سه‌ره‌تاى ده‌روازه‌ى گفتوگۆى نێوان ئێراق و ئێران ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ياداشتنامهى ئێراق به‌رزى كرده‌وه بۆ نه‌ته‌وه يه‌كگرتووه‌كان له 12/2/1974, له سه‌ر ده‌ستدرێژى ئێران بۆ سه‌ر سنووره‌كانى ئێراق[1]. ناردنى ئه‌و ياداشتنامهى ئێراق له سه‌ره‌تاى شوباتى 1974 زياتر په‌يوه‌ندى هه‌بووه به سنوور به‌زاندنى ئێرانى له ناوه‌ڕاست و خواروو، به‌ڵام وه‌ڵامى نه‌ته‌وه يه‌كگرتووه‌كان به ناردنى نمايندهى تايبه‌تى سكرتێرى نه‌ته‌وه يه‌كگرتووه‌كان له 3/4/1974 بۆ ئێراق له 10/4/1974 بۆ ئێران بۆ ڕاوێژكردن له سه‌ر ناكۆكيه‌كانى نێوانيان، له سه‌ر بڕيارى ئه‌نجومه‌نى ئاسايش به ژماره (348)ى 28ى مايسى 1974 كه ده‌بێت كۆبوونه‌وه‌ى هه‌ردوو وڵات به‌رده‌وام بێت[2]، ئه‌م هه‌وڵانه‌ى ئه‌نجوومه‌نى ئاسايش ده‌كه‌وێته سه‌ره‌تاى سه‌ر هه‌ڵدانه‌وه‌ى شه‌ڕى يه‌ك ساڵه‌ى شۆڕشى كورد و به‌عس، وا به‌ديار ده‌كه‌وێ ئه‌ويش بووبێته به‌شێكى كۆنووسى كۆبوونه‌وه‌ى نمايندهى نه‌ته‌وه يه‌كگرتووه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌ردوو وڵات.[3]
گفتوگۆ بۆ ناوبژيوانى نێوان ئێراق و ئێران له مانگى ئابه‌وه ده‌ستي پێكرد، نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان و ئه‌مريكا و يه‌كيه‌تى سۆڤيه‌ت ده‌ستپێشخه‌رى ناوبژيوانى بوون، به‌ڵام به به‌شدارى گه‌رمى هه‌ندێ وڵاتى عه‌ره‌بى له‌و ناوبژيوانيه، له سه‌ر بڕيارى ژماره 348ى ئه‌نجوومه‌نى ئاسايش بۆ به‌رده‌وام بوونى وتوێژى هه‌ردوو وڵات، وهفدى ئێراق و ئێران به‌سه‌رۆكايه‌تى سه‌عدون حه‌مادى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئێراق و عه‌لى خلعتبرى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران[4] له ڕۆژانى 12-18ى ئابى ساڵی 1974 له ئه‌سته‌نبووڵ كۆبوونه‌وه، له‌وێدا بيروڕايان ئاڵوگۆڕ كرد و بڕيارى درێژه‌دان به كۆبوونه‌وه‌ى دووقۆڵيان دا، هه‌ر له سه‌ر بڕيارى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌سته‌نبوڵ له تشرينى يه‌كه‌مى هه‌مان ساڵا وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى هه‌ردوو وڵات له نيويۆرك كۆبوونه‌وه، ڕێككه‌وتن به‌و نزيكانه دووباره كۆببنه‌وه[5], له گه‌رمه‌ى شهرهكانى نێوان شۆڕشى كورد و سوپاى ئێراق، شاى ئێران مانگى تشرينى دووه‌مى 1974 سه‌ردانى مۆسكۆى كرد، يه‌ك له بابه‌ته‌كانى گفتوگۆى شا له‌گه‌ڵ مۆسكۆ له سه‌ر مه‌سه‌له‌ى به ئاشتى چاره‌سه‌ركردنى ناكۆكيهكان شا بووه له‌گه‌ڵ ئێراق[6].
