هیچ شتێک له ئێران پێناسه‌یه‌کی ورد و زانستی به‌خۆیه‌وه نابینێته‌وه، دیاره لێرەدا مه‌به‌ست لە ئێران ئه‌و گوتاره زاڵه‌ی حکوومه‌ته یه‌ک له دوای یه‌که ئایدۆلۆژیکه‌کانێتی که هه‌موو جومگه مه‌عریفییه‌کانی ئێرانی به ناوه‌نده‌کانی زانکۆ و سه‌نته‌ره‌کانی ڕۆشنبیری و کارگه ئه‌ده‌بییه‌کانیشه‌وه داگیر کردووه، پرۆسه‌ی ئه‌م مۆنۆپۆلکردن و داگیرکارییه به‌ڕاده‌یه‌ک وه‌ستایانه و وردبینانه بووه که هه‌ندێ جار شیخ و مه‌لایان له‌سه‌ر یه‌ک ته‌کیه یان مزگه‌وت کۆ ده‌کاته‌وه، یان چه‌پی رادیکاڵ و ڕاستی تووندئاژۆیان یه‌کده‌خات وه‌کوو ئه‌وه‌ی له کتێبی “ئاوازی کوژراوان”ی ڕه‌زا به‌راهه‌نیدا ده‌یبینین.
ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر باسی حوکمی شه‌رعی سیغه بکه‌ین یه‌کیک له‌و ڕێوشوێنه گونجێنه‌ر و جیوه‌ئاسایه‌ی حکوومه‌تێکی ئایدۆلۆژیمان بۆ ده‌رکه‌وێت که له دواجاردا هه‌موو شتێک ده‌کات به شوناس و مۆرکی خۆی ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ش وا دژی خۆیه‌تی به‌ڵام به مه‌رجێک ئه‌و ئیزنی پێ بدات، ئه‌مه ڕه‌نگه نه‌سته‌وه‌ری یان خووخده‌ی سه‌دان ساڵه‌ی ئایدۆلۆژیایه‌ک بێت که به‌ر له‌وه‌ی ناوی بنێین پاشایه‌تی، ئایینی یان خێڵه‌واتی ده‌بێ ناوی بنێین ئایدۆلۆژیایه‌ک که زمانی فارسی به‌رهه‌می هێناوه، دیاره لێره‌دا مه‌به‌ست ئه‌وه نییه ڕه‌هه‌ندێکی قه‌ده‌رییانه و پێشوه‌خت به‌سه‌ر زمانی فارسی‌دا بسه‌پێنین به‌ڵکوو ئاماژه‌م بۆ ئه‌و خه‌یاڵدان و مه‌عریفه باتینگه‌را و و خۆسه‌پێن و خۆپه‌سندانه‌یه که له ژێر ده‌ستی حوکوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته جۆراوجۆره‌کانی ئێران (که هه‌موویان به سه‌فه‌وی و قه‌جه‌ری تورکه‌وه تاکوو په‌هله‌وی و کۆماری ئیسلامییه‌وه له خزمه‌تی زمانی فارسی‌دا بوون) به‌رهه‌م هاتووه، بێگومان له قوڕگی ئه‌م شێره‌ی پاساگارد و ئه‌و خوێنه‌ی که‌ربه‌لا و ئه‌رده‌بیله‌وه ته‌نها نه‌وای کوشتن به ئاسماندا نه‌فڕیوه به‌ڵکوو ئاوازی ڕزگاری و سترانی ئازادیش وتراوه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وایه ئه‌و خواست و حه‌زه‌ی ئازادی و ڕزگاری چی لێهاتووه؟ کوا ئه‌و مه‌عریفه مرۆیی و ئینسانی و جیهانبینه‌ی که شاعیرانی کۆنی فارس وه‌کوو سه‌عدی و حافیز و مه‌ولانا هۆندییانه‌وه و له حوجره‌ی گه‌وره‌پیاوانی ئێمه‌ش وه‌کوو وانه ئه‌وترانه‌وه؟ ئه‌گه‌ر حافیز هێنده جوانپه‌رست و مه‌زنه و مه‌ولانه هێنده بلیمه‌ت و بناس و سه‌عدی هێنده حه‌کیم و زانا ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه له خزمه‌ت کێ یان چیدا بوون؟ لە خزمەت فارس و زمانی فارسی‌دا بوون یان مرۆڤ و مرۆڤایەتی؟
