“دە هۆڵیوودییەکە وەک نموونە”
بەگوێرەی ئەفسانەی لیبڕالیزم، ئەو ئەفسانەیەی کە میدیاکان بڵاویان کردووەتەوە، هۆڵیوود شارۆچکەیەکی خۆش و دامەزراوەیەکی نایاب بوو تاوەکو ساڵی (1947)، کاتێک ڕووداوێکی گەورە ڕوویدا. دە کەس لە کۆڵۆنیالی سینەمایی – کە پیاوانێکی پڕ تاوان و ئایدیالیستی بوون – لە ناکاو هێنرانە بەردەم لیژنەیەکی دڕندە بۆ لێکۆڵینەوە لە چالاکییە نا ئەمریکییەکان(HUAC)1 و ناویان زڕێنرا بەهۆی بیروبۆچوونە “پێشکەوتنخوازەکانیانەوە”. ئەم کارە لەلایەن سیاسییە دەمارگیر، بەرتیلخۆر، تینو بۆ ناوبانگەکانەوە ئەنجام درا کە بە شیوعی بوون تۆمەتبار کران. ئەم دە کەسە بەجۆرێک لە جۆرەکان وەک قارەمان ڕەتیان کردەوە کە وەڵامی هیچ پرسیارێک سەبارەت بە بیروباوەڕەکانیان بدەنەوە و پێداگرییان لەسەر ئەوە کرد کە کەیسەکەیان دەکەوێتە ژێر یاسای مافی شارستانێتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە(2) بە تایبەتی هەمواری یەکەمی دەستوری ئەمریکی(3) .
دەرەنجام نووسەر و بەرهەمهێنەری فیلم هێربەرت بیبەرمان(Herbert Biberman) و ئەکتەر و نووسەر لیستەر کوڵ(Lester Cole) و نووسەرانی وەک ئەلبێرت ماڵتز(Albert Maltz)، ئادریان سکۆت(Adrian Scott)، ڕینگ لاردنەر جۆنیۆر(Ring Lardner Jr)، جۆن هاوارد لاوسن(John Howard Lawson)، ئەلڤا بیسی(Alvah Bessie)، هەروەها نووسەر و ڕۆماننوس ساموێل ئۆرنیتز(Samuel Ornitz)، و نووسەر و ڕۆماننوس داڵتن ترەمبۆ(Dalton Trumbo)، دەرهێنەر ئێدوار دیمتریک(Edward Dmytryk) بە ساڵێک زیندانی و پێبژاردنی هەزار دۆلار سزا دران. تەنانەت دوای ئازادبوونیان لە زیندان، کۆژانی زۆریان چەشت و ناوبانگیان لەکەدار بوو و کارکردنیان لە هۆڵیوود بۆ هەمیشە کۆتایی هات. لیستەکە (151) هونەرمەند و ئەکتەر و نووسەری دیکەی لەخۆگرتبوو، ئەم ترس و تۆمەتبارکردنەی هونەرمەندان تا ساڵی (1957) بەردەوام بوو، ئەو ساڵەی کە گەواهی بە ئامانجگرتنی شیوعییەکان بوو بەحساب هەڕەشەن بۆ ئەمریکا. لەگەڵ شەپۆلی هیستریای “مەکارتی”(4) کە ئەمریکای گرتبووەوە – لە ڕاستیدا جۆ مەکارتی کەمتر لە ساڵێک لە ئەنجومەنی پیران بوو و هێشتا لە ڕۆژنامە نەتەوەییەکاندا بە تەواوی دەرنەکەوتبوو واتە هێشتا ناوی بەڕژدی ناوی نەهاتبووە ناو ناوان – ئەو دە کەسە بە تۆمەتی سوکایەتی کردن بە کۆنگرێس تۆمەتبار کران و زیندانی کران و خرانە لیستی ڕەشەوە، ئەمەش بەو مانایە بوو کە کاریان لە سینەمادا لێ قەدەغەکرا بە هۆی ئەوەی ڕەتیان کردەوە هاوکاری لیژنەکە بکەن – لێژنەی لێکۆڵینەوە لە شیوعییەکان – لەوەش زیاتر دانیشتەکانی لیژنەکە هیستریایەکی دیکەی دژە شیوعی(کۆمۆنیستی) بە دوای خۆیدا هێنا کە تێیدا سەدان ئەکتەر و نووسەر و دەهێنەر لە نێوەندی کایەکانی سەرگەرمی(تەرفیهی) دەکران ئەمەش بە پێشێلکردنی ئازادی فیکرییان دادەنرا.
