بەڵام ئەگەر لە داهێنان و ئافراندندا پێڕەکاری ئەو دەبووین، ئەوکات لەڕێگەی کردارەوە بەسەریدا زاڵ دەبووین”.
ڕوانگەی بەیکەن لەگەڵ ئەوەی شتێکی ئەوتۆی لە بیرکاریی تێدا نییە، بەڵام هاوتەریب و گونجاو لەگەڵ ئەو تێڕوانینە زانستییە کەوتەوە کە لە پاش ئەو هاتە ئاراوە. ئەو “جووتبوونە پیرۆزە”ی نێوان زەینی مرۆڤ و ماهییەتی شتەکانی دنیای دەرەوە کە مەبەستی ئەو بوو، ئێستە دەبێت بەسەر قەڵەمڕەوی سرووشتی ئەفسوونلێسەندراو فەرمانڕەوایی بکات. مەعریفە، کە هەمان دەسەڵاتە، هیچ سنوور و کەوشەنێک ناناسێت: نە لە بەکۆیلەکردنی بوونەوەرەکاندا و نە لە پێڕەوکردنی حاکمانی سەر زەوی. مەعریفە بە بێ سەرنجدان بە ڕەچەڵەک و ماهییەتی بەکارهێنەران بە تەواوەتی لە خزمەتی ئەواندایە، بە هەمان شێوە کە پێڕەوکار و تەسلیمی هەموو ئامانجەکانی ئابووریی بورژواییە لە بواری کارگە و کێبڕکێی بازاڕدا. پاشاکانیش ڕیک بە ڕادەی بازرگانەکان بەشێوەیەکی ناڕاستەخۆ پێشکەوتن و تەکنەلۆژیا بەکار دەهێنن و کۆنترۆڵی دەکەن. ئەم تەکنەلۆژیایە بە هەمان ڕادە دیموکراسییە کە سیستەمە ئابوورییە لە حاڵی گەشەکە کە هاوتەریبیەتی. تەکنەلۆژیا، جەوهەر و ماهییەتی ئەم مەعریفەیەیە.ئامانجی تەکنەلۆژیا بەرهەمهێنانی چەمکەکان و وێنەکان، یان تێڕوانینە پیرۆز و گەشەدارەکان نییە، بەڵکوو غایەت و ئەنجامەکەی بریتییە لە میتۆدی داگیرکاری و چەوساندنەوە واتە ئیستیغلالی ڕەنجەشانی کاری ئەوانی دیکە و بەدەستهێنانی سەرمایە. ئەو گەوهەرە زۆرانەی کە بە وتەی بەیکەن لە خەزێنە و هەنبانەی مەعریفەدا خڕ کراونەتەوە خۆیان لە بنەمادا وەکوو ئامراز و ئامێری ڕووت و قووتن: ڕادیۆ وەکوو دەزگای چاپێکی پێشکەتوو، فڕۆکەی بۆمبهاوێژ وەکوو شیوەیەکی کارامەتری تۆپخانە، کۆنترۆل لە ڕێگای دوورەوە وەکوو جەمسەردۆزێکی متمانەپێکراتر.
ئەوەی مرۆڤ تامەزرۆیە لە سرووشت فێری ببێت چۆنێتی (یان شێوەی) بەکارهێنانی سرووشت بۆ بەدەستهێنانی سەروەری و سوڵتەی تەواو بە سەر سرووشت و مرۆڤدایە. جگە لەمە ئامانجێکی دیکە لە ئارادا نییە. ڕٶشنگەری بە ڕق و پشتکردنە خۆ، دواهەمین نیشانەکانی خودئاگایی خۆی لەناوبردووە. تەنها ئەو جۆرە لە بیرکردنەوە کە دەرهەقی خۆی بێڕەحم و دڵڕەقە بەڕادەی پێویست بۆ پلیشاندنی ئوستوورەکان بەهێز و پتەوە. لێرەدا دەسەڵات و مەعریفە هاوتای یەکدین. بۆ بەیکەنیش وەکوو ڤۆڵتەر، “مەعریفەیەک کە ئامانجەکەی تەنها و تەنها دڵخۆشکردنی خۆدە هیچ نییە جگە لە کەنیزێکی دەربار کە تەنها بۆ چیژوەرگرتن باشە نەک وەچەخستنەوە و زاوزێکردن”. داڵغەی مەعریفە هەمان کردار یان پرۆسەی کارتێکەرە، نەک “ڕازیبوونێک کە خەڵک ناویان ناوە هەقیقەت”. “غایەت، بوار وئەرکی ڕاستەقینەی مەعریفە نە قسەی پەسەندکراو و بەجێ و نەستەق و بەتوێکڵە و نە بەڵگە و پاساوە شیاوەکان، بەڵکوو لە بنەڕەتدا بریتییە لە “کاریگەریدانان و کردار، دۆزینەوەی شتە تایبەتەکان و ئەو وردەکارییانەی کە پێشتر نەدۆزراوە بوون، بە مەبەستی باشترکردن و ئاسانترکردنی ژیانی مرۆڤ”. بڕیار وایە کە ئیدی نە ڕاز و سڕێک لە ئاردا بێت و نە ئارەزوویەکیش بۆ دۆزینەوەی ڕاز و سڕەکان.