ئه‌م حاڵه‌ت و پرسیارانه بۆ مه‌عریفه‌ی مۆدێڕنی فارسیش به چه‌ند قات درووستتره. هیچ کام له‌و بیرمه‌ند و مامۆستایانه‌ی زانکۆ هیچ کات ناتوانن/نه‌یانتوانی ڕۆژێک له ڕۆژان بیر له‌وه بکه‌نه‌وه که زمانێک جگه له فارسی له ئێران‌دا زاڵ بێت، یان سیسته‌مێکی سیاسیی هه‌بێت که مافی کورد و تورک و عه‌ره‌ب بدات، له ڕاستیدا ئه‌وان له‌سه‌ر هه‌مان ڕێچکه و ئاراسته ده‌ڕۆن که سه‌دان ساڵ پێش باوباپیرانیان پێیدا ڕۆشتوون، واته سڕینه‌وه و له‌ناوبردنی ئه‌ویدی، ئایا ئه‌مه وه‌سیه‌ته‌که‌ی که‌مبوجیه‌یه بۆ جێگره‌کانی که نه‌هێڵن جارێکی دیکه (ماده‌کانی ئامۆزایان) ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست و ده‌بێ به هیچ شێوه‌یه‌ک بواریان نه‌ده‌ن؟ و ئاوه‌هاش له حافیز و سه‌عدی و مه‌ولانه‌وه هاتووه تا گه‌یشتووه به محه‌مه‌د ته‌قی به‌هار و سادیقی هیدایه‌ت و محه‌مه‌دعه‌لی فرووغی و دواتر جه‌وادی ته‌باته‌بایی و عه‌بدولکه‌ریمی سرووش و حوسه‌ین به‌شیرییه و فولادوه‌نده‌کان؟ بێگومان ده‌بێت بڵێم سه‌پاندنی هه‌ر جۆره گوزاره‌یه‌کی بڕیارده‌رانه به‌سه‌ر تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی زمان و ئه‌و مانا و ناوه‌رۆکانه‌ی به‌رهه‌می هێناون نه‌ک هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره به‌ڵکوو په‌ره‌پێدانی جۆره جه‌هلێکیشه، به‌ڵام ئاراسته‌ی باسه‌که‌ی من به‌ره ئه‌م پرسیاره‌یه بۆچی له ناو ئه‌و هه‌موو پوتانشێل و واتا به‌رزه‌جێ و مرۆیی و مه‌زن و جیهانگیره‌ی (که ده‌ڵێن له ناو زمانی فارسی‌دا به‌رهه‌م هاتووه) له هیچ قۆناغێکی حکوومه‌تداریدا دانی نه‌ناوه به هیچ لایه‌نێکی به‌رامبه‌ریدا؟ بۆچی زمانه‌که‌ی له ده‌رکه‌وتنی زمانه‌کانی دیکه ده‌ترسێت؟ بۆچی هه‌موو حکوومه‌ته‌کانی ده‌ستێکی باڵایان هه‌یه له خوێنڕشتن و قڕکرن و کوردوسایدکردن؟ ئه‌م ڕازه چییه که ئێمه لێی تێ ناگه‌ین؟ ئایا زمان و مه‌عریفه و ده‌سه‌ڵات لێره‌دا له په‌یوه‌ندییه‌کی وه‌ها سه‌یر و سه‌مه‌ره دان که ئێمه لێی تیناگه‌ین و ده‌بێ وازی لێ‌بێنین و به بیانووی ئه‌وه‌ی که تۆمه‌تبار نه‌کرێین به ناسیۆنالیست و ده‌مارگرژ و نه‌ته‌وه‌یی باسی نه‌که‌ین و به‌رهه‌می نه‌هێنین؟.