پاتریک گۆڵدشتاین(Patrick Goldstein) لە زنجیرە وتارێکی درێژدا کە لە ڕۆژنامەی “لۆس ئەنجلۆس تایمز” بڵاوکرایەوە بانگەشەی ئەوەی کردووە کە “مێژوونووسان دەرکردنی لیستی ڕەش وەک گۆڕانێکی گەورە دەبینن لە ئایدیای ئەوەی پێی دەگوترا (ڕێککەوتنی نوێ – New Deal)(5)وە بۆ حاڵەتێکی دڕەندەیی بەرابەر بە شیوعییەکان لە ساتەوەختی جەنگی سارددا “، تەنانەت پاتریک مەکگیلیگان(Patrick McGilligan) نووسەری کتێبی (Tender Comrades: A Backstory of the Hollywood Blacklist)(6) ئاماژەی بەوە کردەوە کە هۆڵیوود لەو کاتەدا بەدەست “هۆڵۆکۆستی فەرهەنگی”یەوە ناڵاندویەتی.
لیبڕاڵەکان و چەپەکان ساڵانێکی زۆرە دەڵێن هۆڵیوود چیتر دروستکەری بەهرە نییە و چیتر ڕێگا بە کەسانی بە توانا نادات جێ پەنجەی خۆیان چ لەسەر کایەی سیاسەت و چ سینەما جێ بهێڵن، بەڵکو دامەزراوەی هۆڵیوود بە جۆرێک لە جۆرەکان بووەتە دادگای تەفتیش کە زۆر پیاو و ئافرەتی تۆمەتبار کردووە کە سەرکەوتوو بوون لە موتوربە کردنی دیدگای کۆمۆنیستی بە کارەکانیان، دوای ئەوەی بە زۆر و ستەمکارانە خستنە لیستی ڕەشەوه، فڕێدرانە کونجی زیندان، تەنانەت ژمارەیەکی زۆر لە کۆنسێرڤاتیڤەکانیش پشتگیری بەشێک لەو مێژووە دەکەن کە ئێستاکێ وەک ڕوداوێکی مێژوویی حاشا هەڵنەگر تەماشای دەکەن، واتە مێژوویەک کە هەمووان لەسەری کۆکن. لەگەڵ هەموو ئەو ناوبانگەی کە ئەو دە کەسە بەدەستیان هێنا لە هۆڵیوود لەو کاتەدا، بەڵام چیتر باسیان نەکرا و بیرچوونەوە، سەرەڕای گەڕانەوەی “داڵتن ترەمبۆ” بە جۆرێک لە جۆرەکان بۆ پێشەنگ، بەڵام “ڕینگ لاردنەر جۆنیۆر” دوایین ئەندامی زیندووی گرووپەکە – کە لە ساڵی 2002 کۆچی دوایی کرد – تا ئێستاش بە یەکێک لە دیارترین شەهیدانی – قوربانی – لیژنەی لێکۆڵینەوەکە ناودەبرێت. زۆرێکیان لە کایەی سیاسەت و فیلمسازیدا جێ پەنجەی خۆیان جێهێشت و بە پێچەوانەی بۆچوونی خەڵکەوە سەرکەوتوو بوون لە موتوربە کردنی بۆچوونە کۆمۆنیستییەکانیان بە کارەکانیان، ڕەنگە ڕینگ لاردنەر جۆنیۆر دوای دەرچوونی لە لیستی ڕەش بە نووسینی زنجیرە درامای (M*A*S*H) زۆر بەناوبانگ بوو بێت، زنجیرە درامایەکی سەربازی (1972 – 1983) کە بە توندی دژایەتی جەنگی ڤێتنامی دەکرد و بوو بە بناغەی زنجیرەیەکی تەلەفزیۆنی سەرکەوتوو.