ئەفسوونسڕینەوە لە جیهان واتە ڕیشەکێشکردنی گیانخوازی (animism). گەزەنفۆن ژمارەی زۆری خوداکان دەداتە بەر شەپۆلی گاڵتەوە، چونکە ئەوان هیچ نییەن جگە لە نوسخەی دەسکرد و ساختەی ئەو مرۆڤانەی کە ئەمانیان دروست کردووە، تێکەڵاو و هاوشان لەگەڵ هەر شتێک لە مرۆڤدا وەکوو بابەتی شەڕ و لاوەکییە. لەم پرۆسەیەدا و لە ڕێگەی گەیشتن بە زانستی نوێدا، مرۆڤەکان هەموو جۆرە مانایەکیان خستە پشت گوێوە. ئەوان فورمول و پاتێرنەکان دەخنە جێگای چەمک و ماناکانەوە، و ڕێسا و ئەگەریش دەخەنە جێگەی هۆکارەوە. هۆکارێت(علیت)ی لە ڕاستیدا دواهەمین چەمکی فەلسەفی بوو کە ڕەخنەی زانستی، هێزی خۆی لە هەمبەریدا بەتاقی کردوە: چونکە لە ناو هەموو ئایدیا و بۆچوونە کۆن و دێرینەکان، هۆکارێتی، ئەم دواهەمین شێواز دنیاییەی بنەمایەکی داهێنەرانە، هێشتا تاقانە ئایدیایەک بوو کە لە هەمبەر ڕەخنەی زانستی بەرگریی دەکرد. پێناسەی جەوهەر و چۆنایەتی(کیفیات)، کردار و ڕەنج، بوون و وجوود، بە شێوەیەک کە هاوتەریب بێت لەگەڵ دۆخ و کەشی سەردەمدا، یەکێک لە داڵغە سەرەکییەکانی فەلسەفەی پاش بەیکەن بوو. بەڵام زانست، بە بێ ئەوەی پێویستی بە ئاوەها باس و خوسانێک بێت سەرقاڵی کار و باری خۆی بوو. ڕۆشنگەری لەم پرۆسەیەدا ئامادەیی دەسەڵاتە ئوستوورەییە کۆنەکانی لە ناخی میراسی ئەفلاتوونی و ئەرەستوویی میتافیزیکیئامێزیاندا ناسییەوە و ئەم بانگەشەیە کە جیهانگیرەکان (universals) بەسوودن بۆ حەقیقەت وەکوو خورافە و وەهمێک ڕەت کردەوە. ڕۆشنگەریی لە پشتەوەی خۆبەسەرچاوە زانینی چەمکە گشتییەکاندا، بوونی ترس و تۆقین لە ڕۆحە شەیتانییەکانی بینییەوە، ئەو ڕۆحانەی کە مرۆڤەکان هەوڵیان دابوو تاکوو لە فۆرمی ڕیتۆریک و ڕێوڕەسمە جادوویەکاندا زیندوویان کەنەوە و لەم ڕێگەیەوە سرووشت بخەنە ژێر کاریگەریی خۆیانەوە. بەڵام بڕیار وابوو لێرە بەدواوە، مادە(سرووشت) لە دواجاردا ملکەچ و تەسلیم ببێت بە بێ ئەوەی هیچ جۆرە خورافە و وەهمێک لەبارەی دەسەڵات و هێزە ناوەکییەکانی یان چۆنایەتییە نهێنییەکانی لەئارادابێت. لە ڕوانگەی ڕۆشنگەرییەوە هەر شتێک لەگەڵ یاسا و فۆرموولی ژمێریارانە و بیرکاری و هاوکات سوودمەندیدا گونجاو نەبێت، بابەتێکی گوماناوییە. تا هەر کاتێک ڕٶشنگەریی بتوانێت، لە دەرەوەی هەر جۆرە سەرکوتکارییەکی دەرەکی، گەشە بستێنێت و پێش کەوێت، لەقاوکردنی نامومکینە. بەڵام لە