بەمەبەستى بەهێزکردنى ئاسایشى ئاوى وڵاتەکەى و بەکارهێنانى کارتى ئاو وەکو فشارێکى سیاسى لە بەرانبەر نەیارەکانیدا، لەدواى ڕووخانى رژێمەکەى بەشار ئەسەدەوە، سوپاى ئیسرائیل دەستى بەسەر زیاتر لە دە سەرچاوەى ئاو لە سوریادا گرتووە. قەیرانی ئاو یەکێکە لەو کێشانەى بەرۆکى دانیشتوانى سوریاى گرتووە، چونکە بەهۆى شەڕ و ئاڵۆزییەکانى ساڵانى رابردوەوە، ژێرخانى ئاوی وڵاتەکە بەرەو داتەپین رۆیشتوە، جگەلەوەش شەپۆلى وشکەساڵى بووەتە هۆى کەمبوونەوەى سەرچاوەکانى ئاو و دواکەوتنى کەرتى کشتوکاڵ کە سەرچاوەى بژێوى بەشێکى گەورەى دانیشتوانە. بایەخدان بە ئاو لەلاى ئیسرائیلییەکان تەنها پرسێکى سیاسى نییە، بەڵکو ریشەیەکى ئاینى هەیە، جولەکەکان دەیگێڕنەوە بۆ تەورات و بە بەشێک لە بابەتى “خاکی بەڵێندراو” ناویدەبەن. بەدەر لەوەش لە دامەزراندنى دەوڵەتى ئیسرائیلەوە، سەرکردەکانى جولەکە داوای لکاندنی ناوچە دەوڵەمەندەکانی ئاو بە وڵاتەکەیانەوە دەکەن.
“سەرچاوەکانى ئاو لە سوریا”
سوریا سامانێکی ئاوى زۆری هەیە، چونکە خاوەنى حەوت حەوزی ئاوییە کە پێکهاتوون لە حەوزەکانى؛ فورات و حەلەب، دیجلە و خابور، بادیە و عاسى، حەوزی کەنار دەریا، حەوزی بەرادە و ئەعوەج، حەوزی یەرموک. هەروەها شازدە ڕووبار و لقەکانی بەسەر خاکى سوریادا تێدەپەڕن، کە پێنج لەوانە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هاوبەشن و بریتین لە: (فورات، دیجلە، عاسى، یەرموک، باشووری گەورە)، جگەلە نۆ دەریاچە. ڕۆیشتنی ڕووبارەکان نزیکەی (75%)ی کۆی سەرچاوە ئاوییە ڕێکخراوەکانی سەرزەوی وڵاتەکە پێکدەهێنێت، زیاتر لە (45%)ی سەرچاوە ئاوییەکانى سوریا بۆ بەکارهێنان گونجاون. کۆی گشتی سەرچاوە ئاوییەکانى سوریا لەنێوان (18.209 – 16.375) ملیار مەتر سێجا/ساڵ، مەزەندە دەکرێت. لەکاتێکدا تێکڕای ئاوی دابینکراوی سەرزەوی بە نزیکەی دە ملیار مەتر سێجا مەزەندە دەکرێت، هەروەها تێکڕای ئاوی ژێرزەوی نوێبووەوە بە نزیکەی شەش ملیار مەتر سێجای دەخەمڵێنرێت.
هەرچەندە بەڕواڵەت سوریا وەک وڵاتێکى دەوڵەمەند بە سەرچاوەکانى ئاو دەردەکەوێت، بەڵام ڕاستییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سوریا بەدەست هەژارییەکی زۆری ئاوەوە دەناڵێنێت. بەجۆرێک بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەک کە لەلایەن ڕێکخراوی مرۆیی نێودەوڵەتی “Action Against Hunger” لە ساڵی (٢٠٢٠)دا بڵاوکراوەتەوە، نیشاندەرەکانی ئاسایشی ئاو لە سوریا تادێت بەرەو مەترسیدارتر دەڕوات، بەڕادەیەک پێشبینى دەکرێت هەتا ساڵى (2050) زیاتر لە پازدە ملیۆن هاووڵاتی لە سوریا دەستیان بە ئاوی خاوێن نەگات، چونکە لەو ساڵەدا کورتهێنانى ئاو لە سوریا دەگاتە زیاتر لە شەش ملیار مەتر سێجا. لەلایەکى دیکەوە، توێژینەوەیەکی بانکی نێودەوڵەتی کە لە نیسانی (٢٠٢٣) بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات تا کۆتایی ئەم دەیەیەی ئێستا، بڕی ئاوی بەردەست بۆ هەر کەسێک لە ساڵێکدا دادەبەزێت بۆ خوار ئاستی ڕەهای کەمی ئاو کە (٥٠٠) مەتر سێجایە بۆ هەر کەسێک لە ساڵێکدا، هەروەها پێشبینى دەکات تا ساڵی (٢٠٥٠)، ناوچەکە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ساڵانە (٢٥) ملیار مەتر سێجا ئاوی زیاترى پێویست دەبێت.