له زستانى ساڵى 1974 له نيويورك (هنرى كيسنجه‌ر[7]) وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ی ويڵايهته يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مريكا له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى ههميشهيى ئێراق له نه‌ته‌وه يه‌كگرتووه‌كان كۆببۆوه بۆ ئه‌وه‌ى ئاليه‌تێك دابنێن بۆ باشكردنى پهيوهنديهكانيان[8]، له‌گه‌ڵ دوورخستنه‌وه پێگه‌ى سۆڤيه‌ت و ئاسايشی كه‌نداو و ناردنى نه‌وت بۆ ڕۆژئاوا و هه‌مواركردنى هه‌ڵوێستى ئێراق له كێشه‌ى فه‌له‌ستين له چوارچێوه‌ى مه‌رجه‌كانى ئه‌مريكى، “غانم عهبدولجهليل” سكرتێرى تايبه‌تى سه‌دام حوسێن و ئه‌ندامى سه‌ركردايه‌تى حيزبى به‌عس وتوێژه‌كانى له‌گه‌ڵ ئه‌مريكا ته‌واو كرد، وتوێژه‌كانى ئێراق و ئه‌مريكا نهێنى بووه، هه‌روه‌ها زانيارى هه‌يه كه كيسنجه‌ر به‌نهێنى بۆ ماوه‌ی 24 كاتژمێر سه‌ردانى يه‌ك له پايته‌خته عه‌ره‌بيه‌كانى كردبێت، به‌نهێنى له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانى به‌عس كۆبوبێته‌وه و بنه‌ماى ڕێككه‌وتنامه‌ى جه‌زائيرى دانابێت[9].
ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ى له نێوان ئێراق و ئێران، يان ئێران و سۆڤيه‌ت يان ئه‌مريكا و ئێراق ئه‌نجام دراون, ئه‌م چه‌ند خاڵه‌ى وه‌كو تێبينى لێ وه‌رده‌گيرێ:-
يه‌كه‌م:- كۆبوونه‌وه‌كان به نهێنى ئه‌نجام دراون، يان هيچ نه‌بێت ناوه‌رۆكى كۆبوونه‌وه‌كان به فه‌رمى ئاشكرا نه‌كراون.
دووه‌م:- كێشه‌ى كورد و شه‌ڕى كورد له‌گه‌ڵ حكومه‌تى به‌عس له ئه‌رزى واقيع به‌شێكى گرنگ بووه له هاوكێشهكهى سه‌ربازى، به‌ڵام له ڕووى سياسييه‌وه نه‌هێنراوه‌ته گۆڕى و پێده‌چێت وه‌كو پاشكۆ و په‌راوێزى ناكۆكيه‌كانى تر مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ كرابێت, ئاكامى كۆتايش ئه‌وه‌ى سه‌لماند.
سێيه‌م:- له هه‌نگاوه‌كانى ساڵى 1974 به‌شدارى عه‌ره‌بى به پله‌دوو دێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ساڵى تازه 1975 رۆڵى عه‌ره‌بى له‌و باره‌وه گه‌رم و گوڕ ده‌بێت به تايبه‌ت له دواى دوا ديدارى نێوان وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئێراق و ئێران له ده‌ره‌وه‌ى ناوبژوانيهتى عه‌ره‌بى كه له 16تا 20 /1/1975 كه له ئه‌سته‌نبول ئه‌نجام درا. [10]
له ئاستى ناوخۆ له‌گه‌ڵ كۆتايى ساڵى 1974و سه‌ره‌تاى ساڵى 1975 شه‌ڕه‌كان به‌ره‌و سه‌ختى چووه، ئێرانييه‌كان ڕاسته‌وخۆ به‌شدارى شه‌ڕى مهيدانيان كردووه. دياره كه سه‌دام حوسێن له ساڵى 1974 ئاماده نه‌بوو له‌گه‌ڵ شا ڕێك بكه‌وێت، چونكه واى ده‌زانى يارمه‌تى سۆڤيه‌ت ده‌توانێ خه‌ونه‌كانى بۆ زاڵ بوون به‌سه‌ر شۆڕشى كورد بهديبهێنێ[11] . به گوته‌ى كيسنجه‌ر له 8ى شوباتى ساڵی 1975 له شارى (زوريخ)ى له كۆتايى گه‌شته‌كه‌ى بۆ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست شاى بينيوه, شا ئاگادارى كردۆته‌وه كه ئاره‌زووى هه‌يه له‌گه‌ڵ سه‌دام حوسێن گفتوگۆ بكات[12]. شانشينى سعووديه هانده‌رى پێكهاتنهوهى هه‌ردوو ده‌وڵه‌ت بووه هه‌تا به گفتوگۆ ناكۆكيه‌كانى نێوانيان چاره‌سه‌ر بكه‌ن[13] شا حوسێنى شاى ئوردوون[14]و ئه‌نوه‌ر ساداتى سه‌رۆكى ميسر و هه‌وارى بۆمديهن(-1942 بۆ-1978-) سه‌رۆكى جه‌زائير، هه‌ريه‌ك له شوێنى خۆى دهوريان هه‌بووه له ناوبژيوانى هه‌ردوو ده‌وڵه‌ت, به‌ڵام پوخته و دوا هه‌نگاوى پێكهێنانه‌وه هه‌وارى بۆمديهن تۆمارى كرد[15].