وه‌کوو له نووسین و وتارانی دیکه‌شدا باسم کردوه ئێران میتافۆڕ یان خوازه‌یه‌که که له‌ڕێگه‌ی چڕکردنه‌وه یان داگیرکردنی هه‌ندێک ماناوه یه‌ک نیشانه و واتای دیاریکراو ده‌پێکێت ،یه‌کێک له پێناسه‌کانی خوازه‌ش هه‌ر ئه‌مه‌یه: چڕکردنه‌وه‌ی چه‌ندین مانا له یه‌ک نیشانه‌دا، وشه‌ی “ئێران” لێره‌دا نیشانه‌یه‌کی زمانییه که چه‌ندین مانای هه‌یه به‌ڵام له دواجاردا و له گوتاره سیاسی و شوناسییه‌که‌دا خودی نیشانه‌که دیاره نه‌ک کۆڵه‌که‌کانی!. لێره‌دا ئێران وه‌کوو سه‌رزه‌مینێکی به‌یار و قاقڕ ده‌بێ وێنا بکه‌ین که له ژێرزه‌وی و ناخی هه‌موو ئه‌و زه‌وی و سه‌رزه‌وینانه‌ی له ژێر ناوی جوگرافیاکه‌یدا پێناسه کراون، کارێز لێده‌دات و به‌ره‌و ئه‌و زه‌وییه‌ی خۆی ده‌یجمێنێت که زمانی فارسی و فارس-ژینی پێ پاراو ده‌کات. ڕێک وه‌کوو ئه‌و پرۆژه ئاوییانه‌ی که له سه‌رده‌می شاعه‌به‌سی یه‌که‌مه‌وه خه‌یاڵی خزایه مێشکی حاکمانی سه‌فه‌وییه‌وه و له سه‌رده‌می ڕه‌فسه‌نجانی گه‌ڵاڵه‌ی بۆ داڕێژراو و له سه‌رده‌می ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد جێبه‌جێکردنی ده‌ستی پێ‌کرد و ئێسته ئاوه‌کانی زاگرۆس له قووڵاییه‌کانی کرمان و ئه‌سفه‌هان و بیابانه‌کانی ناوه‌ندی ئێران غه‌ریبانه ملیان به‌ره‌و نادیاری پرۆژه‌کانی سوپا ناوه! بۆیه له ئێران‌دا به‌شێوه‌یه‌کی ناوشیار هیچ شتێک له ده‌ره‌وه‌ی زمانی فارسی‌دا بوونی نییه و له ده‌ره‌وه‌ی زمانیشدا هیچ شتێک بوونی نییه واته بوونی ئێران ئه‌و بوونه‌یه که زمانی فارسی وێنای ده‌کات و نه‌خشه‌ی بۆ ده‌کێشێت، له پێکهاتی کو‌لتووری و قسه‌ی “باکلاس” و نه‌رمونۆڵ و عیشوه‌کارانه‌وه بگره تاکوو شێوازی ژیان و سێکس و ماچی فارسی، ده‌یکات به‌پێوه‌ر و له ڕێگه‌ی میدیای جوارجۆر و تریبۆنی ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌وه هه‌ژموونی و هه‌یمه‌نه‌ی پێ دروست ده‌کات، شتێک که له زمان و کو‌لتوور و نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی ناو جوگرافیای ئێران‌دا! چاوه‌ڕوانی ده‌کرێت به‌رهه‌ڵه‌ست بوونه‌وه و په‌رچه‌کرداره دژی ئه‌م هه‌یمه‌نه‌یه.