بەگوێرەى ڕاپۆرتێک کە لەلایەن سەنتەری (زانیارى ئیسرائیلى بۆ ئامادەکاری گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا) بڵاوکراوەتەوە، پێشبینی دەکرێت تا ساڵی (2050) دانیشتوانی سوریا بەڕێژەى (60%) زیاد بکات و بگاتە (33) ملیۆن کەس. هەروەها پێشبینی دەکرێت کەمیی ئاوی خواردنەوە لە زۆربەی شارە گەورەکان و شارۆچکەکانی سوریا ببێتە هۆی ئاژاوەیەکی گەورە و کۆچی بەکۆمەڵ لە شارۆچکەکانەوە بەرەو شارە گەورەکان، جگەلەوەى پێشبینی دەکرێت ملیۆنان کەس بەرەو تورکیا و لوبنان و ئیسرائیل کۆچ بکەن، کۆچەکەش بەڕادەیەک گەورە دەبێت کە ئەو وڵاتانە ناتوانن سنوورەکانیان کۆنترۆڵ بکەن. لە بەشێکى دیکەى راپۆرتەکەى ئیسرائیلدا، پێشبینى دەکات بەهۆى قەیرانى ئاوەوە پەتاکانی وەک کۆلێرا تەشەنە بکات، هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا شەڕ لەسەر دەست بەسەراگرتنى سەرچاوەکانى ئاو رووبدات.
“داگیرکردنى سەرچاوە ئاوییەکان”
بەرزاییەکانی جۆلان کە زیاتر لە نیو سەدەیە لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیرکراوە، نزیکەی یەک لەسەر سێی ئاوی شیرینی ناوچەکە دابین دەکات. جگە لە جۆلان، لە حەوتى کانوونی دووەمی (٢٠٢٤)ەوە، ئیسرائیل چووەتە ناو زۆرێک لە ناوچەکانی باشووری سوریاوە، واتە تەواوى بەرزاییە ستراتیژییەکانی جۆلانى کۆنترۆڵ کردوە، کە بە گرنگترین سەرچاوەی دابینکردنى ئاو بۆ جۆلان و ناوچەکانی دەوروبەری دادەنرێت، چونکە سەرچاوەى ئاوى زۆرێک لە ڕووبارەکان لەوێوە هەڵدەقوڵێت وەک حەسبانی و بانیاس و لادان و ئوردن، جگەلە بەرکەوتنی بە سەرچاوە ستراتیژییەکانى ئاو لە چیای (ئەلشێخ) کە ئاو بۆ ناوچەیەکى بەرفراوان لە ریفى دیمەشق و ناوچەکانى ڕۆژئاوا و باشووری دیمەشقى پایتەخت دابین دەکات. لە ئێستادا هێزەکانی ئیسرائیل لە ڕۆژئاوای شارى (دەرعا)ن، حەوزی یەرموکیش لەم ناوچەیەدایە. ئامانجى ئیسرائیل کۆنترۆڵکردنى تەواوى لق و سەرچاوەکانى ئەو حەوزەیە، کە سەرچاوەى دابینکردنى ئاوە بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکان، هەروەها سەرچاوەى سەرەکى ئاوی خواردنەوەیە بۆ ملیۆنان کەس لە دانیشتووانی سوەیدا و دەرعا و باکووری ئوردن.
یەکێک لە دیارترین ئەو بەنداوانەى لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستى بەسەردا گیراوە، بەنداوی “مەنتەرە”یە، کە سەرچاوەى ئاوى پارێزگای قونەیتەرەیە لە باشووری سوریا و نزیکەی پەنجا کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژئاوای دیمەشقی پایتەختەوە دوورە. داگیرکردنی ئەو بەنداوە بە واتای لەدەستدانی (30-40%)ی سەرچاوە ئاوییەکانی سوریا و (40%)ی دابینکردنی ئاو بۆ ئوردن دێت. بەدەر لە بەنداوى مەنتەرە، ئیسرائیل دەستى بەسەر بەنداوەکانی “ڕوەیحینە”و “کۆدنا” و “غەدیر ئەلبوستان” و “پردی روقاد”دا گرتوە، هەروەها لە ڕۆژهەڵاتەوە سێ بەنداوی دیکە لەسەر لقەکانی ڕووباری ڕەقەد هەن، ئەوانیش بەنداوەکانی “شەبراک” و “سەحەم جۆلان” و “عابدین”ن، بەم شێوەیە ئەو ناوچەیەى لەئێستادا لەژێر کرۆنترۆڵى ئیسرائیلدایە لەسەر سنووری لوبنان تا دۆڵی ڕووباری یەرموک لەنزیک ئوردن لە باشوور درێژ دەبێتەوە.