جۆن هاوارد لاوسن، هەوڵی چەسپاندنی ڕەوتی ستالینیستی نێو هۆڵیوودیدا، بۆیە شتێکی سەیر نەبوو کە لە ساڵانی سییەکاندا هەوڵی نووسینی فیلمنامە(سیناریۆ – سکریپت)ی فیلمێکی وەک گەماڕۆ(Blockade) بدات کە تێیدا لایەنگری سۆڤییەت بوو لە کاتی شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا، و فیلمی جەنگ لە باکوڕی ئەتڵەسی (Action in the North Atlantic) کە فیلمێکە لەبارەی جەنگی دووەمی جیهان لە ڕۆڵگێڕانی ئەکتەری ناوداری ئەمریکی هەمفری بۆگارت، کە ڕووسەکان وەک پاڵەوان نیشان دەدرێن لە کاتی ڕزگارکردنی کەشتییەکی پێداویستی ئەمریکی. هەڵبەتە داوایان لە ئەلڤا بیسی – کە کاتی خۆی لەگەڵ شیوعییەکان ئیسپانییەکان شەڕی کردبوو – بەشێکی بچووکی سیناریۆی ئەم فیلمە سەرەوە بنوسێت بەڵام بەهۆی نووسینی سیناریۆی فیلمێکی ئاکشنەوە پتر بەرچاو کەوت و ناوی پەیدا کرد. هەروەها کۆمەڵێکیان لە ڕێگای بیرەوەرییەوە جێ پەنجەی خۆیان جێ هێشت و قبوڵ کران، وە هەموویان جگە لە “دیتمارک” ئەو کەسەی کە بە تەواوی دەستبەرداری شیوعییەت بوو، لە چەندین وتار و چاوپێکەوتن و دۆکیۆمێنتاریی تەلەفزیۆنی و ژمارەیەکی زۆر فیلم بە ستایشێکی زۆرەوە پێشوازییان لێکرا لەوانە فیلمی خاوەن شکۆ(The Majestic) کە جیم کاری ڕۆڵی سەرەکی تێدا گێڕاوە، هەروەها فیلمی بەرە(The Front) کە هەریەک لە “وودی ئاڵن و زیرۆ مۆستێل” ڕۆڵی سەرەکییان تێدا گێڕاوە، فیلمەکە دۆخی نالەباری ئەو نووسەرانەی خستەڕوو کە سەرکوت کرابوون، کە تێیدا قوربانییەکانی ساڵی (1947) و قوربانییەکانی ساڵانی (1950) بە سیمبول وێنا کرا. سیناریستی ئەمریکی “فیلیپ دەن” یەکێک بوو لە ناوەکانی نێو لیستی ڕەشی هۆڵیوود، لیژنەکە هەردوو ئەکتەری ئەمریکی (هەمفری بۆگاردت و لاورین باکاڵ) ئامادەی بوون بۆ بەرگریکردن لە دە کەسەکە – ئەو دە کەسەی کە لە لیستی ڕەشدا بوون – فیلیپ دەن لە بیرەوەرییەکانیدا چیرۆکێک بە ناوی (Take Two) دەگێڕێتەوە کە تێیدا باسی ئەوە دەکات کاتێک کچە بچووکەکەی لە قوتابخانەی ناوخۆیی(Boarding School) بوو لە ئەریزۆنا بەگروتینێکەوە پێی گوتووە “باوکە، هاوڕێکانم سوپاست دەکەن” کاتێک بە سەرسوڕمانەوە پرسیویەتی بۆچی؟ ئەویش وەڵامی دایەوە “چونکە تۆ لە لیستی ڕەشدایت”، هەڵبەتە فیلیپ دەن چەپێکی سەرسەخت و دیموکرات بوو، بەڵام لێدوانەکانی کچەکەی ڕاست و دروست بوون، هەروەها لە بیرەوەرییەکانیدا هاتووە “هاوڕێکانی کچەکەم ستایشێکی ناشایستەیان کردم و موجامەلەیان کردم چونکە هاوڕێکانی منداڵی کەسانی پزیشک و پارێزەر و پروفیسۆر و هونەرمەندەکانی لۆس ئەنجلۆس و سان فرانسیسکۆ و نیویۆڕک بوون کە توێژێکی بەرفراوانی ڕۆشنبیرانی کۆمەڵگان “، لە کۆتاییدا دەگاتە ئەوەی بڵێیت ” ئەو توێژە بەرفراوانەی کە لەسەرەوە ناویان هاتووە ئەو دە کەسە و ئەوانەی دیکەش کە خرابوونە لیستی ڕەشەوە بەرزکردەوە تا ئاستی پاڵەوانی نەتەوەیی”.