شا له ڕۆژى 6/1/1975 بۆ ماوه‌ى سێ ڕۆژ سه‌ردانى (عه‌ممان)ى پايته‌ختى ئه‌رده‌نى كرد، له 8/1/1975 سه‌ردانى ميسرى كرد، هه‌موو ئه‌م سه‌ردانانه بۆ مه‌به‌ستى هه‌وڵى عه‌ره‌بى بووه بۆ له يه‌كتر نزيكخستنهوهى ئێراق و ئێران[16].
هه‌وارى بۆمديهن پێشتر له كاتى كۆبوونه‌وه‌ى وڵاتانى (ئۆپيك)[17] له 26/10/1974 له‌گه‌ڵ سه‌دام حوسێن جێگرى سه‌رۆك كۆمارى ئێراقى ئه‌وكات كۆبوونه‌وه بۆ نه‌خشه‌ى پێكهێنانهوهى ئێراق و ئێران, هه‌موو ئه‌مانه ڕێگه‌يان خۆش كرد له كۆبوونه‌وه‌ى ده‌وڵه‌تانى خاوه‌ن نه‌وت ئۆپيك له 6/3/1975 له په‌راوێزى كۆبوونه‌وه‌كان هه‌وارى بومديهن و شاى ئێران و سه‌دام حوسێن به كۆبوونه‌وه‌يه‌كى لاوه‌كى كۆتايى به ناكۆكى چه‌ند ساڵه‌يان بهێنن و له ڕێككهوتنامهيهكدا يه‌كبگرنه‌وه.[18]
[1] – د.خالد يحى العزي, مشكلة شط العرب في ظل المعاهدات والقانون, ط1, دار الحرية للطباعة, بغداد, 1981, ص215.
[2] – م.ن, ص217
[3] كامه‌ران بابان زاده، ڕێككه‌وتنامه‌ى جهزائيروڕهههندهكانى له‌سه‌ر كێشه‌ى كورد له كوردستانى باشوور، سلێمانى ،2013، ل105.
[4] – صلاح الخرصان: التيارات السياسيه في كردستان العراق, ص223؛ منهوچر پارسادۆست, ناكۆكي ئێران – عيراق, و/موحسين علي ئه‌كبه‌ر, چ1, سلێماني 1996, ل51.
[5] -م, ن, ص217-218
[6] -نه‌وشيروان مسته‌فا: په‌نجه‌كان يه‌كتري ده‌شكێنن, چ2, سليماني, 1998, ل111.
