سەرەڕاى هەوڵەکانى حکومەت بۆ کەمکردنەوەی رووداوەکانى خۆکوشتن، بەڵام لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە دوو هەزار حاڵەتی خۆکوشتن لە ئێراق تۆمارکراوە، زۆربەی حاڵەتەکانی خۆکوشتن و هەوڵەکانی خۆکوشتن لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور بووە، بەتایبەتى لەنێو ئەو گەنجانەى تەمەنیان لەنێوان (18 بۆ 35) ساڵیدایە. بە وتەى شارەزایان و پسپۆڕان، چەندین هۆکار لەپشت زۆربوونى رووداوەکانى خۆکوشتنە لە ئێراقدا، گرنگترینیان بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر، بێکاری، خراپ بەکارهێنانی سۆشیال میدیا، هەڵوەشاندنەوەی خێزانە. لەریزبەندى ئەو وڵاتانەى لە ئاستى جیهاندا زۆرترین رووداوى خۆکوشتنى تێدا تۆمارکراوە، ئێراق پلەیەکى نزمى هەیە، چونکە لەکۆی (183) دەوڵەت عێراق پلەى (154) گرتووە، بەڵام لەماوەى دوو دەیەی ڕابردوودا، بەردەوام رووداوەکانى خۆکوشتن بەرەو زیادبوون رۆیشتوە. دیارترین شێوازەکانى خۆکوشتنیش بریتیە لە: هەڵواسین، تەقەکردن، بەکارهێنانی ژەهر و خۆهەڵدانە خوارەوە لە پرد یان لە باڵەخانە بەرزەکانەوە.
“ئامارەکانى خۆکوشتن”
بەوتەی فازل غەراوى سەرۆکی ناوەندی ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە دوو هەزار حاڵەتی خۆکوشتن تۆمارکراوە، بەجۆرێک لە ساڵی (2022)دا (1073) حاڵەتی خۆکوشتن تۆمارکراوە، لەکاتێکدا لەساڵی (2023) نزیکەی (700) حاڵەتی خۆکوشتن تۆمارکراوە، لە ماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی (٢٠٢٤)شدا (٣٠٠) حاڵەت تۆمارکراوە. غەراوی ئاماژە بەوەش دەکات، کە لە ماوەی ساڵانی (2016 بۆ 2021) لە ئێراق، بە کۆی گشتی (3063) حاڵەتی خۆکوشتن تۆمارکراوە بەم شێوەیە: لە ساڵی (2016) لە ئێراق (343) حاڵەت تۆمارکراوە، لە ساڵی (2017)دا بووەتە (449) حاڵەت، لە ساڵی (٢٠١٨)دا (٥١٩) حاڵەت، لە ساڵی (٢٠١٩)دا گەیشتە (٥٨٨) حاڵەت، لە ساڵی (٢٠٢٠)دا (٦٤٤) حاڵەت و لە ساڵی (٢٠٢١)دا (٨٦٣) حاڵەت تۆمارکراوە.
بەگوێرەى داتا تۆمارکراوەکان، زۆربەی حاڵەتەکانی خۆکوشتن و هەوڵەکانی خۆکوشتن لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور چڕبووەتەوە. لەوبارەیەوە مەهدی تەمیمی بەڕێوەبەری فەرمانگەی مافی مرۆڤ لە بەسرە، ئاشکراى دەکات تەنها لە پارێزگای بەسرە لە ماوەی هەشت مانگی یەکەمی ساڵی (٢٠٢٤)دا (١٥٠) حاڵەتی خۆکوشتن و هەوڵی خۆکوشتن تۆمارکراوە. بەوتەى تەمیمی زۆرینەی حاڵەتەکانی خۆکوشتن لەناو گەنجاندایە، بەتایبەتى ئەوانەی تەمەنیان لەنێوان (18 بۆ 35) ساڵیدایە.
“فاکتەری دەروونی”
لەبارەى ئەو هۆکارانەى لەپشت هەڵکشانى رووداوەکانى خۆکوشتنە، سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێراق، دەڵێت: هۆکاری دەروونی بە پلەی یەکەم دێت، چونکە (43%) رووداوەکانى خۆکوشتن بەهۆى فاکتەرى دەروونى بووە، لەکاتێکدا (35%) رووداوەکان بەهۆکاری خێزانی و (15%) رووداوەکانیش بەهۆکارى ئابووری بووە. هەر لەبارەى کاریگەرى فاکتەرى دەروونیەوە، مستەفا ئەحمەدى کۆمەڵناس رایدەگەیەنێت باری دەروونی هۆکاری سەرەکی خۆکوشتنە لە وڵاتدا، جەخت لەوەش دەکاتەوە کە یەکێک لەو هۆکارە گرنگانەی کە دەبێتە هۆی خۆکوشتن بریتییە لە “خەمۆکی”، کە بە پلەی یەکەم بەهۆی ماددە هۆشبەرەکانەوە دروست دەبێت، بەو پێیەی زیادەڕەوی لە ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان دەبێتە هۆی لەدەستدانی بەرپرسیارێتی و لەدەستدانی حەز و ئارەزووی ژیان. جگەلەوەش دابەزینی پابەندبوونی ئایینی، دەبێتە هۆی ئەوەی کەسەکە بۆ هەوڵدان بۆ کۆتاییهێنان بە ژیانی هیچ ڕێگرییەکی لەبەردەمدا نەمێنێت.