له‌م نێوانه‌دا زمانه‌کانی گیله‌ک و مازه‌نی و تالیشی ته‌قریبه‌ن به‌ره‌و له‌ناوچوون ڕۆشتوون نه‌ک ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که زمانی فارسی هه‌موویانی ده‌سته‌مۆ و که‌وی کردووه به‌ڵکوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئاخێوه‌رانیشیان ده‌سته‌مۆ و کپ کراون، هه‌مان حاڵه‌ت بۆ زمانی تورکه‌مه‌نی له پارێزگای “گوڵستان” که هاوسنووریشه له‌گه‌ڵ وڵاتی تورکه‌مه‌نستان به ڕاست ده‌گه‌ڕێت، بۆ به‌لووچیش هه‌مان حاڵه‌ت له ئاستێکی لاوازتر، ئه‌وه‌ی که ده‌مێنیته‌وه تورکی و کوردییه که تورکه‌کان به‌هۆی نێزیکییان له “باکوو”ی پێته‌ختی وڵاتی ئازه‌ربایجان و هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی مه‌عنه‌وییانه‌وه! له‌گه‌ڵ وڵاتی تورکیا پرۆژه‌ی زمانی و کو‌لتووریی خۆیان به میتۆدێکی تایبه‌ت به‌ڕێوه ده‌به‌ن له هه‌مان کاتدا که هیچ لاگرییه‌کیشیان نییه که به فارسیش بژین و بنووسن و بمرن! به‌ڵام تورکانه! خودی ئه‌م هاوکێشه‌یه وای کردووه شه‌پۆلێکی گه‌وره‌ی فاشیزمی تورکی له په‌ره‌سه‌ندندا بێت که ئه‌مه‌ش به‌شێکی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و سووکایه‌تیپێکردن و گاڵه‌تەجاڕییه‌ی فارس ده‌رهه‌قیان ده‌یکات، هه‌میشه له ئێران وشه‌ی گه‌مژه و که‌ر و تورک له‌پاڵ یه‌کدیدا دێن و ئه‌مه که‌رامه‌تشکاندنێکی بێوێنه‌یه که ناوه‌ندنشین و پایته‌ختنشینانه ده‌رهه‌ق به نه‌ته‌وه‌کانی په‌راوێزی جوگرافیای ئێران ده‌یکه‌ن. زمانی کوردیش به شێوه‌ی تایبه‌تی خۆی له به‌رخۆدان و ڕابوون بووه ره‌نگه بتوانین بڵێین له ناو نه‌ته‌وه‌کانی ئێران زمانی کوردی ته‌نها زمانێکه به‌رپه‌رچی زمانی فارسیی داوه‌ته‌وه و ئه‌مه‌ش پێش له هه‌ر شتێک بۆ خه‌بات و هه‌وڵی کورد و ئه‌دیبان و ڕۆشنبیرانی له درێژایی مێژوویه‌کی سه‌د ساڵه‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه، شه‌پۆلی نوێی وه‌ر‌گێڕان و په‌یوه‌ندی ئه‌ده‌بی و کو‌لتووری له پاش ئازادبوونی باشووری کوردستان و کیانێکی نیوه‌سه‌ربه‌خۆ، ئه‌و پێگه‌یه‌ی که ئێسته زمانی کوردی هه‌یه‌تی به‌رهه‌می ئه‌و خه‌بات و تێکۆشانه‌یه وه‌کوو چۆن له شۆڕشی ژینادا دروشمی کوردیی”ژن، ژیان، ئازادی” بوو به بنێشته‌خۆشه‌ی ده‌می فارس و تورک و نه‌ته‌وه‌کانی دیکه. زمانی کوردی له خوێندا باڵای کردووه به‌ڵام ڕووسوور و سه‌ربه‌رز ڕاوه‌ستاوه، برینی زۆری پێوه‌یه به‌ڵام ملکه‌چ نابێت، ده‌گێڕێته‌وه و خه‌م و ناکامی و جوانییه‌کان ده‌نووسێته‌وه، له به‌هه‌شت و دۆزه‌خ و به‌رزه‌خ ده‌نووسێت به‌ڵام هیچ کامیان ناکات به هه‌واری ئه‌به‌دیی خۆی چونکە بزۆزیی و نه‌وه‌ستانی هه‌ڵبژاردووه و بۆ ئه‌وه‌ی نه‌مرێت له هیچ شوێن و گۆشه‌یه‌ک دانه‌سه‌کنێت، گمه و تافه و خشه و فیشکه و نێڵه و هاژه و…ی دێت و به‌دوای که‌شف و داهێناندا بیابانه‌کانیش تێراو ده‌کات.