“ئەڵمانییەکان چۆن وڵاتەکەیان بەڕێوەدەبەن”
ئایا ئەڵمانیا وڵاتێکی زۆر نموونەییە؟ چەندین خاڵی لاوازی ئەم وڵاتە وەک نموونە:-
- بەر لە هەموو شتێک دەبێ بڵێین کە لە ئەڵمانیاشدا کێشە و گرفت زۆرە و وڵاتێکی بێ کەم و کوڕی نیە و ئەگەر بمانەوێت، دەتوانرێت و دەکرێت کە زۆر کەم و کوڕی لێ بدۆزرێتەوە و ڕەخنەی لێ بگیرێت. هەم خودی ئەڵمانیاکان و هەم هەموو جیهان پێیان وایە ئەڵمانیا نمونەیی نیە، بەڵکو هەموو وڵاتێک، دووبارە جەخت دەکەمەوە کە هەموو وڵاتێک خاڵی باشی هەیە بۆ فێربوون، وە بە دڵنییایەوە ئەڵمانیا یەکێکە لەو وڵاتە دەست نیشانکراو و هەڵبژێردراوانە بۆ فێربوون (نمونە).
- بەر لە باسکردنی خاڵی ئەرینی و نمونە باشەکانی ئەو وڵاتە بۆ فێربوون، دەمانەوێت ئاماژە بە چەند خاڵێکی لاوازی ئەو وڵاتە (ئەڵمانیا) بکەین. بۆ وەبیرهێنانەوە (باسکردنی خاڵە بەهێزەکان (ئیلهامبەخش و فێرکاری و فێربوون) هیچ کات بە مانای بەلاوەنان و نادیدەگرتنی خاڵە (نەخوازراوە و نەشیاوە و نەرێنییەکان) نیە. لە خاڵە نەرێنییەکان وەک نمونە ئاماژە بە چەند خاڵێک دەکەین بەم شێوەی لای خوارەوە:-
- کولتوور و فەرهەنگی مامەڵات و کاروباری بازرگانی دیجیتاڵی وەک ئەوەی کە لە وڵاتێکی پێشکەوتوودا چاوەڕوان دەکرێت لەم وڵاتەدا باو نیە و ئەنجامدانی ئەم جۆرە مامەڵاتانە هەندێ جار ڕووبەڕووی گرفت و کێشە و بەربەستی زۆر دەبێتەوە. بۆ نمونە سوپەر ئەپلیکەیشنی سنەپ کە جگە لە تەکسی ئینتێرنێتی، جامخانە و ڤیترینێکە پڕاوپڕ لە خزمەتگوزاری جۆراوجۆر، لە ئەڵمانیادا نادۆزرێتەوە و بوونیان نیە.
- سیستەمی چارەسەرکردن و دەرمانکردنی ئەڵمانیا بە شێوەیەکە کە نۆرەگرتن بۆ پشکنینی لای ئەو پزیشکانەی کار بە بیمەی حکومەت دەکەن زۆر ئەستەمە و سەختە دەستکەوتنی.
- یاساکانی تایبەت بە تەڵاق، سەیرو ئاڵۆزە و هەر ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە هەندێ کەس بە فەرمی هاوسەرگیری نەکەن.
- وا باوە و دیارە کە هەر شار و هەر ویلایەتێک یاسای تایبەت بە خۆی هەیە! (ئەمە بە هۆی سیستەمی فیدراڵی و خۆبەرێوەبەری ویلایەتەکانە لە هەندێ بواردا).
- کاروباری بانکی و دارایی بە بەراورد لەگەڵ زۆر وڵاتی دیکەدا سەختتر و قورسترە، گونجاندن و نەرم ونیانی کەمتر و ئاڵۆزترە. هەڵبەت ئەم ئاڵۆزیانە دوو هۆکاری هەیە کە یەکێکیان پارێزگاریکردنە لە زانیارییە کەسییەکان و ئاسایش و پاراستنی زانیارییەکان و ئەوەی دیکەیان مەسەلەی شۆردنەوەی پارەیە کە هەڵبەت هەر دوو هۆکار لۆجیکین، بەڵام سەرەڕای ئەوەش دەکرێت خێراتر و باشتر ئەنجام بدرێن.
- ماوەی مامەڵات و بابەتە ئیدارییە سادەکان هەندێ کات دوو هەفتە دەخایەنێت، بۆ نمونە “ئەرێ کردن(تصدیق)ی بەڵگەنامەیەک پێویستی بە وەرگرتنی نۆرە و کاتی پێشوەختەیە و ئەگەر بەختێکی باشتان نەبێت، ئەوە زیاتر لە دوو هەفتە پێویستە چاوەڕێ بکەن.
