“نۆرمان ئەنجڵ” لە پەرتووکی وەهمە گەورەکە (the great Illusion) دەڵێت “بازرگانی و پێشەسازی خەڵک چی دیکە پشت بە سنوورە سیاسییەکان نابەستێ، دەسەڵاتی سەربازی لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە بێکەڵکە و ناشتوانێ هیچ پەیوەندییەک دروست بکات لەگەڵ ئەو گەشەسەندن و خۆشگوزەرانییەی خەڵک ئەزموونی دەکەن. مەحاڵە بۆ نەتەوەیەک بە زەبری هێز دەست بەسەر سامان و بازرگانی نەتەوەیەکی دیکەدا بگرێت ـ یان لە ڕێگەی ملکەچکردن یان هێزەوە ویستی خۆی لەسەر نەتەوەیەکی دیکە بسەپێنێت، ئەمە بە کورتی جەنگێکە تەنانەت گەر سەرکەوتووش بێ، بەڵام چی دیکە ناتوانێ ئەو ئامانجە دەستەبەر بکات کە خەڵک لەپێناویدا دەجەنگن”
دەوڵەتداری ئەڵمانی، “بارۆن کاڕڵ ڤۆن شتینگل” قسەیەکی هەیە کە تا پێش ساڵی ١٩١٤ وەک جۆرێک لە ژیرییەکی قەبوولکراو ڕەچاوی بۆ دەکرا. ئەڵمانیا ئیرەیی بە زۆر شتی بەریتانیا دەبرد، لەوانەش داگیرکارییەکانی، باڵادەستییەکانی، توانای بازرگانی و سەرمایەکەی، باوەڕشیان وابوو کە هەبوونی هەموو ئەمانە پەیوەستە بە هەبوونی دەسەڵاتێکی باڵای هێزی دەریایی. لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی دانیشتوانی، ئەڵمانیا دەیویست هەمان ئەو شتانەی بەریتانیا دەست بخات، بۆیە سەرەتا دەستی بە بنیاتنانی لەشکرێکی گەورە کرد بۆ بەدەستهێنانی ئەوشتانەی ناومان هێنان و خەریکی چاندنی تۆوی جەنگی یەکەمی جیهانی بوون. لە نامیلکەیەکدا کە لە ساڵی ١٩٠٩ لەسەر تێچووی خۆی بڵاوی کردەوە، بیرمەندی گەنجی ئینگلیزی “نۆرمان ئەنجڵ” ڕوانینێکی جیاوازی پێشان دا و بەرهەمەکەی بە ناوی “وەهمی بینایی ئەوروپا” بڵاوکردەوە. ئەنجڵ دەڵێت “بەیەکداچوونی ئابووری لە نێوان وڵاتان زیاتر بووە و گەیشتووتە ئاستێک کە لە بەرژەوەندەی هیچ کەس نییە دەست بۆ هەڵگیرسانی شەڕ ببات. لەو سەردەمە نوێیەدا، دروستکردنی ململانێی فراوان گەمژانەترین کردە بوو” تەنها پێنج ساڵ دواتر، ئەڵمانیا بەلجیکای داگیرکرد، ئەم ڕێگەی خوێناوییەش ژیانی ١٦ میلیۆن کەسی کردە قوربانی. بیست ساڵ دواتر، جارێکی دیکە ئەمە دووبارە بوویەوە و ئەوجارە ژیانی ٥٠ میلیۆن کەسی کردە قوربانی.