لە ڕاستیدا ئەم هونەرمەندانە هێشتا پاڵەوانن، بە تایبەتی لە نێو دەستەبژێری ڕۆشنبیری ئەمریکیدا، زۆرێک لەوان لەبەردەم لیژنەی لێکۆلینەوە لە چەپی هۆڵیوود دانیان بە چەپبوونی خۆیاندا ناوە و ئەم دیدگایەیان نەشاردووەتەوە کە لەو کاتەدا کارێکی زۆر سەخت بووە، بەو پێیەی دیموکراسییەتی ئەمریکی دیموکراسییەتێکی ناتەواوە، هەندێک بینیان ئەو بەڵگانە کە لە دانیشتنەکاندا خرانەڕوو بەڵگەی بێ بنەما و هەڕەمەکی و بە جۆرێک لە جۆرەکان دیکتاتۆرییانە بوون، وەک زانراوە هەندێک لە ناوەکانی نێو لیستەکە ئەندامی حیزبی شیوعی نەبوون، ئەمەش بوە هۆی ئەوەی ئەو تێڕوانینە هەبێت کە ئەو بەڵگە حیزبیانەی کە زۆرێکیانی لە کونجی زیندان قایم کرد بەڵگەی ساختەن. سەرەڕای هەوڵدان بۆ ناوزڕاندنیان، بەڵام ئەوان – ئەوانەی لە لیستی ڕەشدا تۆمار کرابوون – بەوپەڕی حەماسەت و بوێرییەوە بەرەنگاری ئەم دۆزە بوونەوە کە لە چل و پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو لە ئەمریکا وەک پرسە گرنگەکانی هەژاری و فاشیزم و چەوساندنەوە تەماشا دەکرا، هەرچەندە بە دژە جوولەکە(ئەنتیسێمیتیزم)گەرایش تۆمەتبارکران – هەرچەندە ژمارەیەک لە ئەندامانی حیزبی شیوعی جوولەکە بوون – بەڵام لە کاتی جەنگی دووەمی جیهاندا دڵسۆزی خۆیان بۆ گەل سەلماند بە پەیوەندی کردنی هەندێکیان بە سوپاوە. ئەم دۆخە ناهەمووارە و ئەو ڕاستییەی کە دواتر لە لێکۆڵینەوەکاندا ئاشکرا بوو، بەو ئەنجامە حەتمییە دەگات کە ئەم دە کەسە “تووندڕەوی بێتاوانن” وەک گوترا. دوور لە باوەڕبوون بە دیدگای کۆمۆنیستی یان باوەڕ کردن بەوەی کە ئەم دە کەسە بە تۆمەتی هەوڵی بە سۆڤییەتکردنی ئەمریکا یان با بڵێین هەوڵی دروستکردنی ئەمریکاییەکی سۆڤییەتی، لیژنەی ڕاوێژکاریی یاسایی هیچ بنەمایەکی یاسایی نەبوو، هەروەها هیچ ڕەهەندێکی ئەخلاقی لەخۆنەگربوو بۆ ملکەچ کردنی ئەم هاووڵاتییانە.