- زۆرێک لە مامەڵات و کاروبارە ئیدارییە سادەکان پێویستی بە نووسراو و پۆستکردن و هێنان و بردنێکی زۆرە (ڕۆتین). تاوەکو ئێستا سوودوەرگرتن لە نامە و پۆستی ئەلیکترۆنی، ئەپلیکەیشنەکان و نامە لە ئەڵمانیادا، بە قەبارە و ئەو ئەندازەیەی کە لە وڵاتێکی پێشکەوتووی پلەیەکدا چاوەڕێ دەکەین، ڕەواجی نیە و باو نیە).
- سیاسەتەکان و یاسا و ڕێساکانی بواری خانووبەرە لە ئەڵمانیادا لە هەندێ بوار زۆر سەرکەوتوو نەبووە. خستنەڕووی خانوو وەک پێویست نەبوە، نرخی خانوو بەرە (خانوو) لەم ساڵانەی دواییدا بەرزبۆتەوە و دۆزینەوەی ماڵ (خانوو) سەختتر بوە.
هەر سێ خاڵی پێشوودا دەبنە هۆی ئاڵۆزبوون و سەختتر بوونی دۆزینەوەی ماڵ و خانوو و ئاڵوگۆرکردنیدا و هەروەها پێویستی بە نامە و نامەکاری و نوسراو و هێنان و بردنی زۆرە. بە لایەنی کەم پێویستە نزیکەی ١٠ نوسراو و یاخود (ئامادەبوونتان) هەبێت یا ئەنجام بدەن. جارێک لەگەڵ خاوەن ماڵی پێشوو، پوچەڵکردنەوەی گرێبەست لەگەڵ دابینکاری کارەبا و ئینتێرنێت و هەروەها هەمان کاروبار و مامەڵات لەگەڵ خاوەن ماڵی تازە و …هتد. لەم چەند خاڵ یان نمونەی سەرەوە زیاتر جەخت لەو بابەتانە کرا کە بە جۆرێ لە جۆرەکان پەیوەندیدارن یان دەگەرێنەوە بۆ دەوڵەتداری و پەیوەندیمان نیە بەو هۆکار و خاڵە لاوازانەی کە پەیوەندیدارن بە ژیانکردن لە ئەڵمانیادا (وەک بابەتی گرانبوونی خزمەتگوزاری، لە پشووبوون و داخراوبوونی هەموو دوکان و مارکێتەکان لە ڕۆژانی یەک شەممە، ساردی و سەرمای زۆری کەش و هەوا، ناجێگیربوونی کەشو و هەوا، سارد و سڕ بوون یان گەرم و گوڕ نەبوونی دانیشتوانی ئەڵمانیا (سارد و سڕبوونیان و …..هتد).
“خاڵە ئیلهامبەخش و ئەرێنییەکان”
٥ وانە کە دەبێت لە ئەڵمانییەکان فێربین
وانەی١-گرانفرۆشی بکە! خەڵک لە دەست گرانیدا داد و بێدادیانە
- بەراوردە نێودەوڵەتییەکان دەریدەخەن کە ئەڵمانیا یەکێک لەو وڵاتانەی کە گرانترین کرێی وزەی کارەبای هەیە لە جیهاندا (واتە پارەی کارەبا). تێکڕای نرخی وزەی مانگانە بۆ ماڵەکان لە دەوروبەری ٦٠ بۆ ١١٠ یۆرۆیە کە نرخ و ژمارەیەکی زۆرە! بەرزترین نرخی کارەبای ناوخۆ لە ئەوروپا هی ئەڵمانیایە کە 36.1 سەنتە بۆ هەر کیلۆواتێک، لە دوای ئەویش دانیمارک دێت کە 34 سەنتە. وا بیر مەکەنەوە کە ئەم بڕە کارەبایە لە هەموو شوێنێک گرانە، نرخی هەر کیلۆوات کاتژمێرێک لە ئەلبانیا 10 سەنتە (واتە یەک لەسەر سێی ئەڵمانیا).