بە ڕوونی، ئەنجڵ و زۆرێک لە کەسانی تری وەک خۆی بە هەڵەدا چووبوون، پێكداچوونی ئابووری لەوانەیە یارمەتیدەر بووایە تا ئەوروپا لە ئاشتی و بەرقەراریدا بهێڵێتەوە، بەڵام هیچ بەربەستێکی نەبوو لەبەردەم نائەقڵانیبوونی مرۆڤەکان ( ترس ـ چاوچنۆکی ـ خۆبەزلزانین)، ئەمانە هۆکاری هەمیشەیی جەنگن، هەمیشە ئەو هۆکارانە لەپشت جەنگەکانن و هەر ئەمانەش بەردەوامی بە جەنگەکان ئەدەن. ئەنجڵ سەرەتا بە گریمانەیەکی سەردەمی خۆی دەست پێی دەکات و دەڵێت “نەتەوەیەک (دەوڵەتێک)، لە پێناو ئەوەی چەند دەرچەیەک بدۆزێتەوە لە بەرامبەر فراوانبوونی دانیشتوان و زیادکردنی پیشەسازی، یان بە سادەیی بۆ زامنکردنی باشترین هەلومەرجی گونجاو بۆ میللەتەکەی، ئەوا پێویستە لەسەری پەنا بۆ فراوانبوونی ناوچەیی ببات و هێزی سیاسی خۆی لە دژی لایەنەکانی دیکە بەکار بهێنێت” ئەو دەڵێت نەتەوە بۆ ئەوەی خۆی بژیەنێت و گەورە بێت داگیرکاری دەکات، بەڵام لە بەرامبەردا ئەنجل و ڕوانگەکەی پێمان دەڵێ کە سامانی نەتەوەیی پشت بە فروانبوونی ناوچەیی نابەستێت، دەوڵەتێک دەکڕی بەبێ هەبوونی پشگیری سەربازی ببێتە وڵاتێکی دەوڵەمەند و کاریگەر، چونکە لە سەردەمە جیاوازەکانی مۆدێرنەدا ئەوەی گرنگ بوو سەرمایە بوو نەوەک دەسەڵاتی خام و بەکارنەهاتوو. ئەنجڵ دەڵی جەنگ خۆی هەر شتێکی بێ کەڵکە، چونکە ئەگەڕ تەنانەت وڵاتێک دەستبەسەر وڵاتێکی دیکەدا بگرێت و ملکەچی بکات، ئەوا هیچ شتێکی بەهاداری دەست ناکەوێت.[1]
ئەمە پۆختەیەکی پەرتووکەکەیی نۆرمان ئەنجڵ بوو، با ئێستە زیاتر بزانین لە بارەی جەنگ و ئاسایشی نەتەوەییەوە، هاوتای ئەوە نەتەوەی کورد ئەبێت تا چەند تێگەیشتنی هەبێت بۆ تیۆر و تێزەکان لە بارەی جەنگ و ئاشتییەوە. لە بارەی جەنگەوە فەیلەسووفی فهڕەنسی “ژوزیف دۆمەیستەر” دەڵێت “جەنگ لە خۆیدا مەلەکوتییە، چونکە جەنگ یاسای خیلقەتە، مرۆڤ لە هیچ کۆیدا بە قەد پانتای جەنگ هەست بە خواوەندی ناکات” هاوکات جەنگ وەک چەمک لای هیگڵ گەورە فەیلەسوفی ئەڵمانی بەمجۆرە پێناسە کراوە کە دەڵێت “هەقیقەتێکی ناپەسەندە کە بەهۆی بەدیهاتنی ڕۆحی ڕەهاوە کۆتایی دێت” جەنگ بۆ ئەو کاتە دەگەرێتەوە کە دەبینین کۆمەڵە دروست دەبن دوای کۆمەڵەکان دواتر کۆمەڵگا و دەوڵەت دروست دەبن و بەهۆیەوە دەبینین مرۆڤەکان دابەش دەبن و لێکجیادەبن و بەمجۆرە تاکەکانی ئەو کۆمەڵانە بەرگری لە کۆمەڵەکەی خۆیان دەکەن لە بەرامبەر کۆمەڵەکانی تر لە هەر بارودۆخێک بێت، بەمجۆرە بەهۆی جەنگی کۆمەڵەکانەوە دەوڵەت دروست بووە، هەر جەنگیشە کە خەڵک دەکاتە ئومەت. چارلز تیلی دەڵێت “جەنگ دەوڵەتی دروست کردووە و دەوڵەتیش جەنگی دروست کردووە” بەمجۆرە پەیوەندی جەنگ بە مرۆڤەکانەوە زۆر قووڵە و ڕەگوڕێشەی زۆر بەهێزە، لێرەدا جەنگ وەک فاکتەری جوڵێنەری مێژووی مرۆڤایەتی کاری کردووە.[2]