لە کۆتاییدا، نزیکەی پەنجا ساڵ دوای دادگایی کردنەکەیان لە ساڵی (1947)، ئەکادیمیای هونەر و زانستی سینەمایی لە بارەگای ” بیڤێرلی هیڵز ” لە کالیفۆڕنیا لە (27/ 10/ 1997) ڕێوڕەسمێکی ساز کرد، کە تێیدا ئەو پیاو و ژنانەی کە دادگایی کرابوون داوەتی ڕێوڕەسمەکە بوون و لەلایەن ئامادەبووانەوە بەگەرمی چپڵەباران کران و ڕێزیان لێ گیرا. لەمیانی ڕێوڕەسمەکەدا نوێنەری سەندیکا جیاوازەکان و ژمارەیەک بەڕێوەبەر کە بۆنەکەیان ڕێکخستبوو، داوای لێبوردنیان کرد و پەشیمانی و ناڕەزایی خۆیان لە بەرابەر “لیستی ڕەش” دەربڕی، هەر لە بۆنەکەدا ئەکتەرانی وەک (بیلی کریستاڵ، کیڤن سپەیسی، جۆن لیتگۆ) هەوڵی بە ئەفسانەیی کردنی ئەو دە هۆڵیوودیەیان دەدا و جەختیان لەسەر ئەوه کردەوە کە پێداچوونەوە بەو لێکۆڵینەوانەدا بکرێت کە ئەو هونەرمەندانە ڕووبەڕووی بوونەوە. ئەو شەوە، لە شانۆی “ساموێل گۆڵدوین” ئەو دە سینەماکارە ئاهەنگیان گێڕا، لەوانە (داڵتن ترەمبۆ، ئەلبێرت ماڵتز، ڕینگ لاردنەر جۆنیۆر) هەروەها نووسەرانی شیوعی وەک (ئابراهام پۆڵۆنسکی، پۆڵ جاریکۆ، بێرنارد گۆردن، بۆبی لیس، واڵتەر بێرنشتاین، فرانک تارلۆف)، هەر لەو شەوەدا و لەبەردەم ئامادەبوواندا رینگ لاردنەر جۆنیۆر وتارێکی خوێندەوە کە لە ساڵی (1947) مۆڵەتی پێنەدرابوو لە بەردەم لیژنەی لێکۆڵینەوە بیخوێنێتەوە، ئەوەش لەبەرئەوەی ئامادەنەبوو وەڵامی پرسیارەکانی لیژنەکە بداتەوە. ئەوە ڕاستە لیژنەکە نەیانهێشتووە قسەبکات و گوزارشت لەخۆی بکات لەکاتێکدا دەستوور ئەو مافەی بۆ دەستەبەر کردووە، بەڵام لە دواتردا و لە ئاهەنگی ڕێزلێنانەکەی ساڵی (1997)دا و لەبەردەم ئاپۆڕایەکی جەماوەری هەزار کەسیدا و لەنێو گرنگترین فیلمسازانی هۆڵیوود، بەبێ ترس و دڵەڕاوکێ وتارەکەی پێشکەش کرد .
پەراوێزەکان؛
1. لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکایە. لە ساڵی (1938) دامەزراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە ناپاکی ئەو کەس و کارمەند و ڕێکخراوانەی کە گومانیان لێ دەکرێت پەیوەندی بە شیوعییەت یان فاشیزمەوە هەیە. ناوی لیژنەکە لە ساڵی (1969) گۆڕا بۆ لیژنەی ئاسایشی ناوخۆ و لە ساڵی (1975) بە تەواوی هەڵوەشایەوە .
2.Bill of Right
واتە هەموواری یەکەمی دە بەندی دەستوری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەم هەمووارکردنانه بۆ هێورکردنەوەی ترسی دژە فیدڕالیستەکان کە دژی بەسەندکردنی دەستوور بوون خرانەڕوو. دەستەبەری کۆمەڵێک ئازادی تاکەکەسی دەکەن و کاریگەری حکومەت لە دەسەڵاتی دادوەری و ڕێوشوێنەکانی تر سنووردار دەکەن و هەندێک کاریگەری بۆ ویلایەتەکان و ڕای گشتی دەهێڵنەوە .