“گەمارۆدانی دیمەشق”
لە شکر کێشییەکانى ئیسرائیل مەترسى لەسەر هەردوو حەوزەکەى دیمەشقى پایتەخت کردوە، یەکەمیان حەوزی “بەرادە”یە کە لە دەشتی زەبەدانییەوە سەرچاوە دەگرێت، سەرچاوەى ئاودێریکردنە بۆ دیمەشق و دەشتی غۆتە. هەرچى حەوزی دووەمە حەوزى “ئەعوەج”ە، کە لە بناری چیای (الشیخ)ەوە سەرچاوە دەگرێت و بۆ ئاودێریکردنی دەشتی غۆتە بەکاردێت. دواى گەیشتنى ئیسرائیل بە بناری چیای شێخ و نزیکبوونەوەی لە دیمەشقی پایتەختەوە بەنزیکەى بیست کیلۆمەتر، مەترسی داگیرکردنی بەنداوەکانى حەوزی بەرادە و ئەعوەجى لە ریفى دیمەشق زیاتر کردوە، کە نزیکەی (٨٥٩٦) ملیۆن مەتر سێجا ئاو لەخۆدەگرێت و زیاتر لە حەڤدە هەزار هێکتار زەوی لە پارێزگاکانی دیمەشق و ریفى دیمەشق لە باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە ئاودێری دەکات. ئەمەش بە واتای هەڕەشەکردن لە ئایندەی ئاوی دیمەشق و ریفی دیمەشق و پارێزگاکانی دەرعا و سوەیدا و قونەیتەرە دێت.
داگیرکردنى ئەو سەرچاوە ئاوییانە لەلایەن ئیسرائیلەوە، دەبێتە مایەى هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی خۆراکی دانیشتووان، چونکە زۆرینەی دانیشتوان بۆ بژێوی ژیانیان پشت بە کەرتی کشتوکاڵ دەبەستن. جگە لەوەى لە دابینکردنى سەبەتەی خۆراک بۆ دیمەشقی پایتەخت و شارەکانی نزیکی، پارێزگاکانی قونەیتەرە و دەرعا و ریفى دیمەشق گەورەترین پشکیان هەیە. لە بەرانبەردا دەبێتە هۆى بەهێزبوونى ئابورى ئۆردوگا جولەکە نشینەکان لە بەرزاییەکانى جۆلان، کە سەرچاوەى یەکەمى بژێوییان کشتوکاڵە، بەهۆى ئەوەى سەرچاوە ئاوییە نوێیەکان بۆ کشتوکاڵکردن بەکاردەهێنن.
“ئاڵنگارییەکانى بەردەم حکومەتى نوێ”
حکومەتى نوێ سوریا لەڕووى سامانى ئاوەوە دووچارى ئاڵنگارییەکى فرەلایەن بووەتەوە، لەلایەکەوە ئیسرائیل دەستى بەسەر بەشێک لە سەرچاوە ئاوییەکاندا گرتووە، لەلایەکى دیکەوە تورکیا کۆنترۆڵى بەشێک لە ڕێڕەوى فوراتى کردووە، هەروەها بەشێک لە سەرچاوە ئاوییەکان لەژێر کۆنترۆڵى هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە)دایە کە تائێستا لەگەڵ حکومەتى سوریادا نەگەیشتونەتە هیچ رێکەوتنێک. ئەمە بەدەر لەو شەپۆلى وشکەساڵیەى ساڵانێکە ناوچەکەى گرتۆتەوە. رێکخراوى یونیسێف لە ڕاپۆرتێکیدا لە ساڵی (٢٠٢١)، سوریاى بە یەکێک لەو (11) دەوڵەتەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست داناوە کە بەدەست توندترین قەیرانى کەم ئاوی لە جیهاندا دەناڵێنێت.