درێژەی ئەم پرۆسەیەدا، ڕۆشنگەری بە ئایدیا و وێناکانی خۆی لە مافی مرۆڤ ڕێک بەشێوەیەک دەجووڵێتەوە کە وا لەگەڵ گشتییەتی بیرکردنەوەی کۆن و کەونارادا جووڵاوەتەوە. هەرجۆرە قوتبوونەوە و لەسەڕێهەڵتۆقینێکی هزری تەنها و تەنها دەبێتە هۆی زیاتربوونی هێز و تواناییەکەی و ئەمەش بەم هۆیەیە کە ڕۆشنگەری ئامادەیی خۆی لە ئوستوورە کۆنەکانیشدا دەناسێتەوە. هەموو ئەو ئوستوورانەی کە دژی ڕۆشنگەریی بانگهێشت دەکرێنەوە، بە هۆی بەکارهێنانیان لە فۆرمی بەڵگاندن و پاساودانەوە، ناچار دەبن مل بدەن بە بنەما و دیسیپلینی عەقڵانییەت و ئاوەزمەندیی وشک و ڕەقێک کە ڕۆشنگەریی پێ تاوانبار دەکرێت. ڕۆشنگەری دیکتاتۆر و ڕەهاخوازە (totalitarian).
بەگشتی ئەو ئوستوورانەی کە بوونەتە قوربانی لە بەردەم ڕۆشنگەریدا، خۆیان بەرهەمی ڕۆشنگەری بوون. ئەو باسکارییەی کە پێشتر هزر لە چوارچێوەی ئوستوورە لە ڕووداوەکاندا خستبوویە ڕوو، ئێستە لە ڕێگای خەمڵاندن و هەڵسەنگاندنی زانستیی ڕووداوەکان پووچەڵ دەبێتەوە. ئامانجی ئوستوورە ڕاپۆرت و گێڕانەوە، ناودانان و ناوهێنان و باسکردن لەسەر ئاخێزگەکان بوو و هەڵبەت سەرەڕای ئەمانەش، تۆمارکردن و ڕوونکردنەوەش. ئەم ڕەوتە پێ بە پێی تۆمارکردن و کۆکردنەوەی ئوستوورەکان هێز و وزەیەکی زیاتری وەرگرت. ئوستوورەکان زۆر زوو لە گوزارشت و ڕاپۆرتەوە بوون بە حیکمەت. نواندنەوەی چۆنێتی دەرکەوتنی ڕووداوەکان و نواندنەوەیان لە پرۆسەیەکی تایبەتدا کە دەبێت لە ژێر کاریگەریی جادوودا بێت بەشێکی هەمیشەیی و دانەبڕاوی هەر جۆرە ڕیتۆریک و ڕێوڕەسمێک بوو. ئەو ڕێک و پێکی و دەسەڵاتەی کە بەیکەن وەکوو غایەتی مەعریفە ستایشی دەکرد، پێشتر، تەنانەت پێش ئەوەی کە تراژیدینووسەکان بڕۆن بە دوایانەوە، تایبەتمەندیی دیاری ئوستوورەکان بوو. بەڵام لە سەردەمی ڕۆشنگەریدا ئوستوورە دەبێت بە ڕٶشنگەری و سرووشت دەبێت بە بابەتێکی بەرهەست و عەینیی ڕەق و تەق. و دواجار مرۆڤەکانیش تێچووی زیادبوونی دەسەڵاتی خۆیان بەو نامۆبوونە لەو شتە دەدەن کە ئەم هێز و دەسەڵاتەیان بەسەدا دەسەپێنن. ئەمە یەکێک لە وانە سەیر و دژوازەکانی ڕەوتی ڕۆشنگەرییە.
سەرچاوە: دیالیکتیک روشنگری. قطعات فلسفی، تیودور آدورنو/ماکس هورکهایمر، ترجمە: مراد فرهادپور/امید مهرگان، تهران خیابان شریعتی، چاپ چهارم ١٣٨٩
نووسین: تیۆدۆر ئادۆرنۆ-ماکس هۆرکهایمەر
وەرگێڕان: سۆزان سەعید