3. هەمووارکردنێکە بۆ دەقی بنەڕەتی دەستوور کە ڕێگا لە داڕشتنی هەر یاسایەک دەگرێت کە دامەزراوە ئایینییەکان قەدەغە بکات یان ئازادی پەیڕەو کردنی ئایین قەدەغە بکات یان ئازادی ڕادەربڕین سنووردار بکات یان ئازادی ڕۆژنامەگەری پێشێل بکات یان دەستێوەردان لە مافی خڕبوونەوەی ئاشتییانە یان ڕێگا لە داواکردن لە حکومەت بگرێت بۆ چارەسەرکردنی سکاڵاکان. هەمووارکردنی یەکەم وەک یەکێک لە دە هەمووارکردن کە یاسای مافەکان پێکدەهێنێت لە (15/ 12/ 1791) پەسەند کرا .
4. جۆزێف مەکارتی(Joseph McCarthy): سیاسەتمەداری ئەمریکی و کۆنگرێسمانی کۆماریی، یەکێک بوو لە کەسایەتییە کاریگەرەکانی سەردەمی جەنگی سارد. مەکارتی بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە حکومەت و زانکۆ و سینەما و کایەکانی تر پڕن لە شیوعییەکان، ناوبراو ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە ڕاوەدوونان و هەراسانکردنیان. دواتر میکانیزمە چەوتەکانی بە ” ماکارتیزم ” ناسرا و تا ئەمڕۆش ئەم دەستەواژەیە بۆ وەسپکردنی هەر کەسێک کە ناوی نەیاری حکومەت(ئۆپۆزیسۆن) بزڕێنێت بەکاردەهێنرێت .
5. کۆمەڵێک بەرنامەی ئابوورییە کە لە نێوان ساڵانی (1933 – 1936) لە ئەمریکا دەستیپێکرد. ئەم بەرنامانە بریتی بوون لە بڕیاری سەرۆکایەتی یان ئەو یاسایانەی کە لەلایەن کۆنگرێسی ئەمریکاوە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ” فرانکلین ڕۆزڤێڵت “دا ئامادەکرا بوون بۆ وەڵامدانەوەی قەیرانی گەورەی ئابووری و تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە مێژووناسان پێی دەڵێن سێ ئەلفەکە (فریاگوزاری، بوژاندنەوە، چاکسازیی)، ئەم سێ خاڵە ئاماژەن بۆ دابینکردنی کۆمەکی بە بێکاران و هەژاران و بوژاندنەوەی ئابووری بۆ ئاستی ئاسایی و چاکسازیی سیستمی دارایی بۆ ڕێگریکردن لە پاتە بوونەوەی قەیرانی گەورەی دارایی .
6. Tender Comrades: A Backstory of the Hollywood Blacklist (چاپخانەی ” زانکۆی مینیسۆتا ” 2012)
7. یاسایەکی فیدڕاڵییە کە دوای ماوەیەکی کەم لە چوونەوەوە ئەمریکا بۆ جەنگی یەکەمی جیهان لە (15/ 6/ 1917) پەسەند کرا، بەپێی ئەو یاسایە هەرکەسێک هەوڵی گواستنەوەی زانیاری بدات بە مەبەستی دەستێوەردان لە ئۆپەراسیۆنەکان یان سەرکەوتنی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا یان هاوکاری کردن لە سەرکەوتنی دوژمنەکانی ئەمریکادا، ئەوا بە مردن یان زیندانی کردن کە ماوەی کەمتر نەبێت (30) ساڵ سزا دەدرێت، هەروەها گواستنەوەی ڕاپۆرت یان لێدوانی چەواشەکارانە بە مەبەستی دەستێوەردان لە ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای ئەمریکا یان هێزی دەریایی سەرکەوتنی دوژمنانی ئەمریکا لە ساتەوەختی جەنگدا ئەویش بە هەوڵدان بۆ یاخیبوون، ناپاکی، ڕەت کردنەوەی خزمەتی سەربازی لەنێو سەربازانی نێو سوپا و هێزی دەریایی ئەمریکا، یان نانەوەی کۆسپ لە بەردەم سەربازگری(تەجنید) و خۆبەخشی بۆ خزمەتی ئەمریکا، ئەوا سزاکەی (20) ساڵ زیندانی دەبێت .
نووسین: فەرەح شەرەف
وەرگێڕان: شڤان نەوزاد