ئەو کۆمەڵناسە رایدەگەیەنێت بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لەنێو گەنجانی تەمەن (١٨ بۆ ٢٥) ساڵدا زۆر تەشەنەى کردوە، چونکە کاتێک گەنجان هەلى کاریان دەست ناکەوێت پەنا دەبەنە بەر ئەو کارە، لەو رێگەیەشەوە دەستدەکەن بە بەکارهێنانى ماددەى هۆبەر، کاتێکیش ناتوانن دەرمانە گرانبەهاکان بکڕن، دووچارى خەمۆکى دەبن، بۆیە پەنادەبەنە بەر خۆکوشتن یان ئەنجامدانى کارى تاوانکارانە و یاساشکێنى. پەیوەست بە کاریگەرییەکانى فاکتەرى دەروونى، محەمەد سەعدى مامۆستاى بەشى کۆمەڵناسى لە زانکۆی نەهرەین لە بەغدا، ئاماژە بەوە دەکات یەکێک لە هۆکارەکانى زیادبوونى خۆکوشتن دەگەڕێتەوە بۆ دابەزینی هیوای هاوڵاتیان بە باشتربوونی ژیانیان لەڕووی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەشیان دەکرێت، جگەلە دابەزینى ئاستی پەروەردە.
“هەڵوەشاندنەوەی خێزان”
یەکێکى دیکە لەو دیاردانەى لە ئێراق بەرەو زیادبوون رۆیشتوە، زیادبوونی بەرچاوی ڕێژەی تووندوتیژی خێزانییە، کە بە وتەی شارەزایان دواجار دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی خۆکوشتن. چونکە بەپێی ئامارەکانی ئەنجومەنی دادوەری لە ئێراق لە ساڵی (2021) لە هەر پازدە پارێزگاکەى ئێراق (73155) دۆسیەی جیابوونەوە تۆمارکراوە. لە ساڵى (2022) ژمارەکە کەمتر بۆتەوەو (68410) دۆسیەى جیابوونەوە تۆمارکراوە، بەڵام لە ساڵى (2023) جارێکى دیکە ژمارەکە زیادى کردوە و گەیشتۆتە (71016) دۆسیەى جیابوونەوە. تەنها لە ماوەى حەوت مانگى یەکەمى (2024)یشدا (45306) دۆسیە تۆمارکراوە. بەکۆى گشتى لەماوەى چوار ساڵى رابردوودا (357887) دۆسیەى جیابوونەوە تۆمارکراوە.
بەگوێرەى ئامارێکى دیکە لە ماوەى ساڵانى (2004 – 2014) لە هەر پێنج هاوسەرگیرییەک، یەک هاوسەرگیری بە جیابوونەوە کۆتایی هاتووە، هەر لەو ماوەیەدا لە کۆی دوو ملیۆن و (600) هەزار هاوسەرگیری (516784) حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراوە. بەگوێرەى داتاکانى ناوەندی ستراتیژی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراق، زۆرترین رێژەى جیابوونەوە لە بەغداى پایتەختە پاشان لە شارى بەسرە، چونکە نیوەى حاڵەتەکانى جیابوونەوە لە عێراق لەم دوو پارێزگایە تۆمارکراون. لەو چوارچێوەیەدا، “ڕیاز زوبەیدی” شارەزای بواری ئابووری ئاماژە بەوە دەکات، ئەو دۆخە ئابوورییەی کە خێزان و گەنجانی ئێراقی بەدەستیەوە دەناڵێنن، لەگەڵ کەمی هەلی کار لە کەرتی تایبەت و نەبوونی لە کەرتی گشتیدا، بووەتە هۆی ئەوەی گەنجان و ئافرەتان بچنە دۆخێکی سەرلێشێواوی و پڕ لە گرفتەوە.