ئەگەر بە وردی بمانەوێت لە ئاسایشی نەتەوەیی بگەین، ئاسایشی نەتەوەیی مەبەست لێی هەبوونی ئاسایشی دەوڵەتێکە کە تێیدا خەڵک، ئابووری و دامەزراوەکان پارێزراوبن. نووسەری ئەمریکی “واڵتەر لیپمان” (walter lippmann) لە پێناسەی ئاسایشی نەتەوەییدا دەڵێت “نەتەوەیەک خاوەنی ئاسایشە، کاتێک ناچار نەبێت بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی خۆی بکاتە قوربانی لە پێناو ڕێگرتن لە جەنگ” ئەتوانن لەدیدگایەکی تردا ئاسایش ببینین کە رۆبرت مەکنمارا وەزیری پێشووی بەرگری ئەمریکا دەڵێت “ئەگەڕ ئاسایش بارودۆخێک بێت ئەوا لانیکەم سەقامگیرییە”[3] کەواتە ئەتوانین بڵێن جەنگ بابەتێکی بناغەیی و هەستیار و حەتمییە لە ژیانی نەتەوەکان، لەوبەر ئاسایشی نەتەوەی بە ڕەهەندی زۆر جیاوازەوە ئەکەویتە بەرامبەر زۆرترین هەڕەشەی دەرەکی و ئەبێت خۆی بپارێزێت، ناتوانرێت ئابووری بکڕێتە بنەڕەتی ڕێگرتن لەو فاکتەرە ئاسایشیانەی کە هەڕەشە لە نەتەوە ئەکەن، بۆیە زۆر قورسە تیۆرییەکەی ئەنجڵ قەبووڵ بکرێت.
ئەتوانین کۆمەڵە خاڵ و فاکتەرە دیاری بکەین کە مرۆڤی کورد ئەبێت لە پێشچاوی بێت:-
1. تیۆر و تێزەکان لە بارەی شەڕ و ئاشتی، ئەبێت کورد وەک نەتەوە تەواو بەرژەوەندی و تێفکرینێکی ئەقڵانی پەیرەو بکات و بە قووڵی لە بابەتەکان بروانێت تا هۆشیاری و ئاراستەی سیاسی بۆ دیاریبکات.
2. بابەتی جەنگ، وەک چەمک و پراکتیک بابەتێکی هەستیار و گرنگە و کورد ئەبێت لە ئاستی باڵا و قووڵ کار لەسەر تیۆر و هزر و بنەڕەتەکان بکات تا جەنگ وەک هەقیقەتێک ببینێت و مامەڵەی لەگەڵ بکات، کورد ئەبێت تێگەیشتنێکی لوژیکی و فراوانی هەبێت بۆ ئاشتی و بەرقەرارکردنی ڕەهەندەکانی.
3. جەنگ حەتمییەتێکی قوڵی مێژووییە و ڕەگ و ڕێشەکانی بە قوڵایی مێژوودا چوونەتە خوارەوە، بۆیە کورد ئەبێت ئامادەیی هەبێت بۆ نووسینەوەی مێژوو و بوون بە نەتەوەیەکی پێشکەوتوو، بەمەش تێگەیشتنێکی ئەقڵانیی بناغەی ئەم هەقیقەتەیە.
سەرچاوەکان؛
1. پوختەی ٥٠ کتێبی گرنگی سیاسی، تۆم بۆتڵەر ـ باودۆن، وەرگێرانی ـ هاوکار عەبدوڵڵا، ٢٠٢٣.
2. پرسی کورد لە دیدگای لۆبۆنەوە، عبدالرزاق مهدی عبدالرزاق، ٢٠٢٣.
3. ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نەجات عەلی ساڵح، چاپخانەی ماد، ٢٠٢١.
[1] پوختەی ٥٠ کتێبی گرنگی سیاسی، تۆم بۆتڵەر ـ باودۆن، وەرگێرانی ـ هاوکار عەبدوڵڵا، ٢٠٢٣، ٩٥ـ٩٩.
[2] پرسی کورد لە دیدگای لۆبۆنەوە، عبدالرزاق مهدی عبدالرزاق، ٢٠٢٣، ١٠٥ـ١٠٦.
[3] ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نەجات عەلی ساڵح، چاپخانەی ماد، ٢٠٢١، ١٩ـ٢١.