[7] هنرى كسنجه‌ر له27ى مايۆى 1923 له ئه‌ڵمانيا دايك بووه، ساڵى 1938ده‌چێته ئه‌مريكاو دواتر لهپهيمانگاى جۆرج واشنتۆن وه‌رده‌گيرێت، دواى ئه‌وه له‌ساڵى 1948ڕه‌گه‌زنامه‌ى ئه‌مريكى وه‌رده‌گرێ، هه‌ر له‌وساڵه‌دا په‌يوه‌ندى به‌سووپاى ئهمريكيهوه ده‌كات، كيسنجه‌ر له‌سه‌رده‌مى نيكسۆن ڕاوێژكارى ئاسايشىنيشتمانى بوو له‌ساڵى 1973تاوه‌كو 1977 وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مريكا بوو له‌سه‌رده‌مى ئيداره‌ى (جيرارد فۆرد)، له‌گه‌ڵ چه‌ندين پۆستى تر.. ئێستاش له‌ژياندا ماوه، بۆزياتر بڕوانه: https://ar.wikipedia.org/wiki/%D9%87%D9%86%D8%B1%D9%8A_%D9%83%D8%B3%D9%86%D8%AC%D8%B1
[8] – د. جاسم تۆفيق خۆشناو: مه‌سه‌له‌ى كورد‌و ياساى نێودهولهتان, چ1, سه‌نته‌رى ليكؤلينىوى ستراتيجى كوردستان, سليماني,2002. ل413.
[9] – حاميد محمود عيسى: قضية الكردية في العراق من الاحتلال البريطاني الى الغزوالامريكي 19142004, ط1, د,مط, قاهرة, 2005, ص103
[10] كامه‌ران بابان زاده، سه‌رچاوه‌ى پێشوو، ل107.
[11] – د. جه‌بار قادر, چه‌ند بابه‌تێكي مێژووي كورد, چ1, سلێماني, 1999, ل78
[12] – سه‌روه‌ر عه‌بدوره‌حمان: يه‌كيه‌تى نيشتيمانى كوردستان (1975-1976), چ1, سه‌نته‌ر چاپ و په‌خشي نما, سلێماني 2002, ل49
[13] – حبيب محمد كريم: تأريخ الحزب الديمقراگي الكردستاني –العراقي (في محطات رئيسيه), ص138
[14] – شا حوسێن: نه‌وه‌ى حوسێنى كوڕى عه‌لى شه‌ريفي مهكهيه, له ساڵى 1965 له باوكى بۆته پادشاى ئوردون هه‌تا له ساڵي 1999 كۆچى دوايى كردووه, بۆ زانيارى زياتر بڕوانه: http://ar.wikipedia.org
[15] سه‌باره‌ت به ڕۆڵى جه‌زائير له‌ڕێككه‌وتنه‌كه‌دا له‌م ساڵانه‌ى دوايدا پێگه‌ى ويكليكس كۆمه‌ڵێك به‌ڵگه‌نامه‌ى بڵاو كرده‌وه، له‌يه‌كێك لهبهڵگهنامهكاندا هاتوو:
راپۆرتی تایبه‌ت و نهێنی ژماره 1975ALGIER00738_b
ئاماده‌کراو له رۆژی چوارشه‌ممه رێکه‌وتی 19 ئازار 1975
له باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریکا له جه‌زائیر بۆ: وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه / وه‌زیری ده‌ره‌وه، ته‌هران، به‌غداد
بابه‌ت: رێکه‌وتنامه‌ی عێراق – ئێران : رۆڵی جه‌زائیر
- جه‌زائیریه‌کان به‌شی زۆری پرۆپاگه‌نده بۆ رێکه‌وتنامه‌ی عیراق و ئێرانیان خستۆته ئه‌ستۆی خۆیان و به‌رده‌وام به تاجی سه‌رکه‌وتنی کۆبونه‌وه‌ی ئۆپیك وه‌سفی ده‌که‌ن.
بۆمیدیه‌ن له چاوپێکه‌وتنێکی ته‌له‌فزیۆندا رۆژی راگه‌یاندنی رێکه‌وتنامه‌که‌ی به‌خۆشترین رۆژی ژیانی وه‌سف کرد.