- جگە لە کارەبا، نرخی ئاویش لە ئەڵمانیا بەرزە، هەروەها نرخی بەنزین و کۆمپانیاکانی تری هەڵگری وزەش. ئەمە وایکردووە ئەڵمانییەکان ببنە بەکارهێنەری پارەپارێز و ئابوورییانە و زیرەک. ئەڵمانییەکانی دیکە ڕاهاتوون کە گڵۆپی ماڵەکان تا کۆتا خولەکەکانی ڕۆژ دانەگیرسێنن. یان تەنها گڵۆپێکی کەم وزەی کارەبا داگیرسێنن!
ئەم ژمارانە مانای چییە؟
- نرخی هەر کیلۆوات کاتژمێرێک لە ئەڵمانیا ٩٠ هێندەی وڵاتێکی وەک ئێرانە! ئەڵمانییەکان ٩٠ ئەوەندە زیاتر پارە دەدەن!
- ئەڵمانییەکان ساڵانە ١٨٠٠ دۆلار دەدەن بە ٥ مێگاوات و ئێرانیەکانیش ٢٠ دۆلار دەدەن. لە کاتێکدا داهاتی سەرتاسەری ئەڵمانیا تەنها ٤ هێندەی ئێرانە.
- ئەگەر بمانەوێت توانای کڕینی ئەڵمانییەکان بخەینە ناو حیساباتەکانەوە، ئەوا تێچووی وزە (کارەبا) بە ڕێژەی داهاتی ئەڵمانییەکان ٢٢ هێندەی ئێرانییەکانە!
“ئەڵمانییەکان چۆن وڵاتەکەیان بەڕێوەدەبەن؟”
- ئەڵمانییەکان لەسەر بنەمای نرخە ڕاستەقینەکان وڵاتەکەیان بەڕێوەدەبەن. ئەوان وا دەکەن نرخە ڕاستەقینەکان ببێتە هۆی هەڵبژاردنی ئەقڵانی. ئەم فرۆشتنە گرانبەهایە، یان باشتر بڵێین نرخە ڕاستەقینەکان بەرامبەر بە بەشە بەلاشەکە، بەکارهێنانی وزەی ئێران و ئەڵمانیا یەکسان دەکات!
- لە کاتێکدا کە قەبارەی ئابووری ئێران کەمترە لە یەک لەسەر دەی ئابوری ئەڵمانیا، بەڵام بەکارهێنانی کارەبای ئەو دوو وڵاتە نزیکەی یەکسانە؛ بێگومان به شێکی زۆر له ووزه له ئێران به هۆی خراپ به ڕێوەبردن و کەمی بەڕهەمهێنان له هەمان قۆناخی بەڕهەمهێنان و دابەشکردندا له دەست دەچێت. هەمان کێشە لە هەرێمی کوردستانیش دەبینرێت.
- کاتێک سەیری بەکارهێنانی وزە لەم وڵاتدا دەکەم، دەگەمە ئەو ئەنجامەی کە ئێمە میللەتێکین کە سەرچاوەمان هەیە، بەڵام سەرچاوەکانمان نابنە هۆی خۆشگوزەرانی! نەتەوەیەک کە ڕاست و دروستبەکارهێنان و ئیسرافی لێ تێکەڵ کردووە. میللەتێک کە بە بەکارهێنانی بە شێوەیەکی دروست دەیتوانی لە هەناردەکردنی کارەبا یان تەنانەت هەر شتێکی تر پارە پەیدا بکات، بەڵام وەک پێشینیان دەڵێن: باوک گەشە بە مناڵی دەدات، بەڵام گەشە بە حیکمەتی نادات!
- ئەڵمانیا سەرچاوەی سنوورداری هەیە و بەهۆی زۆری دانیشتوان و سەرما و ئابوری گەورەوە بەکارهێنەرێکی گەورەی وزەیە، هەروەها سەرچاوەکانی وزەی ئەتۆمیشی بە هۆکاری ژینگەییەوە داخستووە، بۆیە دەبێت نرخەکان لە ئەڵمانیا بەرز بن، هەر بۆیەش ئەڵمانیا لەسەر بنەمای نرخە ڕاستەقینەکان و بۆ بەکارهێنانی بەردەوام دیزاین کراوە.
- کاتێک لە ئەڵمانیا دەژیت بە باشی لە هەستیاری ئەڵمانیا بۆ پاشەکەوتکردن و بەکارهێنانی ئابووری و پاراستنی ژینگە تێدەگەیت.