نازیح بریک ئەندازیارى تەلارساز و توێژەر لە پلاندانانی شار ئاماژە بەوە دەکات؛ بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دەسەڵاتدارانى نوێى سوریا لە ئێستادا خاوەنی بچووکترین ئامرازی دەسەڵات نین، بەتایبەتی سەربازی، پێدەچێت ئیسرائیل بۆ ماوەیەکی درێژ لەو ناوچانە نوێیانەدا بمێنێتەوە کە دوای ڕووخانی ڕژێمی بنەماڵەی ئەسەد دەستى بەسەردا گرتوە. بەبڕواى ناوبراو بەهێزترین کارت بۆ بەرەنگاربوونەوەى خواستەکانى ئیسرائیل، تەنها خۆڕاگری دانیشتوانی شارەکان و ملکەچ نەبوونیانە بۆ پڕۆژەی راگواستن بەهەر نرخێک بێت. لەلایەن خۆیەوە یاسر مەنناع لێکۆڵەر لە کاروباری ئیسرائیل، پێیوایە ئیسرائیل کۆنترۆڵکردنی بەنداو و سەرچاوە ئاوییەکان بەتایبەتى ئەوانەیان کە لەنێوان دیمەشقی پایتەخت و بەرزاییەکانی جۆلاندان، بۆ فراوانکردنی هەژمونى ناوچەیی و سیاسی و ئایینی خۆى بەکاریاندەهێنێت، هەروەها لەداهاتووشدا لە هەر دانوستانێکدا لەگەڵ سوریا یان لایەنەکانی دیکە وەک کارتێک بەکاریدەهێنێت، جگەلەوەى بۆ لاوازکردنی هەوڵەکانی دووبارە بنیاتنانەوەی دەوڵەتی سوریا لەدوای جەنگ سوودى لێ دەبینێت.
“ئاو لە باوەڕی جوولەکەکاندا”
گرنگیدانی ئیسرائیل بە سەرچاوە ئاوییەکان لە سوریادا، تەنها بە لایەنى سیاسى و ئابورییەوە پەیوەست نییە، بەڵکو ریشەیەکى ئاینى هەیە و جولەکەکان دەیگێڕنەوە بۆ تەورات و بە بەشێک لە “خاکی بەڵێندراو”ى خۆیان ناوى دەبەن. لە دواى دامەزراندنی دەوڵەتى ئیسرائیلەوە، کاربەدەستانى ئەو وڵاتە بەمەبەستى زیادکردنى رووبەرى وڵاتەکەیان و زیادکردنى ژمارەى ئۆردوگا جولەکە نشینەکان، داوای لکاندنی ناوچە دەوڵەمەندەکانی ئاو بە خاکەکەیانەوە دەکەن و وەک بەشێک لە “ئیسرائیل”ی تەوراتى ناوزەدى دەکەن. داود بن گوریۆن یەکێک لە دامەزرێنەرانى ئیسرائیل و یەکەم سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل، لەوتارێکدا کە لە ساڵی (١٩١٨) لە هەواڵنامەی “فەلەستین”ی ڕێکخراوی جیهانى زایۆنیستیدا بڵاویکردۆتەوە، سنورى دەوڵەتەکەیانى بەم شێوەیە دیاریکردوە: “تەواوی نەقەب و کەنارى خۆرئاوا، جەلیل، سەنجەقى حۆران، سەنجەقى کەرەک (مەعان و عەقەبە) و بەشێک لە سەنجەقى دیمەشق، کە قەزاکانى قونەیتەرە و وادى عەنجەر وحاسیبا لە لوبنان دەگرێتەوە”.
لە ساڵی (١٩١٩) یەکێک لە گرنگترین بڕیارەکانی کۆنگرەی زایۆنیستی جیهانی کە لە بازلی سویسرا بەڕێوەچوو، ئەوە بوو: “دەبێت کۆمەڵەى گەلان ئاگادار بکرێتەوە کە پێویستە ئاوی پێویست بۆ ئاودێری و کارەبا بگەیەنرێتە ناو سنوورەکان و ڕووباری لیتانی و بەفرەکانی چیای شێخیش بگرێتەوە”. یاسر مەنناعى توێژەر پێیوایە ئاو لە بیری جولەکەکاندا هێمای ژیان و خۆشگوزەرانییە، بەو هۆیەوە ڕووبار و دەریاچەکانی وەک ڕووباری ئوردن و دەریاچەی تەبەریا وەک بەشێک لە جوگرافیای تەوراتى، گرنگییەکی ڕەمزی و ئایینییان هەیە. جگەلەوەى خاکی بەڵێندراو لە دیدگاى ئاینى جولەکەکاندا واتە کۆنترۆڵکردنی تەواوى ئەو خاکانەی کە سەرچاوەی سەرەکى ئاویان تێدایە، ئەو خاکەش لە ڕووباری نیلەوە تا فورات درێژدەبێتەوە”.
تێبینى:- زانیارییەکانى نێو ئەم راپۆرتە لە بەدواداچوونێکى (احمد ریاض جاموس) وەرگیراوە کە بەناونیشانى (السطو على المياه.. كيف تعسكر “إسرائيل” أمن سوريا المائي؟) لە رۆژى (2025/1/18) لە ماڵپەڕى (نون بوست) بڵاوکراوەتەوە.
ئامادەکردن: بارام سوبحى