- دو جۆر هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ سروشتی رۆڵی جه‌زائیر له رێکهوتنامهکهدا هه‌یه. باڵیۆزی میسر پێداگری ده‌کات که وڵاته‌که‌ی زۆربه‌ی زهمینهخۆشی بۆ که‌وتنه به‌ینه‌وه کردوه و جه‌زائیریه‌کان ته‌نها دروێنه‌ی به‌رهه‌می کاره‌کانی میسریان کردوه. باڵیۆز وتی که بۆته‌فلیقه له دوا ساته‌کاندا خۆی له پرۆسه‌که ههڵقورتاندوه، ئه‌ویش کاتێک پرسیاری له شا کردوه ئه‌گه‌ر ئه‌و بێت بۆ ته‌هران و دواتر بهعێراقیهکان بڵێت که شا پێداگری له هاتنی ئه‌و کردوه.
- باڵیۆزی ئێران چیرۆکێکی جیاوازتری هه‌یه که لێره‌دا باسی ده‌که‌ین: به‌پێی قسه‌کانی باڵیۆز پرۆسه‌ی رێکه‌وتنامه‌که له لوتکه‌ی ره‌بات ده‌ستی پێ‌کرد، کاتێک عێراق له وڵاته عه‌ره‌بیه‌کانی تر داوای یارمه‌تی کرد بۆ هه‌وڵه‌کانی تا قه‌ناعه‌ت به ئێرانیه‌کان بکرێت یارمه‌تیه‌کانیان بۆ کورده‌کان رابگرن. ره‌دی به‌شداربوانی کۆنگره‌که وابو که ئه‌وان بۆ ره‌بات هاتون تا لێدوان له سه‌ر هه‌نگاوه‌کان دژ بهئیسرائیڵ بکه‌ن نه‌ک ناکۆکیه‌کانی تر.
هه‌رچۆنێک بێت مه‌راکش و میسر و ئوردونیان راسپارد هه‌وڵ بده‌ن تا ئێرانیه‌کان قه‌ناعه‌ت پێبکه‌ن هاریکاری زیاتر بکات. ته‌نها لایه‌نێک که هه‌وڵی جدی دا ئوردون بو. له به‌ر گومانی عێراقیه‌کان ئوردون نه‌بوه شه‌ریکی لێدوانه‌کان و هه‌مان شتیش بۆ رۆڵی مه‌راکش راست بو. میسر هه‌وڵی روکه‌شی دا، به‌ڵام به‌هۆی سه‌رقاڵبونی به‌کێشه‌کانی خۆیه‌وه نه‌یتوانی زۆر بایه‌خ به‌م مه‌سه‌له‌یه بدات
- له مانگی کانونی یه‌که‌م بۆمیدیه‌ن له گه‌ڵ باڵیۆزی ئێران باسی کێشه‌که‌ی کردوه و داوای بۆچونی خۆی لێکردوه. باڵیۆز خه‌م و مه‌راقی ئێرانیه‌کانی سه‌باره‌ت به چالاکیه‌کانی عێراق و حزوری سۆڤیه‌ت رون کردۆته‌وه. باڵیۆز باسی کردوه که فارسه‌کان دژ به‌عێراق نین و عێراق به خاکێکی پیرۆز ده‌زانن، کێشه‌که هه‌ڵوێستی نابه‌رپرسانه‌ی رژێمی عێراق و ئامدهنهبونیهتی بۆ گه‌یشتن بهگونجاندنێکی تۆکمه له گه‌ڵ کورده‌کان. باڵیۆز پێشنیازی کردوه ئه‌گه‌ر بواری لێدوانێک هه‌بێت ده‌رباری ره‌وشێکی ئه‌قڵانی له گه‌ڵ عێراقیه‌کاندا ده‌شێت جه‌زائیریه‌کان ئه‌وه بۆ عێراقیه‌کان رون بکه‌نه‌وه.
- پێده‌چێت بۆمیدیه‌ن قسه‌کانی ئێرانیه‌کانی به‌جدی وه‌رگرتبێت، بابه‌ته‌که‌ی له گه‌ڵ عێراقیه‌کان باسکردوه و ئاماژه‌ی داوه که هیواداره لوتکه‌ی ئۆپێک ده‌رفه‌تێک بێت بۆ کارکردن له سه‌ر ئاشتبونه‌وه. بۆمیدیه‌ن له کاتی گه‌یشتنی شا بۆ لوتکه‌ی ئۆپێک به‌کورتی سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له‌که قسه‌ی له گه‌ڵدا کردوه و بۆ ئێواره‌ی هه‌مان رۆژ داوه‌تی شای کردوه تا سه‌دام ببینێت و لێدوان له سه‌ر ئه‌گه‌ره‌کان بکه‌ن.