زوبەیدی ڕوونیدەکاتەوە، ئەو گەنجانەی تەمەنیان لەنێوان (١٨ – ٢٥) ساڵیدایە هەمیشە خۆیان بە هاوتەمەنەکانیان بەراورد دەکەن، هەر بۆیەش نایەکسانی لە ئاستی ژیان و ئاستی ئابووریدا، دەبێتە هۆی ئەوەی ئەم کەسانە بچنە قۆناغێکی خەمۆکی توندەوە، کە لە زۆر حاڵەتدا دەبێتە هۆی خۆکوشتن. شارەزایان یەکێک لە هۆکارەکانى هەڵوەشاندنەوەى خێزان لە ئێراقدا بۆ کاریگەرى سۆسیال میدیا دەگێڕنەوە. ئەم هۆکارەش لە چەند لایەنێکدا رەنگدەداتەوە، کە لایەنێکیان لاسایکردنەوەى ئەو کەسانەیە کە لە سۆسیال میدیادا بە تایبەتى لە تیکتۆکدا دەبنە ئایکۆن، چونکە دەیانەوێت لەو رێگەیەوە پارە و ناوبانگ بەدەستبهێنن، کاتێکیش لەم رێگەیەدا شکست دەهێنن دووچارى خەمۆکى دەبنەوە. لەلایەکى دیکەوە سەرۆک خێزانەکانیش بەتایبەتى دایکان بەهۆى سەرقاڵبوونیان بە بەکارهێنانى سۆسیال میدیاوە رۆڵى ڕێبەرى کۆمەڵایەتى خۆیان لەدەستداوە، تەنانەت دەیانەوێت ئەو شتانە دووبارە بکەنەوە کە لە سۆشیال میدیادا سەرنجیان ڕادەکێشێت. بۆیە ئەمانیش دووچارى بێزارى دەبن و گوێ بە گرفت و پێداویستى خێزانەکانیان نادەن یان بارگرانى زیاتر دروستدەکەن، ئەمەش سەردەکێشێت بۆ جیابوونەوە و گەورەبوونەوەى گرفتەکان تا دەگاتە خۆکوشتن.
“شکستى ستراتیژی نیشتمانی”
لە هەوڵێکدا بۆ کەمکردنەوەی خۆکوشتن و چارەسەرکردنی هۆکارەکانی، وەزیری تەندروستی ئێراق ساڵح حەسناوی لە ساڵی (2024)، ستراتیژێکی نیشتمانی ڕاگەیاند. بەگوێرەى ئەو ستراتیژە داوا لە هەموو وەزارەت و کەرتەکان دەکرێت کە بۆ کەمکردنەوەى رووداوەکانى خۆکوشتن رۆڵى خۆیان بگێڕن. هەروەها داوا لە دامەزراوە ناحکومییەکانى وەکو: میدیاکان، دەزگا ئاینییەکان، کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکرێت کە بۆ بەرگرتن لە هەڵکشانى رووداوەکانى خۆکوشتن هەوڵەکانیان یەکبخەن. لەلایەن خۆیەوە مستەفا ئەحمەدى کۆمەڵناس پێیوایە ئەو ستراتیژەى کە حکومەتی ئێراق ڕایگەیاندوە، هیچ کاریگەرییەکی ڕوونى لەسەر زەمینەى واقیع نابێت، بەڵکو تەنها لە چوارچێوەى دروشم و پڕوپاگەندەدا دەمێنێتەوە. چونکە “ئەو ستراتیژە میکانیزمی ڕوون و کردەیی تێدا نییە بۆ چارەسەرکردنی ئەو هۆکارە سەرەکیانەی کە دەبنە هۆی خۆکوشتن، بەتایبەتی بارودۆخی ئابووری، بێکاری، ماددەی هۆشبەر، نەبوونی هەلی کار، هەروەها نایەکسانی گەورەی چینایەتی لەنێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگادا”.
ئەو کۆمەڵناسە رەخنە لە حکومەتى ئێراق دەگرێت کە خۆى دورخستۆتەوە لە ڕاگەیاندنی ئاماری فەرمی لەسەر ڕێژەی خۆکوشتن، کە رەنگە یەکێک لە هۆکارەکانى ئەوە بێت حاڵەتەکانى خۆکوشتن تەنها لەناو هاووڵاتیاندا نەماوەتەوە، بەڵکو پەلیهاویشتوە بۆ ناو دەزگا ئەمنییەکان و تائیستا چەندین حاڵەتی خۆکوشتن لەنێو ئەندامانی هێزە ئەمنییەکاندا تۆمارکراوە. بەدەر لەو هۆکارانە، ئەو کۆمەڵناسە هێما بۆ دوو هۆکارى دیکە دەکات بۆ زیادبوونى رووداوەکانى خۆکوشتن و دەڵێت: تەشەنە سەندنى بێکاری و خراپی خزمەتگوزارییەکان لە زۆرێک لە پارێزگا و ناوچەکاندا، پاڵ بە گەنجانی ئێراقەوە دەنێت بەرەو خۆکوشتن، چونکە “بەشێکی زۆریان بە دوا ڕێگاى دەزانن بۆ دەربازبوون لەو واقیعەی کە بەدەستیەوە دەناڵێنن”.
سەرچاوەکان:-
1. أحمد الدباغ: الانتحار فى العراق.. ظاهرة متفاقمة وأرقام صادمة، موقع نون بوست، (3/شوبات/2025).
2. مصطفى العبيدى: الطلاق و العنف يفتكان بالأسرة العراقية، القدس العربى، (12/اكتوبر/2024) .
ئامادەکردن: بارام سوبحى