- بۆ نموونە کاتێک لە پلیکانەکان نزیک دەبیتەوە، شکاو و لە کارکەوتوو دەردەکەون، بەڵام کاتێک نزیک دەبیتەوە، پلیکانەکە کاردەکات. بۆچی دەبێت بەردەوام کار بکات لە کاتێکدا خەڵک بەکاری ناهێنن؟ کلیلی ژووری هۆتێلەکەت پێویستە بۆ داگیرساندنی گڵۆپەکان بۆ ئەوەی نەتوانیت بە درێژایی ڕۆژ گڵۆپەکان داگیرسێنیت و وزە بەفیڕۆ بدەیت لە کاتێک لەوێ نیت. [هەردوو نموونەکە لە کوردستانیشدا هەیە، بەڵام کەمتر و بێگومان بە بەراورد بە وڵاتانی دیکە بە هیوای زیادکردنی ئەم کولتوورە باشە.]
- بیناکان بەکارهێنانی وزەی خۆیان نیشان دەدەن و تەنانەت بوندستاگ (پەرلەمانی نیشتمانی)یان بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی وزە و پشتبەستن بە وزەی خۆر داڕێژراوە.
“چڕی وزە یەکسانە بە چڕی ناکارایی و ناکارامەیی وڵات”
- چڕی بەرزی وزە پێوەرێکە بۆ ناکارایی ئابووری وڵاتێک لە ڕووی ئیستغلالکردنی وزە. ئەگەر چڕی بەکارهێنانی وزە لە وڵاتی A دوو ئەوەندەی وڵاتی B بێت، ئەوە مانای وایە وڵاتی A دوو ئەوەندەی وڵاتی B وزەی بەکارهێناوە بۆ بەرهەمهێنانی هەمان بڕی کاڵا و خزمەتگوزاری.
- بەپێی ستانداردێکی دیکەی داتاکانی بانکی نێودەوڵەتی، ئێران ٢٣٤ یەکە و ئەڵمانیا ٧٤ یەکە وزە بەکاردەهێنێت بۆ ١٠٠٠ دۆلار لە بەرهەمی ناوخۆیی. واتە ئێمە ٣.٢ هێندەی ئەڵمانیا وزە بەفیرۆ دەدەین بۆ ئەوەی بە بڕی هەزار دۆلار بەهای ئابووری دروست بکەین!
- خۆزگە تەنها لە حاڵەتی وزەدا بەم شێوەیە بووایە، کارایی و بەرهەمداری ئاوی ئەڵمانیا ٣٠ ئەوەندەی وڵاتێکی وەک ئێرانە. سەرنج بدەن ئێمە لە وڵاتێکداین کە قەیرانی ئاو لە ئێمەوە زۆر نزیکە.
“بیرهێنانەوە”
- دەزانم کە هەندێکتان دوای خوێندنەوەی ئەم بەشەی ڕاپۆرتەکە دەست دەکەن بە حوکمدانی نەرێنی. دەڵێی فڵان کەس پاساو بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکان دێنێتەوە. فڵان سکی پڕە و …. فڵان پارە لە حکومەت وەردەگرێت. فڵان کەس بێ ئاگایە لە ئازاری خەڵک. من دەتوانم پێشبینی هەموو ئەم هێرش و ڕەخنانە بکەم و دەتوانم وەک پۆپۆلیستیەک خۆم دەرخەم و ڕۆڵی پاڵەوانێک ببینم، بەڵام پێم باشە زانیاری و قسە و وشەی ڕاست و واقیعی و دروست بگەیەنم، تەنانەت ئەگەر ببێتە هۆی ناڕەحەتی من و تۆش.
- کەواتە لەجیاتی حوکمدان و ناونانی من، بیهێنە بەرچاوت جیهانێک کە نرخەکان ڕاستەقینە بن و ڕەفتاری ئابووریمان مەعقولە و ئەو سەرچاوانەی کە لە فرۆشتنی وزە بەدەستی دەهێنن، بتوانرێت سوودی لێوەربگیرێت بۆ زیادکردنی خۆشگوزەرانی ڕاستەقینەی کۆمەڵگا. و لە هەمان کاتدا بەهۆی بەکارهێنانی دروستەوە، پشکی نەوەکانی داهاتوو ناخۆین و خاکێکی تەواو سووتاو ڕادەستی نەوەی داهاتوو ناکەین. منیش وەک تۆ مرۆڤم و چێژ لە شتە بێبەرامبەر و هەرزانەکان وەردەگرم، بەڵام ئامادە نیم دەست بخەمە گیرفانی نەوەی داهاتوو!
سهرچاوه؛
وەرگیراو و وەرگێڕدراو له (Dr. Mostafa Lashkar Bloki)