- شا ده‌یویست باسی کێشه‌که بکرێت، به‌ڵام زۆر راشکاوانه باسی له ته‌حه‌فوزی ئێرانیه‌کان به‌رامبه‌ر عێراقیه‌کان ده‌کرد. سه‌باره‌ت به‌پرسی سنوری ئاوی نێوان هه‌ر دو وڵات شا وتی له راستیدا سنوره‌که له‌وێ ده‌ست پێده‌کات و په‌سندکردنی ئه‌وه په‌سند کردنی واقیعه، سه‌باره‌ت به کورده‌کان پێی وابو رای گشتی دنیا ره‌خنه‌ی لێده‌گرێت ئه‌گه‌ر پشتیان لێبکاته‌وه، ئه‌گه‌ر سنور دابخات ده‌بێت زه‌ماناتی هه‌بێت که عێراقیه‌کان پابه‌ستی ئاگربه‌ست ده‌بن و هه‌وڵه‌کانی دواتریشیان ئاقڵانه بۆ چاره‌کردن ده‌خه‌نه گه‌ر. شا پێی وابو قومارێکی گه‌وره ده‌کات و جه‌ختی کرده‌وه که ده‌بێت بۆمهدیهن له هه‌مو لێدوانه‌کان له گه‌ڵ سه‌دام ئاماده بێت تا شایه‌تحاڵێکی هه‌بێت و زامنێکی تریش بۆ کارکرکردنی عێراقیه‌کان له ئاینده‌دا هه‌بێت. هه‌رچه‌نده باڵیۆزی ئێران باسی نه‌کرد به‌ڵام بۆته‌فلیقه له سه‌ر داوای ئێرانیه‌کان له ته‌هران بوه.
- بۆته‌فلیقه به فرۆکه‌ی سه‌رۆکایه‌تی کۆمار، جۆری ئهلیوشین 18 له 14 ئازار، به‌ره‌و ته‌هران رۆیشت. له شام نیشتنه‌وه‌یه‌کی ته‌کنیکیان هه‌بو و سوریه‌کانی له مه‌به‌ستی گه‌شته‌که‌ی ئاگادار کردۆته‌وه… تاد.
8، کۆمێنت: له‌و دو هه‌ڵسه‌نگاندنه ئێمه زۆرتر باوه‌رمان به‌وه‌ی ئێرانیه‌کانه. میسریه‌کان داوای پشتگیری رای گشتی بۆ رێکه‌وتنامه‌یه‌ک به‌و سروشته ناکه‌ن ئه‌گه‌ر له راستیدا بهپرسیاریهتیهکی گه‌وره‌یان تێدا هه‌بێت… باڵیۆز PARKER له‌پێگه‌ى سپى ميديا.
[16]– كامه‌ران بابان زاده:س.پ،ل109.
[17] – ئۆپيك: رێكخراوى ئه‌و ولآتانهيه كه نه‌وت ده‌نێرنه ده‌ره‌وه, له ساڵي 1960 له به‌غدا دامه‌زراوه, ولآتاني دامه‌زرێنه‌ر بريتين له: كوێت و ئێراق و ئێران و فه‌نزويلا. ئامانجي دياريكردني نرخي نه‌وت و چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و كێشانهيه رووبه‌ڕووي وڵاتانى ئه‌ندام ده‌بێته‌وه. بروانه: عبدالوهاب الكيالي والاخروون, موسوعه السياسيه, ج1/ ص379-380
[18] كامه‌ران بابان زاده، سه‌رچاوه‌ى پێشوو، ل110-111
ئاماده‌كردنى: د.ژيلوان عه‌بدولڵا هه‌ڵه‌دنى